چهارشنبه , ۲ آبان ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / له نێوان داڕووخان و سەرهەڵێناندا (پێشەکیە‌کی ڕه‌خنه‌کارانه له سەر دۆخی ڕۆشنبیریی کوردی)/جه‌هانگیر مه‌حموودی

له نێوان داڕووخان و سەرهەڵێناندا (پێشەکیە‌کی ڕه‌خنه‌کارانه له سەر دۆخی ڕۆشنبیریی کوردی)/جه‌هانگیر مه‌حموودی

ڕۆشنبیر بوونەوەرێکه تاراو، پەڕاوێزنشین، خاوەن‌هەست و خۆلقێنەری زمانێک که هەوڵ دەدات حەقیقەت بەرەوڕووی دەسەڵات بکاتەوە…

*ئێدوارد سەعید، له «نیشانەکانی ڕۆشنبیران»

چە‌مکی ڕۆشنبیر لە زانسته کۆمە‌ڵایەتییەکاندا، به‌پێی ئاڵوگۆڕه کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگا و به‌ستێنه مێژوویی-کۆمەڵایەتییەکانیی سەرهەڵدانی، جیاواز، فرەچەشن و ئاڵۆزکاوە. هەربۆیه، هە‌وڵ له ئاقاری پێناسەیەکی ڕوون و دیاریکراو لەوە‌ی که ڕۆشنبیر کێیه یا ڕۆشنبیران کێن، مشت‌ومڕی فەلسەفی و سیاسیی بەرچاوی له پانتایی تیۆری و پڕاتیکدا خۆلقاندووە و له هەر سەردەمێکی تایبەتی مێژووییدا، خۆی له چێوەی تیۆریک و پڕاتیکاڵی جیاواز و‌هاودژدا دۆزیوەتەوە. ئاماژه به پێناسەکانی کەسانی وەک گرامێشی، مانهایم، سارتر، فۆکۆ، ئێدوارد سەعید و… سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن که به‌پێی گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و دۆخه سیاسییەکان، فۆرم و دەوری دیاریکراو بۆ پێناساندنی ڕۆشنبیر تووشی گۆڕانکاری‌هاتووە. کەواته نووسین له سەر پێناسە و دەوری ڕۆشنبیران له هەر کۆمەڵگایەک، به‌بێ ئاوڕدانەوە‌یەکی مێژوویی له سەر بەستێنەکانی سەرهەڵدانی، له ئاکامدا ڕوانگەیەکی لەق و دەرهەستیی لێدەکەوێتەوە. سەرەڕای ئەم پێش‌فەڕزه بنەڕەتیه، ئاماژه‌دان بەوەی‌ که ڕۆشنبیریی له هەناوی ئەزموونی مۆدێڕنیتیەوە سەرهەڵدێنێت، دەربڕێنەری ئەم بیرۆکەیە که فۆرم و شێوازی ئەزموونی مۆدێڕنیتی له هەر کۆمەڵگایەک، دیاریکەری ستایل، ڕەوت و هەروەها ڕۆڵی ڕۆشنبیرانی کۆمەڵگای دەستینشانکراوە. بەم پێیە، باسکردن لەسەر ڕۆشنبیریی کوردی، گرێدراوی باس له‌سەر بەستێنە مێژوویی-کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگای کوردی و جۆری ئەزموونی مۆدێڕنیتییەتی. هەربۆیه، له دەسپێکدا پیویست به دەستنیشان‌کردنه که له‌م نووسینەدا مەبەست له ڕۆشنبیر چییه؟ ڕۆشنبیرانی کورد کێن؟ گۆڕانکارییه گرینگەکانی کۆمەڵگای کوردی له ڕوانگەی مێژووییەوە کامەن؟ و جۆری ئەزموونیی مۆدێڕنیتیی کوردی خاوەن چە لایەن و تەوەرێکە؟. دیارە که ڕوانینێکی مێژوویی-کۆمەڵناسانه، نەک بۆ ڕابردوو بەڵکوو ڕۆشنکەرەوەی دۆخی ئێستاکەی ڕۆشنبیرییه.

    بە‌شێوەیەکی گشتی و کورت‌کراو، دوو جۆرە ڕوانین بۆ پێناساندنی ڕۆشنبیر له ئارادان: چەمکی فەڕەنسی (Intellectuel) به‌مانای «ڕۆشنبیر» و چه‌مکی ڕووسی (Intelligentsia) به‌مانای «کۆمەڵەی ڕۆشنبیران». ڕۆشنبیران گرووپێک له کەسانی بزاڤمەند، خاوەن ئەندیشەیەکی تیۆریک و تاکڕەون بەڵام کۆمەڵەی ڕۆشنبیران توێژێک له کەسەکانی ناو کۆمەڵگایەکن که خاوەن خۆدئاگاییەکی تایبەتن و لایەنی پڕاتیکاڵ بەسەر تیۆریکیاندا زاڵه. سەرەڕای ئەم پێناسە سادەیە، کۆمەڵێک پێناسەی فرەچەشن و جیاواز بۆ ڕۆشنبیر له مەکتەب فیکرییەکان و ڕەوتە سیاسییەکان له ئارادایه که ئەم نووسراوەیە خۆی له شیکردنەوەیان دەپارێزێت، بەڵام باسی سەرەکیی ئەوەیه که ئەم ڕوانین و پێناسە جیاوازانه دەرخەری ئەو ڕاستییەن که ئەوە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا و دەستوپێوەندییە کۆمەڵایەتی/سیاسیی/ئابوورییەکانن که ڕۆشنبیر، ڕەوتی ڕۆشنبیری و دەوری کۆمەڵەی ڕۆشنبیران دەستنیشان دەکەن.

ئاشکرایه که پێناسه‌یه‌ک که تاڕاده‌یه‌ک له‌گه‌ڵ ڕە‌وتی ڕۆشنبیری له کوردستان‌هاوشێوەیه، چه‌مکی ڕووسی ئێنتێلجنسیا یا کۆمه‌ڵه‌ی ڕۆشنبیرانه، لەبەر ئەوە‌ی که دۆخی مێژوویی-سیاسیی کۆمه‌ڵگای کوردی به‌ستێنێکی له‌بار و شیاوی بۆ سه‌رهەڵێنانی پرسگری ئەنتۆلۆجیکاڵ و ئێپێستمۆلۆجیکاڵ نه‌ڕەخساندووە و تاکوو ئە‌م سەردەمه‌ش، ئەوە‌ی ده‌ڤەری مۆدێڕنیته‌ی کۆلۆنیاڵیستی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وە‌ی ئە‌م کۆمه‌ڵه‌ی ڕەخساندووە، سیاسە‌ت بووه. به‌گشتی ئاوڕدانه‌وەيیه‌کی مێژوویی ده‌یسه‌لمێنێت که «له کوردستاندا مەلاکان له ڕۆژگارێکی تایبەتدا بەشێوەیەکی گشتی هەم خوێندەوارن و هەم ڕۆشنبیرانی کۆمه‌ڵگای ئێمه بوون و ئەوانەبوون دەستنیشانی ئەوەیان کردوه هەقیقەت چییه و کامەیه. بەڵام ئێمه ئێستا له کۆمەڵگایەکی تەواو جیاوازدا دەژین و تێکەڵکردنی ئەم دوو گروهه یان شوبهاندنی ڕۆڵی یەکێکیان بە ئەویدیکەیان، یاخۆد وێناکردنی ڕۆڵی ڕۆشنبیران له ئێستادا لەسەر مۆدێلی ئەو ڕۆڵەی مەلاکان له قوناغه‌کانی پێشتردا بینیویانه، کارێکی ناڕاسته و لەڕووی مەنهەجی و فیکری و زانستییەوه هەڵەیە» (وریا قانع، ۲۰۰۰: ۴۶). هەربۆیه لێرەدا پێداچوونەوەیەکی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کوردی پێش‌مەرجی باسکردن له سەر پێناسە، دەور و کاریگەریی رۆشنبیریی کوردیه.

