جمعه , ۴ خرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / ئاڵتووسێر و موسیقای پاپی چارەڕەش/ئالفی به‌ون/ و. له ئینگلیزییه‌وه: سامان دره‌فش

ئاڵتووسێر و موسیقای پاپی چارەڕەش/ئالفی به‌ون/ و. له ئینگلیزییه‌وه: سامان دره‌فش

p-12_06-43-37

بە لە بەرچاوگرتنی مەترسی فرە ساکارکردنەوە، داڕشتنی تیۆری “لێپرسینەوە” [۱] لە لایان ماڕکسیستی فەڕەنسی، لوویی ئاڵتووسێر، دەتوانێ زۆر بە قازانج بێ بۆ تێگەیشتن لەو بابەتەی کە سابجێکتیڤیتە ی ئێمە- یان ئەو گوتارانەی کە لە ڕێگای ئەواندا دەکرێ ئەو چەمکەی کە “‘خود”ی پێدەگوترێ  جومگە بەندی بکەین- تا چ ئاستێک لە ڕێگای جۆرە جیاوازەکانی بابەتە “ساکار” و “ڕۆژانەکان”ەوە بیچم دەگرێت.

لەوانەیە یەکێک لەو ڕوونکردنەوە سەرنجڕاکێشانەی کە لە مەڕ پێوەندیی مووسیقای پاپ بە چەمکی لێپرسینەوەوە لە بەردەستدایە لە چرکەساتەکانی کرانەوەی فیلمی‌“ئەمەگی زۆر” [۲] لەوێدا کە پاڵەوانی فیلمەکە- جان کۆساک- ئەو پرسیارەی خوارەوە زەق دەکاتەوە، بەدی بکرێ:

“داخۆ من چارە ڕەش بووم بۆیە گوێم بۆ مووسیقای پاپ ڕاگرت، یاخود لەبەر ئەوەی گوێم بۆ مووسیقای پاپ ڕاگرت تووشی چارەڕەشی بووم؟”

ئەو ڕوانینەی کە ئەم پرسیارە دەربارەی چەمکی لێپرسینەوە بە دەستیەوە ئەدا خۆی لەو تایبەتمەندییەی گوتەکەدا حەشار داوە کە بیرۆکە باوەکان سەبارەت بە “بکەرێتی ئەقڵانی” تووشی ئاڵۆزبوون دەکات. ڕاب- ئەو کەسایەتییەی کە کۆساک لە جێیدایە- دڵنیا نییە لەوەی کە داخۆ ئەگەر گوێ ڕادەگرێت بۆ ئەو گۆرانییانەی بۆ دڵشکان و لەکیسچوون چڕاون  لە بەر ئەوەیە کە لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پێوەندیی لە گەڵ خۆشەویستەکەی تووشی چارەڕەشیی بووە، یاخود بە هۆی ئەو ئاشنایێتییە چڕەی کە هەیەتی لەگەڵ شتێک کە دەکرێ بە “سووژەی دڵشکان” ناوزەدی بکەین لە دوای ‌هەڵوەشاندنەوە چارەڕەش دەبێ. بە وتەیەکی تر، پرسیارەکەی ڕاب ئەو ئیمکانە دەخاتە ڕوو کە ڕەنگە ئەو هەستێکی زۆر جیاوازی ببوایە لەمەڕ واتای دڵشکانەوە، بەو مەرجەی سترانە جەماەرپەسەندەکان- ومیدیا گشتییەکانی تر وەکوو سینەما و تەلەڤیزیۆن- هەڵوەشاندنەوەی پێوەندییەکی ئەویندارانەیان بە جۆرێک جگە لە ڕووداوێکی جەرگبڕ کە ژیان تووشی داڕمان دەکا وێنا بکردبا.

