جمعه , ۲۲ آذر ۱۳۹۸
خانه / بابه تی کوردی / ڕوانینێکی ئەخلاقی بۆ فیلمی «سەبارەت بە ئیلی»/ وه‌رگێڕانی باوه‌ڕ مه‌عرووفی

ڕوانینێکی ئەخلاقی بۆ فیلمی «سەبارەت بە ئیلی»/ وه‌رگێڕانی باوه‌ڕ مه‌عرووفی

درباره-الی-از-نگاه-منتقد-نیویورکتایمز-1

١ پێشتر، لە بەرهەمەکانی ئەسغەر فەرهادی، دەرهێنەری بەناوبانگ، «چوارشەمە سووری»م دیبوو. ئەم دواییانە «سەبارەت بە ئیلی»م بینی. دیارە بەرهەمهاتنی وەها فیلمێک لە فەزای سینەمایی ئێراندا ڕووداوێکە، ڕووداوێکی پیرۆز و شادیهێن. سەرەڕای ئەوەی «سەبارەت بە ئیلی» ڕیتمێکی باشی هەیە و زۆربەی ئەکتەرەکان ڕۆڵی خۆیان بە جوانی دەگێڕن و چاک جێ کەوتوون و دیالۆگەکانیش بە جوانی ڕێک خراون، چەند سووکەئاوڕ و ڕوانینی ئیگزیستانسی-ئەخلاقیی جێی تێڕامانی تێدا دەبینرێ. لە هەمان کاتدا، چیرۆکی فیلمەکە سەرنجڕاکێش، پڕ پێچ و پەنا و چەند توێیە.

لە چوارچێوەی پیشەی خۆمدا، کە پەیوەست نیە بە سینەما و ڕەخنەی فیلم، بەڵکوو فەلسەفە و مامۆستایەتی و نووسینی بابەتی فەلسەفیە، ئەم دێڕانە سەبارەت بە «سەبارەت بە ئیلی» دەنووسم. ئەم وتارە ناپەرژێتە سەر چیرۆکی فیلمەکە بە گشتی و گێڕانەوە و دیالۆگ و وردەکاریەکانی، بەڵکوو تیشک دەخاتە سەر ئەو بەشانەی کە ڕەنگ و بۆی فەلسەفییان پێوە دیارە، یان لانیکەم دەکرێ لەو ڕوانگەیەوە سەیر بکرێن.

٢ «کۆتاییەکی تاڵ باشترە لە تاڵیەکی بێ کۆتایی». ئەم ڕستەیە لە فیلمەکەدا لە زمانی ئەحمەد (شەهاب حسەینی)یەوە دەوترێ. بە واتایەک چارەنووسی ئیلی (تەرانە عەلیدۆستی) بەم ڕستەیەوە گرێ دراوە. تا کۆتایی فیلمەکە دەرناکەوێ ئایا ئیلی خۆی کوشتووە یا لە دەریادا نوقم بووە. لەم ڕووەوە، تەمێک کە جێی تێڕامانە بە سەرتاپای فیلمەکەدا دێت و دەچێ. ڕەنگە ئەویش وەک‌هاوسەری پێشووی ئەحمەد وای پێ چاک بێ کۆتاییەکی تاڵ لە ژیانیدا ئەزموون بکا تا گیرۆدەی تاڵییەکی بێ کۆتایی بێ. وا دیارە ئیلی لە گفت و لفتی دەزگیرانەکەی و کات بەسەربردن لەگەڵ ئەو زۆر چێژ نابا، هەر بۆیە بڕیاری داوە بێت بۆ ئەم سەفەرە و لەگەڵ ئەحمەد ئاشنا ببێ. لە هەمان کاتدا ویژدانی ئەخلاقی دەست لە یەخەی بەر نادا. زۆربەی کاتەکان خەریکی بیر کردنەوەیە و سەرقاڵی تاوتوێ کردنی کۆشکی پڕ پێچ و پەنای وڵاتی هەناوی خۆی. نە دەتوانێ لەگەڵ دەزگیرانەکەی بژی، نە دەشتوانێ ڕەهای بکا. نە ئەو بارودۆخە نوێیەی‌هاوڕێکەی، سپێدە (گوڵشیفتە فەراهانی)، پێشنیاری پێ کردووە، بە گیان و دڵ قەبووڵی دەکا و نە دەتوانێ بە ڕاشکاوی ڕەدی بکاتەوە. تووشی سەرلێشێواوییەکی گەورە بووە و لە بەرزەخدا بەسەر دەبا. ڕەنگە پاش کۆمەڵێک ڕووداو بەو دەرئەنجامە گەیشتبێ کە لەباتی تاڵیەکی بێ کۆتایی کە تا کۆتایی ژیانی لە تەکیایە، کۆتاییەکی تاڵ هەڵبژێرێ. لە هەمان کاتدا، دەکرێ ئەو دڕدۆنگی و سەرلێشێواوییەی ئیلی بۆ گشت ژیانی ئەو و خەڵکانی‌هاوشێوەی وی لەم جیهانی سیحرلێ­سڕاوەدا بگشتێنرێ. ساتەوەختی شادی و خۆشیی ئەو گەنجانە کە بۆ سەیران و گەڕان بەرەو شومال [باکووری ئێران] سەفەریان کردووە، بە خێرایی تێپەڕ دەبێ و لە پڕ سەرگەردانی و خەمێکی گەورە دایانده‌گرێ. دەکرێ وای دابنێین کە زاتی خەمناکی ژیان ئەوەندە گەورە و گشتگیرە کە سەردەمی‌خۆشی و بەختەوەری لە چاو ئەو هێندە نییە و وە بەر چاو نایە. جۆرەکانی ئازار و ژانی تاهەتایی، مرۆڤی تەنها وەها هەڵدەلووشێ کە دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ ئاسوودەیی و خۆشبژیوی ناهێڵێتەوە. ئیلی دەکرێ نیشانەی ئەو مرۆڤە تەنهایە بێ کە کەڵکەڵەی هەڵاتنە لە ئازاری بوون. کەس نازانێ چی بەسەر‌هاتووە، بەڵام خۆ ئەسپاردەی شەپۆلی شینی دەریا کردن و هەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە ئازاری بوون، دەتوانێ لێکدانەوەیەک بێ بۆ ڕووداوەکە.

٣ بزووتنەوەی فێمینیستی لە سەدەی نۆزدەیەمدا لە ئەورووپا سەری هەڵدا. سەرەتا باس لە جیاوازیی نێوان پیاو و ژن لە کۆمەڵگادا و مافی نابەرامبەری نێوان ئەم دوو گرووپە بوو. فێمینیستەکان لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئەم نایەکسانییە بە فەرمی‌بناسێنن و چارەسەری بۆ بدۆزنەوە. جان ستوارت میل، فەیلەسووفی بەناوبانگی ئینگلیزی، لە پێکهاتن و بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. وردە وردە، کە پێ دەنێینە سەدەی بیستەمەوە، بزووتنەوەی فێمێنیستی چی­تر لە بواری کۆمەڵایەتی و سیاسیدا قەتیس نامێنێ و ڕەنگ و بۆی فەلسەفی بە خۆوە دەگرێ. بە پێی وانەکانی فێمینیسمی‌فەلسەفی، ڕوانینی پیاوانە بۆ جیهان و تێگەیشتنی پیاوانە لە بوون، نەریتی فەلسەفیی ئێمەی تەنیوە؛ بە جۆرێک کە لەم ناوەدا پێگەیەک بۆ ژنان لە بەر چاو نەگیراوە. کەوابوو بۆ ئەوەی تێگەیشتنێکی پەتی و گشتگیر لە بوون دەستەبەر ببێ، ژنانیش دەبێ بەشدار بن و تێگەیشتنی خۆیان لە واقع، زمان، واتا، ئاگایی، ڕاستی و… بخەنە بەر دیدی ئەوانی­تر. هەر لەم بارەوە، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا قسە لە ڕوانینی ئەخلاقیی ژنانە و ئەزموونی ئەخلاقیی ژنانە دێتە گۆڕێ. لە نیوەی دووهەمی‌سەدەی بیستەم و دوابەدوای باسە ئەزموونی-دەروونناسانەکانی کولبێرگ و گیلیگان، ئەخلاقی فێمینیستی لە بواری ئەخلاقی باودا سەری هەڵدا. بە پێی بۆچوونی فەیلەسووفانی فێمینیست، ئەوەی تا ئێستا پەرەی بە پەیوەندییە ئەخلاقیەکانی ناو کۆمەڵگا مرۆییەکان داوە، گوتاری پیاوانە بووە؛ لە کاتێکدا بۆ ئەوەی پێشهاتی گونجاو و گشتگیر لەو شتەی بە ئاسمانی ئەخلاقدا گوزەر دەکا، بدرێتە دەست، دەبێ گوتاری ژنانەش لە بەر چاو بگیرێ. گوتاری ژنانە، ڕوانینێکی ژنانە بۆ پەیوەندییە ئەخلاقییەکان دەخوازێ کە تا ئێستا حیسابی بۆ نەکراوە. بە پێی بۆچوونی گیلیگان، گوتاری پیاوانە لەسەر چەمکی دادپەروەری بەندە، لە کاتێکدا گوتاری ژنانە پشت بە چەمکی چاودێری دەبەستێ. مەبەست لە گوتاری دادتەوەر ئەوەیە کە لەم تێڕوانینەدا چەمکی دادپەروەری ناوەندە و بایەخ و وانەکانی­تر دەکەونە بەر تیشکی ئەم چەمکە. لە لایەکی­ترەوە، گوتاری چاودێرتەوەر بەو واتایەیە کە بکەری ئەخلاقی، لە ڕێکخستنی تێکەڵی و پەیوەندییە ئەخلاقییەکاندا فرەتر لەوەی کە سەرقاڵی کردەوەگەلێک وەک دادپەروەری و ئازادی بێ، لە هەوڵی پاراستن و ڕاگرتنی پەیوەندیە تاکەکەسیەکانی خۆی لەگەڵ ئەوانی­تر و چاودرێریاندایە. لە هەمان کاتدا، لە بیرمان نەچێ کە گیلیگان، لە کتێبی بە دەنگێکی جیاوازدا ئەنگوستی ئاماژە بۆ جیاوازیی نێوان گوتاری ئەخلاقیی پیاوانە و گوتاری ئەخلاقیی ژنانە ڕادەدێرێ، باس لە دەسەڵاتی یەکیان بەسەر ئەوی دیکەدا ناکا، بەڵکوو پەردە لەسەر جیاوازیی نێوان ئەم دوو جۆرە لە گوتاری ئەخلاقی لادەدا. بە پێی توێژینەوە ئەزموونییەکانی گیلیگان، فەیلەسووفە فێمینیستەکان جەخت دەکەنە سەر ئەو خاڵە کە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییە ئەخلاقییەکان بە شێوەی گونجاو و هەمەلایەنە، تایبەتمەندیی «چاودێری»ش دەبێ لە بکەرانی ئەخلاقیدا جێ بخرێ؛ بەم جۆرەیە کە لە ئامانجی بەرزی ئەخلاقی نزیک دەبینەوە. وا دیارە جیاکاریی نێوان گوتاری ئەخلاقیی دادتەوەری پیاوانە و گوتاری ئەخلاقیی چاودێرتەوەری ژنانە بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لە «سەبارەت بە ئیلی»دا پێشان دراوە.

لە بەشێک لە فیلمەکەدا، پەیمان (پەیمان مەعادی) بۆ ڕزگارکردنی گیانی منداڵەکەی، خێرا خۆی دەخاتە ناو دەریاوە و پاش تێپەڕاندنی چەند ساتەوەختی دژوار و دڵتەزێن، منداڵەکەی ڕزگار دەکا. دواتر هەمووان نیگەرانی ئیلی دەبن و پێیان وایە لە دەریادا نوقم بووە. لە کاتێکدا پەیمان هەوڵ دەدا بە‌هاوسەرەکەی بسەلمێنێ کە ئیلی، بە گومانی ئەو، بە بۆنەی ڕزگار کردنی گیانی منداڵەکەیان لە دەریادا نوقم بووە، شوهرە (مریلا زارعی)،‌هاوسەری پەیمان، نیگەرانی منداڵەکەی و سڵامەتیەتی و پتر لەمانە، لەوە ناڕەحەتە کە بۆچی لە نوقم بوونی ئیلی­دا منداڵەکەی ئەو بە تاوانبار دەزانن. بەڵام پەیمان زیاتر پەرۆشی بارودۆخی ئیلی­یە و ڕەنگە هەر بۆ ئەم مەبەستەیە لەگەڵ کوڕەکەی خراپ دەجووڵێتەوە؛ بۆ ئەوەی نیشان بدا کە نیگەرانی ئەوانی­ترە.

درباره-الی-از-نگاه-منتقد-نیویورکتایمز-3

سەرەڕای ئەمە، دواتر کە ئەم گەنجانە دەزگیرانی ئیلی، عەلیڕەزا (سابیر ئەبەر) لە کۆتایی فیلمەکەدا دەبینن، سپێدە زیاتر نیگەرانی ئیلی و ئەو وێنەیەیە کە لەمەولا لە زەینی بنەماڵەی سپێدە و‌هاوڕێکانی­دا دەمێنیەتەوە. وای پێ باشە ڕاستی ئاشکرا نەبێ، بەڵام ئیلی لە دەست نەچێ؛ لە کاتێکدا ئەمیر (مانی حەقیقی)،‌هاوسەری سپێدە، هەروەها پەیمان و مەنوچێهر (ئەحمەد مێهران­فەر) لەم خاڵەدا‌هاوبیروڕان کە لە باری ئەخلاقییەوە، عەلیڕەزا حەقی خۆیەتی لە ڕووداوەکە ئاگادار بکرێتەوە و بزانێ کە بەڕاستی ئیلی خۆشی دەویست یا نا؛ بە سپێدەی وتبوو کە دەستگیرانێکی هەیە بە ناوی عەلیڕەزا یا نا. ئەمیر و پەیمان و مەنوچێهر و ئەحمەد لە پێناو گەیشتن بە حەقیقەت، تا جێیەک دەڕۆنە پێشێ کە لەگەڵ عەلیڕەزا بە کێشە دێن و ئەمیر بە توندی لەگەڵ سپێدە دەجووڵێتەوە. بەڵام وا دیارە سپێدە زیاتر بیر لە ئیلی و ئاوڕووی و ئەو وێنەیە دەکاتەوە کە خەڵک لەو لە زەینیاندا هەیانە. هەر بۆیە وای پێ باشە لەگەڵ عەلیڕەزا و بنەماڵەکەی درۆ بکا تا ئەوەی کە ڕاستی بدرکێنێ. ئەوەی کە سپێدە لە ڕووی ئەخلاقییەوە دەبوو درۆ بکا یا نا، بابەتێکە کە دەکرێ بە شێوەی سەربەخۆ باسی بکەین. مەبەستی ئێستای من تێگەیشتنە لە بارودۆخی سپێدە و پەیوەندیی ئەو لەگەڵ ئیلی و ڕوانین بۆ ئەو شێوازە ئەخلاقییە، بە لەبەرچاوگرتنی چەمکی چاودێری و وانەکانی ئەخلاقی چاودێرتەوەر؛ نە حەتمەن دەرکردنی بڕیارێکی ئەخلاقی و پەژراندن یا ڕەد کردنەوەی کاری سپێدە. لە هەمان کاتدا خاڵێک کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە بینەر نە بە ناچار سپێدە و شوهرە بە تاوانبار دەزانێ، نە ئەمیر و پەیمان و مەنوچێهر. لە هەمان کاتدا، تا ڕادەیەکیش لەگەڵ عەلیڕەزا‌هاودڵە و ئەمە ڕەنگە زیاتر نیشاندەری جیاوازیی بەستێنی ئەخلاقیی مرۆڤەکان بێ و ئەنگوستی ئاماژە بەرەو ئەو خاڵە کە گوتاری ئەخلاقیی ژنانە تەواوکەری گوتاری ئەخلاقیی پیاوانەیە و بۆ دەرکردنی بڕیاری گونجاوی ئەخلاقی ڕێگەی دەرچوون لە هیچ کامیان نیە.

٤ هەڵسەنگاندنی پەیوەندیی نێوان ئەو گەنجانە لەگەڵ یەکتری پێش و پاش ون بوونی ئیلی، جێی تێڕامانە. پێش ڕووداوەکە، پەیوەندیی دۆستانەیان هەیە و گەرمن پێکەوە. کاتی یاریی پانتۆمیم و خواردنی نانی شەوێ، بۆ نموونە، جێی ئاماژەن. بەڵام پاش ون بوونی ئیلی و بەرپابوونی دۆخی تەنگەتاوی و سەرلێشێواوی، هەندێک لە یاسا و ڕێساکان وە لا دەنرێن. ژن و شوو پێک هەڵدەپڕژێن (سپێدە و ئەمیر، شوهرە و پەیمان) و پێبەندایەتییە کۆمەڵایەتییەکان و شەرم و حەیا کەم تا زۆر پشت گوێ دەخرێن. وا دیارە زۆربەی مرۆڤەکان (نە هەموویان) لە درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ یەکتری یاسا و ڕێسا و پێبەندایەتی ڕەچاو دەکەن. کاتێک بارودۆخی ئاسایی گۆڕانی بەسەردا دێ، پەردەکان لا دەردرێن و ئەوەی لە هەناوی مرۆڤەکاندا هێلانەی کردووە، دەخرێتە بەر تیشکی هەتاو؛ ئەو شتە دەروونیانەی لەوانەیە نە بۆ خۆیان و نە بۆ دەوروبەریەکانیشیان خۆش نەبێ. ئاشکرا بوونی ئەم حاڵەتە تاکەکەسییانە مۆری قەبووڵی دەدا لە لاوازی و ترسی مرۆڤ لە هەمبەر دیاردەکانی بەر دەم لە ژیاندا؛ چ ڕووداوێکی سرووشتی وەک نوقم بوونی کەسێک لە دەریادا و بێ دەسەڵاتیی مرۆڤ لە هەمبەر گەورەیی و سامی‌دەریا، چ ڕووداوێکی مرۆیی وەک گومانی کەسێک لەوەی ئایا خۆشەویستەکەی کەسێکی­تریشی خۆش دەوێ یا نا. ئەوەی خوویایە، لاوازی و کەموکووڕیە تاهەتاییەکانی بوونەوەرێکە کە لەسەر ئەم گۆی زەویە دەژی. ئەو کەموکووڕیانەی زۆربەی کاتەکان و لە دۆخی ئاساییدا شاراوەن، بەڵام جاربەجارێ سەر دەردێنن و خۆ دەردەخەن؛ هەرچەند بە هۆی ئەو بەرگی یاسا و ڕێسایانەی لە خۆمان و خەڵکانی­ترمان ئاڵاندووە، زۆر جاران بەر چاو نایەن. بوونەوەرێکی ئەوەندە کەم دەسەڵات و بەو ڕێژەیە لە لاوازی دەبێ بە شێوەیەکی درووست بناسرێ و باری زیادی نەخرێتە سەر ئەستۆی و چاوەڕوانییەکان لێی، کەم بکرێنەوە.

نووسینی: س.د‌‌ه‌باغ، سەرچاوە: روزنامه اعتماد، ضمیمه روزانه، شهریورماه ۱۳۸۸

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

2 × 1 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..