یکشنبه , ۲۸ مرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / ناو/ ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

ناو/ ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

 

 

پەیتاپەیتا لاپەڕەکانی هەڵدەداوه، نەیدەدۆزییەوە، تێی­دا نەبوو، لە هیچ شوێنێک­دا نەبوو. ئەو پیاوێکە‌ دەبوو‌ تا ئێستا لە سەدان کتێب و رۆژنامە و گۆڤاردا ناوی نووسرابایە و بە ڕێزەوە باسیان لێ­کردبایە، کەچی لە کتێبی نووسەرانی شارەکەی­دا نەبوو، هیچ ناوێک لەو نەهاتبوو. هەر کەس لە دونیای ئەدەبیات­دا پشمیبایە ناوی‌هاتبوو بەڵام ناوی ئەو هیچ، تۆمەز هەر بە نووسەریشیان نەزانیوە یان ڕەنگە بە ئەنقەست ئەو کارەیان کردبێ؟ ئەوە کارەسات بوو کارەسات بۆ ئاغای ئیلخان.

«بەڵێ­بەڵێ دەبێ وابێ کە ئێوە دەفەرموون حەتمەن هەڵەیەک ڕووی داوە. ببوورە ناوتان چ بوو؟ بەڵێ ئاغای ئیلخان، ئەسڵەن خەمتان نەبێ ئاغای ئیلخان من پەیجووری کارەکەتان دەبم؛ هەر ئێستا زەنگ بۆ نووسەری ئەم کتێبە لێدەدەم و ئاگاداریان دەکەمەوە. ڕەنگە هەڵەیەکی تایپی بێ دەتوانین لە چاپی دووهەم­دا قەرەبووی کەینەوە، هەڵبەت بە تەرخان کردنی پەراوێزێک بۆ داوای لێبوردن لە جەنابتان.»

مونشی چاپخانە بەم­جۆرە دڵداری ئاغای ئیلخان دەداتەوە و گووشییەکە تەق دادەنێ. بەڵام کوا ئاغای ئیلخان بەو قسانە هێمن دەبێتەوە و سوکنایی بە دڵ­دا دێ؟ ئەی ئەگەر بە چاپی دووهەم نەگەییشت؟ دەبوو هەڵوێستێکی توندتری لە بەرامبەر ئەو کارەساتەدا بگرتبایە، هەرچی بێ ناوی لە مێژووی ئەدەبیاتی شارەکەی­دا نەهاتبوو بۆیە ئاغای ئیلخان بە تووڕەییەوە دەڵێ:

«یانی ئەو هەموو زەحمەت و شەونخوونییەم بوو بە هیچ؟ ئەویش بە قەڵەمی‌گەمژەیەک؟ نەء هەر ئێستا دەبێ روونی کەمەوە، هەر ئێستا.»

ئاغای ئیلخان دەست دەبا بۆ قەڵەم و سکاڵانامەیەکی دوور و درێژ بۆ نووسەری ئەو کتێبە دەنووسێ و لە کۆتاییش­دا ئاماژە بەوە دەکا کە ئەوە کتێبەکەتم خستە ناو زبڵدانەوە تا جارێکی­تر هەڵەی وا قورس­و قایم لەکەس ڕوو نەداتەوە. بەڵام نا، کاری ئاغای ئیلخان بەوانە مەیسەل نەدەبوو، تازە کار لە کاران ترازابوو. بە نووسینی نامەیەک چ دەکرا؟ دەبوو هەڵوێستێکی لەوانە توندتر بگرێ، دەبێ ناوی خۆی لە مێشكی خەڵک­دا تۆمار بکا نە لە ناو کتێبێکی تڕنەدا، بۆیە تولحی بەیانی کتێبی نووسەری گەمژە بە دەستەوە دەگرێ و دەچێتە قەرەباڵغترین شوێنی شار و لە ناوەڕاستی مەیدان یەک­بەخۆی دەگوڕێنێ:

«هۆی خەڵکینە! وەرن چاو لەو کارەساتە کەن ڕووی داوە، وەرن بزانن بە دەستی چ گەمژەیەک ناوم لە مێژووی ئەم شارەدا سڕدراوەتەوە.»

بەڵام ئاغای ئیلخان بیری لەوە نەکردبۆوە بۆ ئەوەی دونیا لەم کارەساتە ئاگادار بێ دەبێ لانیکەم دوو هەواڵنێر لە ئاژانسە جێکەوتووەکانی دەنگ­وباس لەوێ بن تا ڕووماڵی ئەو کارەساتە بکەن. خەڵکی ڕەش‌وڕووتی بازاری چووزانن چ باسە و ڕەنگە قەتیش ئەم کتێبە نەبینن. بەڵێ ئاغای ئیلخان دەبوو نووسەران و ڕووناکبیران لەو کارەساتە ئاگادار کات.

بۆیە بە تووڕەیی لە خەڵکی واق­وڕماوی ناو بازار دوور کەوتەوە و بەرەو ماڵ بوویەوە تا پلانێكی دروست و حیسابی بۆ هەڵوێستەکەی دابڕێژێ. بەیانی زوو ئاغای ئیلخان زەنگ بۆ چەند هەواڵنێری گەورە لێدەدا و شوێنی هەڵوێست گرتنەکەیان پێدەڵێ و جەخت دەکا حەتمەن سەعات پێنجی ئێوارێ بێ کەم­وزیاد لەوێ بن، وەبیریشیان دێنێتەوە کە دەبێ هەواڵەکە ڕاستەوخۆ ڕووماڵ بکەن.

سەعات پێنجی ئێوارەیە و لە ناوەڕاستی قەرەباڵغترین مەیدانی شار ئاغای ئیلخان دەیهەوێ مەزنترین هەڵوێستێک کە تا ئێستا لە هیچ شارێک ڕووی نەداوە لە خۆی نیشان دا. ئەو بە دەبەیەک نەوت و کتێبێکەوە چاوەڕوانی هەواڵنێرانە تا بێن و نیشانی دەن کە ئەم پیاوە زۆر لەوانە گەورەترە کە ناوی لە یادان­دا بشۆرێتەوە و ئەگەر کەسێکیش بیهەوێ وەها سووکایەتییەکی پێ بکا لە بەرچاوی هەموو خەڵکی کتێبکەکەی بە دەبەیەک نەوت دەکاتە خۆڵەمێش و میزی پێدا دەکا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە هەواڵنێران نییە.

ئاغای ئیلخان کە هەر وا خەریکی مەوعیزە کردنە، دەقیژێنێ و دەگوڕێنێ و بەدەستێک دەبەی نەوت نیشانی خەڵکی دەدا و بە دەستەکەی­تر کتێبەکەی ڕادەدێرێ بە هۆی تێکدانی ئاسایشی گشتی و عەمەلیاتی خۆکوژییەوە (بە گومانی خەڵکی) لە لایەن پۆلیسەوە دەست­بەسەر و ڕەوانەی بازداشتگا دەکرێ بێ ئەوەی هیچ کارێکی ئەوتۆی تا ئێستا کردبێ، بۆیە بە تووڕيییەوە دەڵێ:

«چاکتر، بۆ نووسەرێكی وەک من ئەزموونی زیندان پێویستە، بە تیرێك دوو نیشان دەپێکم، هەر لە ئێستاوە‌ مان لە خواردن دەگرم؛ هەم دەبم بەنووسەرێکی زیندان چێشتوو هەم هەڵوێستی خۆم بە دونیا ڕادەگەیەنم. ئەرێ ئەرێ بە مانگرتن ئەو کارە دەکرێ، دەبوو پێشتر بە مێشکم بگا.»

سەعات پێنجی بەیانییە و لە دوێشەوەوە ئاغای ئیلخان شەڕەفی نان خواردنی پەیدا نەکردووە یانی کەس بەلای­دا نەهاتووە تا مانگرتنی خۆی ڕاگەیەنێ و دەستی پێ­بکا. ئاغای ئیلخان لە زەینی­دا زۆر شت دێنێ و دەبا، زۆر پلانی داڕشتووە بۆ کتێبەکانی داهاتووی؛ دەکرێ دوای ئازاد بوونی ئەزموونی زیندان و ئەشکەنجەکانی بنووسێتەوە، دەکرێ باس لە مان گرتنەکانی بکات و باس لە ژووری تاکەکەسی و‌هاوڕێیانی زیندانی بکا، ئەو دەیزانی هەموو ئەوانەی بە سەر دێ و دەبێ خۆی بۆ ئامادە کا.

بەڵام سەعات حەوتی بەیانی ئاغای ئیلخان بێ هیچ لێپرسینەوە و دادگایی کرانێک تاقە تەعەهودێكی پێ ئیمزا دەکرێ و ئازاد دەبێ. نەدەبوو وا بوایە، کۆشکی خەیاڵی ئاغای ئیلخان دا­ڕما. تۆمەز تەواوی دونیا دەستیان داوەتە دەستی یەک و دژی ئەو پیاوە هەستاون و نایانهەوێ ناوی لە ناوان دا بێ. ئەو دەبوو لانیکەم ساڵێك لە زیندان بوایە. ئاغای ئیلخان بە نێوچاوانێکی گرژومۆنەوە بەرەو ماڵێ گەڕاوە تا بۆ هەمیشە دەست لە نووسین هەڵگرێ و خۆی لە عالەم تەریک کاتەوە تا بمرێ، بمرێ!؟ ئەوەتا دۆزییەوە. بیری خۆکوشتن لەو ساتەدا وەک شارە مێروولە مێشكی ئاغای ئیلخانی ورووژاند.