شێوازی ڕوونکردنەوەی تیۆری بانگهێشتی ئاڵتوسێر لەم روانینەدا بەم جۆرەیە کە ئاماژە بەوە دەکرێ کە تێگەیشتنی ئێمە لە خود، لە بری ئەوەی بابەتێکی “سرووشتی” بێت و لە خۆمانەوە هەڵقوڵیبێ، لە ڕاستییدا ئایدۆلۆجیکە- واتە، لە لایەنی فەرهەنگەوە و وەها شکڵی پێدەدرێ کە ئەم شکڵ پێدانە یان لە بیر دەچێتەوە یاخود حاشای لێ دەکرێ. ئەمەش بەم واتایە کە کاتێک کاردانەوەی من لە ئاستی هەڵوەشاندنەوەیەک دەقاودەق هەر بە هەمان شێوازە کە فەرهەنگی من ڕیگای پێدەدا ڕێژەی گوتنی ڕستەیەک وەکوو”ئاشکرایە، ئەمە زۆر سرووشتییە” زۆرترە لە هورووژاندنی پرسیارگەلێک سەبارەت بەوەی کە ڕەنگە کاردانەوەیەک لەم چەشنە بەس بە هۆی گشتگیربوونییەوە ئاسایی دەنوێنێ- واتا، تەنیا لەبەر ئەوەی کە بەردەوام لە دەقە جەماوەر پەسەندەکاندا بەرەوڕووی ئەو جۆرە کاردانەوە بوومەتەوە.

MAC2_4:ALTHUS.TIF
MAC2_4:ALTHUS.TIF

ئەگەرچی، خاڵی مەبەست لێرەدا ئەوە نییە کە ئێمە ملکەچ و چاو بەرەوژێری ئەو پێگە سووژەییە ئایدۆلۆجیکانەین کە میدیا گشتییەکان دەستنیشانی دەکەن و کە وابوو پێویستە لە دووی فۆڕمە “کەمتر ئادۆلۆجیک”ەکانی هونەر بۆ مەبەستی چێژوەرگرتن بگەڕێین. بەڵکوو، پرسەکە دەگۆردرێ بۆ ئەوەی کە دەشێ چلۆن خویندنەوە بکەین بۆ دەقە جەماوەر پەسەندەکان – بۆ نموونە، ئەو گۆرانییانەی لە مەڕ دڵشکانن- کە بتوانین پێگەگەلێکی سووژەیی جیاواز لەوانەی کە بە ڕواڵەت هێژمۆنیک بوونە بدۆزینەوە.

بۆ نموونە، ئەگەر لە گۆرانییەکی جەماوەر پەسەند دەربارەی دڵشکان و تەنیاییەوە وەکوو “ئێستا چەن زووە”ی سمیتەکان[۳] ورد ببینەوە، پیدەچێ لە ڕوواڵەتدا ڕیک ئەم کارکردە لێپرسیینەوەییە دەستنیشان بکات کە باسمان کردووە. گۆرانییە کە وا دەردەکەوێ دیمەنێکی هەست پێنەکراو و بە دزییەوەمان لە گەنجێکی تەنیا پێشان بدات کە‌هاوڕێکەی باسی سەماخانەیەکی بۆ کردووە و پاشان وای تێگەیاندووە کە لەوێدا لە ئەنجامدا دەتوانێ کەسێک ببینێتەوە. گەنجە تەنیاکە هەست دەکات کە لە لایەن‌هاوڕێکەیەوە بەوە تاوانبار کراوە کە لە خۆشەویستیی بە هەڵە تێگەیشتووە و ئەوەش بە بیڕێزیی لێک ئەداتەوە و هەر بۆیە وە بیری‌هاوڕیکەی دەهێنێتەوە کە ئەمیش، واتە گەنجە تەنیاکە، “مرۆڤە و پێویستە خۆش بویسترێ، هەر بەو جۆرەی کە بۆ هەموو کەسێک پێویستە.” دواتر لە گۆرانییەکەدا دەردەکەوێ کە پالەوانە گەنجە تەنیاکە، دەچێتە ئەو سەماخانەیە بەڵام لەوێش بە تەنیا دەبێت و بە تەنیاییش دێتە دەرێ و دەگەڕێتەوە و لە ماڵەوە “دەگریێت و ئاواتی مەرگ دەخوازێ.” سۆز و عاتیفەگەلێک لەم چەشنە دەتوانێ بە شێوەیەکی ئازاراوی گوێگر لە کاتی بەرهەمهێنانەوەی سۆزە باو و ئاساییەکان لەمەڕ دڵشکانەوە تووشی دڵتەنگیی و تا ڕادەیەک سۆزی درۆ بکات. لەگەڵ ئەوەشدا جیگای سەسوڕمان نییە بێتو کەسێک ئەم دەقە هەر بە هەمان شێوازە ئایدۆلۆجیکەی کە لە سەرەوە دەستنیشان کرا چاو لێبکا، ئەویش لە کاتێکدایە کە بێدەسەڵاتیی لە دۆزینەوەی خۆشەویستێک بە شێوەیەکی سرووشتیی و بە بێ هیچ گومانێک بە بابەتێکی ڕووخێنەر و تۆقێنەر لە قەڵەم بدات ، چما توانایی مرۆڤ بۆ دۆزینەوەی “ئەوین” بە تەرزێکی سرووشتی و گشتییەوە لە فۆڕمەکانی تری کردەوە[۴]، بۆ نموونە چالاکی سیاسی و سەرکەوتنێکی جوانییناسانە زۆر گرنگترە.

ئێستا، جۆرە خوێندنەوەیەکی دیکە لەم دەقە خۆی قوت دەکاتەوە. تەنیا کارێک خوێنەر پێویستە بیکات بۆ مەبەستی ئەوەی کە خۆی ئاوەڵا بکات بۆ خویندنەوەیەک لەم چەشنە ئەوەیە کە ئەوە گریمانە وەلابنێ کە دەقەکە ئاماژە بۆ چیرۆکێکی دەرەکی یان دۆخێکی تایبەت دەکات و مەبەستیش لەم کارە سەرنجدان بەم ئیمکانەیە کە دەقەکە لە ڕاستییدا ڕووی دەمی‌لە گوێگرە. کاتێک مۆریسەی دەخوێنێت ” دەمت داخە/ چۆن دەتوانی وا بڵێی/ کە من بە هەڵە لە شتەکان تێگەیشتووم/ ئەمن مرۆڤم و پێویستە خۆش بویسترێم/ وەک چۆن بۆ هەموو کەسێک پێویستە.” زۆر بە سانایی دەکرێ وای بۆ بچین کە مۆریسەی ڕووی دەمی‌لە‌هاوڕێ یان ناسراوێکە کە بە هەڵە هەوڵی داوە سەبارەت بە “دروست” تێگەیشتن لە خۆشەویستی ئامۆژگارییەک بکات. بە پێی ئەم خوێندنەوە، پێدەچی گۆرانییەکە بەس دەربارەی خۆشەویستی بێ، سەبارەت بە کێشمەکێشی دۆزینەوەی ئەوین، هەروەها دەربارەی کەسێک کە هەردەم ئەویندارێتی ڕۆمانتیک لەبۆ سابجێکتیڤیتەی‌هاوچەرخی ئێمە دووپات دەکاتەوە.

althusser_sculpture-f08a786f889ca602ceb55e2e3cb571e2

ئەگەرچی، لەوانەیە گۆرانییەکە ڕاڤەیەکی بوونخوازانەتریش بخاتە بەردەست. بۆ نموونە چ دەبوو وای بۆ بچووباین کە بەردەنگی گۆرانییەکە خودی گوێگرە، نەوەک “کەسایەتی”یەک- گەنجە تەنیاکە یاخود‌هاوڕێکەی- کە وادانراوە گوێگر لەگەڵیدا‌هاوشوناسی بنوێنێ؟ ئەو بابەتەی کە‌هاندەرێکی لەم چەشنە بە شێوەیەکی هێزەکی پەردەی لە سەرلادەبات، سترانێکە کە کۆمەڵێ پرسیار لە مەڕ هەلومەرجێک قوت دەکاتەوە کە دەتوانین بە دۆخی بوونناسانە(ئۆنتۆلۆجیک)ی تەنیایی یان لەخۆنامۆبوون ناوی لێ ببەین- واتە، هەندێ پرسیاردەربارەی ئەوەی کە ئەم دیاردانە لە ڕاستییدا هەڵگری چ مانایەکن بەرز دەکاتەوە. ئایا دەتوانی بە تەنیا بژی، لە سەماخانەیەکدا بە تەنیا بمێنییەوە، بە تەنێ بەرەو ماڵەوە پیاسە بکەی، بە تەنێ بگەڕێیەوە بۆ ژوورەکەت و بە هۆی هەست بە تەنیایی و لە خۆنامۆیی کردن بتهەوێ بگریێ و بمری، تەنانەت ئەگەر خەڵک چواردەورییان تەنیبێی یان پێوەندیەکی ئەویندارانەی ئەمەگدارانەشت ببێ؟ لە ڕاستییدا، ئەگەرچی ئێمە زۆربەی کاتەکان موسیقای پاپ وەکوو دووپاتکەرەوەی ئەم دووانە ساکارخوازانە وەردەگرین: ئەویندار=چاک؛ بێئەوین=خراپ، ئایا  ئیمکانی نییە کەسێک کە کەم تاکورتێک لەگەڵ سووژەی باوی خۆشەویستی- واتە،‌هاوڕێی کەسێک بوون، هەبوونی پێوەندییەکی سەقامگرتوو یا خود سێکسی بەردەوام و هتد-‌هاوشووناس بووبێ و هێشتا تەقەلایەکی نەدابێ لەگەڵ پرسیار لە واتایەکی بنچینەیی تر لە تەنیایی و لەخۆنامۆیی کە دزەی کردۆتە نێو تێگەیشتنی ئێمە لە خۆمان، ڕووبەڕوو بێتەوە؟

لە ئاکامی‌ئەم جۆرە ڕوانینە، گوتەکەی مۆریسەی” دەمت داخە/ چۆن دەتوانی وا بڵێی/ کە من بە هەڵە تێگەیشتووم/ ئەمن مرۆڤم و پێویستە خۆش بویسترێم/ وەک چۆن بۆ هەموو کەس پێویستە” ڕەنگە بەس پەیامێک نەبێ  بۆ‌هاوڕێی پاڵەوانەکە- ئەو کەسایەتییەی کە وامان داناوە دە نێو گۆرانییەکەدایە- بەڵکوو چەشنێک لێپرسینەوەیە، قاوکردن یان ئاماژە پێکردنێکە کە پێگەی ڕوانین بۆ دۆخی بوونناسانەی ئەوین و تەنیاییمان بە دەر لە نەریتەکانی فەرهەنگی ئێستامان پێشان ئەدات. لە ڕاستییدا، ئەگەر گاڵتە بە دڵتەنگیی و سۆزدارێتی مۆریسەی بکەین، یان نا، لەبەر دەربڕینی “هەستی سرووشتی”مان لە چرکەساتەکانی دڵشکاندا ڕێزی لێبگرین، هۆکارەکەی ئەوەیە کە هەست دەکەین “دەزانین” نواندنەوەی دەسکرد و ئاڵۆزی دڵشکان چۆنە و کەوابوو نکۆڵیمان کردووە لە تایبەتمەندیی بەرسازدراو[۵]ی هەستێکی “سرووشتی” لەم چەشنە.

ئەوەی ڕاستیی بێ، ئەگەر چی ڕەنگە‌هاوڕا بین لەگەڵ  مۆریسەی کە پێداویستیی ئەوین دەورێکی بنەڕەتیی هەیە لە بوونی مرۆڤدا، بەڵام ئەوەی کە پێناسەی دەقیقی ئەوین چییە و چ ڕواڵەتگەلێک بەخۆوە دەگرێت تەنیا کاتێک دەکرێ وەکوو پرسیارگەلێکی جیددی بەرز بکرێنەوە کە خۆمان، تەنانەت ئەگەر بۆ ماوەیەکی تێپەڕیش بووبێ، لە شێوە باوە کانی بەرزکردنەوەی ئەم پرسیارانە دوور بخەینەوە- یاخود، وەک چۆن مۆریسەی ڕەنگە بڵێ، بە مەرجێک دەتوانین ئەم چەشنە پرسیارانە سەر لە نوێ بهورووژێنینەوە کە سەرەتا فێر ببین “دەممان داخەین.”

[۱] Interpellation

[۲] High Fidelity(وەرگیراو لە ڕۆمانەکەی نیک هۆڕنبی لە ژێر هەمان ناونیشاندا)

[۳]The Smiths

[۴] Praxis  

[۵] Constructed

سه‌رچاوه: 

 http://www.critical-theory.com/althusser-and-miserable-pop-music

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

یک × چهار =

قالب وردپرس پوسته وردپرس