چهارشنبه , ۳۰ خرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / وتووێژ له‌گه‌ڵ دوکتۆر کاوه ده‌ستووره؛وه‌رگێڕی مێژووی سێکسوالیته(له فه‌ره‌نسییه‌وه به کوردی)

وتووێژ له‌گه‌ڵ دوکتۆر کاوه ده‌ستووره؛وه‌رگێڕی مێژووی سێکسوالیته(له فه‌ره‌نسییه‌وه به کوردی)

«پرسیار ئه‌وه‌یه، چ په‌یوه‌ندییه‌کی مێژوویی له‌نێوان ده‌سه‌ڵات، دانایی و چێژدا هه‌بووه که ئه‌مڕۆ بووه‌ته پێکهێنه‌ری گوتاری سێکسوالیته‌ی مرۆیی؟ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، بژارده ئه‌وه نییه که ئایا ده‌بێت به سێکس بڵێن ئه‌رێ یان نا، یا خود ئایا ئه‌و وشانه‌ی بۆ ئاماژه‌پێدانی به‌کار دێن، ته‌مێ ده‌کرێن یان نا؛ رێکاری سه‌ره‌کی سه‌رنج خستنه‌سه‌ر ئه‌و راستییه‌یه، که بۆ ئه‌وه‌نده له‌باره‌یه‌وه قسه ده‌کرێت، سه‌رنج خستنه سه‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که له‌باره‌یه‌وه ده‌دوێت، سه‌ر ئه‌و شوێن و روانگانه‌ی لێیانه‌وه قسه ده‌کرێن، سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی‌هانی قسه‌کردن ده‌ده‌ن بۆی.»؛

ئاماژه: ئه‌مه کورته‌نووسراوه‌ی سه‌ربه‌رگی یه‌که‌می‌مێژووی سێکسوالیته(ویستی دانایی) له نووسینی میشل‌ فۆکۆ بیرمه‌ندی فه‌ره‌نسی(۱۹۲۶-۱۹۸۴)یه که له کۆی سێ به‌رگدا له ساڵه‌کانی (۱۹۷۶ تا ۱۹۸۴) به زمانی فه‌ره‌نسی نووسراوه. ئه‌م به‌رهه‌مه که خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی تایبه‌ت له مێژووی بیروهزری رۆژئاوادایه، بۆ یه‌که‌م‌ جار له لایه‌ن دوکتۆر کاوه ده‌ستووره، کۆمه‌ڵناس و توێژه‌ری کورد وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و  له‌هاوینی ۲۰۱۷ی زایینی له لایه‌ن ناوه‌ندی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌ندێشه له باشووری کوردستان/سلێمانی چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه. بۆ ناساندنی پێگه‌ و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ و هه‌روه‌ها تێزه ‌سه‌ره‌کییه‌کانی فۆکۆ له‌م کتێبه‌دا وتووێژێک له‌گه‌ڵ وه‌رگێڕی ئه‌م به‌رهه‌مه چێ کراوه و لایه‌نه جیاوازه‌کانی بۆچوونه‌کانی فۆکۆ له‌م کتێبه‌دا خراوه‌ته به‌ر تیشکی ره‌خنه و هه‌ڵسه‌نگاندن. ئه‌م وتووێژه له لایه‌ن دوکتۆر مه‌سعوود بینه‌نده ساز دراوه و بۆ ماڵپه‌ڕی ئاماژه هه‌نارده کراوه.

 

۱- تکایه سه‌ره‌تا خۆتان بناسێنن و کورته‌یه‌ک له به‌رهه‌م و چالاکییه‌کانتان باس بکه‌ن.

– من خوێندنم زۆرتر کۆمەڵناسی بووە. خاوەنی ماستەری کۆمەڵناسیم لە زانکۆی تاران. لە پاریسی ٥ لە کۆمەڵناسی تیۆری ماستەرێکی دیکەم وەرگرتووە لە “کۆمەڵناسی کۆمەڵگا ئەوروپیەکان”. تێزی دوکتۆراکەم لە سەر بەرهەمەکانی فوکۆ بووە، لە سەر هزری کۆمەڵایەتی لە کۆی کارەکانیدا. پلەی زانستی “پرۆفسیۆری یاریدەدەرم” لە فەلسەفەدا هەیە، لە وەزارەتی خوێندنی باڵای فەڕانسا. ٢ ساڵ لە زانکۆکانی پاریس مامۆستا بووم و چەند ساڵێکیشە لە زانکۆکانی هەرێمی‌کوردستان وانە دەڵێمەوە.

جگە لە ووتارە ئاکادیمیەکان، خاوەنی دوو پەرتووکم بە زمانی فەڕانسی. یەکەمیان: “بەرەو کۆمەڵناسیەکی فوکۆیی؛ یەکگرتنەوەی سوبژەکتیڤاسیون و ئۆبژێکتیڤاسیون“. دووەمیان: “گرفتی بەردەوامی‌و نابەردەوامی‌مێژوویی“. جگە لە چەند وتار و توێژینەوەیەک، وەرگێڕانی ئەم سێ بەرگەی “مێژووی سێکسوالیتە” یەکەم کارەکانمن بە کوردی.

ئێستایش بە پرۆژەیەکی فکریەوە مەشغووڵم لە ژێر ناوی “مێژووی ئاکار و ڕەوشت لە کوردستان”. کە یەک تا دوو ساڵی دیکە دەکەوێتە بەر دیدی خوێنەران.  

۲- وه‌ک د‌ه‌زانین له کتێبخانه‌ی کوردیدا لاوازییه‌کی به‌رچاو ده‌بیندرێ سه‌باره‌ت به وه‌رگێڕانی به‌رهه‌مه سه‌ره‌کییه‌کانی بواره جیاوازه‌کانی هزر و فه‌لسه‌فه و زانسته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ سه‌ر زمانی کوردی، که‌وایه وه‌رگێڕانی هه‌ر به‌رهه‌مێکی بیانی بێگومان بنه‌مای لاوازی کتێبخانه‌ی کوردی پته‌و‌ و به‌هێز ده‌کات، به‌ڵام چۆن بوو که له کۆی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی فه‌ره‌نسا ئاوڕتان له فۆکۆ دایه‌وه و هه‌روه‌تر بۆچی له خه‌رمانی به‌ربڵاوی به‌رهه‌مه‌کانی فۆکۆدا، له “مێژووی سێکسواڵیته‌”وه- که بێگومان به‌رهه‌مێکی گرنگ و کاریگه‌ره- ده‌ستان پێکرد؟

بە نسبەت پرسیاری یەکەم؛ حەزم لە وەرگێڕانی فوکۆ کرد، چوونکا یەک لەو بیرمەندانەیە کە لە ڕۆژئاوادا زیاتر لە هەمووان حەزم لە کارەکانی بووە. دواتر، تا ڕادەیەک ئاشناییم هەیە لەسەر کۆی کارەکانی، بە تایبەت مێژووی سێکسوالیتە، کە هەر لە نامەی ماستەری دووەمم لە پاریس‌هاتاکوو نامەی تێزەکەم خۆم پێوە مەشغووڵ کردووە و لە هەموو کارەکانیشمدا کەڵکم لێ وەرگرتووە.

بە نسبەت پرسیاری دووەمیش کە بۆ لە کۆی کارەکانی مێژووی سێکسوالیتەم وەرگێڕاوە؟ ئەم زنجیرە کتێبە کە چیرۆکێکی تایبەتی هەیە و گرفتی فکری زۆریشی بۆ خوێنەرانی دروست کردووە، لە ڕاستیدا وەک پێشەکی یان با بڵێم وەک دەلاقەیەک وان بۆ زۆرێک لە کارەکانی فوکۆ. بەرگی یەکەمی‌کە لە ساڵی ١٩٧٦ بڵاوبووەتەوە دەروازەیەکی باشە بۆ خوێندنەوەی داڕشتنە تازەکانی فوکۆ لە هەندێ چەمک و تێگە وەک دەسەڵات، سیاسەت، ژین-دەسەڵات، ژین-سیاسەت، هتد. وەک دەزانن ئەم تێگەیشتنە تازانەی فوکۆ وەک شوڕشێک دەژمێردرێن لەم بوارانەدا و کاریگەری زۆر بەرچاویان هەبووە بەسەر زۆرێک لە بیرمەندە‌هاوچەرخە فەڕانسی و ڕۆژئاواییەکان. ئەوانەیش کە خوێندنەوەی تریان بۆ ئەم بابەتانە بووە، نەیانتوانیە فوکۆ فەرامۆش بکەن و زەحمەتێکی زۆریان داوە بە خۆیان بۆ بەرپرچدانەوەی فوکۆ. ئەم بەرگە سەرەتای هەرچی کارە کە ئەمڕۆ ناوی ژین-سیاسەت، ژین-دەسەڵات، ڕوداو، هتدە. بەرگی دووەم و سێیەم کە بە ٨ ساڵ تەخیرەوە لە ساڵی ١٩٨٤ بڵاوبووەتەوە، پێشەکیە بۆ زۆرێک لە کارەکانی دیکە فوکۆ کە لە ساڵی ١٩٨٠ بەولاوە بوون بە وانەکانی کۆلێژ دوو فرانسی فوکۆ. من زیاد لە هەموو شتێک حەزم لەم کارانەیەتی. لەم دوو بەرهەمەدا تێگەیشتنێکی تازە لە هەندێ چەمک وەک ئاکار، ڕەوشت، کولتوری خود، مێژووی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی و هتد، دردەکەوون.

زیاد لەمانە حەزم لێیە لەم ڕێگەیەوە خاڵێکی دیکە زیاد بکەم کە بەش خۆی‌هاندەرم بووە. ئەویش لە ڕاستیدا بێزاری و بێتاقەتیە لە زۆرێک لەو وەرگێڕانانەی کە ئەمڕۆ لە کتێبخانەی کوردیدا بەرچاو دەکەوون. بەداخەوە، زۆرینەی وەرگێڕانەکان لە فارسی و عەرەبیەوەن، ئیتر کوایتی کارەکان دادەنێم بۆ باسێکی دیکە. بەڵام هەر ئەمە وای کردووە کە زمانی فکری لەگەڵ زمانی کوردیدا زمانێکی غەریب بنوێنێت. کە لە ڕاستیدا پێچەوانەکەی ڕاستە. تەنانەت هەندێجار، هەندێک وەرگێڕان بەرچاو دەکەوون کە بۆ خۆیان وەرگێڕانی دووەمن. یانی بۆ نمونە کتێبێک لە فەرانسی یان ئاڵمانیەوە کراوە بە ئینگلیزی. دواتر هەر ئەمە کراوە بە فارسی یان عەرەبی و بەداخەوە هەر ئەمەیش کراوە بە کوردی. جگە لەمانە، زۆرێک لە بنەماکانی وەرگێڕان لەم وەرگێڕانانەدا بەرچاو ناکەوون. کۆی ئەمانە‌هاندەرم بوون بۆ خۆ ماندووکردنم بەم زنجیرە کتێبەوە بۆ چوار ساڵ.

۳- هه‌ندێ له ره‌خنه‌گران پێیان وایه روانینی فۆکۆ بۆ پرسی سێکسوالیته به‌و چه‌شنه‌ی که گشتێتییه‌ک له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و دیارده‌یه‌دا ده‌بینێت و پێی وایه هه‌موو شارستانێتی رۆژئاوا جه‌ختێ زۆر و به‌رفراوانی له‌سه‌ر چێژی جینسی و جه‌سته‌یی کردووه، ناتوانێ بڕیارێکی وه‌به‌رگر بۆ هه‌موو قۆناغێکی مێژوویی و هه‌روه‌ها بۆ هه‌موو به‌شه‌کانی جیهان بێت؟ تا چه‌ند ئه‌م ره‌خنه‌یه که به‌ره‌وڕووی مێژووی سێکسوالیته‌ی فۆکۆ ده‌بێته‌وه ده‌توانێ لایه‌نێ راست و به‌جێی هه‌بێت؟

ئەگەر من یەکەم پێناسە لە کاری فوکۆ بدەم، نە لە ناو هیچ قوتابخانەیەکدا دایدەنێم، نە دەیکەم بە لایەنگری هیچ کەسێک، نە گشتبینیەکیش دەخەمە پاڵ هیچ کام لە کارەکانی. بۆ من، فوکۆ پراکتیکی بیر و هزرێک دەکات کە پراکتیکی تاقانەبینی دیاردەکانە. لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا کە مێژووی سێکسوالیتە زنجیرەیەک پەرتووکە، بەڵام هەرکامیان بە ڕوانگەیەک و بە پێی مێتۆدۆلۆژیەکی جیاواز بەرهەم‌هاتووە. لە بەرگی یەکەمدا کە مێژووی سەردەمی‌مۆدێرنە، سێکسوالیتە لە دەلاقەی دانایی و دەسەڵاتەوە دەبینرێت. بەرگی دووەم و سێیەم لەسەر یۆنان و ڕۆمی‌کۆن، بە پێی ئەزموونی ئاکار و ڕەوشت نووسراوەتەوە. بڕیار بوو ئەم کارە پەرتووکی چوارەمیشی هەبێت کە ئەزموونی کریستیانیە، کە کۆچی ناوەختەی فوکۆ ئەو بەختەی لە خوێنەران سەندەوە تا بە جوانی ببینرێت چی لە خەیاڵیدا هەبووە. بەڵام مەزەندە دەکرێت کە ئەگەر ئەم بەرگە دەرکەوتایە، لە هەردوو ئەزموونەکەی دیکە جیاوازتر دەبوو. بۆ خۆی لە چەند دیدارێکدا ئاماژە دەکات کە سێکسوالیتەی کریستیانی لە خانەی ئەزموونی گۆشت و جەستەدا دەبینرێتەوە.

بە خوێندنەوەی ئەم مێژووە بۆمان دەردەکەوێت کە تەنانەت لە هەرکام لەم سەردەمانەیشدا هیچکام لەم تێگانە وەک دیاردەیەکی گشتگیر نابینرێن. لە سەردەمی‌مۆدێرندا “داڕشتەی سێکسوالیتە تەڕاتێن دەکات“، بەڵام تێگەکانی دیکە جێگای خۆیان هەر هەیە.

لە بەرگی یەکەمدا فوکۆ جیاوازیەک دەکاتەوە لە نێوان سێکسوالیتەی مۆدێرنی ڕۆژئاوایی و ئەوەی ڕۆژهەڵاتی، و بە حەسرەتەوە باس لە ئەزموونی ڕۆژئاوایی (ئاسیایی) دەکات. بۆیە هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن نابێت لای فوکۆ بە دوای گشتبینیەوە بین. 

بۆیە دەبێت ئەوە بزانین کە نابێت کەسێک بە خوێندنەوەی مێژووی سێکسوالیتەی فوکۆ چاوەڕوان بێت مێژووی سێکسوالیتەی کوردستان یان شوێنێکی تر بخوێنێتەوە. سێکسوالیتە وەک “داڕشتە[۱]” ئەزموونێکە تایبەت و تاقانە. دەبێت خۆ لابدرێت لە گشتگری درۆینە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نیە کە گشتگری[۲] لای فوکۆ مانای نیە. گشتگری بوونی هەیە بەڵام تەنها بە شێوەی دیاردەی مێژوویی، کە بە پێی سەردەمەکان دەگۆڕدرێت؛ هەر سەردەمێک، دیاردە، ڕاستی و حەقیقەتی خۆی بە شێوەیەک دەنوێنێت کە جیاوازە لە سەردەمەکانی دیکە. جا بۆیە هەر دیاردەیەکی مێژوویی هەرچەندیش گشتگیر خۆی بنوێنێت، دەبێت تەنها وەک ئەزموونێک بخوێنرێتەوە، وەک شتێکی تاقانە. بۆیە تێپەڕبوون کات و گۆڕانگری دیاردەکان بەپێی شوێن و کولتوورەکان، ئەم گشتگریە خاو دەکەنەوە.

۴- بودریار له ره‌خنه‌یه‌کدا که به‌ره‌وڕووی فۆکۆی ده‌کاته‌وه جه‌ختی سیسته‌ماتیک و رادیکاڵی فۆکۆ له‌سه‌ر سێکسوالیته به‌تایبه‌ت له‌سه‌رده‌می‌مودێڕندا به نه‌شیاو ده‌زانێ و پێی وایه له‌سه‌رده‌می‌پاش‌مودێڕندا سێکس مردووه، به‌و بۆنه‌وه که هه‌موو شتێ شێوازی سێکسی له‌خۆ گرتووه. که‌وایه به‌پێی ئه‌م ره‌خنه‌یه ئاسایی‌بوونه‌وه‌ی سێکس و کرداری سێکسی له‌م سه‌رده‌مه‌دا گرنگی و کاریگه‌ریی ئه‌م دیارده‌یه‌ی دابه‌زاندووه. به‌پێی مێژووی سێکسوالیته ئه‌م ره‌خنه‌یه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟ وه‌ک ده‌زانین بودریار کتێبێکی نووسیوه به نێوی “فۆکۆ له‌بیر به‌وه” و له‌وێدا تێڕوانینه‌کانی فۆکۆ ده‌خاته به‌ر ره‌خنه‌‌‌‌کارییه‌وه. بودریار پێی وایه فۆکۆ هێشتا له به‌ستێنی دۆخێکی کلاسیکدا تێفکرین ده‌کات و خوێندنه‌وه‌کانی بۆ دۆخی‌هایپرڕیال که تێیدا هه‌موو شتێ نوێنراوه‌یه[۳] ، شتێکی ئه‌وتۆی پێ نییه. واته له‌م دۆخه‌دا ده‌سه‌ڵات و سێکسوالیته له پانتایی واقیعی مه‌جازی و‌هایپێرریالدا تێکده‌شکێ و وه‌کوو یه‌که‌یه‌کی به‌هێز کاریگه‌ریی نامێنێت. ئه‌‌وه‌یه که ده‌ڵێت ده‌سه‌ڵات مردووه و سێکسوالیته به شێوه‌ی به‌رئاماژه‌ی فۆکۆ له‌ئارادا نه‌ماوه…

ڕەخنەی بودریار بەمشێوەتە؛ ئەو پێی وایە توێژینەوەکانی فوکۆ وەسفی زۆر جوان و دەقیقن لە دیاردەکان، بەڵام ئەمانە تەنها دیاردەی مێژوویین و ئەمڕۆ ئیتر وەها و بەو شێوە نەماوون. ئەگەر ئەمڕۆ فوکۆ دەتوانێت وەسفی سێکس بکات لەبەر ئەوەیە کە ئەم دیارەیە ئیتر کۆتایی پێهاتووە؛ “سێکس ئیتر ئەمڕۆ سێکس نەماوە“.

بە چەند شێوە دەکرێت وەڵامی‌ئەم ڕەخنەیە بدرێتەوە: دەتوانین بە زمانی فوکۆوە بڵێین کە ئەم ڕاگەیاندنەی بودریار بۆ خۆی ڕاگەیاندنێکی کلاسیکی فەلسەفیە کە وەها بە ڕەهاییەوە قسە دەکات و بە ئاسانییەوە مەرگ و نامەرگی دیاردەکان ڕادەگەیەنێت. سێکس یان سێکسوالیتە ئەوە نیە کە هەموو کۆمەڵگا بتەنێتەوە، یان دایبپۆشێت. لای فوکۆ، هەرکام لەم دیاردانە (سێکس) وەک چینێکی دانایی-کولتووری وەهان (نە چینی ئابووری-سیاسی) کە لەگەڵ چینەکانی دیکەدا لە کۆمەڵگایەکدا دەژین. بۆیە هیچ توێژینەوەیەک ئاوێنەیەکی بێگەردی هیچ داناییەک نیە. بەڵکوو دەتوانرێت وێنەیەک دروست بکرێت کە تا ڕادەیەک دیاردەکە بنوێنێت. بۆیە فوکۆ بەجێگای وەسفی گەورە و گران لە هەموو کۆمەڵگایەک پەنا دەباتە بەر ئەو وێنەی کە لەناو بازنەی داڕشتەیەکدا هەیە. بۆ نمونە لە دۆخی سێکسوالیتەدا، ئامانج وێناندنی سێکسوالیتەیە لای دوکتۆر، توێژەری پزشکی، نەخۆشخانە، کارگێڕ و فەرمانبەرە تەندروستیەکان، فەیلەسووفان، دادوەران، زانایانی ئایینی، یان شاعیر و هونەرمەندە پەیوەندیدارەکان. سێکسوالیتە دەبێت وەک دەمارێک ببینرێت لە جەستەیەکدا. بۆیە هەر خەسارناسیەکیش لەم وێنەیە بکرێت خەسارناسیەکی ناوچەیی و بڕگەییە، نە ڕەهایی و گشتگیر. قسەی فوکۆ قسە نیە لەسەر سێکس و سێکسوالیتە لە هەموو کۆمەڵگادا یان لە ناو کۆی کۆمەڵگایەکدا. ئەمە تەنها ڕوانگەیەکە کە لەناو ڕوانگەکانی دیکەدا بۆ هەمان بابەت خۆی زاڵ دەکات، بێ ئەوەی بتوانێت ئەو ڕوانگانەی دیکە بسڕێتەوە. هەڵەی بودریار و کەسانی دیکە لەسەر سێکس، دەسەڵات و دیاردەکانی دیکە لەمەدایە کە گشتگریەک دەدەنە پاڵ توێژینەوەکانی فوکۆ. لە بەرگی دوو و سێی ئەم پەرتووکەدا، فوکۆ تەنانەت بازنەی توێژینەوەکەی بۆ وێنای سێکسوالیتە لای پزشک و فەیلەسووفانی یۆنان بەرتەسک دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات کە وێنەی ئەو وێنەی یۆنانی دێرین نیە، بەڵکوو وێنەی ئەم دوو توێژەیە لە سەردەمی‌کۆندا.

دواتر، بەشێک لە کاری فوکۆ ئەوە بووە کە پیشان بدات کە سێکس وەک خۆی نەماوە و لە سەردەمی‌مۆدێرندا داڕشتەیەک قووتی داوە کە ئەم داڕشتەیە ناوی داڕشتەی سێکسوالیتەیە. یانی جیاکاریەک لە نێوان سێکس و سێکسوالیتەدا، کە بودریار ئەمە نابینێت. ئەمە دیاردەیەکە تایبەت بە مێژووی هەندێ لە ووڵاتانی ئەوروپی، بەڵام نە وەک دیاردەیەکی گشتگیر. وشەی سێکسوالیتە لەم پەرتووکەدا وەرناگێڕدرێت یان بەرانبەرێکی بۆ دانانرێت، چوونکا ئەزموونێکی تایبەتە لە چەند ووڵاتی ئەوروپی، کە تا ڕادەیەک ئەزموونێکی بەرهەستە و تەواو تاقانە. بۆیە چۆن فوکۆ بە خۆی ڕێگا دەدات لەسەر ئەم وێنەیە وەک ئەزموون وێنەیەکی گشتی بدات، ئەو شتەی کە خۆی هەموو کات دژی بووە و بەردەوام ئەو ساتە پێغەمبەرانە فەلسەفەیانەی بە نەشیاو دەزانی کە بە ڕەهاییەوە پێشبینی دەکەن و هێشتا هەر لە فەلسەفەدا کاری پێدەکرێت. سێکسوالیتە ئەو کۆ لەو پەیوەندیانەیە کە لە نێوان گووتارە پزشکی، دادوەری، زانستی، فەلسەفی و بە تایبەت ئیداریانەدایە، کە پێی وایە حەقیقەتێک بۆ سێکسی جوان و پاک هەیە و دەبێت سێکسی کۆمەڵگا ڕێک بخرێتەوە. ئەمە تەنها هێزێکی بێناوەندە لە کۆمەڵگادا کە لە هەوڵی شتێکدایە. ئەم ئەزموونە تەنها چەند چینێک بە تەقریبی دادەپۆشیت، هیچی تر نە. جا هەرچەند کاریگەریەکانیشی لەناو چینەکانی دیکەدا ببینرێت، بەڵام چڕێتیەکە بە پێی چینەکان دەگۆڕدرێن.

کەسانی وەک بودریار بە باشی تێنەگیشتوون کە بۆ فوکۆ پەنا دەباتە بەر توێژینەوەی مێژوویی. مێژوو مەیدانێک نیە بۆ ڕاگەیاندن و بەرپرچدانەوە و هتد. مێژوو ئامرازێکە کە ئاوێنەئاسا ئەمڕۆی پێ دەخوێندرێتەوە. مێژوو لای فوکۆ هیچ نیە جگە لە توخم و بڕگە کولتووریانە کە بە شێوەیەکی مێژوویی دروست بوون. مێژوو کۆ نیە. ئەو ئەزموونەی کە لە سەدەی ١٧ و دواتر بە چڕی لە سەدەی ١٨ و ١٩ بە دی دەکرێت تا چ ڕادە لە ئەمڕۆدا ماوە. گرنگی چەمکگەلی بەردەوامی‌و نابەردەوامی‌لێرەدایە. ئێمە ئەمڕۆ تا چ ڕادەیەک لە مێژووی “سێکسوالیتە” دوور کەوتووینەتەوە؟ یان چەندە بەردەوامین تێیدا، جا هەرچەند شێوازەکەیشی گۆڕابێت؟ جا خۆشی ئەم باسە لەوەدایە کە ئیتر خوێنەری زمانی کوردی بۆ خۆیشی دەتوانێت سەرپشک بێت و بڵێت ئەمڕۆ تا چ ڕادە تەنانەت لە کوردستانیش درێژکراوەی ئەزموونی سێکسوالیتەین. ئەگەر ئەمڕۆ وەک چۆن فوکوو لە “سێکسوالیتەدا” بەدی دەکرد، پێوەر بکەین بەوە کە: “سێکس هەر سێحراویە، سێکس سەرچاوەی نەخۆشینە، سێکس چارەسەرە، دەبێت سێکسی پاک لە ناپاک جودا بکرێتەوە، جەستە بکرێت بە پێناسەی مرۆڤ، سێکس شتێکە کە لە نهێنیدا دەبێت دانی پێدا بنرێت، سێکس شتێک نیە بۆ سەرکووتکردن، بەڵکوو بۆ ئیدارەکردن و چاودێری”؛ ئەوا دەتوانم بڵێم کە دوای ٤٠ ساڵ پێدەچێت فوکۆ باشی بینی بوو، و نەتەنها ئەو سەردەمە کۆتایی سێکسوالیتە نەبوو بەڵکوو سەرەتایەک بوو کە بە جۆرێک لە جۆرەکان تەنانەت ئێمەی نا-ڕۆژئاوایشی گرتەوە.

۵- ده‌سته‌وامی‌فۆکۆ له مێژووی سێکسوالیته‌دا به فرۆید و به‌رهه‌مه‌کانییه‌وه چییه و چه‌نده فۆکۆ توانیویه به‌تایبه‌ت له رێگای نه‌فی‌کردنه‌وه‌ی گریمانی سه‌رکوتکردنه‌وه[۴]، شۆڕشی جینسی[۵] فرۆید به کۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه بخاته ئاقارێکی‌تره‌وه، یان درێژه‌ی پێ بدات؟

پێش هەموو شتێک دەبێت ئاماژە بکرێت کە فوکۆ دوو جار هەڵوێستی هەبووە لەسەر دەروونشیکاری و بە تایبەت فرۆید. جاری یەکەم لە “وشەکان و شتەکاندا”. لێرە فوکۆ زۆر مەدحی دەروونشیکاری دەکات و پێی وایە کە زانستە مرۆییەکان بۆ دەربازبوون لە مرۆڤباوەڕی[۶] پێوویستیان بە داناییگەلی وەک دەروونشیکاری، مێژوو، مرۆڤناسی[۷] و زمانناسیە. بەڵام ١٠ ساڵ دوای ئەم پیاهەڵدانە، شتەکان بۆ فوکۆ پێچەوانە دەبێتەوە و پێی وایە کە فرۆید تەنها خانەیەکی بچووک و بازنەیەکی دیکەیە لەو شتەی کە ناوی “داڕشتەی سێکسوالیتەیە” کە لە سەدەی ١٧وە دەستی پێکردووە و هەتاکوو ئەو ساتەوەختانە هەر بەردەوامە. لە بەرگی یەکەمدا فوکۆ وەها پیشان دەدات کە فرۆید بە نسبەت ئەو شتەی کە ئەم داڕشتەیە تەنیویەتەوە شتێکی جیاوازی نەکردووە، بەڵکوو بۆ خۆی بەشێکی بچووکی ئەم داڕشتەیەتە. تیۆری فرۆید ڕێکخستنەوە و سازادانەوەی ئەو شتەیە کە پێشتر لە خۆی هەبووە. بەردی بناغەی ئەم داڕشتەیە ئەوەیە کە سێکس هەموو کات سەرکووت کراوە و ئێستا کاتی ئەوەیە بە شۆڕشێک بە سێکس “ئەرێ” بووترێت. فوکۆ بە وردی و لەناو بەستێنێکی مێژووییدا پیشان دەدات کە سەرکووتکردن لە ئارادا نەبووە، بەڵکوو زۆرتر “فرەوێژی” و “درێژدادڕیە” لە سەر سێکس، بێ ئەوەی لەسەر خودی گرفتەکانی سێکس شتێک بووترێت. لە کردەوەدا هەموو کاری ئەم داڕشتەیە، بەڕێوەبردنی سێکسە، بە مەترسی نیشاندانی سێکس، بە چاودێریکردنی، بە ناوزەدکردنی بە باش و خراپ، بە سێکسی بەپیت و بەهرەدار و ئەوەی بێبەهرە و بێدەرئەنجام. وەک ئامانجی ئەم داڕشتەیە و دواتریش فرۆید، بەرتەسکردنەوەی شوێنی سێکسە لەناو شوێن خەوی دایک و باوکدا.

لە کۆتاییدا دەبێت ئاماژە بدرێت کە ڕەخنەی فوکۆ لە فرۆید و دەروونشیکاری، ڕەخنەی بنەمایی نیە. یانی دان دەنێت بە هەندێ داهێنانی فرۆیددا، وەک ئەوەی هەست و نەست، بەڵام لە کۆتاییدا پڕۆژەکەی بە بەشێکی بچووک لەم فرەوێژییە دەزانێت.

۶- پێگه‌ی مێژووی سێکسوالیته‌ی فۆکۆ له‌نێو گوتاری فێمێنیستیدا چۆن ده‌بینن، واته  تێزه‌کانی فۆکۆ سه‌باره‌ت به سێکس و سێکسوالیته له‌م په‌رتووکه‌دا زۆرتر له‌سه‌ر چ ره‌وتێکی فێمێنیستی کاریگه‌ریی نواندووه؟ 

هەروەها کە دەزانین فێمینیسم تۆڕێکی بەربڵاوی فکری و کرداریە و جۆراوجۆری هزر و ڕوانگەکان بە ڕوونی دەبینرێن. بۆیە زەحمەتە بە وردی بووترێت کە تا چ ڕادە فوکۆ کاریگەری هەبووە بەسەر ئەم بزاوتەوە. لە سەرەتاوە بەشێک لە بیرمەندە فێمینیستەکان فوکۆ ڕەد دەکەنەوە چوونکا فوکۆ قەد پرسە فێمینیستیەکانی ڕاستەوخۆ نەوروژاندووە؛ فوکۆ بەشداری خەبات و گرفتەکانی نەکرددوە و پرسی ڕەگەزی نەوروژاندووە. هەندێکی دیکەیش هەر فوکۆ ڕەد دەکەنەوە، چوونکا پێیان وایە لە پڕۆگرامی‌فوکۆدا پلانێک بۆ بەرگی و بەرخۆدان (مقاومت) نیە، جا هەرچەند دان بەوەدا دەنێن کە فوکۆ شیکاری جوان و بەپیتی پێشکەش بە دونیای هزر کردووە. زۆرینەی ڕەخنەکانیش ئاراستەی بەرگی یەکەمی‌مێژووی سێکسوالیتەیە کە گریمانی سەرکووتکردن بە نەشیاو دەزانرێت، جا هەرچەندیش چەند پرسی گرنگی پەیوەست بە ژنی تێدا وروژابێت؛ بەکارهێنانی جەستەی ژن، بەپیسکردنی سێکسی ژن، هتد.  

لە فەڕانسا، بزاوتی فمینیستی کەڵکی باشی لە فوکۆ وەرگرتووە و خۆی بە دوور نەزانیوە لە کۆی کارەکانی فوکۆ. چوونکا هەرچەند فوکۆ بەشداری پڕۆگرامی‌فێمینیستی نەکردووە، بەڵام بەستێنە تیۆریەکانی هەوێنی باشن بۆ ڕوانگەی فێمینیستی. لە ساڵانی ٩٠ بەملاوە فێمینیستەکان زیاتر ڕوویان کردوەتە فوکۆ و تەنانەت هەندێکیان بە فوکۆیی ناسراوون. دەتوانین ناوگەلی زۆر بێنینەوە: باتلێر، فرەیزێر، بارتکی. هتد.[۸]

کەسانی دیکەیش هەن کە لەم کاتێگۆریەی ئاخر ڕادیکاڵترن و پێیان وایە کە تا ئێستا ژنان بە چەمک و تێگەی پیاوانەی ڕۆژئاوایی هزریان کردووە، و تێگەیشتنەکانی فوکۆ هەلێکی باشن بۆ پێداچوونە بە خود و داڕشتنەوەی فێمینیسم لەسەر تێگە فوکۆییەکان، وەک: دەسەڵات، دانایی، خود، هتد. ئاکێر و هێرمان نمونەی ئەم تێگەیشتنەن[۹]. 

۷- فۆکۆ له به‌رگی دووهه‌م(بەکارهێنانی چێژەکان)، و سێهه‌م(خەمی‌خود)ی مێژووی سێکسوالیته‌دا به‌ چه‌شنێک له ره‌وتی سه‌ره‌کیی به‌رگی یه‌که‌م(ویستی دانایی) لا ده‌دات؛ به‌و جۆره‌ی که رێبازی سه‌ره‌کیی به‌رگی یه‌که‌م که ره‌چه‌ڵه‌کناسیی سێکس و سێکسوالیته‌یه، ده‌گۆڕێته سه‌ر چه‌شنێک دێرینه‌ناسی و شرۆڤه‌ی گوتار و گه‌مه‌کانی حه‌قیقه‌ت[۱۰] و هه‌روه‌ها ئاکاری جوانناسانه؛ ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی فۆکۆ بۆ میتۆدۆلۆژیا و تێڕوانینی کاره سه‌ره‌تاییه‌کانی چۆن  لێکده‌ده‌نه‌وه؟

لە ڕاستیدا زۆرێک لە شرۆڤەکاران، ئەم دوو بەرگەی ئاخر بە مەیدانێکی تازە وەسف دەکەن تاکوو گەڕانەوە بۆ کارە سەرەتاییەکان. تەنانەت هەندێک کەسیش پێیان وایە کە ئەم دوو بەرگەی ئاخر و وانەکانی کۆلێژ دوو فرانسی لە دوای ساڵی ١٩٨٠وە لادانە لە دوو قۆناغی یەکەمی‌کە دێرینەناسی و ڕەچەڵەکناسیە.

من بە گشتی، وەک خودی فوکۆ، فوکۆ بە سێ قۆناغ دابەش دەکەم؛ بەڵام پێش ئەوە هەر سێ قۆناغەکە لەسەر ڕەوتێکی تیۆری دادەنێم کە ڕەوتی هزری ڕەخنەییە. مەبەست لە ڕەخنەیش، خستنە ڕووتی ئەو بەربەستانە کە لە بەردەم سوژەدا هەن و ڕێگرن لەوەی کە سوژە بەو شێوەی کە پێویست دەکات دەرکەوێت. بەم پێیە، قۆناغی یەکەم بریتیە لە خستنەڕووی هەلومەرجەکانی دەرکەوتنی سوژەی دانایی؛ دووەمین ئەوەی سوژەی دەسەڵات و سێیەمینیش ئەوەی سوژەی خود. لە ڕاستیدا، ئەمەی قۆناغی سێیەم نە لادانە، نە گەڕانەوە، نە هیچ شتێکی تر. بەڵکوو زیادکردنی ئیمکانێکە بە ئیمکانە ڕەخنەییەکان. لە دوو ئەزموونی یەکەمدا پرسیار لەسەر ئەوە دادەنرێت کە چ پەیوەندیەک لە نێوان سوژە و ئەویتردا هەیە. لە ئەزموونی سێیەمدا پرسیار لەسەر ئەوەیە کە چ پەیوەندیەک لە نێوان سوژە و خودی خۆیدا هەیە. ئەم زیادکردنە هەڵوەشاندنەوەی ئەوانەی پێشوو نیە؛ یانی شتێک وەک فوکۆیەکی “کامڵ”، “پیر” یان “دووەم” بوونی نیە، وەک ئەوەی کە هەندێ لە شرۆڤەکاران دەیخەنە پاڵ، هێگێل، مارکس، هتد. فوکۆ خاوەنی “تیۆری مەعریفە” نیە تاکوو ئەم جیاوازیانە بە ناکۆک، دژبەر یان پێچەوانە بژمێردرێن؛ یانی ئەزموونی کۆتایی تەمەنی ناکۆک بێت لەگەڵ ئەزموونەکانی دیکەیدا، وەک ئەوەی مارکس. کاری فوکۆ لەسەر بنەمای ڕەخنەیی دامەزراوە و سروشتیشە کە ئەزموونی جیاواز بە خۆوە ببینێت، چوونکا لێرە دیاردەکان تاقانەن و هەر تاقانەیەکیش چەمک و تێگەی خۆی دەوێت. ئەم گۆڕانکاریە لە سروشتی خودە کارەکەوە و لە بە پێی پێداویستی “مەیدان” و “بابەت”‌هاتوەتە ئاراوە نە پێداویستیەکی تیۆری. وەک فوکۆ خۆی دەڵێت، ئەگەر مێژووی سێکسوالیتەی نەگەڕاندایەتەوە بۆ یۆنانی کۆن، پێوویست بەم زیادکردنە نەدەکرا و تەنها ئاماژەیەکی خێرا بەس بوو.

۸- چه‌نده بڕیاره‌کانی فۆکۆ له‌مه‌ڕ ئێتۆسی یۆنانی( ئافراندنی ژیان وه‌کوو به‌رهه‌مێکی هونه‌ری له رێگای خۆسه‌روه‌ری و خۆبه‌ڕێوه‌بردنه‌وه) ده‌توانێ جێباوه‌ڕ بێت کاتێ ئاماژه به شێوه‌‌ئاکارێکی ناوازه و ده‌گمه‌ن ده‌کات که به‌پێی هێچ رێسا و قانوون و میتافیزیکێکی تایبه‌ت به‌ڕێوه ناچێت؛ ئه‌مه له حاڵێکدایه که به‌پێی هه‌ندێ له تێزه سه‌ره‌کییه‌کانی خودی فۆکۆ هه‌ر کردار یان هه‌ڵسوکه‌وتێک تێکئاڵاوه له ده‌ستووپێوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه و تۆڕی هێز و زانینه‌کان. چۆن ده‌توانین لایه‌نی به‌ده‌سه‌ڵات‌چێنراو و گوشارهێنه‌ری چاوه‌دێریی پۆلیسه‌کانی یۆنانی کۆن و ته‌نگه‌به‌ریی ئه‌وان له‌سه‌ر به‌وته‌ی فۆکۆ ئاکاری ناونشینی(ده‌روونمان)[۱۱] پیاوه ئازاده‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه له‌به‌رچاو نه‌گرین؛ کاتێک که هه‌ر له دۆخی داخراوی ئه‌م ده‌وڵه‌تشارانه‌دایه که بڕیاری مه‌رگی سوکرات ده‌رده‌کرێت و ده‌یان فه‌یله‌سووف و بیرمه‌ندی ره‌خنه‌گر و بیرجیاواز شاربه‌ده‌ر ده‌بن؟

چەند خاڵ لەسەر ئەم پرسیارە:

یەکەم: بۆ فوکۆ، گەڕانەوەی توێژینەوەکانی بۆ یۆنانی کۆن و ئیتۆسی یونانی بە واتای پێشنیاری ئەم ڕەوشتە نیە بۆ سەردەمی‌هاوچەرخ. یانی ئەوەی کە کولتووری‌هاوچەرخ لاسایی یۆنانی کۆن بکاتەوە، لای فوکۆ ناپەسەندە. هەرچەند فوکۆ ڕووگەلێک لەم کولتورەی پێ خۆشە، بەڵام زۆر ڕووی ئەم کولتوورەی پێ ناپەسەندە. زیاد لەوە و گرنگتر لەم بەڵگەیە ئەوەیە کە ناتوانرێت وەڵامی‌کولتورێک بۆ گرفتگەلی تایبەت بە خۆی پێشنیار بکرێت بۆ کولتورێکی دیکە بە گرفتی جیاوازەوە؛ ئەمە ئەو شتەیە کە فوکۆ بە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێت. بەڵام یۆنانی کۆن بۆ فوکۆ بە چەند هۆ جێی مەبەستە؛ سەردەمی‌هاوچەرخ ڕەوشتێک بۆ خۆی بدۆزێتەوە، وەک چۆن یۆنانی کۆن بۆ خۆی دۆزییەوە. دواتر پیشان بدات کە بە نسبەت ئەم خاڵەوە تا چ ڕادە مۆدێرنیتە لە یۆنان جیاوازە؛ یانی بەرپرچدانەوەی ئەوەی کە زۆر کەس ئوروپای مۆدێرن بە درێژەدەری یۆنانی دەزانن. دواتر پیشان بدات کە دەکرێت ڕەوشتێک و ئاکارێک لە کۆمەڵگادا پەیڕەو بکرد بێ ئەوەی بنەمایەکی مێتافیزیکی هەبێت؛ پێم وایە ئەمە ئەو ئارەزووەیە کە فوکۆ بۆ سەردەمی‌هاوچەرخ دەیخوازێت.

دووەم؛ لای فوکۆ هەموو هەڵسوکەوتێک تێکئاڵاوە لەگەڵ پەیوەندیەکانی دەسەڵات و دانایی. بەڵام خۆ دانایی و دەسەڵات و پەیوەندیەکانیان هیچ بنەمایەکی متافیزیکیان نیە. ئەمانە هەموو لە ناو “پەیوەندیگەلێکدا” بەردەوامن لە گۆڕان و بە پێی دۆخەکان، شێوەی دەرکەوتن، کاریگەری و سیمایان دەگۆڕدرێت؛ فوکۆ بەردەوام هۆشداری دەدات کە ئەو قەد لە سەر دەسەڵات شتی نەنووسیوە، بەڵکوو لەسەر “پەیوەندیەکانی دەسەڵات” دوواوە. ئەو تەنانەت هۆشداری دەدات کە نابێت قەد “پەیوەندیەکان” بە کەسی تاک بەکار بێت، ئەمانە هەمووکات کۆن و نابێت بە تاک لەسەریان بدوێین. دەسەڵات و دانایی بەرهەمی‌پەیوەندیگەلێکی لەبننەهاتووی ئاڵوگۆڕ، ململانێ، کاریگەری دانان و دەستاودەسکردنن.

سێیەم؛ فوکۆ لەم زنجیرە توێژینەوەدا بە وردی پیشان دەدات کە “بەخراپە زانین”، “بەنەخۆشی زانین”، “بەعەیبەزانین” و شتانی لەم چەشنە بە نسبەت سێکسەوە چەندە بەم کولتورە غەریب بووە. ئەم شتە لە ڕۆمی‌کۆنیشدا هەر وەها ماوە و تەنها لە کۆتاییەکانی ئەم شارستانیەتەدایە کە سێکس هێدی هێدی تێکەڵ بەم جۆرە تێگەگەلە دەکرێت. سێکس لە دەقە پزشکی و فەلسەفیەکاندا جێگای خەم نیە، ئەوەی کە خەمە ڕژیمی‌تەندروستی، بەرپرسیارێتی و شتی لەو چەشنانەیە. سێکس کێشامێز نیە مەگەر ئەوەی کەسێک بە پێچەوانەی ڕژیمی‌تەندروستی یان بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی خۆی شتێک بکات. لەو کاتەیشدا ئیتر ئەمە تەنها وەک شتێک پیشان دەدرێت کە کەسێک لەگەڵ خۆی ڕاست ناکات. ئەگەر لۆمەیەک هەبێت دەبێت کەسێک ئاراستەی خۆی بکاتەوە، نە ئەوەی کەسانی دیکە ئاراستەی بکەنەوە. ژمارە، جۆر و شێوەی سێکس قەد کێشە نەبووە و هیچ یاسایەکیش نیە بۆ چاودێریکردن، کۆنترۆڵ یان ڕێکخستنەوەی. بە نسبەت سێکسوالیتەوە شتی‌هاوشێوەی سوکرات لای یۆنانەکان تۆمار نەکراوە.

۹- سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی فۆکۆ له‌م کتێبه‌دا(به‌رگی یه‌که‌م:) شرۆڤه‌یه‌کی ته‌واو ده‌کات له ره‌وتی پێکهاتن و بیچمگرتنی سیسته‌می‌سێکسوالیته؛ به‌ڵام ئه‌م چه‌مکه هێشتا ره‌هه‌ندی ته‌ماوی و بوولێڵی ئێجگار زۆری پێوه دیاره؛ ته‌نانه‌ت له دانانی وشه‌ی به‌رانبه‌ر بۆ ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه له زمانه‌کانی تردا کێشه له ئارادایه. گشتگیربوونی پانتایی و کاریگه‌رییه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه لای فۆکۆ وا ده‌کات رووی مێژوومه‌ندیی ئه‌م دیارد‌‌یه به‌ره‌و چه‌شنێک پێگه‌ی ژه‌ڤه‌رمێژوویی مل بنێت و له‌گه‌ڵ پێگه‌ی دیارده‌یه‌کی گشتگیر وه‌کوو سه‌رمایه به‌راورد بکرێت. ئایا ئه‌م پێناسه گشتگیره بۆ سێکسوالیته وا ناکات که نه‌توانین له ره‌وتی گۆڕان و دابڕانی ئه‌م دیارده‌یه و هه‌روه‌ها مه‌ودا و سنووره‌کانی بکۆڵینه‌و؟

پێش وەڵامەکە پێوویستە ئاماژە بە خاڵێک بکەم. بەکار هێنانی وشەی “سیستەم” بۆ سێکسوالیتە لای فوکۆ بە باش نازانم. چوونکا لەم وشەدا، جێگیری دۆخێک بەدی دەکرێت. شتێک کە ئیتر کەمتر گۆڕان وەردەگرێت. بەجێی ئەمە، فوکۆ پەنا دەباتە بەر وشەیەک کە ئێمە بەرابەری داڕشتە[۱۲]“مان بۆ داناوە. کە شتێکە کاتی، بگۆر و تێپەڕ.

ڕەچەڵەکناسی ئەو ئیمکانەمان پێ دەدەات کە بزانین چۆن دیاردەیەک لە شێوەی سێکسوالیتە وەک “بژاردە” لە سەردەمێکدا دێتە پێشەوە و شوێن بە بژاردەکانی دیکە تەنگ دەکات. دواتر چۆن دەمێنێتەوە و چۆن لەگەڵ دیاردەکانی دیکە هەڵسوکەوت دەکات. هەموو ئەمانە بۆ ئەوەیە کە پیشان بدرێت کە شتێک بەم شێوە مێژووییە، نە بەو مانا کە بوونەوەرێک بەناو مێژوو هەیە و بۆ ئێمەی داناوە. مێژووییە چوونکا وەک بژاردەیەک، بە ئەنقەست یان بە ڕێکەوت‌هاتوەتە ئاراوە و دواتر جێگەی خۆی کردوەتەوە. مێژوویی ناوێکی دیکەیە بۆ “کولتوری”. یانی سروشتێک بوونی نیە بۆی، تاکوو دەربازبوون زەحمەت بێت لێی. سێکسوالیتە گشتگیرە بەو مانا کە زۆرینەی کەسی گرتووە، بەڵام نە بە مانای ئەوەی کە بۆ هەموو کەس تەنها بژاردە بێت. ئەمە بژاردەیەکە لەناو بژاردەکاندا بۆ هەر کەسێک. لە هەمان کاتدا، هیچ دیاردەیەک لە یەک کاتدا هەموو کۆمەڵگا، یانی کۆی کەسەکان بە پڕاوپڕی ناگرێتەوە. ئەمە چینێکە لەگەڵ چینەکانی دیکەدا کە دەکرێت لە سەردەمێکدا بە شێوەی کاتی خۆی زەق بکاتە، بەڵام لە کۆتاییدا هەر تاقانەیە. نازیسم بۆ فوکۆ یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم داڕشتەیەتە، کە لە دۆخێک لە دۆخەکاندا زۆر زەق دەبێتەوە، بەڵام نە لەبەر ئەوەی کە سێکسوالیتە بێ سنوورە، بەڵکوو لەبەر ئەوە کە ئەم داڕشتەیە لەگەڵ دۆخێکی تاقانەی سیاسی-مێژووویی ئاڵمان لە ئەوروپا، لەگەڵ دۆخێکی ئابووری ئەو وڵاتە، لەگەڵ سیستەمی‌سیاسی وڵاتانی دراوسێ و چەند شتی دیکە یەک دەگرێت، تاکوو لە کۆتاییدا بتوانێت بە زەقی خۆی دەربخات. هەر شتی وەک سێکسوالیتە تەنها بەشێک لە تاک، یان کۆمەڵگا دەگرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا بوونی کاتیە.

یەکێک لە ئامانجەکانی فوکۆ لە مێژووی سێکسوالیتە ئەوە بووە کە بسەلمێنێت کە ئەم داڕشتەیە تاقانە، کاتی و سنووردارە. قسە کردن لەسەر سێکسی سەرکوتکراو بە مانای ئەوە نیە کە دەربازمان بووە لەم داڕشتەیە. بەراوردی زانستی سێکسوالیتەی ڕۆژئاوایی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی لە بەرگی یەکەم بۆ ئەم مەبەستەتە کە پیشان بدرێت سێکسوالیتە بە شێوەی دیکە ئیمکانی هەیە. ئەزموونی یۆنان و ڕۆمی‌کۆن هەر بۆ ئەوەتە کە دووبارە بسەلمێت کە ئیمکانی دیکە هەر هەیە، نە بە لاسایی کردنەوەی ئەمانە، بەڵکوو بە سروشتی نەبینی تێگەیشتنمان لە سێکسوالیتە، بە نەرم بینینی، بە گۆڕانگریەکەی. بەوەی کە لە دەرەوەی ئێمە نیە. فوکۆ لە دیدارێکدا دەڵێت کە مێژوو بۆ ئەو وەک ئاوێنەیەک وایە تاکوو شارستانیەتی ڕۆژئاوا خۆی تێدا ببینێتەوە، و لە هەر کام لەم دیاردانەدا ڕووی ڕاستی خۆی ببینێت؛ مێژوو بۆ ئەو “مرۆڤناسیەکی ناوەکیە”، وەک چۆن هۆزە پەڕاوێزنشینەکانی ئامازۆن بۆ مرۆڤناسێک ئاوێنەی کۆمەڵگاکەین.

۱۰- فۆکۆ که باس له جه‌سته و سێکسوالیته ده‌کات زۆر جار وا ده‌نوێنێت که ئاماژه به سیاسه‌تێکی تایبه‌ت له‌سه‌ر ده‌ستی سووژه‌یه‌کی تاک یان کۆ ده‌دات بۆ به‌رگری‌کردن و راوه‌ستان له هه‌مبه‌ر کۆمه‌ڵگای دیسیپلینکار، ته‌کنۆلۆژیاکانی ده‌سه‌ڵات(میکرۆ و ماکرۆ) و پارسته‌کاریی(subjection) ئه‌و لایه‌نانه؛ به‌ڵام له راستیدا له کاره‌کانی فۆکۆدا نه ته‌نیا هیچ سووژه‌یه‌کی تاک یان کۆ به‌دی ناکرێت به‌ڵکوو هه‌وڵێکی به‌رده‌وام و شێلگیرانه بۆ سووژه‌سڕینه‌وه و نه‌لێکردنی هه‌رچه‌شنه هێمایه‌ک له سوبژێکتیڤیته له‌ئارادایه. ئه‌گه‌ر فۆکۆ بڕوای وایه که هه‌رچه‌شنه سووژه‌یه‌ک به‌ هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه به‌رسازدراوه و ته‌نانه‌ت نابێ هیچ چه‌شنه شوناسێکی جینسی بۆ هه‌ڵسووکه‌وتی جیاوازی جینسی ره‌چاو بکرێت که‌وایه ئه‌م هه‌بوونایه‌تی یان هه‌رێمه کێیه و کوێیه که به‌رده‌وام ده‌سه‌ڵات کاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر ده‌نه‌خشێنێ و پارسته و ده‌سته‌مۆی ده‌کات؟ له‌م حاڵه‌ته‌دا ره‌خنه‌کانی فۆکۆ له به‌رگریکردن له چ شتێک، دێته ئاراوه؟

 پێش چوونە سەر پرسیارەکە: “کۆمەڵگای دیسیپلینکار” دەستەواژە یان با بڵێین ڕاڤەیەکە کە دراوەتە پاڵ فوکۆ. دەگینا خۆی نە شتی وەهای گوتوە نە باوەڕیشی پێیەتی. بەندیخانەی مۆدێرن لەسەر دیسیپلین دادەمەزرێت، ئەمەیش بۆ ناو قوتابخانە و نەخۆشخانە کۆپی دەکرێت. بەڵام هەموو ئەمانە تەنها بەشێک لە کۆمەڵگان، نە خودی کۆمەڵگا. لە هەمان کاتدا، چەندە دیسیپلین دەیەوێت خۆی لە ناو ئەم جۆرە دامەزراوانەدا دابسەپێنێت، بەهەمان ئەندازەیش هێزی لادەری فرەچەشن هەن. بۆیە تەنانەت  لەوێیش، لەناو بەندیخانە یان هەر شوێنێکی دیکەیش دیسیپلین بە ڕەهایی بوونی نیە.

بە نسبەت پرسیارەکەیشەوە: دەتوانرێت بوترێت کە لای فوکۆ جۆرێک لە سوژە و بەسوژەبوون بوونی نیە و باوەڕیشی پێ نیە، ئەگەر پێوەر بۆ پێناسەی سوژە جەوهەر[۱۳] بێت. بەڵام ئەگەر پێناسەکە بگۆڕدرێت بە پێی پێوەری فۆرم[۱۴]“، ئەو کات بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە لای فوکۆ سوژە و بەسوژەبوون هەیە، و هەموو کارەکانی فوکۆیش لەسەر ئەم فەلسەفەیە دامەزراوە. ئەمە شتێکە خۆی ڕایدەگەیەنێت و بە ڕاشکاوانەیش جۆری یەکەم ڕەد دەکاتەوە. کێشە لەوەدایە ئەوانەی کە لایەنگری جۆری یەکەمی‌ئەم پێناسەیەن، بە ڕەهایی هەر جۆرە پێناسەیەکی تر لە سوژە دەخەنە دەرەوە و ئەوانی دیکە بە شتانێک ناوزەد دەکەن کە هیچ شیاوی ئەوان نیە. لایەنگرانی پێناسەی یەکەم ناتوانن بە پێی ئەو پێوەرانەی کە خۆیان هەیانە، پێناسەی سوژە وەک فۆرم بخەنە دەرەوەی خانەی سوژە. لە باشترین حاڵەتدا دەتوانن بڵێن کە پارادۆکسی تێدایە، یان شتی لەم چەشنە، بەڵام ناتوانن فەلسەفەی سوژە تەنها بە یەک پێناسە و پێوەر قۆرخ بکەن.

کاری فوکۆ لە پێناسەی سوژەوە دەست پێ ناکات، یانی “سوژە چیە؟”. کاری ئەو لەوێوە دەست پێدەکات کە دەپرسێت “ئەمڕۆ چی لەبەردەم سوژەدایە کە ناهێڵێت تاکوو وەک سوژە دەربکەوێت؟”. یانی هۆکارەکان، یان بەربەستەکانی سوژەبوون چین؛ ئەمە پرسیاری سەرەکی کاری ڕەخنەگرانەیە. کەواتە لێرەدا نە پێناسەیەکی پێشەکی هەیە، و نە بە پێی ئەوە پێوەریکیش لە ئارادایە تاکوو کاری پێ بکرێت؛ پەیڕەوکردنی پێناسە لای فوکۆ بەرتەسکردنەوەی سوژە و لێ سەندنەوەی خەیاڵە لێی لە دوو ئاستدا: ئاستی یەکەم شیکارییە، ئاستی دووەم ئاستی ئیمکانەکانی سوژەبوون و بەرگریە. لە ئاستی یەکەمدا، بیرمەند شیکاریەکانی بەرتەسکانە دەباتە پێشەوە و کەمتر خاوەن ڕۆحێکی ئازاد دەبێت؛ لە ئاستی دووەمدا، خەیاڵی سوژەیی، یان بەرگری یان شۆڕشخوازانە لاواز دەبێت. پێناسەدانان یانی لە دەرەوە دانانی هزر و فەلسەفەیە لە هەموو چەشنە هەڵە و کێشەیەک؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا قۆرخکردنی سوژەیە بە ناوی فەلسەفەوە. هزری ڕەخنەگرانە لەو کاتەدا دێتە پێشەوە کە سوژەیەک وا دەنوێنێت کە بە سوژە بوون گەیشتووە. کاری فوکۆ و هزری ڕەخنەگرانە لێرەوە دەس پێدەکات کە ئایا بەڕاستی پێی گەیشتووە؟

بۆیە لێرەدا تێکەڵبوونێک بەنسبەت سوژەی سێکسیەوە دەبینرێت. لای فوکۆ جیاوازی سێکسی بوونی هەیە، بەڵام بەشوناسکردنی ئەم جیاوازیە ئەو کاتەیە کە فوکۆ پرسیار دەخاتە سەری. بەشوناسکردنی جیاوازی سێکسی ڕێک ئەو کاتەیە کە فوکۆ ڕادەچڵەکێنێت، و ئەمەیش بە واتای دژایەتی سوژەبوون نیە؛ چوونکا سوژەبوون و شوناسهەڵگرتن دوو شتی جیاوازن. لە پێناسەی فوکۆ لە سوژە وەک فۆرم، بەستێنێکی نۆرماتیڤی زۆر لێڵ هەیە کە زۆر کات دەسنیشانکردنیان زەحمەتە، بەڵام هەر ئەمەیشە کە ڕێگە بە سوژە دەدات کە ڕێگای فرەچەشن و جیاواز بۆ سوژەبوون بدۆزێتەوە. لای فوکۆ خۆنووساندن بە شوناس ڕێک ئەو کاتەیە کە تێکنۆلۆژیەکانی دەسەڵات لەم کێبڕکێەدا سەرکەوتوون، چوونکا ئامانج پەڕاوێزخستن، ناوزەدکردن و بەکۆدینەکردنە. ئەوەی هەڵگری شوناسە لە ڕاستیدا کەوتوەتە داوی ئەو تێکنۆلۆژیانە کە بەڕواڵەت دژی دەجەنگێت. پەیوەندیەکانی دەسەڵات بێناوەندن، بەڵام هەروەها لە دەست کەس یان چەند کەس یان گروپێکیشدا نین. لەوانەیە لە حاڵەتێکدا زۆرینەی کۆمەڵگا بگرێتەوە و لە حاڵەتی دیکەدا چینێک، بەڵام ئەوەی کە گرنگە ئەوە کە ڕێگای سوژەبوون ئەوە نیە کە لەم ململانێیەدا دەبێت چۆن شوناسێک هەڵبگریت تاکوو بە سوژەبوون بگەیت؛ عادەتەن وەها دەگوترێت تا توندتر دژی “دەسەڵات” دەنگ هەڵبڕیت زیاتر لە دەرەوەی ئەوانیت. بەڵام بۆ فوکۆ ئەمە ساتی خۆ بەدەستەوەدانە؛ ساتی سوژەبوون، داهێنان یان دۆزینەوەی یارییەکە لە دەرەوەی ئەم پەیوەندیانەیە. ئامانجی پەیوەندیەکانی دەسەڵات، تاکە کەس، یان گروپ نیە؛ پەیوەندیەکانی دەسەڵات شتێکە کە “لەوێدایە” و دەتوانێت هەموو ئەوانە بگرێتەوە کە بە پێناسەی کلاسیک دەسەڵاتدارن و ئەوانەیش کە بێ دەسەڵاتن.

 

۱۱- فۆکۆ پێی وایه له هه‌رشوێنێک ده‌سه‌ڵات بوونی هه‌یه “به‌رگری”ش له‌ئارادایه، که‌وایه به‌رگری هیچکات خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی ده‌ره‌وه‌یی له‌ئاست ده‌سه‌ڵات نییه. ئه‌م روانینه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌مکی به‌رگری له رزگاری[۱۵] داده‌بڕێت، هیچ چه‌شنه پێوه‌رێکیش بۆ به‌به‌رگری ناسینی کردارێک ناهێنێته ئاراوه(له نه‌بوونی پێوه‌ردا ده‌کرێ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیهادییه‌کی سه‌له‌فی له هه‌مبه‌ر ئیمپریالیسمدا به به‌رگری بناسین!). هه‌روه‌ها گه‌ڵاڵه‌ی پاژبینانه‌ی فۆکۆ بۆ به‌رگری، هه‌رچه‌شنه یه‌که و سیاسه‌تێکی وه‌به‌رگر و گشتی بۆ به‌رگری ره‌ت ده‌کاته‌وه و له بازنه‌یه‌کی به‌تاڵی «ده‌سه‌ڵات-به‌رگری-ده‌سه‌ڵات»دا رۆی ده‌بات. وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌وانه‌ی له تێز و تێڕوانینه‌کانی فۆکۆدا رۆده‌چن که‌سایه‌تییه‌کی پارێزکارخواز و په‌سیڤیان لێ به‌رههم دێت و ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌که بۆ کاریگه‌ری داخراویی پرۆژه‌ی فۆکۆ بۆ سیاسه‌تی ره‌خنه‌گرانه و رزگاریخوازانه…

لای فوکۆ سوژەی ئیدەئال ئەو کەسەیە کە “بە شێوەیەکی دیکە بیردەکاتەوە“.  ئەم ڕستەیە هی خودی فوکۆیە و بەناوبانگە. مەبەست داهێنان یان دۆزینەوەی ڕیبازێکە کە لە دەرەوەی یاری پەیوەندیەکانی دەسەڵات بێت. بۆیە بەم پێیە دەتوانین بڵێین بەرگری لای فوکۆ هەم دەتوانێت لە دەرەوەی ئاستی دەسەڵاتدا بێت هەم لە ئاستی دەسەڵاتدا. ئەوەی کە لای فوکۆ گرنگە، ئەوەیە کە شتەکان فرەچەشن وێنا بکرێن، بەڵام هەروەها شتانێک نەکرێت کە دووپاتبوونەوە و سوڕانەوە بێت لەناو ئەو پەیوەندیانەدا کە هی پەیوەندی دەسەڵاتن. لای فوکۆ سوژە فۆرمە، بەڵام کۆمەڵگایش یەکپارچە نیە. پەیوەندیەکانی دەسەڵات فرەجۆرن؛ ئەمە شیکاری زیرەکانەی دەوێت. بەڵام هەروەها سوژەبوون (ئەگەریش پێمان خۆش بێت بڵێین بەرگری) دەبێت فرەجۆر بێت، چوونکا پەیوەندیەکانی دەسەڵات بە یەک شێوە دەرناکەوون. لای فوکۆ ئیمکانی بەرگری یەکپارچەی، یەک پڕۆگرامی، تاقانەبەرنامە بوونی نیە، بەڵام ئەمە بە مانای بێپێوەری نیە، بەڵکوو فرەجۆر بینینی شتەکانە. ئەم جۆرە ستراتێژیانە گشتگیر نین، و ئەمەیش بە مانای بازنەی بەتاڵێک نایەت کە لە کۆتاییدا بکەرەکانی تووشی نائومێدی بکات؛ چۆن دەکرێت، شیکاری و هەڵسەنگاندنمان بۆ ئیدارە، پزشکی، سێکس، بەندیخانە، تاوانبار هتد. فرەجۆر بێت بەڵام ڕیگاچارەکان یەکدەست بن؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت ئاراستەی هەندێ لە بیرمەندانی لەم چەشنە بکرێتەوە و بپرسرێت ئایا ئەمە زۆرتر گەڕانەوە نیە بۆ ڕێگاچارە پێغەمبەرانە ئایینیەکان بۆ هەموو شتێک؛ دووبارە باوەڕهێنانەوە بە موعجیزە؟

کاری فوکۆ پیشاندانی ئەو شتانە بووە کە ڕێگری سەرهەڵدانی سوژەن لە ساتێک لە ساتەکاندا وەک سوژەی سێکسی هتد. بەڵام ئەوەیش پیشان دەدات کە ئەو ڕێگاچارانەی کە تاقیکراونەتەوە چۆن لە خزمەت ئەم پەیوەندیانەدا بوون. چۆن لایەنگرانی تێزی سەرکوتکردن زیاتر لە خزمەت “داڕشتەی سێکسوالیتەدا” بوون، تاکوو ڕزگارکردنی. چۆن مرۆڤدۆستەکان بەندە دیسیپلینیەکانی بەندیخانەکانیان تووندتر کردوە. پیشاندانی ئەوەی کە هەندێ لە زانستە مرۆییەکان تەنها بە ڕواڵەت خەمی‌مرۆڤیان بووە. یەکەم ئەرکی هەر پڕۆگرامێکی ئازادیخواز ئەوەیە کە نەهێڵێت بکەوێتە ناو پڕۆسەی دووپاتکردنەوەی هەرکام لەم ستەمانەدا. دواتر وێناکردنی ڕێگایەکە کە بتوانێت ناوچەیی، ڕۆژانە و وردبینانە جیاواز بێت.

۱۲- دانیه‌ل زامۆرا له کتێبی (Critiquer Foucault. Les années 1980 et la tentation néolibérale)دا باس له‌وه ده‌کات که به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌ی که “فۆکۆی دواتر” له پارادایمی‌ره‌وتی ره‌خنه‌گرانه‌دا ده‌بیننه‌وه، ئه‌و قۆناغه‌ی بیری فۆکۆ، به‌خه‌ستی له‌گه‌ڵ ره‌وتی نیۆلیبرالیزمدا‌هاوته‌ریب و ته‌بایه؛ هه‌ر بۆیه فۆکۆ به‌ ره‌خنه‌گرتن له مودێلی ده‌وڵه‌تی خوشگوزه‌ران[۱۶]، خوازیاری چه‌شنێک مودێلی نیۆلیبراڵ بۆ سیسته‌می‌ئابووری و ده‌وڵه‌ته. له‌و کتێبه‌دا ئاماژه ده‌درێته هه‌ڵوێستی فۆکۆ که چۆن له هه‌مبه‌ر سیسته‌می‌ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه(بیمه‌ی بێکاری و مافی سۆسیال) ده‌وه‌ستێته‌وه و به‌هاوپشتیکردنی گه‌ڵاڵه‌ی (Negative Income Tax)ی میلتۆن فریدمان د‌ڵێت: «قسه‌کردن له مافی ته‌ندرووستی تا راده‌یه‌ک بێواتایه؛ ئایا کۆمه‌ڵگا ده‌بێت وه‌دوای جێبه‌جێکردنی پێداویستیی ته‌ندرووستیی تاکه‌کان بکه‌وێت؟، ئایا ئه‌و که‌سانه ره‌وایی ئه‌وه‌یان هه‌یه ئه‌و خواسته داوا بکه‌ن؟». چۆنه فۆکۆ که به‌رگری له مافی زیندانیان و په‌راوێزکه‌وته‌کانی کۆمه‌ڵگا ده‌کات ئاوه‌ها له پێگه‌یه‌کی نیولیبێرالیستیدا ده‌وه‌ستێته‌وه؟  

فوکۆ قەد نە لە بەرگی یەکەمی‌مێژووی سێکسوالیتە و نە لە وانەکانی کۆلێژ دوو فرانسیدا، کە ئەوەی یەکەم پێشەکیەکە بۆ ئەو توێژینەوانەی دیکە، پاڵپشتی نیولیبرالیسم ناکات. قەدیش نە ڕەخنەی لە دەوڵەتی خۆشگوەران گرتووە نە پشتیوانیشی لێ کردووە. ئەوەی کە دەوترێت لە ڕاستیدا تەنها تەفسیری هەندێ لە شرۆڤەکارانە و هیچیتر. چیرۆک بەم شێوەتە؛ فوکۆ دەڵێت کە لە ڕۆژئاوادا و لەڕێگای کریستیانسمەوە دەسەڵاتێک هەوڵیداوە خۆی لەناو تێکنۆلۆژیەکانی دەسەڵاتدا بسەپێنێت کە ناوی “دەسەڵاتی شوانکارەیی” لێ دەنێت. فوکۆ زۆر خێڕا ڕەچەڵەکی ئەمە دەباتەوە بۆ دونیای جولەکە و پێش ئەویش لە ناو دەقە کۆنە سریانیەکانیشدا جێپەنجەکانی دیاریدەکات. هەموو خوێنەرێکی کوردیش وەک من دەتوانێت ببینێت کە ئەم دەسەڵاتە لە دونیای ئیسلامدا بوونی هەیە، ئەگەر شتی لەم چەشنەی بیستبێت هەمووتان شوانن[به‌رپرس و پارێزه‌ر]، و له‌ ئاست ژێرده‌سته‌کانتان به‌رپرسن؟؟“. ئامانجی ئەم دەسەڵاتە ڕێکخستن و کارگێڕی تاک و کۆمەڵگایە. تاک خاوەن جەستەی خۆی نیە، بەڵکوو کۆمەڵگا لێی بەرپرسیارە؛ لە سێکس و لە هەموو شتێک. بۆیە تاک ناتوانێت هەموو شتێک بە جەستەی خۆی بکات، لەبەرانبەریشدا کۆمەڵگا هەندێ پێداویستی سەرەتایی بۆ دابین دەکات. بە نسبەت جەماوەریشەوە هەر وەهایە، دەوڵەتەکان خۆیان بە خاوەنی جەماوەرەکان دەزانن، مافی ئەوە بە خۆیان دەدەن کە جێگۆڕکییان پێ بکەن، لە ناوچەیەکەوە بیاننێرن بۆ ناوچەیەکی دیکە، یان لە وڵاتێکەوە بیاننێرن بۆ وڵاتێکی دیکە. لەبەرانبەردا دەوڵەت (هەموو کات بەناوی کۆمەڵگاوە کراوە) هەندێ پێداویستی سەرەتایی بۆ ئەم جەماوەرە دابین دەکات، وەک ئەوەی کە نەمرن لە برسا، شوێنێکیان هەبێت بۆ مانەوە و هتد. ئەوەی کە فوکۆ دەریدەخات ئەوەیە کە ئەم تێکنۆلۆژیایە ئەوەندە بەرهەمی‌خەباتی یەکسانخوازان نەبووە. دەوڵەتی خۆشگوزەران بەرهەمی‌خەباتی سوسیالیستی نەبووە، بەڵکوو لەناو دڵی داڕشتەی سێکسوالیتەدا لە سەدەی ١٨وە هەبووە. سەرەتا بە شێوازی هەڵمەت بۆ کۆنترۆڵی قاتوقڕی دەرکەوت و دواتر لە سەدەی ٢٠ ناوی دەوڵەتی خۆشگوزەرانی لێ نرا. فوکۆ پیشاندەدات کە دەوڵەتی خۆشگوزەران تەنها یەکێک لە تێکنۆلۆژیەکانی ئەم دەوڵەتە بووە، و دەیان ڕێگای دیکە گیراونەتە بەر. ئەمە هەموو کاری فوکۆیە کە بە وردی لە چەند ساڵ لە وانەکانی کۆلێژ دوو فرانس پێشکەشی کردووە و دواتر لە دووتوێی چەند پەرتوکێک بڵاو کراونەتەوە وەک “دەبێت کۆمەڵگا بپارێزرێت“، “لەدایکبوونی ژیندەسەڵات“، و “ئاسایش، وڵات و جەماوەر“. پێم وایە کۆی کاری فوکۆ لە بەرگی یەکەمی‌مێژوووی سێکسوالیتە و ئەم ڕیزە پەرتووکە بەنسبەت ئەم بابەتەوە ئەوەیە کە پیشان بدات کە چەند ساویلکانەیە ئەگەر وابزانرێت کە دەوڵەتی خۆشگوزەران لە ئەنجامی‌ڕێفۆرمی‌مرۆڤدۆستانە یان خەباتی شۆڕشگێڕانەوە‌هاتوەتە دی. ئەگەر دەوڵەتی‌هاوچەرخ خۆشگوزەرانی‌هاووڵاتیانی لا گرنگە، لەبەر ئەوە نیە کە باوەڕی بە یەکسانیە، لەبەر ئەوەیە کە لەسەر شتێکی دیکەوە وەستاوەتەوە کە ناوی توندوتیژیە، تۆقاندنە بەناوی بێئاسایشی. بۆ ئەم مەبەستە دەوڵەت وەک کارگێڕی هەموو کۆمەڵگا دەبێت توانای دەستێوەردانی جەماوەرەکەیشی بێت، بەڵام جەماوەری نەخۆشی برسی زۆر بەکەڵکی ئەم جۆرە دەوڵەتە نایەن. کاری فوکۆ دەرخستنی ئەم دەمارانەی دەوڵەتداری‌هاوچەرخ بووە، و پێم وایە ئەم کارەی بەرلەوەی بخرێتە پاڵ نیۆلیبرالیسم، ستایشێکی دەوێت بۆ ئەو وەهمانەی کە ڕەواندویەتەوە. با بە زمانێکی سادەتر بڵێن؛ فوکۆ بە تاکێکی ئەوروپی دەڵێت، ئەگەر کەمینەیەک بۆ ژیانت دابین کراوە، لەبەر ئەوە نیە کە دڵیان بۆ تۆ ئەسوتێتەوە، لەبەر ئەوەیە کە دەیانەوێت تۆ وەک بەشێک لە جەماوەر ئامادە بیت، چوونکا منی دەوڵەت هەردەم لە جەنگدام لەگەڵ دەوڵەتەکانی دیکە. کۆی ئەمانەیش بۆ من لایەنگری نیە لە نیۆلیبرالیسم، بەڵکوو ڕەواندنەوەی وەهمەکانە، پیشاندانی ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتەکانە؛ پەیڕەوی هزرێکی ڕەخنەگرانە.

۱۳- وه‌ک ده‌زانن کاری وه‌رگێڕان ئه‌وڕۆکه بۆته فیڵدێکی تایبه‌تی پسپۆڕانه که زۆر هه‌ستیار ده‌نوێنێ و هه‌رکه‌سێک با خاوه‌نی پله‌ی ئاکادیمیکیش بێت ناتوانێ به‌بێ لێهاتوویی و ئه‌زموونێکی په‌سه‌نکراو له‌و بواره‌دا ده‌ستی بۆ بهاوێت. له‌لایه‌کی تره‌وه کاری وه‌رگێڕان بۆ سه‌ر زمانی کوردی ئه‌وه‌نده‌ی‌تر هه‌ستیار ده‌نوێنێت کاتێ هه‌نبانه‌ی وشه و ده‌سته‌واژه‌ی فه‌لسه‌فی و کۆمه‌ڵناسانه و … لاواز و نزاره و لانی که‌م له ئێستادا که زمانێکی ئیستاندارد چێ نه‌بوویه و ململانێ و ناکۆکی له‌سه‌ر وشه و زاراوه‌ی به‌رانبه‌ر له ئارادایه‌، کارێکی پڕ ئه‌سته‌مه. ئێوه ته‌نێ به زه‌رووره‌ت‌هاتوونه‌ته ئه‌م گۆڕه‌پانه‌وه یان ده‌تانهه‌وێت وه‌کوو وه‌رگێڕێک درێژه به چالاکی بده‌ن؟ ئه‌گه‌ر وایه ئێوه له کام ستراتێژ و رێبازی وه‌رگێڕان په‌یڕه‌وی ده‌که‌ن؟

هەموو ئەو قسانە ڕاستن. من نە خۆم بە وەرگێر دەزانم و نە دەیشمەوێت پراکتیکی ئەم کارە بکەم. ئیتر لە نەبوونی مەلادا بووم بە بولقاسم!!! چەند هۆی سادە وایان لێ کردم دەست بدەمە ئەم کارە. پێش هەموو شتێک بوونی ئاشناییم بە دەقەکانی فوکۆیە. دواتر ئەو پێداویستەم لا ڕوون بوو کە دەبێت گرنگی بدرێت بە دەقی سەرەکی لە زمانی سەرەکیەوە. بە جێی ئەوەی ڕاڤەی فوکۆ بخوێنینەوە با خودی فوکۆ بخوێنینەوە. بە جێی ئەوەی لە فارسی و عەرەبیەوە وەربگێڕین با لە فەڕانسی و ئاڵمانی و ئینگلیزیەوە بێت.

بە درێژایی هەموو وەرگێڕانەکەیش دوو هەوڵمداوە، یەکەم کە وەرگێڕانەکە هەرچی بێت با بۆ خوێنەری کوردی تێگەیشتنی ئاسان بێت. زۆر کات بۆ ئەم مەبەستە پەنام بردوەتە بەر کەسانێک لە دەوروبەرم کە ئاشناییان بە زمانی فەلسەفی کەمە و ویستوومە بزانم کە تا چ ڕادە وەرگێڕانەکانم بۆ ئەوان ڕوونە. ئەمە زۆر یارمەتی داووم و زۆر کەس وەرگێڕانەکان بە ڕەوان دەزانن.

لە پەنای ئەمەدا زۆرم هەوڵ داوە ستایلی فوکۆ لە نووسینەکانیدا ڕابگرم. فوکۆ بە زمانێکی زۆر جوان دەنووسێت و زۆرکات هەڵوێستەکانی زۆر بە ناڕاشکاوانە و بە لێڵی ڕادەگەیەنێت. هەندێک جار ئەم زمانە تێکەڵە بە گاڵتەجاری بە خود، بە کولتوری خود و بەو تێگەیشتنانە. هەندێکجار وێنەی حه‌ماسە‌تی فەلسەفی پێوە دیارە. زۆرم هەوڵداوە ئەمانەیش لە جێی خۆیدا ڕابگرم. لەڕاستیدا هەموو هەوڵم کارکردن بووە بەم دوو بنەمایە، هیوادارم لە جێگای خۆی بەکەڵک بێت.

۱۴- کێشه‌کانی به‌رده‌م ئێوه له‌ وه‌رگێڕانی ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی فۆکۆدا چی بووه؟ بۆ نموونه ئایا ده‌ستان داوه‌ته وشه‌داتاشین و په‌تی‌نووسین یان خۆتان له‌و کاره بواردوه؟ بۆ نموونه بۆ به‌رامبه‌ری وشه‌کانی sex, gender, sexuality, subjectification, subjection,  و …. چیتان داناوه؟

گرفتی سەرەکی، گرفتی نەبوونی ستانداردی زمانی کوردیە، کە هەتا ئەم کاتەیش هەر بۆ من سەرلێشێواوی دێنێت، وەک جودانووسین یان پێکەوەنووسین، هتد. با لەمانە بگەڕێین کە کاری من نیە و بۆ زمانناسەکانی دادەنێین.

بەڵام، جگە لەمانە، گرفتی سەرەکی نەبوونی بەرانبەری شیاوی فەلسەفی بوو لە زمانی کوردیدا. دواتر نەبوونی ستانداردێک بوو بەرانبەر زۆرێک لە دەستەواژەکان. بۆ گرفتی یەکەم، لەگەڵ هەندێ‌هاوڕێ و ناسراودا کاری دۆزینەوە و داتاشینی وشەکانمان دەکرد، و هەندێ جار دوو دوو، و سێ سێ، و چەند کەس پێکەوە لەسەر وشەکان کارمان دەکرد تاکوو دەگەیشتین بە شتێک کە جێی ڕەزامەندی هەموو لایەک بێت. لەناو ئەم لیستەدا دەیان کەس هەن، هەندێکیان بۆ چەند جارێک یارمەتیان داووم و هەندێکیش لە سەرەتاوە لەگەڵمدا بوون. وەک لە پێشەکی ئەم پەرتووکانەدا ناویان‌هاتووە دوبارە سپاسیان دەکەم. بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاردەر هەر خۆم بووم و ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت ئەوە هەر خۆم لێی بەرپرسیارم.

بۆ گرفتی دووەمیش بەم شیوە بوو کە لە زمانی فکریدا زۆرێک لە تێگە و چەمکەکان بە شێواوی بەکار‌هاتوون. بۆ نمونە جیاکاریەک دانەنراوە لە نێوان دانایی و مەعریفە و زانستدا. بۆ ئەمە، فەرهەنگۆکێکی تێگەییم داناوە کە لە کۆتایی هەر پەرتووکێکدا هەیە، و خوێنەر دەزانێت چۆن جیاوازی کراوە لە نێوان چەمکە نزیکەکاندا. لە هەر حاڵەتدا، ئەگەر خوێنەرێک تۆزێک ئاشنا بێت بە زمانی فەڕانسی یان ئینگلیزی، ئەوا سەری لێ ناشێوێت و لە هەر دوو حاڵەتەکەدا بەرانبەرە ئینگلیزی و فەرانسیەکەی دەبینێتەوە. ژمارەی ئەو وشانە زیاد لە چەند سەد وشەیەکن، کە تا ئێستا نەمژماردوون.

پەتینووسین زۆر لام مەبەست بووە، پڕەنسیپی یەکەم بۆ من ئەمە بووە، بەڵام نە بە نرخی ئاڵۆزکردنی دەقەکە، و زێدەڕۆیی تا ئەو ڕادەیە کە تەنها خۆم لێی تێبگەم. بەڵام هەندێک دەستەواژە هەیە، وەک سێکس، سێکسوالیتە، دیسیپلین و هتد هەر وەک خۆی دامناوەتەوە. هەندێکیش هەیە وەک هەموو خەڵک بەرانبەرە کوردیەکەیم داناوە، وەک ڕەگەز. هەندێکیش بە یارمەتی دەستەواژە فەڕانسیەکە، کوردێندراوە، وەک سوژەبوون، بە سوژەکردن، هتد.

بەڵام حەز دەکەم لێرەدا ئەم هەلە بقۆزمەوە و داوا بکەم، کە هەرکەس هەر پێشنیارێکی بۆ هەر وشەیەک هەیە یان لە دەقەکاندا هەر پێشنیارێکی دیکەی هەیە، زۆر خۆشحاڵ دەبم ئەگەر پێشنیارەکانیم پێ بگەیەنێت، هەر لە ئێستاوە سپاسی دەکەم و بە دڵنیاییەوە پێشنیارەکان لە چاپەکانی دیکەدا لەبەرچاو دەگیرێن.

۱۵- ئایا ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی فۆکۆ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی تریدا بۆ ئه‌م دۆخه‌ی کوردستان گونجاوتره؛ واته زه‌رووره‌تێکی مێژوویی بۆ دۆخی ئێمه‌ی کوردی تێدا به‌دی ده‌کرێت؟

بە چەند هۆ زۆر لە بەرهەمەکانی دیکەی بە گرنگتری دەزانم. یەکەم، خوێنەر بە مێتۆد و شێوەی شیکاری فوکۆ ئاشنا دەبێت کە بۆ من، باوەڕبوونە بە فرەچەشنبوونی ئیمکانەکان، تاقانەبوونی دیاردەکان، و لە هەمووی گرنگتر گۆڕینی ڕوانگەی ئێمەیە بۆ مێژوو.

دووەم، ئاشنابوون یان خود تازەکردنەوەی هەندێک تێگەیشتنە کە تا ئێستا لە کۆمەڵگای کوردیدا زۆر کلاسیکیانە چاوی  لێ دەکرێت.  جگە لە چەمکگەلی زەقی وەک دەسەڵات و ژین-دەسەڵات، چەمکگەلی دیکە دێنە ئاراوە، ئاکار، ڕەوشت، خود، کولتووری خود، سوژەبوون، بەرگری و بەرخۆدان، هتد. هەموو ئەمانە بۆ من پێدوایستیەکی خێران بۆ تازەبوونەوە، یان لانیکەم بۆ وروژاندن و دوان لەسەر  ئەم گرفتانە، جا ئەگەر تەنانەت خوێنەرێکیش هیچ هەست بە نزیکایەتی نەکات لەگەڵ فوکۆدا.

۱۶- قسه‌ی دوایی ئێوه چییه و پیشنیاره‌کانتان بۆ وه‌رگێڕان به کوردی له زمانی سه‌رچاوه‌وه چی ده‌بێت؟

زۆر سپاسی جەنابت و سایتی ئاماژەیش دەکەم، و بە جیدیشەوە دەڵێم کە کاری ئێوە پڕکردنەوەی کەلێنێکی گرنگە لە کولتووری کوردیدا؛ کارەکەتان ناوازەیە و دەگمەن.

تەنها ئارەزووم ئەوەیە کە ڕۆژێک لە کتێبخانەی کوردیدا هیچ وەرگێڕانێک لە عەرەبی و فارسیەوە نەبینم.

– به‌سپاسه‌وه

 

کرۆنۆلۆژیای ژیان و به‌رهه‌مه‌کانی فۆکۆ:

(وه‌رگێڕان بۆ کوردی: پێژمان به‌رخورداری و باوه‌ڕ مه‌عرووفی)

۱۹۲۶: له پانزده‌ی ئۆکتۆبه‌ری ۱۹۲۶ی زایینی له ناوچه‌ی سه‌نت مواری پواتیه‌ی فه‌ره‌نسا چاو به دونیا هه‌ڵده‌هێنێ.

۱۹۴۲: خوێندنەوەی فەرمیی فۆکۆ لە فەلسەفە دەست پێدەکات،
۱۹۴۵: لە پاریس بە بەشدار بوون لە کۆرسەکانی ژان هیپۆلیت درێژە بە خوێندنی خۆی دەدات،
۱۹۴۶: دێتە نێو فێرگەی ئاکادمیکی ئێکۆل نۆرماڵ سوپێریۆر
۱۹۴۸: هەوڵ دەدات بە خواردنی حەب خۆکوژی بکات
۱۹۵۰: بە پێشنیاری لویی ئاڵتووسێر دێتە ڕیزی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنساوه
۱۹۵۱: حاڵەتی خەمۆکی ڕەوانی دەگرێت بە خۆیەوە، هەر بەم هۆکارەوە سەربازییەکەی پێ بەخشرا
۱۹۵۲:دەچێت بو زانکۆی لیل بۆ وەرگرتنی پایەی دەستیاری
۱۹۵۳: دەروونناسی لە ۱۸۵۰ تا ۱۹۵۰ دەرخەری تێکۆشانی ئەو بۆ گەیاندنی ئەم بەشە بە پلە و پایەی زانستیانە و لە سەر تەڤەری هەبوونایەتی ئینسانی بوو
۱۹۵۴:کتێبی نەخۆشی ڕەوانی و ڕەوانپزیشکی وەکوو تێکۆشانێک بۆ ڕەتکردنەوەی مێتۆدگەلی جۆراوجۆر بڵاو دەکاتەوە،
۱۹۵۵: بانگهێشتی لێ دەکرێت تا ببێتە ئەندامی‌زانکۆی خوێندنەوەکانی ڕۆمی‌لە زانکۆی ئۆپسالا. لەوێ دەرسێک سەبارەت بە ناسینی عەشق لە ئەدەبیاتی فەڕەنسە لە مارکی دوساد تا ژان ژنە پێشکەش دەکات
۱۹۵۸: لەگەڵ کاربەدەستێکی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەردانێک دەچێتە کڕاکۆ. ڕۆژێک ئەو خاتوونە لە ناکاو دەچێتە ژوورەکەی و فووکۆ لە حاڵی چێژی جنسی دەیبینێت. لەم سەردەمەدا‌هاوڕەگەزخوازبوونی ئاشکرا دەبێت
۱۹۶۱: باوکی دەمرێت. فووکۆ لە ئارشیڤەکانی پاریس سەرقاڵی تەواو کردنی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە مێژووی شێتیە
۱۹۶۲: کتێبی شێتی و شارستانیەت لە چاپ دەدا
۱۹۶۳: لە دایک بوونی نەخۆشخانە؛ ئارکیالۆجی ناسینی پزیشکی دەنووسێت،
۱۹۶۵: نەزمی‌شتەکان؛ ئارکیالۆجی زانستە مرۆییەکان دەنووسێت
۱۹۶۶: لە زانستگای توونس لە مۆرۆکۆ پۆستێکی پێ سپێردرا
۱۹۶۷: دەچێت بۆ پاریس بۆ پێشکەش کردنی وتارێک سەبارەت بە فەزا بۆ بیناسازەکان
۱۹۶۹: ئارکیالۆجیی زانست لە چاپ دەدا
۱۹۷۰: دوای مردنی ژان هیپۆلیت دەگاتە پایەی مێژووی مێژووی سیستمەکانی ئەندێشە لە کۆلێج دو فڕانس
۱۹۷۱: لە پرۆگرامێکی تەلەفیزیۆنی لە ئامستردام لەگەڵ نوام چۆمسکی لەسەر بابەتی هێز و یەکسانی مۆدێڕن مشتومڕ دەکات. هەر لەم ساڵەدا لە بنیات نانی گرووپی زانیاری سەبارەت بە زیندانیەکان GIP بەشداری دەکات
۱۹۷۲: لە شەڕ و پێکدانی خوێندکاران لەگەڵ فڕانسوا موریاک دەستگیر دەکرێت. لە نێوان ساڵەکانی ۱۹۷۲ و ۱۹۷۳ لە کۆمەڵە سمینارێک سەبارەت بە کۆمەڵگای حیزبی و هێزی دادوەری لە فەڕەنسە و بەرازیل بەشدار دەبێت. ئەم توێژینەوە ئاکامەکەی دەبێتە چاپ کردنی کتێبی پاراستن و سزا دان؛ لە دایک بوونی زیندان
۱۹۷۵ -۱۹۷۷: لەگەڵ ئیو مۆنتان و چەند کەسێکی‌تر بۆ ڕزگار کردنی ئەو یاخیانە کە لە ژێر مەترسی لە سێدارەداندا بوون لە لایەن ڕژیمی‌فرانکۆ دەچێت بۆ مادرید، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدرا کە لەگەڵ ڕۆژنامەکان وتوووێژ بکات. هەر لەم ساڵەدا یەکەمین بەرگی کتێبی خودئاگایی تاک وەکوو سووژەی سێکسواڵیتە یان مێژووی سێکسواڵیتە، پێشەکیەکی بڵاو کردوە. له هەمان ساڵدا بانگهێشت دەکرێت بۆ زانکۆی برکلی
۱۹۷۷: ژان بودریار وتارێک له ژێر ناوی “فووکۆ لە بیر کە” دەنووسێت.
۱۹۷۸: فووکۆ لە تۆکیۆ سەبارەت بە هێز و فەلسەفە وتارێک پێشکەش دەکات.
۱۹۷۹: فووکۆ لە ئەمریکا جێگە و پێگەیەکی ئوستوورەیی بۆ خۆی دەستەبەر دەکات. لەم ساڵانەی دواییدا سەبارەت بە حەقیقەت و سوبژکتیڤیتە لە زانکۆی برکلی کۆمەڵه سمینارێک بەڕیوە دەبات. گۆڤاری تایم مژارێک سەبارەت بە فۆکۆ بڵاو دەکاتەوە
۱۹۸۳: لە برکلی سەبارەت بە “چییەتی ڕۆشنگەری” وتار پیشکەش دەکات یورگن‌هابرماس لە وتارێکدا سەبارەت بە “گوتاری مۆدێرنیتە” ڕەخنە لە فووکۆ دەگرێت. بەرگی دووهەمی‌مێژووی سێکسوالیتە لە ژێر سەردیڕی ‘کارکردی لەزەت’ لە چاپ دەدرێت. لە دووهەمی‌ژووییەی ۱۹۸۳ فووکۆ لە ماڵی خۆیدا حاڵی تێکدەچێت و دەگوازرێتەوە بۆ کلینیکی سەن میشێل و دوایی ساڵپتێریەر. لە ۲۴ی ژووییە و لە کاتژمێر ۱:۱۵ی دوای بەربەیان ژیانی فووکۆ دوایی دێت پزیشکەکان هۆی مەرگی فووکۆیان چڵکی مێشک بە هۆی نەخۆشینی ئایدزەوە ڕاگەیاند.

 

[۱] Dispositive

[۲] Generality

[۳] simulacre/simulation

[۴] repressive hypothesis

[۵] sexual revolution

[۶] Anthropologisme

[۷] Anthropology

[۸] Diamond and Quinby; Fraser; Bartky; Butler; Nicholson; Hekman; Braidotti; Sawicki; Barrett and Phillips.

[۹] Acker; Hekman.

[۱۰] games of truth

[۱۱] ethics of immanence

[۱۲]  Dispositive

[۱۳] Substance

[۱۴] Forme

[۱۵] emancipation

[۱۶] welfare state

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

10 + 9 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس