باربارا کیشینلات[۱] دەبێژێ: ئه‌گه‌ر هەموو بەشەکانی فۆلکلۆری نەتەوەیەک، لە پاڵ یەک دابنێن، ناسنامه‌ی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه دروست دەبێت. یان فۆلکلۆرزانەکان لە روانگەی ئوستوورە ناسییەوە دەبێژن: فۆلکلۆری هەر نەتەوەیەک دەتوانێت ویترینی شانازی ئەو نه‌ته‌وه‌یه بێت. بەڕای منیش فۆلکلۆر ناسنامەی هەر گەلێکە. ئەوەیکە ئەمڕۆ بە نێوی ئەدەبیات، مۆسیقا، فەرھەنگ، دیرۆک، ئوستوورە و دابونەریتی کوردییەوە چاو لێ دەکەین پەیوەندیەکی راستەوڕاستی دەگەڵ دانیشتوانی ئەو گەلە هەر لە درێژایی دیرۆکدا هەبووە. من کە لە ساڵانی ڕابردوودا خەریکی کۆکردنەوەی فۆلکلۆری ناوچەی کرماشان بوومە، ئەوەم بە چاوی خۆم بینیوە کە فۆلکلۆری ئەم ناوچەیە ھەڵگری زۆر زانیاری لە بواری دیرۆک و بیر و باوەڕی زۆر کۆنی دانیشتوانی ئەم بەشە لە کوردستانە. تەنانەت لەم فۆلکلۆرانەدا، پەیوەندی ئەم بەشە لە کوردستان لە گەڵ پارچەکانیتری کوردستان‌مان بۆ روون دەبێتەوە. بە تایبەت ئێمەی کورد کە لە چاوی نەتەوەکانیتر، لە رابردوودا کەمتر گرنگیمان بە نووسینی دیرۆک و فەرھەنگی خۆمان داوە، نرخ و گرینگی ئێجگار زۆری ئەو فۆلکلۆرانە بۆمان دەردەکەوێ.
گەل و نەوەکانی ئەمڕۆی ئێمەی کورد چونکە هیچ ئاگاداریەکیان سەبارەت بە چاند و فۆلکلۆر و تەنانەت زمان و دیرۆکی خۆیان نەبووە، زۆر شانازی بەو چاندەی خۆیانەوە ناکەن کە بەڕای من زۆر ھۆکاری هەیە کە لێرە کات بۆ وەڵامدانەوە و ئانالیزکردنی ئەم مژارە نییە.
ئه‌گه‌ر فۆلكلۆری كوردستان شرۆڤه و تاوتوێ بكه‌ینەوە، بێگومان زۆرێک له راستیگەلی ئەم وڵاته روون دەبێتەوە. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئاوڕێک لە سەر فۆلكلۆری ئەم وڵاته بدەینەوە، دەبینین کە ژئوگرافیای كوردستان به‌تایبه‌ت پارێزگاکانی كرماشان و ئیلام خاوه‌نی گەلەک فۆلکلۆری ده‌ژ و بێهاوتان، وه‌كوو:
یەک: ئەفسانە و ئوستووره و ئه‌ده‌بیاتی دڵداری لە فۆلکلۆری کورددا:
وەھا دیارە هەر گەلێک تا رادەیەک ئەفسانە و ئوستوورەی تایبەتی خۆی هەیە. وەک لە دنیای عەرەبدا “لەیلی و مەجنوون” هەبووە کە ئەمڕۆیش لە ئاستی جیهاندا وەکوو ئوستوورەی دڵداری بەناوبانگە؛ هەروەهاش لە کوردەواریدا چیرۆک، ئەفسانە و تەنانەت ژیانی ھەندێک لە مرۆڤەکان لە جیھاندا وەکوو ئوستوورە دەنگیان داوەتەوە. لە کوردستان داستانی شیرین و فەرهاد، مەم و زین، خەج و سیامەند و دەیانی تریش ھەیە ھەر چەند ھەندێکیان ھەبوونی فیزیکییان ھەبووە بەڵام ئێستە لەگەڵ ئەفسانە و ئوستوورەدا تێکەڵاو بوونە و بوونەتە بەڵگە و ناسنامەی کورد و کەس ئینکاری ئەوانە ناکات؛ بۆ نموونە شیرین و فەرھاد کە شوێنەکەشی لە رۆژھەڵاتی کوردستان (پارێزگای کرماشان) ماوەتەوە کە ھزری گەلی ناوچەکە بە دەیان ئەفسانەیان بۆ دروست کردووە کە ئەمڕۆکە لە مێشک و سەر زاری ھەر تاکە کوردێک ھەیە.
ئەفسانەی دڵداری شیرین و فەرهاد نە تەنیا بە شێوەی پەخشان و چیرۆک بەڵکوو بەشێوەی هەڵبەستی فۆلکلۆریش لە نێو خەڵکدا هەیە. بێجگە له شیرین و فەرھاد زۆر چیرۆکی دڵداری تر لە ناو کوردەکاندا ھەیە کە ئەم چیرۆکانە ئەوەندە کاریگەرییان لە سەر کۆمەڵگادا ھەبووە، وەکوو گۆرانی و بەیت لە سەر زاری خەڵک ماونەتەوە. ئەم ئەفسانەیانە دەتوانن وەکوو ئوستوورەی دڵداری کورد ناویان لێ ببەین.
دوو: ئوستوورەی حەماسی لە فۆلکلۆری کورددا:
لەم بوارەدا دەتوانین ئاماژە بە شانامەی کوردی بکەین کە بەشی سەرەکییان هێشتا لە سەر زاری خەڵکی کورد بەتایبەت ناوچەکانی کرماشان و ئیلام ماوەتەوە کە ئەمەش بەشێکی گرنگ لە ئوستوورەی حەماسی گەلی کورد دێتە ھەژمار.
سێ: ئه‌ده‌بیاتی فۆلكلۆر وەک چیرۆك، هه‌ڵبه‌ست، لایەلایە، بنملی، چه‌وچه‌و، دەمخەڵەتنە(زمانخەڵەتێنە) و…
چوار: مۆسیقا و ئاوازی فۆلكلۆری نه‌ته‌وه‌یی وەک ھۆرە و چەمەری، بنملی و…
پێنج: کایە و شانۆگەری و هتد
ئەو هەمووە، بەشێک لە فۆلکلۆری گەلی کوردە بەڵام تا بە ئێسته بە شێوەی ئاکادیمیهەنگاوێکی زانستی‌یان بۆ هەڵنەگیراوە. هەڵبەت بۆ هەر مژار یان ژانرێک کە بخوازیت بە شێویەکی زانستی لە سەری بکۆڵیتەوە پێویستیی بە زانکۆ و ئەنستیتو هەیە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان جێگەیان خاڵییە. تەنیا ئەنستیتوی کەلەپووری کورد لە سلێمانی تا بە ئێسته چەن کتێبێکی لە سەر فۆلکلۆری ناوچەی کرماشان چاپ و بڵاو کردووەتەوە[۲]، کە ئەو کتێبانەش نەگەیشتوونەتە دەستی بەردەنگەکانی ئەدەبیاتی فۆلکلۆری رۆژھەڵات.
لە هەموو ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەدا، ئاکادیمیو ناوەندە دەوڵەتییەکان لە هەر مژارێکی زمانی و فۆلکلۆری کار دەکەن، بۆ نموونە تا ساڵی ۱۹۸۶ له ئامریکای باکووردا له ۱۶ زانکۆ‌دا، “فۆلکۆر” وه‌کوو رشتەیەکی زانکۆ بە کار دەبەن و له ۸۰ زانکۆی تر واحێدگەلی دەرسی فۆلکلۆر له نێو رشتەگەلی تر به وانه ده‌بێژن. هەروەها لە بنکەفهرمیو زانکۆگەلی ئەورووپایش لە سەرەتای سەدەی بیستەما بە شێوەیەکی جیاواز لە زۆربەی ئەو زانکۆگەلە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە سەر فۆلکلۆر کردووە و هێشتاش هەر بە شێوەی جیددی لە سەر ئەم مژارە کار دەکەن.
بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە ئه‌نستیتوتی ئه‌ده‌بیات و فۆلکلۆر و هونه‌ری زانکۆی لیتوانی ILFA بکەین کە ئەم بنکەیە له ساڵی ۱۹۲۴ دامه‌زرا و لێکۆڵینەوە و تاوتوێ و شرۆڤەی کەلەپوور و فه‌رهه‌نگی لیتوانی بە شێوەیەکی ناوچەیی باڵتیک له روانگه‌ی دیرۆکی و نهزهرییهوە له‌وێ کرا کە یەکێک لە گەورەترین بنکە و ناوەنده‌کانی ئەرشیڤی فۆلکلۆری ئەورووپایە کە کۆمەڵە ئەرشیڤی فۆلکلۆری ئەم بنکەیە له ساڵی ۲۰۰۲ له لیستی کەلەپووری چاندی دنیا له یونسکۆ تۆمار کرا.
بەڵام گەلی کورد لەبەر ئەوەیکە تا بە ئێستە لە بواری زانکۆ و NGOەوە سەربەخۆ نەبووە و کاری ئاکادمی‌و زانستی لەم وڵاتە لە سەر زمان و فۆلکلۆری کەم کراوە، بێگومان گەلەک گیر و گرفت لە سەر رێگەی توێژێنەر ھەیە. ئەو هەموو کارانەی کە ئەرکی زانکۆکانن، فۆلکلۆریستی بێپاڵپشت و تەنیای کورد، ناچارە کە خۆی بە سەر ئەو هەموو ئاستەنگی و گیر و گرفتانەوە کە لە سەر رێگایەتی، کار لە سەر فۆلکلۆری گەلەکەی – ئەویش بە شێوەیەکی ناتەواو – بکات. تەنانەت ئەگەر ئەو لێکۆڵەرە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت ناوچەکانی کرماشان و ئیلام‌یش بێت کە نە تەنیا هیچ زانکۆ و NGOیەک، پاڵپشتی و یاریکاری ناکات، بەڵکوو لە ژێر زەخت و گۆشاریشدا ھەیە. لەم بەشە لە کوردستان کە بەڕای من زەنگینترین فۆلکلۆری گەلی کوردی تێدایە، تا بە ئێستە کەمتر کاری زانستی و مەیدانی لەم ناوچەیە کراوە، ھەندێک کەسیش – جگە لە کوردە دڵسۆزەکان کە لەم دوو دەھەی دواییەدا ھاتوونەتە نێو گۆڕەپانی زمان و ئەدەبیاتی کوردی – هەبوونە و کاریان کردووە کە چەند بەرهەمێکیان لەم ناوچەیەدا کۆکردووەتەوە، بەڵام کارەکەیان کەمتر لە چوارچێوەی کاری فۆلکلۆر جێ دەگرێ چونکه نە تەنیا لە هیچ ستراکچرێکی زانستی کەڵکیان وەرنەگرتووە بەڵکوو دەقی سەرەکی بەرھەمەکانیان بە زمانی فارسیش وەرگێڕان کردووە و تێکستی زمانی سەرەکییەکەی کە کوردییە سڕاوەتەوە و دوایی رەوانەی کتێبخانە بوونە کە لە باری زانستی فۆلکلۆرەوە وەها کارێک، زانستی نییە؛ چونکه دەبێ فۆلکلۆریست یەکەمجار ئەو فۆلکلۆرەی کە بەرهەڤ کردووە بە زمان و شێوەزاری ئەو ناوچەیە تۆماری بکات کە کاری لە سەر کردووە و گۆڕەپانی توێژینەوەی بووە.
توێژێنەر لەم وڵاتە دەبێ دڵسۆزی فۆلکلۆر و زمانەکەی بێت تا لانیکەم بتوانێت بەشێک لە فۆلکلۆرەکەی ئەرشیڤ بکات. ئەو کەسانەی کە بە سەر ئەو هەموو زەخت و زۆرەوە کار دەکەن پاشان کە لێکۆڵینەوەیان بە ئاکام گەیشت هیچ بنکەیەک نییە تەنانەت کتێب یان ئەو ئەرشیڤەی کە بەرهەڤیان کردووە چ بە شێوەی دەنگ و چ بە شێوەی رەنگ چاپ و بڵاو بکاتەوە.
□
ئه‌گه‌ر هه‌ر گه‌لێک له نێو ئەم سهدهیهاوچهرخه دەبینین، له بواری ئه‌ده‌بیات یان هه‌ر بوارێکیتردا پێشكه‌وتووه، بێگومان پەیوەندییەکی راستەوخۆی دەگەڵ فەرهه‌نگ و بنه‌مای ھزری و فکری ئه‌و گهلەیدا ھەیە. ئەمڕۆ ئه‌ده‌بیاتی پۆست‌مودێڕن و هەروەھا چیرۆكنووسی له وڵاتەکانی ئەمریكای لاتین و وڵاتە ئسپانیوڵی و ئه‌ڵمانی، فهرهنسیزمانەکان بە ئاستێکی فرە بەرز گه‌یشتووه و زۆربەی به‌رهه‌مه‌کانیان به زمانە زیندووەکانی دنیادا وه‌رگێڕان بوونه. دیاره یه‌كێک له ھۆکارگەلی ناسیان و ده‌نگدانه‌وه‌ی ئەم ئه‌ده‌بیاته له دنیادا ئه‌وه بووه كە بنه‌مای ئه‌ده‌بیاتی فۆلكلۆر و کلاسیکی خۆیانیان كردووەته به‌ردی بناخه‌ی ئه‌ده‌بیاتی نوێ. ھەروەھا بە باشی له دنیای نوێخوازی و گوندۆكه‌ی جیهانیشدا تێگەیشتوون. ئه‌گه‌ر ئاوڕێک بە چیرۆكه‌کانی خورخه لوئیس بورخس، گابریل گارسیا ماركێز وھتد بدەینەوە ئەم خاڵه بەباشی دیارییه کە بە چ شێوه‌یەکی نوێ لەو ئه‌ده‌بیاتی فۆلكلۆره كه‌ڵكیان وه‌رگرتووه.
له وڵاته پاشكهوتووەکانی رۆژهه‌ڵاتی ناوێن – وڵاتانە جیهانە سێههمییەکان – شرۆڤه و پێناسەی كە له گوندۆكه‌ی جیهانی دەكرێت به‌گشتی لەگەڵ ئه‌و بیر و ھزرەدا كە له وڵاته نوێخوازەکاندا ھەیە جیاوازه. كهسایهتیگەلێک كە به نێوی رۆشنبیر؛ فه‌رهه‌نگ و كهمینهکانیتر له هه‌ر بوارێکەوە دەخه‌نه به‌ر پۆز و بۆ داسه‌پاندنی بیروباوه‌ر و هەروەھا له گشت گرنگتر زمانی خۆ له رێگای – ئەمڕۆ گوندۆكه‌ی جیهانییه – کەڵک وەردەگرن و ناهێڵن ئه‌و كهمینانە له سه‌ر بنه‌مای فه‌رهه‌نگی و زمانی خۆیانه‌وە پێشبکەون، دەخوازن له بنه‌مای فه‌رهه‌نگی و ھزری خۆیان دوور بکەونەوە تا ئاستی ھزر و رامانی ئه‌و گه‌له بێته ئاستێکی فره نزمەوە و خۆیان بتوانن به هه‌ر شێوه‌یەک كە دەخوازن کەڵکێ لێ وەربگرن. تەنیا رێكار بۆ به‌رژه‌وه‌ندی و پێشکەوتنی خۆیان، پاكتاوكردن و سڕینەوەی فه‌رهه‌نگه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست دەبینن. هه‌ر ئەم رامان و ھزرە بە نێوی (پانتركیسم)ه‌وه و به سه‌ر كارهاتنی ئاتاتورك و دانانی NGO و دیرۆكسازی بۆ زمان و دیرۆكی تورك ده‌ستیپێكرد و هەروەھا لەگەڵ به‌سه‌ر كارهاتنی ده‌سه‌ڵاتی په‌هڵه‌ویدا، بیروهزرێکی لهچەشنی ھەمان بیروھزرەی ئاتاتوركه له ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی پههڵهویشدا سهقامیگرت و دامەزرا. له درێژایی ده‌سه‌ڵاتی ره‌زاخان و محهمهدڕهزاشادا، كاریگه‌ریەکی ئێجگار زۆری له سەر نه‌ته‌وه غهیرفارسەکان دانا. پاكتاوكردنی زمان، فەرھەنگ، دابونه‌ریتی نه‌ته‌وه و كهمینهکانیتر وه‌ك تورک، عه‌ره‌ب، به‌لووچ، تاڵشی، كورد وهتدهاوکات لەگەڵ ئەم هزرەدا، ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی له تەواوی بواره‌کانی تره‌وه، زه‌خت و زۆری خسته سه‌ریان و دووچاوه‌كی له نێوان نه‌ته‌وه‌ی فارس و جودا لە فارسی كرد و تەواوی ده‌رفه‌ت و ئیمكانات وه‌ك خوێندنگه، زانکۆ، رۆژنامه، گۆڤار، رادیو و تەنانەت بودجەی ئاوه‌دانکردنه‌وه و شارسازی له خزمه‌ت ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی دانا و گهلانیتری ئێران بێبه‌ش ماون. هه‌ر ئەو بیروھزرە بوو به ھۆی ئهوهیكە ئەم نه‌ته‌وه غهیرفارسانە له وەھا ده‌سه‌ڵاتێک بێبه‌ش بن و خۆیان له به‌رانبه‌ر ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی یان فارسزمانهکان که‌م ببینن. هه‌ر ئەم دووچاوهكیانە بوو به ھۆی ئهوهیكە ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كە له په‌راوێزدا دەژین، به گوێره‌ی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی پێشنه‌كه‌ون و نووسه‌ر و خوێندكاره‌کانیان بۆ ئەوەی کە نه‌كه‌ونه به‌ر هێرش و ره‌خنه‌ی ده‌وڵه‌تی ناوهندیەوە و به چاوێکیترەوە ئاوڕیان لێ نەدەنەوە، بوون به یاریدەر و پارێزه‌ری دیرۆك، زمان، فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی فارسەکان. ھه‌ڵبه‌ت به‌شیتری ئەم خۆكهمبینیه دەگه‌ڕێته‌وە سه‌ر هه‌ر ئه‌و هۆكارانەی كە له سه‌ریان ورد بووینەوە؛ واتە ده‌سه‌ڵاتی په‌هڵه‌وی ئەم ئیزنه‌ی نه‌داوه به نه‌ته‌وەکانی تر تا مێژوو، زمان و فەرھەنگی خۆیان باش بزانن و پێناسە بکەن. هه‌رکاتێک مێژووی خهیاڵاویەک له پارسی باستان و ههخامهنیشییان کردووەتە نێو مێشکیان. ئەمڕۆیش ده‌سكه‌وتی ئەم بیروھزرەی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندییه دەیبین. ته‌نانه‌ت ئێسته‌ش له سه‌ده‌ی بیست و یهكەمدا ئێمه دەبێ ده‌ست بكه‌ینه كۆكردنەوەی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیاتی گه‌له‌که‌مان؟! له دۆخێک‌دا ئەم به‌شه له ئه‌ده‌بیات لانیكه‌م دەبێ له سەرەتای سه‌ده‌ی بیستەمدا ئەرشیڤ کرابا و ئەمڕۆ دەبێ وه‌كوو گه‌لانی تر به شێوه‌یەکی جیددی له سه‌ر ئه‌ده‌بیات و مژاره نوێیەکانیتر ورد ببینەوە! گومانی تێدا نییه ئەم ئه‌ده‌بیاته كە ئەمڕۆ ئێمه به نێوی ئه‌ده‌بیاتی فۆلكلۆرهوە ئەرشیڤی دەكه‌ین، لە چل بەشدا یەکی ئه‌و ئه‌ده‌بیاته‌ش نەبێت كە میرات و كه‌له‌پووری ئەم گه‌له بووه.
ئەم به‌شه له ئه‌ده‌بیاتی ده‌مه‌كی گه‌له‌که‌مان كە كۆكراوهتەوە، فرەتر بەم بۆنه‌وه بووه کە شاعیرانی ئەم به‌یت و ھەڵبەستانە له سه‌رده‌مێک ژیاون كە دۆخی ژیانی ئه‌وان لەگەڵ دنیای ئەمڕۆدا جیاواز بووه – به‌ڵكوو دەتوانێت ببێتە بنەمایەک بۆ ئه‌ده‌بیاتی نوێ و نووسه‌ره‌کانمان بتوانن له سه‌ر بنه‌مای زمان و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌که‌مان ئه‌ده‌بیاتی مودێڕن و پوستمودێڕن بخوڵقێنن و له ئێلێمانه فه‌رهه‌نگی و فۆلكلۆریكەکانی ئەم گه‌له له نێو ئه‌ده‌بیاتی نوێیان كهڵكوهربگرن ھەروەھا دەتوانێت ئەرشیڤێک بێت بۆ زانستی فۆلکلۆرناسی، زمان‌ناسی، ئوستوورەناسی، دیرۆکناسی و…ھتد.
[۱].
[۲]. مەبەستم ئەوە نییە کە ھیچ دەزگا و چاپەمەنیەک کاریان لەسەر فۆلکلۆر نەکردووە، بەڵکوو پرتووک و دەقی فۆلکلۆرێکی زۆر لە لایەن وەشنگە و دەزگا کوردییەکانەوە تا بە ئێستە چاپ و بڵاو بووەتەوە و چوونەتە ویترینی ئەرشیڤی گەلی کوردەوە بەڵام دەزگایەک نەبووە کە تەنیا و تەنیا لە سەر مژرای فۆلکلۆر بە شێوەیەکی زانستی کار بکات و واز لە ژانرگەلێکی دیکە بھێنی.
ژیار جه‌هانفه‌رد
