روخساری بلانشۆ وه‌ک نووسه‌رێکی نادیار به‌ڵام به ناوبانگ له ناخی وێژه وه‌کوو تارماییه‌کی به هێز و به‌رچاو ده‌دره‌وشێته‌وه، ناوبراو له‌مه‌ڕ وێژه دید و بۆچوونێکی جیاواز له سه‌ر جه‌م نووسه‌ران و ناسراوانی بواری ئه‌ده‌بیات ده‌خاته روو که جێی سه‌رنجه. له راستیدا ئه‌و پرسیاره که وێژه چییه بیر و بۆچوونی بلانشۆ له مه‌ڕ ئه‌ده‌بیات و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ورووژاندووه. وێژه وه‌ک شتێکی به‌رهه‌ست(ئۆبژه) پێناسه ناکرێت و خۆی له پێناسه و شوناسی تایبه‌ت ده‌دزێته‌وه به‌ڵام وێژه له خۆیدا بابه‌تی خۆیه‌تی، به واتایه‌ک له دیدی ناوبراوه‌وه وێژه واتا و ئیمکانه کانی زمانه، وێده‌چێت بلانشۆ له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه دیارده‌ناسانه بێت که زمان وه‌ک سوژه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ له سونگه‌ی مرۆڤه‌وه خۆی ده‌خۆڵقێنێت،” که‌سێک قسه ده‌کات”؛ دیاره له‌و رووه‌وه کارتێکه‌ری و شوێن دانه‌ری هێگێل و مالارمه وهایدگهر له مه‌ڕ بلانشۆ به‌رچاوه. ئه‌گه‌رچی پرسی سه‌ره‌کی بلانشۆ به گشتی وێژه‌یه به‌ڵام په‌یتا په‌یتا ئاوڕێکی قووڵ له فه‌لسه‌فه ده‌داته‌وه و له روانینێکی فه‌لسه‌فییه‌وه باس له ناوه‌رۆک و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی پێوه‌ندیدار به ئه‌ده‌بیات دێنێته ئاراوه، له گه‌ڵ ئه‌وه‌ش وه‌ک نووسه‌رێکی جیاواز به چه‌شنێک له سنووری نێوان وێژه و فه‌لسفه دا به‌رده‌وام له‌هاتوچۆ دایه. به‌ڵام پرسی خودی بلانشۆ ئه‌وه‌یه که ئه‌ده‌بیات وه‌ک ته‌وه‌ر و بابه‌تی خۆی سه‌یر بکات، واتا ئه‌ده‌بیات بابه‌تی خۆیه‌تی نه‌ک بابه‌تی فه‌لسه‌فه و زانستی تر. بلانشۆ به دوای پرسیار له واتا و ئیمکانه‌کانی ئه‌ده‌بیات دایه.
به باوه‌ڕی ئه‌و بیرمه‌نده ئه‌ده‌بیات شتێکی تۆکمهکراوی به‌رهه‌ست(ئۆبژه)ی خاوه‌ن ماک(گه‌وهه‌ر) نییه که بکرێت له ناو ده‌قه ئه‌ده‌بییه‌کاندا به دوای دا بگه‌ڕێین، به‌ڵکوو به باری زۆریه‌وه پرسی ئه‌ده‌بیات پرسی هه‌وێنی زمانه. خۆڕاگری ده‌ق له هه‌مبه‌ر خوێندنه‌وه و شیکاریدا له زمان و وتار سه‌رچاوه ده‌گرێت؛ ده‌ق له خۆیدا له به‌رهه‌مهێنه‌ر، خوێنه‌ر و کانتێکستی خۆی سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆیه؛ به ده‌سته‌واژه‌یه‌کی تر زاراوه‌ی ده‌ق وه‌ک شت له خۆیدا و پابه‌ند به‌خۆ (شئ فی نفسه)ی کانت وایه، ئه‌وه‌ش تایبه‌تمه‌ندی و ئیمکانی ئه‌ده‌بیاته. ” کرده‌ی وتار ته‌نیا نواندنه‌وه نییه، به‌ڵکوو رووخێنه‌ره و شته‌کان ده‌توێنێته‌وه، قوتاریان ده‌دات و گوتار شته‌کان ده‌فه‌وتێنێت”.
بلانشۆ به گشتی له سه‌ر شاراوه‌یی و نه‌بوونی(غیاب) واتا له ناو ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کاندا جه‌خت ده‌کات و پێی وایه که گه‌ڕان به دوای مانا و مه‌به‌ستی نووسه‌ر و خوێنه‌ر و ده‌ق و ته‌نانه‌ت به‌ستێنه‌کانی ده‌ق شتێکی هه‌ڵه و پڕ وپووچه. ده‌ق له گۆشه نیگای بلانشۆ سه‌ربه‌خۆیه و له هه‌مبه‌ر هه‌ر چه‌شنه شرۆڤه و خوێندنهوهیهکدا له خۆی به‌رگری ده‌کات. پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بدرێ که هه‌ر ده‌قێک دوو روخسار و لایه‌نی هه‌یه: روخساری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌ق که وه‌ک ئه‌سه‌ر و به‌رهه‌م و ژانێرێکی ئه‌ده‌بی خوێندنه‌وه‌ی جۆراوجۆر دێنێته کایه‌وه، و روخساری تایبه‌ت و سه‌ربه‌خۆی ده‌ق که خۆی له هه‌ر جۆره لێکدانه‌وه و راوێژێک ده‌پارێزێت و له سه‌ربه‌ستی خۆی به‌رگری ده‌کات؛ خۆڕاگری ده‌ق له به‌رامبه‌ر خوێندنه‌وه و ده‌رکێشان و دۆزینه‌وه‌ی واتایه‌کی تایبه‌ت و شاراوه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی زمان. لای بلانشۆ پرس له ئیمکان و بواره‌کانی ئه‌ده‌بیات به واتای پرسی زمانه، زمان وه‌ک تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌کی وێژه له چه‌شنی نه‌رێنیدا بوونێکی رووخێنه‌ر، حه‌شاردان و فه‌وتێنه‌ری هه‌یه. هه‌ر بۆیه‌ش به هۆی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه رۆچوون به ناخی مانای ده‌ق شتێکی بێ واتایه و واتا له ده‌قێکی سه‌ربه‌خۆدا گرینگیه‌کی ئه‌وتۆی نییه، چونکه هه‌ر ده‌قێکی به‌رهه‌مهاتوو خۆی له خۆیدا بواری ئه‌ده‌بیاته.
ئه‌ده‌بیات بوون یا خود نه‌بوون نییه به‌ڵکوو له خۆیدا ئیمکانیهاتن و هه‌بوونه(شدن)؛ به واته‌یه‌ک ئه‌ده‌بیات ئاراسته‌کردن و ته‌قاندنه‌وه‌ی زمانه له ناو ده‌قه ئه‌ده‌بیه‌کاندا. به‌ڵام ناشێ ئه‌ده‌بیات تا ئاستی کار و ده‌قی ئه‌ده‌بی نزم بکرێته‌وه و تا راده‌ی ئاسار و شێوازه‌کانی ئه‌ده‌بی دابه‌زێت. بلانشۆ وه‌ک پلارێک ده‌نووسێت: ماکی ئه‌ده‌بیات ئه‌وه‌یه که هیچ ماکێکی نییه!؛ له‌و باره‌وه روانگه‌ی خۆی له مه‌ڕ وێژه ئاوه‌ها دێنێته ئاراوه:
” … چییه‌تی(ماهیت)ی ئه‌ده‌بیات ئه‌وه‌یه که ده‌قاوده‌ق له هه‌ر چه‌شنه شرۆڤه‌یه‌کی چییه‌تی و هه‌ر جۆره مسۆگه‌ریه‌کی جێگرتوو که ده‌بێته هۆی سه‌قامگیر بوونی واقیعییه‌ت خۆی ده‌بوێرێت، ئه‌ده‌بیات هه‌رگیز شتێکی له سه‌ره‌تاوه دیاریکراو نییه به‌ڵکوو پێویسته هه‌میشه بدۆزرێته‌وه و بخولقێنرێتهوه…”.
به باوه‌ڕی ئه‌و بلیمه‌ته له ناخی ئه‌ده‌بیاتدا دۆز و ته‌ڤگه‌ری مه‌رگ، ئه‌خلاق، سیاسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و پرسه گرینگه‌کانی نوێخوازی و چاخی رۆشنگه‌ری و نه‌هامه‌ته‌کانی … ده‌خوێنرێته‌وه. به‌و پێیه بلانشۆ به‌رده‌وام له نێوان فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیاتدا خول ده‌خوات و به دوای به‌رهه‌مهێنانی “ئیمکانی نه‌بوونی ئیمکان”، واته مه‌رگی ئه‌ده‌بی له بازنه‌ی حه‌قیقه‌تی نه‌بوون(غیاب)دایه. به‌گشتی بلانشۆ له رامان و تێگه‌یشتنی فه‌لسه‌فی له‌مه‌ڕ پرسه ئه‌ده‌بییه‌کان لانادات و له‌و ره‌هه‌نده‌وه دیارده‌ی “وێژه” پرسێکی فه‌لسه‌فییه نه‌ک پرسێک بۆ فه‌لسه‌فه! خوێندنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فی له سه‌ر ئه‌مری ئه‌ده‌بی بوار و ئیمکانێکی پته‌وی ئه‌ده‌بیاته.
