هونەر بە گشتی ڕۆڵێکی هەرە سەرکیی لە ژیانی مرۆڤدا گێڕاوە. هەر لە مێژەوە تا دەگاتە لای ئەفلاتوون و ئەرەستوو بە ئەمڕۆشەوە، هونەر توانیویەتی بە شێواز و ڕێبازگەلێکی جیاواز خۆی بنوێنێت. هونەر هەندێجار بووهتە گۆڕەپانی ململانێی نووسەر و کۆمەڵگە، هەندێجاریش فۆرمیدژخوازی، تێپەڕاندن، دابڕان و هەڵوەشێنەرەوەی بنەما فیکری و مەعریفەکانی گرتووتە خۆی و بە باڵی خەیاڵ پەلکێشی کردووە بەرەو بەسەرەدمیکردنەوەی. هەر بۆیە زۆرێک لە ڕەخنەگر، فەیلەسووف و نووسەرانی دنیای ئەدەب لە سەر ئەرک و دەروەستی هونەر و ئەدەب و تەنانەت خودی ڕەخنە و پەیوەندیشی بە جیهانی ناوەکی و دەرەکییەوە دواون. بۆ وێنە لای ئەرەستوو هونەر و شێعر وەک پاکژکەرەوەی هەست و ڕۆحی مرۆڤ چاوی لێکراوە و کارتێکردنی بە سەر خوێنەرەوە وەک چێژی بزەیی و ترسە لە جیاوازی نێوان تراژدی و کۆمێدیا لە گەل فۆرمەکانی دیکەدا. بە ڕای ئەرەستوو هونەر، لە بەر ئەوەی ساڕێژکەری ناخ و هەستی مڕۆڤە، خاوەن پێگە و بەهایەکی زۆرە. بە پێچەوانەوە، هونەر و شێعر لای ئەفلاتوون، خاوەنی ئەو پێگە و بەهایە نییە، ئەو لایوایە شێعر هەوڵ ئەدات ڕۆڵی لاساییکەرەوە و کۆپیکردنەوەی هەموو شتەکانی دنیای واقیع بگێڕێت، کە ئەوان خۆیان، کۆپی و لاسایی هەقیقەتێکیتری دنیایەکی دیکەن. واتە ئەم پرۆسەیە بەردەوام مرۆڤ لە هەقیقەت دوور دەخاتەوە. هونەر و ئەدەب، بەردەوام لەگەڵ خۆیدا، ڕەخنە و شیکاری هێناوەتە کایەوە. بەو واتایەی کە هونەر هەڵگری مانا و دەلالەتگەلێکی تایبەتە کە پێویستی بە ڕاڤە و شیکاری هەیە، وە پێش لەم ڕەخنە و شیکاریەش، پێویستی بە بوونی ڕەخنەگرێکی شارەزا و لێزان هەیە کە خاوەن تێگەیشتووییەکی باش بێ لە سەر زۆرینەی تێکست، مێتودە، و ڕێبازە هۆنەری و ئەدەبییەکان. وەک چۆن سووزان سانتاک دەڵێت: لێکدانەوە و ڕاڤەی هونەر و بەرهەمگەلی ئەدەبیی، کردەیەکی وەرگێڕاویانەیە. لە ڕاستیشدا ڕاڤە و شیکاری، بۆ ئاشتکردنەوەی دەقە کۆنەکان و پێویستییەکانی جیهانی مودێڕن بەکار دێت[۱]. لە لای سانتاک دیاردەی ڕاڤە و ڕەخنەی مودێڕن کردەیەکی ڕووخێنەر ، تێکدەر و پشکێنەرە. ڕەخنە و لێکدانەوە، تیشکی دەخاتە سەر ئەو بێدەنگییەی نێو دەق و ناوشیاری و سووچە نووتەکانی.
لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا تیۆری و ڕەخنە بەشێوەیەکی ئاکادمیک و مودێڕنهاتنە نێو بازنەی کایەکەوە کە بۆ خۆی لە ژێر کاریگەریی بیر و هزری بیرمەندانی وەک دیکارت، هێگێل، مارکس، فرۆید و نیچەدا بوو. با ئەوەشمان لەبیر نەچێت . لۆژیکی مێژوویی ڕۆژئاوا، کۆمەڵێک لۆژیک و قۆناغی تایبەت بە خۆی تێپەداندووە تا گەیشتووەتە قۆناغی هەنووکەیی. سەرجەم ئەو تێپەڕاندن و پشکنینانەی لە بەر ناسینی جیهان و پەیوەندییەکانی بە چەمکەگەلێکی وەک کات-شوێن، زانست، جوانناسی و زمان و . . . ەوە بووە.
لێکدانەوەی هونەر و ئەدەب و ئەو گشتە دەسکەوتە نوێیانەی پرسی ڕەخنەیی لە ژێر کاریگەریی پرسی گومان و سکێپتیسیزم و ئەقڵی ڕەخنەگرانەدا بووە. بێگۆمان سکێپتیسیزم ڕۆڵێکی هەرەگرنگی لە داڕشتنەوەی سەر لە نوێی هەموو ئەو بنەما هزری و فەلسەفی و مەعریفییەکانەدا هەبووە کە لە ژێر پێویستی گوتاری دیالێکتیکی هەر چەشنە هەقیقەتێک دەخاتە ژێر پرسیارەوە. پێناسەی سکپێتیسیزم لە ئاکادێمیای ئەفلاتوونەوە دەست پێدەکات و لە ڕۆنیسانسدا دیسانەوە سەرهەڵئەداتەوە و دەگاتەوە لای دیکارتیش لە سەدەی هەڤدەهەمدا. لە سەدەی بیستەمیشدا زۆرێک لە ڕۆشنبیران و ڕەخنەگەرانیش بە میتۆدێکی سکێپتیسیزمەوە دەستیان داوتە داڕشتنەوە و داهێنانێکی نوێ لە مێژووی ڕۆشنبیری و کەلتووریهاوچەرخدا. لە ئیستاتیکای دیالێکتیک و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوادا، زەینی ڕەخنگرانە شانبەشانی سکێپتیسیزم توانیویەتی بانگهێشت و بانگەوازی ڕاستەقینە لە چوارچێوەی بوونێکی دیالێکتیکدا بکات. هەر بەم بۆنەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا تیۆر و ڕەخنە و میتۆدە زانستیەکان خۆیان لە بازنەیهاوچەرخیبووندا بینی و دەستیاندایە لێکدانەوەی زانستیی تێکست و بەرهەمە هونەریەکان. بە مانایەکیتر هەموو ئەو تیۆر و ڕەخنە زانستیانە، ئەرکی وشیارکردنەوی سووژەی مودێڕنیان لە هەمبەر ئەو بێدەنگی و ناکۆکی و دژایەتی نێو دەقەکان و پەیوەندیەکانی لەگەل جیهانی دەرەکیدا گرتە ئەستۆ. لامان ڕوونە کە مەبەستی سەرەکی تیۆری ئەوەیە تا سووژەی مودێڕن بخاتە دۆخێکی دەرهەستی و ڕۆشنبیریی تایبەتەوە تا بیر لە ناسین و بینینی ئەویدی بکاتەوە و بتوانێ ئامرازێکی شیاو بۆ لۆژیکی داهێنان دەستەبەر بکات. تیۆری ئەدەبیی لە سەدەی ڕابردووەدا هەوڵێکی ئێجگار گرنگی داوە بۆ شرۆڤە و راڤەکردنی بەها و گریمانەگەلێکی ناو تێکستەکان تا ڕەخنەی ئەدەبی بە شێوازێکی تایبەت دەست بۆ پۆلێنکردنی تێکستەکان ببات.
ئاوڕدانەوەیەک لە لۆژیکی مێژوویی و مەعریفەی کوردیی وەک خوێندنەوەی دەقێکی ئەکتیڤ و چالاک، بێگومان جیهانێکی تراژیکی پڕ لە بێدەنگی و پچڕان دەخاتە بەرچاوی خوێنەرەوە. لە بەستێنی ڕۆشنبیریی کوردیدا بەرهەمگەلی ئەدەبی و هونەری نەیانتوانیوە بە شێوازێکی زانستی و میتۆدیکەوە بچێتە ناو کایەی تیۆری و ڕەخنەیەکی دیالیکتیکیەوە. بەو واتایە پرسی بوونی فەزایەکی دیالێکتیکی لە بازنەی داهێنان و بەرهەمهێناندا، بزر بووە . لە هۆکارەکانی ئەم پچڕان و قەیرانە دەتوانین ئاماژە بە کێشەی سکێپتیسیزم و غیابی پرسیار و زەینی ڕەخنەگرانە لە ڕۆشنبیری مەعریفەی کوردیدا بکەین. بێگومان خودی چەمکی سکێپتیسیزم و وشیاریی ڕەخنەگرانە، دەتوانێ کاریگەرییەکی قووڵی لە سەر داڕشتن و بەرهەمهێناندا هەبێت.
دەسەڵاتی وشیاریی نوێ و ڕەخنەگرانە بانگەشەی خۆڵقاندن و داهێنانی سەرلەنوێ دەکەن تا دەروازەیەک بۆ تێرامان و تێفکرین لەسەر هێلەسوورەکانی “ژین-سیاسەت” بکەنەوە، کە چی ئەم پرۆسەیە لە مێژووی ڕۆشنبیری کوردیدا تووشی نامومکینی بووە، مەگەر لەم چەند ساڵەی دواییەدا کە خۆی لە سەردەستی بەرەیەکی نوێ و وشیاریەکی نوێدا دەبینێتەوە. هەر چەشنە هەوڵێک بۆ وشیارکردنەوەی ئیستاتیکی دیالێکتیکی مەعریفەی کوردی، ئەزموونێکە لە خوێندنەوەی ئازادانەی ئەو بنەما مەعریفییانەی وا لە گریمانەی شوناسی هزری و فەلسەفیدا ئامادەیە و لە زۆر ڕووەوە هەوڵ و خوێندنەویەکە بە دوای هەقیقەتێکی نادیار و ناشوێن لە ژیانی کۆمەڵایەتیهاوچەرخی کوردیدا. هەقیقەتێک کە سیاسەتی پاتریارکیزم چ بە مانا کۆمەڵایەتییەکەی و چ بەو مانایە کە پاتریارکیزم، تاکە سیاسەتی کلاسیک و کۆنپەرەست بووە لە داهێنان و گۆڕانکارییە هونەریی و ئەدەبییەکاندا، واتە نەبوونی فەزای دیالێکتیکی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەویدی لە هونەر و ئەدەبدا، کێشەیەکی ئێجگار گرنگی لە بواری ژانر و فۆرم و ڕێبازە هونەرییەکاندا دروست کردووە تاکوو پاتریارکیزم ببێتە تاکە دەسەڵاتی پاوانخواز.
تێنەپەڕاندنی قۆناغە هونەری و ئەدەبییەکان یەکتر لە ئیشکالییەتەکانی مەعریفەی کوردییە کە بەردەوام لە ژێر ڕکێفی پاتریارکیزم لە هونەر و ئەدەب و تەنانەت لە پرۆسەی ڕەخنەیش بەدی دەکرێت. بۆ وێنە لە بەراوردکاری لە نێوان بەستێنی ڕۆشنبیری هونەری و فیکری ڕۆژئاوا لە گەل بەستێنی ڕۆشنبیری کوردیدا، دەرئەکەوێت کە ڕەوتی تێپەڕاندن و دابڕان دینامیزم و سیاسەتی مەعریفی- دیالێکتیکی ئەوان بووە کە لە تەنیشت دۆزینەوەی هەقیقەت و ئەزموونێکی نوێباو بووە و خۆی وەک پرۆسەیەکی دیمۆکراسیانە دەخاتە بەر چاوی سیاسەتی نڤیسار و گوتاری رەخنەیی.
کەچی لە داوێنی فیکری و مەعریفەی کوردیدا تێنەپەڕداندن و دانەبڕان، زۆرتر باو بووە و بەردەوام پرەنسیپی پاتریارکیزمیهونەری و تاکە هەقیقەتخوازی لە قاوغی فۆرمێکی نەریتسەروەرانەدا ئەزموون ئەکات. هەر وەک چۆن ئاژماژەی پێکرا ڕێکەوتنی پرۆسەی داهێنان و ڕەخنەی نوێباو لە کوردستاندا هەبوون و ئەگەری دیالێکتیکی نەبووە، بەو مانایە کە پێناسەکانی بنەمای فیکری و مەعریفەی کوردی لە هەر سەردەمێکدا بەرسازدراوی تاکە ڕێکەوتنێکە لە دەسەڵاتی پاتریارکیزمیفۆرمیی کە دەرەنجامیبێدەنگکردنی ژانر و فۆرمێکی نوێیە. بە پێی گوتەکانی فردریک جەیمسۆن لە کتێبی ناوشیاریی سیاسی[۲] و مارکسیزم و فۆرم[۳]، ئایدۆلۆژیای فۆرم ناوەڕۆکی فۆرم دەردەخات، بەواتایەکیتر فۆرمیهەر چەشنە بەرهەمێکی هونەری، ئاوێنەی باڵانوێنی ئایدۆلۆژیایەک بووە لە مێژوویەکی تایبەت و دیاریکراودا، یانێ فۆرم خۆی لە ئاوێنەی ناوەڕۆکدا دەبینێتەوە . لە ئیستاتیکی دیالێکتیکی جەیمسۆندا، مێژوو وەک ئەمرێکی واقیعی “لاکان”یە و دەبێتە گۆڕەپانی پێکدادانی چینەکانی کۆمەڵگە و لە ململانێی ژانرەکان و فۆرمەکاندا دەردەکەوێت. بە کورتی تاکه دەسەڵاتی سەروەرخوازانەی ژانری سەردەم، بەردەوام لە ململانێ لەگەل هەر دەنگێکی نوێ لە داهاتووی نادیار و هەروەهاش پاشماوەکانی ڕابردوودا بووە؛ تێکڕای ئەمانەش لە کاتی ڕاپەڕینی فەرهەنگیدا ئەگەریهاتنهئارای هەیە .
ڕوون و ئاشکرایە کە بوونی فەزایەکی دیالێکتیکی، هێزێکی پاڵنەرە بۆ پێشڤەچوون، بەرەو ناسینی جیهان و ئاسۆیەک لە مێژووی ئینسان وەک هەبوونێکی گشتگیر. بۆ وێنە تا پێش چەند ساڵی ڕابردوو، مێژوو، لە سیاسەتی مەعریفەی کوردیدا، گۆڕەپانی ململانێی حیماسە و شانۆ و ڕۆمان و چیرۆک و شێعر و رێبازە ڕەخنەی و فەلسەفییەکان نەبووە. ڕەخنەی زانستی و میتۆدی ئاکادێمیک لە ڕۆشنبیری کوردیدا ئەبێت وەک سەفەرێکی ئۆدیسیانە بێت بۆ پاراستنی چییەتی و چۆنییەتی نیشتمانی ماناکان و دەلالەتەکان، بەرەو شوێنە نادیار و شاردراوەکانی و پەیوەندییە دەلالەتییەکانی لەگەل هێزە سەرکوت کراوەکانی نێو دەقەکاندا. کەچی ڕووبەڕووبوونەوی ڕەخنەی ئاکادێمیک و زانستی لەگەڵ دەلالەتگەلی ساویلکانەیی زمان و ڕەوایەتی چەقبەستوو و ترسئاژۆی کۆنباو لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی مەزن و گەورەدایە.
لە بەستێنی کۆمەلگەدا و بەهەمان شێوەش لە هێرمۆنۆتیکی مەعریفی و لە نێوان بنەما هزری و هۆنەرییەکاندا پەیوەندییێکی هەمەلایەنە لەگەڵ کۆمەڵگە لە ئارادایە. کاتێک کە سووژەی نوێ لە فەزایەکی مودێڕندا هەوڵ بۆ مانەوە و هەبوون لە ژێر سیستەمینابەرابەر و مرۆڤسڕێن و بەکاڵاکردنەوە ئەدات، لێرەدا پێویستیی بینینەوی وشیاری نوێ و ئەقلی ڕەخنەگەرانە بەدی دێت.
لە ئەدب و ڕەخنەی کوردیدا، هەر وەک چۆن مەریوان وریا قانع دەلێت: هەندێ گرفت و کێشەی هەرەسەرکی لە ئیشکالیەتی مەعریفەی کوردی هەن و ئاماژە لە نەبوونی پۆتێنشیالێتی ڕەخنەیەکی ئەکادێمیک دەکات. بەپێی ئەو غیابەی ڕەخنەگری ڕاستەقینە لە ناو ئەدەبی کوردیدا، کێشە بۆ ڕێکەوتنێک لە سەر پێناسەی شێعری کوردی ساز دەکات کە شیعری کوردی کورت دەکاتەوە بۆ “تەلی عاتیفە” و نیشتمانپەروەری و چەند درۆشمێکی ئایدۆلۆژیک[۴].
ئەگەر هێرمۆنۆتیکی دیالێکتیکی و ڕەخنەی ئەدەبیی لە کومەڵگەی کوردیدا گەڕان بە دوای چەند دوگم و دروشمێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی بێت لەوانەیە بلێین کە گوتەکانی “فردریک جەیمسۆن” سەبارەت بە ئەدەبی جیهانی سێهەم تێکەڵاوی هێڵی نیشتمانپەروەریی بووە. واتە ئەدەبی جیهانی سێهەم بە شێوازێکی زەرووریی وەک تەمسیل و هێمایەکی نەتەوەیی کار دەکات و لە درێژەی ئەو بانگەشەیەدا دەڵێت چیرۆکی تاکەکەسەکان بەردەوام هێمایەکە لە باروودۆخی ئاڵۆزی کەلتوور و کۆمەڵگەی گشتیی و کۆلێکتیڤی جیهانی سێهەم[۵].
لە ڕاستییدا داهێنان و بەرهەمهێنانی هونەری و ئەدەبیی لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا دەیههویست بەشێکی هەرەگەورەی هونەر و ئەدەبی کوردی بخاتە ناو بازنەیەکەوە وەک خوێندنەوەیەکی هێماییانە و تەمسیلیانە. یەک لە هۆکارە دیالێکتیکی و لۆژیکییەکانی ئەمەش کاریگەری دیتێرمینیزمیمێژوویی بووە. بەڵام لە هەمان کاتیشدا پرۆسەی بەرهەمهێنان و سیاسەتی نڤیسار ناچێتە نێو بازنەی فیکری و ڕۆشنبیری جەیمسۆنەوە و دەروازەیەک لە وێناکردنەوەیەکی پرسی جوانیناسی و ئەشق و خۆشەویستی و زمان و کولتوور و . . . دەکاتەوە. بە پەراوێز خستنی کومەلگەی ئێمە لە فەزای مۆدێڕنیتە و ئەزموونی مۆدێڕنیتە، دابڕانی هەندێ لە بەشەکانی کۆمەڵگەکەمانی لێدەکەوێتەوە. واتە دەلالەت و ماناکانی نێو تێکست کێشەیەکیهاوپەیوەندی وهاوبەستەی هەبووە لە گەڵ هێز و چینەکانی دیکەی کۆمەڵگەدا. کەچی ئەمری ئەزموون کردنی دیاردە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان لە نێوان پرۆسەیەکی دیمۆکراسیانەی هونەری و ئەدەبییدا، بابەتێکی نەکراوە بووە. بۆ وێنە سوریالیزم وەک بزوتنەوەیەکی هونەری لە فەرەنسەدا لە درێژەی بزوتنەوەیەکی کورتخایەن بەنێوی دادائیزمەوە سەری هەڵدەدا. ئەم دوو بزوتنەوەیە هەڵگری شێوازێک لە دژخوازی بوون بەرامبەر بە کاولکارییەکانی جەنگی یەکەمیجیهانی لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی مۆدێڕندا، سەرەڕای ئەمەش هەموو چەشنە ئەقڵانیەت و شێوازی هونەری و ئەدەبی کە هەڵگری مەسەلەی ئەقڵانی بووە، خستە ژێر تیشکی ڕەخنەی خۆیەوە. واتە سوریالیزم شۆڕشێک بووە دژ بەو هەموو بیری لۆژیکی و ئەخلاق و نەریتی هونەری و کۆمەڵایەتیانە. کەچی ئەم بنەما هونەری و هزرییە سەرەتا لە تابلۆ و پەیکەرتاشی و هونەرەکانی دیدا دەستپێدەکات و خۆی لە ناو بەستێنی کۆمەڵایەتی و کهلتووری دەبینێتەوە. لە ڕاستییدا ئەمری ئەزموونکردنی هەر چەشنە ڕێبازێکی هونەری و ئەدەبی لە مێژووی ڕۆشنبیری و مەعریفیی کوردیدا، بەس لە دەروازەی چیرۆک و شێعرەۆە بانگهێشت کراوە. واتە ئەگەر دیاردەیەک یان بزوتنەوەیەکی هونەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕوویدابێت، ئەم بزووتنەوە هونەرییە نەیتوانیوە هەڵگریهاوپەیوەندییەک بێ لەگەڵ دەسەڵات و چەشن و چینەکانی کۆمەڵگە و تەنیا لە دەروازەی شێعر و چیرۆک یان ڕۆماندا قەتیس ماونەتەوە .
