دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / معرفی و تحلیل آثار هنری / ناساندن و لێکدانەوەی تابلۆی “بێ باوەڕیی توماسی پیرۆز” / فه‌رزاد حه‌سه‌نزاده‌

ناساندن و لێکدانەوەی تابلۆی “بێ باوەڕیی توماسی پیرۆز” / فه‌رزاد حه‌سه‌نزاده‌

ئەم تابلۆیە بە پێوانەی ۱۴۶ لە ۱۰۷ سانتیمتر، بەرهەمی‌هونەرمەندی ئیتالیایی، میکلانجێلۆ کاراواجۆ Michelangelo Caravaggio (1571-1610) ، یە و لەساڵی ۱۶۰۳ی زایینی بە تەکنیکی ڕۆن بەسەر کانواس کێشراوە و ئێستە لە کۆشکی “سانسۆسی” لە پوتسدامی‌باکووری ئاڵمانە.

کاراواجۆ له‌ ڕۆم کاری ده‌کرد. ڕۆم له‌و سه‌رده‌مه‌دا ناوەندی شارستانێتی جیهان بوو، هه‌روه‌ها که‌ پاریس له‌ سه‌رده‌می‌مودێڕن­دا ئه‌و پێگه‌یه‌ی په‌یدا کرد.

کاراواجۆ شێوه‌کارێکی سەردەمی‌بارۆک بوو، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ناتوڕالیستێکی زۆر بوێر و شۆڕشگێڕ بوو. ناتوڕالیست بوونی ئه‌و به‌م مانایه‌ بوو که‌ هونه‌رمه‌ند ده‌بێ وه‌فادار به‌ واقیعه‌کانی ژیان بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناشیرین و ڕاشکاوانه‌ بن. کاراوادجۆ به‌دوای ڕاستیه‌کانه‌وه‌ بوو. ئەو پابەند به‌ مودێله‌ کلاسیکه‌کان نه‌بوو و بایه‌خی نه‌ئه‌دا به‌ جوانیی ئیده‌ئال. کاراواجۆ ده‌یویست خۆی له‌ به‌ندی نەریتە هونەریەکانی ئەو سەردەمە ڕزگار کات و له‌ ڕوانگه‌یه‌کی دیکه‌وه‌ بۆ هونه‌ر بڕوانێت. کاراواجۆ بڕوای وابوو که‌ هونه‌رمه‌ند به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ له دزێویە‌کانی ژیان و سورشت بترسێت. ئه‌م بۆچوونه‌ی کاراواجۆ، به‌تایبه‌ت له‌ ده‌ربڕینی بابه‌ته‌ ئایینیه‌کاندا‌، ئه‌وی تووشی کێشه‌ ده‌کرد. کاتێک ناوه‌ڕۆکی به‌رهه‌مه‌کانی ئەو سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تیه‌ پیرۆزه‌کان بوو، ئاژاوه‌ درووست ده‌بوو و هه‌ستی ئیمانداران بریندار دەکرا. ئیمانداران پێیان­وابوو تابلۆکانی کاراواجۆ تێکەڵ بە کفرن و سووکایه‌تی به‌ شته‌ پیرۆزه‌کان دەکەن.

با پێش ئه‌وه‌ی بڕۆینه‌ سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی تابلۆی “بێ­باوەڕیی توماسی پیرۆز”، چاوێک بکه‌ین له‌ به‌رهه‌مێکی دیکه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ به‌ ناوی “مێتا له‌کاتی نووسینی ئێنجیل دا”.

San-Matteo-e-lAngelo-prima-versione-Caravaggio-analisi

له‌ ده‌ورووبه‌ری ساڵی ۱۶۰۰ی زایینی، ئه‌رکی کێشانی ئەم تابلۆیه‌ بۆ مێحرابی کلیسای ڕۆم سپێردرا بە کاراواجۆ. ناوەڕۆکی ئەم تابلۆیە دەبوایە بەم­شێوە بێت کە مێتای حەواری خەریکی نووسینی ئێنجیلە و فریشتەیەک لە لایەن خوداوە ئێلهامی‌نووسینی ئەم کتێبە پیرۆزەی پێ دەدات. کاراواجۆ کە شێوەکارێکی زۆر بێ­باک و خوڵقێنەر بوو، سەبارەت بە بابەتی کارەکە لێکۆڵینەوەی کرد و بیری لەوە کردەوە کە ئەگەر پیرەپیاوێکی فەقیر و کرێکار لەناکاو دانیشێ و دەس بداتە نووسینی کتێبێکی وەها گرنگ، دەبێ چ حاڵەتێکی هەبێت. کەواتە ئەو کابرایەکی سەرتاس و پێ­پەتی و تۆزاویی کێشا کە بەشێوەیەکی بێ­ئەزموونانە کتێبێکی گەورەی بەدەستەوەیە و ناوچاوی گرژ کردوە و هەست بە قورسایی و دژواری دەکات. لە تەنیشت مێتادا فریشتەیەکی جوان هەیە کە لە ئاسمانەوە‌هاتۆتە خوارەوە و بە ئارامی، هەر وەکوو مامۆستایەک کە منداڵێک فێری نووسین دەکات، دەستی ئەم کرێکارە بۆ نووسین ڕێنوێنی دەکات.

کاتێک کاراواجۆ ئەم تابلۆیەی تەواو کرد، خەڵک هەستیان بەوەکرد کە بێ­ڕێزی بە­­ئەم کەسایەتیە پیرۆزە کراوە و ئاژاوەیان گێڕا. لە ئاکام دا تابلۆکە وەرنەگیرا و کاراواجۆ ناچارکرا تابلۆیەکی دیکە بەپێی بنەما کلاسیکیەکانی ئەو سەردەمە بکێشێت.

هەندێک لە‌هاوچەرخانی کاراواجۆ بڕوایان وابوو کە مەبەستی سەرەکی ئەو لە هونەرەکەی سەرسام کردنی بینەرە و هیچ بایەخێک بە جوانی و نەریتە هونەریەکان نادات. کاراواجۆ یەکێک لە ئەوەڵین شێوەکارگەلێک بوو کە بەم­چەشنە تۆمەتبار دەکرا و یەکەمین هونەرمەندێک بوو کە ڕەخنەگران وەکوو “ناتووڕالیست” هێرشیان دەکردە سەری.

لە تابلۆی “بێ باوەڕیی توماسی پیرۆز” سێ حەواری دەبینین کە سەیری برینی پەراسووی مەسیح دەکەن و یەکێکیان قامکی کردوە بەناو برینەکەدا. ئەم چیرۆکە دەگەڕێتەوە بۆ پاش لەخاچدانی عیسا. بەپێی بڕوای مەسیحیەکان، عیسا سێ ڕۆژ پاش لەخاچدانی، زیندوو دەبێتەوە. به‌ڵام توماسی پیرۆز بڕوا‌ به‌م زیندووبوونه‌وه‌ ناکات. که‌واته‌ عیسا برینه‌ قووڵه‌کەی پەراسووی نیشان ئه‌دات و توماسیش قامکی پێدا ده‌کات بزانێ ڕاسته‌ یا نه‌. ئه‌م برینه‌ به‌هۆی نه‌یزه‌یه‌که‌وه‌ پێک­هاتوە که‌ سه‌ربازێکی ڕوومی‌له‌کاتی له‌خاچدانی عیسادا بۆ دڵنیا بوون له‌ مردنی لێی ئەدات.

پاش ته‌واو بوونی ئه‌م تابلۆیه‌ ئیمانداران ناڕه‌زایی خۆیان ده‌ربڕی و گوتیان ئه‌مه‌ سووکایه‌تی و بێ­ڕێزیه‌ به‌ نه‌ریته‌ پیرۆزه‌کان. ئه‌وان وه‌ها ڕاهاتبوون که‌ حه‌واریه‌کان وه‌کوو که‌سانێکی پیرۆز و پایه‌‌به‌رز ببینن که‌ جلوبه‌رگی ڕازاوه‌یان له‌به‌ردابێت. له‌حاڵێکدا له‌ تابلۆکه‌ی کاراواجۆدا حه‌واریه‌کان وه‌کوو کرێکارگه‌لێکی ساکار به‌ ڕوومه‌تێکی تێکشکاو و ته‌وێڵی چرچه‌وه‌ نیشان درابوون. کاراواجۆ له‌ وه‌ڵامی‌ناڕه‌زایاندا گوتی حه‌واریه‌کانی عیسا تاقمێک کرێکاری پیر و مرۆڤی ئاسایی بوون. سه‌باره‌ت به‌ بێ­باوه‌ریه ڕاشکاوانه‌که‌ی توماسیش گوتی که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ڕونی له‌ کتێبی پیرۆزدا باس­کراوه‌ و من هه‌ر ئه‌وه‌م ئاراسته‌ کردوه‌. مه‌سیح به‌ توماس ده‌ڵێت: ” ده‌ستت بێنه‌و بیخه‌ سه‌ر برینه‌که‌م. بێ ئیمان مه‌به‌ و ئیمان بێنه‌”

کاراواجۆ  یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین هونه‌رمه‌ندانێک بوو که ده‌یویست ڕووداوه‌ پیرۆزه‌کان به‌ چه‌شنێک بخاته‌ به‌ر چاو که‌ ده‌ڵێی له‌ماڵی دراوسێکه‌ی­دا ڕووی داوه‌. ئه‌و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک تیده‌کۆشا که‌سایه‌تیه ‌پیرۆزه‌کانی ده‌قه‌ کۆنه‌کان  به‌ چه‌شنێکی واقیعی و هه‌ستپێکراو ئاراسته‌ بکات. ته‌نانه‌ت له‌ ڕووناکی و سێبه‌ره‌کان به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ڵکی وه‌رده‌گرت که‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌‌هاریکار بن. ڕووناکیی تابلۆکانی ئه‌م هونەرمەندە جه‌سته‌ی مرۆڤی دڵڕفێن و دڵخواز نیشان نه‌ئه‌دا، به‌ڵکو ڕووناکیی توندوتیژ ناته‌با له‌گه‌ل سێبه‌ره‌ قورس و تۆخه‌کاندا ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ ناوه‌ڕۆکی نامۆی به‌رهه‌مه‌که ڕوون و ڕاشکاوانه‌ بێت. که‌سانێکی ده‌گمه‌ن له‌‌هاوچه‌رخانی کاراواجۆ له‌‌م شتانه‌ تێده‌گه‌یشتن، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه ئەم دەسکەوتانە کاریگه‌ریه‌کی قووڵی به‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی داهاتووه‌وه‌ بوو. ئێسته‌ زیاتر له‌ چوار سه‌ده‌ له‌ ته‌مه‌نی به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ تێپه‌ڕ بوه‌، به‌ڵام له‌ بایه‌خی‌ هونه‌ری و بێ­پەروایی و ڕاشکاویان که‌م نه‌بۆته‌وه‌.‌     ‌

 

 

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

18 − هشت =

قالب وردپرس پوسته وردپرس