دوشنبه , ۲۶ آذر ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / مین: ململانێی مرۆڤ و مەرگ/ د. عەبدوڵڵا ئەمینی

مین: ململانێی مرۆڤ و مەرگ/ د. عەبدوڵڵا ئەمینی

photo_2016-07-16_12-33-32

دیاردەگەلێکی زۆر گرینگ هەن کە نەتەنیا لە سەردەمی‌لێقەومان و ڕوودانیاندا کاریگەریەکی ئێجگار ئەستەمیان بە سەر مرۆڤ و کۆمەڵگادا هەیە، بەڵکوو دوای بە سەرچوونی ئەو دیاردەگەلە و تێپەڕبوونی دۆخی ئاسایی، برینەکان و (وەک هێگل گوتەنی) “جێی برینەکان”یان هێشتا بەردەوام ئەمێنێتەوە و تازە سەرەڕای ئەوەش، سێبەر و ئاکامەکانیان زۆر ماڵوێرانکەرتر و ئەستەمترن لە خودی ئەو دیارەدەگەلە. کەوابوو، دەرەنجامی‌ئەم چەشنە دیاردەگەلە زۆر هەژێنەر و درێژخایەنە.    

یەکێک لەو دیاردە گرینگ و لە هەمان کاتیشدا ماڵوێرانکەرانە دیاردەی “شەڕ”ه، کە هەمیشە ژیانی مرۆڤی ئاسایی خستوەتە مەترسی و زۆر جاریش بەری بە تێکشکاندی دەسەڵات و زوڵم و زۆری دەسەڵاتداران و سیاسیکاران گرتوە. ئیتر با ئەو پرسیارە فەلسەفیە گرینگە بمێنێت کە: بەڕاستی مرۆڤەکان بۆچ حەز دەکەن کۆتایی بە ژیانی یەکتر بێنن؟ بۆچ ئەبێت و بە پێی چ مەنتقێک مرۆڤێک ئەتوانێ ئەو ئیزنە بە خۆی بدات کە مرۆڤەکانیتر وەک ‘دوژمنی’ خۆی بزانێت و لەناویان بەرێت؟ کام پرەنسیپی مرۆیانە ئەم مەنتقە داخراو و مه‌ترسیهێنه‌ره پاساو ئه‌دات؟

هەرچەند مرۆڤ بە شیکردنەوەیەکی ڕوماڵی خۆی بەو قەناعەتە گەیشتوە کە شەڕ و توندوتیژی بە هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانیەوە شتێکی زۆر نالەبارە و دەرەنجامێکی مرۆیی نیە، بەڵام ئەوە نەیتوانیوە بەر بە ڕوودانی ئەو دیارەدەیە بگرێت. وەک مێژوو نیشانی داوە هەرچی مرۆڤ لە ڕووی بیر و هزرەوە دەوڵەمەندتر بوە بتر لە ئامڕازی شەڕ کەڵکی وەرگرتوە. وادیارە، وەک ئەفلاتوون و ئەرەستوو ئێمەیش دەبێت شەڕ وەک دیارەدەیەکی پێویست بۆ “پولیس” دابنێن. لە هەر حاڵدا، بە پێی گەشە کردنی زۆرتری هزر و زانیاری مرۆڤ، روودانی شەڕ نەتەنیا کەمتر نەبوە، بەڵکوو لە دنیای‌هاوچەرخدا زۆرتر پەرەی سەندوە؛ تەنیا ئامڕازی شەڕ و شێوازەکەی گۆڕاوە. هەر بۆیە لە دۆخی ئێستادا فەلسەفەی ئەخلاق وەک بوارێکی زۆر گرینگ خۆی دەنوێنێت. بە بێ ئەوە خودی زانست و تەکنۆلۆژیای نوێ تاوانبار کەین، بەڵام هەر وەک ڕۆژ ڕوونە کە تەکنۆلۆژیای نوێ ڕەوڵێکی هەرە گەورەی لە داگرساندنی شەڕ و کولاندنەوەی برینەکانی مرۆڤی‌هاوچەرخ نواندوە. گەلی کورد بەتایبەت لەم بوارەوە زۆر گەمارۆ دراوە.

بەڵام نابێت ئەو واقیعیەتە لە بەرچاو بکەین کە زۆر جار خودی مرۆڤە ئاساییەکان لە هەڵگرساندنی ئاگری شەڕدا ڕەوڵێکی ئەوتۆیان نیە (یان ئەگەر دەخیلیش بن بە چەشنێک فریوی گوتارێکیان خواردوە کە خۆی وەک ڕێگەی ڕاستەقینە و وەک لایەنگری حەقیقەت نواندوە)، بەڵکوو چەند کەسێک بە مەبەستگەلێکی تایبەتەوە مرۆڤەکان دەخەنە گیان یەک و وەک پلیکانەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ئامانجە نامرۆیانەکانی خۆیان کەڵکیان لێوەر دەگرن. ئەوان دەزانن بۆچ دەبێت شەڕ بکرێت (هەر چەند بە لە ناوچوونی گیانی هەزاران کەس تەواو بێت)، بەڵام مرۆڤەئاساییەکان گیرۆدەی نەخشەی چەپەڵی لەپێشداڕژاوی ئەوان بوون و زۆر جاریش هەر نازانن بۆچی و بۆ کێ شەڕ دەکەن.

turtles_093123109

بەڵام ئایا مێژوو دەربایستی ئەم ڕەوتەیە؟ واتە ئایا “مێژوو”، “خودای عەداڵەت”، “ڕۆح” و هتد چاوی لەم زڵم و برین و نایەکسانی و قڕکردنەیە؟ هێگل گوتەنی: “عەقڵ ناتوانێت بۆ هەڵسەنگاندنی جوانی و برینگەلێک کە بە سەر تاکەکاندا دێت ڕاوەستێت، چوونکە ئامانجە بچووکەکان لە ئامانجێکی گشتیدا دەتوێنەوە”.(۲)  ئامانجی گشتی ”ڕۆح” هیچ بەزەییەکی بە شکاندنی پڕ سۆزی دڵی تاکەکاندا نایەت؛ ئامانجێ کە لە ڕوانگەی ئێمەوە زۆر جار هەڵەیە و دەرەنجامەکەی ناڕەوا و زاڵمانەیە. ڕوانینێکی خێرا بە سەر مێژوودا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات کە هەمیشە شەڕەکان لەگەڵ سیستەمی‌سیاسی (لایەنی دەسەڵات) و ئایدۆلۆژیە فکری و ئایینیەکاندا گرێی خواردوە؛ واتە هەمیشە ئەگەر ئایدۆلۆژیەک (چ فکری چ ئایینی) لەگەڵ ئایدۆلۆژیەکیتر نەیتوانیبێت بە شێوازێکی هێمنانە هەڵسووکەوت بکات، ڕێگا چارەی لە شەڕ و پیکدادان و سڕینەوەدا دۆزیوەتەوە. بەم شێوەیە تاکەکان دەبن بە ئامڕاز یان کەرەستەیەک و لایەنی مرۆییەکانیان ڕچاو ناکرێت.

لێرەدا نامانەوێت بە تێروتەسەلی سەبارەت بە بنەما و هۆکارەکانی شەڕ وەک دیاردەیەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی (چ لە بواری مێژووییەوە چ لە ڕووی سرشتی خودی ئەم دیاردەیەوە) بدوێن یان تەنانەت نامانەوێت لە ڕوانگەی فەلسەفی و ئاکاریەوە باسی لە سەر بکەین، بەڵکوو مەبەستمان زۆرتر ئاماژەدان بە نەگبەتی و ئاکامە نالەبارەکانی شەڕە کە هەموو ڕۆژێک لە  ژیانی ئاسایی خۆماندا دەیبینین. کاتێک شەڕ لە نێوان دوو لایەن (دوو دەوڵەت، حزب، ئایدۆلۆژی ئایینی یان مەکتەبی فیری) ڕوودەدات، کوشتن و بڕین و سەرکوتکردن و ڕەنجەڕۆیی و ماڵوێرانی هەر دوابەدوای تەواوبوونی ئەو شيڕە دوایی نایەت، بەڵکوو هەندێک دەرەنجام و ئاکامیتر هەن کە لە دوای ڕوودانی شەڕ سەر هەڵدەدەن و وەک شەڕێکی سارد درێژەیان هەیە. ئەو کەسانەی کە لە شەڕ دەکوژرێن، یان بریندار دەبن و یان لاق و دەستیان دەقرتێت، ڕەنجەڕۆییەکەیان نەتەنیا بۆ خۆیان، بەڵکوو بۆ بنەماڵە و کەسانیتر هەر درێژەی هەیە. هەر وەها، هەندێک لەو کەرەستە کیمیاییانە کە لە شەڕدا بەکار دەهێندرێت بۆ ماوەیەکی درێژخایەن “جێگای برینەکانیان” هەر دەمێنێتەوە و سەر لە نوێ تازە دەبێتەوە. بەنموونە، کورد تەنها جارێک ئەنفال و کیمیاباران نەکراوە، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک ئەنفال و کیمیاباران دەکرێت و زامەکەی هەر ڕۆژ قووڵتر دەبێت.

کێ ئەتوانێت لە ڕوانگەیەکی مرۆڤانەوە بەرژەوەندی و چاکبوونی سرشتی شەڕ بسەلمێنێ و پاساوی بکات، مەگەر ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدۆلۆژیەکاندا بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی هەتایی و داپڵۆسێنەری خۆیان و هەر وەها کەڵەکەکردنی دەسەڵاتی زۆرتر بە درۆ پاساوی بۆ بێننەوە. جارێکیان ئیرنێست هەمینگوەی بە درووستی دەڵێت: “لە شەڕدا تەنانەت سەرکەوتنیش دۆڕاندنە!”

یەکێک لەو کەرەستە نالەبار و مەترسیدارانە کە بە هۆی پەرەسەندنی تەکنۆژیای نوێ لە شەڕدا بەکار هێنراوە (بگرە هەر ئێستەیش بەکار بهێندرێت)، کەرەستەی “مین”ه. مینەکان لە ژێر خاک قاییم دەکرێن بۆ کوشتن و لەناوبردنی مرۆڤەکان. بەڵام هەموو ئەو مینانەی کە دەستئەنقەس چێندراون بڕیار نیە هەر لە کاتی شەڕدا ببنە قەزاڵەی سەر مرۆڤە بێدەسەڵاتەکان و ئاژەڵەکان، بەڵکوو دەبن بە مەترسیەکی هەتایی بۆ ئەو مرۆڤ و ئاژەڵانەی کە لەگەڵیاندا ژیانی ئاسایی خۆیان ڕادەبوێرن. کەسانێک لە تەنیشت ئەم لوغمانە دژین نە یەک جار، بەڵکوو هەموو ڕۆژێک و هەزاران جار دەمرن.  ئەمە ململانێ و دیالکتیکێکی ئەرێنی نیە کە لە سەنتزێکی سەرتردا خۆی بنوێنێت، بەڵکوو ململانێیەکی نەڕێنیە کە هەموو جار بە لە ناو چوونی یەکێک لەو پایە دیالکتیکانە کۆتایی دێت: واتە، مەرگی مرۆڤ.

ژیان لەگەڵ مین بەڕاستی ئەستەم و دژوارە. چوونکە هەر وەک خودی مەرگ هیچ کات لە پێشدا ئیزن لە خاوەن ماڵ ناخوازێت و لە ناکاودا بێ ئەوەی لە درگا بدات دێتە ژووری ژیانی مرۆڤەکانەوە. بەشێک لەو کەسانەی کە دەکەونە بەر دڵڕەقی و مەترسی کەرەستەی بەجێماوی شەڕ (مین)، منداڵانن. ئەو پەپوولانەی کە گەورەترین گوناهیان یاری کردنە لە بەر کۆڵان و دەرکی ماڵەکان و قوتابخانەکان. ئاخر ئەو کۆرپە ساوایانە چ ڕەوڵێکی ئەوتۆیان لە نەخشاندن و داگرساندنی ئاگری شەڕدا بوە تا تاوانەکەی بدەنەوە؟ ئەوان کەی ڕەوایە ببن بە قوربانی سیاسەتی چەپەڵی کەسانێکیتر؟ کام هزر و مەنتق و ئەخلاقێک ئەمەی پێ پاساو دەکرێت؟ ئەو منداڵانەی کە تازە گەرەکیانە شیرینی ژیان بچێژن، بۆچ دەبێ بەر ڕقی نەفرەلێکراو و چەپەڵی ئاکامەکانی شەڕ بکەوەن؟ ئەبێ چەند پەپوولە یان مرۆڤ و ئاژەڵی بەستەزمانیتر پا بننە سەر مینە داپۆشراوەکان و بمرن یان بریندار ببن، تا ئیتر دڵنیا بین کە هێچ مینێکیتر نەماوە و بە بێ مەترسی هەنگاو بەرو ژیان هەڵبگرین؟ (وادیارە کە پایەگاکان و سنوورەکان جێی قەتڵی هەتاییە بۆ ئێمە)

images

بەڵام چما ژمارەی مینەکان لە ژمارەی مرۆڤ و ئاژەڵەکان زۆر زیاترن و هەر مرۆڤێک دەبێت چەند جار بمرێت (ئەم شتە بەتایبەت بۆ سنوورەکانی کوردستان زۆر ڕاستە). لە لای ئەو کەسانەی کە ئەم مینانەیان چاندوە، هەر لە دەستپێکدا بڕیار وانەبوە کە ڕۆژێک بنەمایان وشک بێت و هیچکام لەو کەسانەی کە بەرپرسن و دەسەڵاتیان هەیە هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیەک بۆ لابردن و سڕینەوەی ئەو کەرەستەیە قەبووڵ ناکات؛ یان زۆر جار قەوڵ و قەراری درۆ دەدەن یان بە درۆ دەڵێن هەموو جێگا مەترسیدارەکان لە مین خاوێن کراوەتۆ، کەچی لەناکاو دەبیستین کە لە ململانێی نیشتەجێیانی سنوورەکان و مینەکان، چەندەها کەس ماڵئاوایی لە ژیان ئەکەن تا ئەو پرسیارە دووبارە سەر لە نوێ سەرهەڵداتەوە کە: کە بەڕاستی ئەم کەسانە چ گوناهێکیان بوە و بۆچ ئەبێ مەحکووم بە مەرگ ببن؟

ئەی ڕێگا چارە لە چیدایە؟ پێم وابێت باشتر ئەوەیە خۆمان بە زمانێکی هێمنانە و ئاشتیخوازانە لەو مینانە نزیک ببینەوە و لەگەڵیاندا بینە ئاخافتن. پێیان بلێین وادیارە چارەنووسی ئێمە و ئێوە هەر دوو لامان پێکەوە پێچراوەتەوە، کەوابوو تکایە بە شێوازێکی منداڵانە و هێمنانە لەگەڵماندا هەڵسوکەوت بکەن. لەگەڵ منداڵەکانمانا یاری بکەن نە بۆ ئەو ئاکامەی کە ژیان و خۆشیان لێ زەوت کەن، بەڵکوو بۆ ئەوەی زیاتر چێژ لە ژیان ببەن و حەز و خولیاکانیان بە باشترین شێوە بنەخشێنن: مینی چاک بن، ببن بە کەرەستەی کایە و یاری ئەوان. یاری منداڵان بۆ ئەوە نیە کە وەک بڕیاری دەسەڵاتدارەکان و تەنانەت مرۆڤە بەتەمەنەکان بە ئاکامێکی دیاریکراو بەسترابێتەوە، بەڵکوو تەنها بۆ ماوەیەک سەرخٶشی و شادیە.

بە مینەکان بڵێین تکایە ئەو ئەرکەی کە لە پێشدا بە حوکمی‌زۆر بە سەرتاندا داسەپاوە و بۆتان دیاری کراوە (واتە کوشتنی هەموو گیانلەبەرەکان، بە تایبەت مرۆڤەکان) وەلای بنێن و سرشتی خۆتان بگۆڕن و ببن بە کەرەستەی ئاشتی و لێکنزیکبوونەوە و درێژەی ژیانی مرۆڤەکان نە دابڕان و زەوت کردنی ژیانیان.

هەر چەند ئەمە لە ڕوانگەیەکی شاعیرانە و جوانیناسانەوە دەتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر کورت دڵی هەڵقرچاوی ئێمە ساڕێژ بکات، بەڵام لە جیهانی واقیعدا کێشەکە هەر بەردەوامە.  

پەراوێزەکان:

١- ئەم وتارە کورتە بە مەبەستی‌هاودەردی لەگەڵ ئەو حەوت پەپوولەیە نووسراوە کە لە به‌رواری ٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٢ هەتاوی لە گوندی “نشکاش” سەر بە شاری مەریوان لە کاتی کایە کردندا کەوتنە بەر کاریگەری مین و بریندار بوون.

٢- هگل، گ. و. فریدریش، (۱۳۸۱عقل در تاریخ، ترجمه­‌ي حمید عنایت، تهران، انتشارات شفیعی، چاپ دوم، لا ۴۹.

 

یک دیدگاه

  1. سپاس
    دەستان خۆش بێ
    بەڕاستی زۆر جوان و بەجێگە بوو

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

16 − شش =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..