«ڕاست­ خۆیەتی، ئەرێ ئەرێ خۆیەتی، خۆکوشتنێكی پاک و خاوێن، هەواڵەکەی وەک بۆمب لە دونیادا دەتەقێتەوە، بە مردن نەبێ ئەو خەڵکە تێناگەن چ بلیمەتێکیان لە دەست داوە. تێیهەڵدە لە ژیان، بۆ چیمە؟ من چیم لەو هەموو کەڵەنووسەرە کەمترە؟ هەمینگوای، هیدایەت، دوبوار، براتیگان و کێ­وکێ، هیچ؛ بێ­گومان ئەگەر زیاتر نەبم کەمتر نیم. ئەودەم قەدری نووسراوەکانم دەزانن ئەو دەمە قەتارقەتار سەف بۆ کتێبەکانم دەگرن. ئەرێ ئەرێ هەوە، خۆیەتی.»

ئاغای ئیلخان بە چەقەنەلێدان و کەیف­خۆشییەوە گەییشتەوە ماڵێ تا لیستێك لە جۆرەکانی خۆکوشتن ئامادە کا و جیاوازترینیان هەڵبژێرێ، خۆکوژییەک کە تا ئێستا هیچ نووسەرێک پێش ئەو نەیکردووە، دەیوست بەو جۆرە ناوی خۆی لە دونیادا تۆمار کا.

١-تفەنگەکە دەخەمە‌ ناو دممەوه ‌و هەر لە دەرگای ژوورەکەمیان دا تەق دەیتەقێنمەوە.

٢-دەچم بۆ حەمام دووشێکی گەرم دەگرم پاشان ڕیش و سمێڵم شەش تیغ دەکەم و باشترین کۆت و شەڵوارم لەبەر دەکەم‌ و شێری گازەکە بەردەدەمەوە و لە ناو جێدا شاهانە دەمرم.

٣-تەنافێک بە ‌بن­میچەوە هەڵدەواسم، پاشان وەسیەت­نامەیەک دەنووسم بێ ئیمزا، دوایی دەچمە سەر چوارپایەکە و کۆتایی بەو ژیانە گەندەڵە دێنم.

٤-هەر لە ناو جێ­دا چەند حوبی خەو دەخۆم و هیچ ئاسەوارێک بەجێ ناهێڵم، ئاوا بێدەنگ­ترین و خۆشترین مەرگی دونیا هی من دەبێ.

٥-دەچمە سەر پردێ و لەوێیە خۆم فڕێ دەدەمە خوارێ تا تێکەڵ رووبارێک بم و لەگەڵ خۆی بمبا و شار بە شار لە جەستەم بگەرێن، یان ئەوپەڕی ببمە خۆراکی ماسی و قرژاڵ.

٦-زەنگ بۆ چەند رۆژنامەنووس و هەواڵنێری بەناوبانگ لێدەدەم و دەچمە ناوەڕاستی قەرەباڵغترین شوێنی شار و بە دەبەیەک بێنزین کۆتایی بە ژیانی خۆم دێنم و ناوم نەمر دەکەم.

پەڕاوێز:

* لەبەر ئەوەی من تفەنگم نییە و ئەساسەن لەم وڵاتەدا هەڵگرتنی تفەنگ قەدەغەیە و لە هەمووی گرینگتریش براتیگان و هەمینگوای و رۆمەن­گاری بە تفەنگ خۆیان کوشتووە، ئەو شێوەیەم پێ جیاواز نییە و لە بیر خۆمی‌دەبەمەوە.

* سادقی هیدایەتیش بە گاز خۆی خنکاندووە، ئەی جیاوازی من و ئەو دەبێ لە چی­دا خۆ بنوێنێ؟ نانا ئەوەش رێگە چارەیەکی باش نییە.

* وەسیەت­نامەی چی ­و شتی ­چی، من دڵنیام هیچ­کەس دوای سەد ساڵی­کەش تەقە لە درگام هەڵناستێنێ و مشک و مێروو وسیەتنامەم دەخۆن و ئاسەوارم تەنیا بڕێک ئێسک­وپرووسکە، تازە یەسنینی شاعیریش خۆی هەڵواسیبوو، کەوایە ئەوەش با بڕوا.

* قورسی خەوم بە دڵە لە بەر ئەوەی هەم پێشتریش لە بەر بێخەوی زۆرم دەخوارد و هەمیش لەوە ناچێ ئازارێکی بێ. فەقەت کێشەیەکی چکۆلە هەیە ئەویش ئەوەیە ئۆکتاگاوا و زۆر نووسەری­کە لەو فێڵە کەڵکیان وەرگرتووە و لەتام چۆتە دەرێ. دەبێ نووسەرێکی وەک من تەنانەت مردنەکەشی نوێگەرانە و پڕ لە ئیدەی تازە بێت، نانا نابمە ڕێبواری ڕێی هەر نووسەرێک با ئۆکتاگاواش بێت.

* ئێستا کە چاو لێ­دەکەم دەبینم ویرجینیا وۆڵفیش خۆی خستۆتە چۆمەوە تەنیا جیاوازی من و ئەو ڕەنگە لەوەدا بێ ئەو ژنێک بوو من پیاو، بەڵام ئەوە بیانوویەکی بەهێز نییە، تازە لەو چۆمە بۆگەنەدا کە ئاوەکەی تا سەر ئەژنۆ نایە نە ماسی و قرژاڵی تێدایە بمخوا، نە کەسیش بێزی دێ لاقی تێخا دەرمبێنێتەوە، نانا.

* خۆسووتاندنم پێ­باشە هەرچەند زیاتر لە کارێکی ژنانە دەچێت تا ڕووناکبیرانە بەڵام لەوە دەچێ هیچ نووسەرێکی بەناوبانگ ئەم شێوەیەی هەڵنەبژاردبێ. دیارە لەبەر ئەوەی هەموو کەس زاتی ئەو کارەی نییە و هەموو کەسیش وەک من سووکایەتی پێ­نەکراوە. مردن بە ئاور دژوارترین و پڕبایەخترین کارێکە کەسێک دەتوانێ بیکا. تەنانەت لە کتێبی پیرۆزیش­دا مرۆڤەکان بە ئاور دەترسێنن، کەواتە پیرۆز بێ لە خۆم کە دەبم بە سەرقافڵەی ئەم ڕێیە و ڕێگەم پڕ ڕێبوار و ناوم رووی لە هەرمان. هەڵبەت لەبیرم نەچێ دەبێ تەواو تەواو ببم بە خەڵووز، لەشێكی دزێو و بۆگەن بۆ خەڵکی بەجێ نەهێڵم کە بێزیشیان نەیە چاوم لێ کەن، دەبێ ببم بە خۆڵەمێش و با لە گەڵ خۆی هەڵمگرێ و بمبا بە سەر تەواوی جیهان­دا بڵاوم کاتەوە، دەبێ ببم بە هەوێنی چیرۆک و شێعری سەدان شاعیر و نووسەری لاو.

ئاغای ئیلخان بەو جۆرە لیستەکەی کۆتایی پێ‌هێنا و خۆسووتاندنی وەک دوایین ڕێگە چارە هەڵبژارد و بڕیاری­دا بەیانی زوو هەر لەو شوێنەی وا ویستی کتێبی نووسەرێکی گەمژە بسووتێنێ خۆی ئاور تێبەردا و بەو جۆرە ناوی بۆ هەمیشە لە دڵ و مێشکی خەڵک­دا بچەسپێنێ. «ڕەنگە هەر لەوێش پەیکەرێکم بۆ چێ کەن.»

بەیانی سەعات دە ئاغای ئیلخان لە بەر چاوی حەشامەتێکی زۆر دەبەیەک نەوتی بە خۆی­دا کرد و بەرلەوەی فریا بکەوێ ئاگر لە جەستەی خۆی بەردا لە لایەن پۆلیسەوە دەست­بەسەر کرا و دوای چەند پرسیار ڕەوانەی نەخۆشخانە و لەوێشەوە بەرەو تیمارستان بەڕێ کرا. ئێستا ئاغای ئیلخان لە سەر کورسییەک دانیشتووە و بە زەبری دەوا و دەرمان و بە‌هاوکاری چەند پەرەستار وردەوردە وەبیری دێتەوە ناوی ڕەنگە سڵەمان­خان بێ و ماوەی سێ ساڵە تووشی نەخۆشی پاڕانۆیا بووە.

 

ئه‌نوه‌ر عه‌ره‌ب

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

شانزده − سیزده =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..