دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / پاییز مشتێ مه‌لوولیه…/ جه‌میل مورادی

پاییز مشتێ مه‌لوولیه…/ جه‌میل مورادی

 

images (1)

 ” ئێسته له قورئانی سه‌رتاقچه‌ی ماڵ ژنه سۆزانییه‌ک، ته‌نیاترم”  

 به‌ختیار عه‌لی

 

 

پاییز مشتێ مه‌لوولیه بۆ کاولیه‌کانی بێ‌کۆتایی

 

به‌ر له‌وه‌ی ئاو بێ فوو بکه ئه‌م جه‌سته
یان ده‌رگه‌که پێوه‌ده

ئه‌م بارانه کوفرییه
فێره بۆ فریودانی چه‌تره‌کان
مه‌زرایش باڵنده‌یه‌کی پێوه نه‌ما
تا خامۆشی دره‌خت وفه‌رامۆشی باڵنده
ببێته ته‌یرو
ته‌یرالئه‌بابیل
چاره‌ی بێ‌چاره‌ی رێگا بێ بۆ ژنێک
  که له رێگا لائه‌دا

خانم  چارشێوه‌که‌ت لاده
نه‌ختێ ئاو که مل ئه‌م شه‌رمه
شووره‌یی   یانێ پیاو خۆی بدزێته‌وه له ئێرزا بوون
یان برێجار حه‌بێ له چه‌شنی سیتالۆپرام هه‌ڵخا
تۆ ئه‌یژی
شێتی شه‌رتێکه بۆ ده‌رباز بوون
ئه‌مه رووداوێکه روو له کۆ ده‌کا
من مه‌لوولی رووداوێکم
روو له هیچ دیوارێک ئه‌کرێته‌وه
دیوارێک ئه‌شێ بکرێته‌وه
رووم له دیوار
یان پشت دیوار باشتره بۆ ده‌رباز بوون له درۆزنی ده‌م په‌نجه‌ره
تا په‌نجه‌ره ده‌می‌نه‌کاته‌وه
تا نهێنییه‌کانم نه‌درکێ
ئه‌گینا به‌رگه‌ی دوعاو نزا ناگرم خانم
پاییز مشتێ مه‌لوولیه
بۆ کاولیه‌کانی بێ‌کۆتایی
من ماتڵی تۆ ‌هاوته‌ریبی ئاو
برژیته له‌شمه‌وه
تا نه‌رم‌تر بم له ناوی بچووکی تۆ و
گه‌رم تر بم له ده‌ستت
که ده‌ستێکم هه‌میشه به‌فه‌رمانه‌و
ده‌ستێکی‌ترم درێژه‌ی باران
خانم بۆخوا به‌خێڵیم دێ به باران
که چه‌تره‌که‌ت نیم
که ده‌ستێکم به فه‌رمانه‌و
بێ‌کان و مان‌تر له ئێمه ماشینێکه
به‌ده‌م سه‌مه‌ن بۆیانه‌که‌ی (شه‌جه‌ریانه‌وه)
بۆ جاده چۆڵ‌و بێده‌نگه‌که‌ی( که‌ریم کابان) ئه‌گه‌رێ
جاده چۆڵ و سێبه‌ر بوو کاتی…
مه‌پرسه
توخوا هه‌ر کوێ شه‌وه با خۆمی‌پیا که‌م
تا رۆژ زه‌رده‌خه‌نه‌ی لێوته‌و
به سه‌ر ئاوه‌وه ئه‌نیشێ
جگه‌ره‌یه‌ک له جیاتی هه‌ر چی چته به لێوته‌وه ئه‌نیشێ
من ماتڵی سه‌ره‌تایه‌کم بێ‌کان و مان و
خوا خۆشی کردم   فێری باوه‌شی کردم
تا ببمه میوانی له شاره‌ده‌ری ئه‌م جاده‌گه‌له
ماڵه ده‌ری کردووم باوه‌شت   تا
له جیاتی هه‌رچی نه‌رمه
بنیشمه نه‌رمیه‌کانی له‌شته‌وه
تا  مانگ و
 حیکایه‌تی‌هارو‌هاجیه‌کانی له‌شت
به هه‌ڵه
 خه‌وه‌کانم تێک‌بدات
به هه‌ڵه    سێبه‌ری پیاوێک به سه‌ر یاده‌کانی له‌شت‌دا هه‌ڵچنی
گه‌مژه‌تر له گیرۆده‌یی
گه‌رانه‌وه‌ی گێلانه‌یه بۆ سه‌ره‌تا
یان
هه‌ڵگرتنی هه‌ندێ ماچی مه‌سێجیه بۆ مه‌بادا
برێجاریش  پرمه‌ی گریانێکه
له پرا ئه‌تگرێ      له پرا به‌رت ئه‌دا