   یەکێ لە باسە گرینگە مێژووییەکان ئەوەیه که «مۆدێڕنیته‌ی کۆلۆنیاڵیستی» جیهانی ئیسلامی‌(لێرەدا مەبەست ئێمپراتووریاکانی عوسمانی و ئێرانه) بەرەوڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی کردەوە و دابڕانێکی سازاند. یەکێ له گرینگترین دواهاتەکانی ئەم رووبەڕووبوونەوە‌یه، پرسیار له سەر هۆکارەکانی دواکەوتوویی بوو که بەڕێوبردنی پڕۆژەیەکی چاکسازیی له‌ژێر ناوی «تەنزیمات»ی لێکەوتەوە. پێش لەم پڕۆژەیە، ئێمپراتووریای عوسمانی بەربڵاو، پەرتەوازە و میرنشین بوون که هەرکامەیان سەربەخۆییەکی ناوەکیی بۆخۆی دەستەبەر کردبوو و فرانەیەکی فەرهەنگیی پانتایی دەسەڵاتی ئێمپراتووریای ڕاگرتبوو، که بە وەرگرتنی «پرسی چڕکردنەوە» له فۆرمی‌بورۆکراسی و نیزامیدا، له ساڵەکانی ۱۸۳۰ تا ۱۸۷۰ سەرجەم میرنشینییەکانی ژێر دەسەڵاتیی سەرکوت کرد و لەناوی بردن. ئەم پڕۆژە سانتراڵیستیە خۆی وڵامێکی سیاسی به مۆدێڕنیتی و مۆدێڕنیزاسیۆنێکی جیهانی بوو و‌هاوشێوەی ئەم پڕۆژەیە له ئێرانی سەردەمی‌ناسره‌دین شا بەڕێوەچوو.«دەیەی زێڕینی کۆلۆنیاڵ» له سالەکانی ۱۸۹۶، له جیهانی ئیسلام، کۆتایی پێهات و له ساڵە‌کانی ۱۹۰۰-۱۹۰۸ سەردەمی‌دەستەیەک له شۆڕشە سیاسییەکانی ژێر ناوی «مەشرووتیەت» دەستی پێکرد و سێ ئایدیولۆژیا و ڕەوتی سیاسیی سەلەفیەت، لیبراڵیسم و ناسیۆناڵیزم سەریان هەڵێنا که هەرکام بۆ خۆی دەره‌نجامیی تایبەتی کۆلۆنیاڵیزم و دژکردەی تایبەت بەو بوون (بڕوانن. شووڵتسە،۱۳۸۹). به‌م پێیه، یەکەمین دابڕانی مێژوویی کوردستان له بواری فورمی‌دەسەڵاتی سیاسییدا داڕووخانی دەسەڵاتی میرنشینه کوردەکانی ئێمپراتوریای عوسمانی و سەفەوی بوو که وردە‌وردە هەلی بۆ ئەزموونێکی نوێی ژیان و دەسەڵاتی سیاسیی کۆمەڵگای کوردی ڕەخساند.

   پێش دابڕان و لە سەردەمی‌میرنشینیدا، هیچ چەشنه پڕۆژەیەکی ڕۆشنبیری بوونی نییه. واته سەرجەم ئەو ڕوانگه و بۆچوونانەی که بۆ نموونه ئەم ڕەوته بۆ سەردەمی‌نالی، مەحوی و سالم – که به مەکته‌بی نالی ناوزەدکراوە- دەگەڕێننەوە، ته‌نیا هەوڵێکی ڕۆمانتیک له ئاقاری «مۆدێڕنیزه‌کردنی مێژوو»[۱]ی لێدەکەوێتەوە. پێکهاتە‌ی کۆمەڵایەتیی میرنشینییەکان له چێوەی دەستوپێوەندییەکانی فێئۆداڵیزمدا، دەرفەتی سەرهەڵێنانی ڕۆشنبیریی نەڕەخساندووە. جیاواز له هەندێ مەلا و فەقی که له حۆجره‌ و مزگەوتەکان سەرقاڵی خوێندنێکی سۆنەتیی و ئایینی و پێبەستەی دەسەڵاتیی شێخ و ئاغاوەتەکان بوون، سەرجەم خەڵک وەک جووتیار له ژێر دەسەڵاتیی میرنشینییدا دەچەوسانەوە. هەڵبەت پاشماوەی ئەم دەستوپێوەندییانە له فورمێکی دیکه که دەخرێته بەرباس هەتاکوو ئەم سەردەمەی کۆمەڵگای کوردی، یەکێ له هۆکاره سەرەکیی و جیدییەکانی هەژاری ڕۆشنبیری کوردییە. که‌واته، دوای داڕووخان و هەرەسهێنانی دەسەڵاتیی میرنشینیەکانی وەک «بۆتان»، «ئەردەڵان»، «بابان»، «سۆران»، «حه‌کاری» و «بادینان»، له چێوە و ڕەوتی «ڕۆژنامه‌گەری» و «ئێمکانەکانی شاعێرانەیی» و له ژێر تیشکی گۆڕانکارییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی‌تەنزیماتی عۆسمانی، ڕۆشنبیری کوردی له‌دایک دەبێت. پێش داڕووخانی میرنشینی، ئەوەی وەک تێکست لەبەردەست بێت، دیوانی شاعێرەکانه که دوور لە سیاسەت و قەتیس‌مانی له بازنەی هەست و سۆز و فانتازیا تاکەکەسانەکانی شاعێره و خولیاکانی به قەد بەرتەسکی هزری ژیانی میرنشینی تەسک و تەریک بوون. ئە‌گەر له تێکستە شێعرییەکانی «مە‌کتەبی نالی» و شاعێرانی میرنشینی بۆتان وەک «مه‌لای جەزیری»، «عەلی حەریری» و «ئە‌حمەدی خانی»، ئیماژ و نیشانە‌گەلێک سەبارەت بە ڕەخنه له سیسته‌می‌دەسەڵات، کوردایەتی(!) و گرینگیدانێکی بەرهەستانه به کۆمەڵگای کوردی بوونیشی هەبێت، هیچ پێوەندییەکی به ڕەوتی رۆشنبیری کوردییەوە نییه، لەبەر ئەوەی‌که سووژه‌ی ڕۆشنبیر(ان) گرێدروای ئەو گۆڕانکارییە بنه‌ماییانەی کۆمەڵگای کوردییه که ئاماژه‌ی پێدرا. هەروەها، ڕۆشنبیری له هەناوی ئەزموونیی مۆدێڕنیتییەوە سەرهەڵدێنێت و تا پێش‌دابران، کۆمەڵگای کوردی خاوه‌ن هیچ جۆره ئەزموونێکی مۆدێڕنیتیی نەبووە و دوای ڕووخانی میرنشینییه که پریشکە‌کانی مۆدێڕنیزاسیۆنی کۆلۆنیاڵیستی هێدی هێدی کۆمەڵگای کوردی دەتەنێت و تووشی گۆڕانکاریی دەکات و له هە‌ناوی ئەم گۆڕانکارییانه‌دا، یه‌کەمین بەره و ڕەوتی رۆشنبیریی کورد دێته کایەوە.

   به‌کورتی دەکرێ ئاماژه بەوە بدرێت که دوابە‌دوای چاکسازییەکانی ئێمپراتووریا، ئەرتەش و سۆپایەکی مۆدێڕن و هەروە‌ها خوێندنگەیەک به‌ناو «مە‌کتەبی عۆسمانلی» سازدەکرێن که دەستەیەک له منداڵەکانی میر و سەرۆک عەشیرە کوردەکان له‌خۆ دەگرێت تا له‌ژێر سێبەری سیاسەتەکانی پاشای عۆسمانی فێری وڵاتپارێزی و پێملبوونی پاشا بن، به‌ڵام دواتر وە‌کوو نۆخبەیەکی سیاسیی-نیزامی‌بەرهەڵستیی سیاسەتەکانی ئێمپراتووریا دەبنه‌وە (حاجی‌ئاقایی، ؟). که‌سانی وەک حاجی قادری کۆیی (۱۸۹۷-۱۸۱۵)، پیرە‌مێرد (۱۹۵۰-۱۸۶۷)، منداڵه‌کانی بنه‌ماڵەی بەدرخان(کامەران مەدحەت، مێقداد مەدحەت و…)، عە‌بدۆڵلا جە‌ودەت، ئێحسان نووری‌پاشا و… که له فۆرمی‌شێعر، ڕۆژنامەگەری، کۆمه‌ڵە کوردییه‌کان و شۆڕشی سیاسی-نیزامیدا هەوڵ له پێناوی به‌ئاگاکردنەوە و گۆڕانکاریی کۆمەڵگای کوردی دەدەن. ئەزموونه شێعرییەکانی دوای دابڕان و داڕووخان لە خۆیدا (حاجی قادر، پیرە‌مێرد، قانع و…)، هەڵوێستێکی سیاسیی تایبەت بەو سەردەمە و ئایدیۆلۆژیا نوێباوەکانی بوو که له تێکستی شێعری، ناوەرۆک و تەنانەت حەزی تاقی کردنەوەی فۆرمی‌نوێش، نوێندرا و خۆی نەخشاند. ئەم ڕێبازه نوێیه لە چێوەی سیاسەتی شێعری و «ئەدەبیاتی کەمینە»[۲] خۆی نواند و هەوڵی ڕووناکبیرانەش بۆ چاکسازی و خولیا کۆمەڵایەتییەکان و «پانتایی‌سازاندنەوەی سیاسەتیی کەمینه»‌ی لێکەوتەوە که له شێعرەکانی مامۆستا قانێعدا گەیشتە لووتکە. قانێع، وەک ڕەخنە‌گرێکی کۆمه‌ڵایەتیی، شێعرە‌کانی دەکاته ئامرازی ڕه‌خنه له سیستێمی‌دەرەبەگایەتی و ستە‌مکارییەکانی، ڕەخنه له دواکەوتوویی کۆمەڵگای کوردی و دەستنیشانکردنی خوێندن و زانست وەک تاقه ڕێگەی پێشکەوتن و سەرکەوتن، پێداگری لەسەر مافی ژنان و ڕەعیەته‌کان و…، و دەبێته نوێنەری تایبەتیی ئەو ڕەوته ڕۆشنبیر- شاعێرەی کورد. له‌پێوەندی له‌گه‌ڵ ئەم باسەدا مەریوان وریا(۲۰۱۵: ۱۵۵) دەڵێت که: «بەم جۆرە ئەدەبیاتی ئێمه له حاجی قادری کۆییەوە، به‌تایبەتی له ساتەوەختی قانعەوە، دوو ئەرکی سەرەکیی دەکەوێته سەر شان، یەکەمیان ئەرکی دروستکردن و داهێنانی نەتەوەیه وەک خۆدێکی دەستەجه‌معیی مۆدێڕن. دووهەمیان ئەرکی دروستکردنی تاکەکەسێکه ئاماده بێت ئەو نەتەوەیه له‌ناو خۆی و له‌ناو دونیا و له‌ناو پەیوەندی و له‌ناو هۆشیاری و زمان و خەیاڵیدا دروست بکات و لەم پڕۆسەیەشدا تەماهی تەواو لەگەڵ ئەو دروستکراوە نوێیه‌دا بکات». هه‌ڵبەت پیویست به‌ئاماژه‌کردنه که هەرچەند ڕەوتی قانع و ئەوانی دیکه درێژکراوەی ڕەوتی حاجی قادرە بەڵام جیاوازی گەورە له نێوان ڕەوتی حاجی‌ قادر و قانێعدا هەیە، هه‌م له‌بەر ئەوەی که له سەردەمی‌جیاوازدا بانگهێشتی ڕۆشنبیرانه‌یان کردووە -حاجی قادر لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و تێکشکانی دەیەی زێڕینی کۆلۆنیاڵ و دەستەویەخەبوون لەگەڵ سێ ئایدیولۆژیای ئاماژە‌پێکراو و قانع له سەرەتاکانی سەدەی بیستەم و بەرەوڕووبوونەوە له‌گە‌ڵ ئایدیولۆژیاکانی سوسیالیزم، فاشیزم، لیبراڵیزم و ئێسلامیزم- و هەم ئەوەی که حاجی قادر به‌ئاشکرا ناسیۆناڵیست بوو و نەتەوەش لای ئەو هەمان خەیاڵی ناسیۆناڵ-بۆرژوای ئەمڕۆی کوردییه[۳]، به‌ڵام لای قانع نەتەوە فورمێکی نۆمادین له ئاقاری یەکسانی و دەنگ‌هەڵێنانی ژێردەستەکان بوو.[۴]

