یکشنبه , ۱ بهمن ۱۳۹۶
خانه / بابه تی کوردی / په‌ره‌سه‌ندنی زمانی زگماکی و پرسی لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر زمانی کوردی/زانکۆ یاری

په‌ره‌سه‌ندنی زمانی زگماکی و پرسی لێکۆڵینه‌وه له سه‌ر زمانی کوردی/زانکۆ یاری

بەپێی پێناسەیەک کە لە زانستە مرۆییەکاندا بۆ ئەم دەستەواژە کراوە، زمانی دایکی بریتییە لە یەکەم زمانێک کە منداڵ پاش لەدایکبوون و لە ڕەوتی پێوەندی گرتن لەگەڵ دەورووبەری خۆی فێری دەبێت، کەواتە زمان تەنیا ئامرازێک بۆ پێوەندی گرتن نییە، بەڵکوو کەرەستەیەکە بۆ فێربوون و تێگەیشتنی «بوون» و بەم پێیەش شووناسی تاکەکەسی و بەکۆمەڵی هەر تاکێک دیاری دەکات.  (۱۲) زمان دیارده‌یه‌کی کۆماڵایه‌تییه، له ئه‌نجامی‌گۆڕان و پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵ و زیاد بوونیدا، زمان ده‌گۆڕێت و سنووری به‌کارهێنانی به‌ربڵاو و فراوان دهبێت و بەملاو بەملاوی شوێنه‌که‌یدا په‌ل ده‌هاوێت و گه‌شه ده‌کات. (۷) هه‌تا زیاتر هه‌وڵ بده‌ین چونییه‌تی و هۆی داهێنانی وشه‌کان له لایه‌ن مرۆڤه‌وە بدۆزینه‌وه زیاتر سه‌رمان لێ ده‌شێوێ. وادیاره هۆکاری داهێنانی ئه‌ندامێک له ئه‌ندامه‌کانی دیکه‌دا بەناولێنانه‌وه، وه‌ک دیاریکردنی ئاژه ڵێک لەبنه‌ماڵه‌یه‌ک له ئاژه‌ڵه‌کانی دیکه، توانایی ده‌ربڕینی برسیێتی، تینوێتی و حاڵه‌ته ده‌روونییه‌کان، جیاوازی لەنێوان کاتی نزیک و دوور. ڕۆژێک پێمان وابوو ده‌نگی منداڵان وه‌ک له‌و ده‌نگانه ده‌چێ که مرۆڤی سه‌ره‌تایی لەکاتی کار کردن بۆ په‌یوه‌ندیکردن درووستی ده‌که‌ن، ئه‌مڕۆکه ده‌زانین منداڵان ته‌نیا ئه‌و ده‌نگانه کۆده‌که‌ن که له هه‌ر یه‌ک له قۆناغه‌کانی پێگه‌یشتندا ده‌کرێ ده‌ریانبڕین.

زمان بریتییه له چالاکی بیری مرۆڤ لەناو کۆمه‌ڵدا، بیری مرۆڤیش لەیه‌کتر جیاوازی تێده‌که‌وێت (۱). هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنی زمان بریتییه لەگۆڕان و گه‌شەکردنی زمان. له ئه‌نجامی‌گۆڕانی قۆناغی مێژوودا زمانه‌که په‌ره ده‌سێنێت و زمانه‌کان لەیه‌کتره‌وە به‌تایبه‌تی زمانە نزیکه‌کان لەیه‌کتر به هۆی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و نزیکایه‌تی وشە و شێواز و ته‌نانه‌ت دیارده‌ی رێزمانیش لەیه‌کتره‌وه وه‌رده‌گرن. زمان له ئه‌نجامی‌په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شەکردندا ده‌که‌وێته‌وه ‌به‌ر کاریگه‌ری چه‌ند هۆیه‌کی وه‌کوو:

۱-گواستنه‌وه‌ی زمان له پێشنانه‌وە بۆ دواتر. (۶)

۲-کاریگه‌ر بوونی زمان بەزمانێک یان به چه‌ند زمانێکی تره‌وه.

۳-کاریگه‌ری کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و جوگرافی، وه‌ک شارستانییه‌تی نه‌ته‌وه و سیسته‌م و باوه‌ڕ و رۆشنبیریێتی و ژینگه‌که‌ی، به سه‌ر په‌ره‌سه‌ندن و گه‌شه و گۆرانییه‌وه، که هه‌ر یه‌که‌ی کاریگه‌ری خۆی هه‌یه له‌و گه‌شه و گۆڕانه‌ی زماندا. (۲)

ئەگەر بەباری مێژووییەوە لە پرسی زمان بڕوانین، دەبینین کە ئەو زمان و بن زمانانەی کە ئەمڕۆکە بوونیان هەیە، بە درێژایی چەندین سەدە شکڵیان گرتووە و وێڕای شارستانیەتی مرۆڤەکان گەشەیان کردووە و‌هاوڕێ و‌هاوڕێبازی مرۆڤەکان بوون. کەواتە تا ڕادەیەک دەتوانین بەو ڕاستییە بگەین کە زمان ئاوێنەی مرۆڤناسانەی ئاڵۆزییەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە. هه‌روه‌ها ئەگەر زمانی دایکی لەنێوبچێت، بەرەبەرە مێژووی نەتەوەش لەبیر دەکرێت و هەلپەرستان بە دەس ئاوەڵەییەوە سەرقاڵی بەلاڕێدابردنی مێژووەکەی دەبن، بەم شێوەیەش زەین و ئاوازه‌ی ئەو نەتەوە تووشی داڕمان و نەخۆشی دەکەن؛ بەرهەمی‌ئەم حاڵەتەش لەنێوچوونی ئارام و بێدەنگی هەموو تەوەر و ئالیەکانی ژیانی ئەو نەتەوەیە. ئار، ئه‌ی ڤێڵسۆن  (R. E. Wilson, 1979) پێی وابوو: “زمان ئامرازێکی تاکه‌که‌سییە که مرۆڤ دایهێناوە بۆ ئه‌وه‌ی جیهانی ده‌ره‌کی له زه‌ین و بیری خۆیدا وێنا بکا”. له‌وه‌ڕا که وێنای زه‌ینی مرۆڤ له جیهانی به هه‌مان راده که ئه‌و ده‌توانێ له دنیای ده‌ره‌وه‌یی نزیک بێته‌وه، لەبنچینه‌وه نزیکه، بێگومان  ده‌بێ په‌یوه‌ندییه‌که لە نێوان پێکهاته‌ی زمان و پێکهاته‌ی جیهانێکدا هه‌بێ که زمان مه‌به‌ستی وێناکردنی هه‌یه”.

وادیاره که ئاخه‌وتن واتە توانایی مرۆڤ بۆ قسەکردن، رووداوێکی لە نه‌کاو و کتوپڕی نیه، سرووشتیه و له‌گه‌ڵ ئه‌ودا پێگه‌یشتووه. وادیاره دوای پێشکه‌وتنێکی دوور و  درێژ و دڕۆنگانه زمان پێکهاتووه، که زۆرتر له رێگای تاقیکردنه‌وه و هه‌ڵه‌وەشێوه‌ی گرتووه. (۱۲) هه‌ندێک پێیان وایە بنچینه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی هه‌بوو و هه‌ر کۆمه‌ڵێک تۆزێک گۆڕانکاری تێدا گونجاندووه و ئه‌و زمانە به‌رهه‌م‌‌هاتووە به‌رەبه‌ره وێکچوونی خۆی لەگه‌ڵ زمانی سه‌ره‌تایی له دهست داوه. هه‌نووکه چه‌ندان بنه‌ماڵه‌ی زمانی به‌رچاو ده‌که‌‌وێ کە بێ شک له زمانه په‌یوه‌ندیداره‌کان بە یه‌کتره‌وه پێکهاتوون و هه‌ر ئه‌وه‌ش گرنگی و به‌ها بەبیروڕا و تیۆری زمانی سه‌ره‌کی ده‌به‌خشێ. پینکێر  (Steven Pinker, 1954)پێی وایه مرۆڤی سه‌ره‌تایی له شوێنی جۆراوجۆر و له سه‌رده‌م و کاته جیاوازه‌کاندا، که‌ڵکیان له‌گه‌لێک زمانی جیاواز وه‌رگرتووه. ئه‌م جیاوازییه‌ی نێوان زمانه‌کانیش، وه‌ک جیاوازی له نێوان جۆری مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌کان لەژێر کاریگه‌ری سێ پرۆسه‌دایه که له درێژخایه‌ندا پراکتیزه ده‌بن. پرۆسه‌ی یه‌که‌م داهێنانی نوێ زمانی (سه‌باره‌ت به‌جۆره‌کان(، موتاسیۆن  (Mutation)پرۆسه‌ی دووهه‌م ره‌وتی فێربوون (سه‌باره‌ت به جۆره‌کانی میراتگری) و سێهه‌مین پرۆسه هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی – هه‌رێمی‌(سه‌باره‌ت به جۆره‌کان، جیاوازی وهرزی تێکه‌ڵبوون (جفت گیری) و ئاناتۆمی‌تۆره‌مه خستنه‌وه (تولید مثل). (۶)

جۆرج یۆل  (George Yule, 1947) ده‌نووسێ: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که ده‌کرێ هەندێک لەگۆڕانکارییە به‌رچاوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌رهه‌می‌شه‌ڕ، هێرش و گۆڕانکارییه‌کانی دیکه پێکه‌وه په‌یوه‌ست بکه‌ین به‌ڵام وادیاره کاریگه‌رترین هۆکار و سه‌رچاوه‌ی گۆڕانی زمان، پرۆسه‌ی هه‌میشه‌یی گواستنه‌وه‌ی که‌لتووری بووه هه‌ر نه‌وه‌یه‌کی نوێ ئه‌بێ رێگایه‌ک بدۆزێته‌وە بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌زمانی نه‌وه‌ی پێش خۆی له‌م پڕوسە به‌رده‌وام بێکۆتاییه‌دا، کەبه هۆی ئه‌وه هه‌موو تاکێک که که‌ڵگ له زمان وه‌رده‌گرێ ده‌بێ بۆ خۆی سه‌ر لەنوێ، زمانی کۆمه‌ڵگا دروست بکاته‌وه، مه‌یلی حاشاهه‌ڵنه‌گر بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌ندێک له تۆخمه‌کانی زمان به شێوه‌یه‌کی ورد و هه‌ندێکیان به شێوه‌ی رێژیی هه‌یه، هه‌روه‌ها حه‌ز و مه‌یلی پاڵه‌کی بۆ جیاوازبوونیش هه‌یه. به حاشا هه‌ڵنه‌گر زانینی ناسکی پرۆسه‌ی گواستنه‌وه، ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌شمان هه‌بێ که زمانه‌کان وه‌ک خۆیان نامێننه‌وه (نەگۆڕنین)، به‌ڵکو تووشی گۆڕان و ئاڵوگؤڕ ده‌بن )یۆل،  (۱۳۷۴:۲۶۰). هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له پێش چاوی خه‌ڵکدا گۆڕان له‌زماندا روویداوه، به‌ڵام ته‌نیا سه‌د و په‌نجا ساڵی رابردوودا که له‌زمانه‌وان و زانایان شێته‌ڵ کردنه‌وه و راڤه‌کردنیان ده‌ست پێکردووه و له‌سه‌ده‌کانی پێشووتردا، جگه ‌له ‌ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م که دوور دووریان ده‌ڕوانی هیچ که‌سیتر سه‌رنجی پێنداوه.  (۲) دانتی   (Dane Alighieri,1265)یه‌که‌مین شاعێری ئیتالی، یه‌که‌مین بیرمه‌ندی گه‌وره‌یه‌که سه‌باره‌ت به‌گۆڕانی زمانی بیروڕای ده‌ربڕیوه و ده‌ڵێ: که‌واته له سه‌رده‌می‌تێکچوونی تاوه‌ری بابل به‌م‌لاوه، هه‌موو زمانێکی مرۆڤ به‌پێی حه‌زه‌کانی ئێمه سه‌ر لە نوێ پێکهاتۆته‌وه، چونکه مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکه زۆر شیاوی گۆڕانه، زمانیش ناتوانێ نەگۆڕ و هه‌میشه‌یی بێ، به‌ڵکوو وه‌کوو هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ی مرۆڤ، وه‌ک داب و نه‌ریت و جل و به‌رگ، بێگومان به پێی کات و شوێن ده‌گۆڕدرێ.

هه‌روه‌ها ده‌یڤێد کریستاڵ  (David Crystal, 1941) کەیه‌کێکه له دوایین لێکۆڵه‌ران له سه‌ر پرسی گۆڕانی زمان نووسیویه‌تی: زمان نه‌گۆڕ نامێنێ، گۆڕانی زمانی له دۆخی هه‌نووکه‌یی مرۆڤدا، حاشاهه‌ڵنه‌گره. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یەکه له‌ یه‌ک میلیون ساڵی رابردوودا، مرۆڤ له جیاتی گۆڕانی ژینگه‌یی، لە ره‌هه‌ندی زمانییه‌وە گۆڕدراوه. له‌و هێزانه‌ی کە کاریگه‌رییان له سه‌ر گۆڕانی زمان هه‌یە یه‌کیان په‌یوه‌ندی هه‌یەبه گۆڕانی فۆنیم، شێوه‌ مۆڕفۆلۆجی و پێکهاته سینکاکسیه‌کانی زمان ئه‌ویتر په‌یوه‌ندی به وه‌رگرتنی ده‌روونی (یان به‌راوردکاری) و سێهه‌مینیش په‌یوه‌ندی به وه‌رگرتن له شێوه زاری خزم و نزیکه‌کان، له خزم و له زمانە بێگانه‌کانه‌وه‌یه. سرووشتییەکه له‌گه‌ڵ گۆڕانی ڕۆژ ناوه‌وه و ده‌ره‌وەی زمان، پرسی تێگه‌یشتن و ده‌رک کردنی به‌رامبه‌ر له کۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تیدا ڕۆژ له دوای ڕۆژ چه‌توونتربووه و گرفتێک به ناوی “له‌مپه‌ری زمانی” گه‌لێک بانتر له سنووره جوگرافییه‌کانیش، بۆته‌ هۆی دابڕانی مرۆڤه‌کانی جیهان لەیه‌کتر. (۱۱)

لە کۆی  ۶۷۰۰ زمان کە هەنووکە لە لایەن دانیشتووانی گۆی زەوییەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێ، نیزیک بە نیوەیان بەرەو لەنێوچوون هەنگاو دەنێن. بەم پێیەش دیار یکردنی ڕۆژی ۲۱ی فێبرییە وەکوو ڕۆژی جیهانیی «زمانی دایکی» لە لایەن یونسکۆوە، لە ڕاستیدا دژکردەوەیەکە بەو مەترسییە کە شارستانیەتی مرۆڤ لەگەڵی دا بەرەوڕوویە. لە ڕوانگەی زانستی سایکۆلۆژییەوە، زمانی دایکی یەکەمین و گرینگترین هۆکار و فاکتەرە لە ڕەوتی شکڵ گرتنی کەسایەتیی مرۆڤ و لە هەمان کاتیشدا لەنێوچوونی، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کەسایەتیی تاکەکان.  (۱) پرسی زمانی دایکی لە ئاستی جیهانیدا جیا لەوەیکە ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و فەرهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان )یونسکۆ( پێشنیاری وڵاتی بەنگلادێش لەمەڕ دیاریکردنی ۲۱ی فێبرییە، وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی زگماکیی خستە بەر دەنگدان و دەنگی ئەرێنیی بۆ وەرگرت، لە چەندین بەڵگەی نێونەتەوەییشدا، پرسی ئاماژە بۆ کراوه گرینگیی پێ دراوە کە بەکورتی دەتوانین بەم شێوەیە ئاماژەیان پێ بکەین:

-۱ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، پەسندکراوی ۱۰ی دێسامبری ۱۹۸۴، مادەی .۲۶

-۲ میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، پەسندکراوی ۱۶ی دێسامبری ۱۹۹۶، مادەی .۲۷

-۳ کۆنوانسیۆنی نەهێشتنی هەڵاواردن لە سیستمی‌پەروەردە و فێرکاری، پەسندکراوی ۱۴ی دێسامبری ۱۹۶۰ لە لایەن یونسکۆ، مادەکانی ۱و۲و.۳

-۴ کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان، پەسندکراوی ۲۰ی نۆڤامبری ۱۹۸۹ی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مادەی .۳۰

-۵ کۆنوانسیۆنی نێونەتەوەیی لابردنی هەر چەشنە هەڵاواردنێکی نژادی، پەسندکراوی ۲۱ی دێسامبری ۱۹۶۵ی نەتەوە یەکگرتووەکان، مادەی ۱٫

-۶ڕاگەیەندراوی مافی کەمینە مەزهەبی، نەتەوەیی، ئێتنیکی و زمانییەکان، ڕێکەوتی ۱۸ی دێسامبری ۱۹۹۲، مادەکانی ۴و۲و۱٫

-۷ ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافەکانی زمان، پەسندکراوی ساڵی .۱۹۹۶

-۸مەنشووری زمانی دایکی، پەسندکراوی ساڵی ۱۹۹۶ی یونسکۆ، مادەکانی ۱و۲و.۳

پرسی زمانی دایکی لە ئێراندا له سه‌رده‌می‌حکوومه‌تی په‌هله‌وی بە بێ هیچ شک و گومانێک دەتوانین بلێین لە یاساکانی ئه‌و سه‌رده‌مه، زمانی دایکی یەکێک لە، لەپەراوێزخراوترین پرسەکان بوو، کە هیچکات وەک پێویست گرینگیی پێ نەدرا. لە حاڵێکدا کە لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسییەکان دەریان خستووە کە سیاسەتی چەند زمانی لە کاروباری پەروەردەیی دا، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ڕاگرتن و پەرەسەندن و گەشەکردنی فەرهەنگە نەتەوەییەکان هەیە و بە پێچەوانەی ئیددعای هەندێک کەس و لایەن( بۆ وێنە حکوومه‌تی په‌هله‌ویی و ڕەوتی پان ئیرانیستی ئه‌و سه‌ر‌ده‌مه ) پرسی فێرکاری بە زمانی دایکی، نابێتە هۆکارێک بۆ لێک دوور کەوتنەوە یان جیابوونەوەی نەتەوەکان و زمانەکان. بۆ وێنە لە وڵاتی سووئیس خەڵک بە ۴ زمانی ئیتالیایی، ئینگلیزی، فەڕەنسیی و ئاڵمانی دەئاخفن و هیچ کیشەیەکیش لە باری سیاسییەوە بۆ ئەم وڵاتە درووست نەبووە، ئەوەیکە لە سەردەمی‌په‌هلەوی بینرا، چەشنێک لە پیڕەوی کردن لە دۆکتۆرینی بەناوبانگی «ئادۆڵف هیتلیری»ە کە دەیگووت: «ئەگەر دەتانهەوێ نەتەوەیەک لەنێو ببەن، سەرەتا زمانەکەی لێ بستێننەوە.» (۲) هۆکاری ئەم قسەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زمان جیا لە کاریگەرییەکانی لەمەڕ قەوارەگرتنی کەسایەتیی تاکەکەسی، باندۆڕ و شوێندانەریی ڕاستەوخۆشی لەسەر شووناسی نەتەوەیی دەبێت.

لە پەراوێزخستن و گرینگی نەدان بە زمانی دایکی (تەنانەت له لایەن بنەماڵه کانیش)، وێنایەکی ڕاستەقینەی دەکارکردنی توندوتیژیه لە دژی منداڵان )نەوەی نوێ( کە چەشنێک لە سووکایەتی کولتووری لێ دەکەوێتەوە. (۳) ڕوونە کە فێربوونی هەر زمانێک پێویستی بە تێپەڕاندنی ۴ قۆناغ هەیە: بیستن، ئاخاوتن، خوێندن و نووسین. ئەگەر کەسێک لە ڕەوتی فێربوونی زمانەکەیدا )زمانی دایکی) ئەم ۴ قۆناغە تێنەپەڕێنێت، ئەوا تووشی لاوازی لە فێربوون دەبێت و لە دەرک کردنی ڕاستییەکان دوور دەکەوێتەوە. ئەنجامی‌ئەم حاڵەتەش بریتییە لە لاوازیی کەسایەتی. واتە تایبەتمەندییە ڕەوانی و ئەخلاقییەکان بەلای نێگەتیڤدا دەشکێنەوە و بەم شێوەیە ترس، شەرمێونی و خەمۆکی لە ناخدا شکڵ دەگرن. ڕوونیشە کەسێک بەم تایبەتمەندییانەوە ناتوانێت پێوەندییەکی درووست و بەکەڵک لەگەڵ کۆمەڵگا درووست بکات. لە بەرامبەردا، کۆمەڵگاش وەها تاکێک بە کەسێکی نائاسایی بەئەژمار دێنێت و لە ئاکامدا مەودای نێوان تاک و کۆمەڵ زیاد و زیاتر دەبێت. دەرهاویشتەی ئەم‌هاوکێشەش دەبێتە ئەوەیکە یەکگرتوویی فیکری، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی پیک نایەت و کۆمەڵگە لەگەیشتن بە ویست و داخوازەکانی بەردەوام لەگەڵ ئاریشەی نوێ بەرەوڕوو ببێتەوە. هەمووان دەزانن کەبایه‌خی زمان پتر له ژیانی ڕۆژانه دا دەرده‌کەوێ، چونکه فاکتەرێکە مرۆڤ به کۆمه‌ڵه‌وه دەبه‌ستێته‌وه. مرۆڤ ته‌نها به هۆی زمانه‌وه په‌یوه‌ندی به کۆمه‌ڵگاکەیه‌وه دەکات، بیر و بۆچوون، هه‌ست و سۆزی خۆی بۆ ئەو کۆمه‌ڵگایه دەگوێزێته‌وەکه تیایدا ده‌ژی.(۱۱)

زمان ئامرازی په‌یوه‌ندی کردن بەنه‌ته‌وه‌کانی تری جیهانه. حکوومه‌ت جۆراوجۆره‌کانی جیهان به هۆی زمانه‌وه‌هاوکاری فه‌رهه‌نگی، سیاسی، ئابووری و… یه‌ک ده‌که‌ن. بەواتایه‌ک ئه‌گه‌ر زمان نه‌بوایه مرۆڤ و ئاژه‌ڵانیتر جیاوازییان نه‌ده‌بوو. بێگومان تێکڕای نه‌ته‌وه‌کانی جیهان به‌پله‌ی یه‌که‌م له سه‌ر بنه‌مای زمانه‌که‌یان ده‌ناسرێن. نه‌ته‌وەبێ زمانی مللی، بێ ناسنامەیه.

“هه‌ژاری موکریانی” ده‌ڵێ: قه‌واڵه‌ی بوون و مانه‌وهی گشت نه‌ته‌وه‌کانی سه‌رزه‌وی، زمانه. (۵) زمان نه‌مێنێ بوون له نێو ده‌چێ. مامۆستا “محه‌ممه‌دی خاڵ” له سه‌ر بایه‌خی زمان ده‌ڵێ: (کۆمه‌ڵگای بێ زمان و فه‌رهەنگ) له ژێر پێی نه‌ته‌وه‌کانی تردا ده‌پڵیشێته‌وه، ده‌ڵێ نه‌ته‌وه‌یکی خاوه‌ن زمان و فه‌رهه‌نگ، ئه‌گه‌ر له ناو بچێ هه‌ر بەنه‌ته‌وه ده‌ژمێردرێ وله ‌به‌رەو پێشوچوونی به ئاراسته‌ی لوتکه‌ی مرۆڤایه‌تی، سه‌ر ئه‌نجام ده‌گاته‌وه نه‌ته‌وه‌کانیتر. به مردنی هه‌زاران ڕۆڵه‌ی نه‌ته‌وەیه‌ک، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه نامرێ، به‌ڵام به مردنی زمانه‌که‌ی، ره‌گ و ریشه‌ی ژیانی وشک ده‌بێ و لەگرێژنه ده‌چێ. ئه‌گه‌ر به چاوێکی تێژه‌وە بڕوانینەبه سه‌رهات و مێژووی خه‌ڵکانی پێشوو، گه‌لێک نه‌ته‌وه‌ی گه‌وره ده‌بینین لەره‌هه‌ندی فه‌رهه‌نگی، سیاسی، کۆمه‌ڵایەتی بەترۆپکی شانازی گه‌یشتوون، حه‌ماسه‌یان خوڵقاندووه و کامڵبوونه، به‌ڵام به وه‌رچه‌خانی رۆژگار ته‌نیا به هۆی له نێوچوونی زمانه‌که‌یان، خۆشیان له نێوچوون و له‌لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی کۆندا نەبێ ناویان نه‌ماوه. بهم پێیه مانه‌وه‌ی زمان زامنی نه‌ته‌وه‌یه.

که واته زمان له هه‌ر قه‌ڵایه‌ک قایمتره، هه‌ر قه‌ڵایه‌ک ئه‌بێ داگیر بکرێ به‌ڵام قه‌ڵای زمان مه‌حاڵه. یه‌کێه له خه‌سڵه‌ته هه‌رەگرینگه‌کانی هه‌ر زمانێک ئه‌وه‌یه: ده‌کرێ به پشت به‌ستن به ئه‌ده‌ب، فه‌رهه‌نگ و زمانی نه‌ته‌وەره‌گی مێژوویی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یک له شوێنی جیوگرافی خۆیدا بدۆزینه‌وه و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی پێ  بده‌ین نه‌ناسینه‌وه‌ی زمانی دێرینی دانیشتوانی ناوچه‌یه‌ک، تاوتۆی کردنی “فۆنێتیک، رێسا و وشه‌ی‌هاوبه‌ش” و به راورد کردنیان له‌گه‌ڵ زمانه‌کانی دراوسێ، ده‌توانین په‌ی به مێژووی دێرینی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ببه‌ین.

ده‌توانین بڵێین کەبایه‌خی زمانی کوردی به ‌پێی دید و بۆچوونی فه‌لسه‌فی–ئایدۆلۆجی ده‌گۆڕدرێ. ناسیۆنالیزم (Nationalism)، زمان بەیه‌کێک له کوچکه‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه و ژێرخانی پێکهاته‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌زانێ، هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک بێزمان نه‌بووه و نیه و نابێ. دواکه‌وتووترین تیره و تایه‌فه و نه‌ته‌وه‌ی جیهان، دانیشتوانی دوورترین جه‌نگه‌ڵ….خاوه‌نی زمانی خۆیانن. زمان و نه‌ته‌وه وه‌ک ماسی و ئاون، بێ یه‌کتر مانایان نیه. (۹) زمانی مییلی، گیانێکی بزۆزه له لاشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یدا ده‌م ده‌کێشێ. دڵی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یک به ئه‌وینی ئه‌و زمانه‌وه لێده‌دا. ژیانی نه‌ته‌وه خۆی له چوارچێوه‌ی ده‌بینێته‌وه، کە به‌ زمانی باو و باپیران خوڵقاوه و پشتاوپشت گوزاراوه‌ته‌وه. دیاره هه‌ندێک رووداوی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد نیشانیداوه، ته‌نیا زمان مه‌رجی نه‌ته‌وه و کوردبوون نییه، به‌ڵکوو هه‌ستی‌هاوبه‌شی نه‌ته‌وایه‌تییە ناسنامه‌ی به کوردان به‌خشیوه. لە باکووری کوردستان هه‌زاران کورد، بێ ئه‌وه‌ی تاکه وشه‌یه‌ک له زمانی زگماکی خۆیان بزانن، گیانیان له پێناوی ئامانجه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌یان به‌خت کردووه. له‌ هه‌مان کاتدا که‌سانانێکیتر هه‌ن زۆرباش به زمانی زگماکی خۆیان ده‌دوێن که چی دوژمنایه‌تی‌هاوزمان و‌هاوڵاتیانی خۆیان کردووه.

ئه‌و بایه‌خه‌ی زمانی نه‌ته‌وه له ناسیۆنالیزمدا هه‌یه‌تی، له فه‌لسفه‌ی مارکسیزمدا  (Marxism) نییه‌تی. مارکسیسته‌کان لە روانگه‌ی ماتریالیسییته‌وه  (Materialism) ده‌ڕواننه جیهان و ئابووری به‌ژێرخان له ‌قه‌ڵه‌م ده‌دەن، هه‌ر له‌و روانگه‌شه‌و سه‌رنج ده‌ده‌نه کۆمه‌ڵگای مرۆیی. له‌ روانگه‌ی مارکسیزمه‌وه مرۆڤ ئاژه‌ڵێکی ئابوورییه، واته فاکته‌ری بنه‌ڕه‌تی وه‌دێ‌هاتنی نه‌ته‌وه و ره‌گ و ریشه‌ی کۆمه‌ڵگا، ئابووریه. لە روانگه‌ی ئیسلامیشه‌وه زمان له ژیانی نه‌ته‌وه‌کان سه‌رزه‌وی، ڕۆلێکی بنچینه‌یی نییه، به‌ڵکوو فاکته‌رێکی ته‌وه‌ری، باوه‌ڕ به خوا و بنه‌مای (توحید)ه. مارکسیزم له دیدی ئینتێترناسیۆنالیزمه‌وە بەیه‌ک چاو سەیری گشت نەتەوه‌کان ده‌کات و ئیسلامیش له دیدی (توحید)ە وە بە یه‌ک چاو ده‌ڕوانێته مرۆڤ که‌واته تێڕوانینی مارکسیزم و ئیسلام له گشته‌وە بۆ به‌ش و تێڕوانینی ناسیۆنالیزمیش وه‌ک خاڵی به‌رامبه‌ری هەر دووکیان، له به‌شه‌وە بۆ گشته. که واته ئه کادیمییه زمان ناسه‌کانی کورد، بۆ تاوتوێکردنی، بنه‌ماکانی زمانی کوردی، سه‌رچاوه‌کانی، سەرەتاکەی، کامڵبوون و پێگەیشتنی ئەم زمانه، جگه له شارەزایی تەواو له زمانی کوردی، پێویسته دوو کار ئەنجامبدەن:

یەکەم: زانستیانه له شوێنگه و پەیدابوونی نەتەوەی کورد بکۆڵنەوه.

دووەم: مێژووی سه‌رهه‌ڵدانی زمانی کوردی. ئه‌و فاکتەرانەی کارییان تێکردووه، رێچکەی گۆڕان و قۆناخەکانی کامڵبوونی، به‌وردی تاوتوێ بکه‌ن.(۹)

له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته بە باشترین شێوه “ئه‌دەب و فۆلکلۆری” کوردی شۆڤەبکەن. بۆ نموونه ئەگەر بتوانین روونیبکەینەوه “مادەکان” به چ زمانێکیان هەبوو و لەگه‌ڵ کوردی ئەمڕۆ بەراوردی بکرێ تا رووه وێکچووەکانی بەتەواوی دیاریبکەین، ئەوسا دەتوانین بڵێین “مادەکان باوباپیری کوردانی ئەمڕۆن”. کەواتە بەکه‌ڵک وەرگرتن له فاکتەری زمان رەگ و ریشەی مێژوویی نەتەوەی کوردمان دۆزیوەتەوه. به داخه‌وه له زۆر جێگا دەبینین هەندێک سیاسه‌توانی کورد، بێ هه‌ستی به‌رپرسی، به پێچوانەی ئامانجه سەرەکییەکانیان، له زۆر رووەوە بە کەم بایه‌خ نیشاندانی فاکتەری زمان، تەنیا جه‌خت له سه‌ر ئامانجه سیاسیه‌کانی خۆیان دەکەنەوه، بێ ئاگا لەوەی زمان خۆی فاکتەری یەک پارچەییه. ئەوانه لەبیریان چۆتەوه هەر  نەته‌وەیه‌ک به زمانەکەی دەناسرێتەوه. هەر کوردێک بۆیه پێی ده‌ڵێن کورد چونکه له دایک و باوکێکی کورد بووە به زمانی کوردی ده‌دوێ. هەر که‌سێک له هەنگاوی یه‌که‌مدا به هۆی زمانەوه له تورک، عەرەب و ڕووس و ئینگلیز و …جیا دەکرێتەوه، دواتر تایبەتمەندییە نەتەوەکانی لە بەرچاو دەگیرێ. هەروه‌ها “جوتیار، کرێکار …”ی هەر نەتەوەیەک زمانێکی‌هاوبەشیان هەیه. زمان ناسنامەیەکی نەتەوایەتییه. زمان تێکڕای چینەکانی کۆمه‌ڵگا، به دابەشکاری سیاسی، کۆمه‌ڵایەتی و فه‌رهه‌نگییه‌وه زمانی‌هاوبه‌ش نه‌تەوەیه. هه‌رگیز نەبیسراوە که‌سێک یا گرووپێک زاراوەی زمانی کوردی چینی جوتیار یا سەرمایه‌دار بەکاربێنێ. لەبەر ئەوه ئاکارە نەتەوەیەکان لەبۆتەی تەنگی چینایەتیدا ناگونجێن و زمان به به‌ڵگه‌ی تایبەتمەندی نه‌ته‌وه‌ی، خه‌سڵەتی‌هاوبه‌شی تێکڕای گرووپە کۆمه‌ڵایەتییەکانه و له چوارچێوەی کۆمه ڵایەتی، سیاسی و ئابووری باڵاتره. (۱) هەر نەتەوەیەک گۆێ نه‌داته زمانەکەی خۆی و هه‌و‌ڵنه‌دا بۆ راگرتنی که‌لتوورە نەتەوایەتییەکەی، بەره بەرەبەره و داڕزان ده‌ڕوا و لەکۆتاییدا لەناو ده‌چێ، ئەو نەتەوەیەک هەرگیز لەناوناچێ مەگەر زمانەکەی بەرەو لەناو چوون بڕوا. بۆ نەتەوەی کوردیش خۆ وێچواندن و لەبیر بردنەوەی زمانی زگماکی، مانای مردنی نەتەوییه.

گه‌لێک نەتەوەی سەر به خۆ له هه‌ڵ و مەرجەکانی ده‌سه‌ڵاتدا تواونەتەوه. فینیقییەکانی سوریا و لوبنان، قیبتییەکانی میسر، رەشپێستەکانی سۆدان و گه‌لێک نەتەوەی ئه‌فریقا، به‌ڕبه‌ڕه‌کانی جەزائیر و مه‌ڕاکش و هەزاران بنەماڵەی کوردی عێراق به هۆی له ده‌سدانی ناسنامەی خۆیان، بوونەته عەرەب. ئەمانە نموونە گه‌لێکی روونی ئەو نەتەوانەن کە ناسنامەی خۆیان له ده‌سداوەو لەناو نەتەوەی ده‌سه‌ڵاتداردا تواونەتەو. نموونەیەکی‌تر وڵاتی مه‌غرییبه، ئەم وڵاته عەرەبییه، به دانیشتوانەکەی خۆیەوه هەر زۆر لەناو عەرەباندا توایەوه. هۆیەکەشی تەنیا ئەوەبوو، ناسنامەی خۆیان دۆڕاند، لەبەرامبەر شه پۆڵی  ته‌عریب خۆیان نەگرت و بە ته‌عریبی مه‌غریب کۆتایی‌هات. هەر لە بەرامبەر ئەم پرسه دا ئیسپانیا زمانی نەتەوەیی خۆی پاراست و رێبازی نەتەوایەتی خۆی گرتەبەر. “ئەنده لوس” نزیکەی حەوت سه‌دە بەشێک بوو له ئیمپراتۆری ئیسلامی، له  ژێر ده‌سه‌ڵاتی هەمه‌لایەنی عەرەباندا بوو، خه‌ڵکەکەی به عەرەبی ده‌دوان، وه‌لێ بێزار بوون له زمانی عەرەبی، لە ماڵ و کۆڕ و کۆمه‌ڵاندا به زمانی دایکی ده‌دوان. ئەوان هیچ کاتێک ملیان بۆ ده‌سه‌ڵاتی زمانی عەرەبی که‌چ نەکرد، بۆیه   عەرەبی له ئیسپانیا ڕیگه نه‌درا. نموونەیەکی‌تر سیاسەتی گرووپی ده‌سه‌ڵاتدار لەمه‌ڕ سه‌پاندنی زمان، فەرمانڕەوایی بەریتانیایه له هۆنگ کۆنگ. ده‌سه‌ڵاتداری ئەم وڵاتەبه سەر (هۆنگ کۆنگ)دا له ساڵی ۱۸۴۱ ده‌ستیپێکرد. هەر لەرۆژی‌هاتنی ئینگلیزەکان بۆ هۆنگ کۆنگ، سیاسەتی سه‌پاندنی زمانی ئینگلیزی به سەر  دانیشتوانەکەیدا، به خوێندنی زۆرە مێلی ئەو زمانه له قوتابخانه، فێرگه و سەنتەرەکانی خوێندنی  باڵا، ده‌ستیپێکرد. زمانی کۆلۆنیالی بەریتانیا به ئارامی‌چووەناو ژیانی خه‌ڵکی هۆنگ کۆنگ و بەرەبەره دزەی کرده نێو هەموو بوارە کۆمه‌ڵایەتییەکانی ئەو بەندەره. ئەم کارتێکردنه ئەوەنده قووڵبوو که زمانی چینی واته زمانی دانیشتوانی هۆنگ کۆنگی خستەمەترسییەوه، تەنیا کۆتایی‌هاتنی ده‌سه‌ڵاتی ۱۵۶ ساڵەی بەریتانیا و گه‌ڕانەوەی دووبارەی ده‌سه‌ڵاتی کۆماره خه‌ڵکی چین بۆ ئەو بەندەرەبوو بەرێگری توانەوەی زمانی چینی له هۆنگ کۆنگ. (۳)

هەرنەتەوەیەک زمان و ئه‌دەبی نەتەوایەتی خۆی بپارێزێ، بە نەتەوەیەکی زیندوو ده‌ژمێردرێ. نەتەوەی زیندوش ئەگەر ژێرده‌ستەبێ و ئازادیش نەبێ، له  مەترسی لەناوچوون به دووره.(۵) بو نەتەوەیەکی وەک کورد، پاراستنی زمان، پاکسازی زمانی نەتەوەیی، کۆکردنەوەی زاراوەو ده ستەواژه و فێرکردنی زمانی کوردی، تەنیا ئامرازی زیندوو راگرتنی نەتەوەی کورده، نابێ لەبیر بکەرێ نەتەوەیکی زیندوو تەنیا به زمانی نەتەوەیی به زیندویی دەمێنێتەوه. (۱۲)

سەبارەت به هۆی پەیدا بوونی زارو سەرهه‌ڵدانی زمانی نەتەوەیی دەتوانین روونیکەینەوە که زار بریتییه لە شێوەی جیاوازی قسەکردن، له مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی تر، له سەرەتاوە به جیاوازی دەربڕین و گۆکردنی دەنگەکان و وشەکان ده‌ست پێدەکات و لەگه‌ڵ بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی سنووری بەکار هێنانی زمانەکه، گەشه ده‌ستێنێت و لەناوچەیەکەو بۆ ناوچەیەکی تر، جیاوازی دەبڕینی.(۵) ئەمجا بەربڵاوی و فراوانبوونی ناوچەی زمان، دەبێته هۆی پەیدابوونی زار، به ڵام بەشێوەیەکی ناڕاستەو خۆ رێگا بۆ هۆی تر خۆشدەکات، کەراستەو خۆ دەبنه هۆی پەیدابوونی زار لەناو زماندا که ئەمانەن:

-۱ هۆی کۆمه‌ڵایەتی رامیاری.

-۲ هۆی کۆمه‌ڵایەتی دەروونی ئه‌دەبی. (۸)

-۳ هۆی جوگرافی که له جیاوازی سروشتی ناو وڵاتدا.

-۴هۆی میللی که لەناو دانیشتوانی ناوچه جیاوازەکاندا ده‌رده‌کەوێت.

-۵ هۆی لەشی فزیۆلۆجی که لەناو دانیشتوانی ناوچه جیاوازەکاندا.

-۶تایبەتێتی که‌سی و جیاوازی قسەکردن.

-۷ هۆی ئابووری دەورێکی گرنگ دەبینێت له دەوڵەمەندکردنی زمان و گه‌شەکردنی زاردا. (۸)

پێشتر ئاماژەمان کرد به ئەوەی که له ئەنجامی‌گۆڕانی قۆناغی مێژوودا زمانەکه پەره ده‌سێنێت و زمانەکان لەیەکترەوە بە تایبەتی زمانه نزیکەکان لە یەکتر به هۆی پەیوەندی خزمایەتی و نزیکایەتی وشە و شێواز و تەنانەت دیاردەی رێزمانیش لەیه‌کترەوە وەردەگرن. ئەم وەرگرتنە نابێته هۆی روودانی کێشەیەکی مکوم وەکوو ئەوەی یەکێکێان بییەوێت زاڵ ببێت به سەر ئەوەیتردا  (۳). زمانی کوردی لەرووی پەره سەندن و گەشەو گۆڕانەوه، لەمێژووی دوورو درێژیدا به دەیان وشەی له زمانه خزم و نزیکه‌کانییەوە وەرگرتووەو به هەمان شێوەش وشەی لێ وەرگیراوه. بۆ نموونه لەناو زمانه‌هاوبەشەکانی کۆمه‌ڵەی زمانی ئاریدا دەیان وشەی فارسی، هیندی، ئوروپایی تێکه‌ڵ به زمانی کوردی بووه و لەکوردیشەوه وشه چۆتەناو ئەو زمانەوه. به ڵام زمانی کوردی له پەره‌سەندن و گەشە ‌و گۆرانی مێژووی خۆیدا ئەم ئەنجامانەی لێوەره چاوکراوه:

-۱سەربه خۆیی پاراستووه.

-۲دۆخی رێزمانی تایبەت به خۆی هەیەوەکوو نیشانەی کۆ، ناسراوی و نەناسراوی، کاتی بەردەوامی، …هتد.

-۳ نەمانی دۆخی رەگهزی نێر و مێ لەزمانی نووسیندا (زاری کوردی ناوه ڕاست) یا مانەوەی زۆر بەکەمی‌بۆ بانگ کردن.

-۴بوونی فۆنیمی‌تایبەت به خۆی لە ڕووی دەنگناسییەوه (فۆنۆلۆجی).

لێکۆڵینەوەبۆ بەربڵاوی، فراوانبوون و گەشەبوونی زمانی کوردی زۆر کەم بووه هەروه‌ها کتێبخانەیان ئینترنێت لە بواری لێکۆڵینەوه لەزمانی کوردیدا هه‌ژاره. (۸) له هەر یەک لەزمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی و فارسی هەزاره‌ها سەرچاوه لەبەرده‌ست دایه، هەر بوارێکی زمانەوانی یان ئاستێکی زمان وەربگرین به سه‌دان و هەزاران لێکۆڵینەوەی له سەر کراوە به‌ڵام لە زمانی کوردێدا، بە زه‌حمەت سەرچاوەیەکی ئەکادیمی‌ده‌ستدەکەوێ، هۆکاری ئەم هه‌ژارییەش ئەبێ له ئەم خاڵانەی خوارەوە بگەرێنینەوه.

یەکەم؛ هەروا که ئاماژەم بۆی کرد، لای هەمووان روونه زمانی عەرەبی، فارسی یان ئینگلیزی سه‌دان ساڵه لێکۆڵینەوەیان له سەر دەکرێ و تا ئێستایش بەردەوامه، تەنانەت ڕۆژ بەرۆژیش ژمارەی ئەو دەزگایانەی که لەم زمانانه دەکۆڵنەوه زیاتر دەبێ ئەمەش، وایکردووەکەببن به خاوەنی گەنجینەیەکی گەورەی زمانەوانی، به ڵام له لای کورد ئەم هەوڵه زۆر درەنگ ده‌ستی پێکرد، لەکۆندا ئەو کوردانەی که خوێنەوار بوون مه‌لاکان بوون، ئەوانیش بەرهەمیان هەمووی بۆ سەرف و نه‌حو و  به لاغەتی عەرەبی بووه، تەنیا دوو که‌س نەبێت، که ئەوانیش (خانی) و (شێخ مارفی نۆدەیی) بوون، دوو فەرهەنگیان داناوه، مەبه‌ست لەم فەرهەنگانەش دیسانەوە شارەزابوون بووه له زمانی عەرەبی واتا به پێناو زمانی عەرەبی نووسراون، نەک کوردی، له ساڵی ۱۹۲۸ کتێبێک لەبارەی رێزمانی کوردی بەکوردی نووسراوه، ئەویش له لایەن مامۆستا سه‌عید سدقی کابان، له دوای ئەویش مامۆستا تۆفیق وه‌هبی کتێبێک بەناونیشانی ده‌ستوری زمانی کوردی چاپ دەکات، ئیتر بەرەبەره له ساڵێکدا یان چەند ساڵیکدا کتێبێک چاپکراوە که زۆریان لەبارەی رێنووسی کوردیەوەیه. بەبۆچوونی من لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی‌لەبواری زمانی کوردی سەرەتاکەی دەگه‌ڕێته‌وە بۆ کردنەوەی به‌شه زمانی کوردی بەتایبەت کردنەوەی بەشی زمانی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سه‌لاحه‌دین. ئەم بەشە وەک دەزگایەکی زانستی له زمانی کوردی کۆڵیوەتەوه هەر چەندە رێژەیەکیش له قوتابیانی کورد له دەرەوە بەتایبەتیش لەیەکێتی سۆڤیەتی پێشوو له زمانی کوردی کۆڵیوەتەوە به‌ڵام لیکۆڵینەوەکانیان به زمانی کوردی نەبووەو کورد کەمتر سوودی لێ بینیوه، جگه لەمەش کۆڕی زانیاری کوردی رۆڵی هەبووه لەم بواره‌دا واته سەرەتای لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی‌له زمانی کوردیدا بۆ حه‌فتاکانی سه‌دەی بیستەم دەگه‌ڕێتەوه.

دووەم؛ هۆکاری دووهەمی‌ئەم هه‌ژاریە بۆ کەمی‌ژمارەی لێکۆڵەر و کەمی‌ژمارەی ئەو دەزگایانه دەگه‌ڕێتەوەکه له زمانی کوردی دەکۆڵنەوه. بۆ نموونه ژمارەی ئەو که‌سانەی که له زمانی ئینگلیزی، عەرەبی یان فارسی دەکۆڵنەوه له دەیان هه‌زار که‌س تێپه‌ڕ دەکات، تەنانەت هەزاران بەشی زانستی له زانستگاکانی سەرتاسەری جیهان و دەیان کۆڕی زانیاری و بنکەو رێکخراو و یانه… هتد، سەرقاڵن به لێکۆڵینەوه، به ڵام ئایا ئەوانەی کەتوانای لێکۆڵینەوەیان هەیه له زمانی کوردی ژمارەیان چەنده، رەنگه ئەگەر بڵێم (چل تا پەنجا) که سه ئەوا زیادەرۆیی تێدابێ،

سێیه‌م؛ هۆکارێکیتر ئەوەیەکه زمانی ئینگلیزی، عەرەبی یان فارسی جگه له ئینگلیزەکان، عه‌ره‌به‌کان یان فارسه‌کان خۆیان، خه‌ڵکانی تریش لەو زمانانه  ده‌کۆڵنه‌وه، به ڵام ئه‌وانه‌ی کە کورد نین و لەکوردی ده‌کۆڵنه‌وه زۆر ده‌گمه‌نن (له ساڵانی پە‌نجاکاندا مه‌کنزی (David N. MacKenzie, 1926) ، یوسیتی(Fredinand Justi, 1837) ، لیرخ (Peter Ivanovich Lerch, 1828)و.. هتد، له زمانی کوردیان کۆڵیوەتەوه، ئه‌مانه‌ش ژماره‌ یان له په‌نجه‌کانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناکا)، بۆیه ده‌یبینین کورد له‌م بواره‌دا جگه له خۆی که‌س یارمه‌تی نادات، ته‌نانە‌ت له‌م کوردستانه‌ی ئێمه‌دا، ساڵانه چە‌ندین نامه‌ی ماجستێر و دوکتۆرا له سه‌ر زمانی ئینگلیزی، عه‌ره‌بی یان فارسی ده‌نووسرێ، که ئه‌مانه‌ش لێکۆڵینە‌وه‌ی زانستین، واته کورد خۆی خاوەن هیچ سه‌ر‌چاەوەیەک نییه، زمانی ئینگلیزی، عه‌ره‌بی یان فارسی هه‌زاران که سیان هه‌یه. ئه‌م سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه هۆکاری هه‌ژاری کتێبخانەی کوردی له بواری زمانه‌وانیە‌وه، ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو کورده‌کە کە کاری بۆ بکەن. هەروا که دەزانن له‌م چه‌رخی زانیارییه دا ئه‌گەر زۆر خێرا نه‌ڕۆین،  ئه‌وا به جێ ده‌مێنن. (۷)

سه‌رچاوەکان:

-۱کاکل توفیق، د. قه‌یس، ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و پلانی زمان (روانینێک)، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی په‌روه‌رده، سۆران، چاپی یه‌کە‌م، هه‌ولێر، ۲۰۰۷٫

-۲خۆشحاڵی، بێهزاد، فیلۆجیای زوانی کوردی و مێژووی کوردستان، و: مسته‌فا غه‌فوور، دەزگای توژێنه‌وەو بڵاوکردنه‌وەی موکریانی، چاپی یه‌کەم، هه‌ولێر، ۲۰۰۸٫

-۳شوانی، د. ره‌فیق، زمانی کوردی و شوێنی له ناو زمانه‌کانی جیهاندا، دەزگای توژێنه‌وەو بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر ۲۰۰۸٫

-۴یه‌عقووبی، حوسێن، زمان، وەرگێڕان و په‌یوه‌ندی کولتووره‌کان (نووسین و وەرگێڕان)، وەرگێڕانی: ئیسماعیل زارعی، چاپخانه‌ی دەزگای ئاراس، کۆلێژی په‌روەرده، سۆران، چاپی یه‌که‌م-هه‌ولێر ۲۰۰۷٫

-۵شوانی، د. ره‌فیق، چه‌ند بابەتێکی زمان و رێزمانی کوردی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی، چاپی یه‌کەم-هه‌ولێر ۲۰۰۱٫

-۶ د. محمد احمد ابو الفرج، فقه اللغه، ط۱، بیروت، ۱۹۹۶٫

-۷د. علی عبدالواحد وافی، ل: ۲۴۸).

-۸د. علی عبدالواحد وافی، ل: ۲۴۸

-۹کاکه‌وه‌یس، حه‌کیم. (وه‌رگێڕان “لسان الکرد”) زمانی کورد، (نووسینی مه‌سعود محه‌ممه‌د)، چاپخانه‌ی حه‌وادس-هه‌ولێر، ۱۹۸۷٫

-۱۰تراویک، بوکنه‌ر. ب، مێژووی ئه‌دەبیاتی جیهان، وەرگێڕانی: حەممەکەریم عارف، بەرگی دووەم، دەزگای توژینه‌وه ‌و بڵاوکردنه‌وه‌ی موکریانی، چاپی یه‌که‌م،  هه‌ولێر، ۲۰۰۸٫

-۱۱خه‌زنه‌دار، دوکتۆر مارف، مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، بڵاوکراوه ی ئاراس (ژماره ۱۴۳)، چاپی یه‌که‌م، هه‌ولێر، ۲۰۰۲٫

-۱۲یاری، زانکۆ، زمان و وێژه‌ی کوردی، ڕابردوو و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، وتار،به‌شی دووه‌م (زمانی کوردی له ڕابردوودا)، خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۹۵٫

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

یک × 4 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس