جمعه , ۲۶ مرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / دەربارەی مانیفێست و ناشوێن(راگەیاندنی حەقیقەت لە سونگەی “کات”ەوە)/ئیبراهیم ئەحمەدی‌نیا

دەربارەی مانیفێست و ناشوێن(راگەیاندنی حەقیقەت لە سونگەی “کات”ەوە)/ئیبراهیم ئەحمەدی‌نیا

Manifestus ئەو رەگە سەرەکیەیە کە وشەی مانیفێستی لێ وەرگیراوە. ئەم زاراوەیە لە ئەساسدا بە مانای ئاوەڵاکردن و ئاشکراکردن بە کار هێنراوە. پرسیاری سەرەکی لە سەر تێرمینۆلۆژیی وشەکە ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێ چ شتێک مانیفێست بکەین؟ چ شتێک شاراوە بووە کە دەبێ سیمای راستەقینەی ئاشکرا بکەین و دەمامکی لە ڕوو دابماڵین؟

لە هەناوی کرداری “ئاشکرا کردن”دا هەر سێ ساتی: رابردوو، ئێستا و داهاتوو ئامادەییان هەیە. لە کتێبە ئاسمانی و دەقە پیرۆزەکاندا لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، بایەخی زیاتر بە داهاتوو دراوە. رابردوو بۆ پەند لێ وەرگرتن  و خۆ ئامادەکردنە بۆ داهاتوویەکی زێڕینتر و سەرکەوتووانەتر، بۆیە “ئاشکراکردن” رۆشنگەری و تیشک خستنە سەری رابردووە بە مەبەستی ئەوەی کە بە یارمەتی بانگەوازێکی مێژوویی، ئوبژەیەک لە رابردووەوە رابکێشین بۆ چرکەساتی ئێستاکە. بۆیە ئاشکراکردن بەستراوەتەوە بە ئایندەوە. ئاشکرابوون بەشێک لە حەقیقەتمان پیشان دەدات کە تەپ و تۆزی کات نەیتوانیوە بایەخ و بریقەی کاڵ بکاتەوە.

مانیفێست بۆ ئەوە دەنووسرێ کە زەمەنی رابردوو دیسان لە پێش چاوماندا قەوارە بگرێتەوە، رابردوویەک کە ئەکرا چەشنێکیتر و لە ئاقارێکیتردا لە گەڵ هەنووکەی ئێمەدا لێکیان بدایە. مانیفێست چەندەبانگەشە بێ بۆ داهاتووێەکی باشتر و جێبەجێ کردنی پلانێکی نوێ و کارامەتر، زیاتر لەوەش باسکردنە لە لایەنە نیگەتێڤ و دەرفەتە سووتاوەکانی “زەمەنی بگردە”، زەمەنێک کە لە خەسار چووە و دەکرا وا نەبێ. بۆ قەرەبوو کردنەوەی سەردەم و دەرفەتە بەراویتەکان و بۆ دەرچوون لەو قەیران و چەقبەستووییە کە رەگی لە رابردووی لەکیس چوودایە، باشترین چارەسەر لێکترازان و لادانە لەو مەسیرە هەڵەیە کە “شوێن-کات” بە سەر منیدا سەپاندووە.

ماهییەتی مانیفێست زۆر جار لە گەڵ ماهییەتی دەقە ئایینیەکاندا تەبا و نزیکە، چوونکە لە هەردووکیاندا هەم رەخنە و پرۆتیستۆی رابروو هەیە، هەم کۆمەڵێک پێشنیاز و چارەسەری پڕ لە حیکمەت بۆ گەیشتن بە داهاتوویەکی پرشنگدار. “بەڵێن” لایەنی هەرە جوان و فۆنداسیۆنی سەرەکیی دەقی ئایینیە کە بە رێژەیەکی کەمتر لە مانیفێستیشدا حوزووری هەیە.

“شوێن-کات” لە مانیفێستدا

مانیفێست خۆی لە شوێن-کاتدا مانیفێستۆ دەکات. هەر بەیاننامە و مەرامنامەیەک بە بێ رچاوکردنی کات و شوێنی نووسینی بەیاننامەکە، ناتوانێ بە هێچ مەبەستێک بگات، چوونکە مرۆڤ خۆی لە فەزایەکی دوو رەهەندیی (کات و شوێن) دا و لە نێوانی دوو هێڵی یەکبڕی ئاسۆیی- ئەستوونیی شوێن و کاتدا ژیانی خۆی ئەزموون دەکات، بۆیە زۆربەی بابەتە مەعریفی و ئەنترۆپۆلۆژییەکان گرێدراوی ئەو دوو رەهەندە گرنگەن.

لە مانیفێستە ناسراو و کاریگەرە جیهانییەکان ئەتوانین ئاماژە بەو چەندمانیفێستەبکەین: مانیفێستی کومۆنیست نووسینی مارکس و ئەنگڵس(۱۸۴۸)- مانیفێستی سوورڕیالیسم نووسینی ئەندرێ بریتۆن (۱۹۲۴)- مانیفێستی فوتۆریسم نووسینی ماریێنتی (۱۹۰۹).

لە ئەدەبی کوردیدا سەرەڕای هەندێ هەوڵ و تێکۆشانی جیاجیا و بەردەوام بۆ نوێخوازی لە سەدەی رابردوودا، هەوڵەکان بۆ کاری گرووپی و رێکخراوەیی و نووسینی مانیفێست هێندە بەرچاو نین کە ئەوە خۆی بابەتێکی جیاوازە و دەبێ خەسارناسیی خۆی بۆ بکرێت. لەم بەستێنەدا ئەتوانین ئەو چەند مانیفێستە ناو ببەین: بانگەوازی روانگە لە لایەن شیرکۆ بێکەس و حسەین عارف و چەن کەسیترەوە(۱۹۷۰)- بەیاننامەی کفری، لە لایەن لەتیف هەڵمەت و چەن کەسیترەوە (۱۹۷۱)- بەیاننامەی داکار (۱۹۹۷).

مانیفێستی ناشوێن

 (سیاسەتی نڤیسار لە بەستێنی داڕووخانی ئەزمووندا)

ئەو ناونیشانەی سەرەوە ناوی مانیفێستیکە کە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاوی لە لایەن بەڕێز د.مەسعوود بینەندەوە نووسراوە. وێڕای دەست خۆشی کردن لە هەوڵ و کۆششی نووسەر بۆ نووسینی ئەو تێکستە، لەم مەودا و مەجالە کەمەدا هەوڵ ئەدەم بە شێوەی “پەرچەکرداری پێش رەخنە” خوێندنەوەی خۆم بۆ ئەو مانیفێستە بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێز.

ناشوێن کوێیە؟

وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا مانیفێست لە شوێن-کاتدا لە دایک ئەبێ. لێرەدا وەک بە ناوەکەیەو دیارە بە رواڵەت بایەخی تەواو بە شوێن (place  یا location ) دراوە، بەڵام پێموایە ئەوە بە مانای بێ بایەخکردنی کات نیە، چوونکە لە نەست و هەناوی خۆیدا و بە شێوەی پێشفەرز، کات حوزوور و کارتێکردنی بەردەوامی‌خۆی هەیە.

بە خوێندنەوەیەک ناشوین یۆتۆپیایە. Outopia لە دوو بەش پێکهاتووە: Ou بە واتای “نا” و  topia بە واتای “شوێن”. یۆتۆپیا شوێن و جڤاکێکی خەیاڵی و وەهمی‌و ئایدیالە کە لە هەموو بوارەکاندا ئارام و دڵخوازی مرۆڤە، کۆمەڵگایەک کە ستەمکار و ستەملێکراوی تێدا نیە، دەسەڵات و چەوساندنەوە و زوڵم و گیر و گرفتی تێدا نیە و مرۆڤەکان لەوپەڕی بەختەوەریدا دەژین. ئەڵبەت جێی ئاماژەیە کە وەها کۆمەڵگایەک تا ئێستا لە دنیادا بوونی نەبووە و پێناچێ لە داهاتووشدا دابمەزرێ. کۆمەڵگای یۆتۆپی بۆ یەکەمجار لە کتێبی کۆماری ئەفلاتووندا باسی لێکراوە و پاشان لە لایەن بیرمەندانیترەوە، ئەو چەمکە وەک (مەدینەی فازیلە و ئارمانشار) کەوتۆتە بەر باس و شرۆڤە. لە سەردەمی‌مۆدێڕندا یۆتۆپیا ئاماژەیەکە بۆ ئەو ئایدا و بیرۆکانەی کە دەخوازن لە دەرەوەی ئەم دنیایەدا دنیایەکیتر وێنا بکەن و کۆمەڵگایەکی ئازاد و بێ کێشەی چینایەتی و بێ دەوڵەت و بێ چەوسانەوە دروست بکەن. بۆ نموونە ئەو کۆمەڵگا کۆمۆنیستییە کە کارل مارکس باسی دەکات.

ئەگەر ناشوێن (placeless) وەک لامەکان و “ناکوجائاباد” و دنیای غەیب بخوێنینەوە، ئەوە ئاراستەی باسەکە بە شوێنێکی دیکەدا دەڕوات، چوونکە ئەو ئاراستەیە ئەچێتە خانەی عیرفان و سۆفیگەرییەوە کە لە ماهییەتی مانیفێستەکە بەدوورە، هەر چەندە وەک لە دێڕی دووهەمدا نووسراوە: (تووڕدراویی مرۆڤ لەم جیهانەدا، ئاراستەی بەرەو ماڵی زمان و کەلاوەی گوتار  راناوە و لە هۆدەی هەبوونێکی زمانمەنددا گیرساندوویەتیەوە.)، ئەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە تووڕدراویی مرۆڤ بەمانای نەخوازراوی و بێ پلان بوونی ژیان و  بێ پەنابوون و غوربەتی بەردەوامی‌مرۆڤ و نیهیلیزمە کە ناچاری دەکات پەنا بباتە ماڵی زمان و کەلاوەی گوتار، ئەوەش خۆی دەتوانێ ئەوەمان پێ بڵێ کە مرۆڤ پاش رامانێکی ئەپیستمیک-عیرفانی بەو چارەسەر و دەرەنجامە گەیشتووە.

لە خودی ناوی دووهەمی‌مانیفێستەکەدا واتە (سیاسەتی نڤیسار لە بەستێنی داڕووخانی ئەزمووندا) دوالیزمێکی واتایی هەیە: نڤیسار هەم مانای نووسەری هەیە، هەم بە واتای نووسین و نووسراو بەکار‌هاتووە، بەڵام بە پێی فەرهەنگە ناسراوەکان زیاتر مەبەست لەو وشەیە نووسەرە. تێکەڵ کردنی سیاسەت و نڤیسار هۆکارێکە بۆ دروستبوونی چەمکێکی هیرمێنوتیکیی فرەڕەهەند. بەڵام ئەتوانین سەرنج و هەڵوێستەی زیاتر بە دەقی مانیفێستەکە بدەین کە خۆی ئەتوانێ یاریدەدەر بێت بۆ تێگەێشتنی تەواو لە ناو و تایتڵی مانێفێست.

لە خوێندنەوەیەکی خێرا و گشتیدا ئەتوانین بڵێین مانێفێستی ناشوێن لە چوار بەش و تەوەری سەرەکی پێکهاتووە:

