چهارشنبه , ۳۰ خرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / سترانە بریندارەکانی فەتانە/ چنوور سه‌عیدی

سترانە بریندارەکانی فەتانە/ چنوور سه‌عیدی

 پێشکەشە بە بێدەنگییەکانی یەکەم گۆرانیبێژی ژنی سنەیی” خاتوو فەتانەی وەلیدی”

لە بەر باڵکۆن چاوه ڕێتم، دەزانم وه ک هەمیشە بە وه خت و جیدیت، لە بیرتە چەند فشەم بەو جیدیەتەت ده کرد؟ جیدی و سەرسەخت، دایکت هەمیشە عاجز بوو لە رکەکانت، مەیلێکی سرکم هەبوو بۆتێکشکاندنی ئەو رکەت، من وه ک تۆ رکن نەبووم یەعنی باشترە وا بڵێم: بۆ کەس رکن نەبووم بۆ تۆ نەبێ.

لە بەر باڵکۆن چاوەڕێتم، وەک منداڵێکی تاوانبار کە چاوەڕێی سزادانە، ئێستا بوومەتەوه بەو کچە شپرزه یەی جاران، ئاخۆ تۆ چەند گۆڕابێتی! نووسیبووت:

“- تێم بۆ گیانت تا بزانم بۆچە واتە پێ‌هاتگە؟”

لەوەتەی ئەم ئیمەیلەت ناردووە چاوەڕوانییەکانیشم دەستی پێکردووە و ژیانم لە بەر باڵکۆن دایە، بە جێی ئەوه بەیانیان بچم بۆ وەرزش، لەپتۆپەکە هەڵدەکەم و لە بەر باڵکۆن دادەنیشم و ئەو ئیمەیلانە دەخوێنمەوه وا ناوێرم بۆتی بنێرم وهەمووم لە بەشی “draft” دا خڕ کردۆتەوه! ئیتر خەمی‌ئەوەم نییە چەند کەوچکی زیاتر برێنج بخۆم، نینۆکەکانم لە پەسا خەریکن دەشکێنەوه، نە بە شیر دەمووچاوم دەشۆم و نە لە دوای حەمام بە رۆنی ئالۆڤێرا قژم چەور دەکەم و نە… قژی چی؟ هەر ئەو کاتەی کە تۆ جانتات پێچایەوە و بلیتی ئێرەت بڕی منیش قژەکانم بڕی! ئەوەتا دامناوە بیت و بیانبینی، چەپکەیەک رەشە مار لێک ئااڵون و نازانن تۆڵەی چیان لێسەندراوەتەوە و دەبێ بە کێوە بدەن؟ راستت بوێ هیچم بۆ گرینگ نیە، ئەمە مانێکە و من دژی نازانم کێ یا نازانم چییەک گرتوومە. دەبێ چ بکەم؟ وەک جاران بچم سەر خۆم هەڵگرم و تا ئێواره نەیمەوه؟ تا ئەو کاتەی کە ئاشەکە ئاوی لێدەبڕا، هێنده کە دایکم بە دواما بتنێرێ: 

“- سیروان گیان بچۆ بگەڕه بە شۆن ئەو تیربۆگەیگە نەوا خوەی تووشیار بەاڵیێک پکا! بەشکەم بیگریتە زوان و بیتێریتەو، بێژه دایکۆ کاری نیە بە سەرتەو.”

من فریوتم دەخوارد و دەهاتمەوه و نەمدەزانی ئەو سەر هەڵگرتنەم تاوانەکانمی‌قورستر کردبووەوه! دەوەستام و چاوەڕێی سزاکە دەبووم و فزەشم لێوه نەدەهات، قەت لە دایکم نەدەپاڕامەوه لێمنەدا، کاتێ قورنجی لێدەگرتم و بە پشتە دەستی بە ناو دەمی‌دەکێشام، ئەو حەپەسان و بێدەنگییەم، تەنانەت نەگوتنی ئاخێک، ناڵەیەک یا داوا لێبوردنێک دایکمی‌نەک هەر هێمن دەکردەوه بەڵکوو تووشی عەزاب ویژدانیشی دەکرد، ئاخر تۆ بە ئەنقەست وەستابووی بۆ بینین و چێژ بردن لە گریان و پاڕانەوەم تا لە شەڕ و مان گرتنەکانم دا بە چاومی‌بهێنییەوە.

