دوشنبه , ۲۶ آذر ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / شەوژەنی خەون/سروە مەجیدی

شەوژەنی خەون/سروە مەجیدی

photo_2016-12-09_00-24-10

بە دەم خەیاڵی درزبردووی بابامدا باران دایکرد. تێگەییم لە ١٣ شەقام ئەولاترەوە بەرەژان دامیگرتووە. مژێکی تۆخ، چاوانی وەویلەکەمی‌داپۆشیبوو. گێژ و وڕ بووم. لە سەر پردەکە چەن تفەنگ‌بەدەس تەقەیان ئەکرد، لە حێوەتا بەرەو خوار گەڕەکەکە بوومەوە. پشیلەیەک بێ‌سەر بە شوێنما ئەهات و دووچکەی کوت‌کوت، دائەڕزا و دائەکەوت وەکوو سووتوو. لەبەرخۆمەوە وتم: دایکی چی و تەڕەماشی چی! بەشکەم هەر نەیتەوە ، تەنیا پارەمان بۆ بنێرێ بەسە.

زەلکاوەکە پڕ بوو لە قربۆقی تۆپیو. یەغانەکە باز ئەکەم و تەزبێحە زەردەکەی بابام، وەک ملوانک ئەکەمە ملم. لە چاوترووکانێکا، تەونەکەی شەوکەتم لەت‌وپەت کرد و چەقوەکەم نایە گیرفان داوڵەکە.

قاوقاومان ئەکرد. لەپڕێکا، خۆمم ئەخستە ناو باوەشی و هەردووکمان هەڕامان ئەکرد و بە دواما ئەهات. حەزم ئەکرد هەناسەی ئەیدا بۆق ملما. هەر نینۆکی بە حاڵێک دایە قەو کراسەکەمەو، خوەم بە ئەنقەست دا بە زەوییا. ئەویش لە خوای بوو دەمەوڕوو بکەفم، خوەی خستە ملما و لیکی ئەڕژاند و منیش خوەم خاوەو کرد. لیک تا ناو سینەبەنەکەم‌هات. زرمەی درگا دایچڵەکان. لە ئاو و ئارەقا خووسیابوو.

ئاخ! حەزم ئەکرد وەک خرتۆڵ، بیخەمە ناو گۆنییەک و لەم لێژاییە تلی کەمەو با ئێسقانەکانی وردوخاش بن. کە‌هاتم قومێ ئاو بخوەمەو، جانتایەک لە دەس چەپیەوەو بوو و لەچکێک زەردی دابووە مل پاڵتاوە تازەکەیا و منگەمنگ وتی: من ئەبێ بڕۆم کچم، دوایی بارودۆخەکە گۆڕا، دێم و ئەتبەم لەگەڵ خوەما و ئەو وەختە ئەڕۆی بۆ قوتابخانە. وریای خوەت بە.

وەویلەیەک چاوشینی نایە سەر پلیکانی ناو حەوشەکە. ڕۆیشت، کەلاوەکە برووسکانی و من ژان گرتمی. بە تووڕەییەوە بەکرم بانگ کرد. کە زاری ئەکردەوەو بۆنی ماسی و قربۆقی تۆپیو، ئەو ناوەی ئەگرت. خوەی پێم گەیاند. وتم: ئەم باوک‌سەگە کارێ پێ بکە، خەریکە بە نەفتە ڕەشە، دارەکان وشک ئەکا. ئیتر هیچ پەلەوەرێ بەم دەوروبانە نایت. ئێمەیش هیچێ نیە ڕاوی بکەین.

کەفی ئەچەراند. شەوێکا چووە سەربان، تا بۆ فاتمە دەڵاڵ فتنەیی کاتەو. بەکر، لەچکەکەمی‌دا بە سەر خوەیا و کتوپڕ لە پشتیەو وەک سەگ لووراندییەو و باوەژنم وەک ئەو کۆترگەلە وا بە قەڵماسک ئەمانییا پیانەو، تڵپ داکەفتە ناو حەوشەکە و شڕوشیتاڵ بوو. شەوکەت بەردەوام ئەینووزاندەوە و کاکەرەم باوکی، وەک کیسەڵ دای بە کۆڵیا و شەکەشەک چوون و شۆنیان گوم کرد. هەر ئەو ڕمووزنە ملی شکاند و چوو، باران دایکرد و پلووسکی ناو حەوشەکە، تەقیەوە و ددانە دەس‌کردەکانی فاتمە دەڵاڵ دەرپەڕینە ناو حەوزەکە. من و بەکر، لە خوەشییا هەڵدەپڕین. کەڵکیتێ لە پەراسوومەوە زووخاوی لێ ئەتکێ. وەویلە چاوشینەکە بەرەنسکێ ئەدا و مەمکەکانی بلۆقیان کردگە.

لە بەر ئاوێنەکەدا، خەریکی ڕیمڵ‌دانن بووم. مژێکم لێدا، خۆمم بە کراسێ زەردەوە، لە ئامێزی بابامدا ناسییەوە. لە قووڵایی زەلکاوەکەدا نوقم بووم. وەکوو ئاژەڵێک بریندار، پۆزەی ئەساوییە ناو شانم و لیکی ئەڕژاند. دایکی بەستبووە کۆڵەکەی ژێرزەوییەکەو. فاتمە جووزن، قرخەقرخ وتی: حەزرەتی ئەباس ئەڕات نەسازنێ ڕووڵە. ئەڕا وای ئەکەی؟

بەکر دوو لاقی دایکی بەرزەوە کرد و پاپۆشەکەی دەرهاورد و ماتیکێ سووری هەڵگرت و هەتا بناگوێچکەی دەمی‌سوور کرد. فاتمە دەڵاڵی لنگ بێ‌شواڵ، پەلکێش کرد و بردیە سەربانەکە و بانگلێرەکەی بەستە لاقێکیەو و شەقێکی داپیا و خستیە ناو کەلاوەکە. بۆدڕنێکی کەسکون، ئەو ناوەی گرتەبەر. خەریکی مەکیاژکردن بوو. لە ناو ئاوێنە درزبردووەکەدا، بە دەم قریوەی پێکەنینا، لەپڕێکا بوو بە قڕبۆقێ دووسەر. لە پەسا هێڵنجم ئەدا. ئاودەس نەخوەشخانەکە پڕ بوو لە نینۆکی سوور. گیزەی پۆلە مێش لە ناو مێشکما دوایی نەئەهات. بۆدڕنی ماسی بوو بە کۆڵەبەسی درگا و بانەکەمان. دووگیان بووم. بێزووم به نینۆک ئەکرد. تواو نینۆکەکانی بەکرم جاوی تێر نەبووم. بەکر، لە ناو خەوەکانما پرخەی ئەهات و من لە سووچی گرساوی خۆما، بە کاکیلەکان شەوکەت قەمچانم ئەکرد. قوڕقێنەیەکم دا و هەرچی لمت و لماو بوو، کردمە ناو قوڕگی بەکر و حەپەحەپ کەفتمە شۆنی.

سینەبەنەکەمم لە ناو مێشکی دوکتۆرێکا دۆزییەوە. دوو ساڵ لەمەوپێش لە داخ ژنەکەیدا، لە نهۆمی‌چواری نەخوەشخانەکەوە خوەی خستە خوارەو و سەری تڵیشا و بوختانێ قیزەون پژایە ناو ستیانەکەم. شەوانێک قەترانی لە ناو کەلاوەکە، بە دوای خرمووتکەی ژیانما ئەگەڕیام و کەچی هەر داوڵ بوو لقی دەرئەکرد. خرتۆڵ، پشیلەیەک بوو کە چووە ناو کەلاوەکە و لاقی داوڵەکەی کڕاندبووەوە و ئێمەیش تەک تووتکێکا، خستمانە ناو گۆنییەک تا ئیتر نەڕواتە کەلاوەکەی ئێمە و لە لێژاییەکەی کۆڵانا تلمان کردەوە. وەختێ گۆنییەکەمان باز کرد، تووتکەکە خرتۆڵی ئەنجن‌ئەنجن کردبوو.

کاتێ باوەژنم ئاوەکوڵەکەی کردە سەرما، زەردایی تەزبێحەکە دافلێقیا مل مەمکەکانما و ئیتر بووم بە مەمکە زەرد، زەردێکی تۆخ. بەکر، بە قەڵماسکەکەی هەرچی پەلەوەر بوو لە کەلاوەکە تاراندبووی. هەر ئەهاتم چاو بنمە یەک، مژێکی ئەدا ناو قژەکانم و بۆسۆ ئەو ناوەی ئەگرت. مناڵەکەم زیان کرد، تفم لە هەر کێلێ ئەکرد، بەکر میزی پیا ئەکرد. بۆنی لم و قڕبۆق ئەو ناوەی گرتبوو. سفتاحی ئەمڕۆمان، تلێقاندنەوەی قربۆقە دووسەرەکە بوو. زوانە کوڵکنەکەی ئەکێشایە ناو شان داوڵەکە چزەی ئەهات. دووپشک و کرمی‌تیسکن، لە ڕیشە چڵکن و گڤنەکەی بەکرەوە دەرئەهاتن و ئەچوونە ناو کاسە سەرم. بەکر کۆمەکۆم، مناڵەکەمی‌بە پاچێ لە میزڵدانمەوە دەرهاورد، لە تەنیشتمەوە ناشتی.

کەلاوەکە باوێشکی دا و داوڵەکە کۆکی و چەقۆیەکی قەی کردەوە. بانگلێرێ، پەراسووەکان لای چەپمی‌وردوخاش کردبوو.

شەوژەنی خەون/ سروە مەجیدی

3 دیدگاه

  1. عه تا حوسه ینی(چاو جون سنە)

    هه زار سڵاو له خاتوو سروە مجیدی خاتونی شعری کوردی بژیت به ڕاستی جوان و سە ڕنج ڕاکێش

  2. عالیی؛ سه رکه وتووبیت خاتوونی پڕله هه ست.

  3. جوان بوو؛ سه ر که و توو بیت خاتوون

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

3 × 3 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..