یکشنبه , ۱ بهمن ۱۳۹۶
خانه / بابه تی کوردی / وەرگێڕانی دەقێکی مۆدێڕن بە ئەندێشەیەکی کلاسیک(رەخنەیەک لە‌سەر وەرگێڕانی کوردیی رۆمانی “هەرا و تووڕەیی” فاکنێر)/ سامان ئەمجەدی

وەرگێڕانی دەقێکی مۆدێڕن بە ئەندێشەیەکی کلاسیک(رەخنەیەک لە‌سەر وەرگێڕانی کوردیی رۆمانی “هەرا و تووڕەیی” فاکنێر)/ سامان ئەمجەدی

کاتێک کە هەواڵی بڵاوبوونەوەی کتێبێک رادەگەیەندرێت، زۆر جێگەی شانازی و سەرفرازییە، بە تایبەت ئەگەر دەقێکی باش یان وەرگێڕانێکی چاک لە دەقێکی ناودار بێت. نەخشاندنەوە و رازاندنەوەی کتێبخانەی هەژاری کوردی بە دەقێکی شاکاری جیهانی، ئاشکرایە زۆر دیارییە بەڵام بەو مەرجە کە زۆر شت رێک‌هاتبێ تاکوو ئەو ئامانجە‌هاتبێتە دی. ئەم وتارە سەبارەت بە وەرگێڕانی کوردیی رۆمانی“The Sound and The Fury” بە نێوی “هەرا و تووڕەیی” لە لایەن محەممەدی رەمەزانیەوە هەیە و دەیەوێ کە بە چەشنێکی شیکارانە لە‌سەر ئەم کارە بدوێ. ئەم وتارە دوو بەشە و لە بەشی یەکەم لە ئەندێشەی وەرگێر و تەنیشت­دەقەکانی[۱] ئەم کتێبە لێدەکۆڵین و دوایی لە بەشی دووهەم به خودی دەق و زمانی وەرگێڕانەکە بە هەڵسەنگاندنەوەیەکی کورت لەگەڵ دەقی ئینگلیزی کارەکە پێدادەچین.

      یەکەم مەرج بۆ ئەوەی کارێک باش بێ، ژۆنێت[۲] گوتەنی چاک‌بوونی “تەنیشت­دەقە” کە بە دەقگەلی سەتەلایتی[ماهوارەیی]یش دەتوانین نێوی لێبەرین. تەنیشت­دەق زۆر لە بڵاوگەی کوردیدا لە پەراوێز خراوە. مەبەست لە تەنیشت­دەق، ئەو دەقانەیە کە بریتین لە نێوی نووسەر، رووبەرگ، پێشکەشنامە و… کە لە ئاقاری یەک دەق پێک دێن بەڵام وەکو بەشێک یان پارچەیەک لەو دەقە نین. لە واقیعدا وەکوو دەروازەگەلێکن بۆ ئەو دەقە.

      نووسەر: لێرە نێوی بەرزی فاکنێر[۳]وەکوو خاڵێکی گرینگ و پشتیوانێکی هەرە بەرزە بۆ ناساندنەوەی دەقەکە.

      نێوی کتێب: کتێبەکە پایەیەکی بڵیندی لە کتێبخانەی جیهانیدا هەیە و بە دڵنیاییەوە دەقێکە کە ناساندنی زۆری ناوێ و بەردەنگی خۆی هەیە. وەرگێڕانی نێوی ئەم دەقەش هەرچەن مێشک[۴] بە نێوی وەرگێڕاوی فارسیەکەی داهاتوە، زۆر باش و رێک و پێکە. وشەی “قێڕە”ش کە پیشنیاری د.سەجادیە[۵] کە‌هاوواتای “Sound”ی ئینگلیزیە، یەک: بە قەرای وشەی “هەرا” جوان و خۆش ئاهەنگ نیە و دوو: لە باسی واتا و هێمایشەوە، ئەو هۆیە کە دوکتر سەجادی باسی دەکا “صائب” نیە، چونکە قەت مەبەستی فاکنێر نەبووە و وشەی “Sound”یش ئەو مانایەی لێ ناوەشێتەوە کە هێمایەک بێت بۆ خەساندنەوەی بێنجی. “بێنجی” کاتێک کە منداڵێکی ساوایشە بانگ هەڵدان و‌هات و هەرای هەر بووە و تایبەت بە کاتی خەسانەوی نیە و وتنیشی ناوێ کە بە هۆی ئەو کارساتەش نیە کە هەر هەرای لێ بەرز دەبێتەوە و بە کارهێنانی وشەی “قێڕە” وەکوو کەمکردنەوە(تەقلیل)یەکە کە شرۆڤە و راڤەی وەرگێڕی بەسەر مەبەستی داهێنەر داسەپاندوە.

     وەرگێڕ: لە سەرەکیترین تەنیشت­دەقگەلی ئەم چەشنە دەقانە، نێوی وەرگێڕ و کارنامەکەیە، کە کاک محەمەدی رەمەزانی ئەوەی کە دیارە بێجگە لە بەناوبانگیی لە نێوان هەندێک لە کارناسان شۆرەتێکی وەهای نیە و ئەمە یەکەمین کاری جیدی ئەو بەڕێزەیە.

     کۆڕی پەردەلادان[۶]: ماوەیەک لەمەوبەر لە کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم دەقە، کۆڕێکی پەردەلادانیان لە بۆکان بۆ دانیا و سێ مامۆستای سەرناسیش بۆ ناساندنی ئەم وەرگێڕانە دەنگ کرابوون کە ناوبانگی ئەم وەرگێڕانەی بە چاکی بڵاو کردەوە و بوو بە هۆی چاوەڕوان بوونی بەردەنگی کورد لە سەر بڵاو بوونی ئەم کارە. هەرچەن بە پێچەوانەی ئەو هەموو هەرا و هووریایەی کە بۆ ئەو کۆڕە کرا، ئەو بەڕێزانە لە فاکنێر و “خشم و هیاهو” زۆریان گوت و لە “هەرا و تووڕەیی” هیچ و ئەمەش زۆر جێگەس سەرنجە. ئەو بەڕێزانە، کە هەرکامیان پیاوی کولتوورن و خاوەنی بەرهەم، چڵۆن بە بێ خوێندنەوەی ئەو وەرگێڕانە دێنە ئاخافتن؟ باس کردن لە فاکنێر و “خشم و هیاهو” چ زانیاریەک لە “هەرا و تووڕەیی”مان پێ دەدا؟! ئەو کۆڕە کە کۆڕی ناساندنی فاکنێر نەبوو و ئەگەر مەبەست ناساندنی فاکنێریش بێ چ شتێکی ئەوتوویان گووت کە لە گەڕانێکی بچووک لە “گووگل”دا وەچنگ ناکەوێ؟!