 “- نەموت؟؟ نەموت هۆشۆ بە خوەیشکەکەتەو بێ؟ نەموت هۆشۆ بە چێشتەکەو بێ و لە ماڵەو نەچیتە دەرەو؟ ئیسە باوک براکانت تێنەو برسیانە، ئا فەرموو بزانم چە جواویان ئایتەو؟!”

تۆ تووڕەیت و من چاوەڕێ، دەبێ چی بکەم تا هێمن بییەوه و لە بیرت بچێتەوه کە بۆچی لە ناخی تاقیکارییەکانتدا، لە ئەو پەڕی سەرقاڵیدا وەک ئەوەی هەواڵی مەرگی خۆشەویستێکت بیستبێت بە سەر ئەو هەموو واڵاتەدا تێپەڕیوی و‌هاتووی بۆ ئەورووپا، بۆ گیانی من تا بزانی… نووسیبوت:

“- لە بەر چاوم رەش بووگی، ئیتر کەنیشکە کراس پووڵەکەکەی جاران نەماگی. چاو پکەرەو بزانە چۆن کراسیان لە بەرت داکەند و کردتیان بە هەویر ناو دەس خوەیان!”

ئەم ئیمەیلەت وێرانی کردم. شەوانە مۆتەکەی نەهەنگێکی تووڕەم دەدیت کە ماسییەکی سوور و زراڤی دەخوارد. لە بەر باڵکۆن چاوەڕێتم و پێم وانییە هیچمان گەوره بووبێتین. پێم خۆشە کاتێ دەرگەم بۆ کردیتەوه، خێرا خۆم لە پشتی دەرگەکەوه داشارم و لە ناکاودا پخ ێکت لێ بکەم و لە ترسان جانتاکەت لە دەستت دابکەوێ و لە بیرت بچێ بۆچی لە بە سەر ئەم هەموو واڵتەدا تێپەڕیوی، لە بیرت دێ؟ لە پشتی هەر دیوارێک و هەر دەرگایەکی بەستراو ئەگەری پخ ێکی کتوپڕ هەبوو، بۆیە بە حیساب وشیار بووین نەترسین و قایم بین و هەر دەشترساین و هەمیشەش پڕ دڵەڕاوکە بووین.

“- ئەزانی ناو تۆ ئیتر بووگە بە “شەوێ ئەم، شەوێ ئەو”؟ نەموت تۆ ماسیێ زیرەک نیت و زوو ئەکەفیتە ناو تۆڕەکانیان؟

ئەمە بوو ئاخر ئاقیبەت ئەو گشتە شەڕه وا کردت بۆ دەرچوون؟ گەرەکت بوو بویت بە “فەتانە”یک تر، یا “سەی عەلی ئەسغەر”ێک ژن، وەلێ بووی بە جووجەڵەی دەساژۆی کەناڵەکان، هەر کەناڵێ لە تەک هەر گۆرانیبێژ بێقیمەتێکا حەز پکا داوەتت ئەکا لە بۆنەکانیانا و لیباس زەریف بە دڵ خوەیان ئەکەنە بەرت و تۆ ئەشێ خوەش بڕەخسی بۆیان تا سەرخوەش بن، تا کارتێکردن شەراوەکانیان فەرەتر بێ، تا کار بە دەسەکانیان سەریان گەرمتر بێ.”

ئیمەیلەکانت وەک قسەکانت وایە، کورت و بڕکە بڕکە، بە بێ دەستپێک و پەڕاوێز، بە بێ چاک و چۆنی و پیاهەڵدان و سپاسی زێده لە ئەندازه. ناتوانم نەیانخوێنمەوه یا لانیکەم لە دوای خوێندنەوه بیانسڕێمەوه تا لە بیریان بکەم و برینەکانم نەکۆلێنەوه و هەست نەکەم ئەو کارەساتە پڕ ئازاره تازه روویداوه و تەقەڵەکانم هەرگیز ناتوێنەوه، ناتوانم بۆ چەندەمین جار نەیانخوێنمەوه و خوێنم لێ بەرنەبێتەوه.

تەکسییەکی فڕۆکەخانە لە بەر ئاپارتمانەکە دا رادەوەستێ، تۆ دادەبەزی و دەبینم کە راستت دەگوت:

“- باوکم مرد ومن گەوره بوم وەلێ هیچ وەخت بەو ئاواتمە نەگەیم کە قژم ئاڵمانی لێبەم! چۆن میرات کەچەڵی خوەی جێهێشت بۆم. لەبیرتە چەنێ حەزم بە قژ ئاڵمانی ئەکرد و هەمیشە بە زۆر کەچەڵمی‌ئەکرد!؟”

ئەم ئیمەیلە پێش روودانی ئەم کارەساتە بوو و من پەیتا پەیتا وەڵامم دەدایتەوه، ببووینەوە بە شەش ساڵان ولە پەسا بیرەوەرییەکانمان زیندوو دەکردەوە.

دوو جانتای گەوره و بچووک کە دەبێ بچووکەکە لەپتۆپەکەتی تێدا بێ، لە پشتی سەیارەکەوه دادەگری دەست دەخەیە گیرفانتەوه مۆبایلەکەت دەربێنی و بڵێی:

“- ئەوه من گەیمە بەرەو.”

خێرا تەلەفوونت بۆ دەکەم وەک خۆت بە بێ سڵاو و پەڕاوێز دەڵێم:

“- درووس‌هاتگی، چاوم‌ها پێتەو وەلێ تۆ سەر بەرزەو مەکە بە ئاسانسۆرەکە بێره تەبەقەی یانزە.”

خۆدایا دەبێ چەند تووڕه بیت کە تەنانەت بە سەرچاوێک یا باشێکیش ناڵێی تا بزانم لەحنی دەنگت چۆنە؟ تووڕەیت تا چ رادەیەکە و من دەتوانم کام لەم کەسایەتیگەلە بم وا بەردەوام لە گەڵمن و هیچیشیان نیم، رەنگە باشتر بێ دەمامکێکی ترسێنەر لە ریزی دەمامکەکانم لە بەر چاوم بکەم و تا دەچییەوه هەڵینەگرم، چۆن دەزانم تۆ وەک ئەو پیاوانە نیت کە وا بە مەکر و ئەتواری ژنانەمەوه وەک ماستی مەیوت لێبێ یان بە” شەوێ تۆ” ێک واتلێبکەم کە ئەم کارەساتەت بیر بچێتەوە و نەزانی  بۆچی‌هاتوویی، تۆ سیروانە رکنەکەی جارانی و باشت دەناسم.

“- ئاسانسۆرەکەتان خراوه، ئەشێ لەم گشتە پلیکانە بێمە سەر، کەمێ دێر ئەگەیم خانم.”

درەنگ یەعنی چی؟ یەعنی تێپەڕینت لە هەر قات و پلیکانێک زیندوو بوونەوەی بیرەوەرییەکی دوور و کاڵی بە دوا دا بێ، یان دەشێ تووش بوون بە دڵەڕاوکەیەکی قورسی زەمەنی بێ بە ناوی” چاوەڕوانی”، قورستر لە چاوەڕوانی بۆ بیستنی پخێکی کتوپڕ و دڵ داخۆرپان…ئەرێ، قۆرستر لە چاوەڕوانییەکانی منداڵی.

“- خۆزگەم بەو وەختگەلە وا تازه چوویت، لە بیرتە؟ شەرمت ئەکرد تماشای کامێرا پکەی، چاوت ئەبەست و بەو کراسە کوردییە ئاویتە پڕ بە دڵ ئەتچریکاند. خوایا ئەو کراسە ئاوییە چەنێ پێت ئەکەفت! ئەو شەرمە سووره وا لە سەر گۆنات بوو…چەنێ وەک مناڵیت بوی! دەنگێ رەها و کێفی وەک سەرشێتییەکانت. وەلێ ئیسە بە دوای کامێرا ئەگەڕی کە چاوی لێ داگری و ماچی بۆ فڕه بەی”!

“-‌هایتە تەبەقەی چەنێکا؟ “

“- دوو.”

رەنگە مانای درەنگ، کەوتنە ناو بۆشاییەکی تاریک بێ بە بێ هیوای زەوینێکی قورس لە ژێری پێدا، دیوارێکی ساردی پاڵپشت، یا هەر نەبێ پەتێک یان گاشەبەردێکی سست بۆ ئاوێزان بوون پێوەی ودڵنیا بوون لە دانەکەوتن و زیندوو مانەوه.

“- ئاخر لامەسسەب! تۆ حەیای ئەو ئەنتیکە و ملوانکە و لیرەگەلە بتگرێ وا دایکت بە دڵ و دائێن فرۆشتی تا تۆ پچی بۆ تاران فێر رەدیف و ئاواز بی، تا ئەو دەنگە وا باوکت لە ئەوا کۆشتووی لە تۆا پەروەردەی پکا. تێتە بیرت لە دوای فرۆشتن سینە پۆشە قەرانەکەی چەنێ خەفەتبار بوو؟ ئەو سینە پۆشە یادگاری دایکی بوو.”

ریزێک ستیکەرت لە دوای نووسینەکانت دانابوو: یەکیان تووڕه بوو، یەکی دی دڵی پڕ بوو و دەیویست بگریێ، یەکیان هون هون دەگریا، ئەوی تر تۆرابوو وەک خۆت. لە دوای ئەو ئیمەیلە بێدەنگییەکی کوشنده لە نێوانماندا بوو تا ئەوەی کە هەواڵی ئەو کارەساتەی دوای دوایین کۆنسێرتەکەمت بیست، نازانم ئەم قسەیە لە زمانی دوکتۆرەکانەوه داکەوت یا حیمایەکانی ئەو پیاوە: 

“- ماسی خانم ئەو شەوه تا گەیشتە خەستە خانە بەرمیلێک خوێنی لێڕژا، وەک ئەوەی لەشکرێکی بەعس دەستدرێژییان لێکردبێ، تا دوکتورەکان فریای کەوتن هەر‌هاوار و شیوەنی کرد و خوێنی لێڕژا، کافریش وا لەو ئافرەتە ناکا!”

بەڵام من هەستم دەکرد رۆحی ئەو لۆرییە خەمگینانەم تێدا زیندوو بۆتەوه وا شەوانە بە شیوەنەوه بەرەو پیرایی سەفەرێکی دوور دەڕۆیشتن و لە ناو دارفرۆشەکاندا، ئەو گەڕکە شێدار و فێنکەی وا ماڵی فەتانەی لێبوو، نوقم دەبوون. دەشمزانی ئەو کارەساتە هەر ئەو ئاماژەیە بوو وا باست کردبوو:

“- هونەرمەند لای ئەوان تیزەنگێکە و بای تێ ئەکەن، ئەگەر بە دڵیان نەوی بە ئیشارەتێ بووچک…”

بەڵام بە جێگەی هەوا هەر خوێنم لێدەڕژا.

“- بخوێنە فەتانە، تۆخوا گۆرانییەک عاشقانەم بۆ بخوێنە.”

“- بەخوا ناتانم، بە گیان تۆ ئەشێ سگارێک بکێشم.”

دایکم دەستی دەکرده باخەڵی و لە گیرفانی سوخمەکەیدا ئەو پاره سپییە وا بۆ رۆژی رەش کۆی کردبووەوه پێدەداین و ئێمە بە غار دەچووین لە دووکانی سەیزاده جگەرەمان بۆی دەکڕی، دایکم چێشتی خۆشی لێدەنا و ورەی گۆرانی دەهات و دەمزانی هێنده سەرخۆشە کە گەر یەکێ چلوورەیەکیشمان لەو پارەیە بکڕیبایە هیچی پێ نەدەگوتین.

“- وەی دڵەکەم دەر بێرن، بڕوانن پیا، لە ناو تۆ زیاتر هیچ نیە تیا…”

“-‌هایتە تەبەقەی چەنێکا؟ “

“- تازه گەیگمەسە چوار.”

خۆدایا! ئەو درەنگە وا تۆ باسی لێدەکەی دەبێ چ بێ؟ رەنگە هەمان گوێگرتن لە تێپەڕینی چرکەکان بێ بە سەر کەلاکی ژمارەکاندا، هێنده بە سەر کەلاکیاندا‌هات وچۆ دەکات و دەنگ و رەنگ و خەون و خەیاڵ و ترس و دڵەڕاوکە و خۆشەویستیت بیر دێنێتەوه کە لە پڕا دەبینی ژوورەکە تاریک بووە و تۆ برسیت بووه و ئەو دەنگی تێپەڕینە هەر بەردەوامە… دەشێ “درەنگ”، خنکان لە بەردەوام بیر کردنەوە لە بێ کۆتایی و بێ ئەنجام بوونی سووڕانەوەی چرکەکان بێ لە دەوری ژمارەکاندا.

“- بە گیان تۆ ئەگەر بگیری ناخوێنم‌ها، حەز ناکەم ناڕەحەتیت بوینم.”

“- تۆ کارت بە منەو نەوێ فەتانە گیان، تۆ بخوێنە خوەیشکە… وەیییی جەرگم … جەرگم سووتیاگە!”

دەمزانی دایکم پیاوێک دەلاوێنێتەوە کە باوکم نەبوو، من ئەم نهێنییەم هەر لە منداڵییەوه دەزانی و بۆ کەس باسم نەکرد، تەنانەت بۆ تۆش.

“- بە بۆنەی تۆیە لەم شارا غەریبم، خۆدای بانێ سەر بتکا نەسیبم…”

“- راسە کە ئەیژن قاڵبێ دووکیلۆی تەڵا و ئیجازه بۆ چەند کۆنسێرت و خەرج” CD”ه تازەکەتی داگە پێت؟ وەلێ حەیف ئەم مامڵە بۆ تۆفره کڵفت بوو و دەرەقەتی نەهاتی!”

دیسان چەند ستیکەر: یەکێ دەگریا، یەکێ تووڕه بوو، یەکێ مانی گرتبوو…

راستە، حەزی دیتنی حەسرەتێکی وێرانگر و نامۆ کاری خۆر کرد وا ئەم قسەیە ئیتر راستە، تا گەیاندیانمە خەستەخانە هەر شیوەنم دەکرد، دەمزانی مەودای نێوان هۆتێل و خەستەخانە تەنیا نیو سەعاتە بەڵام بۆ من بە سەدەیەک تێپەڕی، تووشی قورساییەکی بێڕەحمی‌زەمەنی ببووم وەک ئێستا وا لە بەر باڵکۆنم و نازانم لە قاتی چەندی؟

“-شەش…‌هامە شەشا.”

تەنیا دەنگ و تەسویرم بیر‌هاتبوەوه کە تێکەڵی بۆنی داری تاشراو و تازە ببوو، داری تەڕ وئاماده بۆ ئەوەی بکرێ بە زۆر شت. ئێواران فەتانە بە بۆنی شێ و فێنکاییەکی تایبەت بە خۆی لە ناو دارفرۆشەکانەوه بەرەو ماڵی ئێمە دەهات.

“- بزانن حەز بە چە ئەکا بسێنن بۆی، خوەیشی بوەن نەوا دڵی پچێ لە چتێک و رووی نەوێ بە من بێژێ…وەلێ ئامان  تەک خوەتانا بیتێرنەو مناڵەکان.”

“- ئەو کچە با شەوێک بۆ من بێ، چی ئەوێ بۆی بکەن، بەڵام بەس شەوێ…”

ورەی گۆرانی دەهات هەمیشە، داوێنێکی درێژی لە پێ دەکرد و زستان ببوای یا‌هاوین، کۆتێکی کۆنی پیاوانەی لە بەر بوو و لەچکێکی چوار گۆشەی گۆڵداری بە گرێیەکی لاروخیچەوە لە سەر دەکرد، ئێمە بە پێچەوانەی‌هاوڕێیەکانمانەوە لێی نەدەترساین و سڵاویشمان لێدەکرد چونکە تا بەردمان بۆ فڕێ نەدابا هەڵمەتی نەدەداین، کەچی ئەو کەسی نەدەدیت، جار وا هەبوو گۆرانییەکەی دەبڕی و دەکەوتە قسە کردن یا پێکەنین و گاڵتە لە گەڵ کەسێکی نادیاردا. دایکم دەیگوت:

“- ئەوه دڵدارەکەیە وا لە کارەساتەکەی سنەی خوێناوییا لە ناو چووگە.”

لەهەمان کاتیشدا بڕوای بەم چیرۆکە کردبوو کە فەتانە لە بەر ئەوەی حەزی لە کوڕێک کردبوو و پێیان نەدابوو ئاوا شێت ببوو. فەتانە “سەبری گوڵ فرۆشی ” دەخوێند و من خوێنم لێدەڕژا، چی مەلافە هەبوو لە ناو لاقیان دانابووم بەڵام خوێنم نەدەوەستایەوە، فەتانە و دایکم لە سووچێکی سەیارەکە، لە جێی حیمایەکانیدا دانیشتبوون و ئەژنۆیان لە باوەش گرتبوو و دەیانالواندمەوە.

“- گەیتە کوێ؟”

“- ئەونە بێتاقەتی تا بگەییم ئەشێ هەر زەنگ بەی؟‌هامە تەبەقەی هەشت… نەفەسم بڕیا!”

لە دوای ئەم هەموو ساڵەوه نازانم چەند گۆڕاوی؟ دڵنیام شێوەی حەپەساوی منداڵیت هێشتا تێدا ماوه، چاوێکی تۆزێ خێل و ئەو دوو ددانەی پێشەوەت وا وەک ددانی سمۆره درێژتر لە ئەوانی تر بوو. ئاخۆ ئەو دوو جانتا گەورەیەت دەبێ چی تێدا بێ تایبەت بە من؟ لە دوای ئەوه شەڕەکانمان کرد و منت سزا دا، بیکەیتەوه و بڵێی:

“- ئەمە هین تۆوە ماسی خانم.”

چ دیارییەک دەتوانێ هێنده مەزن بێ کە ببێت بە پخ ێکی خۆش و توپڕ لە گەرماوگەرمی‌ئەم هەستە ناخۆشانە و کۆم بکاتەوە لەم پارچە پارچە بوونەیە دا؟

“- خوزگەم بەو ساڵە وا تازه چوویت و لیباسەکانت هێشتا ئاوی بوون، لە مۆساحێبەیەکا وتت فره خۆشحاڵی کە لە ئرووپایت و دەنگت بەر بووگە! حەح!”

دەمنووسی و نەمدەتوانی بۆتی بنێرم، ئەوەنده بوێر نەبوم باسی ئەو حەزه کێوییەت بۆ بکەم وا لە سەرەڕۆییەکانی منداڵیمانەوە لە دایک ببوو، ئەو حەزه سرکە وا لەدوای ئەورووپا‌هاتنم لە مندا باڵای کرد و چووە ناو دەنگیشمەوە، ئەوەی کە خاوەنی شتێک بی وا کەسی تر نیەتی و گەربە تەواوی یان بۆ هەمیشە خاوەنی نیت، ببی بە خاوەنی با کەم خایەنیش بێ، یان تەنیا بۆ شەوێ بێ، دەبێ تەنیا ماسی خانم بی تا چێژ لەو حەسرەتانە ببینی وا لە چاوی ئەو خەڵکە ئاساییەیە، یان ئەو کوڕه گەنجانە وا کاتی خۆی پێشمەرگایەتیان نەکردووه و ئێستا چەند ئەستێرەیان لە سەر شان نیە تا ببن بە خاوەن دەسەاڵت، بە خاوەنی ئەو شتانە وا بۆ ئێمە خەونێکی دوور و خۆلیاییە و سەد ساڵی تریش بژین و شەو و رۆژ کاری بۆ بکەن، نیوەشی بە دی نایە، بۆیە ناتوانن داوای شەوێک یا تەنانەت ماچێکم لێ بکەن. من کە پڕ بە دڵی خۆم هیچ ناخۆم، لە هەموو ئەو شتانەی کە ئەگەری ئەوەی هەیە یەک گرەم بە کێشی لەشم زیاد بکات قەدەغە کراوم، من کە هەمیشە هەست دەکەم لە بەر چاوی خەڵک و کامێرا دام، بۆیە وادەزانم ژیانم بۆتە کۆنسێرت یا کلیپێکی هەتا هەتاییەوە و کاربەدەستان لە ریزی یەکەمی ژیانم دان و سەیرم دەکەن…وەک فەتانە وا لە گەڵ کەسێکی نادیاردا دەژیا و جار وا هەبوو دەبوو بە شەڕیشیان:

“- ئیتر تەکما قسە نەکەی، بە گیان خوەت دڵم ئێشیاگە لێت.”

دەبێ ماسی خانم بی تا گەش گەش باڵا بکەی بەو حەسرەت و بەخێڵییەی ناو چاوانی حیمایەکانی ئەو پیاوە زەبەلاحە پڕ ئەستێرە، کاتێ پێی گوتبوون:

“- چی ئەوێ بۆی بکەن بەڵام تەنیا شەوێک…”

تۆ دەسەڵاتت تاقی نەکردۆتەوە و نازانی نا کە چەند خۆشە کاتێ چیت پێ خۆش بێ داوای بکەی و بێ سێ و دوو حازری بکەن بۆت، چەن هەست بە بوون دەکەی کاتێ سەرخۆش و دەست لە ملانن، پێش ئەوەی بچنە نێو ژوورەکە و دەرکە داخەن، ئاوڕ بدەیەوە و تماشای ئەو حەسرەتە بکەی وا لە نێو چاوی حیمایە جوان قۆزەکانی دایە، ئەو حیمایە گەلە وا نە سەیارەکانیان هی خۆیانە و نە بۆیان هەیە دەستم لێبدەن! ئەوان لە حەسرەتی من و کچان لە حەسرەتی ئەوان!

دەمنووسی و نەمدەوێرا بۆتی بنێرم. نازانم لە قاتی چەندی و پاییزێکی ساردم بیر دێتەوه وا دوایین جار فەتانەمان بینی، لە سەر جاده پاڵ بە پاڵی دیوارێکەوه کزکۆڵەمان کردبوو و فەتانە گوتبووی:

“- ئەچم سەرێ ماڵەو ئام نەوا باوکم کاری پێم بێ یا دڵەودوام بێ، ئێوه هەر لە ئێره بێسن تێمەو، بە گیان باوکم تێمەو.”

تا لە ناوی دارفرۆشەکاندا نۆقم ببوو هەر ئاوڕی دابووەوه:

“- هەر لێنە بێسن ئەوەهاتمەو.” 

کەچی هەرگیز نەگەڕایەوە و سرتەکانی دایکم خامۆش بوو. لە بیرتە تا درەنگانی شەویش وەستاین و لە سەرما دا هەر میزمان دەهات؟ دەچووینە پەنا دیوارێکی چۆڵ و یەکترمان سوێند دەدا سەیری یەک نەکەین و نیگەران بووین تا دەگەڕێینەوه فەتانەش‌هاتبێتەوه و ئێمە لەوێ نەبووبێتین و گەڕابێتەوه. رەنگە فڕفڕه یا فڕۆکەیەکی کاغەزیت پێبێ و لە دواهەمین رۆژدا کە هەموو شەڕەکانمان کرد و تۆ ویستت جانتاکەت کۆ بکەیەوه و بیر لەوه دەکەیەوه چۆن ماڵاوای بکەی، من کە ئیتر زۆر سووک بووم، خۆم هەڵواسم بە فرۆکە یا فڕفڕەکەتەوه وهەڵفڕم بەره و ئاسمان و وشەی دواهەمین دیدار لە گەڵ خۆما ببەم. ئەگەر هیچت بۆ نەهێنام و شەڕەکانیشمان کرد، دەبێ چۆن بەرگەی دواهەمین ماچ یا دواهەمین قسەت بگرم؟ ئاخۆ تۆش بۆنی دارە تەڕ و تازەکانی بەر ماڵی فەتانەت لێدێ؟ من کە دەمێکە ئەو بۆنە هەست پێناکەم! تۆ نازانی بەڵام لە دوای دواهەمین دیداری فەتانە و ئەو چاوەڕوانییە سارده بۆ‌هاتنەوەی، بیر کردنەوه لە دواهەمینی هەر شتێک، هەر شتێک وا بە ئەندازەی سەره دەرزییەک چێژی تێدا بێ، تووشی ئەو سەرما و تاریکییەی پەنا دیوارەکەم دەکا. لە بەر باڵکۆن چاوەڕێتم و بوومەتە جلەکانی فەتانەوه، هەر لەتێکی لەشم لە رەنگێکە و کەوتوونەتە کەناڵێک یا هۆتێلێک کە تایبەت بە موعاملەیەک بێ. تۆ دەڵێی:

“- خنکان خنکانە چ لە پەرداخێکا بێ یا لە ئۆقیانووسێکا، فەرقی چەس؟”

کەوایە بۆ ئێستا ئەم قاڵبە زێڕی دوو کیلۆییە بە خۆمەوه نەبەستم و پێش ئەوه بگەیتە بەر دەرگا، پێش ئەوه ئەم قورسایی زەمەنییە، ئەم چاوەڕوانییە کۆتایی پێ بێ، خۆم لەم بەرزاییەوه فڕه نەدەمە خوارەوه؟ رەنگە ئەمە هەمان پخە ناکاوەکەیە وا لێی دەترساین! ئەگەر لەشم قورستر بێ باشتر رۆ دەچم، باشتر دەخنکێم و ئەو چاوەڕوانییە ترسێنەره بۆ کۆتایی پێهاتن کورتتر دەبێیەوە و نەفرەتییەکان خێراتر دەخزێن بە سەر کەلاکی مردووی ژمارەکاندا. با قورستر بم و زووتر رزگارم بێ لە دەنگی ئەم شیوەنە بەردەوامە وا خوێن لە مێشکم ناوەستێنێ و لە ناو لاقەکانیشمدا، لە گەڕان بە دوای ئەو حەسرەتە وا لە چاوی خەڵکی ئاساییدایە، لە چاوی حیمایەی کاربەدەستان، کۆنە پێشمەرگە قژ رەش کراوەکان، ئەستێرە لە سەر شانەکان، رزگارم بێ لە وشەی کۆ…تا…ی…پێ…ها…تن.

 

چنوور سه‌عیدی

 دهۆک ۲۰۱۲ / ۷ / ۱۹

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

11 + 19 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس