شنبه , ۳۰ دی ۱۳۹۶
خانه / بابه تی کوردی / ئامۆژگارییەکانی مەسعوود محەممەد لەمەڕ زاراوە­سازی/کاڕوش عوسمانیان

ئامۆژگارییەکانی مەسعوود محەممەد لەمەڕ زاراوە­سازی/کاڕوش عوسمانیان

 

پێشەکییەکی کورت بۆ چوونە نێو باسی بابەتەکە:

زمان شوێنێکی تایبەتی دە فەلسەفەدا ھەیە و بێرەدا کە مرۆڤ تێگەیشتنی خۆی لە جیھان بە ناوبژی زمانەوە دەستەبەر دەکات، پێی دەگەین کە زمان ھەر لە کاتی کەوناراوە ھەوێنی باسی فەیلەسووفانی وەک ئەفلاتوون و ئەریستۆ بووە. زمان پێکھاتووە لە ڕایەڵەیەکی مانایی و ماناساز کە ڕاڤە و شرۆڤەی مرۆڤ لە جیھان پێکدەھێنێت. ئەمرۆکە ناسینی ئاوەزمەندانەی زمان بۆ چارەسەر کردنی پرسە فەلسەفییەکان گرینگە و ھەندێک قوتابخانە و ڕوانگەی پێوەندی­دار بە زمان سەریان ھەڵداوە. زمان گەشە دەکات و ھەر بە ئەم شێوەیە­ش وشەکان بە گۆڕانی زەمان و کات مانای سەردەمی‌خۆیان دەنوێننەوە و واتا و چەمکی نوێ دەخوڵقێن. زمان ڕوخسارێکی نەگۆڕ و نەزۆک نییە و وەک ھۆمبۆلت دەڵێت شێوەیەکە لە چەق بوونەوەی بەردەوام. زمان ئامێرانە نییە چونکە بەردەوام دە ڕەوتی بە کار ھێنانی­دا دادەھێندرێت و دیل نییە چونکە رۆژ بە ڕۆژ  بڕستی دیسان­ئافراندن و نوێ­­سازی پتر دەبێت و ئاوا دەرگای خۆی بە ڕووی جیاوازییەکان­دا دەکاتەوە و دە بنەدا بێ کۆتا و کراوەیە.

ئێمە لەسەر ئەم ڕوانگەیە کۆکین کە بە ھۆی تەنگ پێ ھەڵچنینی سیاسەت بە زمانەوە، نەمانتوانیوە کەسایەتی زمان گەورە بکەین و زمانەکەمان بکەینە بنەیەک بۆ تێڕامان و تێوەمانی ھزری و فەلسەفی و بە دوایشی­دا مەیدانی تەعبیر فرەوان­تر و ھەراوتر بکەین ھەتا بتوانین زمانێکی بوێر و نەترس پەروەردە بکەین کە دە کەلێن و بۆشاییە دژوارەکان­دا بە ساغی و تەناھییەوە بۆ ئەو دیوی تێگەیشتن و فام کردنمان بپەڕێنێتەوە. بە ئەم بۆنەیەوە ئاوڕێکمان وە فەیلەسووف و زمانناسی کوردی سەدەی بیستەم مەسعوود محەممەد داوەتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە کتێبی زاراوەسازیی پێوانە توانیومانە ئەم لایەنە درەوشاوە و بەرجەستانەی پێوەندییان بە زاراوەسازییەوە ھەیە لە کتێبەکە ھەڵھنجین و بە شێوەی بەند و کەرتی جودا بیاننووسینەوە.

من ئاواتەخواز بووم کە مامۆستا خۆی بە ئەم شێوەیە پوختی کردباوە، بەڵام من وەبەرچاوم نەھاتووە. ھیوادارم ئەم پوخت­کراوەیە دوای پێداچوونەوە و تێبینی پسپۆرانی ئەم بوارە بۆ چاپەکانی داھاتووی کتێبی زاراوەسازیی پێوانە وەک پێشەکی لەبەر چاو بگیرێت. 