    رووبەرگ: کاتێک کە کتێبەکە بڵاو کرا و دەرفەتی دیتن و خوێندنەوەی‌هاتە پێشەوە یەکێک لەو تەنیشت­دەقە بەرچاوانە کە پێشتر بە ئاماژە باسی کرا کە لە بڵاوگە کوردیەکاندا خراوەتە پەراوێز، دیزاینی بەرگ و شێوازی کتێبەکانە. سەبارەت بە گرافیک و دیزانی بەرگ، لە سەر ئەم دەقە دەتوانین لە سەرەتاوە رەنگی بەرگەکەی بخەینە بەر پرسیار کە بۆچی سپی؟ سپی چ پەیوەندییەکی هەیە بە ناوەڕۆکی کتێبەکەوە؟ یان هۆی هێنانی تابڵۆیەکی دالی لە سەر بەرگەکە بپرسین[۷]؟ بەڵێ هەرا و تووڕەیی لە سەر زەینە و پەیوەندیشی لەگەڵ کات زۆرە، بەڵام ئەمانە نابنە هۆیەکی باش بۆ هێنانی کارێکی سووررئالیستی کە پێش زەینییەتی تایبەت بە خۆی بە دوایەوە هەیە. یان فۆنتی سەربەرگی کتێبەکە کە بۆچی وەهایە و هۆی هێنانی رەنگی نارنجی کەم رەنگ، ئەویش لە سەر سپی چیە؟ یان دەبێ بۆچی نێوی نووسەر بەو رەنگە نارنجیە و ئەویش لە چاو نێوی وەرگێڕ ئەوەندە چکۆلە بێ؟ گرافیک و دیزانی بەرگی کتێب لەو بابەتانەیە کە زۆر سەرنج راکێش و ناسێنەری کتێبە و لە یەک چاو، بەردەنگ دەگرێ یان دەیڕفێنێت، لێرە دیزاینی بەرگی هەرا و تووڕەیی بە یەک زاراوە ئەگەر باسی لێبکەین دەتوانین بڵێن زۆر ساردە. تا ئێستا لە سەر دیزانی بەرگ کە پاراتێکستێکی گرینگە باسمان کرد که وەکوو دەروازەیەکە بۆ رۆییشتن بە نێوی دەقی سەرەکی. دوایی ئەوەی کە لەم بابەتە گرینگە پێشەکییەکەی وەرگێڕە.

   پێشەکی: پێش ئەوەی کە بچینە سەر پێشەکی وەرگێڕ، دەبینین کە لە بەرگێکی سپی هەر لە سەرەتای کتێبەکە، لە یەک رستە بۆ خوێنەر نووسراوە کە پێشەکی وەرگێڕ بخوێنێتەوە، ئەویش بە وردی. لەو پێشەکییەشدا، وەرگێڕ هەموو شتێک بۆ خوێنەر یەک لایەنە دەکاتەوە و سێ جار، بە تێر و تەسەلی، ئەو رۆمانە کورت دەکاتەوە و هەمووشتێک کە سەبارەت بەم رۆمانە بزانێ باس دەکا. ئەم چەشنە روانین بە خوێنەر، زۆر جێگای پرسیارە. روانین لە سەروە بۆ خوێنەر وەکوو کەسێکی ناشارەزا و نەزان کاتی بەسەر چووە. هۆی ئەم روانینە ئەگەر خۆ بە زانا زانینی وەرگێڕ نەبێ، دەگەڕێتەوە چ بابەتێکی دیکە؟ لێرە بۆ رووناکی خستنەوە لە سەر ئەم خاڵە دەتوانین لە محەمەدی رەمەزانی بەڕێز بپرسین کە بەردەنگی ئەم وەرگێڕانەت کییە؟ ئەم دەقە کێ دەیخوێنێتەوە؟ ئەو کەسە کە خوێنەری تەمبەڵە و بۆ خەو رۆمانی دەوێ؟ یان خوێنەرێکی تێکۆشەر و وردخوێن، کە قەناعەت بە هەر دەقێک ناکات؟ ئەوەی کە ئاشکرایە و زۆر کەس دەزانێ، کتێبخانەی کوردی لاوازە، بەڵام خوێنەری کورد چی، ئەویش لاوازە؟ خوێنەری کورد لە هەر وڵاتێک و بە تایبەت لە ئێران، دەقگەلی زۆری بە زمانی فارسی خوێندوە و دەیخوێنێتەوە کە دەتوانین بە دڵنیاییەوە هەر دەقێک بنێینە بەر دەستی و تووشی کێشە نەبێ. رۆمانی “هەرا و تووڕەیی”ش هەر بە زمانی فارسی دوو وەرگێڕانی هەیە کە ئەگەر باشیش نەبن و خوێنەر تێر و تەسەڵ نەکەن، بە بۆشایی رۆمانی مۆدێڕن رای دەهێنن و ئاشنای دەکەن.

     خوێنەری کورد ئەمڕۆ کە تەنیا شارەزای زمانی فەرمی‌وڵاتەکەی نیە و لانیکەم ئینگلیزی دەزانێ. کتێبخانەی فارس و عەرەب تا ئەو رادە کە نووسەر بزانێ بە لاوازی زۆریانەوە لە چاو کتێبخانەی زمانگەلی رۆژئاوایی، هەر دەوڵەمەندتر لە کتێبخانەی کوردین و وەڵامی‌هەستی خوێنەری تینووی کورد دەدەنەوە. دەمەوێ بە کورتی ئەوە بڵێم کە خوێنەری کورد بە پێچەوانەی کتێبخانەی کوردی زۆر لێهاتوو و توانایە. لە نێو خوێنەرانی کورددا بە دڵنیاییەوە، بارت[۸] وتەنی “خوێنەر- نووسەر”مان هەیە کە شارەزای رۆمان و دەقی مۆدێڕنن. بۆ سەلماندنی ئەم قسەش لێکۆڵینی ناوێ و رۆمانی “گابۆڕ“ی سەید قادر هیدایەتی” خۆی وەکوو بورهانی قاتیعێکە کە خوێنەری کورد، ئەگەریش کەم بن ئەوەندە هەن کە هیدایەتی و بڵاوگەکەی نەترسانە ئەم رۆمانە زۆر فۆرماڵە بڵاو کەنەوە[۹].

    دەقی کتێب

     ئەگەر بە گوێرەی مێتۆدی “ژۆنێت” بچینە پێشەوە دەبێ بڵێن کە ئێستا لە سەر وەرگێڕانەکە وەکوو “ژووردەق[۱۰]” بۆ دەقی سەرەکی فاکنێر وەکوو “ژێردەق[۱۱]” دەبێ پێدا بچینەوە. وەرگێڕان یەکێک لەو چەشنە ژووردەقانەیە کە بە بێ ژێردەقەکەی نەدەهاتەە ئارا و پێوەندی وەرگێڕان بە دەقی ژێرخانی خۆی بەو چەشنەیە کە لە زمانێک بۆ زمانێکی دیکە ئەم پرۆسە بیچمی‌گرتوە و گواستنەوەی زمانی/پیشانەییە.

     زاڵ بوونی پەراوێز بە سەر دەق:

      بە گوێڕەی ئەو روانگەی وەرگێڕ کە خوێنەر بە کەم چاو لێدەکا، لە نێو دەقەکەش وەکوو پێشەکی لە یەکم رستەی رۆمانەکە دەستی کردوە بە پەراوێز هێنان. دوایی لەسەر ئەوەی کە ئەم پەراوێزانە چین و چڵۆن‌هاتوون باس دەکەین. لە سەر ئەم باسە ئەوەی کە سەیرە، روانینی سەید قادر هیدایەتی بۆ ئەو پەراوێزانەیە. ئەو بەڕێزە کە وەکوو نڤیسیاری[۱۲] هەرا و تووڕەیی نێوی لە کتێبەکەدا‌هاتوە، چلۆن ئەو هەموو پەراوێزەی وەرگێڕی بە باش زانیوە و وەکوو بردنەوە سەرەوەی “کلاس و ئاستی کارەکە” ناوی لی دەبات؟! ئەگەر پەراوێز باشە چڵۆن لە رۆمانەکەی خۆی یانی گابۆڕ، کە لە باری فۆرمەوە بە تایبەت لە گێڕەو[راوی]ەکان، خوێنەر تووشی گرفتی زۆر دەکا، حەتا یەک پەراوێزیش نابینین؟ یان لە هەرا و تووڕەیی کە شکاندنی رەچەڵەکێکە و بێجگە لە چەند رۆمانی دیکە بۆ خوێنەری ئینگلیزی لە کاتی بڵاو بوونەوەیدا زۆر نوێ بووە، فاکنێر بۆ خۆی یەک پەراوێزیشی نەهێناوە؟! ئەگەر وەرگێڕی بەڕێز لەو سێ ساڵ کاری ماندوو نەناسانەی لە “نەفسی” رۆمانی مۆدێڕن تێنەگەییشتبێ، کە گەییشتوە، هەر بێجگە لەوەی کە زۆر پێویستە، هیچ پەراوێز و شرۆڤەیەکی لە ئەم رۆمانە نەدەهێنا. رۆمانی مۆدێڕن یانی ململانێ لەگەڵ خوێنەر، یانی ویستنی خوێنەرێکی تێکۆشەر و وردبین.

     کێشە لە پەراوێز هێنانی وەرگێڕ نیە، کێشە لە چۆنیەتی ئەو پەراوێز هێنانە و کێشە لە ئەندێشەکەی پشتیدایە. پەراوێز بە پێچەوانەی وتەکەی نڤیسیاری “هەرا و تووڕەیی” نە کە “بە هۆی پەراوێز بوونیەوە” وەرگێڕی چاک کەم خۆی لێدەدا، بەڵکو بە هۆی ئەوە کە لە “لەزەتی خوێندنی دەق” کەم دەکاتەوە و پرۆسەی خوێندنەوە تووشی سەکتە دەکا زانایان، زۆرهێنانی بە باش نازانن. هەر وەها کە دەزانین ئەم رۆمانە لە سەر رەوتی “لێشاوی زەین”[۱۳] نووسراوە و پەی بردن بە گێڕەو[۱۴]، کات و شوێن وردبینیەکی زۆری دەوێ و هەر ئەم دژوارییە بەشێکە لە “لەزەتی دەق” و وەرگێڕی کوردی چونکە خوێنەری کورد بە کەم دەبینێ و خۆیشی لە بیر و بۆشایی رۆمانی کلاسیک نەهاتوەتە دەرەوە، لە سەرەتای رۆمانەکە تا بە کۆتایی هەرچێک بە ئاستەمی‌زانیوە، لە پەراوێزدا شرۆڤەی کردوە، حەتا گێڕەوی یەک وشەش بێ! بۆ وێنە ئاماژە بە چەند نموونە لەو پەراوێزانە دەکەین. فاکنێر و رۆمانی مۆدێڕن بۆ خوێنەر تەمبەڵ نیە، قەت بۆ خوێنەرێکی تازەکاریش نابێ. ئەم دەقانە خوێنەری خۆی دەوێ کە بە زمانی ئەم چەشنە رۆمانگەلە داهاتبێ، بەڵام وەرگێڕ هەر وەها کە گوتمان باوڕی بە راهاتوویی خوێنەر نیە و گێڕەوی/راوی هەر وتەیەک لە پەراوێز دەنووسێ: بۆ وێنە لاپەڕەی ٢٠٧، لە سێ پەراوێزی پشت سەر یەک ئەم خاڵە دەبینین: ٣. دەنگی کەدی؛ ٤. دەنگی کوێنتین ٥. دەنگی کەدی!!!. زەقترینیشیان بە دڵنیاییەوە ئەوەیە کە لە کۆتایی هەر بەشێک کە کات دەگۆڕدرێ، لە ئەم گۆڕێنەوە ئاگادارمان دەکاتەوە؛ بۆ وێنە پەراوێزی ٤ لاپەڕەی ٦٧: “تا ئێرە کات هەر ساڵی ١٩٠٢ بوو” و هەر دوابەدوای ئەمە لە ئەوەڵین رستە کە دەکەوێتە سەرەتای لاپەڕەی ٦٨، لە پەراوێزی ١، وەرگێڕ ئاگادارمان دەکاتەوە کە: “دیسان کات‌هاتەوە زەمانی ئێستا واتا ئاڤریلی ١٩٢٧”. لە دەقی سەرەکی، فاکنێر بۆ خۆی بە گۆڕینی فۆنت تا رادەیەک یارمەتی خوێنەر دەدا و لەوە بە دوا خوێنەر لەگەڵ دەقەکە بە تەنێ جێی دێڵێ کە بگەڕێ و خەریکی موکاشفە بێ و بە کورتی بڵێین لەزەت ببا، کە بە داخەوە وەرگێڕی کوردی بە پێچەوانەی فاکنێر و وەرگێڕە فارسەکانی ئەم دەقە هیچ بەم خاڵە بڕوای نیە و دەستی خوێنەر هەر بەر نادا[۱۵].

     پەراوێزیشی هەیە کە پێش لەوەی کە فاکنێر بیگێڕێتەوە بۆ خوێنەر، بە تەواوی خوێنەر ئەگەر لە چیرۆکی رۆمانەکە ئاگادار نەکا، یەک لاپەڕەی داهاتووی لانیکەم بۆ دەردەخا؛ بۆ وێنە دەتوانین ئاماژە بە یەکەمین پەراوێزەکانی ئەم بەڕێزە بکەین: پەراوێزی ١،٢ و ٣ی لاپەڕە٦٣، کە سەرەتای رۆمانەکەیە و بە هۆی پێشەکی تێر و تەسەلەکەی وەرگێڕ کەوتوتە ئەم لاپەڕە. لە ئەم پەراوێزانە بە دڵنیاییەوە ئەتوانین تەواوی چیرۆکەکە ببینین! ئەگەر نەڵێین هەموو، نێزیک بە هەمووی پەراوێزەکانی وەرگێڕ هەر وەهان و بێجگە لە سەکتە خستنەوە لە پرۆسەی خوێندن و دووپات کردنەوەی چیرۆکی رۆمانەکە و دووپات کردنەوەی پەراوێزەکانی پێشوو هیچ زانیارییەکی ئەوتوو و پێویست بە خوێنەر نادەن.

    هەر وەها کە باس کرا لە سەرەتای کتێبەکەش لە لاپەڕەیەکی سپی، خوێنەر بە خوێندنەوەی پێشەکی وەرگێڕ، ئەویش بە وردی،‌هان دەدا؛ و لەوێ دەبینین کە وەرگێڕ سێ جار ئەو رۆمانەی لە چل لاپەڕە بۆ خوێنەر بە تێرو تەسەلی کورت کردوەتەوە و بە تەواوی ئەوەمان پیشان دەدا کە هیچ باوەڕێکی بە “لەزەتی دەق” و “راهاتوویی خوێنەر” نیە و دەیەوێ بە قیمەتی خەسار دانی لەزەتی خوێندنەوە بۆ خوێنەر، حەتمەن دەستی بگرێ تا نەک ون بێ! ئەم رەخنەش لە بارێکی دیکەوە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ نڤیسیاری کارەکە و بڵاوگەکەی کە چڵۆن بۆ وەها کارێک خوێنەری کتێبی لە بەر چاو نەگرتوە، ئەویش خوێنەری ئەم چەشنە کتێبانە کە وەکوو زێڕ دەدرەوشن. کاری بڵاوگە و نڤیسیار مەگەر چیە؟ ئەو هەموو “تەوزێحی وازحاتە”، ئەویش نە یەک جار کە سێ جار، و ئەو هەموو پەراوێزە بێ­جێگەیە، چیە بێ­جگە لە خەساردانی کاغەز و کاتی خوێنەر و گران بوونی نرخی کتێبەکە؟! ئەگەر لە روانگەی وەرگێڕی بەڕێز خوێنەری کورد هێشتا نەگییشتوەتە ئەو ئاستە کە خۆی دەقێکی وەها بە تەنێ بخوێنێتەوە، ئیتر بۆچی و بۆ کێ وەریگێڕاوەتەوە؟ ئەو هەموو کتێبە کلاسیکە خوەش خوێنەمان هەیە کە رەنگی زمانی کوردیان بە خۆوە نەدیوە و پێویستیشن کە کتێبخانەی کوردیان پێوە بنەخشێندرێ، بۆچی کاک محەمەد رەمەزانی، ئەو سێ ساڵ ماندووبوونەی بۆ ئەم وەرگێڕانەی بە چەند کتێبی وەرنەگێڕاوی کلاسیکی بە نرخ تەرخان نەکردوەتەوە. خوێنەرێک کە ئەوەندە لە ئاستێکی خوارەوە بێ، دەبێ پلە بە پلە کاری لەگەڵدا بکرێ و بۆ ئەم کارەش هەر کلاسیکەکان زۆرتر لە مەبەست و بیری وەرگێڕ نزیکن. بەڵام هەروەکوو لە سەرەتا ئاماژەم پێ کرد خوێنەرێک کە بەردەنگی ئەم کتێبەیە ئەوەندە راهاتوە کە مافی ئەوەی ببێ کە چاوەڕوانی وەرگێڕانێکی باش بێ، نەک رێنوێنی.

      لە کۆتایی ئەم بەشەدا روانگەی وەرگێڕی کوردی کتێبی “هەرا و توورەیی“، کاک محەمەد رەمەزانی  زۆر جێگەی سەرنجە. ئەم ئەندێشە بە گشتی ئەندێشەیەکی زاڵە لە نێوان زۆریک لە نووسەران و وەرگێڕەکانی کورددا، بە چاک و خراپ. لێرە کاک محەمەد وەکوو وەرگێڕێکی باش لە دەقێکی چاک و وەکوو نوێنەرێکە بۆ ئەو ئەندێشە کە لێرە رەخنەی لێوە دەگیردرێت. ئەم چەشنە بیرە هەر بە تەنیا لە نێوان کورددا نیە و بۆ وێنە هەمانە وەرگێڕگەلێک لە زمانی فارسی کە پێشەکی وەرگێڕانەکەیان لە دەقی نووسەرەکە زۆرترە. ئەمە لەوە دێت کە وەرگێڕ خۆی بە زانا و عالیم دەزانێ و خوێنەر و بەردەنگ بە گێل و نەزانێک کە دەبێ دەستی بگری دەنا ناتوانێ لەگەڵ دەقەکە بێتە پێشەوە.

     مامۆستا میرشەمسەدین ئەدیب سوڵتانی وتەیەکی هەیە کە زۆر لە وەرگێڕە فارسەکان لە کاتی وەرگێڕاندا لە پێش چاوی دادەنێن، کە دەڵێ: “وەرگێڕ راسپاردەی رواڵەتە”[۱۶] و بەو واتایە کە وەرگێڕ ئەرکی ئەوەی لە سەر شانە کە بە جوانی رواڵەتی دەقی سەرەکی کارەکەی هەڵگوازێتەوە و دوایی بمێنێ بۆ خوێنەر و ئەرکی شرۆڤەش لە ئەستۆی وەرگێڕ نیە و ئەگەریش وەرگێڕێک بیهەوێ ئەم کارە بکات، باشتر ئەوەیە لە کۆتایی کتێبەکە یان لە کتێبێکی دیکە یان لە وتارێک ئەم خولیای شرۆڤکردنەی ئەنجام بدات.

لەحن 

    گەورەترین کێشەی ئەم وەرگێڕانە باسی لەحن/دەروایە. بەڵام پێش لەوەی کە باسی لەحن بکەینەوە، دەبێ لە سەر باسی زاراوە بە خاڵێکی گرینگ ئاماژە بکەین. زاراوەی زاڵ لەم وەرگێڕانە زاراوەی موکریانییە، بەڵام لە بەشی دووهەم واتا بەشێک کە گێرەوەکەی کوێنتینە کە لە لاپەڕەی ٢٠٨، باسی کابرایێکی پیری رەش پێست بە ناوی “لوئیز” دەکا، بە چەشنێکی زۆر سەیر وەرگێڕ زاراوەی سنەیی، ئەویش بە چەشنێکی ناشارەزا، بۆ داناوە! لەوەی کە هۆی ئەم کارە چیە و دەبێ بۆچی ئەم کابرایە و تەنیا ئەو بەم زاراوە بێتە ئاخاوتن، جێگەی پرسیارە و نامەوێ کە لە باسێکی شیکارانە و زانستی لە سەر دەق لابدەم و هۆکارەکەی لە جێگایەکی دیکە ببینمەوە. لە دەقی سەرەکی “لوئیز” بە زاراوەیەکی سەیر و زۆر تایبەت دەدوێ و فاکنێریش مەبەستی لەوەی کە لەوێ لە زاری کوێنتینەوە دەڵێ هەندێ دەنگ هەر وەبیر دەمێننەوە، نامۆ بوون و تایبەتمەندی شێوەی ئاخاوتنی ئەو رەش­پێستەیە. هۆکاری ئەم کارە هەرچێک بێ، بە چەشنێکی زەق و ناشارەزایانە بە کار براوە و بە هۆی پەلە و سەرنج نەدان بە تایبەتمەندییەکانی ئەم زاراوە رواڵەتێکی زۆر شپرزی پێ بەخشیوە. دوابەدوای ئەم باسە دێینەوە سەر بابەتی لەحن کە دەورێکی سەرەکی و گرینگی هەیە لەم رۆمانەدا.

     دۆزینەوەی لەحن بۆ وەرگێڕانی کارێکی وەها زۆر ئاستەمە و جار هەیە کە نابێ و ناکرێ. ئەم کارە بۆ وەرگێڕی وردبین زۆر بابەتێکی جیدیە. بۆ وێنە “نەجەف دەریابەندەری” ئەتوانین ناو بەرین کە بۆ وەرگێڕانی لەحنی پاڵەوانی کتێبی “بازماندەی رووز” زۆر ماندوو ببوو تاکوو لەحنێکی نزیک بەوەی کە لە کتێبەکەدایە پەیدا کردبوو. لەحن لەگەڵ زاراوە جیاوازی هەیە و رەنگێکی تاکەکەسی هەیە و بە قەرای هەر کەس دەتوانین لەحنێکی تایبەت ببینین. لە “هەرا و تووڕەیی”دا ئەم بابەتە زۆر ئاشکراترە و هەر لە زاری کەرەکتێرەکانەوە، بەتایبەت لە بەشی دووهەمدا بە ڕوونی باس دەکرێ ئەویش زۆرتر لە زاری “خاتوو بلەند”. ئەوەی کە لێمان ئاشکرایە، ئەمەیە کە لەحنی، بۆ وێنە خاتوو بلەند -بەو هەموو لووت بەرزی و شانازی کردنەوەی بە نەجیب زادەیی خۆی- لەگەڵ لەحنی دیلسێی، کارەکەر[کوڵفەت]ە رەش پێستەکەی بنەماڵەی کامپسێن، یەکێکە؟ بە دڵنیاییەوە نە، بەڵام لەم وەرگێڕانەدا بێجگە لە چەند جێگا لە ئاخاوتنی “بێنجی” کە شێتانەیە لە بەشی یەکەم و لوئیزی راوچی کە بە زاراوەی سنەیی[۱۷] قسان دەکا لە بەشی دووهەم، باقی کەرەکتێرەکان هیچ جیاوازیەکیان نیە و هەموو دەڵێی یەکێکن و تەنیا لە ناودا لەگەڵ یەک جیاوازن. هەموو بە یەک لەحن و یەک دەستە واژەی تیکراری قسە دەکەن و ئەم بۆشاییە لە دەقی سەرەکیدا نابیندرێ.

       ئەم یەکدەستیە حەتا لە ئاخاوتنی “جۆلیۆ”ی ئیتالیایی کە شارەزایەکی ئەوتووی لە سەر زمانی ئینگلیزی نیە و لە دەقی ئەسڵیشدا شێوەی ئاخاوتنی بە هەڵە قسەکردنی هەندەرانییەکی ناشارەزا جیاواز کراوە و وەرگێڕە فارسەکانیش لە وەرگێڕانەکەیاندا ئەو جیاوازییەیان گواستوەتەوە؛ بەڵام جۆلیۆی محەمەدی رەمەزانی بە موکریانیەکی خەست و رێک و پێک قسان دەکا! بۆ وێنە لە وەڵامی‌دادپرس کە پرسیویە کە “تۆ لە کار و بارت بڕاوی کە بە دووی خۆشکتدا[لە دەقەکەدا ئەو(she)هاتوە] بگەڕێی؟” جۆلیۆ لە وەڵامدا دەڵێ :

(Sure I quit. I run. I run like hell. Looka here, looka there…’(Faulkner, 1954, 131′

کە وەرگێڕ وەهای وەرگێڕاوەتەوە:

“ئەیچی قوربان کار و بارم بە جێ هێشتوە. لە تاوان هەر هەڵاتووم. لە تاوان هەر وەک سەی پێ سووتاو هەڵاتووم. بێرەدا، بە وێدا…”(فاکنر، ١٣٩٥، ٢٤٧).

دیارە کە هیچ هەڵەیە، وەرگێڕ قسەی ئیزافەشی لە زاری “جۆلیۆ” ناوە. درووستەکەی دەبێتە:

“دڵنیا من جێم هێشتوە. من هەڵ دێم. من وەکوو چی(بە توندی)[۱۸] هەڵ دێم. تماشا ئێرە، تماشا ئەولا…”

دەبینین کە “جۆلیۆ” ئینگلیزی باش نازانێ و بە جێگەی فێعلی رابردوو، فێعلی ئێستا بە کار دەبا و لەهجەشی هەیە لە کاتی ئاخاوتن، (سەرنج بدەن بە وشەی (looka))، بەڵام لە کن وەرگێڕی کوردی ئەو کابرایە وەکوو ئامادەبوانی ئەو دیوە کە ئینگلیزی زمانی دایکیانە قسان دەکا. ئەم بابەتەش هەر دەگەڕێتەوە سەر بابەتی “لەحن” کە لەحنی کەرەکتێرەکان نابیندرێ و هەمووی لەحنی وەرگێڕە کە دیارە. ئەم بابەتە تا “بەهائەدینی خوڕەمشاهی” وەرگێڕی فارس دەڵێ بۆ ئەوەی دەگەڕێتەوە کە “وەرگێڕ “من”ێکی گەورەی هەیە”(خرمشاهی، ١٣٩١، ٣٣٥). خوڕەمشاهی وەرگێڕان بە دروستی “یەکێک لە خۆشکێنانەترین کارگەلی دونیا” دەزانێ و روو بە وەرگێڕەکان دەڵێ “هەر چەندە لێهاتووش بن و هەر چەندە رەنج بدەن، دەبێ کەمتر دیار بن. رەنگە وەکوو پارادۆکسێک بێتە بەر چاو، بەڵام دەبێ ئەوەندە رەنج بدەن کە رەنجی ئێوە قەت نەبیندرێت. لە واقیعدا لێرەوە دەگەیینەوە بە لەحن”(هەمان، ٣٢٦).

     کەسایەتییەکانی “هەرا و تووڕەیی” بە پێچەوانەی کەسایەتیەکانی The Sound and The Fury هەر وەها کە جیاوازیان لەگەڵ یەکدی نیە و هەموو دەڵێی یەک کەسن، شێوەی ئاخاوتنیشیان بە جۆرێکە کە زۆرجار ناوەکان و پەراوێزەکانی وەرگێڕ، خوێنەر ئاگادار دەکاتەوە کە خەریکی خوێندنەوەی رۆمانێکی ئەمریکاییە، دەنا دەڵێی لە گوندێکی لای بۆکان ئەم رۆمانە رووی داوە و چیرۆکی بنەماڵەیەکی ئەو ناوچەیە و دەکرا ناوگەلێک وەکوو جەعفەر یان موستەفا و فاتمی‌بۆ دابنێت تاکوو بە تەواوی یەکدەست بن. بۆ وێنە ئەتوانن بڕوانن بەو وشانە کە لە سەر زاری جۆلیۆی دانابوو و لە سەرەوە ئاماژەمان پێ کرد. یان لە زاری دیلسێیەوە “وەڵڵاهی جێیسن دەبێ داڕزێ”(ل ١٤٢)، هەروەها کاتێک کە کوێنتین لە دووکانی شیرینی فرۆشیدا داوا لە خانمی‌فرۆشیار دەکا کە لەگەڵ نانە داخوازییەکەی کچە ئیتالیە چکۆلەکە “کولێرە”شی بداتێ(ل ٢٢٦). وەرگێڕ کولێرەی بەرامبەری وشەی “bun” هێناوە، کە جۆرە نان یان کەیکێکی خڕ و شیرینە. ئەوەی کە چلۆن دەکرێ بە کولێرەی وەرگێڕینەوە جێگەی پرسیارە. لە جێگایکی دیکەدا کاتێک کە دایک [واتا خاتوو کامپسن] روو بە وێرش دەڵێ “ئەوە چیە هەتیوە”(ل ٦٥). خاڵێک کە لێرە جێگەی ئاماژەیە و پەیوەندیشی هەیە بە پەراوێزەکانی وەرگێڕەوە، ئەوەیە کە لە پەراوێزێک کە شرۆڤەی ئەم رستەیە، وەرگێڕ دەڵێ کە “سپی پێستەکان نۆکەرە رەش­پێستەکانیان ئاوەها بانگ دەکردن”(هەمان، ٦٥، پەراوێزی ٥)، مەبەستی وەرگێڕ بە دڵنیاییەوە وشەی “هەتیوە”یە؛ لە دەقی سەرەکیدا خاتوو کامپسێن دەڵێ:

 (what is it now”(Faulkner, 1954, 12″

هەروەها کە دیارە، نەک هەتیوە بەڵکوو بەرانبەری ئینگلیزی ئەو وشە، لەم رستەی خاتوو کامپسنە نابینین. لێرە هەم وەرگێر زۆر خۆماڵیانە لەگەڵ دەق رووبەڕوو بوتەوە و لە دەقی سەرەکی لای داوە و هەم ئەوەی سەلماندوە کە حەتا ئەگەر پێویستیش نەبێ، ئەو پەراوێزی خۆی دەهێنێ.

        نموونەیەکی دیکەی ئەم چەشنە خۆماڵی کردنە لە لاپەڕەی ٧٥لێaulkner, 1954, 12)خاگ دەکردن”(هەمان، ٦٥، پەراوێزی ٥)، مەبەستی وەرگێڕ بە دڵنیاییەوە “هەتیوەیە مەبەی ئەم رستەیەنێکی تایبەت ببینیدا دەبینین، کاتێک کە “خاتوو پەترسن” چاوی بە بێنجی دەکەوێ کە لە پێش چاوی مێردەکەی – واتا بەڕێز پەترسن- نامە عاشقانەکەی خاڵە مۆری بۆ هێناوە بەرەو لای بێنجی هەڵدێ و بە تووڕەیی و لەگەڵ خۆی بەڵام بە دەنگی بەرز بە “خاڵە موری” دەڵێ:

(You idiot…(Ibid, 20

کە وەرگێڕ وەهای وەرگێڕاندۆتەوە: شێت و شوورەی پەتیارە…(فاکنێر، ١٣٩٥، ٧٥)، بە تەواوی وەرگێڕانەکە دوورە لە واتای سەرەکی وشەی idiot کە دەبێ بە “تۆ لاژگی/لاژگە” یان “تۆ کەری/کەرە/” وەرگێڕدرێتەوە. بەڵام ئەوەی کە سەیرە وشەی “پەتیارە”یە کە بێجگە لەوەی کە کوردی نیە، لێرە زۆر بێ مانایە. لەم بەندە شتێکی سەیر کە دەبینین، بێ دەنگی وەرگێڕی کوردیە کە بە هۆی نەهێنانی هیچ پەراوێزێک دەتوانین بزانین کە بە دڵنیاییەوە لەم بەشە تێنەگەییوە. لە پێش ئەم بەندە، بێنجی دەیگێڕێتەوە کە لەگەڵ کەدی دەڕۆن بۆ ماڵی “خاتوو پەترسن” تاکوو نامە عاشقانەکەی خاڵە مۆری بدەنێ. کاتێک کە دێینە سەر ئەم بەندە کات دەگۆڕدرێت و بە گۆڕانی فۆنت لە دەقی سەرەکی و لە وەرگێڕان بە بۆڵد کردنەوەی ئەمە دەزانین، بەڵام کاک محەمەد بە پێچەوانەی رەوشتی لە پێش و پاش ئەم بەندە کە بە پەراوزێک لە گۆڕینی کات ئاگادارمان دەکاتەوە، لێرە بێدەنگە، و گۆڕینی فۆنتەکەی لە دەقی سەرەکی بە بۆڵد کردنەوە پیشان داوە بەڵام وەها دیارە کە بە گۆڕینی کاتی نەیزانیوە و لە پەراوێزی یەکەمین رستەی بەندی پاش ئەم بەندە کە لە گەڕانەوەی کات بۆ کاتی ئێستای رۆمانەکە – پەراوێزی یەکی لاپەڕەی ٧٦- ئاگادارمان دەکاتەوە، ئەوە دەردەکەوێ. کات لە پێش ئەم بەندە، لە رابردوودایە، واتا کریسمەسی ساڵ ١٩٠٢، بەڵام لەم بەندە کە کات دگۆڕدرێت، گۆڕینی بۆ ئێستا نیە و باسەکەش هەر دەڵێی درێژەی ساڵی ١٩٠٢ە بەڵام فۆنت گۆڕاوە و ئەمە بە واتای گۆڕینی کاتە، بۆچی؟! وەرگێڕ نەیزانیوە، بیزانیبا بەردەنگی بە پەراوێز ئاگادار دەکردەوە.

      لەم بەندە هۆی گۆڕینەوەی کات ئەوەیە کە بێنجی دەگەڕێتەوە بۆ دواتر، کاتێک کە پێشتر و جارێکی دیکە خاڵە مۆری نامەی بە بێنجی بۆ خاتوو پەترسن ناردوە و هەر لێرە دەردەکەوێ کە مێردەکەی بەم کەین و بەینە دەزانێ و نامەکە لە دەستی بێنجی وەردەگرێ و بێنجی بە گرینەوە هەڵدێ. بێجگە لە گۆڕینی فۆنت، هەر پیشانەکانی نێو دەقەکە بۆمان روون دەکاتەوە کە کات گەڕاوەتەوە بۆ دواتر. کاتێک کە خاڵە مۆری نامەکەی بە کەدی دەدا کریسمەسە، واتا زستان و لە دەقە روونە کە رچمان و ساردە و کەدیش نامە بە دەست “بە نێو گوڵە قاوەییەکان­دا” رۆیی(هەمان، ٧٥). بەڵام لەم بەندە بێنجی بۆمان دەگێڕێتەوە کە بەڕێز پەترسان خەریکی دارقەڵشاندن “لە نێو گوڵە سەوزەکان­دا”یە(هەمان، ٧٥)، کە بە کاتێکی گەرم لە ساڵ ئاماژە دەکا. هەر وەها پێش لەم بەندە دەڵێ کە کەدی “نامەکەی لە گیرفان دەرهێنام”(هەمان، ٧٥) و دەڕوا بۆ لای خاتوو پەترسن و بە بێنجی دەڵێ “خولەکێکم پێ دەچێ ئێستا دێمەوە”(هەمان، ٧٥)، بەڵام لەم بەندە کەدی نیە و دەڵێ کە خاتوو پەترسن بە تووڕەییەوە پێمی‌گوت کە “بدە بزانم”(هەمان، ٧٥) بەڵام پێشتر بەڕێز پەترسن نامەکە وەردەگرێ.

      نموونەیەکی دیکە بۆ ئەم خۆماڵی کردنەوەی وەرگێڕ لە لاپەڕەی ٧٧دا دەبینین. کاتێک کە لاستر لەگەڵ بێنجیدا لە گوێی چۆمەکەوە دەگەنە چند رەشپێستی دیکە، لە سەر چوون بۆ نمایشی شەو لەگەڵ یەکتری دەدوێن و لاستر کە دەڵێ دەڕۆم و دانێک لەوان دەپرسێ کە ئەمە – واتا بێنجی – لەگەڵ خۆت دەبەی و ئەو لە وەڵامدا دەڵێ: “جا تۆ بیر لەوە بکەوە منی ماڵ­وێران بۆ هەر کوێ بچم دەبێ ئائەم کلکەم بە دواوە بێ، نۆرەی ئەوەیە لەوێ دەست بکا بە شین و گابۆڕ.”(هەمان، ٨-٧٧). ئەمە بە بێ هەڵسانگاندنەوە لەگەڵ دەقی سەرەکی ئاشکرایە کە خۆماڵی کردنەوەیە و وەرگێڕ لە وتەی نووسەر دوور کەوتوتەوە. لە دەقی سەرەکیدا ئەمە دەبینین:

“’Me’ Luster said. ‘You reckon I be found anywhere with him, time he start bellering.”(Faulkner, (1954, 21

کە بە ساناییەوە دەبێتە: ” ‘من’ لاستر گوتی. ‘تۆ پێت وایە کە کاتێک کە ئەو لە هەر کوێ دەست بە گابۆڕ دەکا، من لەگەل ئەو پەیدام دەبێ.’[۱۹] ” بە دڵنیاییەوە ئەوەی وەرگێڕ هەڵەیە و خۆماڵی کردنەوەشی با بمێنێ، کە روون نیە بۆچی تا ئەو رادە وەرگێر حەزی لە بەرچاو بوونە.

     دواهەمین خاڵێک کە دەبێ ئاماژەی پێ بکەین، قەرزداری محەمەدی رەمەزانی بە وەرگێڕە فارسەکان، بە تایبەت بە “بەهمەن شوعلەوەر”ە، کە بە داخەوە با ئەوە کە وەکوو وەرگێڕانەکەی “ساڵەح حوسەینی” کاریگەری “شوعلەوەر” بە سەر وەرگێڕانە کوردیەکەدا زۆر دیارە لە هیچ جێگەیەکدا بەم خاڵە ئاماژە ناکرێت. بە راستی کە هەم ساڵەح حوسەینی و هەم محەمەدی رەمەزانی بە سەر شانی شوعلەوەروە راوەستاون و بە هەر جۆر کە چاوی لێبەکەین ئاکاری حێرفەیی حوکم دەدا کە بەو کاریگەرییە ئاماژە بکرێت. دوکتور “عەبدولکەریم رەشیدیان” لە وەرگێڕانی “بوون و کات[۲۰]“ی‌هایدیگەر با ئەوە کە زۆر کارەکەی لە ئاستێکی سەرتردا راوەستاوە بە هۆی زووتر بڵاوبوونی وەرگێڕانی “سیاوەش جۆمادی”، بێجگە لە ئاماژە بە وەرگێڕانەکانی دیکەی ئەم دەقە لە زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی، بە وەرگێڕانەکەی جۆمادیش ئاماژە دەکا و ئەم کارە بە دڵنیاییەوە نابێتە کەمی‌کە زۆریە.

   بەڵام بەرچاویترین بەڵگە بۆ کاریگەریی وەرگێڕانەکەی شوعلەوەر بە سەر وەرگێڕانەکەی حوسەینی و رەمەزانی، هەر ئەو بەشەیە کە رەمەزانی بەڕێز بە زاراوەی سنەییی وەرگێڕابوو. یانی ئەو بەشەی کە لووئیز هەچر و کوێنتین لە سەر فانۆس و راو دەدوێن. هەروەها کە باس کرا لە دەقی سەرەکەیدا لوئیز بە زمانێکی زۆر سەیر دەدوێ کە فاکنێر لە زمانی کوێنتینەوە دەڵێ دەنگی ئەم رەشپێستە، زۆرتر وە بیر دەمێنێتەوە،  وێنەی ئاخاوتنی لوئیز:

…I cleant hit dat ve’y day. Old woman and me setting fore de fire dat night and she say “Louis,whut you gwine do ef dat flood git out dis four?…( Faulkner, 1954, 106)

 ئەگەر لە تەواوی ئەم بەشەش کاریگەریی شوعلەوەر روون نەبێتەوە – کە بە هۆی لەیەکچوونی دوو وەرگێڕانە دوایینەکەدا- دەتوانین لە بە کار هێنانی وشەی “ساریغ” پەی بە ئەم کاریگەیە ببەین. “ساریغ” کە چەشنە جانەوەرێکی کوڵکنی تایبەت بە ئەمریکایە و ئینگلیزییەکەی لە دەقەکەی پێش دەستی مندا Possumsە، بەڵام کاک محەمەدی رەمەزانی لە پەراوێزیکدا نووسیویەتی Opossum، کە هەر دووکی یەکێکن. کێشە لە سەر ئەوە کە کام وشەیە نیە، بەڵام لە وەرگێڕی کوردی دەبێ بپرسین کە کاکە ئەرێ ساریغ چیە؟ بۆ هەر ئەوەت داناوە کە شوعلەوەر دایناوە وئەگەر لە کوردی وەها وشەیەکمان نیە بۆ ئەسڵەکەت دانەناوە؟! سەیر ئەوەیە کە پەراوێزەکانی ئەم بەشە لەوەی کە دەقی سەرەکی بە زاراوەیەکیترە و هۆی بە سنەیی وەرگێڕانەوەی شرۆڤە کا، بێ دەنگە و کاتێک لە پاڵ ئەو هەموو پەراوێزانە دایدەنێی، دەبینی لەوەی کە پێویستە کاک محمەد قەڵەمی‌بێ دەنگە.

     لە کۆتایی هەروەها کە باسی لە‌سەر کرا، ئەم وەرگێڕانە تووشی گرفتە و دەبێ دیسان وەرگێڕ پێداچوونێکی به سەردا بکات و لەم راست‌کردنەوەدا ئەوەی کە بە‌بێ هیچ چاولێ‌پۆشانێک بیسڕێتەوە پێشەکی و زۆربەی پەراوێزەکانیەتی. پێشەکییەکەی کە هەروەها باسمان کرد، کورت‌کروای سێ‌پات‌بووی رۆمانەکەیە بەڵام بە تێر و تەسەلی. ئەگەر بڵێین کە بیباتە کۆتایی کتێبەکە، بە هۆی ئەوە کە فاکنێر خۆی زۆر شارەزایانە و پرۆفشنال ئەم کارەی کردووە، بۆی نابێ و ئەوەیە کە بە سێ لاپەڕە کورتی کاتەوە و باقیەکەی لاببات چاکترە. بەڵام پەراوێزەکان، زۆربەیان بۆ ئەو نابن کە زانیارییەکی ئەوتۆ بدەن بە خوێنەر کە هیچ، بە پێش گوتنی دێرە و لاپەڕە و حەتا کولی رۆمانەکە، لەزەتی خوێندنەوەی ئاوەها دەقێکی مۆدێڕن لەوی حەرام دەکەن. ئەم پەراوێزانە وەکوو سەکتەیەکن لە نێو پرۆسەی خوێندندا.

     هەر وەها کە باس کرا وەرگێڕ زۆر دیارە لەم وەرگێڕانە و وەرگێڕی باش و ئیدئال ئەوەیە کە هیچ دیار نەبێ، بەڵام کاک محەمەد هەر لە رووبەرگی کتێبەکەیشەو زاڵ بوونی خۆی بە سەر فاکنێر بە چکۆلە نووسینی ناوی فاکنێرو گەورە نووسینی نێوی خۆی پیشان دەدا و لە هیچ لاپەڕەیەکیش نیە کە نەیبینین و ئەمە خەسارە. خەسارێکی گرینگ. ئەندێشەی خۆ بە زانا و بەردەنگ بە نەزان دیتن کە بە کاک محەمەد نابەستێتەوە و زۆر بوونە و هەن کە بەم جۆرە بیر دەکەنەوە. خولیای شرۆڤە کردن کە لەم وەرگێڕانە بە دووپات کردنەوەی چەندجارەی یەک قسە و یەک خاڵ، پاڵ بە تەفهیم کردن دەدا خەسارێکی گەورەی لە ئەو رۆمانەی فاکنێر داوە. وەرگێڕی بەڕێز چاک ئەوە بوو کە ئەگەر بەردەنگ و خوێنەری کورد ئەوەندە بە کاڵ فام و لە ئاستێکی خوارەوەی دادەنێ، هەر لە دەقێکی کلاسیکەوە دەستی پێ کردبایا کە خوێنەر فەرز کردوی خۆی پلە بە پلە بهێنایێە سەرەوە تاکوو نە سێ ساڵ کات لە خەسار بدات و نە کتێبخانەی کوردی لەو دەقە کلاسیکانە کە لەم سێ ساڵە دەکرا وەربگێڕدرێنەوە بە بەش دەبوو. هیوادارم کاک محەمەدی بەرێز یا ئۆلیسی جۆیس – کە بیستوومە دەیەوێ وەریگێڕێتەوە – بەم چەشنە کاری لە سەر نەکا و ئەگەر هەر لە سەر ئەم بیر و بۆچوونەیە، چاکتر ئەوەیە کە دەقێک نێزیک بەو ئەندێشەی خۆیەوە وەرگێڕێتەوە.

[۱] . paratext   زاراوەیەکی تایبەت بە ژۆنێتە و وەرگێڕانێکی ئەوتوی بۆ دابین ناکردرێت. paratext   یان دەقگەلێکی سەتەلایتی، پێشگری para بە واتای بەتەنیشت، بەلای، لەگەڵ مانا کراوە و هەروەها کە دیارە لێکدانەوەی “لەگەڵ­دەق” یان “بەلای­دەق” و حەتا “بەتەنیشت­دەق” رفێنەری واتان و بە گوێ ناخۆشن. دەکرا تا دیتنەوەی بەرانبەرێکی باشتر ئەم زاراوە بەو شێوازە رەسەنیەی خۆی بە کاربەرین، بەڵام لەئەم وتارە کاتێک کە ئەو زاراوانەی دیکە وەرگێڕانەکەیان‌هاتوە، بە تەنێ زۆر زەق دەبوو و لە ناچاری “تەنیشت”م بۆ para دانا.

[۲] . Gérard Genette

[۳] . William Faulkner

[۴] . مەبەست مێشکی خوێنەرانی کوردستانی سەر بە وڵاتی ئێرانە و ئاگام لە وەرگێڕانی ئەم رۆمانە بە عەرەبی یان تورکی نییە.

[۵] . “لە وەرگێڕانە کوردیەکەیدا ئێمە قێڕە و تووڕەیی مان داناوە چونکە وشەی Sound لە کوردیدا بە شێوەی “قیڕە” مانا دەکرێتەوە کە لە ناوچەی سنەدا “قێڕە”شی پێ ئەڵێن، لە لایەکی ترەوە وشەیە وەک ئاوەڵناوێک بۆ کەسایەتی رۆمانەکە بە ناوی “بێنجی” بە کار هێنراوە کە لە رۆمانەکەدا قێڕە ئەکرێ”(سەجادی، ١٣٧٩، ١٤٣).

[۶] . ژۆنێت هەر چەشنە ریکلام و تەبلێغێک، لە ژێرخانی Mettatextuality – واتا لەوپەڕدەق- دایدەنێت، کە ئەو دەقانەیە کە لە پاڵ و پەنای دەقی سەرەکیەوە و بە هۆی ئەو دێنە ئاراوە و دەکرێت بە پاش­دەقییەتیش وەری بگێڕینەوە.

[۷] . کاک ئازاد سورخی با ئەوە کە یەکێک لە گرافیستە باشەکانی بڵاوگەی کوردییە، بەڵام رەخنەی زۆر لە سەر کارەکانیدا هەیە و نامەوێ بێجگە لە دیزاینی “هەرا و تووڕەیی” لە سەر باقی کارەکانی بدوێم، دەنا کاری ئەو بەرێزە جێگای باسی زۆرە، بۆ وێنە رووبەرگی “تاریخ ادبیات کردی” کە وێنەیەکی لە سەر تۆڕی ئینتەرنێت کۆپی، پەیست کردوە، کە دوور لە ئاکار و دوور لە خوڵقاندن و داهێنانی هونەرییە.

[۸] . Roland Barthes

[۹] . رۆمانی گابۆڕ لە سەید قادر هیدایەتی، لە بواری فۆرمەوە رۆمانێکی زۆر سەرنج راکشێشە و تەنانەت دەتوانین بڵێین زۆر ئاوانگاردە. مەبەست لە فۆرم چەشنی گێڕانەوە(روایەتی) چیرۆکەکە و گێڕەو[راوی]ەکانیە کە لە لە بەشی ئەوەڵ بە بێ جیاوازی لە نێوان کەسایەتییەکان رۆمانەکە بۆ هەموویان، کار[فێعل]ی “کوتم” بە کار براوە، لە بەشی دووهەم “کوتت” و لە بەشی چوارم “کوتی” و هتد.

[۱۰] . Hypertextuality کە بە ژووردەقییەت وەرمگێراوەتەوە لە بۆچوونی ژۆنێت بە دەقگەلێک ئەوترێ کە لە ژێر کاریگەری دەقێکی بەرچاو و بە چەشنی جیاواز شکڵیان گرتوە. پێشگری ئەم زاراوە دیسان تووشی کێشەمان دەکا؛ چونکە مەبەست دەقێکە کە لە بان دەقی بن خوڵقاوە و لە رووی بۆچوونی کاتیەوە پاش دەقی سەرەکی رادەوەستێ. بەڵام لە دواییدا بە پێی بۆچوونی ژۆنێت دەبینین کە ژوور با ئەوە کە بە تەواوی واتاکانی Hyper داناپۆشێ، باشترین وەرگێڕانە بۆ ئەم زاراوە.

[۱۱] . ئەوەی ژۆنێت، بە ژێردەق/Hypotext ناو لێ دەبات، هەر ئەو شتەیە کە زۆربەی رەخنەگرەکانی دیکە “نێوان­دەق/Intertextuality“ی ناو دەنێن، “یانی دەقێک کە ئەتوانێ یەکێک لە سەرچاوکە سەرەکیەکانی دلالەت ژ بۆ یەک دەق بێ، لەم بابەتەوە ئۆدیسەی هومر نێوان­دەقێک، یان بە بۆچوونی ژۆنێت، “Hypotext/ ژێردەق”یەک سەرەکی بۆ یولیسێسی جۆیسە“(. واتا دەقێک، ژێردەقە کە کاریگەریەکی دیار و ئەوتووی لە سەر دە/دەقگەلی پاش خۆی هەبێ.

[۱۲] . ویراستار

[۱۳] . stream of conscioness

[۱۴] . راوی

[۱۵]. کارەکەی کاک محەمەدی رەمەزانی، کە بە پێشەکی دڵی رازی نەبووتەوە و لە کاتی خوێندنەوەش هەر خەریکی شرۆڤەیە، وەکوو ئەو کەسەی کە پێشتر فیلمێکیان بینیوە و بۆ ئەو کەسانەی کە نەیان دیوە، هیچ پێش لە تەماشای فیلمەکە سێ جار بۆیانی گێڕاوەتەوە و تەواو کەسایەتیەکانی پێیان ناساندوە، بەوەش دڵی دانامەزرێ و هەر لە کاتی بینینی فیلمەکەش هەر شرۆڤە دەکا!!!

[۱۶] . “مترجم مامور ظاهر است”

[۱۷] . ئەویش بە چاو لێ نووقاندن ئەتوانین بڵێین سنەیی!

[۱۸] . زاراوەی like hell کە بە: بە توندی/ خێرا/ خراو جۆرێک!/ وەکوو چی! (حق­شناس، ١٣٨٨، ٩٣٤) و

(Merriam-webster online: like hell) دەتوانین مانای بکەینەوە.

[۱۹] . باسێک کە لێرە دێتە پێش، باسی وەرگێڕانی پێکهاتەی دەقی سەرەکیە، کە وەرگێڕ تەنیا واتای دەقەکەی گواستوتەوە سەر کوردی و تا ئەو جێگایە کە توانیویەتی بیکوردێنێ، خۆماڵیانە لەگەڵی مامەڵەی کردوە و کاری بە پێکهاتەی مۆدێڕنی رۆمانەکە بە تەواوی نەبووە. من لێرە لەم وەرگێڕانەی خۆم تێکۆشامە کە پێکهاتەی دەقی سەرەکی بگوازمەوە نەک هەر گواستنەوە لە ئاستی گواستنەوەی مانا و مەبەستی دەق بێت.

[۲۰] . Ziet und zien/هستی و زمان

سەرچاوەکان

١. حق­شناس، علی محمد و ..(١٣٨٨) فرهنگ معاصر هزارە: ج ١. – تهران: انتشارات فرهنگ معاصر

٢ . خرمشاهی، بهاالدین (١٣٩٢)ترجمەکاوی. –تهران: انتشارات ناهید

٣. سەجادی، بەختیار (١٣٧٩). رەخنەی رۆمانی قێڕە و تووڕەیی ویلیام فاکنێر؛ گۆڤاری دەق، ساڵی یەکەم، ژمارەی ١، لل ١٤٥-١٣١

٤. فاکنێر، ویلیام (١٣٩٥) هەرا و تووڕەیی. وەرگێڕانی محەمەد رەمەزانی، – سەقز: گوتار

  1. Faulkner, William (1954). The Sound and The Fury; Published by Random House, Inc. New York.
  2. Merriam-Webster/online ) https://www.merriam-webster.com/

 

*سامان ئه‌مجه‌دی، ماسته‌ری فه‌لسه‌فه‌ی هونه‌ر

**سه‌رچاوه: گۆڤاری شی؛ ژماره ژماره‌ ۲ & 3، رێبه‌ندانی ۱۳۹۵

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

20 − 14 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس