چهارشنبه , ۳۰ خرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / سیاسەتی شیعری له دۆخی “ناشوێن”دا (خوێندنەوەی مانیفێستی ناشوێن و سیاسەتی نڤیسار)/جه‌هانگیر مه‌حموودی

سیاسەتی شیعری له دۆخی “ناشوێن”دا (خوێندنەوەی مانیفێستی ناشوێن و سیاسەتی نڤیسار)/جه‌هانگیر مه‌حموودی

بەشێوەیەکی گشتی، گۆڕانکارییە نوێکان پێویستییان به ڕاڤه و شیکردنەوەیه. هەر سەردەمێک به دابڕانی خۆی لە سەردەمی‌پێشوو، له خۆیدا کردەیەکی بوێرانه به‌رهه‌م دێنێت. لەبەر ئەوەی‌که لە هەناوی بۆشایی ئەم دابڕانەدا گەلێک دەرفەت و توانست دەخوڵقێن و دەبنه هەوێنی خوێندنەوە و سەرهەڵێنانی ئایدیا نوێکان که «وەرگێڕانی» ئەم دۆخە تازه‌پێگەیشتووانه و هەوڵ بۆ دەستپێڕاگەیاندن به لخێزی و بزۆزییەکانی، هەنگاوێکی دیکه لە ئاقاری کۆڵنە‌دان و بوێریی دێنێته ئاراوه. هەر سەردەمێک بە ڕۆنان و کردنەوەی د‌ه‌لاقە نوێکان، بەرەوڕووکردنەوەی جیهانی گۆش‌کراو و خەمساردییەکانی بەرەو هێزه هەڵتەکێنەرەکان و شاڵاوی نامۆییەکان، هۆتاڤی «نا بۆ هزره کۆنەکان» بەرز دەکاتەوە و به شێوه‌یه‌کی سه‌ربزێوانه بیری کۆن و دەستەمۆکراوی سەردەمی‌پێشوو، بەرەڕووی ڕەخنەی جیددی دەکاتەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، نووسینی مانیفێست سەرەڕای پێویست‌بوون، هەنگاوێکی جیدی و کرده‌کارانه‌یه. کرده‌ی «مانیفێستی ناشوێن» له‌م سووچه‌نیگایه‌وه جێگە‌ی تێڕامان و تێفکرینه، به‌ڵام ئەوە‌ی لەم نووسینەدا بەرئاماژه و خوێندنەوە دەکەوێت ئەو پرسیارانەن که «ناشوێن» چییه؟ ناودێرکردنی ئەم بەرە نوێیه‌ی شێعری کوردی به «بەره‌ی ناشوێن» خاوەن چە دەلالەت‌گەلێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسییه؟ به‌گشتی، پێوەندی «مانیفێستی ناشوێن» وەک سیاسه‌تی نڤیسار و سیاسه‌تی شیعری به ئەزموونی شار و فەزای شاری لە بەستێنی داڕووخانی ئەزمووندا چییه؟. بۆ ئەم مەبەسته، سەرەڕای پێداچوونەوەیەکی کورت و بەربژێرانەی سیاسەتی شیعری لە مێژووی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی کوردستان، به کەڵک‌وەرگرتن لە چەمکه تیۆریکەکانی هانری لۆفۆر هەوڵی دەستەبەرکردنی وڵام‌گەلێکی سەرەتایی ئەم پرسیارانه دەدریت.

ڕەنگه یەکێ لە بەڵگەنەویست‌ترین شیکارییەکانی هەر دیاردەیەکی ئەدەبی ئەوه بێت که هیچ شۆرشێکی ئەدەبیی ڕوو نادات تاکوو پێش لەو، شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی سەری‌ هەڵنەدابێت. کەوایه، به‌پێی بابەتی بەرباس، یەکەمین دابڕانی مێژوویی کوردستان له بواری فورمی‌دەسەڵاتی سیاسییدا داڕووخانی دەسەڵاتی میرنشینه کوردەکانی ئێمپراتوریای عوسمانی و سەفەوی بوو که وردە‌وردە هەلی بۆ ئەزموونی نوێی شیعری و سیاسه‌تی شیعری ڕەخساند. شیعری پیش‌دابڕان و داڕووخانی میرنشینی، شیعری دوور لە سیاسەت و قەتیس‌مانی له بازنەی هەست و سۆز و فانتازیا تاکەکەسانەکانی شاعێره که خولیاکانی به قەد بەرتەسکیی هزری ژیانی میرنشینی تەسک و تەریک بوون. دوای داڕووخانی دەسەڵاتی ناوبراوی کوردی و هەرەسهێنانی ئەزموونه بەرتەسک و کۆنباوەکانی مەکتەبی نالی (نالی، مەحوی و سالم)، پریشک و تینی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئێمپراتوورییە باڵادەستەکان لەگەڵ ئەورووپا و بیری نوێخوازی، ئەندێشەی کوردانی گرتەوە و له ئەزموونه شیعرییەکانی کەسانی وەک حاجی قادری کۆیی، پیرەمێرد، قانع، زێوەر و فایه‌ق بێکەس به گڕوتینێکی ناوازەوە تاودرا. ئەزموونه شیعرییەکانی دوای دابڕان و داڕووخان لە خۆیدا، هەڵوێستێکی سیاسیی تایبەت بەو سەردەمە و ئایدیۆلۆژیا نوێباوەکانی بوو که له تێکستی شیعری، ناوەرۆک و تەنانەت حەزی تاقی کردنەوەی فۆرمی‌نوێش، نوێندرا و خۆی نەخشاند. ئەم ڕێبازه نوێیه لە چێوەی سیاسەتی شیعری و ئەدەبیاتی کەمینە خۆی نواند و هەوڵی ڕووناکبیرانەش بۆ چاکسازی و خولیا کۆمەڵایەتییەکان و «پانتایی‌سازاندنەوەی سیاسه‌تی کەمینه»‌ی لێکەوتەوە که له شیعرەکانی قانعدا گەیشتە لووتکە. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، ئەوەیه که دوای ئەم ئەزموونه و لە کوردستانی ئێراندا، لە سەردەمی‌سواره ئیلخانیزادەیە که مووتیڤی شار دەبێته مووتیڤێکی سەرەکی له شیعری کوردی‌. گرنگیدان به‌م مووتیڤه لەخۆیدا، بەرهەمی‌مۆدێڕنیزاسیۆنی سەره‌ڕۆخوازانەی سەردەمی‌بەدەسەڵات‌گەیشتنی ناسیۆنال-بۆرژوای ئێرانی بوو که له فۆرمه جۆراوجۆرەکانی رۆمانتیزمدا، شیعری کوردی ئاقاری سیاسه‌تی بەرهەڵستکارانەی گرت و لە خەیاڵ و خولیای خۆیدا، سەرجەم لایەنە دژوازه‌کانی ئەم ئەزموونیی داڕووخانە و هه‌روه‌ها وەسوەسه‌ تاقەتکوژەکانی شاری «بە جامێ ئاوی کانیاوی دێ» لە مل خۆی کردەوە. داکار، خۆی خسته ناو شاڵاوەکەوە و خنکا(!) و له ئاسەوارە به‌جێماوەکانی، «به‌رەی ناشوێن» قەقنەسئاسا هەڵفڕیی و خۆی دایه دەستی دژوازی و وەسوەسە بێ‌کۆتاییەکانی شارنڤیسی و سیاسەتی شار.

 

 بەرهەماندنی فەزای شاری، سووژەی شاری، ژیانی ڕۆژانەیی و سیاسه‌تی نڤیسار و بەرەی ناشوێن گرێدراوی یەکەن. له‌ڕاستیدا، چەمکی ژیانی ڕۆژانەیی لۆفۆر نیشان دەدات که سەرمایەداری بەردەوام دەست دەداته ڕێکخستن و کۆنتڕۆڵی ژیان و ئەم کارەش له ڕێگەی ڕێکخستنی فەزاوە بەئەنجام ئەگەیێنێت (ئێلدێن ،١٣٩٤: ٦٨). باسی سەرەکی لۆفۆر ئەوەیە که «فەزای کۆمەڵایەتیی، بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییه» (لۆفۆر، ١٩٩١: ٢٦) که واقعیەتی کۆمەڵایەتیی پێبەستەی ئەوە و هەر بەم هۆیەیە که «فەزا هەستۆمەندییەکی خۆڕسکی نییه بەڵکوو دێته بەرهەم» (ئێشمید، ٢٠٠٨: ٢٨). ئەو بە جیاکردنەوەی فەزا کۆمەڵایەتییەکان و فەزا فیزیکییەکان، ڕۆڵی فەرهەنگ و شێوە‌ژیانی مرۆڤەکانی لەم چەمکەدا زەقتر کردۆتەوە و لەم گۆشەنیگایەوە شار وەکوو فەزایەک له ڕەهەندە فرانەییه‌کانیدا بەر لێکۆڵینەوە دەکەوێت. شار چیدی فەزایەک بۆ نیشتەجێبوون نییه، بەلکوو نواندنەوەیەک له کۆمەڵگا و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیەتی (مێری فیڵد،٢٠٠٦: ١١١-١٠٨). ئامانجی لۆفۆر، لەم باسانه ڕەوایەتی مۆدێرنیتەیەکە که لەودا مانا و کردەکانی ئەزموونی ژیانی شاری لە سەرمایەداری، دیاریکەرن. به‌ڕای ئەو، «ژیانی ڕۆژانەیی، تێکەڵکارییەک له نیشانەکانه که له ڕێگەی ئەوانەوە کۆمەڵگا خۆی دەنوێنێت و پاساو بۆ خۆی دەهێنێتەوە، ئاوێتەکارییەک له نیشانەکان که بەشێک له ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگا پێک‌دەهێنن» (لۆفۆر، ١٩٧١: ٢٤). له تایبەتمەندییەکانی ژیانی رۆژانەیی له سەردەمی‌هاوچەرخدا، مەسرەف‌گەرایی و لەخۆنامۆبوونه. ئەو ئاوەها کۆمەڵگایەک لەخۆیدا وەک کۆمەڵگایەکی تێرۆریست ناو دەبات که له قووڵایی سەرجەم لایەنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ڕۆچووە و هەموو توانستە ئینسانییەکانی لەناوەوە سەرکوت کردووە. کەوایە، بەرهەماندنی فەزا و ژیانی ڕۆژانەیی لە بنەڕەتدا، گرێ‌خواردنێکی ئۆرگانیک و شیکارانەی لە کارەکانی لۆفۆردا هەیە و ڕۆنانی جیاوازییەکان لەڕێگەی هەوڵ بۆ سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی فەزا تەنیا لە ڕێگە و لە کاناڵی پراکتیسەکانی ژیانی ڕۆژانەییدا هەلی بۆ دەڕەخسێت (هابڕساک، ٢٠١٠). لۆفۆر هەروەها پێی وایه که ئەم تێک‌ئاڵانه و پێوەندییە هەمبەرەکییانەی پارامێتره‌کانی بەرهەماندنی فەزا، نیشاندەری لەخشتەبردنی پراکتیسەکانی ژیانی ڕۆژانەیی لەلایەن پراکتیسە فەزاییەکان و نواندنەوە فەزاییەکان و سەپاندنی مانا و بەهاکانی خۆیان بەسەر ژیانی ڕۆژانەیی و لەناوبردنی جیاوازییەکانه. بەپێی ئەم جۆره خوێندنەوەیە، لۆفۆر له سیاسیی‌بوونی فەزا و سیاسەتی فەزایی دەدوێت. ئەو پێی وایه که «سیاسه‌تی فەزایی، بوونی هەیە، لەبەرئەوەی‌که فەزا سیاسییە» (بڕواننە. ئێلدێن، ١٣٩٤): فەزا سیاسییە چۆنکه چەندایەتی و چۆنایەتی نواندنە فەزاییەکان لەسەر چۆنیەتی کەڵک‌وەرگرتنیان کاریگەری دادەنێت و توانستی هەڵچوون و دژایەتی لەسەر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی نواندنەوە فەزاییەکان، هەرئەو توانسته بەرهەڵستکارانەییەی نێوان چین و توێژه جیاوازە چینایەتییەکانه. ئەم هەڵچوون و دژوازییانه لەسەر فەزا، نیشاندەری مانا و بەها دژانەکانه و لەم نێوانەدایه که «خاوەندارێتی فەزا» و «ماف لەسەر شار»، هەستیار و ئاڵۆزکاو دەبێت.

ئەوەی لەم باسەدا گرینگه، ئەو پێوەندییانەی شار و فەزای شاری لەگەڵ سیاسه‌تی نڤیسار و چەمکی «ناشوێن»ه. ناشوێن‌بوون جۆره ئەزموونێکی سووژەی‌هاوچەرخی شارە لە نێو گێژەن و گیرۆدەبوونی ناو دەستوپێوەندییەکانی فەزای بەرهەم‌هێنراوی شار. «ناشوێن» به تێگەیشتنی مارک ئۆژه دۆخێکه که شوناس، پێوەندی و مێژوو لەناویدا بزربووه و بێچم ناگرێت.هەڵبەت ئۆژه پێی وانییه که ناشوێن بەتەواوی فەزا شارییەکان دەتەنێت بەڵکوو ئەگەری دەربازبوون و شوێن‌مەندکردن لەئارادایه که له چەمکی «خوڵقاندنی جیاوازی» لۆفۆریشدا بەرجەستە دەبێتەوە. لە‌م مانیفێستەدا، ناشوێن دۆخێکه که سووژەی شاریی لەنێو دامودەزگا و هێزه سەرکوتکارانەکانی نواندنەوە فەزاییەکان که بەهۆی پێگەی پەراوێزکەوتوو و شێوەی ئەزموونی ژیانیان لە شار (=چەمکی فەزا نوێندراوەییەکانی لۆفۆر) توانستی خۆڵقاندنی جیاوازیی و ئیمکانەکانی داڕشتنەوەی ژیانیان هەیە. هەوێنی ئەم ئیمکانەیە که لە بەستێنی داڕووخانی ئەزمووندا، سیاسه‌تی نڤیسار له فورمی‌بەرەی ناشوێندا وەکوو سیاسه‌تی شیعری، پێی هیوادار و ئاواتەخوازییەتی. ناشوێن‌بوون ئەو توانست و بەشە سەرەکییەی ئەزموونی سووژەی شارییه لە ناخی ژیانیی رۆژانەیی که خۆی بەرهەمی‌کەلێنه ناوەکیانەییەکانی دەسەڵاتە زاڵەکانی شارە. کەوایه، سووژەی شاری چیدی خولیای ژیانی لادێ و بەجێهێشتنی شار و سازدانی فانتازییاییەکی سیاسەت‌سڕاوی نییه بەڵکوو بۆ نموونه له فیگۆر و پێرسۆنای «سەنەم»، «حەسەن»، «عەتا» و… دەردەکەوێت که له نێو مەرگەساتیی ژیانی شاردا، حەزی تەریک‌کەوتەی سازاندنەوەی دەستووپێوەندییەکانی شار له زەین و‌هاواریان شەپۆل دەدات. بەڵام، سیاسەتی نڤیسار له سەر لێواری داکەوتنێکدا ڕاوەستاوە، لێواری داکەوتنە ناو «سیاسەتی دەق» که سەرجەم هەوڵه‌کانی خولقاندنی جیاوازی بۆ ناو دەق بگوێزرێتەوە و حەزی تێکدەرانەی دەق، هەوڵە‌کانی بەرهە‌ڵستکاری و بەرەنگاربوونەوە له هه‌ناوی خۆیدا “راکێش و لابرده”(sublation) بکات.

  • سەرچاوەکان پارێزراون

* حه‌وته‌نامه‌ی سیروان، ژمارەی ٩١٢

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

سیزده + هفت =

قالب وردپرس پوسته وردپرس