جمعه , ۴ خرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / بەختێكی باش بۆ من / شاناز جەوانشیر

بەختێكی باش بۆ من / شاناز جەوانشیر

photo_2016-06-28_15-44-43

“جارێكی تر تیشكی ڕۆژ نابینمەوە.” ئەو دەمەی فیشەكەكە سنگمی‌پێكا ئەمەم بە خۆم كوت و دڵنیا بووم كە ئەم فیشەكە كاری خۆی دەكات.‌هاوڕێ سەربازەكەی تەنیشتم تەواوی گیانی خوێناویە و لە من خراپتر پێكراوە. سەیرێكی دەكەم، ئەوسا هەناسەیەكی قووڵ هەڵدەكێشم و بە خۆم دەڵێم: “ئۆف ئەو بەختی ئەوەی نییە كە بۆ جارێكی تر تیشكی ڕۆژ ببینێ .”

كوڕەكە دەمەو پشت كەوتووە و هیچ لەو سەربازە زیندووەی كە چەن چركە لەوە پێش پێكەوە دەدواین و باسی ژیان و ڕۆژ و وەرز و كاتە خۆشەكانمان دەكرد ناكات. كوڕەكە بە دڵە كوتەوە دوواهەمین ژوانی خۆی دەگێڕاوە ، دەیكوت: ”ئەمە بەڵێنە دەبێ هەر بگەڕێمەوە بۆیە لە پێناوی هەتا دوواهەمین فیشەكم هەرشەڕ دەكەم و سینگی دوژمن كون كون دەكەم .”

كوڕێكی زۆر ڕووح سووك و قسە خۆش دیار بوو، لەوانەی كە من قەت لە قسەكانیان ماندوو نابم. هەر بۆیە هەتا ئەوكاتەی كە هیچ دەنگ و باسێ نەبوو پێكەوە دواین. من دوام ئەو دوا و پێكەنین . من كوتم:  ”خۆشە بۆ هەمیشە تیشكی ڕۆژ ببینم دەزانی ئەوە زۆر خۆشە كە مرۆڤ دەتوانێ بە درێژایی ڕۆژ تیشكی ڕۆژ ببینێ بەڵام كە بمرین نابێت ، ئەو شتە ئەستەم دەبێت .”

كوڕەكە چاوێكی لە تیشكەكەی ژوور سەرمان كرد و كوتی: ” وایە نایبینین، نایبینین . “

كوڕەكە وشەی نابینینی بە بزەوە دەربڕی كە منیشی خستە پێكەنین. لەم قسانەدا بووین كە تەقە تەق دەستی پێ كرد و هەر دووكمان پەنجەمان نایە سەر پلە پیتكەی تفەنگەكانمان و لە نێو سەنگەرەكەمان دا ڕووەو دوورەكان كە دوژمنی لێ بوو تەقەمان كرد. هێشتا ڕۆژ ساڵێكی ماوە، ڕۆژگاری‌هاوێنە قەت تەواو نابێ، پاڵ بە سەنگەرەكەوە دەدەم و تێ دەكۆشم لە جێی ئەو چێژ لە تیشكەكە بەرم و بە دەستم خوێنەكەی سەر سنگم دەسڕم. بەم كارەم پێكەنینم دێ، كارێكی زۆر گەمژانەیە. سنگم كون بووە و من بە تەمام وەك هیچ نەبووبێ یان هەر دارووشانێكی ڕووكەش بێ بە پەنجە پان و پۆڕە بێ هێزەكانم خوێنەكەم بسڕم. بەڵام لە جێگایەك ماف بە خۆم دەدەم ئاخر من دایمە بە بۆنی تووندی خوێن و رەنگە سوورە گەژەكەی حاڵم تێك دەچێ و وەك شتێك سەرم گێژ دەخوات. بە مناڵیش هەروا بووم هەر كە جێگایەكم دەبڕی ئیتر تەواوی دونیام تێ دەگەیاند و ئەوكات دایكم ناچار دەبوو هەزار دەسرە و چەسپم بۆ تێ ئاڵێنێ هەتا ئیتر لە بیری كەم. بەڵام دەی ئێستا هیچ بە دەس من نییە من ئێستا لە جەرگەی شەردام و پێكراوم. چەشنی ئەو پاساریانەی كە بە مناڵی بە چەك چەكی دەمپێكان پێكراوم و باڵە كوتەمە . ئۆف گەر بمهەوێ بە شێوە ڕاستەقینە و دووستەكەی كە خەڵكی باسی دەكەن لێكی بدەمەوە من ئێستا شەهیدی زیندوو بە ئەژمار دێم و‌هاوڕێكەی تەنیشتم كوژراوە و ناتوانێ بۆ جارێكی تر تیشكی ڕۆژ ببینێ كەواتە ئەو شەهیدە. تێ دەكۆشم بێ ئەوەی جولە بە جەستەم دەم هەروا كە لە نێو سەنگەرەكەدا درێژ بووم و پاڵم بە تەلیسە خۆڵەكانەوە داوە بمێنم و چاوەڕێی‌هاتنی هێزەكانی خۆمان بكەم هەتا بە زووترین كات بۆ نەخۆشخانەم بەرن. هیوادار نە هەتا ئەو كاتەی كە ئەوان دێن و من لێرە دەبن بۆ خۆم دادەنیشم و لە تەنیایی دا بیر لە سبەی و ئەو كارانەی كە دوای دەرچوونم لە نەخۆشخانەی نیزامی‌دەبێ بیانكەم، دەكەمەوە. بۆ وێنە بیر لە باخە سێوەكەمان دەكەمەوە كە بە پێی نامەكەی باوكم ئەمساڵ لە هەموو ساڵێ بەرێكی باشی گرتووە و دەبێ تێ كۆشین بەر لە گەیشتنیان پەیوەندی بە چەن شوێنەوە بگرین هەتا بە دەستمانەوە نەمێنن. دەی من سەربازێكی پێكراوم دڵنیام كە بەم حاڵەمەوە بێ یەك و دوو مەعاف دەبم، ئووووو چەن خۆشە من دەبمە لە بەر دڵانی تەواوی خەڵكی ناوچەكە هەر هیچ نەبێ لە پێناو تەبایی ئەواندا وام لێهاتووە دڵنیام دەس لە سەر هەر كچێ دانێم كەس نام پێ ناڵی، ئەسڵەن پێوست بە داواكاری من ناكات خۆیان بە ڕیز دێن و داوام دەكەن. ئۆف دونیا بە كەیفی من دەبێ. ژیان قورسە بەڵام هەر قورساییەك ڕۆژێ بە شێوەیەكی باوەڕنەكراو تەواو دەبێ. لە ناخی دڵمەوە بۆ خۆم خۆشحاڵم، من چەندە بەختەوەرم كە بە تەنیا بریندار بووم و تیرەكەش زۆر كاری نەبووە ئەوە بۆ خۆی شانسێكە كە بە بەر هەموو كەس ناكەوێ بۆ وێنە ئەم‌هاوڕێیەی تەنیشتم كە‌هاوتەمەنی خۆمە و شەڵاڵی خوێنەكەی خۆی بووە شانسی زیندوومانی نەبوو بۆیە بەم فیشەكەی كە بەر جەستەی كەوتووە كوژرا. ئۆف ئەو ناتوانێ هیچ كام لەو كچانەی كە من سبەی دەتوانم بچم و بە كەیف خۆشیەوە هەڵیان بژێرم هەڵبژێرێ . هەروەها ئەو ئاسانكاریانەی كە حكومەت وەك شەهیدێكی زیندوو لە داهاتوودا پێمی‌دەبەخشێ. ماشێنی مۆدێل بالا، خانوو بەرە، خزمەتكار، مووچەی مانگانە، ئۆڤ خوایە ژیان بە خۆشی من دەبێ  .

ڕۆژ بەرەو ئاوا بوون دەچێ كە لە ناكاو هێزەكانی خۆمان دەگەنێ، ئەوان لە ئاڵاكەیان و دەنگە دەنگەكەیان كە پێكەوە دەدوێن دەناسمەوە. لە خۆشی دا دەستە خوێناوەیەكەم هەڵدێنم و سەركەوتووانە دەڵیم: ” ئای یارمەتی تكایە وەرن ، تكایە ! “

دوو سەربازی خۆڵاوی لاو بە ڕاكە ڕاكە دێنە پێشێ، هەرچەن هەردووكیان شەبكەیان لە سەركردووە بەڵام ڕووخسارەكانیان چەشنی تەواوی سەربازەكانی تر تاوسووتاوی تاوسووتاوە. هەر دووكیان تفەنگەكانیان بە دەستەوە گرتووە و هەر دووكشیان ڕیش و سمێڵیان وەك ڕێش و سمێڵەكەی من‌هاتووەتەوە كە بە هۆیەوە پیر دەنوێنن .

یەكێ لە سەربازەكان ئاوڕ بۆ دواوەیان دەدات و بە دەنگێكی بەرز و تیژ دەگوڕێنێ ، دەڵێ: ” گەورەم لێرە بریندار هەیە . “

هەر دووكیان بە پەلە و خێرا بازدەدەنە نێو سەنگەرەكەوە ، دەڵێن: ” شێرەكان چۆنن ؟ ”

من لە تینوێتی و ئازاردا لێوە وشەكەكانم بە یەكەوە دەنووسێنم، دەڵێم: ” ئاە شەڕێكی قورس لێرە دا بوو ، ئێمە . “

توانایی قسە كردن لە مندا كەم دەبێتەوە و خۆم شل دەكەم هەتا كاتێ هەڵم دەگرن سووك دەركەوم. دوو سەربازەكە چاوێ لە من دەكەن و بێ ئەوەی بایەخێكی ئەوتۆم بدەنێ بە پەرۆشەوە دەپەڕێنە سەر‌هاوڕێ كوژراوەكەم و دەڵێن:” نا ! نا ! ئێمە لێرەین هیچ نییە . “

بە دەم ئازارەوە ، دەڵێم :”‌هاوڕێیان ئەی من . “

یەكێ لە سەربازەكان ئاوڕێكم بۆ دەداتەوە و بە سەرڕاوەشاندنەوە دڵێ: ” پیس پێكراوە . “

بۆ لام دێت و وەك ئەوەی سەیری شتێكی زۆر سەیر كات پنجەی دەخاتە سەر سنگم ، فیشەكەكە تۆزێكی تر دەچێتە خواێ، هەناسەم تووند دەبێ، حەز دەكەم بڕشێمەوە و بە كەیفی خۆم یوق كەم وخۆم لەم بۆگەنە ناخۆش و سوێرە ڕزگار كەم. سەربازەكە وەك لە بەر خۆیەوە بدوێ بە سرتەوە دڵێ: ” ڕاست دڵی پێكاوە ، ڕاست . “

سەربازەكەی تر لە كاتێك دا خەریكە پشكنین بۆ‌هاوڕێ كوژراوەكەم دەكات،  دەڵێ: ” كەواتە خێرا چەك و مەكەكەی لێكەوە و دوایەش بزانە ناسنامە و شتی پێیە ؟ “

ناسنامەم پێ نییە لە جێی ناسنامە پارچە كاغزێكی لۆچم پێیە كە ناو و شتمی‌لێ نووسراوە و لە باخەڵی كراسەكەم لە لای چەپە. سەربازەكە بێ ئەوەی بیر لە ئازارەكەم بكاتەوە تووند دەستی دەكات بە گیرفانەكەی سەر سنگم دا، پەڕاویلەكەیەكی بەرگ سەوز و پێنووسێكی شین كە جاروبارە لە سەنگەر دڵم دەگیرێ شتێكی لە سەر دەنووسم دەردێنێ و پارچە كاغزە لۆچەكەش هەر لەو نێوەیەدایە دەیدۆزێتەوە. بە چاوە تیژەكانی سەیری دەكات و بە دەنگی بەرز دەیخوێنێتەوە :

” ناو: چیا

 پاشناو: دەربەند .

 ناوی باوك: سەرمەست

 ناوی دایك: هەنار . “

بەڵام ئەوانەی تر كە لە كوێ لە دایك بووم و ناوی گوندەكەمان بە سرەتە و لە دڵی خۆیدا و بۆ خۆی دەخوێنێتەوە دوای بڕێ، دەڵێ: ” ئەمشەو بنەماڵەكەی ئاگادار دەكرێنەوە . “

بەڕاستی گاڵتەیەكی قۆڕە ئەو كە هەناسەی دەرنایات ئیتر خەریكە تێكەڵی دەكەم من زیندوو زیندوو كرام بە شەهید و ئەویش بە شەهیدی زیندوو. ئەو سەربازەی كە پشكنین بۆ‌هاوڕێ كوژراوەكەم دەكات، دەڵێ: “خەمت نەبێ كاكە ئێمە یارمەتیت دەدەین بەڵام بۆ‌هاوڕێكەت بە داخەوین، فیشەكەكە دڵی بۆ نەهێشتووە!”

لە ناكاو‌هاوڕێ كوژراوەكەم بە حاڵێ ڕووخسارە خۆڵاویەكەی بۆ لام وەردەگێڕێ و بە هەمان بزەی پێشووی كە باسی لە نەبینینی تیشكی ڕۆژ دەكرد سەیرم دەكات.  ڕاست لە سەر دڵم دەڕوانێ و بە دەنگێكی لەرزۆكی ئازاراویەوە كە دەڵێی بە دەم خەونەوە دەدوێ،  دەڵێ : ” ئۆڤ تۆ چیتر ناتوانێ تیشكی ڕۆژ ببینێ. من زیندووم ! من زیندووم ! “

كاتێ سەیری خۆم دەكەم ئەوان ڕاست دەكەن من كوژراوم بەڵام ئەوندە برینەكەم گەرم و گوڕە كە ئاگام لە هیچ نییە و خەریكم بێ ئەوەی بە خۆم بزانم وەك شێتەكان لە بەر خۆمەوە وڕینە دەكەم.  سەیری خۆم دەكەم فیشەكەكە لە سەر كراسە خۆڵەمێشیەكەمەوە ڕاست لە دڵم كەوتووە وجەرگ و دڵمی‌كردووە بە خوێن. چاوێ لە تیشكی ڕۆژ كە بەرەو ئاوا بون دەچێ دەكەم و بە خۆم دەڵێم:” ئای خوایە یانی من جاریكی تر ئەم تیشكە درەشاوەیە نابینم ، یانی .”

هەر بۆیە هەتا ئەو كاتەی كە ماشێنەكە دێت و تەرمەكەم هەڵدەگرێتەوە لە سەر تەلیسەكانی سەر سەنگەرەكە دادەنیشم و بە كەیفی خۆم سەیری خۆرئاوا بوون دەكەم .

شاناز جه‌وانشیر

خاكە لێوەی ۱۳۹۵ / ۱ / ۱۵

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

20 − پانزده =

قالب وردپرس پوسته وردپرس