من ئه‌یژم
شێتی شه‌رتێکه به شه‌رتی چه‌قۆ
یانێ ژیانم دوو له‌ته
له‌ تۆو
تا بڵێی ده‌ربه‌ست   تیمارستان!
خانم
ئه‌مه خه‌ت و ئه‌مه نیشان
ئاخری ئه‌م جاده کورده‌وارییه ئه‌گاته چی؟

شکاتی شارێک مه‌پرسه
دووریت مشتێ ئاگری به‌رداوه‌ته ئه‌م جه‌سته‌و
دڵه‌راوکێ
یانێ ویژدانم ئه‌ ییشێ خانم
له قه‌یچه قه‌یچی قه‌ره‌جێک
تا مه‌زه‌بم سه‌گێکه پیر
ئه‌نووزێنێ
تا کاولیه‌کانی بێ کان و مان بده‌مێنه فلووتی با
بێنم تا سه‌ره‌تا
جگه‌ره‌یه‌ک بێت  بۆ بێ کۆتایی

سه‌ره‌تا ساردێک بوو له چه‌شنی مه‌ودا
کێو به کێو بگات  یا نه‌گات
من ده‌ستێکم گه‌ره‌که بۆ گرتن و
گه‌رمێک
تا‌هاوین‌تر له‌م پاییزه پێ‌بگات
پاییز پیاسه‌ی ته‌نیاییه‌و
پلێکان پشتی داناوه‌ته رێی عوبوورا
چاوه‌روانی
نیشتووه‌ته نێو چاوانی ئه‌م گشته روانینه‌و
کێو هێشتا ماتڵه  به‌دیاری کێوه‌؟
دایکم هێشتا به ته‌مای
بگره په‌پووله به دوو باڵی شینه‌وه
له سه‌ر پێڵووی چاوه‌روانی‌دا ئه‌نیشێ
یا نانیشێ باڵنده
که چوو  دره‌خت خه‌ڵوه‌تێکه رێ رێ
به سه‌ر ئاوه‌وه‌ سێبه‌ر ئه‌خا
ماسیش تا دێ له که‌نار ئه‌ترسێ‌و
بگره به ده‌س پرسیاره‌کانی قوللاپه‌وه
دڵ ئه‌داته ئاکواریوم تا دوو که‌سی پێ ئاشق کا
خانم   فه‌ست‌فوود فره شارییه
دایکم هێشتا هه‌رچی چته به نانه‌و ئه‌خوا!
من دڵم به ماسیێکه‌وه‌یه بۆنی به ئاکواریۆمه‌و نه‌کردبێ ئه‌زانی؟
ئێستا تیکه‌یه‌کم له تیکا به لێوی فنجانێک ماوه‌ته‌وه‌و
جگه‌ره له لێوت ئه‌دزێ
ئێستا هه‌رچی کافی‌شاپی ئه‌م شاره‌یه
له قاوه‌ی چاوانتا بوومێکه
ئه‌رژێته ئه‌م چاره‌و
عه‌زابه‌کانی ویژدانم بۆ ئه‌کێشێ
من ئه‌یژم ویژدان عه‌زابێکه بۆ عه‌قڵ
ئه‌مه‌ رووداوێکه روو له تۆ ده‌کا
ئه‌گینا ئه‌م رۆژانه
ئاشوفته‌ترم له‌وه‌ی پاییزو هه‌موو ره‌نگه‌کانی
‌هاااااااا بکه‌مه هه‌ناسه‌تا
هووووو بکه‌مه ئه‌م عه‌رده
به‌خوا ئاشوفته‌ترم له‌وه‌ی
ئاڵاکه‌ی سه‌رت له بادا ئه‌شه‌کێته‌وه
ئێوه‌و خواتان و خه‌یانه‌تتان
کێ نیشتمانی دووریه ئه‌م گشته دڵته‌نگییه
تا جاده چۆڵه‌کانی ئێمه
تا شه‌قامه شلوقه‌کانی ئێمه
هه‌میشه‌ی خوا سێبه‌ری پیاوێک پری بکاته‌وه؟
پیاو له‌م دێره عه‌وداڵی عه‌سیکه
هه‌موو رووداوه‌کانی تێدا ببینێته‌وه
ژن ماتڵه  مه‌ودا له فه‌لسه‌فه‌ی بوونا
به وێنه جۆرواجۆره‌کان بچنێته‌وه

وێنه‌ی یه‌که‌م:
یه‌که‌م باران بوو
تێکه‌ڵی قاپێ قوتوویی و ئیسته‌کی لیمۆ

ژن به‌ده‌م رامووسانه‌وه
همممممم…ئه‌م هه‌وا خواردنی هه‌یه
هه‌واییم مه‌که خانم
هه‌وای به‌رم سه‌روو به‌رم تێک ئه‌دا
ژن که خاڵی ئه‌بێته‌وه   فه‌لسه‌فه‌ی چی؟!
خانم خانم هه‌سته
هه‌رچی هه‌ڵمی‌هه‌ناسه‌یه نیشتووه‌ته شووشه‌کانه‌وه
ئیتر ئه‌سره‌و
له نسرمی‌چاوه‌کانت دائه‌کا
چاوه‌کانت   ئه‌زانی؟

وێنه‌ی دووه‌م:
ژن که پریۆد ئه‌بێ
بۆ مشتێ بیانوو ئه‌گه‌رێ  بیکوتێته گژ ته‌نیاییدا
پیاو بێ ژن هه‌ڵناکا
چیتر قاپێ خاڵی خاتره‌کان پره‌و ناکاته‌وه
چیتر کراسێک له گه‌ڵا 
له‌ته‌کان چێ ناکاته‌وه
وێنه‌ی سێهه‌م:
ئاغه… ئاغه…فیکرێ که بۆ فه‌رامۆشی باڵنده
فیکرێ که بۆ ئه‌م دوورییه‌و
سه‌قفێ سێ له دوو
تا سێکس و بێ دوو و سێ
هه‌وای سه‌رو به‌رم ده‌رکا
ژن که خاڵی ئه‌بێته‌وه
بۆ له‌تێ ئاوێنه ئه‌گه‌رێ
رووداوه‌کانی فه‌رامۆشی و خۆشی بۆ بگێرێته‌وه
وێنه‌ی چوارم:
خۆزگه چه‌تر
 چیتر په‌نای نه‌ئه‌دا به باران
خۆزگه چه‌تر
 چیتر په‌نای نه‌ئه‌دا به…
خۆزگه چه‌تر چیتر
چه‌تر
چیتر…

بێده‌نگی چ نه‌بزێکی زیگزاگیه بۆ زه‌مه‌ن
تۆ دڵ ئه‌ده‌یته گیتارو
تارو
مارم ئه‌کا    ته‌نیایی
شه‌وباش کچی کۆڵوانه‌ دوور
شه‌و باش کچی کاولیه‌کانی بێ‌کۆتایی
مه‌ودا له نێوان دوو ده‌ستا باوه‌شێکه له با
دیتر سنووره‌کانی سه‌رگه‌ردانیش پری ناکاته‌وه
منم و شه‌وارێک شلۆق‌تر له ته‌نیایی و
هه‌سکه هه‌‌سکی هه‌ناسه‌کانی تۆ
ئه‌سپه‌کانم هه‌ی هه‌ی ئه‌کا
منم و په‌رانتزێک بازتر له سۆزانی‌و
گش که‌سیه‌کانی ئه‌م گشته بێکه‌سییه
وه‌ی وه‌ی ئه‌کا
سه‌یره
سۆزانی    به زمانی هه‌رپیاوێک  قسه ده‌کا
به زمانی هیچ پیاوێک ئاشق نابێت
تۆ سه‌گه‌کانت به‌رداوه‌ته گیانی ئه‌م شیعره
تا شه‌یتانی‌ترین ئایه‌ته‌کانی ئیشق
 ره‌جم کا
منیش
به قاپێ قوتوویی و ئیسته‌کی لیمۆ و پاکه‌تێ جگه‌ره‌و
مشتێ مۆسیقاوه‌
ژیان له رۆژمه‌رگییه‌کانی کورێکا ئه‌سرێمه‌وه
ئێسته حه‌رامم له حورمه‌تی هه‌ر چی ئاوێنه و
درێغم له ماچێ که

 به بێشه‌رمییه‌وه نه‌تدامێ
شه‌وباش کچی کۆڵوانه دوور
شه‌وباش کچی کاولیه‌کانی بێ‌کۆتایی
من ماتڵی سه‌ره‌تایه‌کم بێ‌کان و مان   تا

جگه‌ره‌یه‌ک بۆ
بێ کۆتایی

 

 

جه‌میل مورادی / ۱۳۹۱

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

چهار × چهار =

قالب وردپرس پوسته وردپرس