دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / جۆرجۆ ئاگامبێن لە تیۆردا؛ دەوڵەت و ئۆردوگا/ئەندروو ڕابینسۆن/ و. پژمان بەرخورداری

جۆرجۆ ئاگامبێن لە تیۆردا؛ دەوڵەت و ئۆردوگا/ئەندروو ڕابینسۆن/ و. پژمان بەرخورداری

photo_2016-06-11_13-05-07

نووسینەکانی جۆرجۆ ئاگامبێن کە لە ژێر کاریگەری فەلسەفەی کۆنتینەنتاڵی پاش دلۆزی و دەرکەوتەکانی ئۆتۆمانیا [۱] بوو، وەکوو گه‌رده‌لوولێک جیهانی فەلسەفەی لەبەر گرت . تیۆرییەکانی بە یەکبارە‌هاندەر و بەجێگە بوون و هەروەها دەنگدانەوەی ئەکتیڤیسمی‌سیاسی دژ بە ئۆتۆریتاریانیسم تێیدا ڕۆڵی بەرچاوی گێڕاوە. لە كاتێکدا نووسینەکانی ئاگامبێن لە بواری تیۆریدا چڕوپڕییه‌کی زۆریان تێدایە بەڵام دەستکەوتەکانی‌هاوکات هەژێنەر و‌هاندەرن .دەوڵەت  بەشی جیانەبووی سازکرانی ئۆردوگای کارن کە لەوێدا لە گەڵ خەڵک وەكوو بوونەوەرانێکی بێنرخ هەڵسوکەوت دەکرێت .لەوە خراپتر دیوارەکانی ئۆردوگا خەڵک لە هەر چەشنە مافێکی کۆمەڵایەتی دادەماڵن. دەولەت ناتوانێت بە بێ ئەو بارودۆخە کە ئۆردوگا بەرهەمی‌دەهێنێت بوونی ھەبێت، بۆیە تەنها ڕێگەی دەرباز بوون لە ئۆردوگای کار دەربازبوون لە دەوڵەتە. بەڵام ئاگامبێن چۆن بەم دەرئەنجامە دەگات. تیۆری دەوڵەت لە ئاگامبێندا وەکوو بەرسازدراوێکی ئۆنتۆلۆژیکی حکوومەت پێناسە کراوە. ئۆنتۆلۆژی لێکۆڵینەوەی فەلسەفیی سرووشتی بوون (being) ، واقعیەت و هەبوونە (existence) .ئاگامبێن-‌هاوڕێ لەگەڵ دلۆز و بەدیۆ- هەولێکی بەرهەستیان داوە لە بووژانەوەی ئەو بیرۆکە ئۆنتۆلۆژیکە کە‌هاوسازی نووسەرە پاش پێکهاتەخوازەکانی ڕەت دەکەنەوە. حکوومەت باسێکی ئۆنتۆلۆژیکە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بە شێوازی ڕاستەوخۆ پێوەندی بە ژیانەوە هەیە و هەروەها لەوێدا چیەتی حکوومەت وەکوو بابەتێکی ناوەکی خۆی دەردەخات؛ ئەمەش پێوەندیداریەکی ئەوتۆی لە گەڵ لایەنێکی دیاریکراو لە گوتاری دەولەتدا نیە. بە هۆی ئەمەوە کە حکوومەت و لایەنە پێوەندیدارەکانی لە ئۆردوگادا ئۆنتۆلۆژیکن، کە واتە چارەسەرەکانیشی ئەبێت ئۆنتۆلۆژیک بن، رەتکردنەوەی شێوازی بوون لە ئۆروگادا و بنیاتنانی شێوازێکی تەواو جیاوازی هەبوون ئیمکان و دۆخێک کە ئەبێت لە ئۆنتۆلۆژیەوە بخوێنرێتەوە، بە تایبەت لە سرووشتی ژیانەوە) .‌ئاگامبێن حکوومەت وەکوو بابەتێکی سەرەکی لە ژیانی کومەڵایەتیدا دەستنیشان دەکات نەک وەك دیاردەیەکی لاوەکی. ئاگامبێن ئەو بیرۆکە مارکسیستیە کە دەوڵەت وەکوو رووبنەما (superstructure) ڕەچاو دەکات و هیچ چەشنە بابەتێکی ڕەمزی و نهێنی لە هێزدا نابینێت ڕەت دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە حکوومەت بە شێوازێکی ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر ژیان و بە پێی تێڕوانینی فۆرمەکانی ژیان دگۆڕێت. ئاگامبێن لەو باوەڕەدایە کە حکوومەت ماتریکسێکی بنەمایی بەرهەم دێنێت کە لەوێدا هەموو جۆرەکانی دیکەی دەوڵەت بەرساخت دەبێت .لەم سۆنگەیەوە باسەکانی ئاگامبێن لە نێوان لێکدانەوەی دەوڵەتانی کۆن وەکوو ئیمپراتۆری ڕۆم، مێژووی رژیمگەلی مونارشیک یان دێمۆکراتیک و هەروەها درکاندنی ڕووداوەکانی‌هاوچەرخ‌هاتوچۆ دەکات. ئاگامبێن هەوڵ ئەدات بۆ دەرخستنی ئەو ڕاستیە کە حکوومەت (لە واتا ئاگامبێنیەکەیدا) لە هەموو دەوڵەت و کاتێکدا دەورێکی سەرەکی گێڕاوە و ئەم پروسەیەش بە شێوازێکی مەنفی حالەتێکی کۆکرانەی (cumulative) گرتووەتە خۆ. هەبوونی حکوومەت شتێکە کە ئاگامبێن لە نووسینەکانیدا دەیەوێت بیسەلمێنێ. ئەم بابەتە ئەبێت بە میدیۆمی‌مێژووی فۆرمە جیاوازەکانی حکوومەت و چەمکە یاساییەکان و هەروەها شرۆڤەوانان و تیۆریستە ڕەخنەگرەکانی ئۆتۆریتارینیسم و پرواستیت وەکوو تۆماس‌هابز و کاڕل ئەشمیت لێک بدرێتەو. کەواتە ئاگامبێن بەو دەرئەنجامە دەگات کە سرووشتی دەوڵەتی حکوومەتی دەتوانێت لە بیر و بۆچوونی فیکری ئیستاتیستەکان و نووسینەکانیان بخوێنرێتەوە .لەم سۆنگەیەوە سەرەڕای گەڕانەوەی بۆ ئۆنتۆلۆژی بەڵام ئاگامبێن هێشتا لە شێوازی پاش پێکهاتەخوازەکان و شیکارەکانی گوتار دوور نەکەوتووەتەوە. ئاگامبێن حکوومەت لە ڕوانگەی جیاوەکردن و ئاوارتە (exception) پێناسە دەکات. حکوومەت لە دەوڵەت و سیاسەتی دەوڵەتی پێک دێت، هۆیەکەشی ئەوەیە کە دەوڵەت پەیکەری سیاسی پێک دەهێنێت و بڕیار ئەدات لەسەر هەڵبژاردنی ئەندامان و ژێربەشەکانی. ئەم هەڵبژاردنە لەسەر بنەمای میکانیزمی‌جیاوەکردنی خەڵکانێک لەم بازنەیەدا ڕوو ئەدات. حکوومەت لە بەراورد لەگەڵ یاسا گرینگایەتیەکی زۆرتری هەیە بۆ دەوڵەت چونکە بڕیار ئەدات یاسا لە کوێ و بە چ شێوازێک بەکار بهێنرێت. بە وتەی واڵتر بینیامین حکوومەت لە “توندوتیژی یاسا-بەرهەمهێنەر سوود ئەبات کە دواجار بەڕێوبردنی یاساکانی دیکە پتەوتر دەکات”. ئەم ڕوانگەیەی ئاگامبێن بە تەواوەتی لەو بڕوایەدایە کە سیاسەت بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی دامەرزێنەری ڕێز و لێخۆشبوون دەزانێت، جیا دەکاتەوە. بە پێچەوانەوە سیاسەت بە بڕوایی ئاگامبێن گۆڕانی خەڵک بە بوونەوەرانێکی زەبوون و چەوساو لە هەمبەر هێزە لە ئاستێکدا کە تەنانەت بڕیار لەسەر ژیان و مەرگیشیان دەدرێت. دەوڵەت فەرمانی ئۆتۆریتە و سەرنواندن لە بەرامبەریەتی نەک تێگەیشتنی دوولایانە یان بابەتێک لەسەر بنەمای یەکسانی. خەسارگەری و لاوازیی پێشمەرج و دۆخی بنەمایی حوزوور لە ژیانی گشتی و سیاسیە. نموونەی وەها دۆخێک هەوڵدانی دەوڵەت بۆ یاسامەندکردنی شتە بەرچاوەکان و ئەو خسارگەرییە لە حاڵەتی قەدەغە کردنی بەکارهێنانی ماسک و جل و بەرگی رەزمی‌و هتد کە لە ئاکامدا فەرمان ئەدات بە کونتڕۆڵ و هەروەها تیشک خستنە سەر هەموو لایەنی ژیانی خەڵک لە پێناو ئەو لاوازی و خەسارگەرییە. حکوومەت پێوەندیەکی تایبەتی هەیە بە ژیانی بیۆلۆژیکەوە، کە ژیان دابەش ئەکات بە دوو بەشەوە کە لە زمانی یونانی بە bios و zoe ناسراوە. ئەتوانین ئەم دوو چەمکە بە ژیانی ئاسایی و فیزیکی (کە لە لایەن ئاگامبێنەوە بە “ژیانی ڕووت” ناسراوە، وەرگێڕدراو لە vita nuda ئیتالی) و ژیانی شیاو، تایبەت یان ژیانی قبوول کراوی سیاسی کە لەو سونگەوە کە هەڵگری مانا و دەرکەوتی دانپێنراو و قەبوول کراوی سیاسیە” ڕووت” نەکراوەتەوە. لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە تێپەڕین لە ژیانی ڕووتەوە بۆ ژیانی قەبووڵ کراوی سیاسی لە واقیعدا تێپەر بوون لە ژیانێکی ڕووت کراو لە نرخ و بەسیاسی بوون بەرەو ژیانێکی مەقبوولە. لەوانەیە لەم بابەتە وەکوو جیاوازی نێوان بوون وەکوو ئۆرگانیسمی‌جەسەیی مرۆڤ و بوون وەکوو شاروەندێکی قەبوول کراو یان مرۆڤێک بە مانایەکی ئەخلاقی بناسێنین. زیندانیەکی ئۆردوگایی کار کە پلان ڕێژی بۆ کراوە بە رژیمێکی ئۆتۆنازی سەپێنراو بکوژرێت، یان زیندانیەکی گوانتانامۆ نموونەگەلێکن لەو خەڵکانەی کە تاقمی‌یەکەمی‌ژیانیان هەیە (ژیانی ڕووت) و بێ بەش کراون لە هەر چەشنە ژیانێکی ئەخلاقی و پەسەند کراو .