سه شنبه , ۲۹ آبان ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / سۆزێک له مێژوو و فولکلۆرەوه تا دەنگێک له تەلەفزیۆنەوه (تێڕامانێکی کۆمەڵناسانه له سەر داڕێژەی چریکەی شەو)/شاهۆ ئه‌سه‌دی

سۆزێک له مێژوو و فولکلۆرەوه تا دەنگێک له تەلەفزیۆنەوه (تێڕامانێکی کۆمەڵناسانه له سەر داڕێژەی چریکەی شەو)/شاهۆ ئه‌سه‌دی

بە پێچەوانەوە کاتێک ناتەبایی دەبیندرێ کە بۆ وێنە کەسێک کە هیچ لە بیرکاری نازانێ راوەستێت و باس لە بیرکارەکان بکات وخۆی تێ هەڵقورتێنی. یا کەسێک که هیچ سەرێکی به سەر میژووەوه نیه (بۆ وێنه مێژووزانێکی تەلەفزیۆنی) بێت و به راشکاوی له سەر مێژوونووسه کان قسه بکات و قسەکەشی وەربگیرێ. ئە مه هەر ئەو “ده سەڵات”‌‌‌‌‌ەیه که تەلەفزیۆن بەو بێژەرەی خۆی دەدا.

پی­یەر بوردیۆ

شیکردنەوه و لێکۆڵینەوه له سەر تەلەفزیۆن و بەرنامەکانی پێویست به زانینی بنەمای تایبەتی جۆری ئەو بەرنامانه ناکات؛ به واتایەکی دیکه بۆ خوێندنەوەی بابەتێکی هونەری، ئەدەبی، مێژوویی و… له تەلەفزیۆن بەر له ناسین و سەرنج دان به فاکتەره ئەدەبی و جوانی­ناسیەکان دەبێ بخرێته بەر لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی رەقی کۆمەڵناسی. بێگومان هیچ کەناڵێک وەکوو هونەرێکی شاز، شیعرێکی جوان، مێژوویەکی مەند و ئارام بۆ بابەتەکانی خۆی ناڕوانێت؛ بەڵکوو تەواو به پێچەوانەوه، هەموو کۆڕ و بەرنامەیەک که ساز دەدرێ ئایدیۆلۆژیایەک له گەڵ خۆی رادەکێشێ و دەیبا.

چریکەی شەو! ئەو هەوێنەی که بۆته شەوچەلەی ماڵانی کوردستان. ئەو بەرنامەی که زۆربەی ماڵەکانمانی داگیر کردووه و ئێستاش هەر بەردەوامه. باس کردن له مێژووی ئەم بەرنامه باس کردنێکی بێهوودەیه، چونکوو ئەم حەکایەته له پڕێکدا‌هات و له ناکاو هەموو ماڵیک و هەموو دەنگێک و هەموو شیعرێکی بۆ لای خۆی راکێشا.

بەڵام سەرهەڵدان و برەو سەندنی ئەم بەرنامەیه چۆن بوو و چۆنه که ئێستا خەڵک و تەلەفزیۆن له یەک کاتدا و له یەک شوێن پێکەوه به یەک دەنگ دەدوێن؟ ئەمه روانینێکی تاریخی پێویسته. رێک لێرەدایه که ئیتر باس کردن له بنەمای مۆسیقی و پڕەنسیپه شیعری و میلۆدیەکان ئیتر قازانجیان نیه. رێک ئالێرەدایه کۆمەڵناسی دێته دەنگ و ژێر پێی خەڵک و تەلەفزیۆن بۆش دەکا و له ئاکام تێکی دەتەپێنێ.

ئەمه من نیم که ئەنووسم، ئەمه چریکەی شەوه کە یەک بە یەکی یاساکانی کۆمەڵناسی پێشێل کردووه و‌هاتۆته دەنگ. ئەمه به نرخ­ترین بایەخه مرۆییەکانه‌هاوار دەکەن. ئەمه چریکەی شەوی له مێژینەی کوردستانه تووڕه بووه و لێمان زیزه. ئەمه چریکەی فلکلۆری نێو ماڵانی هەموو کوردستانه. ئەمەی ئێستا هەیه هەرگیز چریکەی کوردستان نەبووه و نیه.

روانینی من بۆ ئەم دیاردەیه روانینێکی رەخنەگرانەیه، روانینێکه که به پەیڕەوکردنی سەرەکیترین وانەی پی­یەر ماشێری به دوای لایەنه شاراوەکانی ئەو دیاردەیەدا دەگەڕێ. ماشێری دەڵێ که بۆ باس کردن له هەر چەشنه هونەر و نووسراوه و به گشتی تێکستێک نابێ خۆمان سەرقاڵی “وتراوەکان” بکەین، بەڵکوو ئەوەی که گرینگه و رێ­خۆشکەری ئایدیۆلۆژیایه “نەوتراوەکانه”. لەم رۆچنەیەوه ئێمەش دەچینه کاکڵی ئەم رووداوەوه.

  1. منداڵێکی کوردی بێ­دەرەتانی هەژار دەبێته قارەمانی دەنگ، دەبێته ناوەزێڵە و ناوەندی کۆکردنەوەی روانگەی زۆربەی زۆرینەی جەماوەری کوردستان. هەر لەوێ خەڵات دەکرێ و خەڵکیش پۆل پۆل مۆری ئەرێنی خۆیان بۆ ئەو منداڵه به­ڕێ دەکەن. لەو لاشەوه له تارانی کاربەدەست و پێتەختەوه هەواڵیک بەڕێ دەکرێ که بۆته هۆی شانازی و به دەنگی بەرز باس دەکرێ: “زۆرترین بینەری بەشدار له مێژووی ناوەندی دەنگ و رەنگی ئیران”.

بەڵام لێرەدا یەک پرسیاری مێژوویی و ئینسانی دێته ئاراوه. به نواندنی ئەم منداڵه لەو داڕێژەیەدا ئەمه دێنێته خەیاڵمان که دیکەی منداڵانی بەش مەینەتی کوردستان له کوێن؟ شوێنی رێزلێنان بۆ ئەو منداڵانەی سەرشەقام کام کورسی دەق دراوه؟ به گشتی رێک خستنی ئەم قرم و قاڵی تەلەفزیۆنیه چ مانایەکی له گەڵ خۆی­دا هەیه؟

هێنانی منداڵێکی هەژار بۆ ئەو شوێنه و کۆکردنەوەی دەنگ تەنیا هەڵگری یەک مانایه. دام و دەزگا راگەیاندنیەکان به تەواوەتی یەک ئامانجی سەرەکی و بنەڕەتیان هەیه –جا چ به شێوەیەکی وشیارانه و راستەوخۆ ئەو ئیشه به ئەنجام بگەیەنن یا ناوشیارانه و ناڕاستەوخۆ- و ئەویش ئەوەیه که له هەموو بەشەکانی خۆیدا به دوای سەلماندنی عەقڵیه تی خۆیەوەیه. ئەگەر لایەنی شاراوەی هێنانه بەر کامێرای ئەم منداڵه شتێکی جیاواز له دەنگ و مۆسیقایه؛ کام عەقڵیه ت و کامه بەرژەوەندی لەمه پشتگیری دەکات؟

فووکردن به کەڕەنای دەنگ خۆشی ئەو منداڵه ئەوەمان بۆ دەردەخا که ئەم پڕۆژەیه دەیەوێ پێمان بڵێ که له کوردستان منداڵی بەش مەینەت و کرێکار و سک برسی نیه. ئەگەر ئەو منداڵه بۆ ماوەیەک بوو به هێمای هەژاری و دەست تەنگی، ئەوا ئێستا ئەم ناوەنده به راشکاوی و له ژێر پەردەی هونەر و جوانی پێمان دەڵێ له کوردستان ئیتر منداڵی بێ­نان بوونی نیه. ئێستا دەڵێ که من وەکوو دەزگایەک بوومەته نەجاتدەری بەشخوراوان. گەورەکردنەوەی منداڵێکی هەژار به نێوبژی گۆرانیەوه حاشا له راستیەکی هەره گەوره و بەرفراوان دەکا؛ ئەویش راستی نەبوونی نانه. ئەگەر ئەم منداڵه بەم جۆره نیشان خەڵک دەدرێ ئەی بێ­دەرەتانیی ئەو هەموو منداڵی کار و بێکارەی کوردستان وه ئەستۆی کێیه؟ ئایا کامێرایی کردنەوەی یەک منداڵ خۆلادان لەو تەنگ و چەڵەمەیه نیه که داوێنی زۆربەی هەره زۆری منداڵانی ئەم سەرزەمینەی گرتووه؟ بێگومان ئەمه ئەو خۆبواردنەیه که دەزگا راگەیاندنەکان به گشتی خەریکن ئەم ئەرکه بەڕێوه دەبەن. کەوابوو تەلەفزیۆن وەکوو سەرەکیترین شوێنی راگەیاندن بەرپرسی ئەم خۆگێل کردنەیه.

  1. هەر دوا به دوای وتاری یەکەم یەک کێشەی­تر و یەک پرسیاری­تر و یەک روونکردنەوەی­تر دێته کا­یەوه. نیشان دانی ئەو منداڵه له دەلاقەیەکی فەرمیەوه به نێوی تەلەفزیۆن ئاکامێکی نافەرمیی بەربڵاوی به دوای خۆیەوه هێینا. دوابەدوای ئەوه هەندێ وێنه و فیلمی‌هەژاریی ئەو منداڵه‌هاته نێو خەڵکەوه. بۆ وێنه ئەو منداڵه له شوێنێکی نالەبار خەریکه گۆرانی دەخوێنێ. ئایا ئەمه بۆ ئێمەی بەردەنگ تەنیا گوێ گرتن له گۆرانیەکه؟ بێگومان نا. لێەدا دیسانەوه راگەیاندنەکان بەرپرسن. لێرەدا ئەرکێک دەخرێته سەر شانی جەماوەر به گشتی و دووباره ناوەنده فەرمیەکان خۆیان لێ دەبوێرن. دەزگاکانی راگەیاندن جۆرێک دژایەتی له نێوان ئەم دوو رەپۆشه درووس دەکەن. رەپۆشەی فەرمی‌و نافەرمی. لەم لاوه وەکوو قارەمان ناودێر دەکرێ و لەو لاشەوه وەکوو کەسێکی بێ­نان و هەژار. لەم نوختەدایه که قورسایی و خەمی‌ئەم نەخۆشینه دەکەوێته سەر شانی خەڵک و خەڵکی ئاسایی دەبێ‌هاوشان له گەل قورسایی ژیانی رۆژمەڕەی خۆیان قورسایی بوون و خەمی‌ئەو ئینسانەش له گەل خۆ بکێشن. ئەمەش هەر هەمان خۆبواردن و جێگوڕکێی ئەرکەکانه.
  1. واڵتەر بنیامین له خەمی‌له دەس چوونی حەکایەت و فلکلۆر دەڵێ چاخی مۆدێڕن چاخی خاپوورکردنی حەکایەتەکانه. حەکایەتەکان؛ ئەو دیاردەیەی که پێوەندیەکی دیالەکتیکی قووڵی له گەڵ رەوتی ژیان هەیه. به واتایەکی­تر ژیان و حەکایەت، سروشت و حەکایەت، حەکایەت و مێژوو جیاوازیەکی له گەڵ یەک نیه. حەکایەتخوانەکان به تەواوی له ژیانی رۆژمەڕه و ئاسایی­دا بوونیان هەبوو. به مۆدێڕن بوونی ژیان و مێژوو ئەوانیش بەرەو کۆتایی چوون. بەڵام له هەندێ شوێن بەختەوەرانه تاقه کەسانێک مانەوه که بوون به نوێنەری ئەم فلکلۆر و ئەم گێڕاندنەوەی مێژووه و توانیان به دەنگ یا هونەری خۆیان ئەم کۆڵەکه رابگرن. له مێژووی کوردستاندا له بەشی گۆرانی و دەنگ کەسانێک بوون و هەن که مێژوویەکیان بە کۆڵەوەیه و له گەڵ خۆیان هەر دەیبەن. ئەم کەسانه به شێوازی تاکەکەسی و نافەرمی‌بۆ خۆیان هەستیان بەم بۆشایی و خەساره کردووه. هەندێ لەم دەنگ بێژانه بوونەته دەنگ­هەڵبڕ و نوێنەری ئاخ و ئۆفه کۆمەڵایەتیەکان، بوونەته ئامرازی ژیاندنەوەی فلکلۆر و ژیانی رۆژمەڕه و ئاسایی جەماوەر، بوونەته کتێبێک که چیرۆکی مێژوومان بۆ دەگێڕنەوه. بەڵام لێره، لەم داڕێژەیەدا هەموو چیرۆک و فلکلۆرەکان بوون به فەرمی. بوردیۆ دەڵێ یەکێک له ستراتیژه هەره باوەکانی تەلەفزیۆن ئەوەیه که ناوه لاوازەکان دەخاته پەنای قارەمانەکانەوه. ئەمەش بۆ خۆی پەیڕەو کردن و بەرهەم هێنەری یەک ئامانجه و ئەویش یەک دەنگ کردن و یەک رەنگ کردنی هەموو دەنگ و رەنگەکانه. هێنانی کەسانێک که هەمان شیعر و گۆرانی و تەنانه ت به لاسایی کردن له هەمان دەنگ گۆرانی دەخوێنن داڕێژەیەکی حەشاردەره. له ئاکام دەیەوێ بڵێ که ئەم دەنگ­بێژه هەر هەمان دەنگ­بێژ و هەر هەمان هونەرمەند و هەر هەمان پیکهاتەیه. بەڵام لێرەدا ئەم راستیه دادەپۆشرێ که راسته شیعر و گۆرانی و ریتم و میلۆدی و… یەکن بەڵام یەک جیاوازی بنەڕەتی هەیه و ئەویش ئەوەیه که گورانیبێژه بەرحەقەکان به تەواوەتی له رەپۆشەیەکی خەڵکی و نافەرمی‌و رۆژانەوه سەریان هەڵداوه و ئێستا بۆ چوونه ناو تەلەفزیۆن پێویستیان به سەردانەواندن نیه، بەڵکوو ئەمه تەلەفزیۆنه که به بوونی ئەوانەوه دەبێ فەخرفرۆشی بکات و خۆی گەوره بکاتەوه، بەڵام به پێچەوانەوه لەم لاوه ئەمه ئەم بێژەرانەن که دەبێ حەزی چوونه ناو تەلەفزیۆنیان هەبێت. کەوابوو ئەمه سیاسەتێکی رەسمیه که خەریکی پەروەرده و راهێنانیانه. هه ر وەکوو گوترا ئاکامی‌ئەوەش ئەنجامێکی باشی نیه و‌هاوشان کردن و سڕینەوەی مانای هونەری دەروەسته.

  1. “وە ناشکوری خودا نەوێ ئەم نەخۆشینە گرانە؛ لە مهاباد، سولەیمانی، لای هێندێکیش نووسەرانی بادینانی له تەشەنا کردنایه. ئەگەر زۆر زوو چاری نەکەین، له شەڕه شار و شەڕه تاخ دەس به رنەده ین، ده بێ –خوا بەو رۆژه نەکا- ئەوەندوکۆ که زمانەش که له چوار پەلان گوێی ساغه و ئاهێکی پێوه نەماوه. له ئاخی ئاخدا بینێژین و ئەلفاتیحای به عەرەبی بۆ دابدەین”.

ئەمه گێڕاندنەوەی مامۆستا هەژاره که دەڵێ کەسێکی خەڵکی سلێمانی پێمی‌گوت بۆچی ئەو وشەت به زاراوەی هەولێری نووسیوه و ناشیرینه، له حاڵێکدا به زاراوەی سلێمانی جوانتره. مامۆستا هەژار لەم ئاکار و شێوه روانینه تووڕەیه. ئەم شاربه­شار کردن و ناوچەگەراییە له زمان و ئەدەب و هەموو شتێکی کوردستاندا خەسارەتێکی رووخێنەره. مامۆستا هەژار به گژ ئەو بیرەدا دەچێتەوه که ئاوا بۆ زمان و بۆ کوردستان و بۆ مێژوو و شیعر دەڕوانن. بەڵگەیەکی زوۆر روون و ساکار ئەوەیه که نووسینەکانی مامۆستا پڕ و تێکەڵن له وشه و دەسته­واژه و شێوه­ی بێژینی هەموو ناوچەکانی کوردستان. ئەم شارگەرایی و هەژار گوتەنی تەنانەت تاخ­گەراییه دەسکەوتێکی نەرێنی قورسی به دواوەیه. به دڵنیاییەوه دەتوانین بڵێین یەکێک له رەمزه هەره بەرزەکانی ئەو شاعیر و نووسەر و هونەرمەند و مێژووزان و رۆشنبیره کوردانەی که توانیان له نێو کۆمەڵانی خەڵک به گشتی جێ­پێیەکی قایم بۆ خۆیان درووست بکەن رەچاوکردنی تەواوی کوردستان بووه، به واتایەکی دیکه ئەوان کەسانێکن که له سەرووی شار و ناوچه و زاراوەوه هەڵوێست دەگرن و بۆمان ده پەیڤن.

بەڵام ئەم قسانە چ پێوەندیەکی لە گەڵ ئەو بەرنامە و تەلەفزیۆنەدا هەیە؟

تەنانەت ئەگەر باسەکانی پێشووش نەگرینە بەرچاو، ئەم بەشە بە تەنیا خۆی بێگومان هەڵگری گەلێ قسە و تێبینی و باسە. بەهێزترین هۆکاری سەقامگیربوونی ئەو داڕێژەیە ئەو بانگەشەیە بوو کە لە پاش ناوی هەر دەنگ­بێژێک ناوی شارەکەی دەنووسی. هەر ئەمە بوو کە لە دواییدا ئەو شەپۆلە مۆرەی لە هەموو شارەکانی کوردستانەوە بە­ڕێ کرد.

بیرمەندەکانی مەکتەبی فرانکفۆرت لە سەر ئەو بڕوایەن کە تەلەفزیۆن و بە گشتی دەزگا راگەیاندنەکان سەرڕێژنەی(سەلیقە) خەڵک و جەماوەر دەسکاری دەکەن و بۆ ئامانجی پێویست دەیگۆڕن. ئێستا تەلەفزیۆن و ناوەندی فەرمی‌دیسانەوە هەر هەمان کار کە مامۆستا هەژاری تووڕە کردبوو بە شێوازێکی بەرفراوان و رەسمی‌گرتۆتە ئەستۆ.

لەم دۆخه دا که ئەو کێبەرکێ پێکی هێنابوو ئەگەر ناوی شاری بێژەر نەبا بێگومان ئەو رێژه له دەنگدان و نوقم بوون له نێو بەحری بێ­بنی ئەو داڕێژەیە­دا رووی نەدەدا. چریکەی شەو بانگەوازێکی بەربڵاو بوو بۆ شاربه شارکردنی کوردستان. لێره به پێی سەره کیترین وانەی کۆمەڵناسی رەخنەیی سەبارەت به تەکنۆلۆژیا و دەزگا راگەیاندنەکان ئەم راستیەمان بۆ دەردەکەوێ که لەو رووداوه ئاست و پێوەری خەڵک بۆ هەڵبژاردن رەوتێکی بەره ونزمایی چوونی گرتۆته پێش. لێره ئیتر تەنانەت به دەنگ و ریتم و مۆسیقا دەنگ نادرێ بەڵکوو ئەوەی که دەنگی پێ دەدرێ شاره! جا لەم کێبەرکێ و شەڕه شارەدا که ناوەندی دەنگ و رەنگی کوردستان رێی خستووه کام شار دانیشتووی زیاتره لەوانەیه دەنگیشی زۆرتر هەبێت. ئەم دەزگا رەسمیانه له دوو لایەنەوه تاوانبارن. یەکەم ئەوەی که چۆنیەتی مۆسیقا و پێوەرەکانی گۆرانیەکی باش لای خەڵک دادەبەزێنن و وا دەکەن له کۆمەڵگا که هەرچی مۆسیقایه بتوانێ لایەنگر بدۆزێتەوه. دووهەم و گرنگترین کێشەی ئەم داڕێژەیه شارشار کردنی کوردستانه. ئەگەر سەرەتێک گۆرانیبێژێک دەبوو به هێمای گۆرانی فلکلۆری کوردی یا گۆرانی دڵداری کوردی و… ئێستا ئەو دەنگ­بێژه دەبێ به هێمای گۆرانی شاری خۆی و ئەویش به شێوەیەکی فەرمی‌و دوور له خەڵک.

بە کورتی ئەمانە ئه و باسانه بوون که له سەرهەڵدانی داڕێژەی چریکەی شەوەوه پەیدایان بوو. ئەکرێ زۆر به چڕ و پڕی باسی له سەر بکرێ و له سەر تەواوی لایەنەکانی به وردی باس بکرێ. لای خۆم گەورەترین خەسارەتێک که هەیەتی هەر هەمان دوایین بەشه. ئەگەر گۆرانی شتێک بوو بۆ ئۆقره گرتن، ئێستا ئەم ئەرکەی لێ سەنراوه چونکوو دابەش کراوه. با هەموومان گوێ بەو قسەی مامۆستا هەژاری شەرەفکەندی بدەین که لەو کابرا تووڕه بوو، ئەو کابرا ئێستا ئێمەین و هەر ئێمەین که شاری خۆمان جیاواز له کوردستان دەبینین. شارەکان، هەموویان به شێکن له کوردستان.

  • شاهۆ ئه‌سه‌دی: ماسته‌ری کۆمه‌ڵناسی

     گۆڤاری ژیلوان/ فایلی میدیای کوردی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

یک × دو =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..