چهارشنبه , ۳۰ آبان ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / من برینێک ئیزەدییم کراوەتر لە هەرچی میهرەبانییە / ئاکام که‌وسه‌ری

من برینێک ئیزەدییم کراوەتر لە هەرچی میهرەبانییە / ئاکام که‌وسه‌ری

 

 

photo_2016-06-20_01-52-53

 

“من برینێک ئیزەدییم کراوەتر لە هەرچی میهرەبانییە

 دڵنیاتر لە هەناسەی داهاتوو…

بێزار لە هەرچی یاساتانم”

 

 مرۆڤ هەڵەیەک بە حاشییەکانی زەماندا

داخراو

لە نازەماندا خولقێنراو ….

لێگەڕێ تا مرۆڤ بوون ،

ئەولاتری قوربانین دەزانی؟

 

بهێڵن لە شەقامی‌ئەنجنی خۆمدا

 بسەکنێم و

چیتر زۆڕنای ئاگرین لێنەدەم،

ئەم ڕێگایە پڕە لە چین و

چیناوچین تا چەنێ؟ 

 

چەنێ شەومان شەوارەیە و

لە شەقامدا  ماتەڵتر لە هەورەکان ،

 رێبوارین ….

 

ڕێبوار بە هەر بارێکا بیپێوی ماسیتر تەنیایە

 

تەنیایی بیرم دەخاتەوە

لە هەرێمێکدا دەژیم

بە ئاگر گوڵەکان،

بە زنجیر ڕاوی مامزان دەکرێت

زەریاکان بزەی خنکاو شەوپۆل ئەدەن

 

قوربانی بە هەر بارێکا بقەومێ کارەساتە …

مێژووی شەهوەتین لە دووڕییانی مێینەدا

شەکەتتر حۆرییە

 

تکایە نامرۆڤەکانی وڵاتی درووشم ….

بە خۆتان و لمووزی ڕەشتانەوە

داگەڕێن و  چیدی ئەسرینی بڵقاوی مەڕێژن

 

تکایە دەسەڵاتی شەقکراو …

چیتر مانیفیست و یاسای ناسکمان مەهۆننەوە

ئەوەتا لە سەر خەنجەر ناومان دەڕژێت

لە قەفەسی کڵۆمکراوی ئاگردا دەمارەکان دەتوێنەوە

 

ئێوەن وڵاتی لم و عوجاج

ئێوەن بیابان و تراویلکە

ئەمیستا من خۆم و جەستەی ئاگراوی خۆم

خۆم و مێژووی خۆڕاگریم

خۆم و هەناسەکانی کزە “با”ی مێینەم

خۆم و برینێک پڕ لە تەنیایی …

 

برینێک پڕ لە خودی خۆم

برینێک قووڵتر لە مانگی سەر زەریا

برینێک پڕ بە باڵای ۱۲٤هەزار پەیامی‌سێبەر ….بێ بەر… دووپاتە

برینێک سوورتر لە خیانەتی مرۆڤ … ڕەشتر  لە جینایەتی بوون ….

گەر بینووسینەوە درێژتر تا شەڕی تەنیایی

 

بوەسسسسسسستن….

 

چیتر بەرگەی ئازار سەختە…

 

هۆۆۆ خەڵکی گەمژە

بۆینباخەکانتان فریودەری منداڵەکانی سبەینێن

سەرلەنوێ

مانیفیستان بنووسنەوە

خەریتەی رۆحم داماڵن لە‌هاوسنووری دڕندەکان

 

لە زمهەریری دەستە ساردەکانتان لە باتی خۆشەویستی  خەڵفەکانی ڕق باڵادەکا

 

هاوڕێ تر لە تەرزە

 بە تۆ دا دەبارێم

               ئومێد

 

شین تر لەم ڕۆژانەم حەیرانت دەژەنم

                      ئاگر

 

وێڵم لە ئەگریجەی بادا

ئەو کاتەی 

شپرزتر لە خەونی کەنارییەک

                  گڕ دەژیم

 

کراوەتر لە ڕێژنەی باران

لە پێدەشتی کوژراوی مێژوودا تینووم

 

مرۆڤایەتی بە کاتی کارەسات

 

 

ئاکام کەوسەری ۱۳۹۵/٠۳/۲۵

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

پانزده + شانزده =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..