ئەشکەنجە دان و کوشتنی ئەمانە پێویستی بە هیچ بەڵگەیەکی ئاسایی نیە. لە ژیانی ڕووتدا ئیدی جیاواز کردن و لێکدانەوەی ژیانی مرۆڤ و ئاژەڵ مومکین نیەو ئەو سنوورە لێڵ دەبێتەوە. ئەم ڕووت کردنەوەش لە بەشی سیاسی ئەخلاقیە بە ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە (exception) سەقامگیر دەبێت. لە بەناوبانگترین کتێبی ئاگامبێن واتە هۆمۆساکێر (Homo Sacer) لەسەر فیگووری هۆمۆساکێر وەکوو خاڵێک کە لەوێدا ژیانی ڕووت جێگیر دەبێت تەرکیز دەکرێت .Homo بە مانای مرۆڤ/ئینسان و Sacer مانای” پیرۆز” و”تابوو”ی هەیە .هۆمۆساکێر وەکوو کەسێک پێناسە کراوە کە دەتوانرێت بکوژرێت بەڵام ناتوانێت قوربانی بکرێت. ئەوان بە هۆی ئەمەوە کە لە دەرەوەی بازنەی ئەرزشی ژیان ڕاوەستاون و شتێکی بەنرخیان بۆ قوربانی کردن نیە ناتوانن ببنە قوربانی خودایان و هەر لەم سۆنگەشەوە‌هانە ژێر مەترسی هەتاهەتایی کوژراندا. ئەم پۆلێنبەندیە لە یاسای بڕێک لە کۆمەڵگاکانی سەدەی میانە و بەتایبەت ڕۆم بوونی هەبووە .لە بریتانیا وشەی outlaw بە مانایی تاوانبارێکە کە بە شێوازی یاسایی دەتوانرێت بکوژرێت بێ ئەوەی بکوژ بچێتە ژێر مەترسیی تاوانباریەوە یان بەرپرسیاریەتێکی هەبێت. ئەو تاکە بە گرێدانەوەی لەگەڵ میکانیزمی‌دەرکران و جیاوەبوون دێنە نێو زنجیرەی یاساوە، بە مانایەکی دیکە ئەم خەڵکانە لەو سۆنگەوە کە‌هانە دەرێ، دێنە نێو! ئەمانە بەم شێوازە ئاوێنەیەکن، کە چییەتی حکوومەت دەخەنە ڕوو، کەسانێک کە وەکوو تاک دێنە نێو یاسا و‌هاوکات لە دەرەوە جێگیر دەبن بۆ ڕاگەیاندنی دۆخی ئیمیرجینسی یان ئاوارتە.‌ ژیانی مرۆڤ لە ئاستی پێرفورماتیڤی خۆیدا بەشێکی مازادی هەیە کە نواندنەوەی لە یاسا و سیاسەتدا نیە و لە نێوان سرووشت وکۆمەڵگادا هەڵواسراوە .هۆمۆساکێر لە نێوان سنوورەکانی یاسای سیاسی و ئایینی دا بوونی هەیە. مەترسی ڕاگەیاندنی هۆمۆساکێر لەسەر بنچینەی ئەزموونی ژیان لە کۆمەڵگایەک کە لە ژێر سێبەری حکوومەتدا ئەژیت ڕوو ئەدات. ئەم بابەتە دەتوانرێت بە باس کردن لەسەر مێژووی چەمکی ban ڕوونتر بکرێتەوە. وشەی ban هەم بە مانای پێوەرەکانی حکوومەتە (بەنێر یان ئاڵا و هەم کردەی تاوانبارکردن و دەرکردنی کەسێک (لەسەرچاوکەی ئینگلیسی (ban, banish, bandit) ئەم نموونە پێوەندی قووڵی نێوان هۆمۆساکێر و حکوومەت دێنێتە ئاراوە .هەندێ کەس پێیان وابوو ئەم پراکتیسە لە لیبڕاڵیسمی‌مۆدێرندا بە نێوەنجی [habeas corpus [2  و قۆناغەکانی دادڕەسی ڕاوەستاوە، بەڵام ئاگامبێن لەو باوەڕەدایە کە ئەم پراکتیسە ئەوڕۆ بە پێچەوانەوە بەشی بەردەوام و ناوەکیە لە‌هاتنەدی دۆخی ئاوارتە وەکوو کەمپەکان، و هەرەوەها ئەو دۆخە ڕاکێشراوە بۆ هەموو لایەنێک. نموونەیەکی ئەم بەڵگاندنە دەتوانین لە گوتاری ڕۆژنامە پۆپۆلار و پڕ زەرق و بەرقەکان و هەروەها ‌‌‌‌وتاربێژە ئۆرتۆدۆکسەکان ببینین، کە خەڵکانێک وەکوو جیپسیەکان و پەنابەران دیوەزمەئاسا، ئاژەڵ، سووک و بێنرخ ناودێڕ ئەکەن .لە هەموو رژیم دەوڵەتێکدا هەموو کەس لە ژێر مەترسی بە هۆمۆساکێربووندایە. لە گوتارە دیموکراتیکەکاندا ئەم بابەتە بە هیچ شێوازێک نەگۆڕدراوە تەنانەت هەموو کەس پوتانسیەلی حوکمڕانی و لە ئاکامدا ناسینی ئەویدی بە هۆمۆساکێری هەیە. لە زیندانەکان و رژیمە پولیسیەکان بە هۆی داخرانی یاساکانی رۆژمەڕە و ئاسایی، دۆخی ئاوارتە زۆر بەربڵاوتر و زەق ترە. توندوتیژی لە لایەن پۆلیس و سەربازەکان دەربڕی لۆژیکی حوکمڕانیە. لە لێکۆڵینەوەیەکدا سەبارەت بە نێوەنجی ئاگربەس لە سومالی، سەربازەکان هەوڵیان ئەدا توندوتیژیان گۆنجاو بکەن لە پێناو بیانووگەلێک وەکوو ئاڵوزی باردۆخەکە، وەزعی‌هابزی دەوڵەت و داخرانی یاسای نۆرماڵی ژیان .کۆمەڵناسی پۆلیس کە لە لایەن نووسەرگەلێک وەک ڕابێرت ڕاینێر بەڕێوە چوو پیشانی داوە کە پۆلیس هەمیشە بیر لە گرووپگەلی تایبەت لە کۆمەڵگادا وەکوو جەماعەتی ڕەش پێستان، هەژاران و فەقیران و چینگەلی پەراوێزخراو دەکاتەوە کە پاڵپشتیەکی ئەوتۆی یاساییان نیە .ئایدیای هۆمۆساکێر و دۆخی ئاوارتە تا ڕادەیک لەسەر تووشیارانی قەیرانی ئەیدز لە ئەفریقا سەپێندراوە .وڵاتانی دەوڵەمەندی ڕۆژئاوا لە گەڵ ئەم خەڵکی هەژار و پەراوێزخراواە جۆرێک هەڵسوکەوت دەکەن چما شایانی هیچ ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌خزمەتگوزاریەک نین .کاربەستی تیۆریەکانی ئاگامبێن لێرەدا لێکچوونێکی زۆریان هەیە لەگەڵ باسی فووکۆ لەسەر دەوڵەتمەندی (governmentality) یان تەکنیکەکانی هەر ڕۆژەی هێزی دەوڵەتی بۆ بەرهەمهێنانەوەی تاقمێک میکرۆ-حکوومەت کە دوایین ئاکامی‌پەرش و بڵاو کردنی هێزی بڕیاڕدەر لە نێوان پسپۆڕەکانە. ئۆردوگاکانی کار و ئۆردوگاکانی مەرگی نازیەکان وەکوو ئاشۆویتس نموونەکانی هەرە گرینگ و بەرچاوی حکوومەتە. کەمپ کە پێشتر لە هۆلۆکاستیش بۆ ماوەیەکی زۆر هەبوو، بۆ ئاگمبێن وەکوو خاڵی گۆڕینەوە وابوو، کەمپەکان حاڵەتێکی بەردەوامیان دەبەخشیە دۆخی ئاوارتە و لە پانتایی زمان دەریان ئەهێنا و لە پانتایی مەکان جێگیریان دەکرد. ئەم سەقامگیر کردنەی دۆخی ئاوارتە وەکوو تایبەتمەندیەکی بەردەوام لە زەمان و مەکاندا مەترسی ناولێنانی خەڵکان وەکوو هۆمۆساکێر چڕتر دەکاتەوە .پێشتر تاکێکی دەرکراو لە هەموو شتێک قەدەغە دەکرا و وێڵ و ئاوارە دەبوو یان دەیانخستە مەنفا. بەڵام ئێستا کەسێکی وەها دەرفەتی مەنفای پێ نادەن. (بۆ نموونە بیر لە هەوڵدانی بێوچانی دەوڵەتان بۆ قۆڵبەسکردنی تاوانباران و دەرکراوان بکەنەوە. (بەڵکوو هەوڵ ئەدەن لە فەزایەکی بەرزەخی نێوان ناوەوە و دەرەوە ڕایبگرن کە لە ژێر مەترسی بەردەوامی‌هێزدا بێت .بۆ ئاگامبێن کەمپەکان لەو سۆنگەوە کە شیمانەی هەموو شتێکی تێدا هەیە و خەڵک گیرۆدەی هەمیشەیی هێزی گاردەکان لە فورمی‌حوکمڕانە، لە دیکەی فەزای کۆنتڕۆڵەکاندا (وەک زیندان، پەنابەری و هتد) جیاوازن. کارەساتی هۆلۆکاستی نازییەکان خاڵی گۆڕینەوەی دووهەم بوو کە لەوێدا مەترسیە هەژێنەرەکانی کەمپ بە تەواوەتی‌هاتنە دی. هۆکاری ڕاستەقینەی هۆلۆکاست جیا لە هۆکارە مێژوویی و بە ڕێکەوتەکانی، خۆلقاندنی فەزایەکی تایبەت لە پێناو کەمپ بوو کە لەوێدا خەڵکان ڕووت دەکرانەوە لە هەر چەشنە مافی ژیان. ئاشۆویتس ترۆپکەی لۆژیکی حوکمڕانیە کە سرووشتی واقیعی ئۆنتۆلۆژی ئەو کارەساتە دەنوێنێت. پێکهاتەی ژینسیاسی(biopolitics)  و حکوومەت لەو جێگایەدا دێنە دی، بۆیە ئاشۆویتس خاڵی دەسپێکی سیاسەتێکی تازەیە. ئەم سیاسەتە نوێیە نەک تەنها بەربەرەكانی لەگەڵ نازیەکانە بەڵکوو ڕاوەستان لە هەمبەر ئەو لۆژیکە حوکمڕانەیە  کە هۆلۆکاست بەرهەم دەهێنێت. بە وتەی ئاگامبێن کەمپ تەنها لە ئاڵمانی نازی یان ڕژیمە تۆتالیتەرەکان نیە، کەمپ پۆتانسیەلی ئەوەی هەیە لە هەر جێگایەک دەوڵەت بێت، سەر هەڵبێنێت و بەردەوام فەزاکانی ئاوارتە کە دەوڵەتان سازی دەکەن ئیمکانی خولقاندنی هەیە. ئەوەی کە خەڵک لەم فەزایەدا دەکوژرێن یان نە هیچ پێوەندیەکی بە پاراستنی یاساییەوە نیە، حەز و ویست و ئاکاری کاربەدەستانی بەڕێوەبەری هێز ئەو پێوەندیانە دێنێتە ئاراوە. ئاگامبێن لەو بێرۆکە بەناوبانگەی خۆیا ئەوە دەرئەبڕێت کە کەمپ نۆمووسی nomos مۆدیرنیتەیە، ساتی ناولێنان، ناسین و ناسین سڕینەوە کە هێز (ئۆتۆنۆمی‌(دەوڵەتی مۆدێرن پێک دەهێنێت .لە حاڵێکدا ئەم دیاردە مۆدێرنە، کەمپ پیشاندەری وەدی‌هاتنی پەرەسەندنی ناوەکی حکوومەتە. بێگومان هەندێ کەس تیۆریەکانی ئاگامبێن بۆ پشتگوێ خستنی”یاسای گوودوین “یان سڕینەوە و ڕەچاو نەکردنی کانتێکستی کەمپ، ڕەت دەکەنەوە .ئەمە بە ڕای من جۆرێک بە هەڵە تێگەیشتنە. ئاگامبێن ئەوە ناڵێت ئێمە هەموومان وەکوو زیندانیەکانی کەمپ واین بەم هۆکارە سادەوە کە بە پێی هیچ بەرپرسیاریەتیەک لە لایەن دەوڵەتەوە لە ژێر مەترسی کوشتنداین یان بە هۆی ڕق و قینی ئەو لە نازیەکان. ئاگامبێن هۆکار و بەڵگەگەلێکی ڕوون و بنەمایی بۆ ئەو‌هاوتەریبانە دێنێتە پێش. من ئەو بەڵگاندنە دێنمە ئاراوە، کە بە پێچەوانەوە تابوو بوونی باس کردن لە سەر توخمە فاشیستیەکانی کرداری دەوڵەت لە سەردەمی‌هاوچەرخ لە سەر پۆلینێکی نائەقڵانی دامەزراوە کە مانا وێرانگەرەکانی” ئیدی هیچ کات” بە دوورەوە خستنی لە خۆی ناگرێتە ئەستۆ. وا تێدەگەن کە” نایسەپێننە سەر ئێمە” و ئەمانە تەنها لە دەرەوەی سنوورێکی خەیاڵی سەپێنراوەتە سەر کۆمەڵگاگەڵێکی نادێمۆکراتیک، بۆ نموونە کە لە گۆشە نیگایەکی مێژووییەوە پڕ لە درز و کەلێنە .ئەمە بە ڕای من تێڕوانینێکە کە هەوڵ ئەدات ڕادیکالیسم لە ولاتانێک وەکوو بریتانیا لە پێناو بەرتەسک کردنی گرووپگەلی دژە فاشیستی لە بەرامبەر نیو نازیە کاندا تووشی داخرانی سیاسی بکات. بەڵام Antifa ئانتیفای[۳]  ئاڵمانی لە مێژە ئەو لێکچوونەی نێوان پراکسیسی دەوڵەتی ئێستای ئاڵمان و ڕایشی سێهەمی‌خستووەتە بەر چاوی کۆمەڵگا، ئەم گرووپانە لە ئیتالیا، ئیسپانیا، یۆنان و ژاپۆن حوزوورێکی بەرچاویان هەیە. ئەمە تەنها لە بریتانیا و ئامریکا بە هۆی نەبوونی مێژوویەکی بەرچاوی فاشیستی، زنجیرەی نێوان فاشیسم و دەوڵەتی لە سیبەر یان نهێنی (deep state) لە نێوان هەمووان و تەنانەت ڕادیکالەکانیش دەبێتە بابەتێکی ڕەمزی.

[۱] بزووتنەوەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی چەپ، دژ بە ئۆتۆریتاریانیسم کە بۆ یەکەم جار لە ۱۹۶۰ لە ئیتالیا سەری هەڵدا.

[۲] ڕێکەوتنێکی دادوەری بانگهێشتی تاوانبار و لێکدانەوەی تاوانەکانی بە شێوازێکی یاسایی، کە بۆ یەکە م جار لە بریتانیا بۆ پاراستنی مافی تاکەکان بەڕێوە برا.

 [۳] بزووتنەوەیەکی ڕادیکاڵی دژ بە فاشیسم لە ئاڵمانیا و وڵاتانی ئەسکاندیناوی

*سه‌رچاوه:  گۆڤاری ئینتەرنێتی www.ceasefiremagazine.co.uk‌     

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

16 − 9 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس