جمعه , ۲۶ مرداد ۱۳۹۷
خانه / معرفی و تحلیل آثار هنری / ناساندن و لێکدانەوەی کۆمەڵەپەیکەرەی “ڕامووسان”/ فه‌رزاد حه‌سه‌نزاده‌

ناساندن و لێکدانەوەی کۆمەڵەپەیکەرەی “ڕامووسان”/ فه‌رزاد حه‌سه‌نزاده‌

ئه‌م پەیکەرە بەرهەمی‌هونەرمەندی ڕۆمانیایی کۆنستانتین برانکۆزیەConstantin Brancusi) (1876-1957)) و ئه‌و لە ساڵی ۱۹۰۷ تا ۱۹۱۰، شەش وێرژنی لێ خوڵقاندوە. برانکۆزی لە ساڵی ۱۹۰۴ بەولاوە لە پاریس ژیاوە و چالاکیی کردوە.

برانکۆزی یەکێک لە کاریگەرترین و داهێنەرترین پەیکەرسازانی سەدەی بیستەم بوو. دەسکەوتەکانی سەبارەت بە فۆرم و دەربڕینی پەتی و بێخەوش، ئەوی کردۆتە یەکێک لە کەسایەتیە هەرەگرنگەکانی پەیکەرسازی مۆدێڕن. گرنگیدانی ئەو بە فۆرم بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوپەڕی سادەیی، ڕاشکاوی و ڕاست­وڕەوانی بوو. سەرهەڵدانی گەورەی برانکۆزی دژبە ڕیالیسم بوو کە لە کەمکردنەوە و پوختەکاریی فیگورەکان بۆگەیشتن بە فۆرمە سەرەکیەکان و گووشینی جەستەکاندا ڕەنگئەداتەوە.

هونەری سەرەتای  (Primitivism)، بەتایبەت پەیکەرە ئەفریقاییەکان، هونەری ڕۆژهەڵات و هەروەها هونەری فۆلکلۆری وڵاتی ڕۆمانی، کاریگەریی زۆریان هەبوە بەسەر ئەزموونە پەیکەره‌سازیەکانی برانکۆزیەوە. هەڵبەت لەو سەردەمەدا زۆربەی هونەرمەندانی نوێخواز لە ژێر کاریگەریی هونەری پریمیتیڤدا بوون. بەڵام ئەم کاریگەریە لای برانکۆزی دەسکەوتی بەنرخی لێکەوتەوە.

کۆنستانتین برانکۆزی چەندین ساڵ لەسەر بیرۆکەی پەیکەرەیەکی بەردینەی شەشپاڵوو، کە دوونەفەر لەکاتی ماچکردنی یەکتردا بنوێنێت، کاری کرد. ڕێدۆزەکەی ئەو سەبارەت بەم بیرۆکە زۆر ڕادیکاڵ بوو. بەڵام کێشەکە، کێشەیەکی تازە نەبوو. بۆچوونی میکلانژ، چوار سەدە پێش برانکۆزی، سەبارەت بە پەیکەرتاشی ئەوە بوو کە پەیکەرە لەدڵی پارچەبەرددایە و پەیکەرتاش لەگەڵ ئەوەیدا کە دەبێت ڕووکاری سادەی بەردە سەرەکیەکە بپارێزێت، جووڵە و ژیان ببەخشێتە پەیکەرەکەی. برانکۆزی بە شێوەیەکی دیکە بۆ ئەم کێشەیە دەیڕوانی. ئەو دەیویست بزانێت پەیکەرتاش دەتوانێت ئەوپەڕەکەی تا چ ڕادەیەک لە بەردە سەرەکیەکە بپارێزێت و وه‌کخۆی بیهێڵێته‌وه‌.

برانکۆزی لە تەواوکردنی بەرهەمەکانی بە شێوەی ڕیالیستی، بێزار بوو. ئەو بەباشتری دەزانی هەندێک شت بهێڵێتەوە بۆ خەیاڵی بینەر. ئەو تەنانەت بەشێک لە بەردەکەی وەک­خۆی دەهێشتەوە و دەستی لێنەئەدا. بینەر کاتێک سەیری ئەم بەرهەمانە دەکا، هەست بەوە دەکات کە ئەم پەیکەرە تازە لە دڵی بەردەوە‌هاتۆتە دەرەوە و ئێشتا هەر خەریکی بیچم­گرتنە. لەڕوانگەی بینەرێکی ئاسایی یا کلاسیکەوە ئەم شتە پەسند ناکرێت. لەبەر ئەوە کە بۆچوونی ئەم چەشنە بەردەنگانە ئەوەیەکە بەرهەمێکی سەرکەوتووی هونەری دەبێت پاکیزە و سافوسۆڵ و بێ­کەموکۆڕ بێت. بەڵام برانکۆزی‌هاوڕای ئەم گوتەی ڕامبراند (شێوەکاری سەدەی ۱۷) بوو کە: هونەرمەند هەرکات هەستی کرد کە­ لە پرۆسەی ئافراندنی بەرهەمەکەیدا گەیشتۆتە ئامانج، دەتوانێ واز له‌ کار ­بێنێت و بەرهەمەکەی ئاراستە بکات.

لەبواری بیروبۆچوونەوە دەتوانین بڵێین برانکۆزی ئۆمانیست بوو. ناوەڕۆکی سەرەکیی بەرهەمەکانی، مرۆڤ و چارەنووسی ئەو بوون. دڵەڕاوکێی ئەم هونەرمەندە سەبارەت بە مرۆڤ و نەهامەتیەکانی، لە کارەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە. برانکۆزی لەپەیکەرەی ڕامووساندا، چەمکی سووبژێکتیوی ماچکردنی لە نێو شەشپاڵوویێکدا و بەشێوەیەکی پەتی و دوورلە هەستی تاکەکەسی و بە تێگەیشتنێکی ئەقڵی لە دیمەنی سەرجەم ماچەکانی مرۆڤ و بێ­ڕەچاوکردنی لێکچوونی ئۆبژێکتیو، دەربڕیوە. ئەم بەرهەمە لەبنەڕتدا چۆنێتیەکی ئەقڵانی و لۆژیکیی هەیە. خاوەن چەمکێکی سەرەکیی سووبژێکتیوە کە ئامانجەکەی ئاراستەکردنی ڕواڵەتێکی سەرەکیە، بێ ڕەچاوکردنی وردەکاری و تایبەتمەندیە تاکەکەسیەکانە.

برانکۆزی تایبەتمەندیی کەرەستەی جۆراوجۆری بە باشی دەناسی و لە بەکارهێنانیدا زۆر لێزان بوو. نوێخوازی لە بەرهەمەکانیدا کاریگەریی زۆری بەسەر پەیکەرسازی ئابسترەی نیوەی ئەوەڵی سەدەی بیستەم بوو. ئەم هونەرمەندە  بەهۆی شێوازی تایبەتی ئابسترە لە بەرهەمەکانیدا دەیتوانی پوخته‌ی چەمکێکی تایبەت لە نێو بەرد یا کانزادا بنوێنێت. ئەو هەروەها بنەمای بیرۆکەی “هاوسەنگیی چەمک و کەرەستە” ی دامەزراند و هەوڵیدا بۆ هەر بابەت و ناوەڕۆکێک، کەرەستەی بەرهەمهێنانی‌هاوسەنگ هەڵبژێرێت و بەم شێوە فۆرمی‌ئۆریژناڵی کەرەستە بپارێزێت.

3-Constantin_Brancusi,_1909,_Le_Baiser_(The_Kiss),_89.5_x_30_x_20_cm,_stone,_Cimetière_de_Montparnasse,_Paris._DSC08962

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

3 × 3 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..