دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / خولیا شەقبردوەکانی ئاقای وەک مرۆڤ / چنوور سەعیدی

خولیا شەقبردوەکانی ئاقای وەک مرۆڤ / چنوور سەعیدی

 

photo_2016-05-21_14-21-57


سێشەمەیە و درێژترین رۆژی هەفتەیە، تا کۆتایی هەفتە زۆری ماوە و کێشی لەشی ئاقای ئەمینی بۆتە هی نەهەنگێکی مردو کە بە ئەستەم دەتوانێت رایبکێشێت، بۆیە ئاقای وەک مرۆڤ ئەبێ باسێک دابمەزرێنێ کە بیبوژێنێتەوە و بزەی بخاتە سەر لێو و لە کێشی لەشی کەمبکاتەوە کە بەشێوەیەکی گورج و گۆڵ هەموو چەرچەفەکانی بەشی قاوشی ژنان هەر لەو سێشەمەیەدا بشوات و قەدی بکاتەوە. دەبێ باسەکە بە چەشنێک بێت کە ئاقای ئەمینی تا کۆتایی هەفتە هەر پۆی پێوە بدات و بەو بۆنەیەوە چەرچەفی بەشەکانی تری خەستەخانەکەش تەواو بکات، هێندە سەرنجڕاکێش بێت کە ئیتر‌هاڕە‌هاڕی ماشێنە زەبەلاحە جلشۆرەکە و بۆنی تیژی تاید و مادەی دژە هەوکردنەکانی تێکەڵ بە زەرداو و خوێناوی چەرچەفەکان کاری لێنەکا و لە بۆڵەبۆڵی بخات.

– کە تەماشای پێستی سپی و تەنکیم ئەکرد، ئەو قژە خورماییەی وا لەژێر رووناکایی لۆستەرە گەورەکانی ناو هۆڵەکەدا ئەبریسکایەوە و لێوێک … خودایە … چما پەڕەی گۆڵاڵە سوورە بوو، ئیتر راستت دەوێت نایشارمەوە کە دڵم نەهات چەرمەسەریی و خەمە مێژوییەکانی خۆمانی بۆ باس بکەم. ئاخر پێمنەوتی کە لە فەرەنساش لە میوانییەکی لەم چەشنەدا، باسی هەڵەبجەم بۆ مادمازێلێک کرد کە نازانی چ حەشرێکی بەرپا کرد …
–  ئەی خوا بتگرێ پیاو! لەوێش واز لە خەمە مێژوییەکانت ناهێنی؟! پلەی ئەو جلشۆرە بیس دانە زیاد بکە، گەڕێکی تری دەوێت.
–  ئیتر ئاوا بوو ئاقای ئەمینی … بیرم لەوە کردەوە کە باسی چی بۆ بکەم خۆشی بێت و کاتێ بۆ میوانییەکی دی دەستە پرچەکانی یەکە یەکە دەئاڵێنێ بە دەوری بیگودییەکەیدا و ئەبێ بۆ لوولبوونی هەر کامەیان دە چرکە چاوەڕوان بێت. بیرم لەوە کردەوە چی پێبڵیم کە وەبیرهێنانەوەیان لەو دە چرکەیەدا، نەک هەر چێژبەخش بێت، بەڵکو چاوەڕوانییەکانی بۆ کورت و شیرین بکاتەوە؟ ئەزانی خۆ ئاقای ئەمینی، چاوەڕوانییەکانی ئەوان وەک هی خۆمان کوشندە نییە، وەک هی مرۆڤە مرۆڤ!
–  ئەزانم برام، ئەزانم، شێتت کردین! سووریی خوێنیشیان لە تەک هی ئێمە جیاوازە. نازانم ئەم ئاوە بۆ دڵۆپە ئەکات؟ تۆ بڵێی شڵنگەکە کون بووبێت، یان جلشۆرەکە خراپ بووبێت؟
–  نا بڕوا ناکەم. پێموایە هی شێرەکە بێت و پێویستە واشێرەکەی بگۆڕین، چونکە جلشۆرەکە تازەیە. ئەوەم بۆ دەگوتی کە منیش قسەی مۆسیقا و بیناسازیی هەورامانم بۆ کرد و باسی قەڵای دم دم و زیویە، کەچی خوا خوام بوو نەپرسێ: ئەدی ئەو ئاسەوارانە وا لە قەڵای زیویە دۆزراونەتەوە لە کامە مۆزەخانە دایە کە بچم بیانبینم و مێژوتان بناسم!
نازانی چەندی پێخۆش بوو ئاقای ئەمینی! بچۆە ئەولا با ئێرەش خاوێن بکەمەوە … چی بگوتبا باش بوو؟
–  جا چوزانم؟ باش بوو ژیر بوویت و باسی شەڕ و خۆت وتەنی شۆڕشە نەزۆکەکانی کوردت بۆ نەکرد! جا کچی وا ناسک و تەرچک کوانێ تاقەتی گوێگرتن لە باسی شەڕ و شۆڕ و شۆڕشی هەیە؟ بگرە « ناپلیۆن بۆناپارت »یش بۆ ئەو تەنیا وێنەیەکی هەڵواسراوی سەر دیواری ئەو کۆشکە بێت کە تێیدا سەماتان دەکرد.
– وەڵا راست ئەکەی‌هاوڕێ. تۆش بی دڵت دێ کچێکی وەها ئاسمانی و لەبەردڵان سەخڵەت بکەی؟ ئەیگوت لەگەڵ خۆت بمبە هەورامانم پیشان بدە!
– پەحا! گوتبات وازمان لێبێنە مادمازێل. هەر ئەوەمان ماوە بێیت و بە تاوانی سیخۆڕی بتگرن و لەجیاتی ئەو جلوبەرگ و تەقلە جوانانەت چارشێوت لەسەر بکەن و …
ئاقای وەک مرۆڤ لە دوای ئەو هەموو ساڵە، نە بڕوای تەواوی بە ئاقای ئەمینی هەبوو، نەش بە جلشۆرخانەکە. پیاوێکی بێلایەنە و قەت لەبەر چاوی‌هاوکارەکانیاندا بە زمانی کوردی قسە لەگەڵ ئاقای وەک مرۆڤدا ناکات. هەمیشەش دەڵێت: « هەر ئەوەندە دەستت بە کڵاوەکەی خۆتەوە بێت با نەیبات! ». هەر ئەم قسەیەش بۆتەهۆی ئەوەی کە ئاقای وەک مرۆڤ هەمیشە هەست بەوە بکات کە کامێرایەکی شاراوەیان لەنێوان دایە و کاتێک بیر لە هەموو قسەکانی نێوانیان دەکاتەوە، دەبێت بۆ هەر هەموویان وەڵامێکی هەبێت، رەنگە ئەو قسە مەترسیدارانەش کە دەیکات، داوێک بێت بۆ ئاقای وەک مرۆڤ.
– هەڵبەت کچانی فەرەنسی زۆر خۆمانی و خۆماڵیترن، بەڵام کچانی بەریتانی هەر باسی دەستکەوتەکانی بنەماڵەی لۆردیان بۆ دەکردم و لافی داب و نەریت و رەگەز و رەچەڵەکی خۆیان بۆ لێدەدام. پەح! ئەم بەریتانیانە چەندە خۆبەزلزان و بەندیواری داب و نەریتی ئەریستۆکراتیانەی کولتور و کەلەپوری خۆیانن … حای! پێمنەوتی جارێک بانگهێشتی میوانییەکی لۆردەکان کرابووم. داوام لە کچێکی جوان کرد و پێکەوە سەمایەکی تانگۆمان کرد. لە دوای سەماکەوە هەمان پرسیاری لێکردم و منیش وێنەی هەڵەبجە و ئەنفالم لە گیرفان دەرهێنا. ئەزانی ئەنفال چییە؟ بیرت دێ؟
– نا کامە؟ ئەو کات من سەرباز بووم و دوای ئەوەش بە یەکجاری ….
