پێشکه‌شه به “کاکه شا”ی ئازیز،
بۆ تهمهنێکهاوڕێیهتی و تاڵ و شیرینه‌کانی نووسین
ده‌نگی ئه‌و هه‌را و ئۆغڵهمهيه ههردههاتو زياتر ده‌بوو، به‌ڵام هه‌تا ئارامی کاکم له دووکانه‌که‌ی ئهوديوهوه نه‌هاته به‌ر شووشه‌ی دووکانه‌که‌ی من، وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێ چی بووه؟ هيچ گوێم نه‌دايه. ته‌ماشايه‌کی ئه‌وم کرد و له پشت چهرخهکههاتمه ده‌رێ که بزانین چی بووه. هه‌تا گه‌یشتمه ده‌رێ ئه‌و چه‌ند دووکانێک به‌ره‌و سه‌رێ هه‌ڵکشابوو.
دووکانه‌کانی ئێمه له سه‌ر پێچێک بوو که به‌ره‌و سه‌رێ باددهداوه کۆڵانێکی پان و به‌رینی کۆنی شار بوو، یانی کۆنترین بازاڕی شار و ئێستا ساڵه‌ها بوو سه‌ریان گه‌رتبوو ببووه قه‌یسه‌ری و هه‌میشه‌ی خودا قه‌ره‌باڵغ. له‌به‌ر دووکانه‌که‌وه سه‌رنجێکم دا، هه‌موو جه‌ماعه‌ته‌که وه‌ک ئێمه که بزانن چیه ده‌رپه‌ڕی بوونه به‌ر دووکانه‌کانیان. له سه‌رێوه ئاپۆره‌یه‌کی زۆر سه‌یر به ده‌نگ و هه‌رایه‌کی زۆره‌وه داده‌گه‌ڕا و شتێکی زۆر نائاسايی، ديمه‌نێکی نه‌کراو و نه‌بينراو بوو: چه‌ند که‌س پياوێکيان له‌م شانه و شانه‌وه گرتبوو، پهڕۆيهکی سووریا‌ن به سه‌ردا دابوو، سه‌ره‌وخوار به شه‌پ ده‌یان هێنا و، جه‌ماعه‌تێک به دووياندا و هه‌را و قووله قوولێکی زۆر نائاسايی. ئارامیکاکم چه‌ند دووکانێ ههڵکشابووه سه‌رێ و هيوای براشی گه‌يشتبووه په‌نای و منیش سه‌رسووڕماو وه‌ک زۆر خهڵکیکه سه‌يری ئه‌و ديمهنهمان ده‌کرد که زۆرتر وه‌ک فيلم ده‌چوو. وه‌ک شتێ له دڵیدا بووم له ڕووداوێکی خۆش ناچێ؛ له‌و خهياڵانهدا بووم که هيوا يهکبهخۆیهاواری کرد و به‌ره‌و ئه‌وان ده‌رپه‌ڕی. له‌وبه‌ر… لای ئه‌و حه‌شامه‌ته به‌ره‌و حه‌وا هه‌ستا و خۆی دا به‌و ژنه‌دا که زۆر سه‌ير و به گه‌رمه به‌به‌ر پياوهکاندا دوو ده‌سماڵه‌ی ده‌کرد. ژنه ڕه‌هێڵی به‌رپای پياوه په‌ڕۆ بهسهرکه بوو. به دووی ئه‌ودا ئارام وه‌کوو پڵنگێ ئامبازی دانه‌يه‌کی تر بوو. من واحهپهسابوو ئه‌سڵه‌ن ده‌تگوت فيلم ده‌بينم و هه‌ر به‌ته‌واوی عه‌قڵ و فامينم چبوهبهست. “ئه‌ی بڵێی چی بێ؟” خۆ ئه‌گه‌ر ئاوا بيرم کرده‌وه وه‌کوو خه‌ون ببينم ديتم خۆ ئه‌وه کاکمه. به‌جارێ ئه‌ژنۆم شکا و وه‌ختبوو تخێڵی زه‌وی بم. “ئاخر خودايه ئه‌مه که‌ی ڕاسته؟” ئاوا ده‌مدی و نه‌مده‌دی که ده‌يان که‌س پێکدادههاتن و تێکهولێکهيهکی زۆر سه‌ير بوو؛ هه‌ڵبه‌ت ئه‌وێش گوزه‌ری خه‌يات و قوماش و قهيسهريهکی هه‌ميشه قه‌ره‌باڵغ و جه‌نجاڵ؛ جا وه‌ره شتێکی ئاواشی تێدا بقه‌ومێ! به‌ڵام هه‌رچی کردم هيچم هه‌ر بۆ نه‌کرا. تا به خۆمداهاتمهوه کاکمیان به‌ره‌و دووکانه‌کان ده‌هێنا و چه‌نده‌ها که‌س ئه‌م و ئه‌ويان ده‌گرت و قووله‌قوول و شه‌ڕه‌جنێو بوو.
ئه‌گه‌ر گه‌ڕامه‌وه و ئاوا له ناو دووکانه‌که‌دا کاکمم بينی هه‌ر له‌وانه بوو له حهيبهتاهار بم. شپرزه و سه‌روسه‌کوت خوێناوی؛ چاوه‌کانی له ژێڵاهاتبوون و له به‌ر ئه‌وه‌ی هيچم بۆ نه‌ده‌کرا دام له سه‌ڵای گريان. ئه‌و ده‌ستی ڕاداشته ده‌رێ بۆ یه‌کێ لههاوسێکان و گوتی: کوڕه وه‌ستا مارف بگه‌نێ ئه‌و کوڕانه بێننه‌وه ژوورێ، ئه‌و دهڕابهيهش داده‌نه‌وه. بۆ خاتری خودا مارف با له‌وه زياتر ئابڕوومان نه‌چێ زووبه!
منهاوارم کرد و نووسام به مليا: کوڕه شێت بووم کاکه! چيبووه؟ ئه‌مه چیه چی…؟!
ده‌سی له ملی کردمه‌وه زۆر به په‌رۆشه‌وه گوتی: زووبه ئه‌و کوڕانه بێنه‌وه ژوورێ. ئه‌و دهڕابانه داده‌نه‌وه، خێرابه خێرا!
چه‌نده‌ی خاياند نازانم، وڵات ئارام ببۆوه و مابوونه‌وه حه‌وت هه‌شت که‌س و هه‌موو چاوی پرسياریان بڕيبووه کاکم. ئه‌ويش جوابی چی و قسه‌ی چی بکردايه!؟ لێوی ده‌کرۆشت و هێنده په‌رۆش و وێران بوو ههرچاک بوو ديقی نه‌ده‌کرد و به قاری عه‌رزه‌که‌دا نه‌ده‌چووه خوارێ. له‌و جهنگهيهدا شيڕهی ماتۆڕێک له به‌ر دووکان ڕاوه‌ستا و يه‌ک و دوو ده‌ڕابه‌که‌ی هه‌ڵدراوه.
کاک هه‌ژیر بوو، نه‌مانزانی چۆن ئاوا خێرا زانيويه‌تی. خاڵۆزامان بوو، له‌گه‌ڵ کاکیشم ڕفێقی منداڵی و ده‌خڵی براش نه‌بوون. به کچ و به کوڕ پێمان ده‌گوت کاکه و منداڵه‌کانی کاکيشم پێيان ده‌گوت مامه. به ديتنی ئه‌و بڕێک تينمهاتهوهبهر، ده‌تگوت ئيدی ئه‌مجار له‌و ته‌م و مژ و خهياڵاتههاتوومهدهرێ. ئه‌و له‌گه‌ڵ ماڵئاوايیکردنی ده‌روجیرانه‌کان زۆربه‌یانی به‌ڕێی ده‌ره‌وه کرد و خۆی خێرا داوای ته‌شتێک و ئافتاوهیهک ئاوی کرد؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کاکم داوای سيغارێکی لێ کرد. هيچکه‌س نه‌يده‌زانی چيبووه و کهسيشمان توانایی دامه‌زراندنی هيچ باس و پرسیارێکمان نه‌بوو. کوڕه‌کان هه‌ر ده‌يان مووشاند و کاک ههژیریش زۆر زۆر به ئه‌سپايی خه‌ريک بوو سه‌ری بۆ ده‌دۆزی برینه‌کانی بدۆزێته‌وه. خوێن له په‌ستا ده‌هات و کاکم هه‌روه‌ک به سه‌ر دنياوه نه‌مابێ، پهيکهرێکی چاوزه‌ق مژی له سيغارهکه ده‌دا و ئاگای له هيچ نه‌بوو. کاک هه‌ژیر وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و کاره گه‌وره و تیمارکردنی ئه‌و هه‌موو برینه گه‌ورانه‌ی سه‌ری ناهومێد بووبێ، ڕاسته‌وه بوو و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ناڕه‌حه‌ت ته‌ماشای منی ده‌کرد گوتی بگه‌نێ خێرا تاکسیيهک بێنن با بچين بۆ بيمارستان. به ده‌سه خوێناويهکانيهوه سيغارێکی بۆ خۆی ده‌رهێنا، به ئاخ و داخ و فشهفشێکی بێده‌سه‌ڵاتانه‌وه ههڵيکرد و دانيشته سه‌ر چوارپاچکهيهک.
دوای چه‌ند مژ له پڕهاواری لێ هه‌ستا: ده‌شێت بووم، ناڵێی چيبووه؟! ده‌زووبه تۆقم کرد!
ئه‌و ئاخێکی هه‌ڵکێشاو له‌به‌ر خۆيه‌وه گوتی: هيچ مه‌ڵێن! هيچ! هيچ نه‌بووه. ئاگات له‌و کوڕانه بێ و خه‌ڵاس. چت پێ‌بڵێم… ؟ يانی هيچ ماوه نهيبينی؟
که ديتم ليباسهکانی هه‌مووی دڕا‌و و خوێن و خوڕه، خێرا له بهريم داکه‌ند و هێندێ شتيکهم کرده به‌ری. داوای سيغارێکی تری کرده‌وه، له‌و وه‌خته‌دا هيوا ده‌ڕابه‌که‌ی هه‌ڵداوه و به‌ره‌و تاکسیيهکه ههڵمانسانده سه‌رپا.
به ده‌نگی بانگی عه‌سر ڕاچه‌نی. ئه‌گه‌ر به په‌له داکشا خوارێ ديتی هيوا له‌ولاوه دۆشی دابردووه و کاکه ههژیریش به ديواره‌که‌وه خه‌وی لێکه‌وتووه. سه‌رنجێکی کاکی دا، وادياربوو له بيمارستان ده‌رزی ئێشيان لێدابێ، چونکه دياربوو ئه‌و خه‌وه هی حاڵێکی ئاسايی نه‌بوو. هيوا ئاخێکی هه‌ڵکێشا و گوتی: چ که‌رده‌ن مامه؟ به‌خوا خراپمان به‌سه‌رهاتووه! به‌خوا خراپمان لێقه‌وماوه! نازانم چۆنت دی، ئه‌و بێشهڕهفانه تارايان دابوو به سه‌ر ئه‌و باوکه‌ی مندا…
ئه‌و له‌به‌ر گريان قسه‌ی بۆ نه‌هات و ئه‌میش پێی گوت: جارێ هيچ ناکرێ کوڕی مامی، ناڕه‌حه‌ت مه‌به! ده‌ڵێی چی ڕه‌نگه هه‌ر مرۆيهک وه‌ک کاکم ڕۆژێک بهڵايهکی خراپی ئاوای به سه‌ر بێ. هيچ له که‌س ديار نيه. قهيناکات، ده‌بێ خۆمان ڕاگرين. چاوێکت به ئارامه‌وه بێ بزانين چبکهين، یان ئه‌سڵه‌ن چمان بۆ ده‌کرێ.
قسه‌ی له‌وه زياتر بۆ نه‌ده‌کرا، پێی گوت بۆ هیچکوێ نه‌چێ و کاک ههژیریش به‌جێ نه‌هێڵێ نه‌کا شتێک بێ.
به ئهسپاییهاته ئه‌م دیو و سه‌رێکی له براژنی دا. ئه‌ژنۆی گرتبووه باوه‌ش و خۆی ده‌لاوانده‌وه. ناهه‌قی نه‌بوو چونکه به درێژایی ته‌مه‌نی قه‌ت شتی ئاوا له ماڵی ئه‌وان ڕووی نه‌دابوو. بڕێک دانيشت به‌لايه‌وه و نازانێ چی پێ گوت. ئاخر خۆ ئه‌ويش هه‌ر براژنیان نه‌بوو، له‌گه‌ڵ کاکی هيچ ئاشقه و ماشقه بوون، به‌ڕاستی وه‌ک کچێکی دڵسۆز و به‌ئه‌مه‌گی دايک و باوکیشی وابوو. بۆ هه‌تا مابوون جارێکيش بووبێ گله‌يی و سکاڵايهکيان له ده‌س کردبێ. خودا نه‌کا به‌و هه‌موو ئه‌رکه‌وه جارێک بۆڵاندبێتی. هه‌ر ئه‌وه غهمیئهوی پێ له هی خۆی قورس‌تر بوو. نه‌یده‌زانی چی بۆ باس بکات. وه‌ده‌رکه‌وت. نه‌یده‌زانی ڕوو بکاته کوێ و چی بکا. خۆ تازه دووکانیش ناخۆشترين جێگای ژيان بوو، ئه‌و دووکانه‌ی له ده‌ورانی خاڵه شه‌کره‌ی باوکییه‌وه ڕۆژێ ده‌يان که‌س ده‌هاتن و چه‌ند وه‌ستا و شاگرد کاريان تێدا ده‌کرد و هه‌موو جۆر ليباسی لێ ساز ده‌کرا، ده‌بووه جه‌حه‌نده‌م. دووکانيش هيچ، قه‌تی کاکی ئاوا نهديبوو. ئه‌و داخه دهيکوشت مه‌گه‌ر خودا بزانێ چه‌نده پياوێکی به شه‌رم و حه‌يا بوو. له هه‌موو عومریدا لێی نهبيست باسی ژن و نامووسی که‌سێ بکا. زۆريش ڕقی له‌و جۆره پياوانه بوو وا چاويان دهبڕيه سمت و بارخانه‌ی ژنان و ده‌ستيان ده‌کرد به که‌ره‌که‌ر و قسه‌ی هيچهکه و پووچهکه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه يه‌کێ له خوووخدهکانی ڕه‌حمه‌تی باوکی بوو که بهويش و به هه‌موویان گهيشتبوو. دايکی ده‌يگوت به ماوه‌ی حهياتی، جارێک قسه‌يه‌کی ناجۆری له ده‌م ده‌رنه‌هات. ده‌يگوت به ماوه‌ی حهياتی فه‌رقی ژن و پياوی نه‌ده‌خست که ژن به چاوێکی ديکه چاو لێ بکات. وه‌کوو ده‌يگوت نه هی ترس بوو نه هی بارهقهڵڵايی، به‌ڵام به‌ڕاستی و بێڕيا ئاوای ده‌ڕوانیه ئینسانه‌کان و له‌ولاشه‌وه یان نه‌وسی له خۆیدا کوشتبوو یان هه‌ر هه‌وه‌س و ئه‌و جۆره ڕوانینه‌ی تێدا نه‌بوو. ئه‌ويش ئه‌وانه‌ی هه‌مووی له باوکیيهوه پێ گهيشتبوو، که گوايه پێشتر ژنێکی ديکه‌ی هه‌بووه، زۆرجار باسی کردووه و یادی لێ کردۆته‌وه‌وه که چه‌ند جوان و شۆخوشه‌نگ بووه. دایکیشی له زمانی باوکییه‌وه جاروبارێک باسی کردووه. ئه‌ووه‌خت ده‌وره‌ی حاجی کاکهڵڵای باوه‌گه‌وره‌ی بووه و، له دێ بوون. گوايه ئه‌و چاره‌ڕه‌شه تازه بووک بووه و ترسی له‌گه‌ڵ بووه، چووه شه‌وانه ده‌رگاکه‌ی حه‌وشه‌ی به دزيه‌وه داخستووه. حاجی کاکه‌ڵڵا چه‌ند جاری وا ڕاگه‌ياندووه که ده‌رگای ئه‌و نابێ قه‌ت پێوهبدرێ و ده‌بێ بيستوچوار سه‌عاته‌که ئاواڵه بێ. گوتوويه هه‌زار ڕێبواری هيلاک و ماندوو له ڕێگای دووره‌وه دێن، ده‌رگای من دابخرێ ڕووبکه‌نه کوێ؟ گوايه به قه‌ستی چه‌ند جار به سه‌ر دايهگهورهیدا دێ هه‌تا ئه‌و ژنه حاڵی بێ که هه‌زار تووتنفرۆش، کووتاڵفرۆش و کاسبی ماندوو هه‌يه، له‌و ديوی سنووره‌وه به هيوای ماڵی من ڕێده‌که‌وێ، ئه‌ی ئێوه ده‌رگا داده‌خه‌ن ڕووبکه‌نه کوێ؟ بکه‌ونه ده‌س مه‌عمووره شه‌ڕه و ماڵيان لێ زه‌وت که‌ن؟ بيانخه‌نه زيندانه‌وه و له کار و کاسپيان بخه‌ن؟ من جوابی ويژدانی خۆم چۆن بده‌مه‌وه؟ هه‌موو منداڵی ڕهشوڕووتيان هه‌يه؛ هه‌موو زه‌حمه‌تکێش و ماندووی پارووه نانێکن. ئاخر ئه‌وه نه‌که‌ن چی بکه‌ن؟ له‌وه زیاتر ئه‌م خه‌ڵکه چی بکه‌ن؟ مه‌گه‌ر له‌م وڵاته کاول بووه چیکه هه‌یه؟
دايکی ده‌تگوت قسه‌ی پياوێکی پیرۆز و خۆشه‌ويست ده‌گێڕێته‌وه؛ باوکيشی زۆر جار باسی ئه‌و پیاوه‌ی ده‌کرد که له ته‌واوی ناوچه‌دا حاجی کاکهڵڵایهکی تێدا بووه؛ یانی که ناویهاتووه خوێن ڕاوه‌ستاوه و باسوخواسی ده هێنده‌ی حاتهمیتاییهک بووه بۆخۆی. زۆر وه‌خت بۆ سه‌لماندنی قسه‌کانی شتێکی ئه‌وی ده‌گێڕاوه. دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و ژنه هه‌ر حاڵی نه‌بووه، حاجی باوه‌گه‌وره‌ی سوێندی لێ ده‌خوا و دهينێرێتهوه ماڵه باوانی. براژنيشی دوای بیستنی به‌سه‌رهاتی ئه‌و ژنه و سه‌یروسه‌مه‌ره‌یی هه‌ڵسوکه‌وتی ماڵی وه‌ستا شه‌کره هيچکات کهمینههێنا. تازه هه‌زاران جاریش خۆی کردووه به قوربانی خۆڵی سهرقهبرهکهی دایکی و باوکی. به بيری ئه‌م قه‌ت بووک و خه‌سوو نه‌بوون، هه‌ميشه دايک و کچێکی زۆر ئازيز بوون. براژنی به خه‌ياڵ وه‌کوو خوشکی گه‌وره‌یان له‌گه‌ڵ منداڵیی هه‌موویان بووه و له‌به‌ر ڕێز و خۆشه‌ویستی ڕه‌نگه که‌س قسه‌ی له قسهيدا نه‌کردۆته‌وه. هه‌ميشه ده‌يگوت ده‌بوو درگاکه‌ی ئێمه‌يش له‌م شاره‌دا هه‌میشه هه‌تا وه‌ختی خه‌وتن دانهخرابايه. ده‌يگوت خاڵه شه‌کره پیاوێکی به هه‌یبه‌ت و له سه‌ر هه‌موومان به زافته بوو؛ هێنده سه‌یر که خه‌سووشم ده‌يگوت وه‌ستا شه‌کره، به‌ڕاستی شه‌کری له زار ده‌باری. ده‌يگوت به‌ڵام ده‌بوو پياوی وه‌ک خاڵه شهکرهشهاوسهرێکی ئاوا سالارهژنی هه‌بێ. ده‌يگوت ئه‌و کابرايه ودمیههبوو. که ده‌هاته‌وه له خۆشيان باڵمان ده‌گرت؛ غهمیدنيا به پايهوه ده‌ڕۆيشت، زافتهی ئه‌و ده‌ریایه‌ک خۆشه‌ویستی و نه‌رمونیانی بوو. ئه‌و ژنه هه‌زاران جار يادی ئه‌وانه‌ی کردبێ وه‌بزانه جارێکه. که ده‌يگوت ياديان به‌خێر، دووکه‌ڵی له دڵه‌وه ده‌هات. هه‌ميشه ده‌يگوت کوا ده‌ور و دووکان ئاوا نه‌گۆڕا بوو، هه‌زار که‌س، نهناسياويش وه‌ک ماڵی باوکيان ڕوويان ده‌کرده لای خاڵه شه‌کره و ماڵی خاڵه شه‌کره. لێره سه‌د جاريش کچيان به‌جێده‌هێشت، حه‌فته و زۆرتريش ده‌مانه‌وه. کچ و ژنی چی؟! به‌خوا شووشه! بڵێ تاوس و مايينی که‌حلان، بۆ که‌س بوو غايله به دڵیدا بێ؛ سه‌د جار ڕووبه‌ڕووی کاکی گاڵتهیهکیشی ده‌کرد: ئه‌مه له وه‌ستا خه‌لیلی مێردی ئازیزمه‌وه بيگره هه‌تا هه‌موو ئه‌و کوڕه جوان و جحێڵانه، ئامۆزا و خاڵۆزا و کوڕه له‌م به‌ر و ئه‌و به‌ر دایمودهرههم جمه‌ی ده‌هات. میوانیش هه‌ر ڕۆژی هه‌وه‌ڵ نامۆ بوون و ئيدی بۆ سبه‌ينێ ده‌بوونه کچی ماڵێ و له ئێمه خراپتر به ده‌وری خهزوورهمدا ده‌هاتن و ئه‌وه خه‌سووشم هيچ. هه‌میشه گارکه گارک و قاقای پێکه‌نین له‌م سه‌ر هه‌تا ئه‌و سه‌ری کووچه ده‌ڕۆیشت و دارودیواریشمان شادی لێ ده‌باری.
ده‌یگوت که‌س نه‌يده‌زانی ئێستا دێته‌وه چه‌ند که‌سی له‌گه‌ڵه. ته‌نانه‌ت جاری وابوو چه‌ند هێنده‌ی ئه‌و نان و چێشته‌ی سازکرابوو میوانی له‌گه‌ڵ خۆی دێناوه، به‌ڵام ده‌تگوت له غهيبهوه نان و خوان دێ. ده‌خڵی خانقاش نه‌بوو ئه‌و ماڵه. که‌س ميوانی به بێگانه چاو لێ نه‌ده‌کرد. ئێستاش نه‌مانزانی ئه‌وه چ سڕڕێکه. ئه‌سڵه‌ن ئه‌و پياوه نه‌خۆش و گرفتاری ئه‌و کارانه بوو. بێ میوان ههڵینهدهکرد و ئه‌وه‌ش نه‌بوو قه‌ت باسی دڵ چکۆلهيی که‌سێ بکا و تانه و ته‌شه‌ر له که‌سێ بدا و که‌س نه‌یدی جارێ خۆی هه‌ڵکێشێ. دایم ده‌یگوت دوای ئه‌و ره‌حمه‌تییه ئیدی ده‌ور گۆڕا، هه‌موو دێهات ماڵی خۆیانهاته شار و خه‌ڵک له یه‌کتری تهکانهوه. نامۆیی و بێباوه‌ڕی ئه‌وه‌ی کرد وا ئێستا هه‌یه.
تا ئاوا یه‌ک مانگێ باش بوو، جاروبار شتێکی ده‌خوارد، یان هه‌ر زۆربه‌ی وه‌خت درێژ ببوو قۆڵی ده‌نا سه‌ر چاوی و له ژێره‌وه پیشی خواردبۆوه، باشبوو له‌گه‌ڵ براژنی قسه‌یه‌کی ده‌کرد و ژه‌مه‌کانیش شتێکی هه‌ر ده‌خوارد، به‌ڵام دوای مانگ و چل ڕۆژێک، ئیدی دییان لاقیشی عه‌رز ناگرێ و بۆ ده‌روژوور ده‌بوو بچنه ژێر باڵی. ئه‌مجار که‌وتنه خۆ هه‌ر ڕۆژێ به شوێنێکدا بیبه‌ن و به دووی دوکتور و ده‌رمانه‌وه بن. ئه‌و پیاوه به‌ڕێز و خۆشه‌ویسته مابوویه‌وه… هه‌ر کۆمه‌ڵێ ئێسقان و دوو چاوی زه‌ق. هه‌موو پێیان وابوو هه‌ر به‌ینێکه و ئاخری چاک ده‌بێته‌وه، ده‌یانگوت تاساوه. ئاخری به کسپه‌ی دڵی براژنیدا زانیی تازه ئه‌و پیاوه شکاوه، یانی هه‌ر شتێک بوو له ناوه بوو. ناوه‌وه‌ی ئه‌و پیاوه له کار که‌وتبوو. دوکتوره‌کان به‌رده‌وام ده‌وای تازه‌یان ده‌نووسی و دڵخۆشییان ده‌دانه‌وه، به‌ڵام ئه‌مان هه‌ستیان به هیچ نه‌ده‌کرد. کوڕ و کچ، برا و براژن و هه‌موویان شه‌و و ڕۆژ به ده‌ورییه‌وه بوون. هه‌میشه به شنه‌ی کچی دهشناوه، به که‌مه‌ند بڵێسه‌ی شادی به‌رز ده‌بۆوه، ئێستا هه‌رچه‌ند به ده‌وریدا ده‌هاتن، قاچوقولیان بۆ ده‌شێلا و چێوهخرتهیان ده‌دا، ڕه‌نگه جارناجارێ به قوربانێکی پێ ده‌گوتن و به‌س. چی لێهاتبوو ئه‌سڵه‌ن نه‌یانده‌زانی. به‌ڵام خۆ پیاو ڕۆژی وا قرچه‌قرچ بسووتێ زۆر خۆشتره، سێڵاو بیبا و گوموگۆڕ بێ هه‌زار ئه‌وه‌نده خۆشتره. تازه کامه دووکان، کامه کاروکاسبی و کامه ژیان؟! دوای ئه‌وه، هه‌ستی ده‌کرد هه‌موو ژیانیان له حه‌رام گه‌ڕاوه. هێزێکی گه‌وره‌ی هه‌ست به سهرشکستهیی و ده‌ردێکی ئاواوه، نه‌ک به‌یانیان و ئێوارێ، به‌ڵکوو ژه‌هرێک بوو که به ده‌ماری هه‌موو خه‌ون و خه‌یاڵیاندا ده‌گه‌ڕا. هیچکامیان له هیچکوێ ساتاریان نه‌ده‌گرت. هه‌وه‌ڵ ئاواتیان ئه‌وه بوو دوای چه‌ند ڕۆژ، کوڕه مانگێ، هه‌ستێته‌وه و هه‌رچۆنێک بی به‌ردێ له به‌ردێ بده‌ن، به‌ڵام گه‌یشته مانگ و هه‌مووشتێ سه‌د هێنده‌ی دیکه گۆڕا. براژنی وه‌خت بوو شێت بێ، هه‌موویان، چ خوشک و برا و چ برازاکانی، هه‌موو له باوکمردن خراپتر دۆشیان دابردبوو. شیرازه‌ی کار و دووکانداری به ته‌واوه‌تی لێک ترازا؛ تازه ئه‌و کوڕانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئاقاره کاریان ده‌کرد باشتر بوون، به‌ڵام ئه‌مان ڕاست له ناوه‌ڕاستی جهحهندمهکهدا بوون. هه‌موو ڕۆژێ ناسیاو و بێگانه به جۆرێکه‌وه به به‌ر دووکانه‌که‌دا ده‌هاتن و ده‌چوون و ته‌ماشایان ده‌کرد، ده‌تگوت هه‌ر کامیان به جارێ هه‌زار پرسیار له‌و باره‌وه ده‌پرسن.
چه‌نها جار هه‌تا نزيک نانهوايهکهش چوو، دهیويست شاتروهيسی له به‌ر چاوی ئه‌و عاله‌مه به سه‌ره‌وه بخاته ناو ته‌نووره‌که‌وه، دهیويست ئاوا له‌به‌رچاوی ئه‌و عاله‌مه بيئهنجنێ و بيبرژێنێ هه‌تا ئۆخه‌ی له دڵ بکه‌وێ. چه‌ند شه‌و چووه سه‌ر سه‌ربانه‌که‌ی ماڵی سهیداغا، دهیويست ئه‌وێ تاقی بکاته‌وه و تفه‌نگێ حه‌ول دا، خۆيان بۆ بکا به ژوورێ‌دا و تاقهواريان لێ ببڕێ. که قسه‌که‌ی کاکی وهبيردههاتهوه ده‌یدی ڕاستی ده‌کرد، به‌و کاره هێنده و سه‌د هێنده‌ی ديکه ئابڕوویان ده‌چوو. براژنی هه‌رچه‌ند زۆر کهمیوهخۆ ده‌خست به‌ڵام دياربوو له هه‌موویان خراپتره. هه‌موو تازه‌یان ده‌زانی ئه‌و ژنه چه‌نده ئاشقی ئه‌و پياوه‌يه، دياربوو له به‌ر خۆشه‌ویستی ئه‌م به مسقاڵه زه‌ڕڕه‌ش بيری له مهنيجه درێژ نه‌کردۆته‌وه و به‌غیلی پێ نه‌بردووه. ئه‌وه‌تا وهبيریان ده‌هات عهيزهنوبيلا کۆتر و ڕۆژانه له‌م باروئهوبار هه‌ر نه‌بوایه به بهردهميا ڕۆينهیهکی ده‌کرد و به بۆنه‌ی شتێکی زۆر چکۆله‌وه، ساده و ساکار ناز و عيشوهيهکی بۆ ده‌کرد، کاکیشی بۆ گاڵته‌وگه‌پ ده‌بوو قسه‌یه‌کی هه‌ر بکردایه، کارێکی هێنده نه‌رمونیان و پڕ له خۆشه‌ویستی که‌سێک نه‌بوو به‌حاڵیش ئێرادێکیان لێ بگرێ. به‌ڵام ئه‌و ڕووداوه، ئه‌و بێئابڕوویيه ئه‌ويشی کوشتبوو. له دڵی ئه‌ودا نه‌بوو، به‌ڵام دڵنيابوو ئه‌گه‌ر کاکی به‌وه ههستايهتهوه ته‌نانه‌ت ده‌چوو ده‌ڵاڵی ئه‌و خات مهنيجهشی بۆ ده‌کرد. هيچکه‌س به ئاستهميش ناهه‌قی ئه‌و ژنه‌یان نه‌ده‌گرت چونکه ئه‌و له هه‌موویانی خراپتر لێ قه‌ومابوو. جارێ هيچ له‌و بنه‌ماڵه‌دا پير ببوو، زۆر چاک له بيری بوو ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه کێ بوون و یادی خاڵه شه‌کره لای خه‌ڵکێکی زۆر چه‌ند گه‌وره و خۆشه‌ویست بوو؛ له‌ولاشه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکیش چه‌نده‌یان فه‌رق بوو. ده‌يزانی خه‌زوور و خه‌سووی کێ بوون و له ناو خه‌ڵکدا چۆنيان باس کراوه و چۆنیان باس ده‌کردن. ئه‌مانه ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر له‌سه‌ر دڵی خهپهرهیان ده‌کرد و هه‌ميشه ده‌يگوت ئێمه پێکه‌وه پير بووين، خۆ ئه‌گه‌ر پياوێکی وابايه پێم سه‌ير نه‌بوو. ده‌يگوت ئه‌و به جوان و جحێڵی و له‌و ماڵه‌ی خاڵه شه‌کره‌ی ڕه‌حمه‌تیدا هه‌زار جارمان تاقی کرده‌وه، زۆرجار قسه‌ی جۆراوجۆری ئه‌و ژن و کچه چاوبه‌ڵه‌ک و ڕه‌ش ئهسمهرانهمان به گوێيدا دا، که‌چی خه‌سووم و هه‌موو کچه‌کانی خوشکی ده‌زانن، به خوا قه‌ت به جۆرێک ڕه‌نگیشی نه‌گۆڕاو و دڵی غايلهی پيانههات. هه‌ميشه وه‌ک لێقه‌ومانێکی گه‌وره به لای ميوانه نزيکهکانهوه ده‌يدا به سه‌ر خۆي‌دا و دهگريا: ئاخر کێ کوڕی وه‌ستا شه‌کره‌ی ديوه جارێک ئاکارێکی خراپيان نيشان دابێ. تازه ئه‌م مێرده‌ی من ئه‌گه‌ر هيچکات وه‌کوو خهزوورمیپێ نه‌کرا، به‌ڵام ئێمه پێکه‌وه پير بووين و جارێک خۆزگه بمديبايه، هه‌ر جارێک سووک و چرووکيم پێوه ديبا داخم نه‌ده‌هات.
نيوهڕۆيهکی دره‌نگ گهيشتينهوه، براژنم بڕێک واقیوڕما و دوايی له‌گه‌ڵ هه‌موو منداڵه‌کان و خێزانم ده‌ستيان کرده شين و شه‌پۆڕ و خۆڕنين. من و کاک هه‌ژیر ده‌سمان دابووه ژێر باڵی و پڕ به دڵ هه‌ستم ده‌کرد ده‌بێ ئاوا و له‌وه‌ش خراپتر شيوه‌ن بکه‌ين؛ ئاخر به مه‌ده‌ی عه‌مرم که‌سمان و هيچکات کاکمان ئاوا نهديبوو، هه‌ر بۆيه خۆشم له ژێره‌وه دهکوڵيم و له‌وه زۆر ناڕه‌حه‌تتر بووم که يه‌کێ له منداڵه‌کان بمردايه. نه‌بوو، کاره‌ساتی ئاوا ناخۆشمان هيچکات نهديبوو. به گريان و شين و شه‌پۆڕه‌وه، نه‌رمه نه‌رمه بردمانه ديوه گه‌وره‌که؛ خێرا جێگاوبانيان ڕاخستبوو. کاک هه‌ژیر و براژنم زۆر به ئه‌سپايی له سه‌ر جێگاکه ڕايان کێشا. ئه‌و هه‌روا بێده‌نگ و جارجار ناڵهيهکی به‌ژانی ده‌کرد. براژنم ته‌ماشايه‌کی هه‌ر هه‌موومانی کرد و زۆر به ته‌وس و ماناوه گوتی: باشه ئه‌وه چيبووه؟ ئه‌و پياوه بۆ ئاوای لێهاتووه؟
کاک هه‌ژیر منجه منجی ده‌هات و خه‌ریک بوو شتێکی هه‌ڵده‌به‌ست هه‌تا دڵی براژنم و هه‌موويان خاوکاته‌وه، به‌ڵام کاکم زۆر به هێوری و له سه‌رخۆوه هه‌رای کرد: گوڵچین، گوڵچین گيان! تۆ ئه‌و خودايه جارێ له‌وه گه‌ڕێ پاروويه‌ک نان بێنه بۆ هه‌ژیر و ئه‌و کوڕانه، دوايی پێت ده‌ڵێم، ده‌زوو ده‌ی! خۆم هه‌مووت بۆ ده‌گێڕمه‌وه.
سفرهکهيان هێنا، هه‌موو به زۆری کاک ههژیرهاتينه قه‌راخ سفره‌که به‌ڵام هه‌مه به هه‌م نانێک نه‌خورا. هيوا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به وه‌ڕه‌زی که‌وچکه‌که‌ی له قاپه‌که‌دا ده‌سووڕاند، گوتی: پياو نه‌بم ئاوريان تێ به‌رنه‌ده‌م!
به وه‌ڕه‌زی و گريانه‌وه هه‌ستا پا و به دزی براژنم و ئه‌وانه‌وه گوتی: پياو نه‌بم شه‌رته ئه‌گه‌ر، ئه‌گه‌ر هه‌موويان وه‌ک سه‌گ نهتۆپێنم! دهبڕۆدهی!
ده‌هات ئاوا بڕواته ده‌رێ که کاکم ده‌موده‌ست ڕاپه‌ڕی: داده‌ی هيوا گيان وه‌ره کوڕم!ها، جارێ ئه‌و ده‌رگايه پێوه‌ده، ده‌ی. هه‌ژیر تۆغا تۆش برام، ئه‌رده‌ڵان گيان برای خۆشه‌ويستم، با براژنت گوێی لێ نه‌بێ. پێوهتدا؟ هه‌ژیر گيان پێيان بڵێ…
ده‌یویست ڕاست بێته‌وه و نه‌یده‌توانی، هه‌ستام خێرا ژێر باڵم گرت و بڕێک ههڵمکێشا سه‌رێ. نه‌يده‌توانی ڕاست بێته‌وه، دياربوو ته‌واوی گيانی کوترا بوو. به‌ده‌م هێندێ ئاخ و ئۆفه‌وه پاڵی دا به پشتییه‌که‌وه و زۆر به ئه‌سپايی گوتی: حه‌قتان به‌سه‌ر که‌سه‌وه نيه! خوانه‌کا قسه‌يه‌کی کاڵ به که‌س بڵێن… شته‌که زۆر له‌وه پيستره قسه‌ی لێ بکه‌ی. کێ ده‌کوژن؟ له سه‌ر چی؟ ئه‌ی ئێوه بوايهتن چيتان ده‌کرد؟ شتی وا هه‌ر نه‌بووه نا! ئه‌وه بزانن کابرا پياو بووه و له نامووسی خۆی ديفاعی کردووه. کوڕه شته‌که هێنده پيس و گڵاوه هه‌ر نه‌بووه نا! من ده‌مویست به قسه‌ی شاتروهيسی! دیوتانه؟! به‌ڵێ کوڕی من شاتروهیسی به‌خه‌یاڵ ڕفێقم به ڕۆژی ڕووناک، به چی…؟ به جگه گورگێ سواری مه‌نیجه درێژی ژنی سهيداغا بم. ئاشا ئه‌و بهدبهختيه! ئاشا ئه‌و ئابڕووچوونه! له‌وانه‌يه چوار پێنج کوڕ و له‌وانه‌یه ده برای هه‌بێ، سهیداغا! ده برا! ئه‌ی سهيداغا خۆی هه‌ميشه‌ی خودا ده‌ڵێی نه‌ڕڕه شێره؛ بهاتايه ته‌ماشای ئه‌وه‌ی کردايه ئه‌وه کاکم ئيشتيای چۆته ئه‌و ژنه جوان و باڵا به‌رزه‌ی ئه‌و؟ کوڕه لێی گه‌ڕێ با عاله‌مێک به‌م کاره‌ساته‌ی ئێمه‌وه ته‌مێ بن. نانا نهخڵهتابێتن هه‌ر فکريشی لێ بکه‌نه‌وه! ئه‌رێ هه‌ژیر تۆ برا شتێک بڵێ، ئه‌وه خۆمانين، ئه‌وان بڵێن چی؟ من چووم کێشه‌م به‌وان فرۆشتووه. ئێوه به من ناڵێن من چۆن چووم کاری وام کردووه؟ وه‌ڵڵاهی ئه‌و ژنه چه‌ن جاری گوت قسه نه‌که‌م! کوڕه تووڕه بوو گوتی ئه‌وه‌تا کاريگه‌ر و بهننامان هه‌یه هه‌ر ڕێک بيست نه‌فه‌رن وه‌ستا ناخهلیلی پیاوماقووڵ و به‌شه‌ره‌فی گه‌ڕه‌ک! بانگيان که‌م دووهه‌زار شهپت تێ هه‌ڵده‌ده‌ن. من هه‌ر نه‌مده‌زانی چی ده‌که‌م و که‌چی شاتروهيسی قاقای ده‌کێشا بۆ تێی هه‌ڵده‌ن خات مه‌نيج؟ کوڕه خۆشتی ئه‌وێ! وه‌ستا خه‌ليل شێت بووه بۆت، شێت! خۆ جوابی دهیتۆ کافر نابی خوشکم.
بزهيهکی پڕ داخ و ديقیهاتێ و داوای سيغارێکی کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به ناقايلی مژی لێ ده‌دا، درێژه‌ی پێ دا: کوڕه‌کان کێ ده‌کوژن؟ به‌خوا هه‌ژیر شتی وا به مه‌ده‌ی عومرمان نه‌بووه و نه‌کراوه! ئاخر ئێوه بيری لێ بکه‌نه‌وه، مه‌گه‌ر ژنی کابرا مريشکه به‌و نوێژی نيوه‌ڕۆيه، له به‌ر چاوی ئه‌و عاله‌مه لێي ده‌بییه که‌ڵه‌شێر؟ ده‌ی شاترويسی بڵێ چی؟ من ناڵێم ئێوه بڵێن شاتروهيسی که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌بێ من له‌گه‌ڵی ئه‌ملاولا بکه‌م؟! يانی عاله‌م ده‌زانن شاتروهيسی بۆ سڵاويش نابێ چبگا به‌وه‌ی من له‌گه‌ڵی باغ و باغات بکه‌م و دانیشم و له‌گه‌ڵی سه‌رخۆش بم. هه‌ر مه‌ڵێن! کارێکه که‌س نه‌کردوو! هه‌ر بۆ ئه‌وه نابێ ناويشی بێنن! شه‌ڕی بۆ ده‌که‌ن؟ پياوی بۆ ده‌کوژن؟ حهييا حه‌ی! به خوا جوانه! هه‌ژیر تۆ بيرت لێ کردۆته‌وه…! کوڕه باسی مه‌که‌ن! با وه‌ستا شه‌کره‌ی باوکم ئێسک و پرووسکێک له قه‌بره‌که‌ی نهيهتهدهرێ و ده‌س نه‌کا به‌هاوار و ڕۆ ڕۆ! کاری کوشتن و بڕين نيه براگيان!
دايه قوڵپه‌ی گريان و به ده‌نگێکی نه‌رم که نه‌گاته ئه‌وديو و براژنم و کچه‌کان ئاگادار نه‌بن خۆی ده‌لاوانده‌وه: کاری قوڕپێوانه، ده‌بێ قوڕبپێوين! کاری هه‌تاهه‌تا ئابڕوو چوونه! لێم گه‌ڕێن هه‌رچی ده‌که‌ن هه‌ر با له‌وه زياتر ئابڕووی وه‌ستا شه‌کره‌ی باوکم نه‌چێ! تازه به پياوکوشتن چاک ده‌بێته‌وه؟ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی پۆل‌پۆل ڕوويان ده‌کرده ئه‌و پياوه خۆشه‌ويسته. به قهرزدارييانهوه، به نه‌خۆشی و ئازاريانهوه، به ژن هێنان و ژن هه‌ڵگرتن، به قهتڵوقوتڵ و باوک مردن و برسيه‌تی، ڕوويان ده‌کرده خاڵه شه‌کره. ئێستا ناپرسن ههیههی! عه‌جه‌ب کوڕی خاڵه شه‌کره‌ی ڕه‌حمه‌تی! ههیههی عه‌جه‌ب! کوڕه عه‌جه‌ب به‌دبه‌ختی و ئابڕووچوونێک! کوڕه هه‌ژیر خۆت ده‌زانی، ئه‌وه‌تا گوڵچین خانمیبراژنت، ئه‌ی دايکه ڕهحمهتيهکهم، ئاخر مه‌گه‌ر هه‌ميشه‌ی خودا پێکه‌وه نه‌بووين؟ ئه‌ی مه‌گه‌ر ئه‌و هه‌موو ژن و کچه جوانانه به ده شه‌و و مانگيش له ماڵی ئێمه نه‌ده‌مانه‌وه؟ ئه‌وه‌تا گوڵچین ده‌زانێ جوان و جحێڵ و جوانيش که‌ر و شێته، کوا ئه‌قڵی؟ ئه‌ی بۆ ئه‌وکات جارێک شتێکم به دڵدا نه‌هات؟ ئاخر خۆ ماڵی خاڵه شه‌کره دايم پڕ بوو له ناسياو و نهناسياو. ئه‌ی بڵێم له ته‌واوی ته‌مه‌نما ئه‌و خاڵه شهکرهيه تاقه زللهيهک چيه لێمانی نه‌دا، مه‌گه‌ر خۆت هه‌مووت له بير نيه؟ ئاخر ئه‌ی بۆ دڵم بۆ يه‌کێک له‌وانه نه‌چوو؟ ئه‌ی خۆ وه‌ڵڵاهی له خاڵه شه‌کره نهدهترساين، ئه‌ی بۆ هه‌موو ئه‌و ئافره‌تانه وه‌ک کچه‌کان وابوون؟ خۆ ئه‌وه گوڵچین ده‌زانێ چی نه‌ده‌کوترا، خۆ کچ ده‌هات… ئاخر خۆت دايم پێکه‌وه نه‌بووين! خودایه تاوانم چی بوو هه‌ژیر وا ئاوا ئاقيبهت به شه‌ڕ بووين؟ مه‌که‌ن! قه‌تی باس مه‌که‌ن کوڕه‌کان، شه‌ڕی چی و شتی چی!
داوای ئاوی کرد، زۆر شه‌که‌ت ببوو، ئه‌و قسانه‌ی له زاريهوه نه‌ده‌هات، له دڵی پڕ له برک و ژانیهوه هه‌ڵده‌قوڵا. ئاوه‌که‌ی خوارده‌وه و بڕێک مات بوو. دوايه ده‌ستی بۆ هيوا درێژ کرد و به ئاخ و ئۆفه‌وه درێژ بووه سه‌ر جێگاکه و مت بوو. هه‌موو دڵمان پڕ و که‌س قسه‌يه‌کی بۆ نه‌ده‌کرا. ئاخری کاک هه‌ژیر هه‌ڵیدایه: کارهوهاتووه خه‌لیل خۆتی بۆ ئاوا ئاسته‌نگ مه‌که برام! بزانین ڕێگا چاره‌یه‌کی بۆ ده‌دۆزینه‌وه خۆ ئاوا هه‌ر نیه. خه‌ڵک لێشی ده‌قه‌ومێ و کاره‌ساتیشی دێبهسهردا. دنیاش سه‌ری به پووش نه‌گیراوه بزانین چی بکه‌ین یان چمان بۆ ده‌کرێ.
له حهيبهتا هه‌ستام چوومه‌وه بۆ نهۆمیسهرێ که ئێمه له‌وێ دهژیاين و ماڵی کاکيشم له خواره‌وه بوون. ئاگام لێ‌بوو خێزانم به ئه‌سپايی به دوامدا هه‌ڵکشا و هه‌ر گه‌يشته سه‌رێ به ترس و ئه‌سپايی گوتی: ئه‌وه چی بووه ئه‌رده‌ڵان؟ بۆ که‌س هيچ ناڵێ؟ ئاخر نابێ بزانين چی بووه؟
بێزار و وه‌ڕه‌ز هه‌رچی بيرم لێ کرده‌وه نه‌مزانی چی جواب ده‌مه‌وه. بڕێکی تێڕامام و گوتم سهرينێکم ده‌يه با بڕێک درێژ بم. لهوانهیههاروشێت بم! هه‌ر لێی گه‌ڕێ دلبه‌ر! لێی گه‌ڕێ منیش نازانم چی بووه. لێی گه‌ڕێ…
زۆر دواتر وهردێنهچيهکهی شاتروهيسی په‌يدا کرد. هه‌ر هه‌زار خۆزگه هيچی نهبيستايه. ئاخر که‌ی کاکی خه‌ريکی کاری ئاوا بوو؟ که‌ی کاکیان بۆ جارێکيش ديبێ که وه‌دووی فێعلی هيچهکه و پووچه‌که‌ی ئاوا بێشه‌رمانه که‌وتبێ. چه‌ند ئێوارێ شاتروهيسیهاتبووه دووکانه‌که‌ی و دیبوویان پێکه‌وه ده‌رکه‌وتبوون به‌ڵام نه‌یانزانیبوو که ده‌چن بۆ سه‌رخۆشی باغه‌کانی ده‌ره‌وه. ڕۆژێک له‌و پاييزه دهمهوزستانهدا، ته‌نکه به‌فره‌که‌ی شه‌وێ به‌به‌ر هێندێ نسێ و نسارهوه مابۆوه. ده‌يگوت کزهبايهکهاتووه و وڵات خه‌ريک بووه بيبهستێ. دابه‌زيون و خێرا ئاورێکيان کردۆته‌وه و له‌گه‌ڵ ئاورهکهش نمه‌نمه دهسيان پێکردووه. گێڕابوويهوه که به‌حاڵ ڕووناکی به ئاسۆوه مابوو که کاکی هه‌ستاوه چۆته ئه‌ولاتر ده‌س به ئاوێک بکا، دوای تاوێک قووله‌ی لێ هه‌ستاوه: وه‌ره وه‌يسه به خودا ئه‌مه له سه‌گ ناچێ.
گوتوويه گهيشتمێ ديتم ڕاست ده‌کا. گۆڵه گورگێکی تۆپيو بوو، ڕه‌نگه له برسا قڕیهاتبێ یان ده‌رمان و شتی خواردبێ. دهيگێڕاوه که زۆريان ته‌ماشای قهدوقهواره و سه‌روسه‌کوتی کردووه. گه‌ڕاونه‌ته‌وه لای ئاوره‌که، زۆريان باسی ئازايه‌تی و نه‌ترسی گورگ کردووه. زۆریان باسی سامیگرانی و بێڕهحیمیکردووه. دوايه ئه‌ملاولا به‌ده‌م مهستييهوه باسی جگی گورگيان کردووه، که بڵێی ڕاست بێ، ژنانیان پێ فریودابێ؟ دوايه سه‌رخۆشانه که‌وتوونه‌ته گيانی گورگه و جگيان ده‌رهێناوه.
گێڕابوويهوه که به‌و سه‌رما و تاريکييه هێندهيان به سه‌رخۆشی به‌زم گێڕاوه هه‌ر مه‌پرسه. ده‌يگوت گوایه وایداده‌نێن چه‌ند ڕۆژێک به شاتروهيسی بێ هه‌تا هه‌ر له به‌يانی ڕۆژی هه‌وه‌ڵه‌وه ژنان دێن بۆ نان، ده‌س بکا به تاقیکردنه‌وه‌ی و بزانێ ژنان چۆنی پێ هه‌ڵده‌خڵه‌تێن. ده‌يگوت له ماوه‌ی ئه‌و ڕۆژانه‌دا چه‌ند جارێکی ناردبووه دوای و ژنه‌کانی پێ نيشان دابوو.
هه‌زار جنێوی به شاتروهیسی دابوو. ده‌يگوت حهرامزادهيهکه مه‌پرسه؛ ته‌واوی گه‌ڕه‌ک ده‌یانزانی. جاری هه‌وه‌ڵ هيچکاممان شکمان نه‌کرد جهريان ئه‌وه بێ، چونکه زۆری شۆخی له‌گه‌ڵ ده‌کردن؛ شۆخی پيس پیس. کهمواههبوو له ده‌ستی ده‌رچووبێتن. کێ هه‌یه باشاری ئه‌و بێشهڕهفه بکا؟ هه‌موو گرفتاری نان و ئه‌ویش که‌س نازانێ له کوێوههاتووه و چۆنی نانه‌وایی وه‌رگرتووه. ڕۆژی وايه ده‌بێ قنچکه سه‌مای له‌به‌ر بکه‌ی هه‌تا جوابی سڵاویش بداته‌وه، هه‌تا وه‌ک ئينسان نانه‌که بدا به خه‌ڵکه‌که.
ئه‌و چه‌ند جاری ناردۆته دووی کاکی، ئه‌وان نه‌يانزانيوه بۆ شتێکی ئاوايه، به‌رده‌وام له ديوی هه‌ویره‌که قسه‌يان کردووه و به‌ده‌م قسه‌کردنه‌وه ئه‌م ديواوديويان کردووه. جاری هه‌وه‌ڵ تووبا خانمێکی بانگ کردووه که ژنێکی زۆر جوان و له‌به‌ر دڵان بووه. له‌وديو نه‌يانزانيوه چی به‌و ژنه گوتووه، به‌ڵام قريشکهی هه‌تا ده‌ره‌وه ڕۆيشتووه و دوايهش به گارکه گارک و خۆ نواندنێکی جڵفانهوه چۆته ده‌رێ. کاکيشی وادياره به مات و حهيرانی له‌گه‌ڵ وه‌يسه به‌ده‌م گونتک گرتنهوههاتوونهتهوه ئه‌م ديو.
بۆ ڕۆژی دوایی که بانگی کردۆته‌وه گوايه مريه‌م جافييهکان بانگ کردۆته ديوی ههويرهکه، سێبه‌سێ بوون. بڕێک ده‌نگه دهنگهاتووه، به‌ڵام ئه‌مان نه‌يانزانيوه باسی چی ده‌که‌ن. ده‌يگوت ئێمه هيچمان قهتقهتيش به‌قای سه‌گێکمان به شاتروهيسی نييه و نه‌بووه. ده‌يگوت چه‌ن جاريش چاکيان تێهه‌ڵداوه به‌ڵام پیاوێکی بێحه‌یا و بێشه‌رم و بێشه‌ڕه‌ف و ده‌ڵێن پشتی به به‌عزه جێگايه‌ک گه‌رمه.
له ماوه‌ی ئه‌و ڕۆژانه وه‌يسه کايه‌ی به کلکی کردووه و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ کاکی گاڵته‌ی کردووه نازانم: “وه‌ره‌ده‌رێ مازوو! به سه‌ری وه‌ستا يهکاويهکه! پێشينيان له خۆوه هيچيان نه‌وتووه هه‌ی ڕه‌حمه‌ت له قهوريان! دياره هه‌موويان تاقی کردۆته‌و وه‌ستا خه‌لیل گيان!”
ده‌يگوت کاکی به‌رده‌وام له فکردا بووه و ئه‌مانیش به‌رده‌وام له فکری ئه‌ودابوون که بۆچی شاتروهیسی ئاوا ده‌کا. ئه‌و گێژ و سه‌رسام دياره نه‌يده‌زانی چی بڵێ و ئه‌ميش يه‌ک به نانهواييهکه زهڕاندوويهتی: به‌ڵێ ئاوايه وه‌ستا خه‌لیل گيان! هێشتا چه‌ن ڕۆژت ماوه له ته‌نکه‌ی گيرفانتی نێی و ئه‌و وه‌خت بزانی جگه گورگی لامهزهو چی ناکا برا! فهڕوولهقات بۆ ئه‌کاته مریشک، کوڕه باڕۆکه و هه‌ر که‌ڵه‌شێرێکی وه‌ک تۆی گه‌ره‌که و ئههانێ!
ڕاسته کاکی ئه‌وه نه‌بوو وا باوکی بوو، یان زۆر تێکه‌ڵی ئه‌و جۆره ئاکارانه نه‌بوو؛ یانی پیاوێکی دڵاوا و ڕفێقباز و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی خۆی هه‌بوو، به‌ڵام باوکی هه‌تا کوژرانی کاکه داودی پیاوێکی بێوێنه و یان هه‌ر نه‌بێ به‌ڕاستی که‌م وێنه بوو، وه‌لێ دوای مه‌رگی ئه‌و تێکچوو و ئیدی باوکی ئه‌وه کاره‌ساته گه‌وره‌یه تێکی دا و نه‌یتوانی به‌رگه‌ی ئه‌وه بگرێ. یانی دوای ئه‌وه بناغه‌ی زۆر شتی بنه‌ماڵه تێک‌چووبوو، به‌تایبه‌ت باوکی و دایکی. باوکی دووچاری فه‌رامۆشی و خه‌مۆکی کردبوو و هه‌ر ئه‌وه‌ش کوشتی. دوای ئه‌وه ئه‌میش زۆرتر ڕووی کردبووه کتێبخوێندنه‌وه و کاروباری مه‌یله‌و فه‌رهه‌نگ و بیرۆکه‌ی سه‌یر سه‌یری دروست کردنی فیلم و شتی وا. بیرۆکه‌یه‌کی نه‌خۆشین ئاسای ته‌واو کردنی هه‌موو کاره ناته‌واوه‌کان و کتێب و یادگارییه خۆشه‌ویسته‌کانی داودی خۆشه‌ویست؛ به‌ڵام بێئه‌زموونی هه‌مووی له جێبه‌جێ بوون دوور ده‌خسته‌وه، هه‌ر بۆیه ڕه‌نگه زۆربه‌ی کاره‌کانی هه‌نگاوێک بوو به‌ره‌و ئه‌و شتانه ههڵیدێناوه. حه‌وته‌ی هه‌ر نه‌بوایه جارێک وێنه‌که‌ی ئه‌و و باوکی و حاجی کاکهڵڵای باوه‌گه‌وره‌ی که له قه‌تحه‌ی دارگوێز گرتبوو، داده‌گرت و تۆزه‌که‌ی دهتهکاندن. یانی تۆزتهکاندنیش نه‌بوو، به‌ڵکوو ده‌تگوت تازه‌کردنه‌وه‌ی یاد و به‌ڵێنێک بێ. ئاخر هه‌موو ده‌یانزانی باوه‌گه‌وره‌ی هه‌تا ئاخر هه‌ناسه‌ی به‌و سوێنده وه‌فادار بووه که له ده‌ورانی کۆمار و پێشه‌وای نه‌مردا خواردبووی؛ ڕه‌نگه ته‌واوی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته سه‌یرانه‌ش به‌بێ هیچ شاتووشووتێ له‌و سه‌رچاوه‌وه هه‌ڵده‌قوڵا و کردبوویه ئه‌رکێکی ڕوحی و پێویستی ژیان و بوونیان.
ئه‌وه‌نده‌ی له بیریشیان بوو ئه‌و، ئه‌و به‌زمه‌ی ده‌ورانی هه‌رزه‌کاری هه‌ر له‌گه‌ڵدا بوو که حه‌وته‌ی جارێک و زۆریش بووایه دووجار ئێواران لهگهڵهاوڕێیهک ده‌رده‌که‌وتن بۆ سه‌رخۆشی. ئه‌گه‌رچی که‌م واهه‌بوو تێکی بده‌ن به‌ڵام قه‌تیان له که‌س نه‌بیست، ڕۆژێک له ڕۆژان که‌سێ کاکی به جۆرێک دیتبێ. خوا هه‌ڵناگرێ قه‌تیش له‌سه‌ر که‌سیان هیچ زۆر و زه‌برێکی نه‌نواند. کاک نه‌بوو، ئه‌ویش کاکێکی هۆقه‌باز و ماڵخۆر و زوڵمکه‌ر. دوای باوکیشی دووکانه‌که‌ی تێکدا و کردییه سێ دووکانی جۆراوجۆر و خۆی یه‌کی کرده پارچه‌فرۆشی. ئیدی کاری خه‌یاتی له دوای باوکییه‌وه بۆ نه‌کرا. براگه‌وره‌یه‌کی عادڵ و خۆشه‌ویست، هه‌ر نه‌بووایه حه‌وته‌ی جارێک کۆڕێکی بۆ ده‌گرتن و هه‌موو حهسابوکتێبێکی بۆ لێک ده‌دانه‌وه. به‌تایبه‌ت سه‌ره‌کیترین کێشه‌ی وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئاکار و ئه‌خلاقی خاڵه شه‌کره‌ی باوکی و حاجی کاکهڵڵای باوه‌گه‌وره‌یان بوو. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش حه‌سابێکی تایبه‌تی بۆ کۆنه دۆسته‌کانی باوکی هه‌بوو: به ڕاست و چه‌پ سه‌ری ده‌دان و ڕێزی لێ ده‌گرتن. کاک هه‌ژیری خاڵۆشی ئیدی باسی مه‌که. ئه‌مانه قه‌ت لێک وه‌ڕه‌ز نه‌ده‌بوون، ڕۆژێک ئه‌م نه‌چووایه یان ئه‌و نه‌هاتایه، ده‌بوو شه‌و شام حه‌تمه‌ن پێکه‌وه‌بن. به‌ڵام قه‌تیان نه‌زانی چۆناوچۆن بووههاوڕێی شاتروهیسی. ئه‌میش و کوڕه‌کانیش ئه‌وه‌یان زانیبوو، هه‌ر هه‌موویان به دیتنی ئه‌و له‌و هه‌رد و ههوێڵه قوتیان لێ قورمیش ببوو به‌ڵام که‌سیان له ڕوویان هه‌ڵنه‌هاتبوو ئه‌وه‌ی پێ بڵێن. یانی به‌ڕاستی شتێکی نه‌گونجاو و نه‌کراو بوو، فریوهکهش لێره‌دا بوو که هه‌موو به ئه‌قڵ و لێکدانه‌وه‌ی ئه‌م بڕوایان هه‌بوو، که‌چی به داخه‌وه ڕه‌نگه کێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ش بۆ مرۆ ئهقڵدارهكانیش ڕوو بدا.
بریا کاکه سووری /هاوینی ۱۳۹۴
