دوشنبه , ۲ مهر ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / ڕەخنە لەسەر کتێبە شێعری “من غوربەتم”، لە نووسینی ئارام فەتحی/ئارام پزشکییان

ڕەخنە لەسەر کتێبە شێعری “من غوربەتم”، لە نووسینی ئارام فەتحی/ئارام پزشکییان

“من غوربەتم” دیوارێکە. دیوارێک کە خشتەکانی لە بێتاقتی، دڵتەنگی، بێزاری، وەڕەزبوون، غوربەت و لە هەمووی گرینگتر بابەتی بوون وەک “دازاین”ێکی مارتین‌هایدگری دروست بووە. کاتێک دەڵێین “دازاین”، شێوازی بوونی خۆمانمان مەبەستە. ئێمە هەموو دەڕۆینە نێو وجوودێکەوە کە تایبەتە بە هەستی خٶمانەوە. وا دەکەوێتە بەر چاو کە باسکردن لە ‘دازاین’ واتا لە بارەی خۆمانەوە زۆر ئاسانە، بەڵام ئەم خەیاڵە جگە لە وەهم زیاتر نییە و بە پێچەوانەیشەوە ئەبێت بڵێين کە ئێمە بەردەوام ئەسیری دڵەخۆرپەی تێگەیشتنی خۆمان لە هەڵسووکەوت لەگەڵ بوونەوەرانی‌ترداین کە پێکەوە پێوەندیمان هەیە و لە ڕاستیدا ئەوانن کە دونیای ئێمە دروست دەکەن، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین لەگەڵیاندا زۆر جیاوازین. کەواتە ئینسان لەگەڵ ئەو شتانەی پێوەندی هەیە زۆرتر و زیاتر لە خۆی ئاگایە.

هەموو ئەو شتانەی ناو چیرۆکە‌ شێعری”من غوربەتم” بەرچاو دەکەون جۆرێکە لە ‘دازاین’ کە لە ڕوانینێکی‌هایدگری‌دا دازاین جۆرێکە لە “بوون” کە بابەتگەلێک وەکوو کەس، مردن و هەموو ئەو پارادوکسانەی کە لە پێوەندی لەگەڵ کەسان و شتانی‌تردا دەردەکەون و لە ئاکامدا هەست بە تەنیابوونێک ئەکەین چونکوو تێدەگەین کە ئێمە بوونەوەرێکین کە فڕێ دراوینەتە نێو هەبوون. گێڕەوە لە سەرەتای دەسپێکردنی بۆمانی باس دەکات کە چۆن تووشی ئەم‌هاتنە‌هاتووە -” پێکەوە خەوتنی بە هەڵەی دووکەس”-. دواتر دەست‌دەکات بە پرسیار و گەڕان بە دوای وڵامیاندا. ئەو باس لە دیوارێک دەکات بۆمان، دیوارێک کە خشتەکانی لە چەشنی باوک، دایک، دەسەڵات، نان، سفرەی بچووکی ماڵ کە لە ئاکامدا هەمووی ئەمانە و شتانێکی زۆری تریش دیوارێک درووست دەکەن بە نێوی غوربەت. بگێڕەوە(بێژیار-راوی) گێڕانەوەکەی ئەکاتە دوو بەشی جیاواز؛ یەکەم گێڕانەوەی ئەو کاتەی تووشی غوربەتی جو‌غڕافیایی بووە و لە نیشتمانی دوورە و دووهەمیش نۆستالۆژیایەکی جیاواز کە لە کاتی گەڕانەوەی و لە نیشتمانی خۆیدا تووشی ئەبێت، جۆرێک لە غوربەتەکانی ‘مالۆی سامۆیل بکێت’ کە سەرگەردان و وێڵ بە دوای شتێکدا ئەگەڕێت کە وڵامی‌پرسیارەکانی بێت.

نموونەگەلێکی زۆرمان لە مەنفا لە ئەدەبی جیهان‌دا بووە کە دەسپێکی بە ‘ئۆڤید’ لە سەدەی هەشتەم و لە کتێبی ‘نامەکانی غوربەت’ بووە. ئەگەر ئۆڤید لە نێو نامەکانی‌دا بەخێڵی بە وشەکانی دەبات کە دەڕۆنەوە بۆ نیشتمان و دیداری دەکەن، لێرەدا بگێڕەوەی  “من غوربەتم” هەڵسوکەوتی سووژە ئینسانییە، خەسارەکانی نیشتمانی خۆی باس دەکات، “پێکێکی تر بە یادی ئێستایان، ئەم بەرە و ئەو بەرە، کتێب ڕشاندنەوە و فەلسەفە پژمینی مرۆڤەکان، ماندووبوونی کچ لە کچ‌بوونی و …” و وەهای بەسەر دێت کە دەبێتە کەسێکی تر “من خەریکم کەسێکی تر دەژیم” و لەپاڵ ئەو گشتە هەستی غوربەتەیدا ژیانە بێ کەڵکەکانی نیشتمان ئەکات بە تابلۆیەک و نیشانمانی ئەدات، تابلۆیەک کە لە نێویدا هەزارەها شت دەرئەکەوێت و هەڵیشی ئەواسێت بە دیواری غوربەت‌دا و دواتر تێدەکۆشێت لە ڕێگەی وشەکانییەوە سەرەڕای سەختییەکان قسەی دڵی بگەیەنێتە “یار”. ئەم قسەی دڵە هیچ نییە زیاتر لە غوربەتێک کە لە “شوێن”ێکی غەریبدا تووشی بووە. بۆ نموونەگەلێکی لەم چەشنە بابەتە لە ئەدەبی کلاسیک و‌هاوچەرخی کوردی‌دا دەتوانین ئاماژە بدەینە ئەزموون‌گەلی مەنفای حاجی قادری کۆیی، نالی و هەروەها شێرکۆ بێکەس کە هەرکامەیان بە جۆرێک ڕووبەڕوو و کاردانەوەیان هەمبەر ئەم ئەزموونە بووە. ئەگەر حاجی قادری کۆیی لە مەنفا ئەبێت و هەر لەو دوورەوە وشەکانی ئەدوێن و بانگەشە بۆ ڕۆشن‌بوونەوەی بیری مرۆڤەکان ئەکەن کە لە نیشتمانی خۆیاندا سەربەخۆیی ساز بکەن، لەملاوە شاعیر “ئەگەر وشە  بێت هیچ ناڵێت” و داوا دەکات “با مۆسیقای ئێمە دەس پێبکات” و “با تەنیایی ئەو بڕوا بە عەزەمەتی خۆی”. ئەگەر نالی ئەبێتە قوربان با و خۆڵی شارەزوور و لە لایەکی تریشەوە تووشی نۆستالۆژیایەکی مەزهەبی بووە و ئامۆژگاریی ئەوانی تر دەکات، لێرە و لەم دەقەدا ئەم تووشی مەنفایەکی دەروونییە لە خۆیدا و ئاگایە و “نائومێدە لە نیشتمانێک کە نالی‌یان تەنها لە غەریبی‌دا خۆش ئەوێ” و “ئیتر دڵتەنگی خۆی ئەبێت”. ئەگەر شێرکۆ ئەترسا کە دارستانەکانی مەنفا یەک پەلک خەفەتی نەناسن و ئەترسا کە کورسییەکان حەز نەکەن کە لە سەریاندا دانیشێت و ئیتر ئەهاتەوە لای پاییزە ئازیزانی خۆی لە نیشتمان،  بەڵام لێرەدا شاعیر تەنها بێتاقەتە کە “سەرگەردانە پاییز لە بوونمان و ڕەنجیش لە ورە” و حەسرەت بۆ شتانێکی‌تر  ئەخوات.

سەرەڕای هەموو ئەمانە یەک شت ئەم لە گشت ئەوانی‌تر جیا ئەکاتەوە و ئەویش هیچ نییە جگە لە “تەمەن”. ئەم دەیهەوێت خۆی دەرباز بکات بە گۆڕینی خۆی و بوون بە کردەوەگەرێک. شاعیر لە سەرەتای دەسپێکی پرسیارگەلی گشت سووژە ئینسانییەکان‌دا دەڕواتە سەفەر و لە مەنفادا لە سەرەتاوە لێکدانەوەگەلێکی ڕووکەشییانە ئەکات، بێ‌ ئۆقرە ئەبێت، هەوڵ بۆ فێربوون ئەدات و لە ئاکامیشدا لەم سەفەرە بۆ یەکەمجار خۆی ئەناسێت و دواتر لێکدانەوەکانیشی قووڵ دەبن. لێرەدایە کە ئیتر “خوایە یەکێکمان بمرە” ئەبێتە “من دابڕانی بەردم لە بێدەنگی” و بۆ نموونە “کوێراییم بەرگەی شەقێکی تر ناگرێت” جێی خۆی ئەدات بە “ڕاپەڕین لە مەرگی منەوە دەس پێدەکات”.

بەڵام ئەم مەنفا چییە کە سووژەی “من غوربەتم” تووشی‌هاتووە؟ مەنفایە لە دووربوونی لە نیشتمان؟ غوربەتە لە غەریب‌بوونی لە دونیادا؟ غوربەتە لە ناعەداڵەتییەکان؟ یان غوربەتی بێدەنگی شارە؟ وڵامی‌ئەمانە و هەندێک پرسیاری تریش دەرئەکەون کاتێک کە شاعیر بە ‘زمان’ نوواندنی بابەتی بزربوونی خۆی تا ڕادەیەک دەکات. ئەو بەردەوام ئەبێتە سووژەیەکی ناسین و بەدواگەڕان و ئۆبژەکانی خۆی ئەناسێت. ئەو ئێستە گەڕاوەتەوە و لە شاری خۆیەتی و بەڵام تووشی غوربەتێکی تر. ئەم جۆرە غوربەتەی دووەم ئیتر هۆکاری  ‘شوێن’ و لەوانەیشە ‘ زەمەن’ نەبێت و سووژە بۆ یەکەم جار خۆی دەناسێت. لێرەدا سووژە دەنگ پێچەوانە دەکات و وەک چۆن ژاک دریدا جێگەی بوون و نەبوون دەکاتە نەبوون و بوون، ئەمیش ئەو دەنگی مەنفا کە شاعیرانی پێش لە خۆی وەکوو پێغەمبەرانێک لە ئاسمانەوە ئەیانهاوردە ناو سووژە ئینسانییەکان هەڵدەگێڕێتەوە و لە سەر زەوی حەقیقەتەکانی زەوی بۆ هەموو عالەم و جیهان دەنێڕێت. سووژە خۆی ئەناسێت.  لێرەدا ئیتر “ئارام” ئارام ناگرێت و نایەوێت لە ڕاستییەکان دەربچێت و خۆی لە ئارام بوونی وەهم‌دا ئۆقرە بدات. ئەو ئیتر بۆی دەرئەکەوێت کە غوربەت غوربەتی نیشتمان نییە و بابەتێکی ترە. لێرەدا ئیتر سیستەم دەناسێت، قازی دەناسێت، خودا و دەسەڵات و کەسەکان دەناسێت و “ئادۆرنۆ”مان ئەخاتە بیر کە ڕوونی‌کردەوە لە دوای سەدەی بیستەم و بە هۆی ئەزموونی تۆتالیتاریانیزم گەڕان بە دوای ماڵ و شوێن کارێکی بێهوودەیە، بۆیە “ئارام” سڕینەوەی غوربەت لە باش کردنی دۆخی خۆی و دۆخی هەبوودا ئەبینێت. ئەو تێدەگات کە لە لایەکەوە مانەوە لە نیشتمان‌دا یانێ خۆ یەکڕەنگ کردن لەگەڵ “تابلۆ”ی بێ عەداڵەتی‌دا و لە لایەکی تریشەوە هیچ شێوازێک تەنانەت بە بوونی “ئومێد”یشەوە ئەم غوربەتە چارەسەر ناکات، واتا بەردەوام خۆیشی خشتێکە لەم دیواری غوربەتە و وەکوو دیواری مۆسیقای “پینک فڵۆید” ئەبێتە “دەنگی مانوویەتی”، ئەبێتە “ناڕەزایەتی” و داوا لە شار دەکات بێدەنگ بێت چونکوو هەموو سووژە خەساوەکان ئەیانەوێت بدوێن و شار ئەوەندەی‌تر بخەسێنن و سەرئەنجام ئەبێتە “کۆماری هەستانەوە” و ئەبێتە “کردەوەگەر” و خۆی ناداتە دەستی خەسان. بۆیە سووژەی شاعیر خۆی ئاوێتەی مەتەڵەکانی کۆمەڵگا ئەکاتەوە و ئەیەوێت خۆیشی بەشدار بێت لە چارەسەر کردنیاندا.

“من غوربەتم” حیکایەتی هەموو ئەو ئینسانانەی وەکوو ‘ساموئێل بکێت’ کە سەرگەردانن و بە دوای تیکێتی یەکسەرەی شەمەندەفەردا ئەگەڕێن کە بۆ هەمیشە ئەم هەبوونە خەساو و بێ‌کردەوانە بە جێ بێڵن بەڵام “ئارام” وا ناکات.

بە نان بڵێن بێتە ئێرە

نەبوونی خۆی ببینێ

بە پارە بڵێن

لە هەر شوێنێک ویژدان کوژرا

مەرگی لێیە

لە هەر شوێنێک خوێن ڕژا

زوڵم

من نەبوونی عەداڵەتم

ئەی چەک

کێ دەپێکی؟

من یاساشکێنم

جەنابی قازی

کە بکوژی نان لە یاساوە تەقە دەکا

من دەنگی مانوویەتیم

جەنابی وچان

کە لەم شارە دەس ناکەویت

من ناڕەزایەتیم

جەنابی بێدەنگی

کە نوێنەریی دەنگیش دەکەی

بێدەنگ بە شاری مردوو

بەڕێز شەرافەت ئەیەوێ بدوێ

بێدەنگ بە دەوڵەتی بێ کڵاو

چەکی هەڵخڵەتاو

یاسای دزراو

من کۆماری هەستانەوەم

سه‌رچاوه: سیروان؛ ژماره ۹۳۳، ۲۳ی گوڵانی ۱۳۹۶

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

سه × دو =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..