تەماشایەکی دەوروبەر دەکا، دەچێتە پێش و بە چپەوە دەڵێت:
– کورە ئەنفال دەڵێم. ئەو سەد و هەشتا هەزار کەسەی سەدامی‌نەگریس بێسەروشوێنی کردن …
لەپڕ دەکەوێتە بیری کامێرای شاراوە و بێدەنگ دەبێت، ئەو کامێرایانەی گۆرانی یان وڕاوەیەک بە زمانی دایکیش تۆمار دەکەن؛ ئیتر ناڵێ کچە دڵی پڕ ببوو و بە دەسماڵێکی ئاوریشمینی گوڵدۆزکراو دەنکە مروارییەکانی سەر گۆنای سڕیبۆوە.
ئا‌قای ئەمینی سەرەتا بڕوای نەدەکرد کچێکی رەسەنی بنەماڵەیەکی لۆردی بەریتانی ئامادە بێت لەگەڵ جێهانسێهەمییەکی سەر رەشی بەرەڵای بێئیقامە کە خۆدا دەزانێ لەو میوانییەدا چلۆن رێگای‌هاتنی پێدراوە، سەما بکات و شەراب بخواتەوە، بەڵام کاتێک بینی ئاقای وەک مرۆڤ چاو دەبەستێ و دەست دەخاتە دەوری کەمەری دەستە گسکەکە و بە ورەی ریتمێکی بیانی سەما دەکات، بە وتەی خۆی سەمای واڵس، تانگۆ و لامبادا، هەروەها یاسای ژیانی ئەورووپییەکان بە جوانی دەناسێ و بە وردی باسی شێوەی چاخواردنەوەی ئێوارانیان دەکات و ئەو خواردنانەی ناو میوانییەکانیان، ئەوەی کە هەموو خواردنێک بێ نان دەخۆن و تێریش دەبن، ئەویش بە شامپاینەوە، ئیدی وردە وردە بڕوای کرد کە ئاقای وەک مرۆڤ بەڕاستی خۆی لە ئاو داوە و هەوای تەماوی لەندەنی بە چاو بینیوە و رۆژنامەشی فرۆشتوە و زۆر بێبەخت بووە کەوا ئیقامەی پێنەدراوە، ئەگینا ئێستا بۆ خۆی ببووە کەسێک بۆ خۆی، چونکە بەپێی وەسفەکانی ئاقای وەک مرۆڤ، لە کۆمەڵگەیەکی دیمۆکراسیدا هەموو کەس وەک مرۆڤ دەژین و دەتوانن ببن بە خاوەن دەسەڵاتیش. بۆ نموونە بووکی بنەماڵەی شاژنی بەریتانیا، واتە ئەلیزابێت، کچێکی ئاساییە. جگەلەوەش ئاقای وەک مرۆڤ لەگەڵ هەموو کەسێکدا چەند وشەیەک بە ئینگلیزی قسە دەکات و چەند گۆرانییەکی ئینگلیزی وەک خۆی دەڵێتەوە و مانای هەموو وشەکانی سەر دەزگاکانی بەشی جلشۆرخانە دەزانێت و سەریش لە چۆنیەتی کاردکرنیان دەردەکات.
ئاقای ئەمینی هێندە باسی ئەوروپای بیستووە و ئەم رستەیەش کە « ئەوان وەک ئێمە نین و بەڕاستی وەک مرۆڤ دەژین » کە ناوی‌هاوکارەکەی خۆی ناوەتە « ئاقای وەک مرۆڤ ».
ئاقای وەک مرۆڤ پاسپۆرتی شێنگێنی هەیە و هەموو ئێوارەی پێنجشەمەیەک گەشتی ئەوروپا دەکات و لە دوای گەشتەکەیەوە بە قەڵەمێک لە رەنگی بۆینباخی ئەو سەفەرەی خانەی پێنجشەمەی تیک لێدەدا، لەناو هەفتەش هێندە کاتی هەیە بۆ بیرکردنەوە لە داڕشتنی گەشتەکەی.
ئەو سەرەتا تەنیا بە تەماشاکردنی کۆلیکسیۆنێک لە خۆشترین شوێنەکانی جیهان رازی بوو، بەڵام دواتر دەنگی ئاکاردیۆنی کوڕە قەرەجێکی رەش ئەسمەری باشوریی بوو کە خولیای سەفەری ‌تێدا چاند.
دەنگی ئاکاردیۆن تۆم وەبیردێنێتەوە. ئەم هۆڵە گەورە و رووناکە کە بە قەد حەوشەی خەستەخانەکەیە، بەم پەردە تۆڕ و ئەتڵەسیانەوە، ئەوەی کە یەکەمجار دەستم راداشت لەگەڵم سەما بکەی. تۆ شەرمێون و لێو بە بزە پەنجە بلوێرییەکانت خستە ناو دەستم و هەستای. ئا ئا لای ئێمەش هەیە. قەرەجەکان زۆرتر ئەیژەنن. گەڕەک بە گەڕەک ئەگەڕین، لەناو شەمەندەفەر و پاس، ئەرێ ئاقای ئەمینیش حەزی لێیەتی، بەڵام چونکو هەموو تەمەنی لە خەستەخانە بووە و وەک من سەفەری نەکردوە، هیچ بیرەوەریەکی ئەوتۆی لێ نییە. حەح! هەر ئەزانێ بڵێت شەوانی پڕ جموجۆڵی کریسمەسی بیردێتەوە کە لە فیلمەکاندا بینیویەتی. ئەو فیلمانەش هەر خۆم پێمدا، بۆ من؟ مەگەر پێمنەوتی؟ ئەوروپای سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمم بیردێتەوە کە لەنێو رۆمانەکاندا وێنە کراوە. ئەرێ وەڵا منیش وەک تۆ رۆمانی زۆر ئەخوێنمەوە. ئەو رۆژانەی نایەم بۆ لای تۆ، دادەنیشم رۆمان دەخوێنمەوە. نەوەڵا بە زیادم نەکرد، زیادەکاری چی؟ ئەزانی … تا ئێستا پێم نەوتبوی کە من تۆم لە یەکێک لەو رۆمانانەدا دۆزییەوە. بڕوات هەبێت بیرم ناکەوێتەوە چ رۆمانێک بوو. بەڵام کڵاوێکی سپی و تۆڕیت لەسەرا بوو. بیرتە چەند خۆشت لە سمێڵم‌هات! تو خوا هیچ پیاوێ وەک من سەرنجی راکێشابووی؟ دەی خۆم ئەزانم بەقوربان. هەر لەبەر تۆ دامدەنا.‌هاوین بوو. جوان لە بیرمە. کراسێکی شوڕی پەمەییت لەبەردا بوو. چەترێکی تۆڕی‌هاوینەشت پێبوو، لە رەنگی کڵاوەکەت … ژنی لای ئێمە؟ ئەوە بەڕاستتە؟ جا ئەوان کوا شتی وا ئەزانن؟ بە گیانی تۆ هەر بیریشیان لێناکەمەوە. هەموویان بوونەتە دایک و خۆشکم. هەستم بۆیان نابزوێت. ئەەەە باسی چیم ئەکرد؟ ئەرێ دەنگی ئاکاردیۆنی سەر چوار ڕێکان تۆم وەبیردەخاتەوە. تۆ بە خشەی کراسە ئاودامانە حەریرییەکەتەوە کاتێ لە پلیکانە مەڕمەڕییەکاندا ئەهاتیتە خوارێ؟ لە بیرتە؟ یەکەمجار هەنگاوم  خستە سەر ئەو مافورە سوورانە و تۆ بە ناز و خەمزەوە وەک تاوس بە پیرمەوە‌هاتی …
ئێواران کە لە دەوام ئەگەڕیمەوە، کە لە پشتی گلۆپی سوور ئەوەستم، منداڵە قەرەجەکان ئاکاردیۆن لێئەدەن و گۆرانیەکی ئاینی ئەڵێنەوە، بەڵام من ئێستام بیردێتەوە، بەم پەنجەوانە تۆڕیانەت باسکت گرتووم و لەکاتێکدا کە ئەم جلیقە و پاڵتاو و کڵاو شاپۆییەم لەسەرە وا بۆ ساڵیادی لەدایکبوونم بۆت کڕیم، دەستت خۆش زۆر لێمدێ. وا نییە؟ لەسەر شەقامە بە بەرد فەرشکراوەکەی شانزەلیزێ پیاسە ئەکەین. نازانم تۆ هەر کوێت پێخۆش بێ دەڕۆین. کە لەگەڵ تۆ بم، بۆ من فەرق ناکا. ئاخۆ تۆ وەک لۆردێکی جەنتلمانی لای خۆتان دەمبینی؟ یان دڵپیسی ناکەی ئەگەر بۆ ئەو ژنە جوان و پارەدارانە کە لە تەنیشتمانەوە تێدەپەڕێن و « رۆژ باش میستەر »م پێدەڵێن، بەوپەڕی رێزەوە کڵاو لەسەر هەڵگرم و « رۆژ باش مادمازێل »یان پێبڵێم؟ ئەوانیش دایک و خۆشکمن. تۆش ئەتوانی ئاوڕ بۆ ئەو تووتکە تووکنە کورتەپێیانەیان بدەیتەوە کە پاپیۆنی دەور ملیان لە رەنگی جانتا و کڵاوی خانمەکانیانە.
دەنگی ئاکاردیۆن، بەرەو لای تۆم رادەکێشێ. ئەو کاتەی کە جێژوانمان لای فۆلکەی گەڕەکێکی ئیتالی دەبەست. تۆ دان بۆ ئەو کۆترانە رۆ دەکەی کە چواردەوریان لێگرتوین. نا بێخەم بە، کۆتری لای ئێوەش فەرقی هەیە مادمازێل. بۆ هەڵفڕێت؟ من رۆژنامە لە مێرمنداڵێکی دەسگێڕەوە ئەكڕم تا هەواڵەکانت بۆ بخوێنمەوە. ئای ئای! چەندجار ئەپرسی؟ جا عەیب نییە پاشماوەی پارەکەمی‌لێوەرگرمەوە لەکاتێکدا کە جەنتلمانێکم بۆ خۆم؟
بۆ ئەم سەفەرە ئەبێ هەموو شتێک ئامادە بێت. تا پێش‌هاتنی کوڕە قەرەجەکە، دەبێ مێزەکە راکێشێتە بەر ئاوێنەکە تا کاتێک مادمازێلەکان بانگهێشتی خواردنەوەی کاپۆچینۆ یان قاوەی ئێوارانی پێنجشەمە دەکات، خۆیان ببینێتەوە و چیژیان لێوەربگرێ:
– بێخەم بە مەدام! قاوەکەم شەکر نەکردووە. قاوەی کوردییە بە تامی‌قەزوان. نەتخواردووە ئەزانم. نە گوڵە گیان، قەڵەو نابیتەوە.
پێنجشەمان دەبێ زوو بگەڕێتەوە و تەماحی زیادەکاری نەیگرێ. دەبێ سەر مێزەکە چۆڵ بکا لە چیلکەی ددان و وردە نان و خاولی و گۆرەوی و شانە. دەبێ بۆنێکی خۆش لەناو ماڵەکە و جلەکانیدا بپژێنێ تا بۆنی ئاودەست و دیوارە شێدارەکان، مادمازێل مۆن نەکات. چونکو ئاقای وەک مرۆڤ لەژێرزەمینێکدا دەژی کە تەنیا یەک ژووری هەیە و دەلاقەیەکی بچوک، هەر بۆیەش ماڵەکەی هەمیشە بۆنی شێی لێ دێ.
بە کوڕە قەرەجەکەی وتوە:
-نەخۆشێکم لە ماڵە و ئەمەوێ هەموو ئێوارەیەکی پێنجشەم دڵی خۆش بکەی.
ئاقای ئەمینی خۆی نازانێ تۆنی دەنگی چەندە تاڵ و ناحەزە کاتێک دەڵێت:
-گەر بشمایتەوە دەبوو هەر وەک ئێرە چڵکی خەڵک بشۆیت. باشی وڵاتی خۆمان لەوە دایە لەنێو‌هاوزمانانی خۆت دای. با تارانیش بێ خۆ هەر لە کاتی تەنگانەدا بە فریات ئەکەون.
تاڵی و تۆنی دەنگی ئاقای ئەمینی تێکەڵاوە لەگەڵ ترس لە کامێراکان و بۆنی زەرداو و خوێناوی جلشۆرخانە. هەموو ئەمانە وا لە ئاقای وەک مرۆڤ دەکەن کە لەجیاتی رۆییشتن بۆ میوانی پارەداران، بۆ کڵێسەیەک بڕوات و لەنێو تابوتێک پڕ لە گوڵی مریەم راکشێ و زنجیری ملوانکەی مەسیحی لەخاچدراو بئاڵێنێ بە دەوری پەنجەکانیدا و …
تۆ چت داوە لە نیشتمانی من مادمازێلەکەم؟ بۆچیتە باسی وڵاتی خۆمت بۆ بکەم؟ لێگەڕێ با سەماکردنت لەبیرنەچێتەوە. تۆ حەزت لە پیاوی رۆژهەڵاتییە، سمێڵ ئەستوری رەش ئەسمەر و تەواو.
ئاقای ئەمینی نازانێ لەو کاتەدا دەنگی رێک لە نەڕەی شۆفێرێکی میوەفرۆش دەچێت کە بە بارهەڵگرێکی داشقەوە هەر لەو ئێوارەی پێنجشەمەیەدا رێکەوتی کوڕە ژەنیارەکە دەکا و بە‌هاوار‌هاوار سەفەرەکەی لێتێکدەدا.
کەچی ئاقای وەک مرۆڤ بیری لە هەموو شتێک کردۆتەوە. بەو پارەیە وا لەباتی هێنانەوەی کچی دکتۆر مورادی لە قوتابخانە وەریدەگرێ، شۆفێرەکەی رازی کردووە کە تەنیا لەو یەک سەعاتەدا بەو کۆڵانەدا تێنەپەڕێ و بەو پارەیەش کە لەباتی بردنی کچی دکتۆرێکی تر بۆ وانەی ئینگلیزی وەریدەگرێ، کوڕە ژەنیارەکەی رازی کردووە. ئەشزانێ دەرفەتی کەمە و یەک سەعات سەفەر بۆ ئەوروپا بایی ئەوە ناهێنێت کە کاتی خۆی بە سەیرکردنی شێت و بەرەڵاکانی سەر شەقام و هەژارانی ناو جۆگەلەی گەڕەکە هەژارنشینەکانی ئەو وڵاتانە بە فیڕۆ بدات. ئەگەر زانیبای ئاقای ئەمینی بە چی رازی دەبێ تا تاڵییەکانی نەڕژێنێتە نێو سەفەرەکەیدا، بێگومان رازی دەکرد. هیچی پێناکرێ جگە لە جوینەوە و دووپاتکردنەوەی بەردەوامی‌ئەم قسانە کە:
– باشییەکەی لەوە دایە هێندەی زەحمەت و ئەرکت پارە وەردەگری و دڵەڕاوکێی دەرکردنت بەردەوام لەگەڵا نییە و ئەو باجەش کە ئەیدەیتە حکومەت ئەزانی لەپێناو ئارامی‌و ئاسایشی خۆت دایە و …
کتوپڕ ئەکەوێتە بیری کامێرا شاراوەکان و بەمشێوەویە پاساوی قسەکانی دەداتەوە:
-لانیکەم ئەتوانی لە پشووی شەمە و یەکشەماندا بچیت بۆ وڵاتێکی دراوسێ و تەماشای سەمای دۆلفینەکان بکەیت.
بە وەبیرهاتنەوەی تۆنی دەنگی ئاقای ئەمینی، ئاقای وەک مرۆڤ ناوێرێت خانمێک بانگهێشتی مەلە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست بکات و داوای لێبکا لە تەنیشت یەکەوە لەبەر هەتاو راکشێن، یان کاتێک بە ڤۆدکاوە سەرخۆشە و لە گەرمەی سەمای توندی لامبادا دایە، وای لێدەکا کە بە مادمازێل بڵێت:
-ببورە مادمازێل، تکایە لەگەڵ کەسێکی ترا سەما بکەن … من ئیتر ناتوانم.
هەندێکجار بە لاچاوەوە سەیری خۆی دەکا کە بەوپەڕی رێزەوە قاوە بۆ مادمازێلێک تێدەکا و دەڵێت:
– لەم کێکەش بخۆن مادمازێلەکەم، تایبەت بە ئێوە، رژیمی‌سازکراوە و گوێزی هەورامانیشی تێدایە …
لەناکاو قسە تاڵەکانی ئاقای ئەمینی بیر دەکەوێتەوە. بۆنی ئاودەست و دیوارە شێدارەکان بەرز دەبێتەوە. ئنجا هەست دەکات لەنێو گوارە و لەنێو گوڵی سەر سینگی مادمازێل، یان لوولی پرچەکانیدا کامێرای شاراوە هەیە و پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ئێران، حوکمی‌دەرکردنی لە خەستەخانە دەرکراوە و دۆسیەیەکی قەبەشی بۆ چێکراوە …
با هەر شەکر بخوات ئاقای ئەمینی! چۆن ئەبێ ئەو چاوە گەشە هەنگوینیانەت بەڵینیان لەگەڵ پاراستنی خەستەخانەدا دابێت؟ چوزانم. لەسەرێکیشەوە راست ئەکا. لە خوایانە بیانویەکمان بۆ بدۆزنەوە و رەسمیمان نەکەنەوە. کەس سەر لە کاریان دەرناکات، ئاخر … ئا ئا منیش ئەوەم پێگوت، لەپێناوی چی؟ تۆ قەد وا پەروەردە نەکراوی. ئەڵێ رەنگە ئەو قۆپچەیەت وا خەتی نێو سینگتی لە من ئەشاردەوە، قۆپچە نەبووبێت، بەڵکو کامێرایەکی شاراوە بووبێت! باشە مەگری ببوورە … تازە ئەمڕۆ درەنگە و دەرفەتم نەماوە، بەڵام بەڵێن بێت پێنجشەمەی داهاتوو بتبەم بۆ کۆشکە سەهۆڵییەکەی باکوری سوید، باشە؟ ئیتر مەگری، بڕوام پێکردوی.
بەڵام مادمازێلی نێو خەونەکانی کاتێک لە سەمای تانگۆدا خۆی بە ئامێزی ئاقای وەک مرۆڤدا هەڵدەواسێ و وەک دوو مراوی ئاشق لەنێو بەندی سەماکەرانی تر دان و لەکاتێکدا کە گشتیان چاویان بڕیوەتە ئەوان و هەڵمی‌هەناسەی مادمازێل گوێی نەوازش دەکا، ئەو بە نوێنەرایەتی مێژویەکی چەوسێنەرەوە سەبارەت بە پەیمانی لۆزان داوای لێبوردن لە ئاقای وەک مرۆڤ دەکات.
-ئاخ مادمازێلە چاو ئەستێرەکەم! رەنگە تۆ بتوانی ببی بە نوێنەری دەسەڵاتی وڵاتەکەت، بەڵام ببوورە، من بە تەنێ ناتوانم.
دەشزانێ لە میوانیەکی لەم شێوەیەدا، دەبێت قسەی عاشقانەی بۆ بکات و بزە لەسەر لێوی نەکوژێت، بەڵام بیر دەکاتەوە کە:
– ئەی کەنگێ ئەم گلە و گازندانەیان لێبکەم؟
ئەم سەفەرە بە چوونی کوڕە لەو کۆڵانەدا کۆتایی پێنایەت. کاتێک ئاقای وەک مرۆڤ پارەکەی پێدەدا و پاشماوەکەی لێوەرناگرێتەوە، ئیتر ناشگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، چونکو ئاقای ئەمینی لەوێ دایە و لەسەر کورسییەکەی ئەو دانیشتوە و لە وەڵامی‌پرسیارەکەی مادمازێلدا کە لە کوێوە‌هاتووە، باسی ئازایەتی هەخامەنشیەکانی بۆ دەکات کە حکومەتی مادەکان دەشکێنن و تەختی جەمشید دادەمەزرێنن و وێنەی شوێنە خۆشەکانی ئێرانی پیشاندەدات و تەنانەت چەند وشەی فارسی سەبارەت بە خۆشەویستیش فێری مادمازێل بکات! ئنجا مادامی‌وەجاخزادە، دەسماڵە ئاوریشمینە گوڵدۆزکراوەکەی لە گیرفان دەردەهێنێ و لەبەردەم و لووتی دەیگرێت تا بۆنی ددانە زەردەکانی ئەو پیاوە دڵی تێکنەدات! رەنگە خەریکە بە بەرپرسی خەستەخانەکە و سیستەمەوە هەڵدەڵێت، ئەگەر قۆپچەی کراسەکەی مادمازێل کامێرا بێ، ئەوە هەر زۆر باشە، ئیتر بە بێ هیچ پرس و پرسیارێک رەسمی‌دەکەنەوە و لەوانەشە بیکەن بە بەرپرسی ئەویش!
دەزانێ گەر بچێتەوە بۆنی دیوارە شێدارەکان دەستپێدەکاتەوە و کاتێکیش مێزەکە دەخاتە سەر جێگای خۆی، لە ئاوێنەدا پیاوێک دەبینێتەوە کە لێی دەپرسێ:
-بۆ خۆت لە ئاو نەدا؟
ئنجا ناچارە گرێی بۆێنباخەکەی شل بکاتەوە و بڵێت:
– ترسام بخنکێم. ئەزانی خۆ چەندە بە چەرمەسەری گەیشتومەتە ئەوێ … ئەشزانی پۆلیسی تورکیا چەندە بێڕەحمە. بیستبووم هەر کەسێکیان بەرچاو بکەوێ تەقەی لێدەکەن. بە چەرمەسەری گەیشتومەتە ئەوێ …
– بەڵام زۆر کەسیش خۆیان لە ئاو دا و گەیشتنە وڵاتێکی ئەوروپی و ئیقامەشیان وەرگرت و …
– ئەزانم، بەڵام قاچاخچیەکان هەموو پارەکەیان خواردبووم. نە لە زمانی کەس تێئەگەیشتم، نەش مەلەم دەزانی. جا چی لە گیان شیرینتر هەیە؟
لەگەڵ کوڕەکە خۆی لە حەشاماتی شەقامەکان وندەکا و لەکاتێکدا کە تامی‌قاوە و قەزوانی ژێر زمانی دەهێنێ و دەبات و بە خۆشی رەنگی بۆێنباخەکەی و بۆنە خۆشەکەیەوە، دیسان پێیوایە کە لە شەقامی‌شانزەلیزێی سەدەی نۆزدەهەم دایە و ئەو کچە چارشێو لەسەرانە، هەمان ئەو مادمازێلانەن و لێوی سووریان لەژێر تۆڕی تەنکی ئاوێزانی کڵاوەکانیاندا دەبریسکێتەوە و ئاگری تێبەردەدا، جا با ئاقای ئەمینیش هەر بڵێت … یان شۆفێری بارهەڵگرەکە هەر‌هاوار بکات:
– بایجان … تەماتە … پەتاتە …
یان بۆنی ئاودەست و دیوارە شێدارەکان هەموو ئەو وڵاتە بتەنێتەوە …

چنور سه‌عیدی

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دو + 13 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس