دوشنبه , ۲۶ آذر ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا/د.موحەمەد سەنعەتی‌/و:عادڵ قادری/(به‌شی ۱)

بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا/د.موحەمەد سەنعەتی‌/و:عادڵ قادری/(به‌شی ۱)

 

بۆ پەشێوییە”زمانی” و “بوون”ییەکانی ساڵەح سووزەنی

هیچییەکان…پووچییەکان…بێ’زمان” و “نازمان”ی

بۆ کۆتایی…بۆ خۆم…ئاپوکالیپس و شتەکان…!

232

 

گۆڕانکاری لە تێڕوانین و گوتار دا

 ئایا نابێت دان بەوەدا بنێین کە لە باری دەروون ناسییەوە، لە تێڕوانینی شارستانییانەی خۆمان بۆ مەرگ زۆرتر لەوەی وا لە هەمبانەمان دایە دەکاری دەکەین، و نابێت ئاوڕێک بدەینەوە و ئەم حەقیقەتە بناسینەوە؟ ئایا باشتر نییە لە واقیع و ئەندێشەکانماندا جێگایەک بۆ مەرگ دابین کەین کە شیاوی خۆیەتی، و گرینگی تێڕوانینی ناوشیار بۆ مەرگ، کە تا ئێستاکە بە جیددیەتەوە سەرکوتمان کردووە، تۆزێک بەرجەستەتر کەینەوە؟ ئاوەها کردارێک، لە واقیع دا، وەکوو دەستکەوتێکی گەورە رەچاو ناکرێت، بەڵکوو لە رووگەلێکەوە زۆرتر هەنگاوێکە بۆ پاشەوە؛ پاشڤەچوونێکە(regression)، بەڵام بەنرخە، چوونکوو بارودۆخی راستەقینەمان تێدا رەچاو کردووە.

زیگمۆند فرۆید(۱۹۱۵)

 

١- مرۆڤ و پرسی بوون یان نەبوون

 

لەو دیو هەموو شتەکانەوە، تاپۆی گەورەی مەرگ جیهانی داگرتووە; زوڵوماتی بەرین!

ویلیام جەیمز

 

ئەگەر(بوون یان نەبوون) پرس و بابەتی سەرەکی‌هاملێتی شێکسپیەر، چوارینەکانی خەییام، ئیلیاد و ئۆدیسەی هۆمەر و ئەو هەموو تراژیدیا بەشکۆ و مەزنەی یۆنانی کەونارا نەبووبایەت و پاڵەوانێتی بە مانای جەنگ و شۆڕشی ئینسان دژی خۆی نەهاتبایەتە گۆڕێ، ئایا ئەم هەموو دەستکەوتە بزۆز و داهێنەرانە دەیتوانی خەڵکی دونیا وا گیرۆدە و چاوڕفێنی شوێنی خۆی بکات؟ مەرگ و ژیان هەر لە سەرەتاوە لە چەق و ناوەندی بەرهەمە بەرجەستەکانی هونەر و ئەدەبیاتی جیهان دا ئامادەبووە. جێگەی سەرسووڕمان نییە ئەگەر بڵێین کە یەکەمین کتێبێک کە لە شارستانییەتە گەورەکانی کەوناراوە بەر دەستمان کەوتووە، کتێبی “مردووەکانی میسر” و یەکەمین ئەفسانەش، ئەفسانەی” گیلگەمش”ی بابلییە کە لە هەوڵ و هەڵوەدای دۆزینەوەی گیای جوانی و ژیانی جاوید بووە، و هەروەهاش کۆنترین و بەتەمەنترین سام و خۆزگە کە لە مرۆڤی رۆژگارە دوورەکان بۆمان دەرکەوتووە، ترس و سام لە مەرگ و خۆزگە وتاسووقی نەمردن و  ژیانی جاویدە. بۆیە دەشێت لەمەش تێبگەین کە بۆچی بنەمایی ترین ئامانج و دوائاکام لەئەندێشەی بوودا دا، دەست پێڕاگەییشتن بە “نیرڤانا” و دواتر پێڕاگەییشتن بە پووچییەکی سەرەڕۆ و رزگاری بەخشە؟ و هەروەهاش مەرگ لە ئایینی مانی دا، خۆزگەی ئینسانی پارێزکار و خاوێن خوو و دەروازەی چوونەژوورەوەشە بۆ باخە خەیاڵی و فەنتازیاکانی رووناکی ونوور! و هەروەهاش لە سۆنگەی سوقرات، باوکی فەلسەفە و ئەندێشەی رۆژئاوا، کە لە دواهەمین رۆژی ژیانیدا کە بە هەڵلووشانی جامی‌شووکەران کۆتایی پێهات، و لە دواهەمین وانەی خۆی بۆ‌هاوڕێ تێبتێکانی کە لە وتاری فایدۆن دا دەیخوێنینەوە، دەریخستووە کە بۆ مرۆڤی بیرمەند و فەیلەسووفی راستەقینە کرداری شیاو، نەترسانە لە مەرگ و بەم رێنوماییە کە (فەیلەسووفە راستەقینەکان لەکاری چۆنێتی مردندان)۲  و هەوڵ دەدەن (تاکوو رۆح لە زیندانی جەستە رزگار کەن)؛  درێژە دەدات، بۆیە( پێکەنیناوی دەینواند ئەگەر لە کاتی مەرگ، سینگی بۆ نەکەنەوە و نەیگرنە ئامێز)، حەزیان بۆ مەرگ دەشێت بە ئەندازەی ترسی ئەو رەشەخەڵکانە بێت کە(هەراسان، خۆیان لەمەرگ دەدزنەوە). سێ سەدە دوای سوقرات، سیسرۆ کە لە فەرمانڕەوایەتی و سیاسەت کشابۆوە و دەیەویست ئەندێشەکانی سوقرات و ئەفلاتوون لە ئاکادێمی‌یۆنانەوە بگوازێتەوە بۆ ئیمپراتۆریای رۆم، لە(مشت و مڕەکانی تۆسکۆلان) دا، بە رەتکردنەوەی لایەنی شەڕ و دزێوی مەرگ و سەلماندنی پیت و بەرەکەت و  پیرۆزی مەرگ، قسەی سوقراتی لە زمانی ئەفلاتوونەوە ئاوەها دەگێڕایەوە کە(تەواوی ژیانی فەیلەسووفەکان تەیار بوون و خۆرێکخستنە بۆ بەرەو پیرەوەچوونی مەرگ)۳. سێنێکاش بۆ سەرکەوتن بە سەر هەراس و سامی‌مەرگ دا وانەیێکی ناوداری هەبوو کە ئەویش(تێڕامانی بەردەوام لە سەر مەرگە)۴. بەڵام سەدەها پێش لە ئەو ئەبیقور رێگەچارەیێکی بۆ قوتاربوون لە هەراس وسامی‌مەرگ  خستبووە روو، دەیگووت( خوو بگرە بەم باوەڕە کە مەرگ بۆ ئێمە هیچە . . . چوونکە کاتێک ئێمە هەین مەرگ نییە و کاتێک مەرگ دێت، ئێمە نیین)۵. رەنگە ئەمە یەکێک لە گەورەترین سەفسەتە و چەواشەکارییەکان بێت سەبارەت بە مەرگ و ئینکار کردنی گرنگیی رۆڵی مەرگ لە ژیان دا کە‌هاتۆتە ئاراوە. لە واقیع دا بە درکاندنی ئەمەی کە مەرگ بۆ ئێمە هیچە بە شێوازێکی پەنامەکی و دزەکییانە داکۆکی لەوە دەکرێت کە خودی ژیان هیچە. قووڵتێڕامانەکانی (meditation) مارکۆس ئێلیۆسیش زۆرتر تێڕامانە لە مەرگ و ئیتر هیچ! ئەو، ژیان بە هۆی تێپەڕ بوون و کاتی بوونیەوە، بە هیچ و پووچ دادەنێت. بۆیە زەینی رەواقییانەیەتی کە دەپرسێت(سێ یان پێنج سال بۆ ئێوە چ جیاوازییەکی هەیە)۶. لە واقیع دا ژیانی پێنج و دوو رۆژی مرۆڤ دەداتە بەر گاڵتە و پێکەنین و بەشێوەیێکی خێرا کورتی و تێپەڕبوونی ژیان بە هۆکاری بێبایەخی و هیچ و پووچی ژیان دێنێتە ئەژمار. 

ئایا لە گۆشەنیگای کەڵەعارفانی رۆژهەڵات و لە عیرفانیی ژیان بێزیان دا، هەر ئەم شتە حاکم و سالار نییە؟ تەمەنێکی تۆکمە و لەبەردەست کە(پێنج و دوو رۆژێکە) و مەرگێک کە ژیانی جاوید و سەرمەدییە!

مەرگ ئەگەر پیاوە بڵێ سەردانی من کات              تا توند توند لە کۆشی گرم و ئەو کات

من لەو تەمەنێکی تۆکمە وەردەگرم، جاویدان           ئەو لە من پێستێک دەگرێ، نغرۆی رەنگی ژیان

لە تێڕوانینی مەولەوی دا، بوونی ئینسان لە سەرەتاوە تا کۆتایی لە بەر شەپۆلی لەدایک بوون و مەرگی بەردەوام دایە.۷ و لە چاوی ئیمام غەزالییەوە لەگەڵ مەرگدا‌هاودەم و‌هاوسەر بوون(بنەمای هەموو بەختەوەرییەکانە) و هەروەها لە گۆشەنیگای سەناییشەوە ژیان، هەمووی(سەفەری مەرگە).۸ 

بەرەو مەرگە خەڵک لار و لەنجەیانە        تێپەڕانی شەو و رۆژ بەپڕتاو و خێرایانە

گیان داران هەموو چ هەژار و چ دارا      هەموو لە کەشتییان و لەسەر رۆخی مەرگا

فرۆید لە وتارە باس ئەنگێزەکەی خۆیدا; واتە(ئەوپەڕی پرەنسیپی چێژ) هەر ئەم چەمکە سوقراتی – ئەفلاتوونیەی نووسایەوە کە (ئێمە ناچارین بڵێین کە ئامانجی تەواوی ژیان مەرگە).۹ مەرگێک کە بە ڕای فرۆید لە رۆژئاوا دا حاشای لێکرابوو. گەرچی لە مەودای دوو جەنگی جیهانی، سەرەنجی بیرمەندانی رۆژئاوا بۆ وتەزای مەرگ زۆرتر لە جاران راکێشرابوو و وتارگەلێک لەم بارەیەوە بڵاو کرایەوە، بەڵام بەو رادە نەبوو کە سەرەنجی گشتی بۆ خۆی رابکێشێت. دەتوانین بڵێین کە مەرگ تا شەستەکانی سەدەی بیست لە رۆژئاوا دا وەکوو تابۆ و بڤەیێک دەردەکەوت و چاوی لێدەکرا. کەس نەیدەتوانی لە بارەیەوە قسەیێکی ئەوتۆ بکات. تەنانەت لە پرسە و سەرەخۆشییەکانیشدا مەرگ نکۆڵی لێدەکرا و مرۆڤی زیندوو نەیدەتوانی پرۆسێس و تێپەڕینی پرسە و سەرەخۆشی بە شێوەیێکی سرووشتی و سەربەست ئەزموون بکات. بەڵام لەو کاتە بەم لاوە بە بەرهەمە پێشەنگەکانی لێکۆڵەرانێکی وەکوو جان بالبی، کالن ماری پارکێز، ئێلیزابت کوبلێر-راس و جان هینتۆن و بە سەرنج دان بە وتارەکەی فرۆید لە ژێرناوی (پرسە و مالیخولیا)۱۹۱۵ و هەر وەها بە ئەزموونە تازەکانی بواری بالینی، هەم وتەزای پرسە(bereavement)، و هەم دیاردەی سەرەمەرگ(dying) کەوتە بەر خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی بەربڵاو و بەرینەوە. لەمەش بترازێت پرسی خۆکوژی کە بە شێوەیێکی بەرچاو پەرەی سەندبوو، بە شێوازێکی بەرین لە دیدی بالینییەوە خرایە بەر شیکاری و لێکدانەوەوە. هەنگاوە سەرەتاییەکان لە بارەی بواری مراندن( Euthanasia) یان کوشتن لە رووی بەزەییەوە، کە پرسێکی تازە بوو، هەڵگیرا.‌هاوکات لە گەڵ ئەم موتاڵا و خوێندنەوانە دا کە لە بواری پزیشکی بالینیدا رووی دەدا، خودی پرسی مەرگ، بە تایبەتی دوای جەنکی دووهەمی‌جیهانی، و بە سەرنجدان بەو هەموو قات و قڕی و خاپوورکردنەی کە دیاری جەنگ بوو، و هەروەهاش هەراس و سامی‌لەناوچوونی ئەتۆمی، جارێکی دیکە سەرەنجی بیرمەندانی روژئاوای بۆلای خۆی راکێشا. بە تایبەتی لە شەستەکاندا کە هێشتا قات و قڕی ژیان لە ڤییەتنام و مەرگ لەبەر برسێتی و رەش و رووتی لە ئەفریقا و باقی وڵاتانی جیهانی سێهەم بەشێوەی بەردەوام هەبوو و هەروەهابوونی نەخۆشیگەلێکی کوشندە وەکوو شێرپەنجە و ئایدز کە هێشتا پزیشکی هیچ چارەیێکی بۆ شک نەدەبردن، هەموو ئەمانە بە گشتی تێڕوانینی کۆمەڵگای رۆژئاوایان بۆ مەرگ بە خێرایی خستە ژێر گۆڕانەوە. بە شێوەیەک کە لە کۆتایی شەستەکاندا، کتێبگەل، وتارگەل و نووسراوەگەلێکی زۆر لە بواری مەرگ و رەهەندی مەرگ ناسیەوە(thanatology) نووسرا و بڵاو کرانەوە. هەڵبەت پەیوەست بە لێکدانەوەی پرسی مەرگەوە، توندوتیژی کاریگەری و بایەخی زۆری هەبوو، و بە تایبەتی زۆربەی نووسەران بە لایەنگری لە فرۆیدەوە ئەم توند و تیژییەیان بە شەپۆل و لایەنێک لە گەڕاڵانی مەرگ(death tribe) دەزانی. گریتس جانتسۆن لە دوا کتێبی خۆیدا واتە بنەماکانی توندوتیژی دەنووسێت:

هەڵبژاردنی مەرگ، عەشق بۆ مەرگ و ئەوەی لە پێناوی مەرگدایە لە نووسراوی هۆمەری و ئەفلاتوونی و لە تەواوی چاخەکانی دەسەڵاتی مەسیحی، تایبەتمەندی روژئاوابووە و بە تایبەتی لە سەردەمی‌پۆست مۆدێرنیتە دا شێوازی مەرگباری گرتۆتە خۆوە.۱۰

ئەگەرچی ناتوانین پۆست مۆدێڕنیتە بە گۆشەنیگای باو و سەروەر لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا بزانین، بەڵام مەرگ ئەندێشی – کەبەمانای سەرقاڵ بوونی فیکرییە بە پرسی مەرگ- لە خۆکوژی و مەرگی ئیرادیەوە بگرە تا دەگاتە سام و هەراس لە مەرگ و هەڵاتن لە مەرگ، مەیل بۆ کوشتن و کوژران تا ئازارخوازی و ئازار چێژی، توندوتیژی، جەنگ خوازی و هەروەها هەرجۆرە کایەیێک لە گەڵ مەرگ یان تەشقەڵەکردنی مەرگ و تەواوی ژانێرە ئەدەبییەکان کە لەسەر تەوەرەی مەرگ ئیش دەکەن و لەم بازنەیەدا دەسووڕێن، دەتوانین بە( هەڵبژاردنی مەرگ  . . . و ئەوەی لە پێناوی مەرگدایە) لەقەڵەمی‌بدەین و بیهێنینە ئەژمار. لەو کاتەدا دەتوانین لە دەعیەی جانتسۆن تێبگەین کاتێک بە کەڵک وەرگرتن لە دەستەواژەیێکی رەوان پزیشکی دەڵێت کولتووری رۆژئاوا بووەتە کولتوورێکی(مەرگ دۆست) یان مردووباز)(Necrophillic). سەرووتر لەم بابەتەش، بە پەرەسەندن و جێگیربوونی بیر و ئەندێشەی ئاپۆکالیپتیسیزم(Apocalypticism) لە رۆژئاوای پۆست مۆدێڕندا، کە نەتەنیا پرس و بابەتێک نییە لە رەوتی گەشەی رەخنە لە مۆدێڕنیتە یان تەنانەت درێژەدەری ئەو پرۆژەیەش، بەڵکوو بەپێچەوانەشەوە، بە روونی و ئاشکرا دەکەوێتە دژایەتی لەگەڵ ئامانجەکانی مۆدێڕنیتەدا، ئەوکات دەتوانین نیگەرانی و خەمخۆری جانتسۆن باشتر تێبگەین.

بەهەر حاڵ لەم بەراییەدا ناکرێت تەواوی ئەو وتەزا و بابەتانەی کە پەیوەستە بە مەرگ، شی بکرێنەوە، و مەبەستیش ئەوە نەبووە کە مێژووی مەرگ، یان رەچەڵەک ناسی مەرگ و کەونینە ناسی مەرگ بخرێتە بەر شیکاری و لێکۆڵینەوە. مەبەستی من زۆرتر سەرنج دانێکە بە گۆڕانی تێڕوانین و گوتار لە بارەی مەرگەوە کە لە ئەندێشەی رۆژئاوایی دا‌هاتۆتە ئاراوە، کە لە یۆنانی کەونارا دا تا چاخی پۆست مۆدێرنیتە خۆی پێناسە کردووە و دەتوانین بیناسینەوە، و بە چاو خشاندنێکی خێرا بە جیاوازی تێڕوانینی بنەمایی بۆ مەرگ کە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا دا زاڵە، و بەلەبەر چاو گرتنی کارتێکەری گشتی مەرگ ئەندێشی لە سەر شێوازی ژیانی خەڵک لەم کولتوورانە دا، و هەروەهاش سەرەنجدان بە کاریگەری کولتووری رۆژهەڵات لە رۆژئاوا لەسەر چاخی پۆست مۆدێڕنیتە دا، هیوادارین بتوانین پێناسە و فامێکی قووڵتر لەسەرمەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوایی دا وەربگرین.

بەڵام بە هەمان شێوە کە گووترا ئەم لێکدانەوەیە لە سەر تەوەرەی گۆڕان لە تێڕوانین(Attitudinal) و گوتار(Discourssive) دا بۆ مەرگ دەسووڕێتەوە. بۆیە لە بەر چاوگرتنی رووداوە یەک لە دوای یەکەکان وەکوو نۆرم و‌هارمۆنی مێژوویی و زەمانیی لە پەیوەندی لە گەڵ مەرگدا بە پێویست نازانێت. لەم رووەوە دەسپێکی نووسینەکە دەپەرژێتە سەر مەرگ لە پەیوەندی لەگەڵ دوو جەنگی گەورەی جیهانی لە سەدەکانی ۱۹ و ۲۰ دا و بەهەمان ئاراستە، گۆڕانکارییە گوتارییەکان لە ئەدەبیات و نووسینی فەلسەفی و دەروون شیکارانەی ئەم سەردەمە دەکات بە دوا ئامانجی شیکارییانەی خۆی. لەمەش بترازێت بە هۆی کورت بوونی ئەم وتارە و ئەو بەربەستانەی هەیە، بە ناچاری بابەتگەلێک کە باس لە سەر گۆڕانکاری تێڕوانینی کولتووری هۆمەری، چاخی تراژێدی، ئایینی ئورفەیی – دیۆنیزیۆسی و ئەوەی پەیوەستە بە فەلسەفەی یۆنان و رۆمی‌باستان، دەخرێتە خانەی بێدەنگییەوە، تا بەڵکوو زۆرتر سەردەمی‌مۆدێڕنیتە و پۆست مۆدێڕنیتە شی بکرێنەوە. لێرەدا تەنیا ئەو کاتانەی کە بە پێویستمان زانیوە و بۆ راڤە و شرۆڤەی بەراوردکارانە بەکەڵکمان زانیوە، ئاماژەیێکی خێرا و تێپەڕیش دراوە بە رابردووە دوورەکان، چاخی حەماسە، ئوستوورە و تراژێدی و هەندێ جاریش ئەندێشەی فەلسەفی سەردەمی‌کەونارا.

 

٢- جەنگ و مەرگ

روون و ئاشکرایە کە جەنگ رووبەرووبوونەوە و هەڵس و کەوتی ساویلکانە لەگەڵ مەرگدا دەگۆڕێت؛ مەرگ ئیدی نکۆڵی لێناکرێت. ئێمە ناچارین باوەڕی کەین، خەڵک بەراستی دەمرن، ئەویش نە تاک تاک، بەڵکوو کۆمەڵ کۆمەڵ، هەندێ کاتیش دەهەزارکەس لە رۆژێکدا. مەرگ چیدی رووداوێکی بەهەڵکەوت نییە . . . ژیان جارێکیتر بە راستی سەرنج راکێش بووە . . .  .

                                                                                          زیگمۆند فرۆید۱۱

فرۆید لە ساڵی ۱۹۱۵، نێزیکەی یەک ساڵ دوای دەستپێکردنی جەنگی یەکەمی‌جیهانی، وتاری(ئەندێشەگەلێک شیاوی رۆژگاری مەرگ و جەنگ) ی نووسی و بە رستەیێکی لاتینی کۆتایی پێهێنا( ئەگەر دەتەوێ بەرگەی ژیان بگری، خۆت بۆ مەرگ ئامادەکە):۱۲ para mortem. ، “si vis vitam

مارتین‌هایدگێریش چەند ساڵ دواتر بە تێڕوانینێکی بوون ناسانە بۆ مرۆڤ، لە کتێبی هەستی و زەمان، (دازاین) ی بە ئیرادەی بەرەو مەرگ کشان ناسییەوە. دەزانین کە وتارەکانی فرۆید و ئەم کتێبەی‌هایدگر بوو کە لە مەودای نێوان دوو جەنگی جیهانی، بەو دۆخە تایبەتەی کە جەنگی یەکەم خولقاندبووی، کۆمەڵگای رۆژئاوا و تێڕوانینی رۆژئاوای بۆ مەرگ و دواتر بۆ سەرتاپای ژیان و لایەنە رەنگاڵەیی و جۆراوجۆرەکانی گۆڕا و ئیدی رۆژئاوا نەیتوانی چاوی خۆی لە هەمبەر مەرگدا بنووقێنێت! ئەگەرچی بە باوەڕی زۆر کەس مەرگ لە رۆژئاوای نێوان ساڵەکانی ۱۹۷۰-۱۹۲۰ وەکوو تابۆ لە تەشقی بێدەنگی و شەقڵ نەشکاوی خۆیدا بووە۱۳(دوایی دەپەرژێینە سەر درووستی و نادرووستی ئەم وتەیە). بۆیە ئەو روانینەی کە لەسەرەتای چاخی رێنێسانس و بووژانەوە دا لە مەڕ دیمەن و دیمانەی بەردەوامی‌مەرگ، کە لە کۆمەڵگای مەرگ ئەندێشی چاخەکانی ناوەڕاست دا وەرگەڕابوو تا لەمەبەدوا چاو ببڕێتە ژیان، جارێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا‌هات. بیری ئینسانی مۆدێرن وەها زاخاو درا بوو کە ئیدی بیر لە مەرگ نەکاتەوە، بە هەمان شێوە کە ئێسپیۆنۆزا لەو نۆرمە ئەخلاقییە تازەیەی دایڕشتبوو، دەیگووت  :(مرۆڤی ئازاد) دەبێت (کەمتر لە هەرشتێکی دیکە بیر لە مەرگ بکاتەوە)؛چوونکو(هزری ئەو) لە سەردەمی‌نوێدا(قووڵ روانین بۆ ژیان) بوو و نەک (مەرگ)۱۴؛ و بەم عەقڵە نوێیە ژیانخۆشەویستەوە بوو کە رۆژئاوا دەسکەوتگەلێکی گەورە و سەرسووڕهێنەری مسۆگەر کردبوو و پاشەڕۆژی خۆی گەش دەبینی، و بە زانست و تەکنۆلۆژیا بە خێرایی و قورس و قایمییەکی زۆرترەوە بە سەر تەنگ و چەڵەمەکان زاڵ دەبوو. بۆیە ئیدی هیچ هۆیەکی نەبوو کە بگەڕێتەوە سەر هەمان رێبازی مەرگ ئەندێشی کە لە سوقراتەوە تاکوو میشێل دۆمونتین لەسەری رۆییشتبوو. بەتایبەتی کە نیچەش، پێغەمبەری کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست ،ئاشکرا و روون فەرموو بووی:

   . . . ئەوەی کە خەڵک هەرگیز نەیانەوێت لە ئەندێشەی مەرگ بیر بکەنەوە، من شادمان دەکات!

    زۆر خوازیاری ئەوەم کە وەها بکەم بیرۆکەی ژیان سەدان جار تامەزرۆتر بێت لایان.۱۵

بەڵام ئێستاکە ئەم جەنگە مەرگئامێز و رووخێنەرە، وەها زەینی ئینسانی رۆژئاوایی هەڵخڕاندبوو تاکوو جارێکی کە ئاوەزبێزی(عقل ستیزی-لایەنی دەروونی بابەتەکە مەبەستە،و) وبەربەرییەتی پەنامەکی ناخی خۆی بۆ دەرخات؛ ئەو بەربەرییەتەی کە وای دەزانی چووەتە ژێر رکێفی عەقڵی ئامێریانەی خۆی، و مرۆڤی شارستانی توانیویەتی خواستی شەڕئەنگێزی و توندوتیژی لەهەمبەر ئەویدیدا، واتە ئینسانی بەربەری ئەشکەوت نشین، کۆنترۆڵ بکات و بەجێ بێڵێت! بەڵام جەنگی یەکەم بە فریوسڕینەوە(disillusionment) لە زەینی شارستانیانەی مرۆڤی رۆژئاوا، چاوی ئەو بوونەوەرەی دڕییەوە تا کوو واقیعی راستەقینەی خۆی ببینێت. کەواتە فرۆید خەمە زەینییەکانی خەڵکی دەرەوەی بەرەکانی شەڕی لە بەر چاو بوو و دوو هۆکاری گرینگی تێدا بەدیکرد:

یەکەمیان (. . . فریو سڕینەوە لەو شتەی کە ئەم جەنگە هەڵیخڕاندبوو) و ئەویدییان(تێڕوانینی گۆڕدراو بەنیسبەت مەرگ) کە ئەم جەنگە دەشێت وەک هەر جەنگێکی دی بە سەرماندا بیسەپێنێت.۱۶

راستی دەگووت ( ئەم جەنگە وەکوو هەر جەنگێکیتر، سەرەنجی مرۆڤ بۆ لای مەرگ رادەکێشێت)، بەڵام ئەمە گرێدراوی ئەو مەرجە بوو کە راڤەکاران و شیکارانی کولتوور، لە دوای هەر جەنگێک بە شێوازێک بێنە ناو کایەکەوە کە وەکوو ئەو و باقی دەروون شیکاران، کۆمەڵ ناسان و مرۆڤناسانی سەدەی بیستەم لێکیانبدایەوە و شییان بکردایەوە.. ئەگینا ئەگەری ئەوە لە ئارادا بوو کە گۆڕانێکی ئەوتۆ لە زەینی مرۆڤ دا نەخولقێت؛ ئەگەرچی لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدە تاکوو ۱۸۱۵ جەنگە بەردەوامەکانی ناپلیۆن، ئەورووپای بێقەرار و پەشۆکاو کردبوو. بەڵام چاوخشاندنێکی خێرا بە ساڵەکانی دوای ئەو جەنگانەدا دەریدەخات کە تێڕوانینی ئەورووپییەکان بۆ مەرگ، بە شێوازێکیتر داشکایەوە و گۆڕانی بەخۆوە دیت. کاریگەرییەکەی لانیکەم لەسەر ئەدەبیات و فەلسەفەی سەدەی نۆزدەهەم جیاواز بوو.

ئەدەبیات و مەرگ

لە ئەدەبیاتی ئەو سەردەمە دا وشەی‌هاوزا(double) سێبەری داخست و بوو بە باو، کە بە شیکاری و شرۆڤەکانی ئۆتۆ رانک (otto rank) لە پێوەندی لەگەڵ مەرگدا وەکوو هێما و سەمبوول‌هاتە پێناسەکردن. ئەم مۆتیڤە(motif) لە دوای شەڕەکانی ناپلیۆن لە ئەدەبیاتی ئەورووپادا زۆر و زەبەند بوو، بەڵام ساڵەکانی دوای جەنگی یەکەم و دووهەم یا نەدەبینرا یان بەدەگمەن دەبینراو هەستی پێ دەکرا.۱۷ دیاردەیێکی دیکە، لەساڵی ۱۸۱۸ دا بە بڵاو بوونەوەی فرانکێشتاین مێری شێلی سەریهەڵدا و بە ژانێرێکی نوێ لە رۆمان نووسی ئەورووپا لە قەڵەم دەدرا، دەرکەوتنی رەهەند و لق و پۆپی جیاواز بوو لە سەر تەوەرەی مەرگ، یان ئەو ژانێرانەی بابەتی‌هاوبەشیان بریتییە لە سامی‌مەرگ، کوشتن، کوژران، رۆح و تارمایی. بەکورتی واتە ئەو ژانێرانەی کە لە خۆگری رۆمانی جینایی، پۆلیسی-جینایی، خوێن مژەکان، کوشتنەزنجیرەییەکان و یان بەسەرهاتی شێرلووک هۆڵمز، نۆڤڵە سیاسییە جیناییەکان، نۆڤلەتۆقێنەرەکان و بە گشتی ئەوەی وا لەژێر واتای ئەدەبیاتی گۆتیک لە سەرتاسەری سەدەی نۆزدەهەم دا زاڵ و باو بوو. رەنگە دیاردەی سەرەکی هەموو ئەم ژانێرانە ئەوە بووبێت کە فرۆید بە وشەی”uncanny18” لێکیدابووە و شیکردبووەوە و لە وتارێکدا دوای جەنگی جیهانی یەکەم لە ساڵی ۱۹۱۹ دا بڵاوی کردەوە. فرۆید لەو وتارەدا، چیرۆکی (پیاوی رێخاوی-مرد شنی) هۆفمان و دیاردە سەیر و سەمەرە و غەوارە و ترسناکەکانی کە رەنگە بە هێما یا نواندنەوەی مەرگ لە قەڵەم بدرێت، خستە بەر سەرنج و تێڕامان. و ئەمە سەرەڕای جۆرەها فیلمی‌بە ناوەرۆکی تارمایی و رۆحلەبەر و بوونەوەرە فەزاییەکان و فیلمە جینایی، رەوانییە-جیناییەکان، کە دواتر گەییشتە رەوایەتە مرۆڤخۆرانەکان لە سینەمادا؛ وەکوو فیلمگەلی‌هانیباڵ و بێدەنگی کارژۆلەکان، کە لە هەموویاندا خواستی مرۆڤ بۆ توند و تیژی، تاوان و مەرگ ناوەند و چەق بووە.

کۆتایی به‌شی یه‌که‌م 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

 

۱-۱۱-freud.s(1915)

،’thoghts for the times on war and death’، S.E.XIV،vantage،۲۰۰۱،londan،pp.291

۲-plato(360B.C) ‘phaedo’ Trans.JOWett.BN.y.64a.                                  

۳-cicero(45-44 B.C.)

، Tusculan Disputations،I and scipio،s Dream،Edit F.E. rockwood Oklahoma university press،۱۹۷۰،pp.x/iii 15.

۴-seneca

، quoted in choron،s Deathe & western thought،۱۹۶۳٫ collier Books. London،pp.69.

۵-seneca

، quoted in choron،s Deathe & western thought،۱۹۶۳٫ collier Books. London،pp.60.

۶-Aurelius Marcus

، Meditation trans.m. staniforth، penguin Books،۱۹۷۲،B.xii،۳۶pp.188.

۷-داکانی،پرویزعباس.(مگالعه ای تگبیقی گونه بر مرگ اندیشی . . . نامۀ فلسفه،شمارۀ اول،پاییز۱۳۷۶،ێ ۱۵۳

۸-داکانی،پرویزعباس.(مگالعه ای تگبیقی گونه بر مرگ اندیشی . . . نامۀ فلسفه،شمارۀ اول،پاییز۱۳۷۶،ێ ۱۳۵

۹-Freud.s(1920).’Beyond the pleasure principle’ SE XVIII

،۱-۶۴; pelican freud Library 1984.Londan PP.311

۱۰-jantzen Grace

،M(2004)،foundation of violens،Routledge،londan.pp.IX.

۱۱-freud.s(1915)

،’thoghts for the times on war and death’، S.E.XIV،vantage،۲۰۰۱،londan،pp.291

۱۲-freud.s(1915)

،’thoghts for the times on war and death’، S.E.XIV،vantage،۲۰۰۱،londan،pp.300

۱۳-Gordon.rose mary(1976) dying & creativity

،society for analytical psychology Itd pp5.

۱۴-spinoza.Baroch(1674) Ethics in complete works trans. Shirly.s;edit.M.L. morgan hackelt،pub.2002،pp.355.

۱۵-nietzsche

،friedrich(1882); The gay science، transl.kaufman.w،yanntage Books،۱۹۷۴،apho 278،pp.224.

۱۶- freud.s(1915)

،’thoghts for the times on war and death’، S.E.XIV،vantage،۲۰۰۱،londan،pp.275

۱۷-Tucker.H

،in ‘The Double” By otto rank(1914)، morsfield library.1989.pp.xx.

۱۸-freud.s(1919)’uncanny’

کۆتایی به‌شی یه‌که‌می 
بەراییەک بۆ مەرگ لە ئەندێشەی رۆژئاوا دا/دوکتور موحەمەد سەنعەتی/و: عادڵ قادری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

15 − دو =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..