چهارشنبه , ۳۰ خرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی /   ئەو کەسەی شەمەندەفەرەکانی ئەزبەر بوو/ باسێک لە سەر وتاری “لە پێناوی فۆرمدا”ی بەختیار سەجادی/ڕەزا عەلی‌پوور

  ئەو کەسەی شەمەندەفەرەکانی ئەزبەر بوو/ باسێک لە سەر وتاری “لە پێناوی فۆرمدا”ی بەختیار سەجادی/ڕەزا عەلی‌پوور

  • بۆرخێس لە کورتە چیرۆکی “دوو پادشا و دوو لابیرێنت”دا دەگێڕێتەوە کە پادشای بابێل، شای عەرەبان بە میوانی بانگێشتی بابێل دەکات. بۆ ڕابواردن بێت یان سووکایەتی‌پێکردن، دەیباتە ناو لابیرێنتێکی وەستایانە چێکراوی پێچەڵپێچەوە و دەڵێ دەی، چۆن دەتوانی لێی دەرباز بە. لە ئەنجامدا بە هەر مەرارەتێک بێت، شای عەرەبان ڕزگار دەبێت و دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی خۆی. بێ سێ و دوو لەشکری خۆی تەیار دەکات و دەیباتە سەر پادشای بابێل و یەخسیری دەکات. پاشان هەڵیدەگرێت و دەیبات بۆ ناوەڕاستی سەحرا و لەوێ بەرەڵای دەکات؛ دەڵێ فەرموو ئەمەش لابیرێنتی من، “نە پێپلیکانەیەک، نە دەرگایەک، نە دیوارێک”.

ئەم لابیرێنتە بیابانییە تەمسیلێکی باشە بۆ نووسەر و ئەدیبی کورد، بە تایبەت لە بواری ڕۆمان و ڕەخنەدا. لە ناو زمانی کوردیدا لەم دوو بوارەدا ڕێگەیەکی وەها نەڕۆیشتووین و زۆربەی ڕێگەکان تازەن. جیاوازیی لاڕێ و شاڕێ بەرجەستە و دیار نین. سەر لە هەر ڕێیەک بنێین ڕەنگە پێمانوابێ مەسیرێکی تازە دەبڕین؛ بۆیە زۆر جار بە سانایی دەتوانین بانگەشە بکەین کە من یەکەم کەسم بەم ڕێگەیەدا ڕۆیشتووم و یەکەم کەسم باسی هەو بابەتی ڕەخنەیی و فڵان دیاردە و چەمکم کردووە. بە هەر حاڵ بیابان و لابیرێنت‌هات و نەهاتە. هەندێجار کەسەکە دەرباز دەبێت و هەندێجاریش دەفەوتێ. لەم باسەی ئێمەدا دەربازبوو ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان” نووسینی مەنسور تەیفوورییە و فەوتاو وتاری “لە پێناوی فۆرمدا”ی د. بەختیار سەجادییە، مینا کابرای بابێلی. گەر کارکردێکی لاوەکیی ڕەخنە بە حەڵقەی پێوەندیی نێوان خوێنەر و دەق بزانین، دەکرێ بڵێین هەر خوێنەرێکیش بە دوای وەها ڕەخنەیەکدا بڕوا قەدەری شتێک نییە جگە لە فەوتان و سەرگەردانیی. ئەم نووسینە هەندێ تێبینی و سەرنجە لە سەر وتاری ناوبراو. لێرەدا تا پێم‌کراوە هەوڵم داوە خۆ لە باسی ڕۆمانەکە ببوێرم؛ چونکوو وا بڕیارە بە نووسینێکی جودا لە سەری بدوێم.

  • دەکرێ هەندێ مێژوومەند سەیری ڕەخنە بکەین و لە هەر قۆناغ و سەردەمێکدا کۆمەڵێک ئەرک، یان کارکرد بۆ ڕەخنە دەستنیشان و دیاری بکەین. هەروەها دەکرێ داواکارییەکان بەپێی بانگەشە و ئەو چاوەڕوانییەی وا خودی دەقی ڕەخنەیی لە خۆی سازی دەکات ئاراستە بکەین. بە نیسبەتی وتاری “لە پێناوی فۆرمدا” بە هەر بارێکدا بڕوانین دەتوانین بڵێین بە بەراورد لەگەڵ دۆخی ئێستەی ڕەخنەی ئەدەبیی لە کوردستاندا دواکەوتووانەیە. دواکەوتووانە نەک وەک سیفەت، بەڵکوو وەک ناو. بۆ وێنە لە ئێستەدا ڕەخنەگرە تازەکارەکانیش بەوە دەزانن و ڕەچاوی دەکەن کە بۆ قسەکردن لە سەر دەق، پێویست ناکا لە سەر نووسەر و دانەر قسە بکەن؛ واتە جۆرێک پاش‌بارتی دەنووسن. ئەمە بە مانای زانین و نەزانینی تیۆری “مەرگی دانەر” نییە. بە مانای توانستی دەکار کردن و نەکردنیەتی. یاخۆ تا پێیان بکرێ بەبێ ناوکۆ، شتێک لە سەر پێوندیی خۆیان و نووسەر، تیۆری و دەق، دەق و واقێع و زانیارییەکانی خۆیان ئاراستە ناکەن؛ واتە هەمان شت کە نووسەری “لە پێناوی فۆرمدا” لە بیست‌و‌یەک لاپەڕەدا کەوتۆتە داویەوە.

ڕەخنەی ئەمڕۆ ئەمەی لە بەرچاوە شتێک بڵێ کە خودی دەق نایڵێ، یاخۆ ڕوون و ڕاستەوخۆ نەیگوتووە؛ چونکوو دەزانێ ڕەخنە تەنها تەفسیرکاریی دەق و بەرهەمهێنانەوە و تەرجەمەی تایبەتمەندیی و توانستە ڕواڵەتییەکانی دەق نییە– بەو جۆرە گاڵتەئامێزەی وا لە قوتابخانە مانای شیعریان پێ دەنووسینەوە– بەڵکوو سەرتر ڕۆیشتنە لە دەق. هەڵکێشانی دەقە بۆ ئاستێکی دیکە. ڕەخنە، نووسان بە دەقەوە و بوون بە ئاوێنەی دەق نییە، وەک چۆن بزرکردنی دەقیش نییە لە کاکێشانی چەمک و دەقاندا.

گەر لە چەند زاراوەی سەرەتایی سینەما سوود وەربگرین، دەکرێ بڵێین نیسبەتی ڕەخنە لەگەڵ دەقدا لە لێکدران و مۆنتاژی دیالێکتیکی شاتگەلی کلۆز و لانگ‌شاتەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک گرتنی نماگەلی ئێکستریم‌کلۆز و ئێکستریم‌لانگ‌شات. کەواتە ڕەخنە بەردەوام خەریکی مەوداسازییە لەگەڵ دەقدا تا باشترین شوێنەکان بۆ سەیرکردنی دەق و فەزای دەوروبەری دەق بدۆزێتەوە، بۆ ئەوەی دەق‌هاوکات لە نزیکەوە و لە گشتییەتی خۆیدا و لە بەستێنیشدا ببینێ، بەڵام نووسەری وتاری “لە پێناوی فۆرمدا” هەندێ وێنەی کلۆز لە چەند ڕستە و پاراگراف و وشە بە شێوەی دێتایلی دەگرێت، بێ ئەوەی بتوانێ گشتییەتی دەق بۆ شوێنێکی دیکە حەوا بدات، یان لە کاکێشانی دەقی مۆدێرنیستیدا دایدەنێ کە نابینرێ. ئەگەر بڕوامان بە گرفتی ڕەخنەی ئەدەبیی ببێ، وتاری “لە پێناوی فۆرمدا”، نموونەیەکی ئایدیالە بۆ ئەم باسە؛ چونکوو زۆرێک لە گرفتەکان و کێشەکانی ڕەخنەی ئەدەبیی کوردیی لە خۆیدا ناونشین کردووە کە لە درێژەی ئەم باسەدا تەنها ئاماژە بە هەندێ خاڵ دەکەم و گەر کات و تاقەت هەبێ لە دەرفەتی دیکەدا لێی دەدوێمەوە.

ڕاشکاوانە بڵێم، کۆی هەوڵ و هەڵەکانی وتاری “لە پێناوی فۆرمدا” و ئەو تێکەڵکاریی و درێژدادڕییە بێ‌سوودەی وا لە وتارەکەدا هەیە لە پنتێکەوە سەرچاوە دەگرێ ئەویش نەبوونی بیرۆکە و ئایدیایە، کە دوایی دێمەوە سەری.

  • سەبارەت بە وتاری “لە پێناوی فۆرمدا” گەر ئەو دابەشکارییە باو و ناسراوەی وا لە نێوان لێکۆڵەر و ڕەخنەگردا دەکرێ وەربگرین، بەشی یەکەمی‌وتارەکە -کە نیوەی زیاتریەتی- پێوەندیی بە سەر بواری ڕەخنەوە نییە؛ بەڵکوو بەشێکی ئەو باسانەی وا ئاراستەی کردوون لێکۆڵینەوە و توێژینەوەن، گەرچی زۆربەیان لە گەلێک کتێب و سەرچاوەدا دووپات و چەند‌پاتە کراونەتەوە. واتە ڕەخنەگر گەرچی هەندێ زانیاری ئاراستە کردووە؛ بەڵام بە سێرچ و گەڕانێکی ئاسایی لە لایەن کەسی “سێرچن”ەوە زۆربەی ئەو زانیارییانە گردوکۆ دەبنەوە. لەو شوێنانەشدا کە ژێستی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە شیعر، سینەما، فەزای ئەدەبیی کوردستان، ڕۆمان‌نووسان و ڕۆشنبیرانی کورد و… دەگرێ هێندە دیارینەکراو (نامتعین) و گشتییە کە ئیدی هیچ وزەیەکی ڕەخنەگرانەی پێوە نامێنێت و لە پاش هێگلەوە زانراوە کە ڕەخنەی دیارینەکراو و “نامتعین” بایەخێکی ئوتۆی نییە. پاش چەند لاپەڕەی سەرەتا، زۆربەی هەرە زۆری بەشی یەکەمی‌وتارەکە تەنانەت بیرەوەریش نییە‌؛ بەڵکوو ئاراستەکردنی سی‌ڤی و هەندێ ڕێزوومەی نووسەرە کە بۆ ئەم باسەی ئێرە هیچ بایەخ و گرنگییەکی نییە.

لە بەشی کۆتایی وتارەکەیدا نووسەر دێتە سەر ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان” و هەندێ باس ئاراستە دەکات کە ناوەندی‌ترین باسی پێوەندیی بە فۆرمەوە هەیە. بە کورتی نووسەر پێیوایە کێشەی ئەدەبیاتی کوردی فۆرمە، هەروەها پێیوایە ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان”یش گەرچی ڕۆمانێکی مۆدێرنیستییە و هەوڵی بۆ فۆرم داوە و کۆمەڵێک تەکنیکی مۆدێرنیستیشی تێدا دەکار‌هاتووە، بەڵام تا ڕادەیەک کێشەی فۆرمی‌هەیە؛ چونکوو هەندێ تەکنیکی دیکە هەیە کە بەکاری نەهێناوە. دیسان دەڵێ بیست‌و‌پێنج تەکنیکی مۆدێرنیستیی لە چەند وتارێکدا ئاراستە کردووە کە بەسوودی ڕۆمان‌نووسی کوردە بۆیان بگەڕێتەوە؛ واتە گەر نووسەرانی کورد بە قسەی ئەویان بکردبایە ئێستە ئەو پاشاگەردانییەی فۆرم لە ئارادا نەدەبوو. مەبەست لە نووسینی ئەم وتارە وەستانە لە سەر ئەم ئەم بابەتە و بەرپەرچدانەوەی ئەم تێگەیشتنە سەقەت و هەژارانە لە فۆرمە.

  • داواکاری بۆ ئاراستە کردنی پێناسەیەکی ڕەها و گشتگیر لە فۆرم هەڵەیە؛ بەڵام سەرەڕای ئەمەش دەکرێ بە شێوەی نێگەتیڤ هەندێ مەزەندە بکرێ و بزانرێ کە فۆرم لانیکەم چی نییە. لە خوێندنەوەی ئەو وتارەدا بە سانایی لەوە تێدەگەین کە نووسەری وتارەکە بابەتی فۆرم و ناوەرۆک لێک جودا دەکاتەوە. پێیوایە ئەدەبیاتی کوردی لە تێم و مۆتیڤ و ناوەرۆک و شێواز و زماندا کێشەی نییە؛ بەڵکوو کێشەی لە فۆرمدا هەیە. ئەمە تێگەیشتنێکی ناقس و کێشەدارە بۆ فۆرم و ئەو ڕەهەندە پێکهێنەرە مانایی و ناوەرۆکییانە. ڕوانینێک کە ئەو دوو لایەنە بە دوو لایەنی جودا دەزانێ و پێیوایە کە گرفت لە یەکیاندا هەر لەوێدا قەتیس دەمێنێت و ئەوی دیکە دەپارێزرێ؛ لە کاتێکدا تێکتەنرانی دەق پێمان دەڵێ ئەم ڕوانینە هەڵەیە. پێموابێ پێویست نەبێ قسە لە سەر یەکگرتوویی فۆرم و ناوەرۆک و فۆرمی‌ناوەرۆکیی بکەین و ئەوە زۆرجاران سەلماوە کە دوو لایەنی فۆرمیک و تێماتیک لە دەقی ئەدەبیدا چەندە یەکانگیرن. سارتەر لە وتووێژێکدا گوتبووی ناکرێ ڕۆمانێکی باش لە سەر لایەنگریی دژەجوولەکە بنووسرێ. بەدەر لە ناوەرۆکی دژەفاشیستیی ئەو وتەیە شتێکمان بۆ دەردەخرێ، ناوەرۆک و فۆرم پێوەندیی دیاریکەر و یەکانگیریان پێکەوە هەیە. بێگومان ئەو شوێنەی کە دەقێک کێشەی فۆرمی‌هەبێ یانی کێشەی ناوەرۆکیشی تێدا سازدەبێت و بە پێچەوانەشەوە. پێشتریش واڵتێر بێنیامین گوتبووی بوونی ڕووکردێکی دروستی فۆرمیک دەگاتە ڕووکردێکی دروستی سیاسیسش. ئێمە لە ئەدەبیاتدا شتێکمان نییە بە ناوی شێواز، فۆرم، مانا و ناوەرۆکی لە پێشدا ئامادەبوو؛ بەڵکوو ئەوەی دواتر دەگوترێ تێم و مۆتیڤ و شێواز و گێڕانەوە و… ، تەنها و تەنها لە گوزەری فۆرمەوە خۆی دەردەخات.

نووسەری “لە پێناوی فۆرمدا” شێلگیرانە خەریکی دابەزاندنە و هەژارانە سەیری فۆرم دەکات؛ چونکوو بەردەوام خەریکی داشکاندنی فۆرمە بۆ سەر تەکنیک و پێیوایە ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان” ڕۆمانێکی مۆدێڕنیستیی کامڵ نییە؛ چونکوو تەنها هەندێ تەکنیکی مۆدێرنیستیی دەکار کردووە و بۆ ئەوەی بەتەواوەتی مۆدێڕنیستی بێت نیازی بە دەکارکردنی تەکنیکی دیکەش هەیە. ئەمە نیشاندەری ڕەخنەیە بە پێوەرگەلی ئامادە و کلێشەیی کە گوێ بە پێشنیار و لادەرییەکانی دەق نادات. سێرژ دێنێ، ڕەخنەگری سینەمایی، لە ڕەخنەی نیگا و سینەمای ژێنریکدا دەڵێ زۆرێک لەو کەسانەی وا بە کۆمەڵێک کلێشەوە لەبارەی سینەما و فیلمەوە دەنووسن دەڵێی خودی فیلمەکان نابینن تاکوو بزانن چەندە جیاوازییان هەیە و تاقانەن؛ بەڵکوو هەر دەڵێی تەنها لەبارەی‌هاوشێوەیی فیملەکانەوە دەخوێننەوە.

فۆرم و فۆرمی‌مۆدێرنیستی شتێک نییە لە دەرەوەی دەق بوونی هەبێت، شتێک نییە بتوانین لە زانکۆ و کارگەکاندا فێری ببین. بەڵێ دەکرێ تەکنیک بگوترێتەوە و بەسانایی فێری بین، بەڵام خۆ فۆرم بە پێچەوانەی ڕوانگەی نووسەرەوە بریتی نییە لە تەکنیک. هەر ئەوەی کە بەسانایی دەکرێ تەکنیک فێر ببین نیشان دەدات ئەو مانۆڕدانەی ڕەخنەگر لە سەر تەکنیک چەندە ژێستێکی بەتاڵە. وەرگێڕی باختین دەبوایە ئەوەی بزانیبا کە فۆڕم و تەکنیک بەتەواوەتی ماهییەتێکی مێژووییان هەیە و ناکرێ ژووەرمێژوویی بۆیان بڕوانین.

ڕەخنەگری “لە پێناوی فۆرمدا” وا لە فۆرم دەدوێ هەر دەڵێی خۆراکێکی لە قوتوو کراوە و تەنها بە زانینی تەکنیکەکانی هەڵپچڕینی قوتووەکە، بۆ سەرف‌کردن ئامادەیە. ئەو دیدە ئەفلاتوونییە سەبارەت بە فۆرمی‌مۆدێرنیستی وەک بوونێکی ئەزەلی و سەرمەدی کە لەوێدا، لە سەرەوە، لە ناو وتار و تیۆرییەکان و یان کۆمەڵە وتارە بیست‌و‌پێنج تەکنیکیەکەی نووسەر، لە شوێنێک لە دەرەوەی دەق بوونی هەیە و هەموو دەقەکانی دیکە بۆ کامڵ‌بوون پێڕەوی لە مۆسۆلی ئەو فۆرمە دەکەن. پێموانییە پێویست بە ڕوونکاری بکات کە ئەو ڕوانگەیە سەبارەت بە فۆرم بە پێچەوانەی ژێستی ڕادیکاڵی خۆی چەند کۆنسەرڤاتیڤە. بەدەر لەوە ئیشی ڕەخنەگر ئەوە نییە نوسخە بپێچێتەوە و بڵێ دەق دەبێ چۆن و بە چ تەکنیکێک ڕوو بدات؛ بەڵکوو لەو سۆنگەیەوە ڕەخنە باس لەوە دەکات دەق چۆن و بە چ شێوازێک ڕووی داوە. دەڵێن پاپ ژان پۆلی دووەم لە ژێر گوشاری زانست‌خوازەکاندا گوتبووی ڕەنگە زانست بزانێ مرۆڤ چۆن و لە چی چێکراوە، بەڵام ئەمە کتێبی پیرۆزە کە دەڵێ بۆچی و بە چ مەبەستێک ئافرێندراوە؛ ئەرکی دژواری ڕەخنە جێبەجێکردنی هەر دوو لایە، گەرچی دواجار لەو ئاستەشدا ڕاناوەستێت و ئەوێ دوامەنزڵی نییە.

  • پیتێر بیکسێل کە نووسەرێکی ئاڵمانی زمانە، چیرۆکێکی هەیە بە ناوی “پیاو و بیرگە”. پیاوێک لە شارۆچکەیەکدا دەژیا، هەموو زانیارییەکی سەبارەت بە شەمەندەفەرەکان ئەزبەر بوو؛ کاتی‌هاتن و چوونیان، ژمارەی موسافیر و واگۆنەکان و کۆمەڵەیەک زانیاریی بێ‌سوود و بەسوود سەبارەت بە قیتارەکان. بێ ئەوەی قەت خۆی سواری شەمەندەفەر ببێ، ڕۆژانە دەچووە وێستگە و زانیاریی بەلاشی بڵاو دەکردەوە و گەر بهاتبا و گوێیان لێ نەگرتبایە تووڕە دەبوو. پاش ساڵانێک نووسینگەی زانیاریی لە وێستگەکە دەکرێتەوە، کەسێک دادەنێن کە لە ڕووی کتێبی شەمەندەفەرەکانەوە بە وردی هەموو زانیارییەکی دەدا بە خوازیاران. پیاوی “شەمەندەفەرزان” کە دەبینێ زانیارییەکانی ئیدی بێ‌ قەدر و قوربن، وردەوردە ناهومێد دەبێت. پاشان دەست بە ژماردنی قادرمە و پێپلیکانەی بەر دەرگای ماڵەکانی شار دەکات. ئەم چیرۆکە حیکایەتی زۆر نووسەر و ڕەخنەگرە کە تەنانەت پاش شۆڕشی زانیاری و گەشەی فەزای مەجازی و هێرشی ئینتەرنێت، لەباتیی داهێنان و تەجرەبەکردن (سەفەرکردن بە شەمەندەفەر) هێشتا هەر زانیاری بە ناوی ڕەخنەوە بڵاو دەکەنەوە؛ نموونەکەشی بەشێکی زۆری وتاری “لە پێناوی فۆرمدا”. پێشتریش ئاماژەم بەوە دا کە بەشێکی ئەو درێژدادڕی و زانیاری‌بازی و “سی‌ڤی”سازییە بۆ داپۆشینی نەبوونی ئایدیایە.

بە‌بێ ئەوەی هەوڵی پێناسەکردنی وردی فەزای ڕەخنەی ئەدەبیی کوردستان بدەم، دەتوانین لانیکەم دوو جۆر ڕەخنە لەم فەزایەدا بەدی بکەین. یەکەم، ڕەخنەیەک کە تەنها زانیاری ئاراستە دەکات، لێوانلێوە لە بابەتگەل و ناوگەلی سەیروسەمەرە، هیچ شتێک زیاد ناکا بە خودی بەرهەم و بابەتی ڕەخنەکەی، هەر خودی دەقەکە چی دەڵێ ڕەخنەکەش تۆتۆلۆژیانە هەمان شتمان بۆ دەنووسێتەوە. لە دەق دوور ناکەوێتەوە و مەودایەک ساز ناکات، گەر دووریش دەکەوێتەوە هێندە دوور دەبێتەوە کە ئیدی دەق نابینێ. زۆر جار لە بەر داچڵەکاندن و ترساندنی خوێنەر، تیۆریی ناکارا بە سەر دەقدا دەسەپێنرێ و ئەوی چەمک و مەفهووم بێت دەئاخنرێتە ناو ڕەخنەکەوە، بەبێ ئەوەی کاریان پێ بکرێت و وەگەڕ بخرێن، بۆیە بە سانایی تووشی تیۆری‌بردەیی دەبێ. سەرەڕای ڕواڵەتی تیۆریکی خۆی، زۆر جار لە شتی بچووک و نائەدەبییەوە دەست پێدەکات، وەک خۆنمایشکردن،‌هاوڕێیەتی و بەودیویشدا ڕقهاوێژی و قولاپە و یەخەگرتن. کۆی هەراوهۆریا و پەلەقاژەی ئەو ڕەخنەیە بۆ ئەوەیە ناتوانێ شتێک سەرتر، یان جوایەزتر لە دەق ئاراستە بکات. ناتوانێ شتێکی بەدەر لەوەی خودی دەقەکە بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت بەرهەم بهێنێ، ناتوانێ ئایدیایەک ئاراستە بکات لە سەر ئەدەبیات و جیهانی دەق. ڕەخنەیەکی دیکەش هەیە کە وەک دێلۆز دەڵێ چەمک وەک باکس و جەعبەی ئامراز سەیر دەکات، کاری پێ دەکات و دەقی پێ دەخوێنێتەوە. بۆیە گەر ئیش نەکات یان دەیگۆڕێت یان چەمکی دیکە دادەهێنێ. ئەم ڕەخنەیە دیوێکی نائاشکرا و نادیار لە دەق ئاراستە دەکات، دەتوانێ ماناگەلێکی جیاواز و هەڤپێوەند بەرهەم بهێنێ، خوێنەر و دەق بگەیەنێت بە ئاست و ڕەهەندێکی جیاواز -هەرچەند لەرزۆک و قەیراناویی-. نەک پێوەندییەکی پاشکۆیی یاخۆ سەروەرانە، بەڵکوو پێوەندییەکی داهێنەرانە لەگەڵ دەقدا ساز دەکات، نیبسەتی ئەم ڕەخنەیە لەگەڵ دەقدا بارت گوتەنی وەک نیسبەتی دەق و ئەدەبیاتە لەگەڵ واقێع و جیهاندا. “لە پێناوی فۆرمدا” نموونەی دیاری جۆری یەکەمی‌ڕەخنەیە، ڕەخنەگر لە پەسا زانیاری دەدات، لە خۆی، لە مامۆستا و زانکۆ و چالاکی و وتارەکانی، لە هەر چی شتی پێوندیدار و ناپێوەند، خۆی گوتەنی بە زانیارییەوە دەشوغڵێ، کاتێکیش دێتە سەر خوێندنەوەی ڕۆمانەکە چەند شت دووپات دەکاتەوە کە خودی ڕۆمانەکە دەیڵێ. بۆ نموونە بابەتگەلێک وەک: ڕۆمانەکە ڕیتم‌گەلی جودای بەرهەم هێناوە، چەندین ڕاوێژ و لەحنی جودای هەیە و…. درککردنی هیچ‌کام لەمانە و کەشفکردن و دەرخستنیان لە ڕۆمانەکەدا پێویستی بە زیرەکییەکی ئەوتۆ نییە؛ گەرچی هەر لە باسی زماندا نیشاندەری ئەوەیە کە ڕەخنەگر بەراوەژوو سەیری زمانی ڕۆمان دەکات. زمانی ڕۆمان یەک زمان نییە و پێویست ناکات هەموو کات زمانێکی بەهێزی هەبێ، زمانی ڕۆمان کۆمەڵە زمانێکە کە تاقە بەشێكی پێوەندیی بە پەخشانی باش و زمان زانینی گێڕەوەوە هەیە، بەشێكی پێوەندیی بە دەرخستن و ئاراستەکردنی لەحن و ڕاوێژ و فەزاگەل و گوتارگەلی جوداوە هەیە و بەشێکیشی ڕاکێشانی زمانە بەرەو سنوورە نازمانییەکان وەک دەنگ، ژاوەژاو، هەڵیت‌وپەڵیت و‌هاتەران‌و‌پاتەران، مۆسیقا و ڕیتم و… لای ڕەخنەگر دڵخواز و باش‌بوونی پەخشانی ڕۆمانەکە و کوردیزانیی نووسەری ڕۆمان دەبێتە پێوەری سەرکەوتوویی زمانی ڕۆمانەکە. ئەمە بەدەر لەوەی ڕۆمان‌نووسانی وەک داستایۆفسکی، باڵزاک و سادق هیدایەت بەوەش ناسراون کە زمانی نووسینیان بە‌پێی پێوەری “پەخشانی دڵخواز و نادڵخواز”، دڵخواز نەبووە؛ یان کاتێ کە دێلۆز باسی ئەدەبی کەمینە دەکات، لاوازییە زمانییەکانی کافکا وەک تایبەتمەندییەکی ستایلی و پۆزەتیڤ لە سۆنگەی ئەدەبیاتی کەمینەوە باس دەکات. بە هەر حاڵ کۆی ڕۆمان بە زمانێکی بەهێز، یان زمانی ئەدیبانە نانووسرێ، بەڵکوو کۆبەندێکە لە زمانگەلی جۆراوجۆر، دەنگ‌گەلی بەرز و نزم، ئیتفاقەن ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان” بە هەڵبژاردنی ستراکتۆرێکی فراگمێنتاڵ و پارچە پارچە، دەیهەوێ دەنگی بێ‌زمانان، زمانی گرد و سروشتی خاپوور و ڕووبار و گۆمی‌شڵەژێنراو و زمانی کۆڵ و بێ‌دەنگان بێت. بۆیە هەڵەیە ڕۆمان بە پێوەری زمان‌پاراوی، ڕەوانبێژی، کوردیزانیی و ئەدەبی‌بوونی پەخشان بپێوین.

بەکورتی نووسەری “لە پێناوی فۆرمدا” پێیوایە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان حاڵەت و دۆخ و زمانی گێڕانەوەدا هەیە و دەڵێ ڕەوت کە توند و خێرا دەبێت زمانیش توند دەبێت و ڕستەکان کورت دەبنەوە… بەدەر لەوەی کە سادەترین هەڵگۆزتەی لە “ڕیالیزمی‌زمانیی” کردووە و ئەم گۆڕانی تێمپۆیە بە گرنگ و سەرنجڕاکێش دانراوە، ئەوەی لە بەرچاو نەگرتووە کە دەکرێ زمانی نووسین و دۆخی نووسراو یەکانگیر نەبن؛ خودی ئەم کۆنتراستە زۆرجار شتی دیکەی لێ‌دەکەوێتەوە، وەک چۆن لە ناو ڕۆمانەکەشدا ئەمە دەبینرێ. بۆ نموونە ئەو بەشەی کە زیندان دەیگێڕێتەوە، گوایە خەونی بوون بە زیندانی سەرانسەربینی جێرمی‌بێنتام و فۆکۆ دەبینێ بەڵام کە تووشی پارادۆکس دەبێت و دەکەوێتە‌هاتەران‌و‌پاتەران‌بێژی، جۆرێک تەنز و گاڵتە پێکردنی سامناکی لێدەکەوێتەوە کە لە دژوازی و یەکانگیرنەبوونی دۆخ و زمانەوە هێزئاوێژی دەکات.

  • ڕوانگەی دابەزێنەری ڕەخنەگر سەبارەت بە زمانی ڕۆمان لەوێدا ڕاناوەستێ و بۆ سەر باسی کاراکتەریش درێژ دەبێتەوە. ڕەخنەگر پاش ئەوەی کۆمەڵێک نەخۆشینی وەک خۆی دەڵێ جۆراوجۆر بۆ کەسەکە ڕیز دەکات، زیاتر جەخت لە سەر شیزۆفێرنبوونی دەکات و دەڵێ کاراکتەری گێڕەوە شیزۆفێرنیکە، بەڵام هیچ دۆخێکی جودا لە خودی ڕۆمانەکە و پێوەندیی شیزۆفێرنیا بە ستراکتۆر و بە کۆی ڕۆمانەکەوە ساز ناکات، پێموابێ خراپ نەبێ ئیستێک لەسەر پرسی کاراکتەر بکەین.

ڕەخنەگر بە بەراوردی کاراکتەری ڕۆمانەکە لەگەڵ پێرسۆنایەکی شیعری مامۆستا هێمن دەست‌پێدەکات، بۆ چرکەیەک هیوایەک ساز دەبێ بە قەد ترووسکەیەک داهێنان لەو وتارەدا بەدی بکرێ، بەڵام دیسان وەک سەربەند هەر ئەوە چەندپاتە دەبێتەوە کە کاراکتەرەکە شیزۆفێرنیکە، یان خوێنەر‌هاوسۆزی لەگەڵ کاراکتەری شیعری هێمندا دەکات و لەگەڵ گێڕەوەی ڕۆمانەکەدا نایکات (هەڵبەت ئەمەش حەدسی خۆیەتی). بەدەر لەم بەراوردە غەیب‌گۆیانە، ڕەخنەگر نە شتێکی شاراوە دەردەکێشێت و نە نیسبەتێکی نوێ کەشف ئەکات؛ بۆ وێنە هەر لەو بەراوردەی خۆیدا دەکرا باسی لە پێوەندی و بەراوردی ئەو دوو کەسە لە سۆنگەی لاگریی پێرسۆنای هێمن بۆ خواردنەوە و مەی و ئەلکول و کاراکتەری ڕۆمانەکە بۆ بەنگ و مادەی هۆشبەر بکردبایە، واتە بەراوردێک بۆ دوو لایەنی جیاوازی ئاوەکی و دووکەڵیی ئەو دوو کاراکتەرە و گرێدانیان بە جۆری هۆشیارییان و خولقیات و تایبەتمەندییانەوە. وەک چۆن کانت باسی دوانەی لێک‌دژی شەراب و تریاک دەکات لای ئێرانییەکان و پاشان ئۆکتاڤیۆپاز ئارەق و شەراب خواردنەوە گرێ دەداتەوە بە میوانیی خواردنەوە، یان سۆمپۆسیونی یۆنانییەکان و ئەفلاتوون و شێوی کۆتایی عیسا و مەیل بە تێکەڵبوون و گفتوگۆ لە کولتووری ڕۆژئاوایی، بەو دیویشدا کەسی دووکەڵ و بەنگ ویست، بە بوودا و ڕۆحی ڕۆژهەڵاتی و گۆشەگیری، مەیل بە مۆنۆلۆگ و نا-دیالۆگی گرێ دەداتەوە، وەک چۆن هەر ئەمە وای کردووە ڕۆمانەکە کەمتر گفت‌وگۆتەوەر بێت.

دەڵێن هەندێ لە کاراکتەرەکانی داستایۆفسکی تەنها لە پاش شۆڕشی ئۆکتەبەر بوو کە‌هاتنە دونیا، واتە زیاتر لە پەنجا ساڵ پاش ئەوەی نووسران؛ کەواتە مەرج نییە هەموو جار ئەدەبیات و هونەر لاسایی واقێع بکاتەوە، دەکرێ پێچەوانەی ئەمەش ڕوو بدات. هەر لێرەوە خوێنەر و ڕەخنەگر دەبێ لە باسی کاراکتەری ڕۆماندا وریا بێت و بە‌پێی ئەو کەسانەی وا دەیانناسێ یان دەروونناسی و کۆمەڵناسی نەخشاندوونی کاراکتەر لە قاڵب نەدات. وەک بینرا نموونەیەکی ئەوەش تێگەیشتنی هەڵەی ڕەخنەگری “لە پێناوی فۆرمدا”یە لە کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە. لە گۆشەنیگای دەروونناسییەکی داشکێنەرانەوە هێندە ساکار و ویکیپێدیایی باسی شیزۆفێرن دەکات لە ئاستی کاراکتەرەوە دادەبەزێنێتە سەر تیپ. دواتر هەندێ گوزارەی ئینشایی پێوە دەبەستێ کە هیچ ناپێكێ؛ وەک ئەوەی ئەم کەسایەتییە تەنها دەزانێ باش بگێڕێتەوە، دەیەوێ واقعییەت ڕزگار بکات و….

لەم سۆنگەیەوە ڕەخنەگر هەمان دیدگای باو لەبارەی شیزۆفێرنیاوە بەرهەم دەهێنێتەوە. بەبێ ئەوەی شیزۆفێرنیا وەک بار یاخۆ چەمکێک لە ناو ڕۆمانەکەدا هەڵبنێت و بیخەمڵێنێ. بۆ وێنە لایەنی سیاسی، ترۆما و گرفتەکانی کەسەکە گرێ نادرێتەوە بە شیزۆفێرنیاوە و بە دەرهەستی لێیان دەدوێت، یاخۆ وێڕای ئەوەی سیاسەت سەرانسەری ڕۆمانەکەی داگرتووە، هیچ گرنگییەک بە لایەنی شۆڕشگێڕانە و سیاسی‌بوونی کاراکتەرە شیزۆفێرنیکەکە نادرێ، کۆی وزەی تێکدەر و سیاسیی دەقەکە نەدیو گیراوە کە ڕەنگە درک بکرێت بۆچی؛ بەڵام ئەوکاتەش باسی ڕەهەندی شیزۆفێرنبوونی دەکرێ بچووک دەکردرێ و بە لاڕێدا دەبردرێ. چونکوو گرنگیی بە جومگەبەندی چەمکەکان نەدراوە ئیدی سیاسەت، شیزۆفێرنیا، کاراکتەر، زمان و جەستە، یان دوور لە یەک، یاخۆ بێ ناوکۆ باس دەکرێن، بێ ئەوەی چەمکەکان ماشینێک دابمەزرێنن کە مەیل، یان هیچ نەبێ مانا بەرهەم بهێنن و بە لێکدرانی دیالێکتیکیی پۆتانسیەلە پرابلماتیک و وزە سیاسییەکانی کاراکتەرەکە و جۆری داڕشتن و بەرسازانەوەی، لەگەڵ دۆخە دەرەکی و گوتاری و شوێنکاتییەکەی پێکەوە هێزێک دابمەزرێنن و بمانگەیننە شوێنێکی دیکە و جودا لەوەی خودی رۆمان نیشانی دەدا، ئەمە لە کاتێکدا شیزۆفێرن، بوونێکی سیاسیی هەیە و بە تایبەت لەو ڕۆمانەدا ناکرێ تەنها وەک نەخۆشییەک سەیری بکردرێت بەڵام لە وتاری “لە پێناوی فۆرمدا” کۆی ئەوانە نەدیو دەگیرێن کە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە چۆن ڕەخنەی زانیاری‌تەوەر لە بەراورد لەگەڵ ڕەخنەیەکی دەرگیر و بەرهەمهێنەردا دەتوانێ دەق دابشکێنێت و نەزۆکی بکات.

لای زۆرێک لە خوازیارییە عیرفانییەکان، حەقیقەت تەنها لە گوزەری کز و لاوازکردن و تەنانەت سووکایەتی‌پێکردنی جەستەوە وەدیار دەکەوێ. زۆربەی ئەو ڕیازەت و خەڵوەکێشان و کۆنەپۆشی و شڕەپۆشییە عیرفانییانە تەعبیر لەو ئایدیایە دەکەن، بەڵام لە کۆمەڵگای بەرخۆری و نمایشیدا، زیاتر لە هەموو کات مرۆڤ لە خزمەتی جەستەیدایە، لە وەرزش و گەشەی پیشەی ئاڕایشتەوە تا بەشێكی بەرچاوی پزیشکی و… ئەمە دەسەلمێنن. واتە گەر ڕۆژێک لە ڕۆژان جەستە لە خزمەتی مرۆڤدا بوو، دەیڕەتاند، کاری پێ دەکرد و لە باتیی ڕۆحی خۆی پێ زوڵاڵ دەکردەوە، ئێستە پێچەوانە بووەتەوە؛ واتە مرۆڤ دەبێ بەردەوام خزمەتی جەستەی خۆی بکات. بە هەر حاڵ ئەم باسە ئەوە دەسەلمێنێ جەستە تەنها دیاردەیەکی بایۆلۆژیک نییە، بەڵکوو دیاردەیەکی ئابووری و سیاسیشە. بە ڕای گێتاری و دێلۆز جەستەی تاکی شیزۆفێرن زۆرترین توانستی سیاسی‌بوونی هەیە؛ چونکوو کاتێک بە ئورگانیزمی‌جەستەی خۆی مل نادا، بە دەسەڵاتی کۆمەڵگا و دیسێپلینی سیاسیش مل نادا؛ ئەمە تەنانەت گەر بە ئالوودەکردنی جەستەش بێت بە ماددەی هۆشبەر. بەم ڕوانگەیەوە تاکی شیزۆفێرن و کارەکتەری ڕۆمانەکە زیاتر لەوەی بەهرەی گێڕانەوەی ببێ بەهرەی تێکدان و شۆڕشی هەیە. بەکورتی شیزۆفێرن دەرنابڕێ، مەیل بەرهەم دەهێنێ. بۆیە دەکرێ بڵێین ماشینی شیزۆفێرن، واتە بەرهەمهێنانی مەیل. لێرەوە بە پێچەوانەی تێگەیشتنی ڕەخنەگر ئەم کارەکتەرە شیزۆفێرنە گێڕەوەی باش نییە، یانی ناتوانێت گێڕەوەی باش بێت، بۆیە شوێنەکان و فەزاکان، ڕووادوەکان باشتر لەو دەگێڕنەوە. لە خوێندنەوەی دەقەکەدا دەردەکەوێ نەک تەنها بۆ ڕزگارکردنی واقعییەت تەنانەت بۆ پاراستنیشی تێناکۆشێ؛ چونکوو هێندە نزیک نووساوە بە واقعییەتەوە و بەسەر یەکدا نووشتاونەتەوە کە دەبێ بیگۆڕێ، نەک بە دیوێکی باش یان خراپدا، بەڵکوو دەیهەوێ و دەبێ لە کاری بخات، ئەمەش لە جەستەی خۆیەوە، لە زمانی خۆیەوە دەست پێ دەکات، سەبارەت بە ڕۆمانی “ژیانەوە بە کاتی سیروان”، “زمان” بە هەر دوو مانای تانگ و لانگ.

دەق لە هەندێ شوێندا، ئاشکراتر خۆی دەدرکێنێ. بۆ نموونە کاتێک ڕەخنەگر پێشنیارێکی سەیر دەدات و دەڵێ خوێنەری زیرەک (وا دیارە مەبەستی خۆیەتی) تامەزرۆ بوو ڕۆمانەکە باسی “کاڵبوونەوەی بەهاکان” و “بۆشایی ڕۆحیی کەسایەتییان” بکات. لەم سەردەمەدا کە تەنانەت بەشێکی پرۆگرامی‌تی‌ڤییە زۆربڵێ و پەندبێژەکان ئەو چەشنە سەردێڕانەیان هەیە، وێناچێ تامەزرۆیی و داواکاریی وەها لە ڕۆمانی ئەمڕۆ داواکارییەکی زیرەکانە و بەجێ بێت. بە هەر حاڵ وا باشە هیچی لێ نەڵێم و سەری داپۆشمەوە.

 

سه‌رچاوه: دووحه‌وته‌نامه‌ی ده‌نگی کوردستان، ژماره ۵۲، دووشه‌ممه ۲۴ی ره‌زبه‌ر

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

شانزده + شش =

قالب وردپرس پوسته وردپرس