چهارشنبه , ۲ آبان ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / ڕۆکسالانا ئاناستاسیا لیسوفسکا/توانا ئەمین 

ڕۆکسالانا ئاناستاسیا لیسوفسکا/توانا ئەمین 

 

ڕۆکسالانا ئاناستاسیا لیسوفسکا

تەوراتی ئەولیا بە خەتی ڕەیحانی

سفری دروستبوون

ماوەیەک بوو بیرم لە دروستکردنی حیکایەتێک دەکردەوە، کە پاڵەوانەکەی بە دەست بێقەراریی ناو بێخەوییەکی کوشندەوە دەناڵێنێت. کاراکتەرەکەم هەرگیز دروست نەکرد، ئەو چانسەی بێتە ژیانێک لە دەرەوەی ویستی خۆی؛ نازانم بڵێم بە خۆشحاڵییەوە یان بە داخەوە؛ لێسەندەوە. ئایدیاکەم وەک بیرۆکەی دروستکردنی ئەو بوونەوەرە وابوو کە خودایەک، جارێک، تەنیا یەک جار بە زەینیدا دێت بیخولقێنێت و نایکات، ئاوا ڕاگوزەر و خێرا خەیاڵەکەم؛ کە شتێک بوو وەک تەمی‌ناسکی جێماوی حیکایەتێکی کۆن لە سەرمدا،‌هات و ڕۆیشت…

دەمویست تەدارەکی کارەکە وا ڕێک بخەم، کە خوێنەرەکەی ببێت بە بەشێک لە حیکایەتەکە، لە من و کەسێکی تر؛ هەر کەسێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان و بەڕێکەوت لە وڵاتێکی دوور و تەریک و لە کتێبخانەیەکی چەپەکدا ئەم چیرۆکە بخوێنێتەوە و خۆی لێ ببێت بە وێژەرەکەی، بە پاژێک لەو دێڕە خواروخێچانەی لە بەردەستیدایە… چیرۆکی ناو خەیاڵدانی بێباکی من، تەنیا بە نووسین بە پایان نەدەگەیشت و ئەوە تەنیا نووسراوی دنیا بوو، کە ئاتاجی خوێندنەوەی بە کەس نەبوو.

من مژۆڵی ناو گیرۆدەیی لۆچاولۆچی خۆم بووم و خەریک بوو لە دەرگا دارینەی قاوەخانە چکۆلانەکەی شەقامی‌(سۆدێرباری) دەچوومە دەرەوە، کە کچێکی ئاڵی موو کایی، بە دەنگێکی شەهوانی، کە وات دەزانی لە دڵێکی تەنگەوە دێتە دەرێ،‌هاواری لێکردم: “!Ursäkta (بێزەحمەت.!)” بروسکەیەکی گەرم بە سەرمدا‌هات و سارد سارد لە سەری پەنجەکانمەوە دەرچوو… کچەکە لە بەردەممدایە، کتێبێکی بەرگ چەرمینی کۆنی پێیە و دەڵێت کە لەسەر مێزەکەی من جێماوە! کتێبەکە لەو پەڕاوە کۆنانە بوو، کە هێزێکی موگناتیسیی گەورەیان هەیە و بە جۆرێ سەرنجی وڕ و تاساوی بونیام ڕادەکێشێت، کە ناتوانی حاشا لە خاوەندارێتی بکەیت. من پاش ئەو ڕووداوانە و دوای ساڵەهای ساڵ لە دۆزینەوەی نهێنییەک، هێشتا بۆم ڕوون نییە ئەو ئێوارەیە؛ _کە ئێستا ناوی دەنێم (ئێوارەی فریو)_ کتێبەکە خۆی، یان ئەوەی بە دەست کچێکی کاڵی قەشەنگەوە بووە، تەلیسم و کەمەندکێشی ناو ئەم کاغەزە زەردانەی کردووم، کە هێشتا دەرچوون لێیان وەک ئەمەلی ئاوە لە سەرابستان.

یەکەم جار کە شەیتانم لەو کافێیەدا لە (ستۆکهۆڵم) بینی؛ ئەو لە بەدلەیەکی کاڵی کارکردن و من لە قەرقەشەیەکی ڕۆحیی گەورەدا بووم. ئەو ڕۆژانە لەگەڵ ژنی‌هاوڕێکەمدا لە ئاریشەی لەباربردنی سکەکەیدا تێدامابووین، کە وا بەو پاییزە ساردە و وەک کۆرپەیەکی جێ بەخۆنەگرتوو؛ هێکراهێکرا لەقەی لە سکی ڕووتی دایکی دەدا و بە ڕێکەوتێکی ناخۆش لە من پڕ ببوو!

ئاهـ… ئێمە ئەو ڕۆژانە خەراپ گیرمان خوارد بوو… شەیتان لەو دیدارە کتوپڕ و بێژوانەدا کوڕێکی چاوبادامی‌گەنج بوو، هەرچەند یادەوەریی خۆمم دەگوشی، بێ ئەوەی بیناسمەوە، سیمایم لەبەرچاو غەریب نەبوو؛ شێوەی لە ئەکتەرێکی فرەنسی دەچوو کە ئێستا ناوەکەیم بیر چۆ‌تەوە… شتێک لەودا هەبوو کە هەر کەسێکمان بیدیبا، هەستمان دەکرد پێشتر لە کات و جێگه‌یەکی تردا بە خزمەت ئەم دەموچاوە گەیشتووین.

داهێزران و نیگەرانییەک لە چاویدا بوو، کە هی زۆرنووستن بوو، خۆی وتی: “من یەکەم جار بە باری تەعالام وت ئەم هەموو نازە مەیە بە ئینسان، ئەم ماخۆلانە بچووکە ناسرەوێت، دەست بۆ هەموو دونیا دەبات؛ ئەوانەی وا هی خۆین و ئەوانەی هی ئێمەیشن، شتەکان وا تێکەڵ دەکات، من و ڕەبولعالەمینیش سەرمان لێی دەرناچێت”. ئەوەی لە شەیتاندا دەیترساندم؛ ئەو ‌قسەکردنە جوانەی بوو بە کوردیی زاراوەی سۆرانی. من هەمیشە لەو کەسانە ترساوم، کە بە هەموو زاراوەکانی زمانێک بە پێرفێکتی دەدوێن و ئەوەم وەک جۆرێک لە حەربایی سەیر کردووە. وەک ئەوەی زۆر لە خۆی بکات بە خاووخلیچکییەکەوە کە دەمی‌بۆ لەیەک هەڵنەدەپچڕا، وتی: “هاوڕێکانت ڕۆژانە لە تخوبی مندا ئیشەکانی خۆیان دەکەن… ڕۆژگاری من تەواو بووە، گوزەشتم، مامۆستا بەسەرچووم… من یەک ئیشم هەیە؛ ئیتر دەبێ بنووم!”. ئەوەتا من سەرم لەم دیالێکتە تێکەڵەی سووڕ ماوە، بەڵام خوێنەری خۆشەویست دەبێت پێت بڵێم (نووستن) پڵۆتی ئەم چیرۆکە نییە و خەیاڵێشت ئاسوودە بێ، من و تۆ ئیتر تا کۆتایی شەیتان نابینینەوە.

 

 

سفری دەرچوون

((بەناوی خوای گەورە و مەزن

من کە بەندەیەکی بچووک و بێ نرخ ئەولیا ناوم و قەزدی سەفەر و گەڕانی دنیام هەیە، بەیارمەت خوا یەکەم ڕۆژی مانگی جیمادی یەکەمی‌ساڵی ١٠٦٥ شاری ئۆسکۆدارم بەجێهێشت و بەدوای مەلیک احمەد پاشادا، ڕووم کردە ئەلایەتی وان. ئەمەش بەسەرهاتی ئەو گەشتەیە:))

٣٥٤ ساڵ لەمەوبەر، ئەولیا چەلەبی لەم بەرگەی (سیاحەتنامە)کەیدا، کە ئێستا وا لە بەردەستاندا و وەک دیارییەک لە دوژمنی خوداوە گەیشتووه‌تە من، لە فەسڵی (اشباح في مرآة)دا باسی حەکیمێکی سەیر دەکات، کە شەوێکی سارد و تاریک لە ناوچەیەکی کوێستانی، لە دامێنی زنجیرە چیایەکی زنار و گردەڵە، لە باکوری خۆرئاوای (ورمێ)، لە ڕەشەبایەکدا چاوی پێی کەوتوە. حەکیمەکە لەگەڵ کاروانێکدا بووە، کە یاقووت و یەتیمی‌لاچینیان بە سەفەرێکی تولانی و تاقەتپڕوکێندا لە (سەرنەدیبە)وە بردووە بۆ (بولغارستان). ئەولیا لە وەسفی ئەو حەکیمە غەریبەدا دەڵێ: ((لەپێشچاوم هەم ئاشنا بوو، هەم ئەغیار، مووکاڵێکی میانەساڵی نەحیف بوو، هەموو عەردی خوای تەقاوتەق دابوو.

بەحاڵێ دنیادیدە بوو؛ بونیام سەری دەهاتە خوروو)) ئەوانەی ئەم بەشەیان لە سیاحەتنامەسیدا خوێندووه‌تەوە و بە خزمەت چەلەبی خۆی گەیشتوون، دەڵێن؛ کتومت ئەوە وەسفی ئەولیایە بۆ خۆی!

سەفەرنامەکەی چەلەبی کە وا بە دەستی منەوەیە و تۆیش دەیبینی، نومرەی قەبووڵی لە قەرائەتخانەی تۆپقاپی لە (ئیستانبوڵ) وەرگرتووە. بە خەتێکی باریک، بەڵام درشت نووسراوە، من لە فەرهەنگە گەورەکەی خەتدا کە (شەمسەدینی سامی) نووسیویەتی، دیتم ئەمە خەتێکی فارسی_عەرەبی قەدیمە و لەبەر ئەوەی ئەلیفەکانی درێژ و کۆتایی پیتە خوارەکانی تەنک و تیژە، بە ناوی ڕووەکێکی بۆنخۆشەوە ناو نراوە… لە حاشییەدا چەلەبی نووسیویەتی:

((وەلەو ئەسرارە لاکین نەکا لە یەومی‌پسڵانا لەبەردەم خوای خۆم رووسیاهـ بم باید حەقیقەتی پشتی سەفەرەکەم کە تەعبیرە لە کەشفی ئەعشابێکی شیفاهـ بۆ لەبارخستنی سکی (خەدیم)ی ژنە بچووکی سوڵتان (سەلیم خان) کە بە فیتی شەیتان لە (مەلیک احمەد پاشا) پر بوە بۆ پەیدۆز و خۆنەوارانی دواڕۆژ سەجل بکەم)).

من دوای ماوەیەکی زۆر سۆراخ کردن، بە ڕێکەوت لە گەڕان بەدوای واژەکانی تری خیانەتدا؛ لە فەرهەنگی (بورهانی قاتیع)دا، ئەو سەرەداوەم کەوتە دەست؛ کە ئەم کتێبە بۆ بۆنی ڕەیحانەی لێدێت؟

 

 

سفری ئەولیا

لێرەدا و وەکو خۆی _تەنها ڕێنووسەکەی دەگۆڕم_ یەکێک لە گفتوگۆ قووڵەکانی ناو کتێبەکەی بەردەستم دەنووسمەوە، کە حەکیم و چەلەبی شەوێک لە بارەی ڕۆحەوە لە گوندی (گویزەل سو)ی نزیک ورمێ، لە سەرسنووری مەملەکەتی فارسدا کردوویانە و وا بزانم ئەولیا ویستویەتی لەسەر ئیزنی حەکیمە نەناسەکە، گیایەکی لەباربردن بۆ ژنی سوڵتان؛ کە بە خیانەتێکی قورس لە نزیکترین‌هاوڕێی خۆی پڕ بووە، دەست بخات:

((جەنابی حەکیم… کە پیاو نوتفەیەک دەخاتە لەشی ژنێکەوە وەکو ئەوە وایە تۆوێک بخاتە ناوعەردەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوی بدات، تا ئەم تۆوە سەوز ئەبێت و پەل دەکوتێت و دێتە دەرەوە و ئەبێت بە درەخت، بەڵام هەروەک چۆن تۆوەکە درەخت نییە، ئاوهاش نوتفە ئینسان نییە))

((درەختەکە خۆی تۆوەکەیە بەڵام لە حاڵوبارێکی ترا، عەرزت بکەم لە هەوایەکی ترا، ئەوەی ئەسڵە تۆوەکەیە نەک دارەکە، نوتفەش هەم تۆو و هەم گەوهەری ئینسانە لە پاکترین و شیاوترین باردا))

((حەکیمی‌نەناسی بەختی من… مەسەلەکە بۆ مناڵی زۆڵ فەرقی هەیە، ئەمە بۆ سەرزەمین عبوری غەزەبە.

وا لەدایکبوو بە شەش پەلەوە، وا خوا ویستی ئەو دوو زیناکارە بە جەزای تولفێکی نوقسان بدات، شتێک بێتە دەرەوە وەکو عیبرەت. وا ئینسانێکی جیاوازمان لە ئینجازی ئەم خیانەتە بینی))

((ئەولیا… ئەرخەیانبە، تەبیعەت ئەوەنەی پێی کراوە لە غەدری بەشەردا درێغی نەکردووە، لە جنوبی شەرقیەوە تا شیمالی غەرب، بە فەرقێکی کەمی‌سوڕەت و کاوکاوێ قەوقیافەمان، هەموومان تەشابیهین… تۆ ئەفەرمووی ئینسانی جیاواز! ئینسانی جیاواز کوا؟ کەسێک لە قوڕتوبە و من لە خۆراسان و بەندەیەکی خوا لە چین‌وماچین وەکو یەک واین… هەرسێکمان دوو دەست و دوو قاچ و یەک سەرمان هەیە، هەندەسەی ئەعزای بەدەنمان کتومتە… کەی تەفاوتی مابەینی دوو بەشەر وەکو فەرقی نێوان خەرگوش و زەرافەیە؟

لە کاری ئیلاهی سەرم ئەسوڕمێ، سەدەها چەشنی پەڕەندەی هەڵداشتۆتە ئەو عاسمانە، کەچی ئەم حەشاماتە ئەحسەن تەقویمەی خۆی کە ئیسمی‌لێناوە بەشەر، لەسەر ئەم عەردە خڕە، بەیەک نەوع خەلق کردوە! لاکین دەر مەوزوع نوتفە گەوهەرە، مەعدەنێکە کە ژەنگی ژیان نەیگرتووە، ئەینا برای ئەلعان و قیامەتم، ئینسانی جیاواز کامەیە؟))

((جەنابی حەکیم… ئەگەر ئەو گەوهەرەی جەنابت دەفەرمووی، ڕۆژێک تەشریفی هێنایە ئەم دنیایەوە و سەیرمان کرد؛ زاڵمە، بینیمان خوێنخۆرە، تماشامان کرد؛ گورگێکە لە خۆیدا و وەعشییەکە بۆ ئەو ئەهلە، ئێمە لەم سەرەوە بۆ ئەو دڕندەیەی موستەقبەل پەت نەکەین؟ بۆ بییەڵین بێت؟ ئاخر پیاو بڕی فامی‌هەبێ، ئەم ئاگرە بۆ لەماڵی خۆی بەردا؟))

((ئەولیا بەگ… ئەویان لە عیلمی‌بچووک و ناچیزی ئینساندا نییە، پیاوی ژیر ئەگەر و مەگەر ناهێنێتە جەڕ و بەحسێکەوە کە خۆی دەستی تیای نییە، لاکین…))

((حەکیم ئاغا… هەموو شتێ بڵێ و بەس مەفەرموو ئەمە لەدەست خودایایە، ڕجا ئەکەم ئینسان لەم زووڵمە کەبیرەی کە هەروا خەریکە لە خۆی دەکات، بێ بەری مەکە!))

((ئەفەندی… ئەمە پێی دەڵێن ئیزهاری نەزەر! ئەولیا… تۆ پیاوی خوای، نامومکینە زاتی ئیلاهی لەم جەڕ و بەحسە بکەینە دەرەوە، دروستە پێشتر قەرارەکە لە دەست ئینساندایە، بەڵام کە ئابی حەیات کەفتە ڕەحمی‌مادەرەوە، ئیشەکە نقڵی بەردەم تەعالا ئەبێ… خوا خۆی زاهیر و باتینە، پێی خۆش نییە ئەم بەندە بچووکە دەستبخاتە ئیشییەوە، وە ئەما بەعد با مناڵەکە تەشریف بفەرموێ؛ چوزانین نابێ بە نوور بۆ ئەهل، وا ناکات بڕێ ئازاری بەنی ئادەم کەمتر بێ، نابێ بە بەرەکەتێ کە پێچێک لەم حەیاتە توندەی ئینسان شل بکاتەوە… چۆن تولفێک دەکوژیت کە عیلمت لە حانیا سفرە، ئەوە بەشەرعی خوا قەتڵی نەفسە و بەشەرعی خەڵکیش عەمدە))

((بێ قەزابی حەکیم… ئەو تۆپەڵە خوێنەی ناو سکی لەیلەدۆنەیەکی بەکەڵی میسلی خەدیم، ئینسان نییە، عەقڵ و شعووری نییە، چۆن فڕێیان و لەکۆڵخۆکردنەوەی دەبێتە قەتڵ؟))

((مادام واتان فەرموو، ئەبێ ڕوخسەت بفەرمووی سوئالێک لە خزمەتاندا عەرز بکەم: کە ئایا بەنی ئادەم، کەسێکە عەقڵ و شعوری هەبێ؟ ئەی ئەوەی نەیبوو، یان ئێمە وامانزانی نیەتی، یان هێشتا پێنەگەشتبوو، لەدەره‌وەی جنسی بەشەرە؟ پیاوی خوا! کەرامەتی ئینسان ئەوکاتە دروست نابێ کە پەلەکانی دروست دەبن… من کە ئەم دەستکردە جوانەی خوا دەبینم چاوم پڕ دەبێ لە ئاو… من ئینسانم خۆشئەوێ و ئیمانم پێیەتی لە عانێکدا نەخەمڵیووە و لە زەمەنێکا گەشە دەکا و لە کاتێکا تەواو دەبێ)).

((جەنابی حەکیم… بە هەوای ئەم شاخە ساردەی هەردووکمان بە ڕێبواری ڕێمان تێیکەوتووە، منیش ئینسانم خۆشئەوێ، هەربۆیە ئەم سەفەرە تووشەم بۆ خستۆتە بەر خۆم… بەڵام دنیاگەڕی گەورە، نوتفە لەم مەرحەلەیەدا ئینسان نییە))

((ئەولیا… وردە وردە بەرچاوم ڕوون دەبێتەوە کە هەرشتێ ئینسان نەبوو؛ تۆ قەتڵی بە موجاز دەزانی!))

((………، ………………………، …………….. ))

((…………………..، ……………؟))

((…………..!))

 

 

 

سفری ڕەش

من کە ناچار بووم هەموو مێژووی عوسمانییەکان، لە بیرۆکە سەرەتاییەکەی خواجە ئەحمەدی یەسەویەوە و بە عوسمانی کوڕی ئورتۆغڵدا تا عەبدولمەجیدی دووەم بۆ تێگەیشتن و سەرلێدەرکردنی ئەم نهێنییە چەندین جار بخوێنمەوە… هەمیشە و لە چەند شوێنی جیاوازدا دەکەوتم بەسەر ئەو ڕووداوە نادیارەدا کە مێژوونووسان ناویان نابوو: (گرێکوێرەی ئیمپراتۆر).

 گرێکە گوزارشت بوو؛ لە ڕق لێهەڵگرتنێکی لەناکاوی سوڵتان سەلیمخانی کوڕی سوڵتان سولەیمانی قانوونی، لە نزیکترین برادەری خۆی بە ناوی مەلیک ئەحمەد پاشا، کە بە ڕێکەوتێکی باوەڕنەکردە لە شمشێری سووری جەلادی دیوانی (هۆمایۆن) لە ئیستانبوڵ فریادی دەبێت و سەڵتەنەت لە سەدری ئەعزەمی‌دەخات و دووری دەخاتەوە بۆ ویلایەتی (وان).

لە گەڕانمدا لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات جارێک وەک کۆچبەرێکی تاراو و جارێک وەک چیرۆکنووسێک، توانیم بگەمە شوناسی ڕاستەقینەی خەدیمی‌سوڵتان؛ لە مۆزەی مێژوویی (سۆفیا)دا و لە دۆکومێنتێکی زەرد و پواودا کە باڵوێزی ڕووس لە (کوشتاندینا)وە ناردوویەتی، نووسراوە؛

((خەدیم لە ڕاستیدا کیژی کەشیشێکی ئارتودۆکسی ئۆکراینیە و ناوی ڕۆکسالانا ئاناستاسیا لیسوفسکایە و لە شەڕی خاچپەرستەکاندا وەک غەنیمە لە گوندێکی بچووکی سەرسنووری مۆڵداڤیا دەگیرێت و لەبەر جوانی و چاوکەژاڵییەکەی هەر زوو دەگاتە حەرمسەرای سوڵتان)).

بەوەشدا ماهی دەوران؛ (گوڵبەهارخان)ی ژنە گەورەی سوڵتان ئیرەیی پێدەبا و لە غەمی‌قورسیی پایەکەی خۆی و مەترسیی داگیرنەکردنی مێردەکەی، دەکەوێتە شەڕێکەوە لەگەڵیدا، کە بەسەرکەوتنی کچە کریستیانەکە و شکانی خۆی و دوورخستنەوەی بۆ شاری (پورسا) لەسەر دەریای ڕەش، کۆتایی پێدێت.

 

 

سفری خیانەت

شەوێک لە گفتوگۆیەکی دوو قۆڵیدا لەگەڵ گەڕیدە و تاقە مێژوونووسی ئیمپراتۆر، لە باخەکانی میر عەبداڵخاندا لە بەدلیس، مەلیک دەفەرمووێت: ((خیانەت بۆنی هەیە و بۆنەکەی شتێکی فێنکە وەک بۆنی ڕەیحانە)). ئەولیا زۆری دەبا، تا شتێکی زیاتر لە نهێنییەکەی ئەو و ڕۆکسالانا چنگ بخات…

ئەحمەد پاشا لەژێر کاریگەریی قورسی شەرابی شیری مایندا و لە وەڵامی‌پرسیارێکی زۆرزانانەی چەلەبیدا کە ئایا: ((خیانەت، بە خسوس بۆ عالی مەقامان شتێکی دروستە یان نا؟)) مەلیک هەناسەیەک هەڵدەکێشێت، کە ئاهی ڕۆژگارانی زووی لێ دێتە دەرێ و وا جواب دەداتەوە کە خیانەت: ((قەرارێکی ڕاستە، ئەمما لە وەقتێکی غەڵەتدا)).

 

سفری ڕۆح

ئەو کتێبەی شەیتان لەسەر مێزی کافێیەک لە شەقامی‌سۆدێرباری لە ستۆکهۆڵم بۆ منی جێ هێشتبوو، جۆرێکە لە جادوو، جادوویەکی ڕەش… هەموو جارێک لاپەڕەکانی دەگۆڕێن، بەوەدا ژمارەیان لەسەر نییە، دۆزینەوەی چیرۆکێک تێیدا زۆر دژوارە… چەلەبی لەم کتێبەی شەیتاندا سەعات و بەرواری ڕووداوەکانی بە شێوەیەکی تەمومژاوی و قژقژ نووسیوەتەوە، بە شێوەیەکی ئاڵۆز شەوڕۆژی دابەش کردوە بەسەر ١٠٠ سەعاتدا و هەر سەعاتێکی بە ١٤ دەقیقە و نزیکەی٤٠ چرکە مەزەندە کردوە. لەم کتێبەدا پاراگرافەکان جێگە دەگۆڕن و جاری وا هەیە لە ناوەڕاستی بەسەرهاتی گەشتێکدا دەوەستێ و بەدوایدا چەند لاپەڕەیەکی سپی دێت، وەک ئەوەی نووسەرەکەی بخوازێت چیرۆکەکە بە کەسێکی تر تەواو بکات! نازانم بۆ پاش ئەو دیدارە کورت و لەپڕە؛ وا هەست دەکەم شەیتان بیەوێت بە ستراتیژی خۆیدا بچێتەوە و ئەم جارە وەک دوژمن نــا، بەڕاستی وەکو دۆستێک‌هاوڕێیەتیی ئینسان بکات!

ئەولیا لە زاری شەیتانەوە نووسیویەتی: ((ئایا خالیق ڕێگە دەدات بەم کاریسەیە و لە زدی خۆی لوعبەکە نیهایەت بێ و ئیتر هەمووان تەجرەبەی نەوعێکی تر لە حەیات بکەن… حەیاتێکی موتەهەر کە نە ئەوی تێدابێت و نە من؟)).

 تیۆری ژیانی خاوێن؛ ژیانێک بێ خودا و بێ شەیتان بەشێک بوو لەو کونپشکییەی من لە بیرۆکەی هەمیشەیی پشتی کتێبەکەدا هەنووکە دەیخوێنمەوە.

 

سفری خۆشاردنەوە

من ئێستا وا خەریکە ئەم لاپەڕە پەرش و پەڕاگەندانەی لە بەردەستمدان، بە وەستاییەکی چیرۆکنووسانەوە پێکەوە بنووسێنم و لە تەکنیکێکی کۆلاجیدا فێڵێک لە ئێوە بکەم و بێ ئەوەی هەستی پێبکەن، خۆم و ژنی‌هاوڕێکەم؛ یانی تازە دۆستی من، بە سکێکی نۆمانگییەوە لەم دونیا ڕەقەی ڕیاڵەوە بۆ بەهەشتی کاغەز هەڵبێین، سەرزەمینێک کە چاوی کز و کەمتینی ئێوە ناتوانێ بمانبینێ.

بە ئەمانەتیشەوە دەبێ ئەوە بیڵێم کە ئەم دەستنووسە موڵکی من و شەیتانە پێکەوە، ئەوا بە ئاگاداری خۆیان و لەسەر ئیزنی ئێوە، من جارێکی تر ئەم چیرۆکە دەنووسمەوە و ڕەنگە ناوی بنێم؛ تەوراتی ئەولیا بە خەتی ڕەیحانی… کتێبێک؛ کە ئێوارەیەک بە ڕێکەوت لە کافێیەکی چکۆلانەی شەقامی‌سۆدێرباریدا لە ستۆکهۆڵم، نیشانی شەیتانی بدەمەوە، شەیتان؛ ئەو گەنجە چاوبادامییەی لە ئەکتەرێکی فرەنسی دەچێت و ئێستا ناوەکەیم بیرچۆ‌تەوە.

 

 توانا ئه‌مین

 ۲۰۱۲

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دو × 2 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..