چهارشنبه , ۳۰ آبان ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی /  له‌ پشت لقه‌ ناسكه‌كانی ته‌یمان/ هۆشه‌نگ گوڵشیری

 له‌ پشت لقه‌ ناسكه‌كانی ته‌یمان/ هۆشه‌نگ گوڵشیری



هۆشه‌نگ گوڵشیری
و: غه‌مبار گه‌ردی

له‌ پلیكانه‌كان كه‌ سه‌ركه‌وتم، بینیم له‌ په‌نای ده‌ستشۆره‌كه‌، له‌ سه‌ر ده‌م، لێی ڕاكشاوه‌. گوتم:
– له‌ كوێیه‌؟
ئه‌وسا ژنه‌م بینی كه‌ خۆی له‌ناو چارشێوه‌كه‌یه‌وه‌ پێچاوه‌ و له‌ سووچی ژووره‌كه‌دا هه‌ڵكوڕماوه‌.
قاچه‌كانی له‌ دواوه‌ هه‌ڵێنا و ده‌ستی به‌ پێش ده‌موچاوییه‌وه‌ گرت، چوومه‌ پێشتر. نیوبوتڵه‌ عاره‌قه‌كه‌م له‌ ته‌نیشتی دانا. ساندویچه‌كان هه‌روا به‌ ده‌ستمه‌وه‌ بوون. گوتم:
– چ ده‌ردێكته‌،‌ها؟
گۆڤاره‌كه‌ی لێك كردبووه‌وه‌ و ده‌ستی گرتبوو به‌ پێش ده‌مییه‌وه‌. وێنه‌كه‌، ژنێكی ڕووتی قژكاڵ بوو، كه‌ له‌ پشت ته‌یمان وه‌ستابوو. له‌ ئه‌ندامی‌ژنه‌كه‌، ته‌نیا سه‌ری و مه‌مكێكی و ده‌ست و ڕانێكی به‌ ده‌وه‌ره‌ بوون.
باقی ئه‌ندامه‌كانی ته‌نیا تارمایییه‌كی جوان و لێڵ و نادیار بوون، له‌ پشت لقه‌ ناسكه‌كانی ته‌یمان‌.‌هاوارم كرد:
– دیسان واز ناهێنی؟ ئاخر كێ گوتی دیسان بچییه‌ دیار ئه‌م وێنه‌یه‌، كاتێك یه‌كێكی زه‌ق و زیندوو له‌وێیه‌…؟
ئه‌وسا ڕاپه‌ڕی و خۆی گه‌یانده‌ ده‌ستشۆره‌كه‌ و ڕشایه‌وه‌. سه‌یری ژنه‌‌م كرد و سه‌یری چاوه‌ ڕه‌ش و ڕاماوه‌كانی و سه‌یری ئه‌گریجه‌ی قژی كه‌ ڕژابوونه‌ سه‌ر ناوچه‌وانه‌ سپی و ته‌خته‌كه‌ی و پاشانیش سه‌یری ئه‌م كه‌ هێشتا هه‌ر ده‌ڕشایه‌وه‌. تاوم دا سه‌ر شانی:
– چه‌ندت عاره‌ق خواردۆته‌وه‌،‌ها؟
ته‌نیا فریاكه‌وت كه‌ بڵێ: نا، كاكه‌…
دیسان هێڵنجی دا. به‌س هیچی نه‌هێنایه‌وه‌. ده‌سته‌كانی به‌ دیواره‌كه‌‌وه‌ گرتن. سه‌ری دانه‌وانده‌ ناو ده‌ستشۆره‌كه‌. قژه‌ خاوه‌كانی نێوچاوانیان داپۆشیبوو.
– كه ‌وابێ هی چییه‌،‌ها؟
به‌ ده‌ست ئاماژه‌ی بۆ ژنه‌‌ كرد، كه‌ هه‌ر له‌و سووچه‌ هه‌ڵكوڕمابوو و به‌ سه‌رنجه‌وه‌ ده‌یڕوانی و دیسان دانه‌ویه‌ سه‌ر ده‌ستشۆره‌كه‌. كراسی ژنه‌ له‌ سه‌ر ته‌خته‌كه‌ كه‌وتبوو و ژنه‌یش ته‌نیا چاوه‌كانی به‌ ده‌ره‌وه‌ بوون.
– ده‌می…
گوتم: بۆنی لێ دێ،‌ها؟ ده‌ی ده‌تتوانی بنیشتێكی بده‌یه.
هاواری كرد: نا، هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، ده‌می‌خواره‌. جۆرێكه‌. ته‌نانه‌ت ئه‌وكاته‌ی كه‌ پێناكه‌نێ، سێ ددانی به‌ ده‌ره‌وه‌یه‌.
سه‌یری ژنه‌‌م نه‌كرد. ده‌مزانی كه‌ ئێستاش هه‌روا، به‌و چاوه‌ ڕه‌ش و ڕاماوانه‌ی، سه‌یرمان ده‌كات. سه‌یری كردم. ڕووخساری چكۆڵه‌ و كوڕانه‌ی سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. قژی ته‌نانه‌ت سه‌ر چاوه‌كانیشی داپۆشیبوو. لێوه‌ سووره‌كانی ده‌له‌رزین. گوتم:
– ئاخر خۆت دۆزیوه‌ته‌وه‌، خۆت گوتت حه‌زم له‌ چاوه‌كانی كردووه‌.
– من چوزانم كه‌ له‌ ژێر ئه‌م چارشێوه‌وه‌…
– ده‌تتوانی سه‌یری ده‌می‌نه‌كه‌ی.
كه‌ دانه‌ویه‌ سه‌ر ده‌ستشۆره‌كه‌، ئه‌مجاره‌یان ڕشاره‌یه‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ ته‌واوی ئه‌ندامه‌كانی كه‌وته‌ له‌رزین. سه‌ریم له‌ به‌ر شێره‌كه‌ ڕاگرت و قژیم دایه‌ به‌ر ئاو. هه‌روا كه‌ سه‌ری له‌ به‌ر ئاوه‌كه‌ بوو، به‌ هێواشی گوتی:
– ڕووتم كرده‌وه‌.
– هه‌ر وه‌ك وێنه‌كه‌،‌ها؟
سه‌ری هه‌ڵێنا. ڕووخساری پتر سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. لێوه‌كانی هێشتا ده‌له‌رزین:
– ئه‌ی ده‌تویست چی لێ بكه‌م؟ ئه‌گه‌ر نه‌شێت سه‌یری ده‌موچاوی بكه‌یت، كه ‌وابێ سه‌یری چی بكه‌ی،‌ها؟
– ده‌ی؟
ئاماژه‌ی به‌ ژنه‌كه‌ كرد:
– بڕۆ سه‌یریكه‌، له‌ ژێر ئه‌و چارشێوه‌ نه‌فره‌تییه‌ ئێستاش هه‌ر له‌شی ڕووته‌.
سه‌یری ژنه‌كه‌م كرد، هه‌روا بێده‌نگ دانیشتبوو و هه‌روه‌ك ئه‌و كاته‌ی كه‌ له‌ ژێر سێبه‌ری داره‌كانی په‌نای شه‌قامه‌كه‌ وه‌ستابوو و ته‌نیا چاوه‌ ڕه‌شه‌كانی به‌ ده‌ره‌وه‌ بوون.
ده‌ستیم گرت. ته‌زی بوو هێشتا ده‌له‌رزی.
– تا پیاڵه‌ك‌ نه‌خۆیته‌وه‌، ناتوانی.
– نا، من ئه‌هلی ئه‌وه‌ نیم.
– تۆ به‌ لایدا ناچی، مودمین[الكلی]؟
گوتی: مه‌به‌ستم عاره‌قه‌كه‌ بوو.
ده‌ستیم ڕاكێشا و له‌ ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه‌دا دام نیشاند. سه‌ری بوتڵه‌كه‌م به‌ چه‌قۆ هه‌ڵپچڕی. سێ پیاڵه‌م پڕ كرد. به‌ ژنه‌م گوت:
– ده‌خۆیه‌وه‌.
گوتی: لاڵه‌.
ئه‌وجا پیاڵه‌ی عاره‌قه‌كه‌ی هه‌ڵدا. ده‌ستی ژنه‌‌ تا ئانیشكی له‌ ژێر چارشێوه‌كه‌‌هاته‌ ده‌ر. سپی بوو. پیاڵه‌ی عاره‌قه‌كه‌ی وه‌رگرت و بردییه‌ ژێر چارشێوه‌كه‌یه‌وه‌ و خواردییه‌وه‌، هه‌ر له‌ ژێره‌وه‌ش ده‌می‌پاك كرده‌وه‌. دیسان پیاڵه‌ی ڕاگرت. ته‌نیا په‌نجه‌ی ده‌ستی به‌ ده‌ره‌وه‌ بوو. به‌ ژنه‌م گوت:
– تێكه‌م؟
گوتی: نه‌مگوت لاڵه‌؟
هه‌ر سێ پیاڵه‌كه‌م پڕ كرده‌وه‌ و ساندویچه‌كانم ده‌رهێنا. قل قل هه‌ڵمانگرتن. ژنه‌ هه‌ر له‌ ژێر چارشێودا ساندویچه‌كه‌ی ده‌خوارد و به چاوه‌ ڕه‌شه‌كانی سه‌یری ده‌كردین.
دیسان هه‌ڵسا و چووه‌ سه‌ر ده‌ستشۆره‌كه‌ و ده‌ستی پێ كرده‌وه‌. گوتم:
– زگت به‌تاڵ بوو.
گوتی: تكات لێ ده‌كه‌م به‌ ڕێی كه‌ با بڕوا، تكات لێ ده‌كه‌م.
گوتم: تۆ مه‌ته‌وێ، كه‌س ناچاری نه‌كردووی.
گۆڤاره‌كه‌م بۆی فڕێ دا. گوتی:
تكات لێ ده‌كه‌م پاره‌كه‌ی بدێ، با بڕوا. له‌ گیرفانی پانتۆڵه‌كه‌ی من ده‌ری بێنه‌.
شێره‌كه‌ی كرده‌وه‌. ژنه‌ هه‌ڵسا سه‌ر پێ، چوو بۆ لای ته‌خته‌كه‌. كراسه‌كه‌ی هه‌ڵگرت. ته‌نێ په‌نجه‌ی ده‌ستیم بینی. پشتی له‌ ئێمه‌ كرد. له‌ ژێر چارشێوه‌كه‌وه‌ كه‌ هه‌ڵیكێشابوو دوو قاچی سپی و ئێسكن به‌ ده‌ره‌وه‌ بوون. زۆر سپی ده‌هاتنه‌ به‌رچاو. به‌ ژنه‌م گوت:
– پێویست ناكا بڕۆی، ئه‌و نایكات، كه‌یفی خۆیه‌تی.
گوتی: تكات لێ ده‌كه‌م پاره‌كه‌ی بده‌یه‌ با بڕوا.
ژنه‌ گه‌ڕاوه‌. ته‌نیا چاوه‌كانی به‌ ده‌ره‌وه‌ بوون.
دیسان گوتی: هه‌موو گیانی گه‌ڕوگوله‌، هه‌موو گیانی. جێیه‌كی به‌ده‌نی ساغ نییه‌، باوه‌ڕكه‌.
ئه‌وسا خۆی چووه‌ گژ گیرفانه‌كانی و چه‌ند بانقه‌نۆتێكی٭ ده‌ تمه‌نی ده‌رهێنا و بۆ ژنه‌ی ڕاگرت. ژنه‌ دوو بانقه‌نۆتی له‌ پاره‌كان هه‌ڵگرت و به‌ ڕێ كه‌وت. له‌ پلیكانه‌كان كه‌ داگه‌ڕا، ده‌نگی پێیم نه‌بیست. ده‌رگاكه‌ كه‌ قه‌پات بوو گۆڤاره‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌ و وێنه‌كه‌ی دۆزییه‌وه‌. ملوانكه‌ی ژنه‌‌ له‌ گوێچكه‌ ماسی بوو. گوتی:
– تێكه‌!
دوو پیاڵه‌م پڕ كرد و دیسان سه‌یری تارمایی ئه‌ندامی‌ژنه‌كه‌م كرد كه‌ له‌ پشت لقه‌ ناسكه‌كانی ته‌یمان دیار بوو. گوتی:
– جوانه‌، نا؟
– پێكه‌وه‌ گوتمان: به‌ خۆشیی!
٭بانقه‌نۆت: ئه‌سكه‌ناس(له‌ شوێنێك بینیم عه‌زیز گه‌ردی ئه‌م وشه‌یه‌ی له‌ جیاتی”ئه‌سكه‌ناس” داناوه‌، پێم جوان بوو، منیش لێره‌ به‌ كارم هێنا).
سه‌رچاوه‌:
نیمه تاریک ماه : داستانهای کوتاه
 هوشنگ گلشیری
انتشارات نیلوفر ١٣٨١

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دو × 3 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..