جمعه , ۴ خرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوادا/د.محەمەد سەنعەتی‌/و:عادڵ قادری/(به‌شی ۲)

بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوادا/د.محەمەد سەنعەتی‌/و:عادڵ قادری/(به‌شی ۲)

232

فەلسەفە و مەرگ

سەرەڕای ئەدەبیات، لەفەلسەفەی سەدەی نۆزدەهەمیش دا دوای شەڕەکانی ناپلیۆن، لانیکەم لە نووسراوەکانی هیگل و شوپێنهاور دا، مەرگ زۆرتر لە نووسراوەکانی دیکە دەرکەوتنەوەی هەیە. ئەگەرچی رۆمانتیکەکان لەمەڕ بەشکۆ ڕاگرتنی مەرگ ناسراون. هیگل لە دیاردەناسی رۆح دا، لەو بەشەی کە تایبەت دراوە بە دیالیکتیکی پێوەندی نێوان خودا و بەندە، دەپەرژێتە سەر ترسی مەرگ و دڵەڕاوکێی مەرگ و گیانبازی لە پێناوی ئەویدی دا.

بەندە، رکەبەری دۆڕاو و تێکشکاو کە لە گیانبازی دا، تاکۆتایی رێگا نەڕۆییشتووە و ئایینی خودا واتە یان سەرکەوتن یان نەمان(مەرگ) ی قەبووڵ نەکردووە-. . . ئەو عەبدایەتی(بەندایەتی) لەباتی مەرگ هەڵبژاردووە و بەم هۆیەشەوە بە ژین و ژیانی، عەبدایەتی کردووە بە پیشە.(٢-ئەلف)

وشیاری بەندە نە لەسەر ئەم شت یان ئەو شت و نە لە فڵان کات و فیسار ساتدا، بەڵکوو لەو رووەوەیە کە لە تەواوی وجوودی خۆی دا ترساو و تۆقاو بووە. ئەو هەراس و سامی‌مەرگی کە خودای هەموو خوداکانە قبووڵ کردووە.(۲-ب)۱۹.

بۆیە بەم شێوەیە و لەم مشت و مڕەی وشیاری/ دەسەڵات لە نێوان خودا و بەندە دایە کە هەر کامەیان دەتوانن بەم ریسک کردن و مەترسی قبووڵکردنە، خۆی پارێزراو و گەرەنتی بکات، و لە ئاکامدا ئەمەش هەراس و سامی‌مەرگە کە دوابڕیاردەر و دوابکەری کایەکەیە.

ترسان و تەنانەت زانینی ئەوەی کە مرۆڤ لە مەرگ دەترسێت بەس نییە. دەبێت ژیان پێڕەو و بەستراوەی مەرگ بێت. بەڵام ئەم شێوە ژیانکردنە، خزمەتکردنە لەپێشدەمی‌کەسێکدا کە مرۆڤ لێی دەترسێت و دڵەڕاوکێ لەهەناوی مرۆڤ دا دەچێنێت . . . بێ ئەم خزمەتکردنە دڵەڕاوکێ ناتوانێت وجوود بگۆڕێت . . . ئەمە بە خزمەتکردنی ئەویدی . . . و‌هاوپێوەندی لەگەڵ دیترانە، کە مرۆڤ لە چڕنووکی هەراس و سامی‌بەندەخولقێن کەوا ئەندێشەی مەرگ بە سەر گیانی دا زاڵ دەکات و دەیسەپێنێت، قوتار و رزگار دەکات۲۰.

و لە ئاکامدا دەڵێت:

ئینسانێک کە تامی‌هەراس و دڵەخورپێ و سامناکیی مەرگی نەکردبێت، نازانێت کە جیهانی سرووشتی ، دوژمنیەتی و عەوداڵی کوشتن و لەمەی کە بەشیوەی زاتی خۆشنوود و کامەرانی کات دەستکورت و نەتوانایە . . . ئەم، ئەوپەڕەکەی بیەوێت چاکسازی و ریفۆرم بکات واتە وردەکارییەکانی بگۆڕێت . . . بێئەوەی تایبەتمەندییە جەوهەری و ناخییەکانی جیهان بگۆڕێت. ئەم مرۆڤە لە پێگەی ریفۆرم خواز، بزان و بزۆزە و تەنانەت رەنگی تاقم و توێژیش دەگرێتە خۆی بەڵام قەت قەت نابێتە هۆی شوڕشێکی راستەقینە۲۱.

