جمعه , ۴ خرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / ڕقم لە سەری ساڵی نوێیە!/ئانتۆنیۆ گرامشی/و.له‌ئینگلیزییه‌وه: سامان دره‌فش

ڕقم لە سەری ساڵی نوێیە!/ئانتۆنیۆ گرامشی/و.له‌ئینگلیزییه‌وه: سامان دره‌فش

antonio_gramsci_01___quaderni_del_carcere_by_asymptoticway-d605o6a

هەموو بەر لە بەیانێک کاتێک کە دیسان لە ژێر تەمی‌ئاسماندا وە ئاگا دەبمەوە، هەست دەکەم کە وا سەری ساڵی نوێیە. بۆیە ڕقم لە سەری ساڵەکانە، چونکە وەکوو وادە و بڕیارگەلێکی نەگۆڕیان لێدێ  کە ژیان و رۆحی مرۆڤ دەگۆڕن بۆ کەڵکەڵەیەکی بازرگانی لە پێناوی گەیشتن بە حسێبێکی کۆتایی ڕێک و پێک، بڕی پووڵ و پارەیەکی چاک و یاخود بووجەیەک بۆ ڕاپەڕاندنی پڕۆژەی کارگێڕییەکی نوێ. رێکەوتی سەری ساڵەکان وامان لێدەکەن چیتر هەست بە بەردەوامێتی ژیان و رۆحمان نەکەین. بە ڕاستیی بیر لەوە دەکەینەوە کە لە نێوان ساڵێک و ساڵەکەی دوایدا دابڕانێک هەیە کە لەودا مێژوویەکی نوێ دەست پێدەکا؛ بڕیاری نوێ دەردەکەین، بە پەرۆشی بڕیارە نەدراوەکانی پێشووین و زۆر بابەتی تری لەم چەشنە. بە گشتی، ئەمەیە کێشە و گرفتی وادە و ڕێکەوتەکان.

ئەم ڕێکەوتانە هەڵگری ئەو واتایەن کە زەمەنمەندی(کڕۆنۆلۆجی) بڕبڕەی پشتی مێژوویە. کێشەیەک نییە! بەس دەبێ‌هاوکات پێملی ئەوەش ببین چوار پێنج ڕێکەوتی بنەڕەتی هەنە کە پێویستە هەموو مرۆڤێکی “باش” لە مێشکیدا هەڵیبگرێ، لە بەر ئەوەی کە ئەمانەن کە مێژوویان بەلاڕێدا بردووە. ئەوانەش هەر بە هەمان شێوە سەری ساڵن. سەری ساڵی مێژووی ڕۆما، یان هی چاخە ناوەڕاستەکان یاخود ئەوی سەردەمی‌مۆدێڕن.

ئەم ڕێکەوتانە هێند تەنراونەتەوە و سەقامیان گرتووە کە هەندێ جار وا دەزانین کە دەسپێکی ژیان لە ئیتالیا لە ساڵی ۷۵۲ بووە، یاخود ساڵەکانی ۱۴۹۰ یان ۱۴۹۲وەک کێوێک دەچن کە مرۆڤایەتی بە سەریاندا پەڕیوەتەوە و و لەپڕ خۆی لە جیهانێکی نوێدا بینیوەتەوە و ژیانێکی نوێی دەس پێکردووە. کە وابوو، ڕێکەوت دەبێ بە کۆسپێک، تەپۆڵکەیەک لە بەردەم بینینی ئەو ڕاستییەی کە مێژوو لە درێژەی هەر هەمان ئەو هێڵە سەرەکییە نەگۆڕە دەڕواتە پێشێ، بە بێ ئەوەی هێج وەستانێکی لە ناکاویدا تێدا ببێ، وەکوو ئەو کاتانەی لە سینەما فیلمەکە دەپچڕێ و ناوبڕێک لە تیشکی ڕۆشناییەکی کوێرکەرەوە ساز دەکات.

لەبەر ئەوەیە ڕقم لە سەری ساڵی نوێیە. دەمهەوێ هەموو بەیانییەک لام ببێ بە سەری ساڵی نوێ. حەز دەکەم هەموو ڕؤژێک لەگەڵ خۆم بیر بکەمەوە و هەموو ڕۆژێک خۆم نوێ بکەمەوە. هیچ ڕۆژێک بۆ پشوودان وەلا نەنێم. ئەمن بۆخۆم وەستانەکان دیاریی دەکەم، کاتێک چڕیی و خەستێتی ژیان بیهۆشم دەکات دەخوازم خۆم لە سرووشتی ئاژەڵیی نوقم بکەم تاوەکوو گوڕوتینێکی نوێی لێ دەربهاوم.

نابێ هیچ باوڕێکی هەڵەی ئاییینی و ڕۆحی لە ئارادا بمێنێ. پێمخۆشە هەموو کاتژمێرێکی ژیانم نوێ بێ، لە هەمان کاتیشدا بلکێت بەو کاترژمێرانەی کە تێپەڕیون. هیچ ڕۆژی جێژنێک، بەو ڕیتمە جەماوەرییە زۆرەملێیانەی کە دەبێ لەگەڵ خەڵکێکی نامۆ کە نایانناسم ئاهەنگی بۆ بگێڕم، وا باشترە هەر نەبێ. بەس بەو هۆیەوە کە باپیری باپیرەکانمان و لەوانیش پێشووتر ئاهەنگیان بۆ گێڕاوە، ئێمەش دەبێ بە پێویستی بزانین و درێژەی پێ بدەین. بەڕاستی قێزەونە و پێی دەڕشێمەوە!

ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە چاوەڕوانی سوسیالیزم دەکەم. چونکە هەموو ئەو ڕیکەوتانەی کە چ پێوەندییەکیان بە ڕۆحمانەو نییە تووڕ ئەداتە نێو زبڵدانەوە و ئەگەربێتو هی تر سازبکات، لانیکەم ئەوانە خۆمان دامانناون و لەو چەشنە ڕێکەوتانە نین کە دەشێ بە بێ هیچ شک و گومانێکەوە لە باوباپیرە گێلەکانمان وەری بگرین.

images (2)

و. لە ئیتالییەوە: ئالبێرتۆ تۆسکانۆ

ئەم دەقە بۆ یەکەم جار لە بڵاڤۆکی ئاوانتی، چاپی توورین و لە ستوونەکەی گرامشی ” سۆتۆ لا مۆل[۱] لە ڕێکەوتی ۱/۱/۱۹۱۶ بڵاو کرایەوە.

ئانتۆنیۆ گرامشی شۆڕشگێڕێکی ماڕکسیستی ئیتالی و ڕێبەری حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا بوو کە لە لایەن رژێمی‌فاشیستی بێنیتۆ مووسۆلینی خرایە بەندیخانەوە.

[۱] Soto la Mole

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

15 + یک =

قالب وردپرس پوسته وردپرس