چهارشنبه , ۲ آبان ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / لە چەشنی بۆرخێس/وتووێژ لە گەڵ نووسەر و وەرگێڕ،عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی/ کاوان محه‌مه‌دپوور

لە چەشنی بۆرخێس/وتووێژ لە گەڵ نووسەر و وەرگێڕ،عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی/ کاوان محه‌مه‌دپوور

 

کاوان محەمەدپوور: یەکه‌م ڕا کە ناوم بیست، دەگەرێتەوە ساڵی ١٣٨٩، لەسەر وەرگێڕانی کتێبێک بەناوی (تربیع خون. چهار اثر و یک گفتوگو از شیرزاد حسن. ترجمە: عبداللە کیخسروی)، لە ڕاستیدا ئەوەی سرنجمی، زیاتر لە نووسراوەکانی شێرزاد حەسەن ڕاکێشا، پێشەکییەک بوو کە وەرگێڕ بۆ کتێبەکە نووسی بووی. لەم پێشەکییە پەرژا بوو سەر جیاوازی نێوان چیرۆکی کوردی کورستانی ئێران و عێراق. پێشەکییەک کە لە ساڵانی دواتر لە گۆڤاری هەنگاو( پاشکۆی حەوتەنامەی سیروان) جارێکی تر بڵاوبۆوە. پاش ئەو هەموو ساڵە ئێستاش ئەگەر کەسێک پرسیارکات، باشترین دەق بۆ بەراوردی ئەم دوو فەزایە چییە؟ دەڵێم ئەو پێشەکییەی عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی. بۆیەش زیاتر بەدوو نووسراوەکانی کەوتم. لەوکات بە هەر کەسم دەوت: “عەبدوڵا کەیخووسرەوی دەناسی؟”، وتی: “ئەوەی (مصیبت کرد بودن)ی نووسیوە؟”، دەم وت: “بەڵێ بەڵێ! دەیناسیی؟ لە کوێیە؟”. دەیگووت: “نازانم، کەس نایبینێت”. ئەوە بوو کە بە شوێنی کەوتم، تا دۆزیمەوە. یەکم ڕا وتی: “من تاقەتی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانم نەماوە، وێڵم کە”. منیش هەر زوو تێگەیشم مەبەستی چییە، چوون لە ڕاستی دا خۆشم بە چەشنێک هەر وا بووم و هەر واهەم!. بە هەر جۆر بێت رازیم کرد دانیشتنێکمان هەبێ. دانیشتنێک کە یەک ساڵی خایاند تا ئەم دەقە دیمانەی لێدەرهات. کاتێک قسەم لەگەڵ دەکرد زۆر جار رێکۆردێرەکەم دەکوژاندەوە و خۆم دەهاویشتە باڵی ناسکی خیاڵ و دەتگووت لەگەڵ پیاوێک لە چەشنی بۆرخێس دانیشتووم- هەڵبەت لە سیحری گێڕانەوەدا-، لێیدەگەڕام بە سیحری وشە و گێڕانەوە بمباتە ئەو جێگەیەی شەهرزاد( لە هەزار و یەک شەو)دا، پاشای دەبرد. سەد بریا ئەو کات وەک رۆژنامەوان دیدارم نەکردبایە تا ترس و دڵەڕاوکەی لە دەست دەرچوونی دیمانەکەم نەبایە و لە جادوی ئەم نووسەرەدا هەر گێژم خوارد بایە و گێژم خوارد بایە!.. هەر بۆیەش، دانیشتن و دیمانەیەکی زۆر دۆستانەمان پێک هێنا. ئەم وتووێژەی رووبەروتانە، کوڕت کراوەی دوو دانیشتن لەگەڵ عەبدوڵا کەیخووسرەوی‌یە بە مەودای یەک ساڵ. عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی نووسەر و وەرگێڕ، ساڵی ١٣٢٧ لە سەقز لە دایک دەبێت. زیاتر لە پانتای زمانی فارسی دا کاری کردوە –هۆیەکانی لە ناو دیمانەکەدا‌هاتوە- و زۆربەی نووسراوەکانی دەگەرێنەوە سەر چیرۆک. بەناوبگترین نووسراوەی کتێبی (مصیبت کرد بودن)ە کە وێدەچێ لە ساڵی ١٣٨٠ دەستی بە نووسینی کرد بێت، کتێبێک کە لە ژیانی خۆی ڕا سەفەرێکی مێژووی بۆ مێشک و هەڵسووکەوتەکان و ئامانجەکانی کورد دەکات، ئەوەی کە (پیچ هرزهای) مێژووی کورد چۆن ئەو کوردە بەستەزمانەی تووشی قەیران و کارەسات دەکردەوە. « وێدەچێ مێژووی ئێمە، مێژووی درەنگ‌هات بێت. مێژووی ئێمە پێویستی بە تائەویل و هێرمنۆتیک نییە، مێژووی ئێمە، مێژووی دواخستن و پاتە بوونەوەیە».(ل:۴۴، مصیبت کرد بودن).
کەیخوسرەوی تا هێستا ئەم بەرهەمانەی بڵاوکردونەوە: ( مصیبت کرد بودن، سه قصیده در باب انجماد (وەرگێڕانی سێ قەسیدەی ڕەفیق سابیر بە فارسی)، تربیع خون (وەرگێڕانی چوار بەرهەمی‌شێرزاد حەسه‌ن بە فارسی)، وەرگێڕانی چەندین شێعر لە ئەنوەر مەسیفی، دلاوەر قەرەداخی، فەرهاد پیرباڵ، محەمەد عومەر عوسمان، عەبدۆل ڕەحمان کاکل،‌هاشم سراج، دلاوەر قەرەداخی و چاپکردنی زیاتر لە ۶۰وتار لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێران و هەرێمی‌کوردستان.). هەر وەها سێ ڕۆمانی ئامادەی چاپ هەیە بە ناوی : (ماجراهای فامیلی و ضمیر مخدوش من)، (بی وزنی)، و ڕۆمانی نیوەنووسراوی: (دوازدە سلول بنیادین). لە کۆتایی دا پێویستە دەست خۆشی لە کاک بێهروز ڕەحیمی‌و کاک ئیبراهیم شەوقی بکەم، بەڕاستی یارمەتی ئەو دوو ئازیزە نەبایە ئەم دیمانە و فایلە لە سەر کاک عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی پێکنەدەهات، هیوادارم هەر بەردەوام و سەرسەوز بن.

*چۆنه که هێستا عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی که‌‎متر ده‎بینین، که‎متر ئه‎نووسێت؟ و که‎متر وه‎ده‎ر ئه‎که‎وێت؟
به‎ڕاستی ئه‎وانه هه‎م خه‎تای خۆمه که ته‎مه‎ڵم و هێزم که‎م بۆته‎وه‎، وه هه‎م خه‎تای خه‎ڵکه. وه‌ها ‎هه‎ست ده‎که‎م که‎سانێک هه‎ن که نایان هه‎وێت که‎سێک هه‎ڵکه‎وێت که دیالۆگ سازکات. من وه‎بێرم دێت کۆمه‎ڵه شیعرێکی فه‎رهاد پیرباڵم وه‎ڕگێرا سه‎ر فارسی، فه‎رهاد پیرباڵ چووە تاران له‎گه‎ڵ ده‎زگای چاپه‎مه‎نی (ویستار) ئاشنا بوو. به‎ڵام نه فه‎رهاد پیرباڵ وه نه ده‎زگای چاپه‎مه‎نی ویستار له یه‎ک وشه‎ش‎دا باسی منیان وه‎ک یه‎که‎مین که‎س که ئه‎م کۆمه‎ڵه شێعره‎م وه‎رگێڕاوە، نه‎کرد. ئه‎مه هه‎ر نموونەیەکه!، که ئه‎و بێ‌حورمه‎تییه ده‎بینم نائومێد ده‎بم. بۆ کێ بنووسم؟. لە لایەکیشەوە ئەگەر نەتوانی قسەی دڵت کەی دەرکەوتن وەک هیچە!، هەر لەبەر ئەوە هەوڵ نادەم خۆم لە قەرەی گرفتەکان بدەمەوە. من هەر ئێستاش کاری بڵاونەکراوەم زۆرە. وەک رۆمان و یەک نمایشنامە…

*ئەگەر بگەرینەوە زۆر دوواتر، عەبدوڵڵا کەیخوسرەوی چۆن‌هاتە ناو ئەدەبیات، بەتایبەت ئەدەبیاتی گێڕانەوەیی. بە پێی بیرەوەریەکانت دۆستایەتییەکی زۆرتان لەگەڵ نووسەرانی فارس وەکوو (ڕەزا بەراهەنی) هەبوو….
…پێش ئاشنایەتیم لەگەڵ بەراهەنی، زۆرم دەخوێندەوە و جارجاریش دەمنووسی و دواتر لەگەڵ بەراهەنی ئاشنابووم، ئەمجار بە جیدی دەستم کرد بە نووسین، لەمانەش گرینگتر زۆر پێشتر لەگەڵ محەمەد فەرهەنگیان (ئاستیم) کە مرۆڤێکی عارف مەسلەک بوو، لە چەشنی حلاج و شەمسی تەبرێزی بوومە‌هاورێ کە جەوهەری فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کۆن و‌هاوچەرخی ئێران بوو، بەراهەنی مامۆستام بوو، زیاتر لە دوو ساڵ من‌هاتووچۆیی کلاسەکانی بەراهەنیم دەکرد…

*ئەم ئاشناییە چۆن پێک‌هات؟
من بەر لەوە، هۆگری ئەدەبیات بووم. رۆژیک لە ناو گۆڤاری (پایا) دیتم نووسراوە کلاسەکانی بەراهەنی دەست پێکران. ئەو کات بە تەنیا لە تاران ئەژیام. خاتوو (فەرخوندە حاجی زادە) بەرنامەریزی کارەکانی بەراهەنی بوو، منیش پێوەندیم پێوە گرت. رێک ئەو کاتە بوو کە دایکی بەراهەنی ون ببوو، دایکی ئالزایمێری هەبوو. بیرەوەریەکی تایبەیە!…من چوومە بەر دەرکی ماڵی بەراهەنی و لە دەرگەم دا، هەر کە دەرگەی کردەوە وتی: من دایکم ون کردوە!!، منیش وتم: منیش دایکم ون کردوە، دایکم جاران لە (نادری) بوو. هەر زوو بەراهەنی تێگەیی هۆگریەکی زۆرم بە ئەدەبیاتەوە هەیە. ماوەیەک تا دایکی دۆزیەوە کلاسەکانی دوا کەوتن، لەوە بەدوا پێوەندیمان زیاتر بوو.

*کلاسەکان چۆن بەرێوە دەچوون؟
لە کلاسەکانی ئەو بەشێوازی پسپۆرانە و کارامەیی خەریکی ئەدەبیات بووین. لە حەوتەدا دوو دانیشتنمان هەبوو کە رۆژێکیان لەسەر تیۆرییە ئەدەبییەکان بوو، رۆژێکیشیان بۆ بەشی ئیجرا و عەمەلی نووسینی ئەدەبی بوو. واتە رۆژانی چوارشەممە دەبوایە ئەو شتانەی رۆژانی تر لە تیۆرییە ئەدەبییەکان فێر ببووین ئیجرامان بکردایە، مەبەستم وەک چیرۆکە. من ئەو کات بە خاتری شەرمێونی زۆر خۆمم سانسۆر دەکرد، بەراهەنی لەو سانسۆرە حاڵی ببوو. بۆیە زۆر‌هانی ئەدام سانسۆری دەرونم بشکێنم، ئەو هەمیشە جەختی لەسەر ئیجرای ئەدەبی بوو، نە ئیدعا!…

*کلاسەکان تەنیا چیرۆک بوون؟
هەم چیرۆک هەم شێعر…بەراهەنی دەیگووت تۆ شتێکت پێیە بۆ دەری ناخەی!؟، منیش لە دڵی خۆم دا دەمگووت: تارانی شتێکی‌ترە و کورد کێشەی هەیە و شەرمم لە دەرخستنی بیرۆکەکانی خۆم ئەکرد. تا چیرۆکێکم نووسی بە ناوی (چی فکر می‌کردیم، چی شد) کە بەراهەنی زۆری پێخۆش بوو. ئەو رۆژە خوێندکارەکان دەیان گووت ل ەپاش چیرۆکی عەبدووڵا روومان نییە چیرۆک بخوێنینەوە، ئەوە رۆژی شکستی ئەم شەرم و سانسۆرەی دەروونم بوو.

*هەر بەشداری لە کلاسەکانی بەراهەنی هۆی ئاشنایی لەگەڵ جەماعەتی نووسەرانی فارس بوو؟
بەڵێ، یەکی لە تایبەتمەندییەکانی کلاسەکانی بەراهەنی ئەوە بوو هەر حەوتەیەک یەکێ لە گەورەکانی ئەدەبی تارانی بانگهێشت دەکرد، بۆ نموونە مەنووچێهر بەدیعی گشت وەرگێڕانی (یوولیسیس) –اولیس-ی جەیمز جۆیسی لە ١٥ رۆژدا هەر لەو کلاسانە دا بۆمان خوێندەوە، یان کەسانی وەک یەدووڵا رۆیایی ئەو کات کە دەهاتەوە ئێران یان هووشەنگ گوڵشیری بانگهێشت دەکرد

*پێوەندیتان لەگەڵ گوڵشیری هەبوو؟
ئەو کات گوڵشیری خۆی کلاسی بەرێوەدەبرد. لە راستی دا وەک کلاسەکانی بەراهەنی نەبوو. ئەوان تێۆرییە نوێیەکانی ئەدەبییان نە ئەخوێند. خۆی گوڵشیری مامۆستایەکی لێهاتووی ئەدەبی فارسی بوو بەڵام ئەو کات ئاگاداریەکی وەهای بەسەر تێۆریە ئەدەبییەکان‌دا نەبوو. هەر یەکێ لە کارەکانی شاکار بوو ئەویش (شازدە ئیحتجاب)ە، داستانی (آینەهای دردار) هەر ٧٠ لاپەڕەی بەکەڵک دێت….

*یانی ئەو بەشەی کە زیاتر گەمەی زەمەنی تێدایە؟
بەڵێ، ڕێک…، جا مەبەستم ئەوەیە بەراهەنی ئەو نووسەرانەی بۆ کلاسەکان دەهێنا…

*با بگەرێینەوە کوردستان و ئێستاکەی خۆمان. وێدەچێ هەڵسووکەوتی کۆمه‎ڵگا زیاتر ئێوەی تاراندبێت.
به ڕاستی له دۆخێکی خه‎راپ دایین… من ئه‎و کات که کتێبی (مصیبت کورد بودن)م نووسی زۆرترین تیراژی له تاریخی نووسینی کورد داهه‌بوو. به‎ڵام هێستا ئه‎و وه‎رگێڕانه‎ی له ره‎فیق سابیر کردوومە به‎شێکی زۆری هه‎‎ر ماوه‎ته‎وه و خوێنه‎ر بۆ لای ناچێ!. به داخه‎وه کۆمه‎ڵگای ئێمه تاوتاون. ده‎بینی کاتێک پێش دێت به ‎هه‎مووان بۆ شتێک ده‎چن که ئه‎وه‎نده‎ش به‎نرخ نییە، کاتێکیش دێت به‎رامبه‎ر به چه‎مکێکی به‎نرخ هێچ هه‎ڵوێستێک ناگرن.

*بە ڕای ئێوە هۆی ئه‎و ناکارای کۆمه‎ڵگا بۆ چی دەگەرێتەوە؟
له ڕاستی دا کۆمه‎ڵگای ئێمه هێستا کێشه ده‎روونییه‎کانی خۆی نه‎توانیوه چاره سه‎ر بکات. هه‎ر بۆیه جاری هه‎وه‎ڵ وا بیرده‎کاته‌وه تۆ وه‎کوو نووسه‎ر، وه‎ک پزشکێک چاره‎ی بۆ ئه‎که‎ی. هه‎لی دووهه‎م لێت سارد ده‎بێته‎وه. نه ئه‎وه‎ی کە خه‎تای تۆ بێت، به‎ڵکوو خه‎تای خۆیه‎تی که له بنه‎ره‎ت دا هه‎ڵگری بیستنی به مانا قوول و بیرمه‎ندانه‎ی نییه…

*مامۆستا هه‎ر ئه‎م کێشه، بێنینه ئاستی ڕۆشنبیران و نووسه‎ران. نووسه‎رانێک که له خانه‎ی ڕۆمان و چیرۆکی کوردی جێ ده‎گرن. ئایا نووسه‎رانی کوردی هه‎ر تووشی ئه‎م کێشه‎یه هه‎ن؟
به‎داخه‎وه… هه‎موومان ده‎گرێته‎وه…!!!

*به ڕوانگه‎ی میلان کۆندرا ئه‎ده‎بیات چاره‎سه‎ری زۆریه‎ک له‎م کێشانه ‎ده‎کات. ئه‎ڵبه‎ت کۆمه‎ڵگایه‎ک که ڕۆمان تێیدا ده‎خووڵقێت. ئایا هه‎ست ده‎که‎ن که ڕۆمان و چیرۆکی کوردی به شێوازی و ئیستالی ئه‎ده‎بی مۆدێرن خۆی له ناو نووسه‎رانی کورد دا جێ کردۆته‎وه و ئێمه ده‎توانین یه‎ک فۆرمی‌بۆ دارێژین؟ یان شێوە گێڕانەوەیەکی تایبەتی لەسەر پێناسەکەین؟
ئه‎ڵبه‎ته من له‎گه‎ڵ ئه‎وه نیم که ئه‎ده‎بیات له کاتاگۆریه‌کی تایبه‎ت دا جێ ده‎گرێت. ئه‎ده‎بی جیاوازمان هه‎یه، نه ‎یه‎ک ئه‎ده‎بیات. …

* مه‎به‎ستم ڕه‎وته، ئایا ڕه‎وتێک پێک‌هاتووه له چیرۆکی کوردی؟
خه‎ریک بوو پێک بێت… له‎ هه‎رێمی‌کوردستان شێوازێک له گووزه‎رانی خۆش پاشەکشه‎ی دا پێیان. هێستا تۆ شاعیرێکی زۆر به‎ناو بانگ نابینی له ناو کورده‎کانی ئەو دیو!. ئه‎مه‎ش ده‎گه‎رێته سه‎ر ئه‎وه‎ی که وا بیر ده‎که‎نه‎وە به سه‎ره‎نجام و پوختێکی ته‎واو له ئه‎ده‎بیات گه‎یشتوون. سه‎ره‎نجام بۆ ئه‎ده‎بیات واته مه‎رگه!. ئه‎ده‎بیات پرۆژه‎یه‎کی ناتواوه، به‎و مانایه‎یی تۆ ده‎بێت به‎رده‎وام شتێکی نوێ بڵێت بۆ ئه‎وه‎ی که بمێنێته‎وه. به‎ڵام له ناو کورد دا به پێچه‎وانه‎یە. خه‎‎ونی گه‎یشتن به که‎ماڵ و پووختی لە نووسیندا کۆتایی تەفەکورە!

*ئه‌ی له ناو نووسه‎رانی کوردی ئێران ئه‎م کێشە چۆن ئەبینن؟
له دوا ڕاپه‎رێنی شۆرشی ئیسلامی‌ده‎ستەیەک نووسه‎ر زۆر جوان و به‎هێز‌هاتنه به‎رەوه، به‎ڵام هه‎ر زوو پاشه کشه‎یان کرد. وا هه‎ست ده‎که‎م شێوازێک له ئاسایش و خۆشی‌هاتۆته ناویان، که هیچ کێشه‎یه‎کی ده‎روونییان نه‎ماوه که بینووسنه‎وه. من بیرمه ساڵانێکی زوو من و دوکتۆر (ره‎زا به‎راهه‎نی) له‎گه‎ڵ جه‎ماعه‎تێک له نووسه‎رانی فارسی ئه‎و ده‎م، ده‎چووین بۆ ڕوونوێنی له کتێبی یه‎کێک له‌هاورێیانمان، له کۆڵانێک تێپه‎ڕ ده‎بووین که ماڵه‎کانیان زۆر خۆش و جوان کرابۆوه. من وتم ئه‎گه‎ر هه‎ر کام له ئێوه خاوه‎نی یه‎کێک له‎م ماڵانه‎ بایه، قه‎د دێرێک شیعرتان نەدەنووسی!!، هه‎موو گەڕانەوەو وتیان« به‎راستی وایه»!!. ئه‎م شتانه‎ی که ده‎ڵێم ناکرێت تیۆرێزه‎ی که‎یه‎وه یان بیکه‎ینه گریمانه‎یه‎ک بۆ ڕه‎خنه‎ی ئه‎ده‎بی، ده‎بێت ژیان بکرێت. له جیهانی ئه‎ده‎بیات، نه‎داری و فه‎قیری، داستایۆفسکی دروست ده‎کات و له‎کن ئێمه‎ی کورد زه‎ره‎یه‎ک دارایی، مه‎رگ و نه‎مان….

*گووشارێک که له ڕووسیه‎ی ئیستالینی وە‎دی‌هات نووسه‎رانی گه‎وره‎ی پێک هێنا. به‎ڵام له ناو ئێمەی کورد که سه‎دام و ئه‎نفاڵمان دیوە، نووسه‎رێکی وه‎هامان له ئاستی جیهانی دا نه‎بوو. هۆی ئه‎مه له چی دا ده‎بینن؟
ئێمه له کۆتایی مێژوودا‌هاتین!… ئێمه هه‎ر له‎و کاته‎ی مێژوو کۆتایی پێهات تازه‌هاتینه ناو کایه‎ی فه‎رهه‎نگی، بە وتەی دکتۆر ئەحمەد فەردید (ذیل تاریخ غرب صدر تاریخ ماست). ده‎رفه‎تی خۆنیشان دانمان نه‎بوو. له کۆتای مێژوودا، ئه‎ده‎بێک وه‎کوو مینی‎ماڵ دروست ده‎بێت، ئەدەبی مینی ماڵ لە ئاکامی‌تەمڵی و ماندووبوونی خوێنەرە بەهۆی رفاە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی.

*واتە جیهانێکی ئێپیزۆدی..
ڕێک…. به‎ڵام ئێمه به‎ئه‎مه‎ش نه‎گه‎یشتین. به‎ر له‎وه‎ی بگه‎ینه مانایه‎کی ده‎رونی و قووڵ خۆمان خۆمانمان له‎ناو برد. ئه‎مه‎ش هۆی ئه‎مه بوو خێڵی رۆشنبیر به ده‎رکی ده‎روونی نه‎گه‎یشتن. زوو تێر بوون.!!. هه‎ر زوو په‎له‎یان کرد بۆ ئاسایش وخۆش گوزه‎رانی تاکه‎که‎سی، نه‎یان توانی ئه‎م ڕێگه‎یه درێژه ده‎ن. به‎ڵام له رووسیه وه‎ها نه‎بوو ئه‎گه‎ر نووسه‎رانی و‎کوو بۆڵگاکۆف له ناو ئه‎چێ له‎م لاوه یه‎کێک وه‎کوو میخایل باختین سه‎رهه‎ڵده‎دات. لە لایەکی ترەوە ئه‎وه‎نه ئه‌ده‌بیات ده‎چێته ناخیانه‎وه که تا مه‎رگ ئه‎چن، زۆر جاریش ناچارن کۆچ بکه‎ن… ئه‎م کۆچه زۆر گرینگه بۆ سازدانی ده‎ره‎تانێک که تێیدا ئافراندن که‎یی…

* له‎ نووسینی چیرۆکی کوردیش (کۆچ ) گرینێگ بووه. یەکەمین چیرۆک‌گه‎لی کوردی هه‎ر ئه‎و نووسه‌رانه‌ی کۆچیان کردبوو هێنایانە کایە. عه‎ره‎بی شه‎مۆ یه‎کێک له کورده‎کانی ئه‎رمه‎نێستان بوو که یه‎کەمین ڕۆمانی کوردی نووسی…
به‎ڵێ ئه‎م کۆچه ده‎بێته هۆی پێکهێنانی فه‎زا و ده‎ره‎تانێک بۆ خۆنواندن و خوڵقاندن.

*هێستاکە فه‎زا‎ بەراوردی بە ساڵانی پێشوو بۆ‎ نووسین به‎کوردی باشتر بۆته‎وه… زۆر که‎سمان هەیە کوردی ئه‎نووسن و ئه‎خوێنه‎وه. هه‎رچه‎ن هێشتاش هه‎ر که‎مه و به‎و رادەیه که ده‎بێت نه‎گیشتووه به‎ڵام باشتر بۆته‎وه. هه‎ست ده‎که‎ن لەو فەزایەدا چیرۆکی کوردی په‎ره‎ی گرتووه؟
ئێمه سه‎رده‎مێکمان هه‎بوو له ئێران که تا دەیه‎ی حه‎فتا له‌خۆ ده‎گرێت، ئه‎ویش کارتێکرانی رۆشنبیرانی رۆژئاوا بوو… ئه‎وه‎ی که نووسه‎رانی ئێمه‎ش وه‎ک وان بیرکه‎نه‎وه و فه‎زایه‎ک وەک وێناکانی ئه‎وان بنووسنه‎وه…

*هەڵبەت هێستاش ئه‎م شێوازه ماوه. ئێمه هیستاش له ناو نووسه‎رانی کورد ده‎بینین شتێک باس ده‎که‎ن که هیچ پێوه‎ندیه‎کی به فه‎زای و به‎ستێنی کوردی نییه، ئه‌مه کێشەیەکە کە زۆر لە رۆشنبیران به قه‎یرانی ده‎زانن. بۆ نموونه ئه‎گه‎ر بمانهەوێت له ڕوانگه‎ی کۆمه‎ڵناسیی ئه‎ده‎بییه‎وه تۆڵۆستۆی بخوێنینەوە ده‎توانین هەر لە ڕۆمانەکانی دا فەهمی‌مێژووی رووسیه یان کۆمەڵناسیی ئەو سەردەمانەی رووسیە کەین. ئایا چیرۆکی کوردی هه‎ڵگری ئه‎م جۆرە ڕوانینە هەیە؟
نا…ئه‎مه‎ش هۆی هه‎یه. ئه‎وه‎له‎ن ئێمه تازه ده‎ستمان به نووسین و چیرۆک نووسین کردوه ، دووهه‎م درێژ دادڕی نووسه‎ری کورد، بۆته هۆی کێشه‎ی زۆر گەورە!. به ڕای من یه‎کێک له گه‎وره‎ترین کێشه‎کانی کورد درێژ دادڕی به‎را‎مبه‎ر به نووسینه. به‎شێک له نووسه‎رانی ئێمه به‎و درێژ دادڕییه به ده‎رنجامی‌چیرۆک ده‎گه‎ن و چیرۆکه‎که‎یان کۆتایی پێ دێنن. ئه‎مه بۆ چیرۆک و ڕۆمانی مۆدێڕنیستی نابێت. له ڕۆمانی مۆدێڕنیستی دا کۆتایی نییه. ده‎بێت چیرۆک له کۆتایی دا «ته‎علیقی» به‎سه‎ر بێت. کۆتایی پێهێنان (پایان بەندی) لە ئەدەبی مۆدێڕندا بەدەستی خوێنەرە نەک نووسەر.

*هه‎ست ناکه‎ن ئه‎م (کۆتایی پێهێنانه)، ده‎گه‎رێته‌وه سه‎ر شێوەی ئه‎ده‎بی زاره‎کی ئێمه، یا خود ئه‎وه‎ی که ئێمه به‎و مانا مۆدێڕنه هێستا شار یان زۆریەک لە مەرجەکانی مۆدێڕن بوونمان ئه‎زموون نه‎کردوه؟، بۆیه ئه‎ده‎بیاتی ئێمه هه‎ر به‎ شێوه‎ی ساکار ماوه‎ته‎وه…
به‎ڵێ.. ئێمه هێستاش له چیرۆکی دێو و په‎ری داین… ئێمه هێستا شارمان به‎مانای واقعی خۆی، ئه‎زموون نه‎کردوه… من شتێکم نووسیوه که له‎وێدا ده‎ڵێم «ئۆرهان پامووک» ئه‎گه‎ر نووسه‎رێکی گه‎وره‎یه به‎م هۆیه نییه که پامووک شارێکی گه‎وره وه‎کوو ئیستامبۆڵ گه‎وره‎ی ده‎کاته‎وه، به‎ڵکوو پامووک شارێک گه‎وره ده‎کاته‎وه، ئیستامبۆڵی پامووک شاریکی ئورووپاییه. من ئه‎ڵێم نووسه‎ره‎کان ئه‎توانن له شاردا، شار گه‎وره که‎نه‎وه…

*وه‎کوو پاریس که نووسه‎ره‎کانی گه‎وره‎یان کردۆته‎وه...
به‎ڵێ.. پاریس نووسه‎ره‎کانی ناساندیان. هێستاش له پاریس شه‎قام و هۆڵ و پارکه‎کان به نووسه‎رانی ده‎ناسرێن. شار ئه‎و کات شاره که هه‎ڵسووکه‎تی شاری تێدابێت. هێستا ئێمه له ناو کورددا ئه‎و “مه‎ده‎نییه‎ته” که ده‎بێت له شاردا پێک بێت نیمانه. بۆ نموونه سلێمانی شارێکی گه‎وره‎یه، به هه‎موو ئه‎و ‎شتانە‎ی شاری گه‎وره هه‎یه‎تی، دووکان و بازاری گه‎شاوه، هۆڵ و شه‎قامی‌گه‎وره… به‎ڵام به مانای مۆدێرن شار نییه… یه‎ک گوندی پان و به‎رینه. شایه‎د کافه‎کان زیندووی که‎نه‎وه… به‎رای من یه‎کێک له گه‎وره‎ترین به‎شه‎کانی یه‎ک شار کافه‎کانییه‎تی که ده‎بێتە هۆی کافه نشینی و له پاشان وتووێژ و به‎رهه‎م هێنانی مه‎ده‎نییه‎ت. ئێمه له سه‎رده‎می‌په‎هله‎وی دا له تاران قاوه‎خانه‎یه‎ک مان هه‎بوو به ناوی «گوڵ مه‎مه‎د». له‎و سه‎رده‎مه‎دا زۆر گه‎وره و خۆش وه‎کوو هێستا نه‎بوو… سه‎رجه‎م سێ کورسی له‎قوو ڵۆقو و شکاوی تێدابوو. به‎ڵام چ که‎سانێک ئه‎چوون؟!.. شه‎میم به‎هار، خانمی‌پارسی پوور، محه‌مه‌د ئاستیم، بیژه‎ن ئیڵاهی، ره‌زا به‌‌راهه‌نی. ته‎واوی ئه‎مانه مشتەر‎ی قاوه‎خانه‎ی گوڵ مه‎مه‎د بوون. ئه‌م قاوه‌خانه وه‎کوو زانکۆیه‎ک وابوو، له سینه‎ما تا ده‎گاته شانۆ و ئه‎ده‎بیاتی تێدا قسه‎ده‎کرا. له‎و ده‎مه‎دا بوو که کافه‎نشینی و ئه‎ده‎بیاتێک که له کافه به‎رهه‎م ده‎هات هه‎بوو، له ڵایه‎کی‌ترەوەش ئه‎ده‎بیاتی ڕه‎سمی‌هه‎بوو. ئه‎ده‎بیاتی ڕه‎سمی‌به هیچ کوێ ناگات. خۆی له خۆدا خه‎فه ده‎بێت. کۆتایی پێدێت. له‎و سه‎رده‎مه‌دا کێبه‎رکێ و رووبه‎روو بوونه‎وه هه‌بوو له ناو دوو مه‎حفلی ئه‎ده‎بی‌دا.

*ئه‎م فه‎زایه‎ی تاران و هه‎ڵسووکه‎ت له‎گه‎ڵ نووسه‎رانی به‎ناوبانگی فارس وه‎کوو ره‎زا به‎راهه‎نی و هووشه‎نگ گۆڵشیری و…. بوو، به‎م هۆیه ئێوه به فارسی بنووسن. برێک له‎سه‎ر ئه‎م فه‎زایه قسه ‎بکه‎ین.
هه‎ر وه‎ک وتت من زیاتر له فه‎زای فارسی‎دا بووم. من پێش ئه‎وه‎ی بێمه‎وه بۆکان نه‎م ده‎زانی کوردی بخوێنمه‎وه. ئه‎وه‎ی ڕاستی بێت من ئه‎و ده‎مه هه‎رچی هه‎ڵسووکەو‎تم هەبوو له‎گه‎ڵ نووسه‎ری فارس بوو. من تا راده‎یەک شاعیرانه ئه‎نووسم. ئه‎م فارسییه له‎گه‎ڵ من ده‎روونی بووە. من سی چل ساڵ له تاران بووم. ئه‎و کات که‌هاتمه‌وه، له بۆکان دانیشتم له‎گه‎ڵ دۆستانێکی کوردی زان و کوردی نووس تێکه‎ڵ بووم. له راستی دا زۆر جار هه‎ستێکی ناخۆش پێم ده‎ست ده‎دا که بۆچی دەبێ بە کوردی نەنووسم…

*… ئه‎ڵبه‎ت ئێوه زۆر وه‎رگێڕانی به‎هێزوو هه‎یه که پێموابێ به‎شێکی زۆر له‎و کوردی نه‎نووسینه‌تان قه‎ره‎بوو کردتۆته‎وه. گۆته‌‌ی ئاڵمانی ده‎ڵێت: وه‎رگێڕان وه‎کوو مامه‎ڵه‎یه‌کی ئه‎ده‎بی وایه که ده‎بێتە هۆی ناساندن و په‎ره‎پێدانی جیهانی ئه‎ده‎بی، به دڵخۆشیه‎وه ئێوه له‎و مامه‎ڵه جیهانییه سه‎رکه‎توو بوون…
هیوا دارم وا بێت (پێکه‎نین)…

*داستایۆفسکی له شوێنێک دا ده‎ڵێت: ئێمه نووسه‎رانی رووسی هه‎موو له ژێر (عه‎بای) نیکۆڵای گۆگۆڵ‌هاتینه‎ده‎رێ. هه‎ر ئه‎م ڕسته‎یه محه‎مه‎دی سپانلوو شاعیر فارس به سادق هیدایه‎ت و نووسه‎ری فارسی ده‎شوبهێنێت… دیاره کتێبه‎که‎ی هیدایه‎ت کاریگه‎ری زۆری له‎سه‎ر نووسینی نووسه‎رانی ئێرانی چ فارس و چ غه‎یری فارس هه‎بووه. ئایا ئێمه‎ی کوردی ئێران توانیومان له‎م فه‎زای سادق هیدایه‎ت بێنه‎ده‎رێ؟ فه‎زایه‎کی زۆر جار ته‎م گرتوو و خه‎فه‎ت بار
حه‎ولێ زۆر دراوه… با بیره‎وه‎ریه‎ک بگێرمه‌وه سه‎باره‎ت به‎م پرسیاره‎ت. رۆژێک له‎گه‎ڵ دوکتۆر ئیسماعیل خۆیی دانیشتبووین پیم وت: ئێوه نووسه‎رانی فارس ئه‎و گشته باسی ئه‎ده‎بی کلاسیکی خۆتان ده‎که‎ن، ده‎ڵین حافز و مه‎وله‎وی و سه‎عدی ئه‎و هه‎مووه گه‎وره‎ بوون، ئه‎ی بۆ هێستا هیچ نووسه‎رێکی وه‎ها به‎رز له فارسی دا هه‎ڵناکه‎وێت؟. وتی: پێویستی به هه‎زار ساڵه تا چه‎شنێکی ئه‎ده‎بی تایبه‎ت و به‎رز دیسان پێک بێت!!…

*…ئه‎گه‎ر وا بێت ئێمه‎ی کورد زۆرمان ماوه چوون هه‎مووی نابێته سه‎د ساڵ که چیرۆک و ڕۆمان ئه‎نووسین…
بەڵێ، که‎متر له سه‎د ساڵه قەڵەممان بەدەستەوە گرتووە!!. هه‎ر وه‎کوو وتم ئێمه ساواین… رۆڵان بارت ده‎ڵێت: مێژووی هه‎ر نه‎ته‎وێک، مێژووی نووسینی ئه‎و نه‎ته‎وه‎یه. له کوردستانی ئێران دوا کۆماری مه‎هاباد برێک نووسین، جیدی گیرا. ده‎نا پێش کۆمار هه‎ر به‎شیوه‎یه‎کی ساکار بوو… ئه‎گه‎ر باسی ئه‎ده‎بی کلاسیکمان وه‎کوو نالی و خانی و مه‎وله‎وی یان ئه‎وانی تر که‎ین، ئه‎مان جیاوازن. ئه‎مانه له سه‎رده‎میک دا بوون که هەر خودی نووسین جیدی نه‎ده‎گیرا!!. لە ڕاستی دا ئه‎وان به‎ر هه‎ڵستی چه‎شنێک له ژیان ده‎بوونەوە…

*هێستاکەی ئەدەبیاتی کوردی بەلاتانوە چۆنە؟ ئەم کێشانەی هەر هەیە؟ یان باشتر بووە؟
*نە بەداخەوە!….پێموابی کورد ئەو کاتەی بە قەناعەت بگات بەیەک جاری دادەمرکێ! سرووشتی کورد هەر وایە، تەنانەت لە سیاسەتیش دا کاتێک بە دەرئەنجامێک دەگەن لە جێگەی ئەوەی ئەو دەسکەوتە پەرەپێبدەن، خامۆشی ئەکەن!. (پیچ هرزهای سیاسی) لە کتیبی (مووسیبەتی کوردبودن) (مصیبت کرد بودن). پێشتر باسم کردووە.

* لە ئەدەبیاتیش ئەو کێشە هەیە، چ دەرەتانێک بۆم ئەم دۆخە پێشنیار دەکەن؟ چ لە چیرۆک دا چ لە شێعردا؟. زیاتر وەکوو ئەزموونی خۆتان لە ئەدەبیات مەبەستمە، بۆ نموونە بە بەراوردی ساڵانی پێشوو جەماعەتێکی زۆرمان شاعیر و شێعری کوردی هەیە، بەڵام زۆر جار لەگەڵ شێعرێک بەرورووین کە نە چێژی هەیە، نە ئەدەبییەتی هەیە، نە ناوەرۆک و زمانەکەی ئەوەنە سەقام گیرە، بە ڕای ئێوە چۆن خۆمان دەبێت دەربازکەین لەم چەشنە ئەدەبیایە؟
من پێموابێ ئەگەر تەعەهوودێک بۆ نووسەری کورد هەیە ئەوە تەعەهوودە بە خودی ئەدەبیات. ئەگەر ئەدەبیات جدی بگیرێ بێ‌گومان ئەدەبییەت بەرهەم دێت. لەپەنای ئەمشدا فێربوونی زمانی بیانی (خارجی) یارمەتیدەرە بۆ بەرهەم هێنان و ئافراندنی ئەدەبی. تەنیا بەرهەم هێنانی زۆر ئاستی ئەدەبی ناباتە سەر.

*کەواتە ئێوە بەو بەرهەمە زۆرینە نمرەیەکی باشی پێنادەن؟
-نەخێر… کەیفییەتی ئەدەبی زۆر لە ئاستێکی نزم دایە…

*ئەمە هەر دووک لایەنەکانی چیرۆک و شێعر دەگرێتەوە؟
-بەڵێ، تۆ فکر کەوە جیا لە شێرزاد حەسەن ئەویش تەنیا لە (حەسار و سەگەکانی باوکم)دا، کێی تر هەیە ئەوەنە ئەزموونێکی بەهێزی هەبێت؟…من لە خەڵاتی ئیبراهیم یوونسی، لە بانە داوەری بەشی ڕۆمان بووم، بەڵام باوەر کەن تەنیا یەک کار بوو، کە بۆ ئەوە دەبوو خەڵات بکرێت، منیش تەنیا ئیمتیازم هەر بەو دا…ئەویش ڕۆمانی (باڵندەی بریندار، ماسی سەرسام) لە نووسینی فەرۆخ نێعمەت پوورە کە ئەگەر پێم بکرێ وەریدەگێڕمەوە سەر زمانی فارسی، بەراستی ڕۆمانێکی باش بوو، ئەوانەی تر بەشێکی زۆری بێ تێۆری و زانستی رۆمان بوو….بە قەولی بەراهەنی ئیجرای ئەدەبی گرینگە کە بەداخەوە لای ئێمە زۆر لاوازە.

سەرچاوە: حەوتەنامەی سیروان، ژمارەی ۹۵۵، شەممە(۲۲/۷/۹۶)

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

چهارده + نه =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..