جمعه , ۲۶ مرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / ئیدوارد سەعید و دوایی هاتنی ئۆرتۆدۆکسی/وەرگێڕان لە ئینگلیسیەوە:پژمان بەرخورداری

ئیدوارد سەعید و دوایی هاتنی ئۆرتۆدۆکسی/وەرگێڕان لە ئینگلیسیەوە:پژمان بەرخورداری

دوورکەوتنەوە (کۆچ) بۆ ئیدوارد سەعید وەکوو مەودایه‌کی گرنگ لە هەموو شوناسە فەرهەنگییەکان وابوو.

photo_2016-04-26_04-08-11

دوورکەوتنەوە هەڵوێستی سیاسی ئیدوارد سەعیدە. فەلەستینییەک کە لە میسر و ئەمریکا باڵای کردبوو و بۆ ماوەی سی و هەشت ساڵان مامۆستای زانکۆی کۆلۆمبیا بوو. ئەو کەسایەتییەکی لێهاتوو بوو کە لە ململانێی بە نەتەوە بوونی فەلەستین بەشدار بوو بەڵام هێشتا نەتەوەیکی وه‌ها هەبوونی نییە. تەنانەت کاتێک نەتەوە پێک دێت سەعید لە بەرامبەر هەموو جۆرە شوناسێکی سیاسی ڕادەوەستێت. کەواتە دوورکەوتنەوە بە شێوازێکی قووڵ تر نواندنەوەی زەینی ئه‌و بوو کە دەتوانێ خاڵی‌هاوبەشی هەموو ئەوانە بێت کە لە بەرامبەر ئاسوودەیی ئەمەگداریەکی درۆزنانه دەوەستن، تەنانەت کاتێکیش کە لە ناو جه‌نگه‌ی نەتەوی لە دایک بوونیان دا ئەژین . دوورکەوتنەوە بۆ سەعید وەکوو مەودایه‌کی گرنگ لە هەموو شوناسە فەرهەنگییەکان وابوو، بەرامبەرکێیه‌کی بێوچان لە گەڵ هەر چەشنە ئۆرتۆدۆکسییەک چ لە لایەن داگیرکەر و چ لە لایەن داگیرکراو .بەم شێوازە سەعید باوەڕی هەیە کە دوورکەوتنەوە هەرچەند تاڵ و پڕ لە ئازاریش بێت بەڵام هەڵوێستێکی ئەخلاقیی بەنرخە. لەم کتێبەدا سەعید دووجار‌هاودەنگیی خۆیی لە گەڵ ئەم وتەیه‌ی ئادۆرنۆ دەرئەبڕیت کە: ئەمە بەشێک لە ئاکارە کە لە ماڵی یەکێک تردا لە ماڵ نەبیت.

سەعید فرەتر وەکوو تیۆریسیەن و رەخنەگری ئەدەبی ناسراوە. گوتاری”  تێفکرینێک لە سەر دوورکەوتنەوە”  فرەتر پێوەندی به تێمە ئەدەبیە‌کانی خۆیەوه هەیە، وەکوو چیرۆکی خۆفریودەر کە لە لایەن داگیرکەر بڵاو دەکرێتەوەله  نێوان داگیرکراوان، بەرخۆدانی چەوساوەکان، ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ڕاهێنانی زانستگا لە بواری ئەدەبیات و زانستە مرڤایه‌تییه‌کان. بەڵام سەعید بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ بیرمەندێکی پایەبەرزە کە بابەتی فەلەستین وەکوو کردەی سیاسی، گرنگایەتێکی ناوەکی بۆ دەڕەخسێنێت و وێنەی گشتیی فەرهەنگ و ڕاهێنانی ئەو پێکدەهێنێت.

ئەم کۆمەڵە وتارە وێنەی ژیانێکی نموونەی روشنبیرانەیە کە پابەندبوون و ڕوونی و قووڵی تیدا تێکەڵاو ه. ئه‌گه‌رچی دووپات کردنەوەی زۆری تێدا ئەبینرێت و خوێنەر هەست دەکات کە نووسەر بە خێرایی بە سەر بابەتەکاندا تێپەڕیوە بەڵام به‌‌هه‌رحاڵ ئەمە یەکێک لە سەرەکیترین و‌هاندەرترین هەوڵەکان بووە لە ئاستی فەرهەنگ و زانستە مرۆڤایه‌تییه‌کان لە ئامریکادا.

وتارەکانی سەعید یەکگرتوویه‌کی تایبەتییان هەیە و جگە لە پەرەسەندنێکی سیاسی و ئاکادمیک، گوڕانێکی بەرچاو لە شێوازی کارەکانیدا نابینرێت. تێڕوانینی سەعید بۆ فەرهەنگ بابەتی ناوەکیی کارەکانیەتی.  به بڕوای سەعید فەرهەنگی واقیعی، پلۆرالیستیک، جۆراوجۆر و داینامیکە و جم و جۆڵ و بەرامبەریەتیی تێدا ئەبینرێت. هەروەها لەخۆگریی بنەمایی پێوەندییە‌کانی  نێوان گرووپە نەتەوە‌ییه‌کان. ئەم راستییه لە پێناو ئەم پێناسە سیاسییە کە فەرهەنگ وەکوو پەیکەرێکی یەکگرتوو و ئەستاتیک ڕەچاو دەکات تێک چووە.

