با ئاویتر بێ لە منا ئەو بزەیەی لە تۆدا دەگەڕێ
منیش نیگایە بە دەمارەکانتدا دەگەڕێم بۆ بەختی نابەختی تابلۆکان
کوا تۆ
من لێرەم و برینەکانم دەگەڕم…
لێرەم و برینەکانت سەفەرێکی تاڵم تیا ئەوەڕێ
لێرەم و
حەیفە من هەڵنەفڕم لە دەمارێکتا
کە گەڕان و دابڕان برینترە لە پێستت
برینترە لە من کە لێرەم و تابلۆکان…
تابلۆکان… و پیاوێکی سی و نازانم چەن زستانە…
تابلۆکان… و سی و سێ گۆشەیە سپیتر لە خوێنت
تابلۆکان … و تەنیایی ساڵێکە قاوەیی
تەنیایی و دەمارێکت لە خوێنما باڵندە
تابلۆیە و بزەیەک لە منا بۆ درفەت…
برینەکان لە کوێنەی جەستەی منا تابلۆ ئەبن؟
ئەی درۆتر لە هێز و ئازادی…
جوانیەکانت لە کام لاپەڕەی تەمەنا مراند؟
سەرکەوتنەکانت کامانەیە… مردن؟
بوونمان دەرفەتێکە و نەمانزانی
دەرفەتێکە و
ئاهاوڕێ
دەرفەتێکە و نەمانزانی لە کوێدا چ دەقەومێ…
ئاەەە هەتیم.. چەندە خۆشەویسییمان دێرە… و
تابلۆکانم خەریکە لە تۆدا بخنکێن.
رێبەندانی ۹۵ / جوانرۆ
