چهارشنبه , ۳۰ آبان ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / دوو كورتە چیرۆكی ئیتالۆ كالڤینۆ/ و. له ئینگلیزییه‌وه: باوه‌ڕ مه‌عرووفی

دوو كورتە چیرۆكی ئیتالۆ كالڤینۆ/ و. له ئینگلیزییه‌وه: باوه‌ڕ مه‌عرووفی

calvino-italo8

تێبینی

مرۆڤی تەنھا و بێگانە لەم دوو چیرۆكەی كالڤینۆدا بە شێوەیەكی تایبەت خۆ دەنوێنێ. ھەر دوو چیرۆكەكە لە فەزایەكی نادیاردا، واتە لە شوێنكاتێكی بێ ناونیشاندا ڕوو دەدەن، ھیچ كام لە كەسایەتیەكان ناویان نیە و تەنھا لە ڕووی جۆری ھەڵسوكەوتیان و ئەو تەوسیفانەی لێیان كراوە، لێك جیا دەكرێنەوە. بەڵام كەسایەتیی سەرەكیی ھەردوو چیرۆكەكه خاڵێكی ھاوبەشیان ھەیە: ھەركیان غەوارەن. غەوارەبوون لە زۆر تێكستی ئەدەبیدا ڕەنگی داوەتەوە. لەم دوو تێكستەدا، بە تایبەتی، ئەم چەمكە بە شێوەیەكی تایبەت خراوەتە بەر چاو. لە چیرۆكی «هاوکاری»دا، كەسایەتیی یەكەم كەسێكی بێكار و وێڵە كە لەسەر شەقام و لە ناو كۆڵانان دەخولێتەوە. ئەم كەسە نە كارێكی تایبەتی ھەیە و نە بۆ شوێنێكی تایبەتیش دەچێ. كاتێك تەڤلی تاقمێك دەبێ، زوو لەلایەن ئەو گرووپەوە وەردەگیرێ و دەبێتە یەكێك لەوان، بگرە ھاوكاریشیان دەكا. سەرەتا تێكەڵی چەند كەسێك دەبێ كە دیارە دزن و گەرەكیانە دوكانێك تاڵان بكەن، لە ھەمان كاتدا، لەگەڵ پۆلیسەكانیشە. تێكەڵاوی و ھاوكاریی ئەم كەسە لەگەڵ ئەو دوو تاقمە دژبەرە بە جۆرێكە كە لە كاری ھیچ كامیاندا گۆڕانكاری درووست ناكا. ئەمە لە كاتێكدایە كە مرۆڤی غەوارە لە چیرۆكی «گای قەشان»دا بە ھیچ شێوەیەك تێكەڵی سیستەمی‌زاڵ نابێ. گای قەشان بە گایەك دەڵێن كە خۆی ڕەشە و خاڵێكی سپی بە ناوچاوانیەوەیە، بە جۆرێك كە لە دوورەوە لە چاو دەدا. ئەم كەسەش بە پێچەوانەی كەسایەتیەكانی­تری چیرۆكەكە (كە ھەموویان دزن)، كابرایەكی چاكەكارە و دەست بۆ ماڵی كەس درێژ ناكا. ئەو چاكەكاریەشی دواجار دەبێتە ھۆی شێوانی سیستەمی‌باو و وا دەكا جۆرە سیستەمێكی­تر درووست ببێ… .

ھاوكاری[۱]

ڕاوەستام، بزانم خەریكی چین.

لە كۆڵانێكی چۆل بە شەو خەریكی كار بوون. پەنجەرەی پشتەوەی دوكانێكیان دەكردەوە.

پەنجەرەكە لە قورسەكان بوو: بە مەڵغەیەك دەیانەویست لە بندا ھەڵی بكەنن، كەچی پەنجەرەكە لە جێی خۆی نەدەبزووت.

لەو دەورە بۆخۆم دەخولامەوە. بە تەنێ بووم و بۆ جێیەكی تایبەتیش نەدەچووم. چووم دەستێكیان ڕەگەڵ بخەم. جێیان بۆ كردمەوە و دەستم دایە مەڵغەكە.

بۆ ئەوەی ھاوئاھەنگ بین، دەنگم ھەڵێنا: «دەی یاڵڵا!» ئەوی لای ڕاستم ھەنیشكێكی تێكوتام و وتی: «بێدەنگ بە! شێت بووی! دەتەوێ پێمان بزانن؟»

وەك بڵێی كارێكی ھەڵەم كردبێ، سەرێكم ڕاوەشاند.

ھێندە خەریكی پەنجەرەكە بووین، عارەقەمان دەردا. ئەما ئاخری بەرەو سەرێمان خوار كردەوە تا ھێندەی كونێكی گەورەی تێ كەوت بۆ ئەوەی پێیدا بچینە ژوورێ. چاوێكمان لە یەكتری كرد و بزەیەك نیشتە سەر لێومان. پاشان خۆمان تێخستە نێو دوكانەكە. ساكێكیان دایە دەستم تا ڕایگرم و ئەوان شتی تێ باوێن.

دەیانگوت: «زوو كەن، تا پۆلیسی سەگباب پێی نەزانیوین!»

منیش وتم: «ڕاستە، بەڕاستی سەگباب و پیسن!»

ھەر چەند دەقە جارێك دەیانگوت: «سست، دەنگی زرمەی پێ بوو؟»

گوێم ھەڵخست. بڕێكیش ترسابووم. وتم: «نا، كوا، دەنگ نایە!»

یەكیان وتی: «ڕێك ئەو وەختەی پێت وایە نایەن، لێت وە ژوور دەكەون.»

سەرێكم لەقاند و وتم: «دەبێ بیانتۆپێنی، تا عاقڵ بن!»

پێیان وتم تا سەر كۆڵانەكە بچم، بزانم كەس دیار نیە. چووم.

لە دەرەوە، لەسەر كۆڵانەكە، چەند كەس بە دیوارێكەوە نووسابوون و لە پەنا دەركەكەوە خۆیان حەشار دابوو. وردە وردە بەرەو لای من دەھاتن.

ڕەگەڵیان كەوتم.

ئەوی پەنامەوە وتی: «لەو ژێرەوە دەنگە دەنگێك دێ، لەو كن دوكانانە.»

سەرێكم ھەڵێنا.

وتی: «سەرت دانەوێنە، گێل و گەوج. بمانبینن، دیسان دەردەچن.»

بە دیوارەكەوە خۆم دانەواند و وتم: «ھەر چاوێكی چكۆلەم لێكرد.»

ئەوی دیكەیان وتی: «ھێندە نین. ئەگەر جۆرێكیان دەورە بدەین نەمانبینن، ڕەحەت دەتوانین بیانگرین.»

بە ڕەدیف دەچووینە پێشێ. لەسەر قامك دەڕۆیشتین و بە حاڵ ھەناسەمان ھەڵدەكێشا: ھەر بە چەند سانیە جارێك چاوێكمان لە چاوی یەكتری دەبڕی.

وتم: «وا زوو ناڕۆن.»

یەكیان وتی: «زۆر زۆرەكەی بە مردوویی وە چنگیان دێنین.»

وتم: «جارێ وەختی نیە.»

ئەوی دیكەیان وتی: «لەو بیژووانە، چا چۆن خۆیان لە دوكانی خەڵكی داوێن!»

منیش بە تووڕەییەوە وتمەوە: «بیژوون، بیژوو!»

ڕێگەیان بۆ كردمەوە، بڕۆمە پێشێ و چاوێك لێ بكەم. چوومەوە نێو دوكانەكە.

وتیان: «چاكمان ئەو گەمژانە، دیسان، بە كەر زانی.» بەڵام لە پڕ دەنگێك ھات: «ھۆی، ئەوە كێیە لەوێ؟» چراكان ھەڵبوون. توند دەستی یەكترمان گرت و خۆمان لە پەنای شتێك حەشار دا. ئەوانەی­دی ھاتنە پشتەوەی دوكانەكە. ئێمەیان نەدی و گەڕانەوە. لە جێی خۆمان دەرپەڕین و وەك شێت دەرچووین. نەڕاندمان: «ھەڵێن با ھەڵێین!» من كە ھێواش ھەڵدەھاتم، كەوتمە دواوە. تێكەڵ ئەوانە بووم وا ئەمانیان ڕە پێ دەنا.

وتیان: «زوو كە، ھەڵێ، خەریكین دەیانگەینێ.»

لەم كۆڵانەوە بۆ ئەو كۆڵان بە دوایاندا ھەڵدەھاتین. ھاوارمان دەكرد: «لێرەوە وەرن، ئابێرەدا» و زۆر لێمان دوور نەبوون. دەماننەڕاند: «وەرن، ناتوانن ھەڵێن.»

ھێندە لێیان نزیك ببووینەوە، شان بە شانیان ھەڵدەھاتم. یەكیان وتی: «بژی، چاك ھەڵاتی. زوو كە، بێرەدا وەرە، خەریكین ونیان دەكەین.» لەگەڵی چووم. ھێندەی پێ نەچوو، لە ناو كۆڵانێك بە تەنێ مامەوە. یەكێك ھاتە سەر كۆڵانەكە و خولێكی خوارد و وتی: «وەرن، بێرەدا، دیتمن. زۆر دوور نەڕۆیون.» بڕێك لەگەڵ ویش ھەڵاتم.

ڕاوەستام پشوویەك بدەم؛ ھەموو گیانم عارەقە بوو. كەسم لە دەورە نەمابوو، چیدی گوێم لە ھات و ھاوار نەبوو. دەستم لە گیرفانم خستن و ھێواش ھێواش ھەنگاوم ھەڵێناوە، بە تەنێ، بە بێ ئەوەی بۆ شوێنێكی تایبەت بچم.

گای قەشان[۲]

وڵاتێک بوو کە دانیشتووانی هەموو دز بوون.

شەوانە هەمووان بە دەستەکلیل و لەنتەرێکەوە لە ماڵەوە دەچوونە دەرێ و دزییان لە دراوسێکانیان دەکرد. کاتێک شەو درەنگان بە دەستی پڕ دەگەڕانەوە، دەیانبینی کە ماڵی خۆشیان دزی لێ کراوە.

هەمووان بە تەبایی پێکڕا دەژیان، کەس هیچی لە کیس نەدەچوو، چونکە هەر کەسەو دزیی لەوی­دی دەکرد، ئەوی­دیش لە یەکێکی دیکە و… تا دەگاتە دواهەمین کەس کە ئەویش لە ماڵی کەسی یەکەمی‌دەدزی. مامەڵە کردن لەو وڵاتەدا بێ شک بریتی بوو لە فێل و فریودان لە لایەن هەر دوو لاوە، هەم کڕیار و هەم فرۆشیار. حکوومەت ڕێکخراوێکی جینایی بوو كە دزی لە خەڵكەكەی خۆی دەکرد و خەڵكیش بۆ ئەوەی بێ­بەش نەبن، بەردەوام فێڵیان لە حکوومەت دەکرد. ژیان بە ئارامی‌تێدەپەڕی، نە کەس هەژار بوو، نە کەس دەوڵەمەند.

ڕۆژێک، نازانین چۆن، پیاوچاکێک پەیدا بوو. شەوانە، ئەو کابرایە لەباتی ئەوەی تەلیس و لەنتەری دەست بداتێ و بڕواتە دەرەوە، لە ماڵەوە دەمایەوە و جگەرەی دەکێشا و ڕۆمانی خۆی دەخوێندەوە.

دزەکان دەهاتن، بەڵام کاتێک دەیاندی چرای ماڵەکەی دایسێ، وە ژوور نەدەکەوتن.

ئەم شێوازە ماوەیەک درێژەی بوو: پاشان ناچار بوون بۆی ڕوون بکەنەوە کە تەنانەت ئەگەر بیهەوێ هیچ نەکا و هەر وا بژی، نابێ پێش به ئەوانی­دی بگرێ و نەهێڵێ ئەوان هیچ بکەن. مانەوەی هەر شەوێکی وی لە ماڵەوە واتە سبەینێ بنەماڵەیەک هیچیان نابێ بیخۆن.

ئەو کابرایە نەیدەتوانی لە بەرامبەر بڕیاری ئەواندا بوەستێتەوە. بۆیە ئێواران دەڕۆیشتە دەرێ و سەر لە بەیانی، وەک ئەوانی­دی، دەگەڕاوە بۆ ماڵەوە، بەڵام هیچی نەدەدزی. پیاوچاک بوو، کەسیش نەیدەتوانی نەیەڵێ پیاوچاک بێ. تا سەر پرد دەڕۆیشت و سەیری ڕووبارەکەی دەکرد کە لە بن پردەکەوە شەپۆلی دەدا. کاتێک دەڕۆیشتەوە بۆ ماڵەوە، دەیدی دزی لێ کراوە.

لە ماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا کابرا قڕانێکی بۆ نەماوە، هیچی نەبوو بیخوا و ماڵەکەی بەتاڵ ببوو. بەڵام ئەم کێشەیە هێندەش گەورە نەبوو، چونکە خەتای خۆی بوو؛ نا، کێشەی گەورە ئەوە بوو کە ڕەفتاری وی ئەوانی دیکەی ئازار دەدا. ئاخر ئەو ئیزنی دەدا دزی لێ بکرێ، بەڵام بۆخۆی هیچی لە کەس نەدەدزی؛ بۆیە هەمیشە کەسانێک هەبوون کە کاتێک سەر لە بەیانی دەڕۆیشتنەوە بۆ ماڵەوە، دەیاندی ماڵەکەیان دەستی لێ نەدراوە و دزییان لێ نەکراوە: ئەو ماڵانەی ئەو کابرایە دەبوو دزییان لێ بکا و نەیدەکرد. هەر جارەو پاش ماوەیەک ئەوانەی شتیان لێ نەدەدزرا لەوانی­دی دەوڵەمەندتر دەبوون و حەزیان لێ نەبوو ئیدی دزی بکەن. لەوەش خراپتر کاتێک بوو کە ئەوانەی دەچوونە جەستەی ماڵی کابرا پیاوچاکەکە، هیچیان لەو ماڵە بەتاڵە وە چنگ نەدەکەوت؛ هەر بۆیە هەژار دەبوون.

بەم جۆرە، ئەوانەی دەوڵەمەند ببوون، وەکوو کابرای ڕاستگۆ شەوان دەچوونە سەر پردێ و سەیری ڕووبارەکەیان دەکرد. ئەم کارە بشێوی لێ دەکەوتەوە، لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر دەوڵەمەند دەبوون و خەڵکێکی زۆریش هەژار.

دەوڵەمەندەکان دیتیان ئەگەر هەموو شەوێ بڕۆنە سەر پردێ، لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوانیش هەژار دەبن. بە بیریاندا‌هات: ‘با هەندێک لە هەژارەکان بە کرێ بگرین بۆ ئەوەی دزیمان بۆ بکەن.’ گرێبەستیان دانا و مووچەیان دابین کرد: هەڵبەت هێشتا هەر دز بوون و هێشتاش لە هەوڵی ئەوەدا بوون کڵاو لە سەر یەکدی بنێن. بەڵام، بەم جۆرە، خەڵکی دەوڵەمەند، دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بوون و خەڵکی هەژاریش، هەژار و هەژارتر.

هەندێک لە دەوڵەمەندەکان هێندە دەوڵەمەند ببوون کە بۆ ئەوەی هەر وا دەوڵەمەند بمێننەوە چی­دی پێویستیان بە دزی کردن یا کەسانێک نەبوو دزییان بۆ بکەن. بەڵام ئەگەر هیچیان نەدزیبایە، هەژار دەبوون، لەبەر ئەوەی هەژارەکان لێیان دەدزین. هەر بۆیە پارەیان دەدا بە خەڵکی هەرە هەژار تا لە هەمبەر هەژارەکانی دیکەدا پارێزگاری لە ماڵ و سامانیان بکەن، کە ئەمەش واتە پێکهێنانی هێزی پۆلیس و کردنەوەی بەندیخانەکان.

وەها بوو کە پاش تەنها چەند ساڵ‌هاتنی ئەو پیاوچاکە، خەڵکی چی­دی باسی چوونە دزی و دزی کردنیان نەدەکرد، بەڵکوو لە دوو چینی دەوڵەمەند و هەژار دەدوان؛ کەچی هێشتاش هەموویان هەر دز بوون.

تەنها پیاوچاکی ناویان هەمان کابرای غەوارە بوو، کە زۆر سادە، لە برسان مرد.

 

[۱] Solidarity

[۲] The Black Sheep

 

سەرچاوە:

  1. http://www.ruanyifeng.com/calvino/2008/11/solidarity_en.html
  2. http://garts.latech.edu/erufleth/blacksheep.htm

 

 

یک دیدگاه

  1. سڵاو
    وێڕای دەس خۆشی و ماندو نەبینی زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەم کورتە چیڕۆکانە بەڕاستی خۆش و سرنج ڕاکێشن.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

4 + 10 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..