لە وتارێکی شازدا سەبارەت بە ” کەلێنی نێوان که‌لتوورەکان” ی ساموئل‌هانتینگتۆن، سەعید بەرامبەرێتی “که‌لتووری ئه‌ورووپایی” وەکوو بابەتێکی یەکگرتوو لە گەڵ که‌لتوورگەلێک‌هاوگرتوو و بێ کەلێن؛ بێجگه ئه‌ورووپا وەکوو ” کولتووری ئیسلامی” یان هیندی، دەپشکنێت و رەخنە لەو تێڕوانینی یه‌کگرتوو لەکه‌لتوورەکان دەگرێت و جەخت دەکاتە سەر ئەوەی کە هەرکام لەم که‌لتوورانە جیاوازی ناوەکیی بەرچاویان هەیە و دەنگی جۆراوجۆریان لێ دەبیسترێت و هەرکامه‌شیان ئامانجێکیان دەستنیشان کردو. جگە لە هەڵە‌بوونی ئەم بابەتە بە بڕوای سەعید ئەم بۆچوونی‌هانتینگتۆنە خوێناوییە و دەیهەوێت  زەینیەتی ئەمریکا لە شەڕی سارددا دابسه‌پێنێته سەر نەتەوەکانی دیکە کە بەم چەشنە لە پێناو درووشمی‌” ئامریکا لە بەرامبەر ئەوان ” جیاوازییە سەقامگرتووەکانی ئایدیولۆژیا سنوورێکی بێ کەلێن ساز دەکەن لە بەرامبەر خه‌یاڵێکی ئاوەڵا و و تێگەیشتنێکی سه‌مپاتیک. کەواتە خه‌یاڵ و ئاوەڵابوون بە لاوازترین ئاستی خۆی دەگات و کاتێ بە خەڵک ڕابگەیه‌نرێت کە هیوای هیچ چەشنە پەیوەندییەکی دۆستانە لە گەڵ ” ئەویدی” بۆ ئه‌وان مومکین نییە لە ئاکامدا هەوڵ دان بۆ دۆستایه‌تی ،جێگای خۆی ئەداتە کردارێکی هەڵڕسکاو و پێڕاگرتنی ئەرزشەکانی ” خۆمان”  لە بەرامبەر ترسی  هێرشێکی هەمەلایانە.

ئاسەوارەکانی ئیدوارد سەعید بۆ ماوەیه‌کی زۆر فوکووسی  لە‌سەر تێکۆشانی نەتەوەگەلیک داگیرکراو بۆ دەنگ و یەکسانی و هەروەها بۆچوونێکی رەخنەگرانە لە‌سەر سیاسه‌تی شوناسی نەتەوەیی دەربڕیوە .لە پێشدا ئەم بەڵگاندنە دێنێتە پێش کە شوناسی سیاسی دەتوانرێت وەکوو شێوازێکی بەرخۆدان چاوی لێ بکرێت کە تۆ دەنگت هەڵببڕیت و بڵێیت کە ئێمەیش لێرەداین و دونیایەکی‌هاوبەشمان هەیە لە گەڵتان کە ئیوە بە ئاسایی لە بیرتان کردو. بەڵام کاتێک تێکۆشان سەرئەکەوێت شوناس دەتوانێت ببێتە شتێکی داخراو گشتگیر و ببێتە بیانوێک بۆ دوورخستنەوە و نایەکسانی. ئەم سیاسه‌تە لە بەرامبەر ” جیهانی‌سازی سوودمەند” ڕادەوەستێت کە سەعید لە بزووتنەو‌ه‌کانی پاراستنی ژینگە،‌هاوکاری زانستی، تێکۆشانی جیهانی بۆ مافی مرۆڤ  و هەروەها بیرێکی جیهانی کە زاڵ بێت لە سەر هیژمۆنی ڕەگەز و جنسییەت و چین، ئەیبینێت.

سەعید بە هەمان شێوە ناڕه‌زایەتی خۆی لە بەرامبەر ئەو بۆچوونە دیتێرمینیستیانە دەربڕی کە بڕوایان وابوو هێز بەجورێک تەواوی پێوەندییەکان ئاڵۆز دەکات کە ئیدی جێگایه‌ک بو هەڵبژاردن و ئاوەڵابوونی ئەخلاقی له ئارادا نییە. یەکێک لەو کەسانە‌ی که به فیلسوفی هێزناودێر کراوه “میشێل فوکۆ”یە کە بە بڕوای سەعید پروژەی فیکری دەگاتە چەشنێک ” ئیزۆلە بوونی کۆتایی”  کە بە دیسیپلینێک سفت و سەخت و پتەو دەکریتەوە و دیدێکی دەست بەسراوی هەیە سەبارەت بە مێژوو. بە پێی تێڕوانینی سەعید بۆ مێژوو زانستگا ڕۆڵێکی سەرەکی و بە شێوازێک سۆقراتیی هەیە بۆ هەڵوشاندنه‌وە و بەرامبەریەتی و تاقیکردنه‌وه‌ی ئۆرتۆدۆکسیەکان. بۆ پێشنیار کردنی ریگاگەڵیک نوێ و تێپەڕاندنی فەرهەنگەکان و ئاشنایی سڕینەوە .ئەم رەهەندە خوی ئەم پێویستییە دەخوازێت کە زانستگا لە سەر بنەڕەتێکی قەومی‌و شوناسی رەگەزایەتی سیاسی دانەمەزرێت بەڵکوو روانگه‌یه‌کی ئاوەڵای هه‌بێت بەرامبەر هەر فەرهەنگێک. هەر بەم هۆیەوە سەعید ئه‌گه‌رچی جەخت دەکاتە سەر گرنگایەتی هۆزناسی و توێژینەوەی ژنان بەڵام له‌سه‌ر ئەو باوەڕه‌یە کە ئەم بابەتانە ئەگەر داخراو بن،‌هاندەری قوتابیان نابن بۆ توێژینەوە لە سەر ئه‌و فەرهەنگانه‌ی تر جگە لە فەرهەنگی خۆیان.

سەعید هەمیشە لەو بوارەوە کە پێکهاتەشکێنی پێوەندییەکی ئەوتۆی لە گەڵ مێژوودا نییە بەردەوام رەخنەی لە سەر گرتووە و بڕوای وابوو کە لێکۆڵەری رەخنە‌ی ئەدەبی ئەبێت بەردەوام پێوەندییەکی “نێو دونیای” هه‌بێت و لە ناساندنی دونیا هیچ مەترسییەک بە خۆوه نه‌بینێت. ئەو هەروەها ئەم پچڕانی پێوه‌ندییە لە فێمێنیسم و پۆست کۆڵۆنیاڵیسم لە بیر ناکات و بڕوای وایە بە جورێک بە‌کارهێنانی جارگن(jargon) گەلێکی ناحەز مەودایەکی زۆریان خستۆتە نێوان خۆیان و رووداوەکان کە ده‌رکه‌وته‌ی لە سەردانەواندن لە بەرامبەر پێکهاتەی هێزدا خۆی ئەنوێنێ. ئەم بابەتە لە گەڵ ئەو بۆچوونەی سەعید‌هاوئاهەنگیی هەیە کە گرنگایەتییه‌کی بنچینەیی بە ڕوونی و خاوێنی نووسینی لێکۆڵەر ئەدات لە هەمبەر کۆمەڵگادا.

ئەگەر گۆڕانێک لە نووسینەکانی سەعید دا بێت ئەوە چەشنێک هیواداری زیاترە لە وتارەکانیدا. سەعید دوورکەوتنەوە به وەبیرهێنەری فەلسەفەی رەواقی (stoic)  مارکوس ئۆرێلیوس دەزانێت کە پێشمەرجی دابڕانه لە هە‌ر چەشنە پێوەندییەک بە شوێن و بەڕێوه‌بردنی ئەو شتەیه کە واڵس ستیڤێنس پێ دەڵیت ” زەینێکی زستانی”. دوایین وتارەکانی سۆزێکی ناڕه‌واقیانەی تێدایە، کە جەخت دەکاتە سەر لە ناو بردنی سنوورەکان و ئیمکانی ئاوەڵابوون، تەنانەت پێشنیار دەکات کە ڕێساگەلێکی نورماتیڤی یەکسانی جیهانی، توانایی تێپەڕاندنی سنوورەکان و جیاوازییه‌ رەگەزی و نەتەوایەتییه‌کانی هەیه. سەعید لە سەرئەنجامدا خۆی بە ئۆمانیست دادەنێت و بە دوای دەرخستنی ئۆمانیسمی” زمانی نوێ”یه‌وه بوو. پێم وایە ئەمە جیاوازی جەخت کردنە نەک گۆڕانێکی قووڵ، ئەم ڕاستیە جێگای سەرنجە ڕیساگەلێک گشتی بۆ تێگەیشتنێکی گشتی و جیهانی پۆتانسیەلێکی رادیکاڵی هەیە کە هێشتا نەهاتۆته ئاراوە و ئێمە‌هان ئەدات ڕاگری یەکسانی و بووژانەوە بین لە ژیانی هەموو کەسێکدا.

 

 

 * ئەم وتارەی مارتا نوسبام ماموستای فەلسەفەی زانکۆی شیکاگۆ لە سەر یەکێک لە دواهەمین بە‌رهەمەکانی ئیدوارد سەعید “تێفکرینێک لە سەر دوورکەوتنەوە”، لە نیویورک تایمز بڵاوبۆتەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

3 × یک =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..