دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / لەوێ مەمرە… /ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

لەوێ مەمرە… /ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

photo_2016-06-16_22-49-03

به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی کۆچی شالیاری شێعری کوردی

لەوێ مەمرە

نە “با”ی ئەوێ تۆ ئەناسێ و

نە مەلێکی و

نە ئاوی ئەوێش ئەزانێ

تۆ لە کام بەفری شاخانی!

لەوێ مەمرە جانی جانان!

     ژیانی جەستەیی شاعیر لە سەدەی ئێمەدا گرینگی نییە؛ نووسینی شێعری سەردەمە کە گرینگی هەیە. بڕێ کەس لەم سەدەیەدا دەمێننەوە و هەنێ کەس لەم سەدەیەش دوا دەکەون و بڕێ کەسێش دەڕۆنە ناو سەدەکانی داهاتوو، ئەوە روانینی بەراهەنییە بۆ مەرگی شاملوو؛ نەمانی شێرکۆ بێکەس ئەگەرچی خەسارێکی گەورە بوو کە لە ئەدەب و کەلتووری ئەم گەلە درا، بەڵام دەقی شێعرەکانی شێرکۆ دەچنە خانەی ئەو دەقانەی وا بۆ سەدەکانی داهاتووش هەرمان دەمێننەوە و بەردەوام دەخوێندرێنەوە. شاعیرێک کە لە سەر پشتی شاعیرانی پێش خۆی هەستا و ڕوانینێکی نوێ و کەلتوورێکی تری شێعر نووسینی بۆ ئەدەبی گەلەکەی هێنا؛ کاریگەری شێرکۆ بێکەس تایبەت بە دەیەیەک یان سەدەیەک نابێ‌ و هەر وەک چۆن بۆخۆی دەڵێ ڕێگای شێعری من لە کوردستانەوە دەست پێدەکا، ڕێگای هەر شاعیرێکی گەنجیش لە شێعرەکانی شێرکۆوە دەست پێ دەکا، زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بێژم لە سەتا نەوەدی پەپوولە شاعیرەکانی دوای شیرکۆ کاریگەرییان لێ وەرگرتووە و لە دەرەبەندی ئەوەوە‌هاتوونەتە دەرێ. مەزن پیاوێک کە بەردەوام خەریکی داهێنانی ئەدەبی بووە و  هەر وەک چۆن بۆ خۆی لە دیمانەیەکدا دەڵێ : “تا لە ژیاندابم، کەم تا زۆر، برووسکە شێعرێ بێ، یان دلۆپە وشەیەک، یان زنەیەک، لە ئافراندن دا هەر ئەمێنی بۆ ئەوەی بیاننوسم…” ئاخر نووسین بۆتە چارەنووسی شێرکۆ و تا دوایین کاتەکانی تەمەنی گۆرانی بۆ ژن و چۆلەکە و سرووشت و پەڵەهەور و ئازادی کوت. شالیارێک کە خواوەندگاری خۆی لە وشەدا بە ئەدیبان و خوێنەرانی سەلماند و بەردەوام لە هەولی تازەگەری دابوو، ئەوە لە واتای درووشمی‌روانگەدا “وتەی نوێ، بیری نوێ، کردارێ نوێ ” و هەروەها پێشەکی زۆربەی دیوانە شێعرییەکانیدا دەبینین؛ کەڵکەڵەی نوێ بوونەوە و پێشنیاری تازە، زیندوو کردنەوەی حەقایەتەکان و دەستەواژەکان، خونکارێکی بەخشەندەی وشە و ڕاوچییەکی بە زەبری وێنە…

     دیارە مەبەستی من تاوتوێ کردنی شێعرەکانی شێرکۆ نییە، بەڵکوو زەق کردنەوەی کارەساتێکە کە لە ناکاو بەرۆکی ئەدەبی کوردی گرت و ئەژنۆی پێ شل کرد. لە دەست دانی کەسایەتییەکی وەک شێرکۆ بێکەس شتێک نییە کە بەو زووانە قەرەبوو بکرێتەوە، ڕەنگە دەیان ساڵ و بگرە سەدان ساڵی پێ بچێ تا دەگمەن پیاوێکی وا هەڵکەوێ و هەژانێکی تر و ڕێبازێکی نوێ بۆ ئەدەبی گەلەکەی ساز کاتەوە. شاعیرێک کە لە سرووشت و ژن و ئازادی و شاخ دەدوا، شاعیرێک کە بگێڕەوەی کارەساتی مەرگ بوو، نەخشێنەری چارەنووسی گەڵێكی سەرگەردان بوو.

     هەمیشە ئاشوویتس بۆ من کارەساتیکی دڵتەزێن بوو بەڵام هەلەبجە نا، بۆ من هەموو کۆمەڵکووژییەکان خەفەت هێنەر بوون بەڵام ئەنفال نا. ئاخر شاعیرانی جیهان وایان واقعی کارەسات و کۆمەڵکوژییەکان ئافراندبۆوە کە ئیتر ئێمە هەستمان بە مەزن کارەساتیک لە ناو دڵی خۆماندا نەدەکرد و زۆڕە زۆڕ بۆ مرۆڤەکانی ئەو سەری دونیا دەگریاین، ئەوە تا ئەو رۆژە بوو کە من دەربەندی پەپوولەم خوێندوە، ئیتر لەو رۆژەوە خەمی‌ئاشوویتس و کۆمەڵکووژییەکانی جیهان لە چاو خەمە قووڵەکەی خۆمان باڵای گەڵێک کورتتر بوو، کەسایەتییەک کە دڵۆپ دلۆپ باران نا، خوێنی دەنووسییەوە و نمەنمەش چاوانی نا، ئازاری گەلێکی دەنووسییەوە.

     ئەگەر بمهەوێ بە کورتی بڵێم من چیم لە شێعری شێرکۆ و ئەزموونەکانی هەڵکراند و دەسکەوتی ئەو بۆ من چی بوو، دەبێ بڵێم شێرکۆ فێری هەڵوێست گرتنی کردم نە هەڵوێستێکی ڕووت وقووت، بەڵکوو هەڵوێستێک کە لە هونەردا ئاوێتە بووە، هەڵوێستێکی دەنگ هەڵبڕ کە دەکرێ لە قۆناغێکی تری نوێخوازی بە شێوەیەکیتر خویا بێتەوە و سەر هەڵداتەوە، فێری کردم کەس تابۆ نییە و دەکرێ زمانێکی جیاواز لە زمانی من بئافرێنی وەک چۆن خۆی دەڵێ: “دەمانویست زمانێکی تەعبیریی تازەتر و جیاواز لە زمان و فەرهەنگی گۆران لە شێعری تازەدا بخولقێنین” شێرکۆ پێشنیاری وەک ڕۆمانە شێعر و چیرۆکە شێعر و پەخشانە شیعر و… هێنایە گۆڕێ کە پێمان بڵێ هیچ بەربەستێک لە نووسین دان نییە بە تایبەت لە فۆڕم دا هەر وەک چۆن لە بەیاننامەکەشیان دا ئاماژەی پێ دەکەن، گرینگی شێرکۆ بۆ من لەوانە و زۆر شتی کەش دایە بەڵام لە گەڵ هەمووی ئەوانەش دا کۆچی شێرکۆ بۆ من خەمێکی نامۆیە بۆ منێک کە نە رۆژێک لە رۆژان چاوم بە چاوی کەوتووە و نە جارێک لە جاران وێنەیەکی یادگاریم لە گەل کێشاوە و نە قەتیش بۆ یادی سیغارێکم داگیرساندووە، بەڵام هەمیشە لە گەڵ شێعرەکانی ژیاوم و  ناوی لە سەر زمانی من و‌هاوڕێکانم بووە و لە کۆر و کۆبوونەوەکان باسمان لێ کردووە، ئاخر خۆ نابێ باس لە شێعری نوێ بکەین  و شێعرەکانی شێرکۆ وەلا نێین خۆ ناکرێ باس لە ڕەوتە ئەدەبییەکان بکەین و بە سەر “روانگە”دا قەلەمباز دەین، شێرکۆ جگە لەوەی زمان و ئەدەب و کەلتوورێکی نوێی شێعر نووسینی فێری ئێمە کرد بوێریشی فێر کردین، بوێرییەک کە هەر دەم مەترسی لە گەڵە؛ مەترسی فتوا و  تەکفیر کردنمان، ئاخر ئەگەر شاعیر فرچکی لە شێعری خونکاری وشە گرت خەیانەتە کە ڕێبازی بوێریەکەی بەردا. ئێستا ئەو کاتەیە بۆ یادت دەبێ کڵاو لە سەر لابەین و دەستە و نەزەر بێدەنگی بنوێنین و لە کۆتاییشدا ئاخێک هەڵکێشین و بڵین جخار و سەد جخار بۆ لە دەست دانی حەقایەت خوانی گەلەکەمان.

ئەنوەر عەرەب / بۆکان

3 دیدگاه

  1. هەر بژی زۆر جوان و وردبینانەت لێ روانیوە. بەڵام بڕوا ناکەم بەشێکی زۆری ئەدیبانی کورد – وەک دیتوومن – بڕوایان بە بوونی شێرکۆی مەزن کردبێ، چ جای کۆچی ئەو لووتکەیە. داهاتوو ئاوڕێکی پڕلەحەسرەتی لە کۆڵ ناوە و من دەیبینم…

  2. بە ڕاسی ئەگەر لە ژیانمدا,شیعرەکان شێرکۆم لێ بسێنن,هیچم بۆ نامێنێت و ئەبم بە بنیامە کە نە ئەزانە خۆشەویستی چیە,نە سەربەستی و نە…
    بنیامە پووووچ

  3. بە لای منەوە گەورەترین هەڵکەوت بۆ زمانی کوردی زەمەنی بوونی شێرکۆ بوو… زمانی کوردی لە پێویست ترین کاتدا شێرکۆی بە خۆوە بینی، ئەوە لەو دەگمەن شانسانە بوو کە کورد بە خۆیەوە دیبێتی. زەمەنی باڵای شێعری شێرکۆ باشترین کات بوو بۆ نوواندنی توانا و برشتی زمانی کوردی… زمانێک کە ئێستاشی لەگەڵ بێ کەسمان بوواری ئەوەمان نەبووە بە وانە و ئاکادێمیک بیخوێنین و یەکەم زمانی گڕوگاڵ و خۆشەویستی و گۆرانی و شینمان و دووهەم زمانی نووسینمان بووە. قەڵەمی بێکەس لای من چنارێکی باڵابەرزە کە لە دارستانی کەلتووری جیهاندا بە سەربەرزی ئەشەکێتەوە … سپاس بۆ وتارەکەی کاک ئەنوەر

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

1 × 2 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس