یکشنبه , ۲۸ مرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / ناساندن و لێکدانەوەی تابلۆی پاپ ئینوسنتی دەهەم /فه‌رزاد حه‌سه‌نزاده‌

ناساندن و لێکدانەوەی تابلۆی پاپ ئینوسنتی دەهەم /فه‌رزاد حه‌سه‌نزاده‌

ئەم تابلۆ سامناکە بەرهەمی‌شێوەکاری ئیرلەندی- ئینگلیسی، فڕانسیس بیکنە و لە ساڵی ۱۹۵۳ دا خوڵقاوە. ئەم تابلۆیە لە بەرهەمێکی شێوەکارێکی ئیسپانیاییی سەدەی ۱۷، دیێگۆ والاسکۆێز، سەرۆی گرتوە. تابلۆکه‌ی والاسکۆێز پۆرترەی پاپی دەهەمە کە بەسەر سەندەڵیە ڕازاوەکەیەوە دانیشتوە و کا‌غزێکی بەدەستەوەیە. بەڵام کارەکەی بیکن زۆر جیاوازە.

Pope Innocent X-1650- - Copy

ئۆقرەیی و لەسەرخۆئیەک کە لە تابلۆکەی والاسکۆێزدا هەیە لە کاری بیکن دا کراوە بە ئاڵۆزیی و گوشاری ڕۆحی. هێمنایەتی و دەسەڵاتخوازیی پاپی والاسکۆێز کە بە هۆی ڕەنگێکی سووری بەهێزەوە دووهێندە کراوەتەوە، لە پاپی بیکن دا بەدی ناکرێت. بەڵکوو چەشنێک داماوی، بێ دەسەڵاتی، نفرەت و بێزاری کە بە هۆی ئاقارێکی تاریک و سامناکەوە دووهێندە کراوەتەوە لەودا دەبینرێت. ئەو ماندوو و بێ هێزە و لە قەفەسێکدا گیری کردوە و تەنیا کارێک کە دەتوانێت بیکا قیڕاندنە. قیڕە و ئازارێک کە دەڵەی هیچکات دوایی نایەت. ئەمە بەتەواوی دژ بە ئۆقرەیی و نەمریی پاپی والاسکۆێزە.

دەستەکانی پاپی والاسکۆێز بەهێمنی بەسەر دەسکەی سەندەڵیەکەوە دانراوە و دەربڕی هێونی و ئاسوودەئیە و ڕوانینەکەی هێمای خۆبەزلزانین و دەسەڵاتی پیوە دیارە و دەڵەی هه‌تاهەتایە لەپێگەی خۆیدا دەمێنێتەوە. بەڵام دەستەکانی پاپ لە تابلۆکەی بیکن دا وەکوو پەنجەی جانەوەرێک کێشراون. جانەوەرێک کە لە قەفەسێکدا گیری کردوە و بە هۆی گوشارەوە‌هاوار ده‌کا و چنگی لە دەسکەی سەندەڵیەکە توندکردوە.

لە بەرهەمەکەی والاسکۆێزدا پاپ بەباشی لە نێو کادرەکەدا دانیشتوە و ئاسوودەئیەکی هەمیشەیی هەیە. لە حاڵێکدا کە پاپ لە تابلۆی بیکن دا بەباشی سەقامی‌نەگرتوە و به‌ ئاسمانه‌وه‌یه‌، ئه‌و گیرۆدەی حەسار و زیندانێکی قورسە.

بیکن پاپی بەسەر سەندەڵیی ئەشکەنجەی کلیساوە داناوە و تۆڵەی سەدان ساڵ چەوسانەوە، ئەنگیزیسیۆن، بێڕەحمی‌و دڵڕەقیی لێدەکاتەوە. پاپ هێمای مێژوویەکی پڕ لە کارەساتە. لەواقعدا بیکن نەک هەر پاپ بەڵکوو ئایینی بەسەر ئەم سەندەڵیەوە داناوە تا وەڵامی‌ئەم مێژوە پڕنەهامەتیە بداتەوە. بیکن پاپی بەسەر تەختی نەشتەرگەریەوە ڕاکێشاوە و خەریکی هەڵکۆڵینی برینەکانی مێژووی کلیسایە. ئەو بڕیاری خۆی داوە و بوەتە بکوژی کلیسا. ئێستە با پاپ بەتەواوی هێزیەوە‌هاوار بکات.

هونەری فڕانسیس بیکن پڕە لە‌هاوار. ئەو فیگوری تابلۆکانی تا شەرای مەرگ ئەشکەنجە ئەدات. کاراکتەری تابلۆکانی دێفۆرمەن و وەکوو پارەیەک گۆشتی خاو دێنە بەرچاو. لە ڕاستیدا بیکن شێوەکارێکە کە فڵچەکەی لە خوێن هەڵدەکێشێت و دیمەنی ڕەنج و تەنیاییی مرۆڤ دەخوڵقێنێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

یک × 1 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..