باباغام پێشمەرگە نەبوو، بەڵام هەموو سەرکردە سیاسییەکانی دەناسی و تەنانەت لە گەڵ یەکدوویەکیان مشتومڕێکی خەستی کردبوو!
باباغام عەینەک پێنسییەکەی لە چاو دەکرد و کاتێک سەری لە شتێک سووڕ دەما، عەینەکەکەی دەهێنا سەر لووتی و برۆی لێ هەڵدەتەکاند و گلێنەی چاوی دەبردە سەرێ و پاشان دەیکوت: «هممم!!!»
باباغام رووناکبیر بوو.
ئەو ڕەخنەی لە کاری هەموو حیزبە سیاسییەکان دەگرت و وتاری توندوتیژی بەرامبەریان دەنووسی. باباغام دمیڕانەدەوەستا زۆر جار بە تووڕەییەوە دەهاتەوە ماڵێ و جنێوی بە دار و دیوار دەدا. ئەو کاتی نەهار خواردن دایمە ڕادۆکەی لە پەنای خۆیەوە دادەنا و پێچەکەی بۆ شل دەکردەوە و گوێی لە ئاهەنگێک ڕادەگرت کە بەو شێوەیه دەستی پێدەکرد: دەن دەن دەن دەندەرەن دەدەن دەدەن…، پاشان کابرایەک بەدەنگێکی شێرانەوە دەینەڕاند ئێرە دەنگی… و ئەوجار هەواڵەکانی دەخوێندەوە و ناوی چەند کەسی وەک جاش و خۆفرۆش دەهێنا و بەیاننامەیەکی تەسەلیشی پێوە زیاد دەکرد. دوای تەواو بوونی هەواڵەکان باباغا پێچی ڕادۆکەی تووند دەکردەوە و لە بەر خۆیەوە دوو سێ جنێوی دەدا و هەڵدەستا دەچوویەوە دیوە پڕ کتێبەکەی.
لە بیرمە جارێکیان کاغزێکیان دا دەستم کە تێیدا داوایان لە باباغام کردبوو بۆ میتینگێکی سیاسی کە لە یەکێک لە مەدرەسەکان بەڕێوە دەچوو بەشداری بکات و بیروڕای خۆی دەرببڕێ. باباغا دوای خوێندنەوەی دەعوەتنامەکە خش دڕاندی و بە تیزە بزەیەکەوە کوتی: «هەهـ من؟ جا من چۆن بۆ جێگای وا دەچم!»
باباغام قەت سەر بە هیچ حیزبێک نەبوو، هەموو جارێک بە تایبەت ئێوارانە کۆتوشاڵوارە سپییە دەق نەشکاوەکەی لەبەر دەکرد و شەڵوار بەندەکەی بە سەر شانیدا دەدا و ماوەیەک بۆ گۆرەوی مانتیگۆڵەکەی دەگەڕا و پاشان کە نەیدەدیتەوە کەوشە وێڕنییەکانی له پێ دەکرد و بەرەو شەقام وەدەر دەکەوت. باباغام زۆر قەڵەو و بەخۆوە بوو، لە کاتی رۆیشتندا هەموو قورسایی لەشی دادەبەزاندە سەر پاشووی و دەستی بە پشت قوونیەوە دەگرت و سمێڵی لێ با دەدا و لووتی بەرز دەکردەوە و بە هێواشی پیاسەی دەکرد.
باباغام چەند دۆستێکیشی هەبوو کە بەردەوام سەردانیان دەکرد. ئەوان لە ژوورە پڕ کتێبەکەی باباغامدا لە سەر سەندەڵییە حەسیرییەکان پاڵیان دەداوە و باسی ڕووداوەکانی ئەو ڕۆژانەیان دەکرد و سیگاریان بە با دەدا. زۆر جار بە تووڕەییەوە دەنگیان لێک بەرز دەکردەوە قاوەقاوێکیان ساز دەکرد ئەو سەری ناپەیدا، تەنانەت یەک دوویەکیان بێ ئەوەی خوداحافیزیش بکەن شەق درگایان پێوەدەدا و لێیان دەدا دەڕۆیشتن. زۆر جاریش بە گێڕانەوەی قسەیەک لە کەسێک ئەوەندە پێدەکەنین تا چەند ڕۆژیتریش کە بە تەلەیفوون قسەیان دەکرد هەر بە بچووکترین ئاماژە دەیاندا لە قاقای پێکەنین و شین و ڕەش دەبوونەوە.
باباغام پیاوێکی ئازا بوو، لە بیرمە جارێکیان چووە پشت تریبوونی یەکێک لەو حیزبانە و یەکبەخۆی دای لە قاقای پێکەنین و کەس نەیوێرا هیچ بڵێ!. زۆر جاریش شتێکی دەنووسی و دەچوو لە خیابان خەڵکی لە دەوری خۆی کۆ دەکرد و بە دەنگێکی بەرز بۆی دەخوێندنەوە، ئاخر باباغام پیاوێکی ئاوانگارد بوو.
باوکم دەیگێڕاوە کە لە دایە خانمیبیستبوو باباغام هەر لە منداڵییەوه سەربزێو و بزۆز بووە. «قەتی هەدا نەدەدا، لە جەوانیشدا هەر خەریکی خوێندنەوەی کتێبە سەیر و سەمەرەکان بوو کە پێیان دەکوت کتێبی بەرگسپی. دایمەی خوداش کەڵکەڵەی کۆبوونەوەی لە دەوری ڕفێقە تایبەتەکانیدا بوو. زۆر جار شەش حەوتێکی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە وەک ئەم دواییانە باسەکەیان یا بە شەڕ کۆتایی پێدەهات یا بە قاقا کێشان و تریق و هۆڕ.»
باباغام پیپێکی هەمیشە بە لالێوەوە بوو وەلێ قەت نەیدەکوت ئەوەش بەشێکە لە ژیانی رۆشنبیری، بەڵام من زۆر خۆشم لە تووتنی کاپیتان بلاک دەهات.
پێموابێت باباغام دوابین بوو، چوونکا جارێکیان کە لەگەڵهاوڕێکانی لە دیوەکەی دانیشتبوون و من خەریک بوو مەززەم بۆ دەبردنه ژوورێ، لە ناو چەق و دووکەڵەکەدا کە چاو چاوی نەدەدیهاواری کرد و کوتی: «هەمووتان شایەت بن جەماعەت ئەوە رۆژەکەیە کە دەبینن دەنکێک لەو حیزبانە بە ساغی نامێننەوە و هەر یەکەی دەبن بە هەزار لەت و کەس نازانێت چیان بە سەر دێت و تەفروتوونا دەبن.» من باباغام زۆر خۆش دەوێ، ئەو لە پیاوێکی زۆر تێگەییشتوو دەچوو کاتێک عەینەک پێنسییەکەی لە چاو دەکرد و کڵاوە لەگەنییەکەی لە سەر دەکرد، ئیدی بۆ ئەوە نەدەبوو وەک پیاوێکی ئاسایی چاوی لێکەی، بە تایبەت ئەو دەمەی لە گەڵ میوانەکانی مشت و مڕی دەکرد لە گەڵ پەسەندکردنی قسەی ئەوان دەیکوت: «بەڵێ ڕاستە بەڵام…» یان دەیکوت: «قسەکەتان فەرمایشتە بەڵام…» خولاسە لە هەموو باسەکاندا بەڵامێکی پێوه دەلکاند، هەر ئەوەش دەبووە هۆی ئەوەی بە زۆرەملی قسەی خۆی لە نێوهاوڕێکانیدا بەرێتە سەرێ و ئەوەش هەستێکی خۆشی لە باباغادا ساز دەکرد و زۆربەی تەمەنی بەو هەستەوە بردە سەرێ. ئێستا زۆر لەمێژە باباغا لێمان دوور کەوتۆتەوە، ئەو ئێستا لە شارێکی بچووک لە باشووری سوێد دەژی لەوە دەچێ شێوەی ژیانیشی زۆر نەگۆڕابێ. وەک جاران لە سەر کورسییەکی حەسیری بە مۆدێلی ئەوڕۆ دادەنیشێ و قەفی سمێڵی زیاتر لێ لوول داوە و مووی سەری درێژ کردووە و لە پشتەوە کلکئەسپی بەستوویەتەوە. باباغام زۆر پیر بووە سەر و سمێڵی تەواو سپی بوون، پیپەکەشی گۆڕیوە، ئێستا هەم سیگاری بەرگ دەخوا و هەم پیپیش دەکێشێ، شەڵواربەندەکەشی هەر بەستووە لە بەر ئەوەی تەنگەی زیاتر لێ شۆڕ کردۆتەوە. من قەت تاسەی باباغام ناکەم لە بەر ئەوەی هەموو ڕۆژێک باباغام لە هەیوانی ماڵەکەی بەرامبەر خۆرئاوا لەو شارە دوورە دەستە پاڵ دەداتەوە و لاپتۆپەکەی لە سەر کۆشی دادەنێت و بە سکایپ قسە دەکەین و باسی ئەو ڕۆژانە دەبووژێنینەوە. باباغام ئێستا تەنیا دڵی بە شتێک خۆشە و هەموو جارێک کە قسە دەکەین بە تەوسە بزەیەکەوە دەڵێ: «لە بیرتە جارەکە چیم وت، پێت چۆن بوو ئەو دوابینییەی من هەتیو؟» من ئێستاش نازانم ئەو رۆژە لە ناو چەق ودووکەڵی دیوەکەی باباغادا کێ بوو ئەو دوابینییەی کرد بەڵام قسەی هەر کەس بێت ئێستا بۆتە هۆی دڵخۆشی باباغام و منیش بە پێکەنینەوە دەڵێم: «ئای باباغا گیان وەڵڵا قسەکەی تۆ وەڕاست گەڕا…»
ئهنوهر عهرهب
