جمعه , ۴ خرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / به‌ر له‌وه‌ی/ ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

به‌ر له‌وه‌ی/ ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

photo_2016-06-23_18-01-50

 

بەر لەوەی ئەم ژوورە نەگبەتییە ئەم ژوورە نەگبەتییە جێ بهێڵم
من شەقاوی سەر شەقامێک بووم، لە داڵانی بلاوێنی شەودا تەنیا.
شکڵێک بووم غەریب، چەشنی عەترێک وا لە گوڵ مێخەکی ئەسپێکەوە بە پەنام دا پژیا و لە سنوورەکانی ئەو دیوەوە ئاودیو بوو.
دەمویست خاڵێک بم کوتراو بە سینگی لەشتەوە جووڵە، 
یان دەستی گەڕۆکەیەک بم لێزان 
وێنا بکەم بە سینگت دا یاڵێک بە یاڵێک دا وێران/ هەسپێک بە هەسپێک دا عاشق.
کەچی بەر لەوەی ئەم ژوورە نەگبەتییە ئەم ژوورە نەگبەتییە جێ بهێڵم
چەشنی عەتریک وا لە مێخەکبەندی ئەسپێکەوە پژیا 
شەقاوێک بووم لە وێستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەک وەیلان
بەرامبەر ویترینێک زیت، ئەلهای ژنێک تەڕپۆش
لە نووتەکترین شەودا کە نەخشابوو بە پێستی دا کەوڵێک لە کەرەگەدەن،
بێقەرارتم.
ده‌مویست 
سەربازێک بم و لە بێتاقەتی بورجەکێک دا بە دەم چڕینی سترانێک لە مێزۆپۆتامیا لە سیلەی چەک-مەوە بئەنگێوم 
ڕیز بە ڕیزی ئەم حدوودە بێ سنوورە بۆ دیتنەوەی هەسپەکانی لەشت.
کەچی بەر لەوەی ئەم ژوورە نەگبەتییە ئەم ژوورە نەگبەتییە جێ بهێڵم 
بەرگەیەک بووم مەرەخەس لە مەرخەسترین شوێنی ئەم جیهانەدا
بە جووتێک پۆستاڵەوە بەرامبەر شاشەی تەلەڤزیۆنێک،
تا پەخشان بکاتەوە ژنێک پرچی، لە شەرمینترینی ساتەکان دا
لە رێکلامی‌شامپۆیەک 
دەبوو دووکەڵی جغارەیەک بم لە کاژەڵاکم دا ئەشقیا
یان نەبێ حەرفێک بم کوتراو 
لە قەراغی شوستەیەکەوە‌هاوار بکەم لە پەڕانتێزێک دا:
(دەبێ کێردێک بم لە سینگت دا نغرۆ/ برینێک بم بە جوانیت دا قەیران/ زەروویەک بم بە خوێنتەوە مژراو)
یان لە دوای پەڕانتێزێکەوە
سەمایەک بم لە بەلەکتەوە تا پرچت شنین، 
پێستێک بە، بە خاڵێکەوە کوتراو 
چەشنی هەسپێکی تاراو و یاڵێکی شەیدا
کەچی بەر لەوەی ئەم ژوورە نەگبەتییە ئەم ژوورە نەگبەتییە جێ بهێڵم
شەقاوێک بووم پژیاو بە دیوارەوە لە خوێنم دا فججە
لە شەقامێک دا کە دەکرا دڵۆپ دڵۆپ بمرێ لە دەستم دا تاوێک
کەچی شکڵێك بووم نامۆ، چەشنێک لەوانەی پێمان وایە ئینسان یان رەنگە رێگایەک بێت وێستاو بە شەقامێکەوە گلاراو لە دووی عەترێکەوە لە مێخەکبەندی هەسپێکەوە پژیا

بەر لەوەی ئەو ژوورە نە گبەتییە ئەو ژوورە نە گبەتییە جێ بهێلم.

 

 

ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب / ۱۳۹۲

شێعری “به‌ر له‌وه‌ی” ساڵی ۱۳۹۳ له‌ فستیڤاڵی مه‌وله‌وی کورددا(سنه‌) وه‌ک شێعری سه‌رکه‌وتوو هه‌ڵبژێردرا و ڕێزی لێگرا

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

2 × یک =

قالب وردپرس پوسته وردپرس