  • گرنگی و بایەخی لەڕادەبەدەری زمان وەک زەروورەت و یانەی هەبوون، چوونکە پێی وایە لە هەبوونێکی زمانمەنددایە کە هوشیاری و هەستی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی قەوارە دەگرێ.
  • خەسارەکانی بەئامراز کردن و لەناو بردنی ئازادی و سەربەستیی زمان بە هۆکارگەلی جیاوازی وەک: بنەماخوازی، ئایدیای ئوستورەیی و کلاسیک، میتافیزیک، ترادسیونی دژ بە تاکگەرایی، باوکسالاری و هتد…
  • خەسارەکانی ئەزموون نەکردنی پرۆسێسی مودێڕنیتە لە کۆمەڵگای کوردیدا و هەر وەها پێویست بوونی تێپەڕبوون بەو قۆناغەدا. دیارە کاریگەرێتیی نیگەتیڤی کۆنسالاری، نەریتسالاری، کۆسالاری، رێبەر سالاری، ناوچەسالاری و نێرسالاری لە سەر گشتییەتی کۆمەڵگا ولە سەر ئەدەب و هونەر بە شێوازی جیاجیا دەرکەوتنی هەیە و لە ئاکامدائەبێتە لەمپەرێک لە بەردەم گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە “شێوازی بەرهەمهێنانی کوردستانی” و دیموکراتیزە بوونی ئەدەب و سیاسەتدا.
  • بڕگەکانی کۆتایی مانێفێستەکە: نووسەر لە ۲۰ بڕگەدا پێمان دەڵێ: سیاسەتی رادیکاڵ لە هزر و ئەدەب وهونەری سەردەمدا هەمان سیاسەتی نڤیسارە. بڕگەکان لەڕاستیدا شرۆڤەی کلاسەمەند و رێک و پێکی دەقی مانێفێستەکەن کە بە شێوەیەکی روون و ئاشکراتر، سەرەتا خەسار و گرفتەکان راڤە دەکات، پاشان پێشنیاز و رێگەچارە و ئەڵتێرناتیڤەکان دەخاتە بەر باس.

چەند سەرنجێکی خێرا:

-بە پێی باکگراوەندی ئەکادیمیی نووسەر ئەم مانیفێستە لە ژێر هێژموونی و سێبەری زانستی کۆمەڵناسیدایە و رواڵەتی سوسیۆلۆژیک زاڵە بە سەر رواڵەتی ئەدەبی-هونەریی مانێفێستەکەدا، ئەم بابەتەش نابێتە هۆی کەم بوونەوەی بایەخی مانێفێستەکە چوونکە بە وتەی ماکس وێبێر، کۆمەڵناسی دەتوانێ هۆکاری دیاردە گرنگە کەلتووری و مێژووییەکانمان بۆ ئاشکرا بکات.

-ئەگەرچی لە زۆر شوێنی ئەم مانێفێستەدا دیاردەی تیۆری زەدەیی دەبینرێ، بەڵام لە زۆر شوێنیتردا پێشنیار و چارەسەری کردەیی و پراکتیکی‌هاتۆتە ئاراوە و تا رادەیەک ئەو کەلێنە پڕ دەبێتەوە.

-رەتکردنەوەی عەقڵ و ئایدیای کلاسیک کە لە دوو پرەنسیپی ناوەند و پاتەبوونەوەدا خۆی دەبینێتەوە، رەنگە ناتەبا بێ لە گەڵ پۆلێنکاری و تێڕوانینی کانتدا بۆ چەمکی عەقڵ.

– لەم مانێفێستەدا هەوڵدانێک هەیە بۆ پوزیتیڤ نیشاندانی هەندێ ئاژاوەنانەوە و کردەی رادیکاڵ و ئانارشیزم بە واتا فەلسەفییەکەی -کە بە زمانێکی سادە ئەبێتە دەرچوون لە دەسەڵاتی دەوڵەت و کۆمەڵگا وبنەماڵە بە مەبەستی رەها بوون و گەیشتن بە تاکگەراییەکی سازێنەر و هیوابەخش و ژیانێکی تەواو سەربەست-.

-بڕگەی کۆتایی مانێفێستەکە پرۆژەیەکی قورس و درێژخایەنمان دەخاتە بەردەست کە بۆ جێبەجێکردنی، کارێکی بەکۆمەڵ و پشوودرێژانەی دەوێ وئەنجامەکەیشی دەرباز بوونە لە بازنەی پێوەندیی ئەرباب-کۆیلەیی ونڤیساری کۆیلەنووسانە.

…………………….

حەوتەنامەی سیروان، ژمارەی ٩١٢، سەرماوەزی ١٣٩٥

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

شش − 2 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..