    ڕەوتی ڕۆژنامەگەریش[۵] هەروه‌ها، به‌ناوی «ڕۆژنامەی کوردستان»(۱۸۹۸-۱۹۰۲) دەسپێکی ڕۆشنبیری کوردی بوو که سەرجەم ژمارە دەرچوو‌ه‌کانی، جه‌خت له‌سەر دواکەوتوویی کۆمەڵگای کوردی، گرینگایه‌تی زانست و خوێندن و پێوە‌ندی له‌گه‌ڵ ئەورووپا، ڕەخنه له سیستمیی دەسەڵاتی عۆسمانی و هەوڵ بۆ ئاگادارکردنه‌وه‌ی خەڵکی کورد و… دەکات. واته ئە‌مان توێژێکی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگایە‌کی فێئۆداڵ بوون که سەرجەم ئاوات و خولیاکانیان، کۆمەڵگایەکی خوێندەوار و به‌ئاگا و دەرباز له دەسەڵاتیی کۆلۆنیاڵ و ئێمپراتووریا باڵادەستەکان و هەروەها دەسەڵاتداره کوردە فێئوداڵ و وردەبۆرژواکان بوو. هەر ئەم خولیا و ئاواته ڕۆشنبیرانه بوو که که‌سانی وەک شێخ مه‌حموود، توانای قەبووڵکردنیان نەبوو و فەرمانی کوشتنی جه‌میل سایب و جه‌ماڵ عێرفان (دوو ڕۆشنبیری سەردەمی‌دەسەڵاتداری شێخ مه‌حموود له سلێمانی) دەردەکات!

    له کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، ئێستامبۆڵ بوو به ناوەندی فەرهەنگی-ڕۆشنبیری له تورکیا که زۆرێک له رۆشنبیرانی ئەو سەردەمەی له دەور یەکتر کۆکردەوە و بووه هۆی سەرهەڵێنانی تاقمێک له ڕۆژنامه و کۆمه‌ڵە، هەرچەند که ڕۆژنامه‌ی کوردستان به‌هۆی سانسۆر له قاهێره دەرچوو. دیاره سەرمایە‌ی بنەماڵە‌ی بەدرخان دەورێکی تایبەتیی له ڕه‌خساندنیی هەلی دەرکردنی ڕۆژنامه بووه و نەبوونیی ئەو دەسەڵاته سیاسی-ئابوورییه‌ی زۆرێک له خاوه‌ن بیر و ئەندیشەکانی، بەرەو نووسینی شێعر و سیاسەتیی شێعریی‌هان داوە که پێشتر له‌ژێرناوی «ئێمکانەکانی شاعێرانه‌یی» ئاماژه‌ی پێکرا. دوو ڕەوتی سەرەکیی بەرباس، تا یەکەمین ساتە‌‌وەختەکانی سەرهەڵێنانی سیاسەتیی حێزبی کوردستان دەورێکی تایبەت و ناوازه‌یان گەڕاند، هەرچەن دواکەوتوویی کۆمەڵگای کوردی بەربەستی سەرەکیی بڕشت و مەودای کاریگەریه‌کانیان بوو. به‌ڵام، له دەیەی ۱۹۴۰ بەولاوه، ئەم بەرە ڕۆشنبیرییه تووشی هەرەس و داکەوتن‌هات. به گۆڕانکاریی فۆرمی‌سیاسەت له کوردستان له چێوەی سیاسەتیی حێزبی که خۆی بەرهەمی‌گۆڕانکارییەکانی جەنگی جیهانی و کاریگەرییەکانی شۆڕشی ڕووسیا و بێچمگرتنی وردەبۆرژوازی له کوردستان بوو، به‌رەیەک له ڕۆشنبیر سەری هەڵێنا که به جێگەی دژایەتیی له‌گەڵ دەسەڵاتیی ناوه‌ند و ستەمکاریی فێئۆداڵیزمیی کوردی،‌هاودەستی فێئۆداڵیزم و‌هاودەنگی دەسەڵاتی حێزب بوو[۶]. هەربۆیه، خۆی له ڕەخنه‌گرتن له ستەمکاریی چینه‌کانی کۆمەڵگای کوردی پاراست و سەرجەم هەوڵەکانی به‌رەو ئاقارێکی ناسیۆناڵ-بۆرژوا وەرچەرخاند. به‌دەربڕینێکی دیکه، سیستمی‌حەقیقەت لە کوردستان بووە سیستمێکی حیزبی و ئەوەی حەقیقەتی بەرهەم‌هێنا دەسەڵاتی حیزب بوو نه‌ک کۆمەڵگا. بەم پێیەش، ئەمڕۆکه کاری ڕۆشنبیران نه‌ک بەشداربوون له بەرهەمهێنانی حەقیقەت، بەڵکوو بەرهەم‌هێنانەوەی حەقیقەتە پێشتر بەرهەم‌هاتووەکانه. به‌گشتی، حێزب به پشتبەستن به فێئۆداڵیزم و چینی وردەبۆرژوای نۆخبه جێگەی میرنشینییەکانی گرته‌وە و پڕۆژه‌ی ڕۆشنبیریی کوردیی تووشی خەسار و لابردەیی کرد. ئەم خەساره ئێستاکەش خۆی له دۆش‌مان و نه‌زۆکی ڕۆشنبیریی کوردی دەنوێنێتەوە، که بە‌تایبەت له هەرێمی‌کوردستان زه‌ق و به‌رچاوتره. له‌م گۆشه‌نیگایەوەیه که ئاراس فەتاح (۲۰۰۰: ۷۴) دەڵێت: «دوو حاڵەتی سامناک ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردیی پاوانکردووه. یەکەمیان بریتییه له نەبوون یان غیابی ئیشکالییەتی فیکریی. دووهەمیشیان بریتییه له داگیرکردنی کایەی ڕۆشنبیریی له‌لایەن سیاسەت-حیزبەوە، یان به مانایەکی دیکه، سیاسیکردنی کایەی ڕۆشنبیریی و مۆنۆپۆلکردنی لەلایەن حیزبەوە، واته ستراتێژی پەلکێشکردنی هەموو گوتارەکان بۆ ناو گوتاری ململانێکانی حیزب».

   مارک لەیلا له کتێبی «ڕۆشنبیران و سیاسەت‌« دا(۱۳۹۴) به پێداچوونەوەی ژیانی تاکەکەسی کۆمەڵێک له ڕۆشنبیرانی مێژووی ئەورووپای سەدەی بیستەم، هەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی وڵامی‌ئەم پرسیارە دەدات: ڕۆشنبیران که دەبوایێ ویژدانی بێداری کۆمەڵگا له‌هەمبەر ستەمکاری و دڕەندەیی دەسەڵات بن، بۆ خەیانەتکاریان لێ دەرهات و فریوی سیستەمە فیکری و سیاسییەکانی سەردەمیان خوارد و تووشی خەسار‌هاتن؟. بە‌ڵام ئەم پێشەکییه بە ڕوانینێکی مێژوویی هەوڵێکه بۆ ڕەخنەکاری له پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی که ڕۆشنبیران و پڕۆژەی ڕۆشنبیریی تووشی لابردەیی کردووە. به‌م پێیه، شیکاریی دۆخی ئێستاکه‌ی ڕۆشنبیریی کوردی، پیویستی به به‌سەرداکردنەوەی سەرجەم ئەو مێژوو، به‌ستێن و پێکهاتە کۆمه‌ڵایەتییەکانی کۆمە‌ڵگای کوردییه تا وڵامێک بۆ نه‌زۆکی و شڵه‌ژانی ڕه‌وتی ڕۆشنبیریی کوردیی دەستەبەر بکرێت. «بونبەستی واقیعی سیاسی ئێمه، بونبەستێکی مێژووییه، دەرچوونیش لەو کولتوورەی ئەو مێژووه خولقاندوێتی، سەرەتای دەرچوونه لەم قەیرانەی ئەمڕۆ. ڕەخنه له مۆراڵی سیاسی ئەمڕۆ، سەرەتای کردنەوەی دەرگایەکی بچوکه بۆ بیرکردنەوە له شێوەیەکی‌تری ڕێکخستنی سیاسی و کۆمەڵایەتی (عە‌لی، ۲۰۰۰: ۳۰). هەربۆیه، پێداچوونە‌وەی مێژوویی له‌سەر ڕەوتی ڕۆشنبیریی کوردیی، پێداویستییەکی حاشاهەڵنه‌گر و به‌ڵگه‌نەوسیتی نووسینی مێژووی ئێستاکەی ڕۆشنبیرییه. خوێندنەوەی مێژوو دەستنیشانی دەکات که له مەودای داڕووخان و سەرهەڵێنانی ئاماژه‌پێکراودا، تاقمێک ڕۆشنبیر، پڕۆژەیەکی تایبەت و هەروەها ئەندیشەیەکی کۆمە‌ڵایەتیی ناوازه‌هاتە کایەوە که فورمی‌نوێی سیاسەت له کوردستان بەرەو داخستنی و دۆشمانی برد و هەنووکەش به‌شداری نەزۆکی و خەسارمەندبوونیەتی.

۱- دەبێ ئاماژه بکرێت بەوەی که لێرەدا مەبەست ئەو ڕوانینه‌ی مەریوان وریا قانع نییه که ڕۆشنبیری کوردی به‌سەر چوار بەرەدا دابەش دەکات و بەرەیەک که تێکەڵی دەسەڵاتی حیزب بووە وەک بەرەی دووهەمیی ڕۆشنبیری کوردی ناوزەد بکرێت. دیارە ئەم نووسینه کێشەی تایبەتی لەگەڵ پۆلێنبەندی، دابەشکارییەکان، تایبەتمەندییەکان و جیاوازییەکانی بەرەکانی ڕۆشنبیری وریا قانعدا هەیە به‌ڵام لە تاقەتی ئەم پێشەکییەدا نییە (بڕوانن. کتێبی «بەختەوەری و بێدەنگی»(۲۰۰۳) یا وەرزنامه‌ی «کتێبی کوردستان»، ژمارەی دووهەم، ساڵی۱۳۸۳)

سەرچاوەکان

  • عەلی، وریا قانع و فەتاح(۲۰۰۰) ڕۆشنبیر، کۆمەڵگا، دێمۆکراسیەت، ناوەندی ڕەهەند، چاپخانه‌ی ڕەنج
  • شولتسه، راینهارد(۱۳۸۹) تاریخ جهان اسلام در قرن بیستم، ترجمه ابراهیم توفیق، نشر پژوهشکده مطالعات فرهنگی و اجتماعی
  • وریا قانع، مەریوان(۲۰۱۵) دڵڕەقیی و بێماڵیی، ناوەندی ڕۆشنبیری و هۆنەری ئەندیشە، سلێمانی
  • حاجی ئاقایی، ئازاد(؟) ڕابردووە‌هاودژەکان (خوێندنەوەیەکی دیسکورسیڤ له ناسیۆناڵیزمی‌کوردی)، چاپخانه‌ی جەماڵ عێرفان

مارک لیلا(۱۳۹۴) روشنفکران و سیاست، ترجمه محسن قائم‌مقامی، نشر ماهی

  1. دەستەواژه‌یه‌کی گێئۆرگ لۆکاچ له کتێبی «رمان تاریخی»
  2. دەستە‌واژه‌ی دلۆز و گاتاری بۆ شیکردنەوە و ڕوانینی تایبەتی خۆیان له‌سەر کافکا (بڕوانن. کافکا: به سوی ادبیات اقلیت)
  3. بروانن. دیوانی حاجی قادری کۆیی، ئەمیندارێتی گشتیی ڕۆشنبیری و لاوان، بەغداد، لاپەڕەکانی ۸۸، ۱۷۹، ۲۳۰، ۲۶۰ و… .
  4. ئێدعایەکی‌هاودژ له‌گه‌ڵ نووسراوەی بەردەست، شێوه‌ی ڕوانینی بەختیار عەلی بۆ قانعه. بڕوانن. «قانع و سەرەتاکانی سەرهەڵدانی مۆراڵی ناسیۆناڵیستی»، سەردەمی‌رەخنه، ژماره۲، ساڵی ۲۰۰۵

. بۆ خوێندنەوەیەکی تیروتەسەلی ڕۆڵی گوتاری ڕۆژنامەگەری کوردی، بڕوانن. کتێبی «ڕابردووه‌هاودژەکان»، ئازاد حاجی ئاقایی[۵]

*جه‌هانگیر مە‌حموودی، خوێندکاری ماستەری کۆمەڵناسی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

هفده − چهارده =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..