      

 

  • بە بڕوای مەسعوود محەممەد ڕۆنانی زاراوە لە ھەر بابەتێک بێت، گەلێک ئەستەم­ترە لە وەرگێڕانی تێکڕای بابەت. دەرفەت بۆ ڕۆنانی زاروە بەرتەنگە. وەرگێڕانی وشەی ئاسایی وەک پێکانی بەردێکە دە دیواری وەرگێڕان­دا، بەڵام پێکانی نیشانە دە دانانی زاراوە­دا وەک پێکانی پنتێکە بە ئەو بەردەوە. ھەرچی زاراوەیە لە سەرەتاوە مەبەستێکی نائاسایی بە مل خۆیەوە گرتووە.
  • زاراوە ھەتا کورت­تر و سادەتر بێت، پەسەند­ترە و ئەگەر سادەیی و کورتی دەست نەکەوت، پێویستە ھەتا بلوێت، زاراوە لە کەمترین ژمارەی کەرت ساز بدرێت نەک خۆی لەبەر یەک بکێشێتەوە بۆ دەستە واژە.

۳- ھەتا بشێ تاک وشە پەسەندە بۆ زاراوە کە نەشیا ئەوسا دارێژڕاو کە بریتییە لە وشەیەکی سەربەخۆ و زیادی وەک پێشگر و پاشگر. ئەگەر ئەمەیش مومکین نەبوو ئنجا وشەی لێکدراو، ئاوێتە و دەستە­واژە کە بریتین لە دوو وشەی سەربەخۆ و لە دوو وشەی زیادی. بە بڕوای مەسعوود محەممەد ئەمە دەبێت دەستووری گشتیمان بێت، بەڵام نابێت دەستوورەکە بە لای ناقۆڵاییمانەوە ببات. ھەر کاتێک وشەی سادە دەستی نەدا پەنا بۆ داڕێژراو و لێکدراو دەبەین. ھەڵبەت ئەم تەرزە کارەش دەچێتەوە بۆ زەوقی زمانناسی و زاراوەسازی، ھەرگیز وشەی لەبار لە خۆوە ھەڵنافرێت بۆ نێو فەرھەنگەکەمان.

۴- مەرجێکی دیکە لە ئەو بابەتانەی کە زاراوەساز و زاراوەش دەگرێتەوە، ئەمەیە کە ناشێت لە داڕشتن و پێکەوەنانی زاراوە ڕێی گونجاو و ھەموار بە لاوە بندرێت بۆ ئاستەنگ و ھەڵدیڕان. دە سنووری لووان­دا کام ڕێگا کورت و تەختە، ئەوەیان پەسەندە. بە کورتی ناشێ زاراوەساز مەرجی قورسی وەڕسکەر بەسەر دەقی زاراوەدا بسەپێنێت و پێوانەی وەھا تەسکی تێ­دا بە کار بھێنێت بۆ خنکاندن دەست بدات، نەک دەرباز کردن.

۵- مامۆستا دەڵێت دەبێت لە بیرمان نەچێتەوە کە دە بنەڕەت­دا وشەی زمانی ئاخاوتن کە ھەر خۆی دەبێتە وشەی فەرھەنگ و زمانی ئەدەبی، بە ئارەزووی ئاخێوەر ئەو واتایەی بەخشیوە کە تێماندەگەیێنێت دەنا ھیج ھۆیەک بەردەست نییە بۆ ئەوە کە گۆشت واتای لحم یان meat، بگەیەنێت، یان ڕۆیشت ڕابوردوو بێت و برۆش فەرمان.

۶- دیاردەکانی سروشت بە دەست مرۆڤەوە نین و بە پێی دەستوورە کاتبەدەرە واجبەکان ڕوو دەدەن، بەڵام دیاردە کۆمەڵایەتییەکان لە خواز، پێداویست، ھەست، نەست، زانین،نەزانین، ڕازی بوون و نارەزامەندیی مرۆڤ سەر ھەڵدەدەن ھەر بۆیەیشە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک باری کۆمەڵایەتی کە زەمان بەشێکیەتی ھەتا ڕادەی پشتاوەژوو بوون لێک دەترازێن.{بۆیە زاراوەساز دەبێت بێتە مەیدانی زاراوەسازی}.

۷- زاراوە ھەر نەبێت ۵۰ لەسەدی دڵخوازی زاراوەسازی دەبێت تێ­دا ھەبێت و نیوەکەی دیکەش دەچێتەوە بۆ دەستوورەکانی زمان و پێداویستی واتا بەدەستەوە دان. لە ئەم گۆشەنیگایەوە دەڵێم کە دەبێت  ۵۰ لەسەدەکەی خوازی زاراوەساز بۆ ئاسانی و ھەمواری وچاوپۆشی ژیرانە بڕوات وەک کە جیھانی بەرەو پێش­بوویەوە بۆی دەڕوات.

۸- زاراوەساز ئاگادار بێت ڕوواڵەتی وشە فێڵی لێ نەکات وەک ئەوەی کە “حر”ی دەرھەست(abstruct) دەگەڵ “ار”ی بنەڕەتی و “ار”ی وشەکانی ” بنار،دیوار، لێوار، ھەوار و ….” بە یەک شت بزانێت. دە وشەکانی “ھەنار، مار،سەگسار، دار”دا ئەو “ار”ە بنەڕەتییە. دە “دیوار…” و ھاوڕێکانی­دا، “ار” بۆ لای زەوی دەچێتەوە.

۹_ ھەڵبژاردنی وشە بە زاراوە پێویستی بە دوو شت ھەیە و بەس. ئەلف. بەدوادا گەڕان ب. ھەست کردن بە سازانی وشە بۆ زاراوە. ھەرچی دروست کردنی زاراوەیە لە ڕێی تێک بەستنەوەی وێڕای ئەو دوو مەرجە پێویستی بە زانینی دەستوورەکانی داڕشتن و تێ بەستن ھەیە. ئەو زانینەش سەرلە نوێ بەند دەبێت بە ھەست کردن بە سازانی وشە دەگەڵ وشە،پێشگر، پاشگر، پێشگر و پاشگر، ئامراز، پێشگر و پاشگر و ئامراز، دەوری پیتی زێدە،گۆڕانی تێپەر بە تێنەپەر،بەر…..وشەی ڕاگەیێنی وەک “بەر”،”دەر”.. ھتد.

۱۰- زاراوە و وشەی تازە داھاتوو دە ھەوەڵ بیستنیان­داخەڵقی پێی گوێ قوت دەبێت، دواتر لێیان ڕادێت. بە نموونە، دە زمانە پێشکەوتووەکانی ڕۆژئاوادا بۆ جۆرە نەخۆشییەکی نەفسی کە ھەر جارە بە شێوەیەک دەدەکەوێت” مانیاmania “یان دانا،ئینجا وشەیان لێ ھەڵنجا بۆ ئەو نەخۆشیانە وەک ” شێتی دزیclipto mania. شێتی خۆ بە زل زانین Migalo mania.

باوەڕ دەکەم ئەم وشانە دە سەرەتادا بۆ بەر گوێیان ناقۆڵا زرینگانەوە،ئێستاکە چونکە لێیان ڕاھاتوون و دەلالەتی خوێندەواریشیان پێوەیە لە وشەی عادەتی چاکتر بەسەر زمانەوە دەسازێن. لەبیر مەکە ڕۆژ باش پەیدا بوو،خەڵق لێی دەرەوییەوە.

۱۱-زاراوەی ئەوتۆیی کە قیسای لە زاراوەیەکی کوردی کردبێت و بە وشەی لەباری کوردی دارێژرابێت و واتایێکی بێتەگەرە ببەخشێت بۆچی لێی لارێ بین؟

۱۲- دە زمانی ئینگلیسی­دا دەگوترێت Transcaucasian بە واتای ئەو وڵاتانەی بەو لای قەفقاسەوە. با ئێمە بڵێن وڵاتە قەفقاسبەدەرەکان. دەشبێت بڵێین ئەو ئەستێرانەی “کاکێشانبەدەرن”، واتە بەولای کاکێشانەوەن. دەبێت زاراوە گورجۆگۆڵی و مەودابڕی تێ­دا بێت دەنا دەکرا بڵێن: ئەو وڵاتانەی بەو لای قەفقاسەوەن و trans بە کار نەھێنین. زاراوە کە بریتی بوو لە وەرگێڕانی دەستەواژە لە زمانێکەوە بۆ زمانێک یان ھەڵنانی دەستە واژە بۆ زاراوە دە ھەمان زمان­دا، فڕی بەسەر زاراوەسازییەوە نییە.

۱۳-زاراوەساز دەبێت پەند لە زمانی پێشکەوتووتر وەربگرێت، چون بایی پێویست و بایی داکردنیش بەردەوام لە زمانی خۆیان و بێگانەش وشە و زاراوەیان داتاشیوە و بە ڕەھایی مەبەستی پێ دەردەبڕن و بەسەریشی­دا زاڵن. دەبێت خوێندەوار نیگای فرەوان بێت بایی ئەوەی لە شێوازی بەرەو پێش­چوونی زمانی نەتەوەکان پەند وەربگرێت بۆ زمانەکەی خۆی.

۱۴- زاراوەساز ئەگەر ھۆش و دڵی نەکاتەوە بۆ فرەواندنی زمانەکەمان بە گرتنەبەری ئەو ڕێیانەی کە زمانی جیھانی پێشکەوتووی پێ دەوڵەمەند بووە، ساڵ دەگەڵ ساڵێ لەچاو نەتەوەکانی­تر دوا دەکەوین. یەکێک ڕەخنەی لە وشەیەک بوو دەبێت بەڵگەی بە ھێزی ھەبێت و ھەتا بۆشی بلوێت وشەی لەبارتر پێشکێش بکات.

۱۵-زاراوەساز دەبێت پەنا بۆ دەنگی چالاک بەرێت نەک تەنبەڵ. مەسعوود محەممەد دەڵێت ئەگەر ڕێگای بەرفرەوانی زاراوەسازی بگرمە بەر دەتوانم بە ” اندن” وشان ساز بکەم. یەک دوو نموونە بۆ ئەم مەبەستە بەش دەکەن. بۆ تشجیر دەتوانین “درەختاندن”  و “لێڕاندن” بڕوێنین. بۆ ئۆکسید کردن دەتوانین ” ھایدراندن” بڕوێنین( لە جیاتی ھایدرۆجاندن).

۱۶- پێویستە زاراوەساز ئەو ” کردانە” بناسێتەوە کە پێوانە لێکردن ھەڵدەگرن. ئەو کردانەش ھەست پێ بکات وشەی تازە دروست دەکەن. ئەڵف. وشەی لەبار بۆ پاشگر ھەڵبژێرێت. ب. وشەی ناقۆڵایان لێ دانەڕێژێت ھەرچەند بە پێی دەستووریش ڕەوا بن. پ. دەبێت ڕێژەیەکی دە کوردی­دا ھەر بۆ تێپەر یان تێنەپەڕ بە کار ھاتبێت دە قیاسیش­دا چاوەدێری بکرێت. ت. دەبێت دە سنووری دەستەڵاتی زاراوەسازدا ھەموو مەرجەکانی وردی و جوانی دە زاراوەی تازە دروست­کراودا ڕەچاو بکرێن. کەسیش لێی داوا ناکرێت بە ئەو لای دەستەڵاتەوە بۆ ھیچ کارێک بچێت.

۱۷-ئامۆژگاریم ئەمەیە دە توێژینەوەی پێوەندی­دار بە بابەتی زراوەسازی­دا، لایەنی جوغرافیا و زەویناسی و کشتوکاڵ پشکی ڕەوای خۆیان وەربگرن لەبەر تیشکی ئەو ھەموو پاشگرانەی پێوەندییان بە خاکەوە ھەیە. پشکنینەوەی مێژوویی لە دۆخ و مەرەدی زەوی، بە تایبەتی لە سەردەمی‌خوورییەکانەوە و بە ھەند ھەڵگرتنی دیراسەی ئاڤێستا و کەلەپوورێکی فەرھەنگی لێی کەوتبێتەوە گەش گەش ڕێبازی کنە کردن لە زمان بە گشتی و لە زاراوەسازی ئەو پاشگرانە ڕوون دەکاتەوە. من دە بارێک­دا نیم بتوانم واز لە ھەموو خەریک بوونێک بھێنم بۆ ئەو توێژینەوەیە. ھەرجی دە ئەم پەڕانەدا (مەبەست کتێبی زاراوەسازیی پێوانەیە) ئەوەندەم لە دەست دێت دە ماوەی سێ­ مانگ­دا کە خاوەن خواییشت کردوویە بە سنووری کاتەکی نووسینەکە، گەلێک گەلێک تێبینی و گۆشەنیگاشم لە بیر خۆم بردۆتەوە نەکا درێژ بخایەنن لە ئەوەی خاوەن خواییشت پەسەندی دەکات. ھەرچی وازیشی لێ دەھێنم پەرۆشێکی بۆ دەخۆم.

۱۸-زاراوە داڕشتن بەندە بە لوان، شییان و ئیمکان. کە دیتمان چەند وشەیەک دە کێش و قالبێکی نەگۆڕاودا ڕێچکەیان بەست، ھەقمانە بڵێین ئەمانە وشەی لێکدراو یان داڕێژراون. کە کۆتایی وشەکان ھاوکێش بوون، دیارە پاشگریان پێوەیە.

۱۹- مامۆستا دەڵێت ھەڵھێنجانی دەستووری زاراوە لە دەستوورەکانی زمان و تانوپۆی شیرازەی ناوەڕۆکی وەکوو دۆزینەوەی دەستووری حیساب و ئاسمان و ئاتۆم نییە کە ھێندەی سیفری ڕێکخراوی داوەتان ڕێک و بێ گرفت بێت. زمان زیندووە،بە پێی زیندووەتی بزۆزە. بە پێی بزۆزی فرە ڕێبازە. بە پێی فرە ڕێبازی فرە ڕێسایە. وشە ڕۆنان لە زمانناسییەوە دێت و ڕێزمانیش زمانناسییە. گەلێک جارانیش پشت دە ھەموو ڕێساکانی خۆی دەکات. ئەو زاراوەیەی کە بەخت و شانس پەسەندیش بێت لە دوڕ و شەوچرا دروست ناکرێت. کەس بە تەما نەبێت لە خوێندنەوەی زاراوەی نوێ ترنگەی عود ببیسێت یان ڕەنگەکانی پەلکە زێرینە ببینێت.

۲۰- ڕوون کردنەوەی ئەوتۆیی ھەرچەند یەکەسەر ناکێشێتەوە بۆ ڕۆنانی زاراوە، ئەوەندەی تێ­دا بەستە دەبێت کە لە کاتی خەریک بوونی کەسێک یان لێژنەیەک بە زاراوە دانان ماوەی چەند ھەنگاوێکی لێ رۆشن کردبێت. ڕاستییەکەی لە بواری زاراوەسازی و وشە ڕۆنانەوە ڕێپیشاندەریی گشتی و فش دادای کەسە نادات، چونکە پسپۆریش بێ دەنگ بێت لە خۆوە دەزانین زاراوەی کورت و شیک و نیشانە پێکاو، پەسەندترە لە ھی درێژ و ئێسک قورس و ھەڵە. چەندێکی لە ئەو تەرزە قسە لووس و لەبارانەت بۆ بکەم، ئامۆژگاری ھەر بایی ئەو سەرکارەم بۆ کردووی کە لە پاڵەوە بێ ئەرک و خو جووڵاندنەوە دەیگوت گەنمەکە لەسەر گەنم بکەن و جۆیەکەش لەسەر جۆیەکە…     

 

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

نوزده − 8 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس