دوشنبه , ۲۶ آذر ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / هەڵوەدایەک راخە خەزەڵوەر لە پالتۆکەم ئەڕژێ /کەماڵ ئەمینی   

هەڵوەدایەک راخە خەزەڵوەر لە پالتۆکەم ئەڕژێ /کەماڵ ئەمینی   

woman-with-book-1932

[دڵتەنگییەکانی تۆزگرتووی ژنێک لە بەردەم قاپە عەکسێکا]    

:

 ” لەوپەڕی خەزەڵوەرەکانی چاوتەوە 

هاشوورێکە لە پەشیمانی

کە من لە باشوورمەوە      پاییز

کە تا-ی ئەم مەودایە کردەیەکە وەک کەوتن

تایەک لەرووبەری  هەرگیز و          هەمیشە

تایەکی تر لە من نغرۆی غوربەتێکی ئێوارەیی

لە چاوتا -هیچ وەک خۆی

لە قژتا‌هارو‌هاجییەکانی” با” – لە جەستەتدا    دەستم”

       ◊

  [پیاوێکی دوور لە جنسی خەیاڵ و فەرامۆشی]                                     

 

خانم تۆزی قاپەکەم نیگەرانتە یان دیوار پەنای دڵتەنگییەکانت ناگرێ

پڕ سەیرم ئەکەی گوایە گلەیی

 کە زەرەری باوەشتم یان بە سەر ناومەوە شوورەییت

کە دوورتم و دەستم خاڵی لە گەیشتن                

ئەوەتا لە جنسی دڵتەنگییەکانی زەرد و نارنجی

شێعرێک داوەرێم    پەنجە پەنجە

یان دابەزم وەک گەڵایەک ماندووتر لەچورێ ئاخری باران و

هەرچی دەرخت و مرەختە

    ◊

من بەشێکم زەرەرێکە لە هەوا

بەشێکیتر لە          مردن

وەسە نیشانەی پرسیارێک لە بەردەم با و دێڕکی      بێ مانا

بەشێکم مابوو بەخشیم بە خاک

تۆ نغرۆی کڵاو

پارک پڕ ئەکەی لە پیاسەی پالتۆیەکی     ئارام

کە خەزەڵوەر رژاوەتە ئێوارەیەوە

کە هەڵوەدایەک راخەی تا هەیە         هەر منم

پایز بە پێوە جگەرەیەکە و خەیاڵ

دانیشە

چایەک بخۆ

خەزەڵوەر دانیشتانە

 مودلێکی سیگارییە بۆتابلۆی هەڵوەدا

بڕوانە  بۆ دەستەکانت

خاڵی ترن لە پیاوێکی سەردخانەیی و     ئەولاتر

تەرمێک کە بێ گومانە لە فەرامۆشی

هەستە پاییز پێوە دە

پیاوێک ئاوێتەی تەنیاییتە

پیاوێک رووداوێکی تازەیە

پیاوێک بێ شەرمانە رووتت ئەکاتەوە لە من و

باشوورییەکانی دەستم وخەڵوەتەکانی لیمۆییت

بەم حاڵەوە

سەر پەنجەکانم خاترەی دووریت ئەکزێنەوە

پڕن لە ئێرە و ئێرەیی

ئێرەیەک چۆڵ لە شێتییەکانی من

چۆڵتر لە هەناسەی شاعیریم و دڵەراوکێی نیشتمان

   ◊

لە کونجی لای چەپی خۆتەوە رکت کردووە

لە هەرچی دەستی راستە کە    دەستدان

بڕێجار هەڵەیەکی هەمیشەییە لە قەوارەی دڵتەنگی

پەنجەرە وەک بکرێتەوە بەرەو هەوا وهیچ

من هەرچی چوار شەمۆ بوو تەعتیلم کرد

وەک مردن کە پڕە لە هەینی

هەر کاتێ ئەڵێم هەینی

بیرم ئەکەوێتەوە  لە ئێوارەی کێو تەنیاترم

 

تر لە جوغرافیایەکی تەم گرتوو تا سنوورەکانی خەێالێک لە جنسی پەژموردەیی        سەرشار

تر لە سەرەرۆیی مردنە رۆژانەییەکان  و رشانەوەی خۆرەتاو و موزاییکەکان          وێران

گۆرستانێک لە شار تا داهۆلترین رۆژنامە    زەردتر

رووبەرێ لە هەوەسترین گرێ‌هاوتەریبی  وشترترین بیاوان  و ئەخلاقی خورما

دەرفەتێک بۆ ئێوارەکانی ترامادۆل و بێ پەنجەرەیی سەرگەردانییەکان

یان مێژوویەک نەگبەتی و مۆزەخانەیەک رادیۆیی سەرشاری شانازی وترسێکی فاڵش قەوارەی یەک لە سێ 

رێک وەکوو مەترسی تەور لە درەختدا تا دوور

   ◊

دوور   یانی    کەوتن

لە حافزەی گەرۆڵی پارک وەک گەڵا

کەس نەیزانی کەوتن خەسڵەتی خاک بوو یان شعووری ئوتووبان

من ئەوەتا نغرۆی هەڵوەدایی وئیرەیی بردنم

بە گمە گمی‌بەیانییەکانی قوتابی و مەدرەسە

بە نیوەرۆی تەمەڵی دەوام

بە ئێوارەی پیاسەیەیکی ئارام

 ئێرەیی ئەبەم بە تای تەنیایی شەوانەت

بەتایەک کە دەستت ئەگرێ

 جووتت ئەکا بێ من

لەوانەیە ئێرەیی بەم گڵۆپی نووستنی ژوورەکەت

بە کزەی ساردی درزی پەنجەرە

بە مەلافە و بە چکۆلەکەکانی بەیانی

کە هێشتا بێ من چۆلەکەن

   ◊

هەستە دوگمەکانت پێوەدە

کەمێ بیرم بکەوە

  ئەو کاتەم وێنا کە هەناسەکانم بەخشی بە کێو

غەڵتان بووم لە دووریتا  سوور

نەعرەتەی گەرووم مەیلۆ بێدەنگی

خرۆشی دەمارەکانم خاڵی

بەرد نازی ئەکێشام و

با دەستی ئەبردە ناو قژم و

خۆر سەرمی‌ئەشێلا

تا تەواو  تۆ خۆش

خۆ من نەماوم وەتەن ! پارکەکانی تۆ خۆش

 

لەبیرتە؟

من چوار جار کەوشەکانەم پڕ بوون لە خوێن

یەکەم جار کە بەبرێک لە غوربەتدا بە فیشەکێ پشکووت  وەک ئەرخەوان

دووەم جار کە فیشەکێ لە پێمەوە هەناسەکانمی‌دزی

سێیەم جار شەو بوو

تۆ بوویت و کەسێ تر

پڵنگەکانی پێخەفەکەتی خرۆشان

من نەبووم

گلەییم نیە جگە لە خۆم وجەرگێکی گڕ

ئەوەتا هیشتا لەیادمی

هێشتا هەندێ شیعرم لە بەرە

 لە جنسی تۆن کە گەرم

لەچەن شاعیری هەڵوەدایی کە هەوا

بە دەم پیاسەتەوە گوێم دەیە تا کافە و قاوە

یەکەمیان من بووم لە یەکەم نیگا دانووسیم:

(شارێ بۆ تۆ خەڵوەتە خانم

شەقامێ بۆ تۆ حەسرەتە

کە ئاراستەی نیگات

مەیلۆ خۆرهەڵاتی بەختەوەریم ئەچێ

وریژەی بەشێکمە لە بەشێکی ترما

پێت خۆش بوو دابەشترم کە خانم

لە بەینی خۆت و خەیاڵەتا

بەڵام خوات بێ

دەستم بگرە

وەتنم کە لە کراسەکەتا 

بەردەوامم کە بە بۆنتەوە

” وەختی بەند یی و ئەسارەت وام بە کۆتی خۆتەوە”)

 

 تەنیاییم پڕە لە تاڵی قاوەکەت خانم

 گوێبگرە بۆدووەم شێعرکە من بووم بە نەعرەتەی خیرەت وفڕینی پەپوولە وسێحری خاک:

(سەنگەر هەی سەنگەر قەتارەی گولە

رۆژێ دێمەوە لە سەر ئەو ملە

“ماڵێکت بۆ بکەم” لە ناو خاکی خۆت”

شاقامێ خۆشی بێ خۆف و بێ کۆت

 پەڕ تا پەڕی حەوش هەنار و عەرعەر

“پەنجەرەی لە سیم کۆڵەکەی لە زەڕ”

چوارتەنیشتەکەت کەمە سەیرانگات

قاڵی ئەرخەوان بخەمە ژێر پات)

 

ئەوەنە کلاسیک بووم کە پڕ بووم لە کێشە وکلیشە

ساعەتێکە قسەت بۆ ئەکەم بێ مروەت

نەگوێم لێ ئەگری نە فاڵێکی قاوە ئەگریتەوە بۆ نەبوونم و ئەگەرێکی پڕلە  سێو

لانی کەم جگەرەیەک بە بە دووریمەوە  پێاوێکی شەوانە ببیستە وەک رابردوو

 ( خانم داوێکم بۆ داخە داخم کات

   بمگرێتەوە لە پەنجەکانی مردن

   دەستم فێر کەم بە زمانی با

    لە قژەکانتا پەرێشان

 شەوێکتم پێ بسپێرە

 ژوورێک  تەنگ کردن  

 خەڵوەتێکم بۆ رووت کەوە  

                      بە رووا کەوە      

گرێیەک هەڵخستن دەریایی لە لێو

لەنگەرت  گرتن  ئارام  وەکو کێو

پڵنگەکان وەحشی

خەمڵاندن لە گەرم 

تەنیاییم لێوانلێوکردن لە نەرم

بە تانو پۆتەوە  لەخۆتا دارمکە

خۆ وتم خانم وەرە

لارمکە)

  ◊

[پیاوێک دوورترلە خەیاڵ]

   : هەی‌هاورێ لە کوێی

    لەگەڵ کێی؟

    یان وا ئەزانی کێی  

    تۆ ئەوەنە مردووی کە رابردووتری

    من وەک ئەوەنە دوورم کە فەرامۆش

:   یانی سووچێکی بچووک لە خاترەی شوێکیش

    یان نیم وەک قاپە عەکسێک هەناسە

      یان بە دیوارە دروشم

      یان ناوێک لە مێژوویەکی خۆڵەمێشی

:     با ‌هاورێ

      هەندێ جار

لە هەندسەی قسەدا تیترێکی گەورەی لە مەسیری ئەمبەر مەسیرتەوە پەیکەرێکی لە حەسرەتی خۆت ، شەقام تێراوە لە سێو  وبۆنی نەوت لە عەتری کچ خەڵەتێن ،بە داوێنی شاخەوە پارک خەڵوتێکی خۆش ، کە مێزاندن بە هەر شوێنێکەوە توالێت، کە میڕاندن بە کازینۆە شار، گویچکە لە بیستنت فاڵش وەک کەمانێک زێ براو، چاو تا بڕ ئەکا هەر نیت وەک خودی نەبوون.پێویستی هەندێجار بۆ مووچە و کاسپی هەندێ جار بۆ مەشرووعیەتی کورسی .ناوێکی گەورەی بۆ سنوورەکانی هەڵخەڵتان ، داوێکی سەیری سەرەتای بەرنامەکان

بەس خەمت نەبێ لە درەخت بپرسی ئەتناسێتەوە  سەوز ،لە بەرد بپرسی بۆت ئەگری سوور، لە با بپرسی ئەلوورێنێ  لە خاک بپرسی شەرم ئەکا لێت لە زمان بپرسی نایەتە گۆ ئەمەنە شیعری پڵنگ بە ناوتەوە ناچێتە خەو ،تۆ بخەوە ئارام بە

وا بزانە شار بە ناوتەوە ئارامتر

 

 —————————————————————

فەرهەنگۆک:

پەشیمانی: وەسە سەندەلی کە ناچارە لە دانیشتن (جیاوازییەکی وەهای لەگەڵ کەوتن نییە)

غوربەت: سیفەتێکە بۆ تێگەیشتن

خەزەڵوەر: سەرەتای ساڵێ شاعیرە

شەهید : وشەیەکی یۆنانییە (لەم شێعرەدا بە چەن مانا بە کار براوە وەک هەوا ، درەخت ، فەرامۆشی ومووچە)

پارک : واتە ئاسوودەیی  شەقام پاش مردنەکانی چوارێیان و پاساژەکان

پڵنگ: لە قامووسی کۆندا زاراوەیەکی سەربازی بوو ئێستا لە گوتاری خەوتن دا بە کاردەبرێت

کێشە: ئەم وشە هەر لە خۆیەوە دروست بووە مادامێ وەها شتێکمان نییە

تێبینی:

۱-” ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و..” شیعری سەردەمی‌پیریمە کە لێرەش‌هاتووە بەڵام بە داخەوە لێمیان دزیوە

۲- لە شیعری” هەڵوەدایەک راخە…” کەس پالتۆی لەبەر نەبوو بێجگە شاعیر کەسیش هەڵوەدا نەبوو بێجگە خوێن و خوێنەر

۳-هەندێ لە وشەکان وەک غوربەت ، حافزەی گەرۆڵ، ترامادۆل  و ترس و…هی چەن وڵات لەکیشوەری ئەفریقای باشوورن  

 کەماڵ ئەمینی   

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

پنج × پنج =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..