جمعه , ۴ خرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / شکست و سازبوونی سووژەی ترانسێندێنتاڵ لە شیعری کوردی/ئەمجەد غوڵامی

شکست و سازبوونی سووژەی ترانسێندێنتاڵ لە شیعری کوردی/ئەمجەد غوڵامی

photo_2016-06-28_12-52-52

لە سەرەتادا پێویستە وەک ڕوونکردنەوەیەک ئەوە بڵێم کە نابێ لەم وتارەدا شکست لە شێعری کوردیدا وەک ڕووداوێکی نەرێنی و نیگاتیڤ لێک بدرێتەوە، بەڵکوو بە پشت بەستن بە خوێندنەوەیەکی دیاردەناسانە، شکست بە مانای جۆرێک دابڕان لەو پێگەیە دێت کە تێیدا ئەزموونی بە کۆمەڵ و ئەزموونی ئەدەبی لە ناو ئەزموونێکی دەروونی و گشتیدا چڕ بۆتەوە و ئەزموونی ژیندراو و دەروونی گرێی خواردووە بە ئەزموونی دەرەوەیی و رۆژانە و تێکرای کۆمەڵگا لە شێواز و فۆڕمێکی یەکینەدا بە سەر دەبەن. یان بە واتای هۆسێرلی ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندە، چ نییە جیا لە زمانێک کە بە شێوەی جەوهەری تەنیا هەوڵی گەیاندنی مانا دەدرێت و لە بەرامبەردا، مەبەست لە شکست جۆرێک هەژارکردنەوەی ئەو ئەزموونە دەروونییە لە رێگای زمانێکەوەیە کە لە خۆیدا گیرۆدەی کارکردەکانی مانایە و تێیدا مانا بە شێوەی هەواڵ بارگاوی سەر وشەکان کراوە و لەو ڕووەوە تایبەتمەندیی وشە و تەکنیک بە سەر مانادا سوار دەبێت و  لە گەڵ کەمبوونەوەی پشکێکی مانایی، کەلێن دەکەوێتە ناو ئەزموونی گشتی و دەروونی.

کەواتە گەر لەو سونگەوە بڕوانینە ئەدەبی کوردی، دەتوانین ئەزموونی پاش ئەدەبی گۆڕان و ئەو شتەی پێی دەوترێت فەهلەویات، بە تایبەت لە دوای قوتابخانەی نالی و هەوڵی خۆجیاوازکارانە کە بەرهەمی‌سووژەی ترانسێندێنتاڵی شاعێری کوردە، وەک نموونەیەکی بەرچاو بۆ فامکردنی ئاستەکانی شکست و ترازان لە ئایدیای گشتی و بە کۆمەڵ هەڵسەنگێنین. هەر بۆیە لەم وتارەدا ئەدەبی حەوت سەدەیی گۆران دەتوانێ وەک پێگەیەکی سەرەتایی وێنا بکرێت کە تێیدا ئەزموونی بە کۆمەڵ و ئەزموونی ئەدەبی لە ناو ئەزموونێکی دەروونی و گشتیدا چڕ بوونەتەوە. ئەم بابەتە کاتێک زیاتر دەردەکەوێت کە گوزارشتە مێژووییەکان گەلێجار باس لە جۆرێک‌هاوسەنگی هزر و بیری کۆمەڵایەتی لە ناسین و داهێنانی ئەدەبی لەو سەردەمەدا دەکەن. بۆ وێنە شەمسەدین محەمەد ئیبنی قەیسی رازی لە کتێبی “المعجم فی المعاییر اشعار العجم”، سەبارەت بە دەرکەوتە ئەدەبییەکانی عێراقی عەجەم (واتە خەڵکانی زاگرۆس) دەڵێت: “دانیشتوانی عەجەمی‌عێراق لە زانا و کەسی ئاسایی و پلەبەرز و هەژار بە نووسین و وێژە و ئەدەب، تێکرا شارەزای فەهلەوی بوون و بە سەر بەرزی و نزمی‌و شێوەکانی گۆرانیبێژییدا تەواو زاڵ بوون”. هەر چەند قیسی رازی لای وایە، ئەم جەماوەرە تووشی هەڵەیەکی فۆڕمی‌لە کێش و سەروا‌هاتوون و هەوڵ دەدات لە گەڵ پێگە باوەکانی فۆڕمی‌شێعری ئەودەمی‌فارس و عەرەب ئاشنایان بکات، بەڵام بەوەشەوە جەخت لە‌هاوبەشیی بە کۆمەڵ لە وتنەوەی ئەو شێوازە شێعرییە لە ڕیوڕەسمە جیاوازەکان و بە شێوەی گۆرانی، کە بە وتەی ئەو لەو سەردەمەدا وەک “هەورامە” ناوی لێ‌براوە، دەکات و دەشنووسێت: “ئەوان ئەوەندە گیرۆدەی ئەو فۆرمە هەڵيبێژییەی خۆیان بوون کە هیچ چێژێکیان لە وتە و هۆنراوە و غەزەڵی فارسی و بەستە و حەقایەتەکانی فارس و عەرەب نەدەبرد و پێی ڕانەدەچلەکین”.

ئەوەی لەم دەقە مێژووییە و دەق‌هاوشێوەکانی وەک “سفینه تبریز”ی ئەبوومەجد محەمەد بنی مەسعوودی تەورێزی و هەروەها شرۆڤەی ئەدەبناسانێکی وەک مەلەکولشوعەرای بەهار و دوکتۆر ناتڵ خانلەری جێی سەرنجە، لایەنی لۆکاڵی و جیاوازبوونی فۆڕمێکی باوە لەو ناوچەیە کە بە وتەی ئەمان تێکرای ئەندامانی ناو کۆمەڵگا لە هۆندنەوەیاندا بەشدرا بوون. بەو پێیە دەکرێت بە پێی خوێندنەوەی هۆسێرلی، ئەو دەسکەوتە وەک چەشنێک بەرهەمی‌ئەزموونی دەروونی کراوە لە پێناو گەیشتن بە جەوهەرەی مانا پێناسە بکەین و لامان وابێت کە هێشتا ئەویتر وەک بەردەنگ لە بەرامبەر ئەو فۆڕمە ساز نەبووە کە خۆی لە گشتییەتی کۆمەڵایەتی داببڕێت و ماناکان ناچار لە نزمبوونەوە تا ئاستی فەنکشناڵ و کارکردەکانی زمانی- مانایی بکات هەر بۆیە کاتێک باس لە ئەدەبی فەهلەوی و گۆران دەکرێت، بیر ئەزموونێک دەکەوینەوە کە هەر لە سەرەتاوە وەک بەیان، بە شێوەی مەسنەوی و هەورامەبێژی، لە ناو کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی‌هاوسان کەڵکی لێ وەرگیراوە و‌هاوکات لە دەروەی بازنەی زەمانی بۆ چەندین سەدە فۆڕمی‌یەکانە بووە و زەمان جیا لە هەوڵێکی جێگرەوەیی لە بواری جێگر کردنی وشە، کەمترین کاریگەریی لە سەر فۆڕمەکان بووە.

photo_2016-06-28_12-52-44

بەڵام کاتێک دەگەیەنە ئەدەبی سەدەکانی ۱۶ و ١٧ بە تایبەت لای شاعێرێکی وەک مەلای جەزیری شایەدی یەکەم هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بەو فۆڕمە گشتییەن، بە تایبەت ئەو کاتەی شاعێر پەنا دەباتە بەر فۆڕمی‌عەرووزی شێعر و هۆندنەوەی غەزەل، کەچی ئەو ترازانە به هۆی پێڕەو نەکران لە لایەن میراتبەرانی جەزیری و لەوان ئەحمەد خانی و فەقێ تەیران و کەڵک وەرگرتنەوەی دووبارە لە فۆڕمی‌سێ خشتەکی و چوارخشتەکی و پێنج خشتەکی و مەسنەوی هەمدیسان شایەدی بووژانەوەی ئەو ئەزموونە گشتییەین کە لەو ڕیگایەوە ئەدەبی کوردی خۆی لە ئەدەبی دراوسێکان دادەبڕی و ئەزموونی گشتی خۆی دەبووژێنێتەوە.

بەو پێیە وەک پێشتریش ئاماژەی پێ‌درا، ئەوە “نالی”یە کە وەک گرینگترین و بەرچاوترین ئەندامی‌ئەدەبی کوردی، لە ڕێگەی سازدانی منێکی جیاواز و‌هاوکات بە قەرزکردنی فۆڕمی‌شێعری لە ئەدەبی درواسێ، کەلێن دەخاتە ناو ئەو ئەزموونە گشتییە و پڕۆژەی شکست بنیات دەنێت و بۆ یەکەمجار خێڵی بەردەنگ لە کۆمەڵگا جیا دەکاتەوە و وەک “زانایان” ناویان لێ دەبات و بەمجۆرە بە سەریان دەکاتەوە کە ” کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆ کردییە/ هەرکەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا”. ئەم هەوڵە کە دەکرێت وەک سەرەتاکانی سازبوونی منی ترانسێندنتاڵ ناوی لێ ببەین، گرینگترین تایبەتمەندییەکانی بریتین لە دابڕان لە ئەزموونێکی چەمکی و مرۆڤ تەوەرانە و هەوڵ بۆ بە شتکردنی لایەنی چەمکی و ستایش و پەسنی شت‌ئاسایی ئەزموون و چەمکە گشتییەکان (لە بەرامبەر ئەو ئەزموونە گشتییە کە شتەکان لە ڕواڵەتێکی چەمکی بەرهەم دێنێتەوە)، لە رێگای هێنانە بەرکاری فۆڕمی‌غەزەل و بە پێڕەوکردنی کێشی عەرووزی و بەهادان بە تەکنیکەکانی شێعری وەک کارکردی مانایی و دابەش کردنی کۆمەڵگای یەکدەست بە کۆمەڵگای بەردەنگ و کۆمەڵگای نادان. بەو پێیە دەکرێت شێوەیەک ئەزموونی تاکەکەسانە لەو ڕەوتەدا وێنا بکرێت کە وەک پێکهاتەی پێشینی عەقڵ دەردەکەوێت و تێیدا هەوڵی ئەوە دەدرێت کە هەم زەینییەتی تاک، یەکپارچە بکرێتەوە و هەمیش ئەزموونی گشتی لە بەریەک هەڵوەشێندرێتەوە. کەواتە دەکرێت باوەڕ بێنین کە ئەم زەینییەتە ترانسێندێنتاڵە تەنیا بە شاردنەوەی دژوازییەکانی زەینی ئەزموونگەرانەی خۆی دەتوانێ درێژە بە ڕەوتی خۆی بدات و لەو ڕووەوە پرسە راستەقینەکانی تاکی راستەقینە بە شێوەی چارەسەر نەکراوی بارگاوی ئەویترێک دەکرێت کە بڕیارە یەکگرتوویی دەروونی لە نێوان خۆی و منی ترانسێندێنتاڵی شاعێر بەرهەم بێنێتەوە. منێک کە پێشتر جەماوەری یەکپارچەی، ئەتۆمیزە کردووە و ئێستا لە پێناو دەرباز بوون لە تەلیسمی‌گشتییەتی، هەوڵ دەدات خۆی وەک تاکێکی گشتی و یەکپارچە ئاراستە بکات.

لێرە بە دواوە واتە دوای ئەو بەستێن خۆشکردنەی نالی، بە شێوەی ڕاشکاوانە شایەدی شکستی ئەزموونی و ئایدیای بنیاتنەری شێعری کوردین کە دەکرێ بە گشتی لە چەند خاڵی خوارەوە وەک پۆلێن‌بەندییەک لە پێکهاتەی شکست بە پێی تەوەرەکانی: فۆڕم و بەیان؛ کۆمەڵگا و بەردەنگ؛ و سیاسەت و دامودەزگا ئاوری لێ‌بدەینەوە.

لە قۆناغی یەکەمدا، ئەزموونی ئابسترە و هەژار لە باری دەروونییەوە، کاتێک دەست دەداتە فۆڕمی‌غەزەل لە بەرامبەر مەسنەوی، وەک جۆرجۆ ئاگامبێن لە وتاری “کۆتایی شێعر” دەڵیت: بە جۆرێک “کەلێن و دژوازییەک لە نێوان دەنگ و مانا ساز دەکات”. ئەمە بەو واتایە کە لە دێرێکی شێعری غەزەل کاتێک دەنگ لە سەروادا دەوستێت، هێشتا مانا لە کەمایەسیدایە و هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی مانا‌هانت دەدا بچیتە دێری دووهەم و گەیشتن بە سەروای‌هاوچەشن و‌هاوکات لە پێناو دەربازبوون لە دژوازیی مانا و دەنگ، پەنا بۆ دێرەکانی خوارەوەتر دەبەی و لە ئەنجامدا کاتێک دەگەیتە بەر دێڕی کۆتایی دەبینی دەنگ کۆتایی پێهاتووە، کەچی مانا هەر لە کەمایەسییە.

 هەر بۆیە ئاگامبن لای وایە کە لە شێعری کلاسیک (و لێرەدا لە غەزەل) بەردەوام خیانەتێک بە جەوهەرەی فۆڕمی‌ئامادەیە کە زمانی شێعر تا ئاستی کارکردەکانی مانایی سەروا، کێش و تەکنیکەکان دادەبەزێنێتە خوارێ. بەو پێیە ئەو جۆرە لە شێعر بەردەوام پێویستی بە بەردەنگێکی تایبەت بۆ چڕکردنەوە و پڕکردنەوەی لایەنی بۆشی ماناییە و ڕەنگە هەر ئەم بێ‌دەرەتانییەیە کە شێعری کلاسیکی فارسی بە تایبەت لە قۆناغەکانی دوای شێوازی فەننی و عێراقی، بۆ چەندین جار تووشی کۆتایی و گەڕانەوە دەکا و کاتێک نالی ئاگادارنە دەست دەداتە ئەو دابڕانە و بەرهەم هێنانی ئەو فۆڕمە، هەست دەکەی ئەویش ئاگادارە لە کۆتاییەکان و دەروەستبوونی شێعر بەو چینە نوێیە کە ئەو بەرهەمی‌هێناوە ناوی لێ‌دەنێت “زانایان” و ئێمە لێرەدا وەک “بەردەنگ” دەیناسین.

photo_2016-06-28_12-52-24

بە نیسبەتی تەوەرەی دووهەمی‌شکست واتە “کۆمەڵگا و بەردەنگ”، دەتوانین شێوەکانی دەروەست بوونی شاعێر بە بەردەنگ و وەڵامدانەوەی شاعێر بە ئارەزوو و ویستی بەردەنگ دوای سازبوونی شکست و درزکەوتنە ناو ئایدیای گشتی، گرێ بدەینەوە بە ئارەزووەکانی بەردەنگ بۆ دژایەتی کردنی پراکسیسی زاڵ و بەرژەوەندخوازیی باو. بۆ وێنە ئادرنۆ لە وتاری “وتەیەک لەبارەی شێعری لیریکیا و کۆمەڵگا” دەڵێت: “کاتێک کەلێن دەکەوێتە نێوان شێعر و کۆمەڵگا (یان لە نێوان ئەزموونی گشتیی کۆمەڵگا وەک چەشن)، وتەی شێعر تەنیا لە دابڕان و تەریک کەوتنەوەی دەنگی مرۆڤانەی شاعێر مانامەند دەبێ. هەر بۆیە لێرەدا کۆمەڵگای تاکخواز (و ئەو کۆمەڵگای کە لە باری ئەزموونی دەروونییەوە هەژار کەوتووە) بە دردونگییەوە لە شێعر وەک شتێکی دژی کۆمەڵگا و بابەتێکی تەواو تاکەکەسیانە دەڕوانێت، چونکا ئارەزووی ئەو بەردەنگە ئەوەیە کە وێنە و مانای دەرکەوتەی شێعر، شتێکی تەواو دابڕاو و جیاواز لە پراکسیسی زاڵ و بەرژەوەندخوازی و گوشاری کوێری ژیان بێت”. ئەوەی لە وتەکانی ئادرنۆ لەو وتارەدا جێی سەرنجە، سەرهەڵدانی کۆمەڵێک چاوەروانی لە لایەن بەردەنگ دوای‌هاتنی بۆ ناو بەستێنی ئەدەبە، تا ئەو ڕادە کە شاعێر پاش ئەو ناچارە لە رێگای سەرخستنی ئارەزووەکانی بەردەنگ کە ئادرنۆ پێی دەڵێت “ئایدیالۆژیای شێعر”  پەرە بە شێعر بدات. گەر لەو ڕوانگەوە بڕوانینە ڕەوتی سازبوونی خێڵی زانیاران لای نالی کە دوای‌هاتنیان، لە گەڵ خۆیان چاوەروانی بۆ تاقیکاریی سەیر و سەمەرە و جیاوازیان لە شێعر بە دیاری هێنا، بەو ئەنجامە دەگەین کە لە نالی بە دواوە شاعێران بۆ ڕازی ڕاگرتنی دڵی بەردەنگ (زانایان)، تا چ ڕادە گیرۆدەی تاقیکاریی سەیر و سەمەرە لە بواری کارکردەکانی مانایی و تەکنیکەکانی شێعری و لەوان نێوان دەقایەتی لە گەڵ دەقە ئایینی و فەلسەفییەکان بوون. بە ڕادەیەک کە هەست دەکەی شاعێر دەیەوێ لە رێگای خۆ بە گشتی کردنی ئەزموونی تاکەکەسیی خۆی، کەمایەسی و هەژاریی ئەزموونی دەروونی خۆی بشارێتەوە.

هەوڵ بۆ جیاکردنەوەی بەردەنگ، دوای ئەو دۆخە ڕەنگە پێناسەیەکی باش بێت بۆ شێعری دوای نالی تا بەر لە پیرەمێرد. واتە کاتێک کە دەبینن هەر هەمووی شاعێران خەریکن دووکانێک لە جوانی و تەکنیکەکانی خۆیان ئاراستە دەکەن تا بتوانن بەردەنگی زیاتر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، تێدەگەین کە تەواو هەوڵە ئەدەبییەکان بە ئاراستەی جۆرێک ئەتۆمیزەکردنی کۆمەڵگای بەردەنگ و‌هاوکات فۆڕمەکانی شێعری دەچێتە پێش، و ئەم هەوڵە بە ڕادەیەک خێرایی بە شکستەکان دەبەخشێت کە لە ماوەی کەمتر لە یەک سەدە ئێمە شایەدی تاقیکاریی سەیر و سەمەرە و تاکەخوازنە و ئابستریەکی لە تاقەت بەدەر لە لایەن شاعێرانی کوردین کە بەردەوام لە رێگەی ئاوێتەکردنی ئەزموونی هەژاری دەروونیی خۆیان لە گەڵ ئەزموونی دیترانی ناو کەلان دەقە ئایینی و ئەدەبییەکانی دراوسێ، پاساوێک بۆ کرداری مانایی خۆی دەدۆزنەوە و لێرەدایە کە نالی باس لە “بە دەفتەرکردنی کورد و فارس و عەرەب” دەکات.

photo_2016-06-28_12-52-32

لەو ڕووەوە کاتێک ئاور لە لایەنی سیاسەت لە ئەدەبی کلاسیک وەک تەورەی سێهەمی‌شکستەکان دەدەینەوە، ڕووبەڕووی چۆنیەتی قەبەبوونی بەردەنگ و پێگەی دەسەڵاتخوازانەی بەردەنگ لە ناو کۆمەڵگا و ناچاربوونی شاعێر لە هەڵسەنگاندنی ئەو چینە وەک تاقمی‌زانایان و خەملاندنی شکۆ و پێگەیان دەبین. ئەوەی لێرەدا بەرچاوە، ئەوەیە کە هێشتا نەتەوە و سیاسەت بە مانای کردارێکی کۆمەڵایەتی لای شاعێران ساز نەبووە و شاعێر ئەو کاتەی کە خەریکە وەسفی نیشتمان دەکات بەجۆرێک خەریکە وەڵامی‌ئارەزووەی ئەو سیستەمە دەسەڵاتخوازە (کە زۆرتر چینی دەربەگن) وەک تاقە کڕیاری دەقی ئەدەبی دەداتەوە و لە رێگەی بە یۆتۆپیایی کردنی سەرزەوینێک کە لە بەردەنگ زەوت کراوە، بە بێ ئەوەی هیچ وێنەیەکی ڕوون لە نەتەوە، نیشتمان و دوژمنانی نەتەوە ئاراستە کرابێت، دەینی خۆی ئەدا دەکا. تەنانەت کاتێک حاجی قادریش دەیەوێ خۆی لەو داوە دەرباز بکات، تازە تێ‌دەگات کە چەمکی نەتەوە هێشتا گیرۆدەی زێدەگا و شوێنی حەوانەوەی بەردەنگ و سیستەمێکی دەربەگییە. هەربۆیە حاجی هەوڵ دەدات شێعر بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی مەسنەوی بێژی و‌هاوکات گشتییەتێکی نوێ لە بەردەنگ لە قەوارەی چەمکی کورد بەرهەم بهێنێتەوە، بەڵام ئەم گەڕانەوە‌هاوکاتە لە گەڵ وەدەرکەوتنی کەلێنێکی ناسوور و تا رادەیەک ترۆماتیک لە نێوان ئەزموونی ترانسێندێنتاڵ و ئەزموونی دەروەیی کۆمەڵگا، یان بە واتایەکی دیکە سازبوونی کەلێنێکی دووقاتە لە نێوان شاعێر و بەردەنگ، هەر بۆیە زمانحاڵی حاجی لە قەوارەی لۆمە و هوشداری “خراپ ئەزموون کردن”ی ژیان وەک ژیانێکی سیاسی لە لایەن بەردەنگی گشتی‌کراوە خۆی دەردەخاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، هەوڵی پیرەمێرد بۆ پەڕینەوە لەو دۆخە و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی ئەو لە گەڵ شێعر و هەوڵ بۆ گەڕانەوە بۆ لای ئەدەبی گۆڕان و گواستنەوەی ئەو ئەدەبە بە تایبەت لە وەرگێرانی شێعری بێسارانی و مەولەوی تاوەگۆزی و‌هاوکات ئیش کردن لە رۆژنامە لە پێناو بەرهەم هێنانی گشتییەتێکی هێمایی لە نەتەوە و ڕووخاندنی بینای “بەردەنگی زانیار” و دژایەتیی ئەو لە بەرامبەر بەردەنگی ئاریستۆکراتیک و “ماخولیای سەرتەل‌خوازی”، بە جۆرێک هەوڵدانێکە لە پێناو سازکردنی بەستێنێک بۆ دانوستانێکی‌هاوسەنگ و لۆژیکی لە نێوان ئەدەب و بەردەنگ، یان بە واتایەکی دیکە جۆڕێک پڕکردنەوەی کەلێنی نێوان ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی ئەدەب و سەربەخۆیی ئەدەبە.

لێرەدا دەتوانین دەسکەوتی ئەم قۆناغە لە سێ ئاستدا شرۆڤە بکەین: ۱) گۆڕینی نۆرمی‌باوی ئەدەبی لە رێگای پەنابردنە بەر ئەدەبی مەسنەوی و بووژاندنەوەی فۆڕمی‌ئەدەبی گۆران؛ ۲) هەوڵ بۆ دەرهاویشتنی وشە و کەرەسە زمانییەکانی بیانی و لەوان فارسی و عەرەبی، وەک هەوڵ بۆ سازدانەوەی پێگەی بەیانمەندی شێعر و گەیشتنەوە بە هەمان ئەزموونی دەروونی و هەمووانی و‌هاوکات سازدانەوەی پردێکی دووئەستوونە لە نێوان کۆمەڵگای ئەدەبی و کۆمەڵگای بەردەنگ و؛ ۳)  سازدانی دیالۆگ لە گەڵ بەردەنگ و بانگەشەی دووبارەی بۆ بەشداری لە ناو جیهانی ئەدەبی و لەو رێگاوە دەستەبەندی کردنی داخوازیی نوێ و چاوەروانیی نوێی بەردەنگە فەرامۆش کراوەکان (بە تایبەت چینەکانی خوارێ) و لەوە گرینگتر بارگاوی کردن و بەرسازەکردنی چاوەروانی بۆ خوێنەر لە رێگای پەروەردەی بەردەنگ، و بۆ ئەم مەبەستە پیرەمێرد رۆژنامەی ژین دەکاتە باشترین هەلێک بۆ جێگرکردنی ئەو خولیایە.

photo_2016-06-28_12-52-48

کەواتە دەکرێت پرسی گواستنەوەی ئەزموونی بەردەنگ سازی و پاشان سازبوونی دامودەزگای ئەدەبی لە نیوەی یەکەمی‌سەدەی بیستەم، وەک دەرفەتێک وێنا بکرێت کە لە ئانوساتی خۆیدا دەیتوانی تەگەرە بخاتە بەردەم خێرایی شکستەکان بە تایبەت لە سەردەمی‌عەبدوڵڵا گۆران و هەوڵی ئەو بۆ بەردەنگ سازی لە رێگای سازکردنی پەیوەستارێک لە ئەزموونی دەروونی، هێمایی و دەرەوەیی. دەرفەتێک کە هەوڵی ئەوەی دەدا بە بەشدارکردنی بەردەنگ لە گەڵ ڕەوتێکی کەڵەکەکراوی ئەزموونی مرۆیی لۆکاڵی- جیهانی، لە میانەی یادداشتە بەربڵاوەکانی گۆران وەک باس لە ڕەوتەکانی شێعری رۆژئاوایی، شێوەکانی ژیانی رۆژئاوایی، ژیان لە ناوچە و جوگرافیای کوردستان، ئەزموونی ڕاپەرین، سورریالیزم، بۆتیقاناسیی شێعر لە کۆلێژی بەغدا، ڕۆڵی شاعێرانی کورد، چۆنیەتی هەڵسوکەوتی بەردەنگ لە گەڵ شێعر و … بە جۆرێک سازێنەری دەرفەتێکی کارگایی بۆ بەرسازەکردن و ئامادەکردنی خوێنەری چالاکە کە بتوانێ‌هاوکاتی پاراستنی سەربەخۆیی فیلدی ئەدەبی، ئەزموونی خۆی و کۆمەڵگا و شاعێر‌هاوتەریب کاتەوە و لەم پێناوە ئامادە بوونی فەزا و شێوەدامودەزگایەکی ئەدەبی وەک کۆڕی زانیاری و هەوڵی هەمەلایەنەی کەسانی وەک حسێن حوزنی موکوریانی، عەلائەدین سەجادی و … و ئەزموونی کۆمار و ڕاپەرینە سیاسییەکان بە جۆرێک ئەو هیوای لێ دەکەوتەوە کە ئەزموونە پەرتەوازەکان لە گشتییەتێکی نوێ و لە ناو فەزا و دامودەزگایەکی ئەدەبیی گونجاودا جێگر بن و هەر ئەو فەزایە دەیتوانی لە رێگای یەکپارچەکردنەوەی مەبەستەکان، رەهەندێکی نوێ بە ئەزموونی ترانسێندێنتاڵ ببەخشێت و خێرایی شکستەکان لە پێناو سازبوونی ڕێسایەکی تایبەتی و دانوستان پێ‌کراوەی ناو دامودەزگای ئەدەبی خاوتر بکاتەوە.

لە کۆتاییشدا پێویستە بوترێت کە شکستە مێژوویی و سیاسییەکانی نیوەی دووهەمی‌سەدەی بیستەم و زاڵبوونی ئایدیای شکست لە ژیانی جەماوەری کورد، گەورەترین دەرفەتی مێژوویی بۆ سازبوونی دامودەزگای ئەدەبی لە کورد زەوت کرد و لەوساوە ئێمە شایەدی لێک‌هەڵوەشانەوە و هەوڵی ئەتۆمیزەبوونی شاعێران و وەێژەرانی کوردین و دەبینین کە چۆن هەر تاکێکی ئەدەبی خۆی لە یەکپارچەیی دەدزێتەوە و هەوڵی ئەوە دەدات ئەزموونی خۆی چ لە باری فۆڕمی‌و چ لە باری داهێنانەوە، شازتر لەوانی دیکە نیشان بدات، بەڵکوو بتوانێ لە ماراتۆنی بەردەنگ‌دۆزی پشکی زیاتری بەر کەوێت و ئەوەی لێرەدا زیاتر لە هەموان فەرامۆش کراوە، ئەو ئەزموونە کرچ و نیوەچڵانەیە کە لە رێگەی ئەو شتەی لە ئەدەبی مۆدێرن و لای گای کۆک پێی دەوترێت کارگایی کردنەوەی ئەدەب، دەیتوانی پەیوەستارێک لە ئەزموونی جیهانی – لۆکاڵی بکاتە مەرجی سازبوونی بەردەنگی چالاک و مامناوەند.

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

8 − چهار =

قالب وردپرس پوسته وردپرس