بۆ وێنە لە بەستێنی کۆمەڵگەی کوردیدا، بنەما مەعریفی و هونەرییەکان و تەنانەت دیاردەگەلی مۆدێڕنی هونەریی لە پراکتیسێکی نامێژوومەندانەدا لە ناو تەلارسازی، سینەما، تابلۆ و پەیکەرتاشیدا ڕەنگیان نەداوەتەوە و تەنیا لە سنووری نووسیندا بەرهەمهێنراون. ئەم پرۆسەیە دیسان دەتوانێت لە ژێر ڕکێفی ئەو ستراتیژییەدا بێت کە سیاسەتی پاتریارکیزمیهونەری و تێکستی شوێنی لهسهر دادهنێ و بەپەراوێزخستنی کۆمەڵگای کوردی لە ئەزموونی مۆدێرنیتەدا مانهوهی خۆی سهقامگیر دهکات.
ئەگەر هونەر و بنەما هونەرییەکان، سنوورە دەسکردەکانی نووسین تێنەپەڕێنن ئەوەتا چیدی هێرمۆنۆتیکی ڕۆشنبیریی ئێمە هەر لە قاوغی نامێژوومەندانە و نائامانجخوازانەدا دەمێنێتەوە. ڕەوایەتی داهێنان و تێپەڕین بەرەو مێژوویەکی نوێ و یۆنیڤرساڵ و گشتکیر پێویستی بە پەیوەندییەکی هەمەلایانەی بەستێنی کۆمەڵگەی کوردیی هەیە. لەماوەی ئەم چەند ساڵەی ڕابردوودا میکانیزمیئەزموونی زمانی و مێژوویی کردارێکی تایبەت بە نووسینەوەی ئەزموونی هونەریی و ئەدبی لەخوێدا گرتووەتەوە. نووسینی مانیفێستی ناشوێن یەکێکە لەو هەوڵانە که لهپێناو نووسین و ئەزموونی میتۆدێکی زانستی لە چوارچێوی دەربازبوون لە سیاسەتی کۆنباوی تاکەحەقیقەتخواز و نەریتیسەروەرانە دهڕواته پێش .
لە کۆمەڵگەی کوردی و مەعریفەی ڕۆشنبیریی کوردیدا سیاسەتی پرسیار نەکردن و تێنەپەڕاندنی قۆناغە هونەری و ئەدەبییەکان و نەبوونی فەزای دیالێکتیکی و نامومکینبوونی ئەزموونی مۆدێرنیتە بە شێوازێکی تایبەت و پاتریارکیزمیهونەری و ئەدەبیی، دۆخێکی ڕادیکاڵی لە سایکۆلۆژیای زەینی سووژەی مۆدێڕن و کۆلێکتیڤ دروست کردووە کە بابهتی سیاسەتی نووسینی مانیفێستی، نامومکێن کردووە. نووسینی مانیفێستی ناشوێن نەک تەنیا هەڵگری سایکۆلۆژیای تاکەکەس، بەڵکوو هەڵگری سایکۆلۆژیای کۆمەلگەیەکی لێوانلێو لە بێدەنگییە، تاکوو بتوانێت هەوڵێک بدات بۆ بەهاوچەرخکردنەوە و گۆڕانکاری و قووڵترکردنەی بازنەی بەرهەمهێنانی ئەدەبی و هونەری. مانیفێستی ناشوێن هەوڵدانێکە بۆ دەربڕینی ناوشیاری مێژووی کۆمەڵگەی کوردی لە بەستێنێکی دیالێکتیکی و جوانناسیدا، تا بتوانێت ڕووبەڕووی ئەزموونی سکێپتیسیزم، دابڕان و تێپەڕاندنی بنەما کۆنباو و کۆنهپەرستەکان ببێتەوە و هەوڵێک بێت بۆ سەر لە نوێ داڕشتنەوەی ئەمری واقێعی.
بێگومان مانیفێستی ناشوێن لەژێر کارتێکهریی هەڵسووڕانی زمانناسانەی سەدەی بیستەمدا بووە و بنەمایێکی زمانناسانە و فەلسەفی لە چوارچێوەی پاشبنەماخوازی بەهەند وەردەگرێ و جەخت دەکاتە سەر ئەو راستییەی کە گەیشتن بە زانستێکی دەستەبەرکراو و پارێزراو تەنها لە دەوری زمان، رەخنە و شیکاری فەلسەفی ئەگەری هەیە. هەر وەک چۆن نیچە پێداگری دەکاتە سەر ئەو راستییەی کە هیچ هەقیقەتێک بوونی نییە جگە لە راڤە و لێکدانەوە. مانیفێستی ناشوێن دەربڕینی خوێندنەوەی ئازادانەی دەقی نڤیسارانەیە و پێی وایە کە هەر چەشنە بەرهەمێکی هۆنەری و ئەدەبی کردارێکی ناتەواوە و گوتاری رەخنەیی و فیگۆری رەخنەگر و خوێنەری ئەکتێڤ و چالاکە کە به تەواوکەری ئهو رهوته دێته ههژمار؛ واتە بە مێتۆد و شێوازێکی زانستی جەخت دەکاتە سەر سیاسەتی رەخنە و دهوری له نۆژهنکردنهوهی بهستێنی هونهری و ئهدهبیدا بهرز دهنرخێنێ.
ئەگەر مێژوو و هەقیقەت لەژێر مێدیۆمیرەوایەتدا خۆی دەبینێتەوە، ئەوەتا رەوایەت پێویستی بە شێکاری و لێکدانەوەی زانستی هەیە و بەستێنە فیکری و مەعریفییەکان دەتوانن بە مێدیۆمیئەدبیات و رەوایەت بە شێوازێکی تایبەت لە قاوغی فۆرمێکی جوانناسانەدا دەرکەوتەیان هەبێت. مانیفێستی ناشوێن هەوڵدانێکە بۆ دەستهاوێشتن و نووسینی سەرلەنوێی مێژووی کومەڵگای کوردی و جەخت لهسەر گوتاری پۆست کۆلۆنیالیزم دهکات و پێی وایە لە نیگای ژێردەستەوە دەتوانێت رەوایەتە کهلتووری و مێژووییەکانی کۆمەڵگای کوردی سەرلەنوێ بنووسێتەوە.
[۱]Sontag, S. (1966). Against interpretation: And other essays (Vol. 38). Macmillan.
[۲] Jameson, F. (1981). The Political Unconscious. New York: Cornel University.
[۳] ——-(۱۹۷۱). Marxism and Form: Twentieth Century Dialectical
[۴] چاوپێکەوتن لەگەڵ گۆڤاری سەردەم،هاوێنی٢٠٠١، ئامستردام
[۵] Jameson, F. (1986). Third-world literature in the era of multinational capitalism. Social text, (15), 65-88.
*شههاب نهدیمی، ماستهری زمان و ئەدەبی ئینگلیزی
**گۆڤاری شی، ساڵی یهکهم، ژمارهی ۲&3، رێبهندانی ۹۵ی ههتاوی