ئەلێکساندێر کۆژۆ، راڤەکاری بەرهەمەکانی هیگل لە پێشەکییەکدا کە لە سەر فەلسەفەکەی نووسیویەتی، جێگە و پێگەی مەرگ لە قەوارە و چوارچێوەی ئەندێشەی هیگلدا دەباتە تەشق و ترۆپکێک کە تێیدا دەڵێت: (فەلسەفەی دیالیکتیک یان ئینسانناسی هیگل لە دوالێکدانەوەدا، بە فەلسەفەی مەرگ ناوزەد دەکرێت)۲۲.

هیگل، مەرگ نە تەنیا لەبنەماو ناخی دیالیکتیکی دەسەڵات، واتە پێوەندی نێوان خودا و عەبد(بەندە)، دیاری دەکات، بەڵکوو لە دیالیکتیکی عەشقیش دا دەڵێ: ( مەرگ خودی عەشقە، لەمەرگدایە کە عەشقی رەها و پوختە ئاشکرا دەبێت)۲۳. ئەم تێگەیشتنە لە مەرگ، نێزییکە بەو مانایەی مەرگ کە رۆمانتیکەکانی سەردەمی‌هیگل باوەڕیان پێی بوو. بۆ هەندێک لەوان مەرگ رژانە ناو دەریای بەرین; واتە بەرەو رووی کل یان گشت چوونە، و بۆ هەندێکی دی سەرەتای دەستپێکردنی ژیانی ناکۆتا و جاویدی مەسیحییەت بوو، بەو شێوەیەی کە سۆفی و شەهیدە مەسیحییەکان باوەڕیان پێی بوو.

لە نێو رۆمانتیکەکان دا، نۆڤالیس(۱۸۰۱-۱۷۲۲) کە بیرمەندترین و قووڵترینیان بوو، دەیگووت: ( ژیان دەسپێکی مەرگە؛ ژیان بە بۆنەی مەرگە؛ مەرگ، لەیەک کاتدا هەم دەستپێکە و هەم کۆتاییش۲۴). بۆ زۆرێک لە رۆمانتیکەکان، مەرگ زۆر سەرەنج راکێش و خۆشەویست بوو، بۆ نموونە شێلی دەیگووت: (چەندە سەرسووڕهێنەر ، شکۆدار و خۆشەویستە مەرگ)، و بۆ کلایست و هۆڵدرلین مەرگ چ روخسارێکی جوانی هەبوو کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا. کلایست لە سەر گڵکۆی خوشەویستەکەی خۆی کوشت. رەنگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە مەرگ خودی عەشقە. عەشق و خۆشەویستی بۆ مەرگ، هێمای بەرچاوی ئەو رۆمانتیکانەی وەکوو شێلینگ بوو کە شکۆمەندکردن و بەرزراگرتنی مەرگیان کردبووە پیشە. لە واقیع دا لەگەڵ بەرهەمی‌رۆمانتیکەکان بوو کە مەرگ و نواندنەوەکانی بەسەر ئەدەبیات دا زاڵ بوو، و ژیان لەگەڵ دەرد و رەنج و ناکامییەکانی بەرەو تەشق دەچوو و بەرز رادەگیرا، دەتگووت جۆرێک لە جوانی ناسی دەرد و مەرگ بوو.

ئەم هەموو ستایش و شکۆڕاگرتنەی مەرگ بەهۆ و لەگەڵ فەلسەفەی هیگل، رومانتیسیسم و ئەدەبیاتی گۆتیک دا سەرەولێژبووە ناو چاخی نۆزدەهەم. مەرگ و تەرمی‌مردوو و خوێن، لە هونەر و ئەدەبیات دا جێگەی بەرز و بەسامی‌خۆی هەبوو، و دیتنی تاوانی سەرسووڕهێنەر، توندوتیژی تۆقێنەر، و هەراس و سام لەمەرگ، کوشتن و کوژران بۆ نووسەر و خوێنەری رۆمانگەلی جینایی، چیرۆکی خوێنڕێژە زنجیرییەکان و خوێنمژەکان، بەچێژ و تام بوو. تا ئەو شوێنەی کە دەتوانیین بڵێین ئەدەبیات و نووسراوەی چاخی نۆزدەهەم، وەگێڕ و دیلمانجی مەرگی جوان و توندوتیژی بەشکۆ بوو. جوانی ناسی شەڕ، نەتەنیا بۆ رۆمانتیکەکان، بەڵکوو بۆ ناتۆرالیستەکانیش زۆرتر لە رابردوو بە هونەری جیددی و کاریگەری ئەو سەردەمەوە مانا و بوونی بەخشی. ئەم دیاردەیە کە بە مەودایێکی کەم تا زۆر، دوای دەستپێکی رۆشنگەری لە کولتووری رۆژئاوا دا دەرکەوت، (ئەوەش دوای چاخێک کە ستایشی ژیان و دەستکەوتنی چاکە و رووهەڵگەڕان لەئاستی مەرگ، تەوەر و خولێنکەی  باو و زاڵی بوو)، دەبێت زۆر پرسیارئەنگێز بێت، کەبۆچی ئاوەها تێڕوانینەکانی گۆڕا و بیچم گرتن و سەرهەڵدانی گوتارێکی نوێ دەستی پێکرد؟ ئەگەر جەنگە بەربڵاوەکانی ناپلیۆن، لە پاریس بۆ مۆسکۆ، کە ساڵەها درێژەی هەبوو، نەبووایە و ئەو هەموو توندوتیژی، و کوشت و کوشتار و وێرانییە ئەزموون نەکرابایە، کام هۆ و هۆکار دەیتوانی ئەم گۆڕانی تێڕوانینەی مۆدێڕنیتە لە ژیان و هیواوە بۆ مەرگ و توندوتیژی روون کاتەوە و پاساوی بۆ بهێنێتەوە؟ هەڵبەت لە چاخی حەڤدەهەمیش دا بیرمەندێکی وەکوو توماس‌هابز، هەراس و تۆقان لەمەرگ و فەنابوونی لەدووتوێی کتێبی لویاتاندا هێنابووە ناو ئەندێشەی سیاسی ئەو سەردەمەوە. بەڵام بەدرێژایی سێ سەدە، رۆژئاوا چاوی بڕیبووە ژیان و داهاتوو، و بە هیچ کڵۆجێک مەرگ لە فەلسەفە و ئەدەبیات ئاوەها جێگە و پێگەیێکی بۆخۆی نەدۆزیبووەوە کە دوای شەڕەکانی ناپلیۆن، دەبینرا. هەڵبەت بێجگە لە شەڕ، قەیرانگەلی وێرانکەر و مەترسیداریتر؛وەکوو برسێتی و قات و قڕی، بوومەلەرزە، هەرەس و نەخۆشیگەلێکی پەرەسێنەر وەکوو تاعوون(یان دواتر ئایدز) دەتوانن سەرەنجی کۆمەڵگا کارەسات بارەکان بۆ لای مەرگ رابکێشن، و تەنانەت بواری ئەوە بڕەخسێنن کە تێڕوانینگەلێکی سۆفیانە دژی ژیانی دونیایی یان تاقم و گرووپی ئایینی مەرگ ئەندێش، برە و پەرە بستێنن. بەڵام لەسەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە هیچ کام لەم دیاردانە بە شێوەیێکی بەرچاو و جیددی بوونی نەبوو. بۆیە لانیکەم لەپێگەی یەکێک لە هۆکارەکانی دەرفەت ساز و بوارخولقێنەر، ئەم جەنگەش وەکوو هەر جەنگێکی دی، مرۆڤی رۆژئاوای لەگەڵ مەرگ دا بەرەوڕوو کردبووە. بەڵام بۆچی بەپێچەوانەی ئەو تێڕوانین و گۆشەنیگا نێگەتیڤە بۆ مەرگ و جەنگ، کە لەدوای شەڕی یەکەمی‌جیهانی بوونی هەبوو، لەنیوەی یەکەمی‌چاخی نۆزدە و دوای شەڕەکانی ناپلیۆن ئەوەی بەدی دەکرا، زۆرتر سەلمێنەر و نیشاندەری جۆش و خرۆش لە ئاست مەرگ، چێژ و چڵێسی بۆ مەرگ و توندوتیژی، و دواتر عەشق و خۆشەویستی بۆ مەرگ بوو؟! جۆرێکە لە مردووبازی  یان مردوودۆستی(Necrophilia) کەگریس جانتسێن(Jantzen.G)25 دەیداتە پاڵ تەواوی کولتووری رۆژئاواوە. بەڵام رەنگە زۆرتر لەسەردەمی‌دەسەڵاتی کلێسادا  و یان چاخی کولتووری هۆمەری دا بووبێت، کە لەچەشنی  توندوتیژی پیرۆز و پاڵەوانێتی، لەگەڵ ئیشتیا و حەزی ژیان و واڵایی دەردەکەوت. بەڵام لەسەدەی نۆزدەهەم جوش و خرۆش لەگەڵ مەرگدا گرێدراو بوو! ئەمە رەنگە بە تەنیا شووپێنهاوەر بووبێت کە وەکوو یەکەمین فەیلەسووفی مۆدێڕن، پرسی مەرگی بە شێوەیێکی سیستەماتیک و رێک و پێک لێکدایەوە.

شووپێنهاور رەنگە یەکەمین فەیلەسووفی مۆدێڕنیش بێت کە بە شێوەیێکی جیددی و سەرنج راکێش پردێکی لە نێوان بیریاری رۆژئاوایی و حیکمەتی رۆژهەڵاتیدا هەڵبەست. ئەگەرچی هەندێک دەڵێن هیندوییزم و بودیزمی‌خراپ فام کردووە و هەندێکی دی بە پێچەوانەی ئەم رایەوە دەدوێن. لەمە بترازێت ئەوەی وا گرینگ و پڕبایەخە ئەوەیە کە شووپێنهاور بە کاریگەرییەک کە لە سەر واگنێر، نیچە، فرۆید، یۆنگ و باقی بیرمەندانی رۆژئاوایی سەدەی نۆزدە و بیست دا هەیبوو، مۆدێڕنیتەی دوای خۆی وەها خستەژێر گۆڕان و ئاڵووگۆڕەوە کە بەڕای بێرتراند راسێل،(تێزی شووپێنهاوەر) بوو بە تایبەتمەندی و رۆحی‌هاوبەشی فەلسەفەی سەدەی نۆزدە و بیست . . .  و ئەوەی کە خواست(Will) سەرتر و لەبەرترە، لە لایەن زۆرێک لە فەیلەسووفانی مۆدێڕن و زۆرتر لە هەموویان، نیچە، بێرگسۆن، جیمز و دیوئی قبووڵکرا۲۶و هیوایێکی نوێی دایە جیهانی مۆدێڕنی رۆژئاوا. ماکس هۆرکهایمەریش نووسی: ( جیهان لە دژایەتی و رووبەرووبوونەوە لە گەڵ بێ هیوایی رەها و خەبات لەدژیدا، بە هەبوونی بیر و ڕاکانی شووپێنهاور، پێویستی بە ئەندێشەکانی تر نییە). شووپێنهاور ئەم هیوایەی لە حاڵێکدا دەپەستاوتە نێو کولتووری رۆژئاوایی کە ئەورووپای دوای شەڕەکانی ناپلیۆن بە مەرگ ئەندێشی رۆمانتیکەکان و هەراس لەمەرگ لە ئەدەبیاتی گۆتیک دا دەیبردە سەر و دەژیا. ئەگەرچی ناپلیۆن شکستی خواردبوو، بەڵام تارمایی ناپلیۆنی، ئەو پاڵەوانە بەئیرادە و نەبەزاوە، کە وەکوو ژولیۆسی سێزار و ئەسکەندەری گەورە لە وێنەی پاڵەوانێتی(Heroism) ئاخیلس وەرگیرابوو، لە ئاسمانی ئەورووپادا جەوەڵانی بوو و لە‌هات و چۆدابوو.

ناپلیۆن دوورخرابووەوە و مردبوو، بەڵام (خواستی ژیان) تێیدا لەوێنە و رووخساری(خواستی دەسەڵات)- ئەگەرچی رووخێنەر و مەرگبار، بەڵام بەگوڕ و ئەبەدیانە لە هەموو شوێنێک دا دەینواند. بۆیە کاتێک شووپێنهاور چەمکی (خواستی ژیانی) پێشکەش کرد، دەتگووت دیاردەیێکی (پێشبینرا  (de ja vu) بوو). شووپێنهاور فەیلەسووفێکی ناوچاوگرژ و بە بێ هیوا ناسراو خۆی لە کۆتایی دا(نکۆڵی خواستی ژیانی) لە خەڵکی رۆژهەڵاتدا ستایش دەکرد. هەر بە هۆی ئەم فەلسەفە بێ هیوا و مۆنە بوو کە بەردەوام هیگل لەو سەرکەوتووتر بوو و رەنگە نێزیکەی بیست ساڵ لە بڵاوبوونەوەی کتێبی جیهان وەکوو خواست و باوەڕتێپەڕی تا توانی لە ئەورووپا دا سەرنج بۆ لای خۆی راکێشێت. بەڵام رەنگیشە ئەمە سەرەنج و تێڕامانی ئینسانی ئەورووپایی لە سەر چەمکی(خواست) لەو سەردەمە تایبەتەدا بووبێت کە بیروڕای شووپێنهاوری- هەرچەند دێرتر بەڵام لە ئەنجامدا قبووڵ و پەسەند کرد.

ئەو تێگەییشتبوو کە(خواست) لە هەموو ئۆبژەیێک لەم دونیایەدا و لەهەر بوونێکی گیانلەبەر دا هەیە، و هەم ئەم جیهانە و هەم خودی ئینسان و لەشیشی دیارکەر و نوێنەری ئەم(خواست)ەن۲۷. شووپێنهاور فەلسەفەی خۆی بەم رستەیە دەستپێدەکات کە (جیهان ئایدیای منە) و ئەمە راستییەک بوو کە تەنها مرۆڤ دەیتوانی بیکێشێتە وشیاری دەرهەستی بیرلێکراوی خۆی۲۸ . بۆیە جیهان بوو بە ئایدیای ئینسان. شووپێنهاور نووسی:( تەواوی ئەم جیهانە تەنیا ئۆبژەیە لە پێوەندی لەگەڵ سووژەدا، فامی‌فامکەرە و لەیەک وتەدا نواندنەوە (representation) و ئایدیایە۲۹.

بۆیە ئەو ئایدیالیستێکی بەرزەفڕ و بانەڕۆ بوو کە کانتی موتوربەکردبووە سەر ئەفلاتوون تا ئیرادە و خواستی مرۆڤی مۆدێڕن پێناسە بکات. و بگاتە ئاوەها بیچم بەندییەک کە هەم بۆ ئالبێرت ئەنیشتاین بەکار بێت و لە کاتی تەنگانەکانی ژیان، ئەم وتەیەی شووپێنهاور کە( مرۆڤ هەرچی بیەوێت دەیگەیێنێتە ئەنجام)۳۰ بەردەوام سرووش و مزگێنی دەری بوون، و هەمیش لەوپەڕی کوشندەیی خۆی دا دەیتوانی ئیرادەی ناپلیۆنی بکاتە پاڵپشت و پاڵنەری(ئیرادەی نەبەز)ی هیتلەر؛ کە دەیگووت: هەموو دەم کتێبی شووپێنهاوری لەبەرەکانی جەنگا پێ بووە و بارەها خوێندوویەتییەوە، و لە چەمکی خواست بۆ بەرەوپێشڤەبردنی جەنگ و هەژموونی و دەسەڵاتی خۆی کەڵکی زۆری وەرگرتووە۳۱. و لەبەر هۆی هەر ئەم خواستە بوو کە نیچە، شووپێنهاوری وەکوو دوا ئاڵمانی بەبایەخ دەدا لە قەڵەم۳۲ و چەمکی خواستی دەسەڵاتی بە سەرەنجدان بە(خواستی ژیان) بۆ خولقان و بارهێنانی مرۆڤی تەواو، هێنایە کایەوە. هەر بە هەمان شێوە کە ویلیام جێیمز(خواستی باوەڕ۳۳) و میشیل فۆکۆ(خواستی زانست۳۴) یان لە ژێر کاریگەری شووپێنهاور هێنایە گۆڕێ. سوزان کاپلێر لەم کتێبە دواییەی خۆی واتە خواستی توند و تیژی رەنگە لە ژێر کاریگەری ئەودابێت کە دەنووسێت:

جەنگ، کتووپڕ و لەناکاو لە کۆمەڵگایێکی هێمن و ئاشتی خوازدا سەرهەڵنادات . . . شاڵاوە رەگەزپەرەستییەکان لە ئاسمانی غەیرە رەگەزپەرەست دا ناگەشێتەوە . . . توندوتیژی پاکترین شعوور لە بیروباوەڕی رۆژانەی ئێمەدا، بەتایبەتی خواستی توندوتیژی تاکەکەسی کەسایەتی ئێمەیە کە ئامادەگی چەمکیانە، پڕچەک بوونی ئایدۆلۆژی و شاڵاوی بیرکردنەوەیی لە ئێمە دا دەسازێنێت تادەگاتە دەرکەوتنی جەنگ، توندوتیژی فیزیکی و هێرشە رەگەزپەرەستانەکان، کە ئەگەری کوشتن و وێرانکاری دەخاتەوە۳۵.

ئێستا پرسیار ئەوەیە کە ئەمە جەنگە کە ئەندێشەی توندوتیژی و مەرگ لە ئێمەدا هەڵدەخڕێنێت و یان ئەندێشەی مەرگە کە دەگاتە سەرزەمینی جەنگ و کوشتار و وێرانکاری؟ رەنگە جەغزێکی نالەبار و سەقەت بێت کە تەنانەت پاکترین شعووری شارستانییەتی ئێمە لەچڕنووکیدا رزگاری  بەخۆیەوە نەبینێت. ئەو پرسەی کە رەنگە شووپێنهاور و دواتر فرۆیدی گەیاندبێتە ئەم باوەڕ و تێزە سوقراتی-ئەفلاتوونییەی کە(مەرگ دوائامانجی ژیانە). و ئەو شتەی پێوەندی بە ئینسانییەتی مرۆڤی بیرمەندەوە هەیە ئەمەیە کە( بە بێ بوونی مەرگ بەدەگمەن بتوانرێت بیردۆزی و فەلسەفە ئەندێشی بکرێت)، و ئەمەش کە(یەقینی سامناکی مەرگ،‌هاوڕێیەکی پێویستی بیرە). بۆیە شووپێنهاور بە داکۆکی کردن و پێداگرتن لەوەی کە(مەرگ سرووشی ئیلهامبەخشی(Muse) فەلسەفەیە) سووڕی کاتژمێری فەلسەفەیان، گەڕاندەوە بۆ سەردەمی‌سوقرات و ئەفلاتوون؛سووڕی ئەو کاتژمێرەی کە میشیل دۆمونتین، ئێسپیۆنوزا و دیکارت هێنابوویانە پێشەوە، و مرۆڤی مۆدێڕنیان لە مەرگ ئەندێشی بۆ ئەندێشەی ژیان پاڵ پێوە نابوو. هەڵبەت بەم جیاوازییە گشتییەوە کە شووپێنهاور رۆڵەی مۆدێڕنیتە بوو و پەروەردەکراوی چاخ و سەردەمی‌خۆی، واتە هزر و ئەزموون تەوەری(Empericism)، بۆیە نەیدەتوانی واقیع و راستییەکانی پێوەندی دار بەمەرگ و ژیان سەراپا حاشالێبکات، و باسی مەرگ بە شێوەیێکی رەها بخاتە پانتا و زەمینی دەرهەست و میتافیزیکەوە. بەتایبەتی وەکوو دۆمونتین، توماس‌هابز و دیکارت کە لە ژیانی تایبەتی خۆیاندا زۆر لەمەرگ دەترسان و تۆقابوون. بۆیە سام و هەراس لە مەرگ تان و پۆی فەلسەفەکەی تەنیوە، هەر بەو شێوەیە کە بنەمای فەلسەفەی هیگل بوو. دیسانەوە هەر بەم هۆیەش سام و هەراس لە مەرگ تایبەتمەندی سەردەمی‌رێنێسانس و مۆدێڕنە لە ئەندێشەی فەلسەفی رۆژئاوا دا بوونی رەها خۆی دەپارێزێت.

ژیانی زۆرینەیەکی زۆر خەباتێکی بەردەوامە بۆ ئەم وجوودە، بەم یەقینەی کە لەکۆتایی دا لەکیسیان دەچێت. بەڵام ئەوەی گوڕ و وزەیان دەداتێ بۆ ئۆقرە گرتنی ئەم خەباتە داڕزێنەر و پووکێنەرە، خەستی و تەوژمی‌عەشق بۆ ژیان نییە، بەڵکوو سام و هەراس لە مەرگێکی حاشاهەڵنەگرە کە لە پێشەوە وەستاوە و هەر سات دەیەوێت لێیانەوە بێتە پێشەوە و نێزیکییان لەگەڵدا بکات.۳۶

بەم پێیە، بەپێچەوانەی ئیسپیۆنۆزاوە، کە عەقڵ بە قووڵبوونەوە لەژیان دەزانێت، و ئەوەی هەڵخێزرا و بەرهەمهاتوو لە سام و هەراسی مەرگ بووبایێت، بە بێبایەخی لەقەڵەم دەدا، شووپێنهاور ئاوەژووی کردەوە و خەباتی زۆرینەی خەڵکی بۆ ئەم ژیانە نەک هەڵخێزراو لەعەشق بۆ ژیان، بەڵکوو لە ژێر کاریگەری سامی‌مەرگ دەزانی، مەرگێک کەبەمانای کۆتاییە.

ئەوەی وا لە مەرگ دا لێی دەترسین و سامناکە بۆمان، بە هیچ شێوەیەک دەرد نییە، چوونکوو دەرد ئاشکرا لەم بەرەوەی مەرگدایە و لەوەش زیاتر ئێمە زۆربەی کات لەدەردەوە پەنا دەبەینە بەر مەرگ و بەپێچەوانەشەوە هەندێ کات دەردێکی کوشندە بۆ هەڵهاتن لەچنگی مەرگ دەخەینە بەر خۆمان . . . و بەو هۆیەوە کە تاکی ئۆبژەکراو(Objectification)  تەرخان و تایبەتکراوی خودی خواستی ژیانە، کەواتە تەواوی سرووشتی لەگەڵ مەرگدا دەجەنگێت۳۷.

هەڵبەت بۆ شووپێنهاور ژیان بەردەوام(رەنجی لەبن نەهاتوو) بوو و کەسێک کە توانایی دیتنی ئەم راستییەی هەبایە و بەم حاڵەش هەر (ژیان بە بەدیهێنەر و بەدیاری هێنەر بزانێت) و خەون و ئارەزووی درێژەدانی ژیانی هەبایە مرۆڤێکە کە:

لێبڕاو و پایەبەرز لەسەر زەمینێکی تۆکمە، توند و قایم وەستاوە و شتێکی بۆ ترس نییە. پڕچەک و بەئامێر لە زانست . . . رووخساری مەرگ کە بە پڕتاو لێی دێتە پێشێ بە هێمنی چاولێدەکات و بە فریودانێکی درۆ و بۆش لێی دەڕوانێت۳۸ .

شووپێنهاور حاڵەت و دۆخی ئاوەها مرۆڤێک بە(داکۆکی رەهای خواستی ژیان) دەزانێت و (نکۆڵی خواستی ژیان۳۹) لە رووبەرووەکەی دادەنێت. لە بۆچوونی ئەوەوە لەدایک بوون و مەرگ هەر دوو بەندن بە دیاردەی(خواستەوە)، و مرۆڤ لە یەکەمین دەسکەوتی پەیوەست بە زانیاری و وشیاری بۆی دەردەکەوێت کە (دەخوازێ)، و وەکوو رێسایەک ئەم خواستنە لەگەڵ زانستی وی دا، گرێدراو و لێک هەڵپێکراو، بەردەوام دەبن۴۰. (بابەت و پرسی تەواوی کردەکانی خواست، بەردەوام بەدی ئانینی پێویستییەکانی تایبەت بە لەش، گیان پارێزی و لەدایک بوون و درێژەدانی رەگەز و توخمی‌ئەنواعە((چەشنە))۴۱). بۆیە سرووشتی مرۆڤ لە خۆگری خواستێکی هەڵوەدا و بزۆز و دینامیکە، و بەختەوەریشی بەسانایی لە رێبازی تێپەڕین لەئارەزووەوە بۆ کامڕەوایی(چێژ تێر کردن) و لە کامڕەواییەوە بۆ ئارەزوویێکی نوێ دەستەبەر دەبێت. چوونکوو غیابی کامڕەوایی رەنجەو؛ ئیشتیا و خواستێکی بەتاڵ و بۆش بۆ ئارەزوویێکی نوێیە. “بۆیە بنەمای تەواوی خواستەکان پێویستی، کەمایەسی و دواتر رەنجە. . .” دەرد و رەنجێکی بەردەوام کە بنەمای ژیانە و ناتوانین لێی قوتار بین. . .

(تەواوی کامڕەواییەکان یان ئەوەی زۆرتر بەختەوەری لەقەڵەم دەدرێت، بەردەوام و لە بنەماوە نێگەتیڤە و هەرگیزاوهەرگیز پۆزەتیڤ و ئەرێنی نییە:.)

بەم هۆیەوە بەختەوەری ناتوانێت دڵخۆشکەر و کامڕەوایی ناشێت سەقامگیر بێت، تەنیا ئێمە لە دەردێک یان خواستێک رزگار دەکات کە دەبێت بە دوایدا تازە دەردێک یان باری سستییەک، ئارەزوویێکی بۆش و خەمێک، دابێت۴۲.

بۆیە شووپێنهاور وابیر دەکاتەوە کە هیچ کەسێک لە کۆتایی ژیانی خۆیدا ئەگەر وشیارانە حوکم بکات و لەگەڵ خۆیدا راستگۆ بێت، ئارەزوویێکی بۆ ژیانەوەی ژیانی خۆی نییە. ئەو بە سانایی (نەبوون) هەڵدەبژێرێت! لەم رووەوە تاقانە وتەی‌هاملێت وا دەخوێنێتەوە، کە ژیان هێندە دەردهێنەرە کە نەبوون سەرتر و باشترە. بۆیە دەنووسێت(کورتی تەمەن کە ئەم هەمووە فرمێسکەی بۆ دەرێژرێت، دەشێت باشترین تایبەتمەندی ژیان بێت). ئەمە هەمان وشیاری و پێَزانینە کە هزری رۆژهەڵاتی لە ئایینی بودا و هیندو و تائۆ پێیگەییشتبوو و شووپێنهاور بەتەواوی شێواو و سەوداسەری بوو. بە نکۆڵی خواستە کە دەتوانین دەرگا لە رووی ئیشتیا و ئارەزوو داخەین و کۆتایی بە رەنج و دەرد بهێنین!

کۆتایی به‌شی دووهه‌م

پەراوێز و سەرچاوەکان:

۱۹-هگل. خدایگان و بنده. ترجمۀ حمید غایت، خوارزمی،چاپ سوم-۱/الف،ێ ۲-۵۱،ب/۱،ێ ۶۱

۲۰-هگل. خدایگان و بنده. ترجمۀ حمید غایت، خوارزمی،چاپ سوم-۱/الف،ێ ۲-۵۱،ب/۱،ێ ۷۳

۲۱-هگل. خدایگان و بنده. ترجمۀ حمید غایت، خوارزمی،چاپ سوم-۱/الف،ێ ۲-۵۱،ب/۱،ێ ۷۵

۲۲-Kojeve.Alexander; in introduction to the reading of hegel quoted in choron

،s death and western thought،pp.153.

۲۳-Kojeve.Alexander; in introduction to the reading of hegel quoted in choron

،s death and western thought،pp.153.

۲۴-Kojeve.Alexander; in introduction to the reading of hegel quoted in choron

،s death and western thought،pp.153.

۲۵- jantzen Grace

،M(2004)،foundation of violens،Routledge،londan.pp.IX.

۲۶-Russell

،Bertrand(1945) in the history of western philosophy.

۲۷-Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.32

۲۸- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.3-4

۲۹- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.3-4

۳۰-Einstein. Albert(1940) the world I see it-quated in ‘the world on will a idea pp.279.

۳۱-stem.j.p(1975) Hitler. Quoted in Schopenhauer & his critics

، in the world as will & idea. Everyman.pp.281.

۳۲-nietzsche.f(1888)Twilight of the idoles.

۳۳-james.William(1897)

،will to Believe،dover pub.n.y:1956.

۳۴-foucalt.michel(1976) the will to knowlegtge-History of sexuality. Penguin 1979.

۳۵-kappeler

،suanne(1995) the will to violence، Cambridge:polity pp.9.

۳۶- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.198.

۳۷- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.185.

۳۸- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.186

۳۹- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.177

۴۰- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.207

۴۱- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

، Ewryman londan 1953،pp.206

۴۲- Schopenhauer.A(1835) the world as will and idea. Trans Berman

 

 

 

کۆتایی به‌شی دووهه‌می
بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا/دوکتور موحەمەد سەنعەتی/و: عادڵ قادری

 

 

 

به‌شی یه‌که‌م:

بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا/د.موحەمەد سەنعەتی‌/و:عادڵ قادری/(به‌شی ۱)

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

یازده − 7 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس