چهارشنبه , ۳۰ آبان ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / ڕەچەڵەکه مێژوویەکانی لاوازیی ژنایەتی ژنانی کورد/د.سیروان خه‌سره‌وزاده

ڕەچەڵەکه مێژوویەکانی لاوازیی ژنایەتی ژنانی کورد/د.سیروان خه‌سره‌وزاده

photo_2016-10-20_02-45-27 

لە کۆمەڵگای کوردی ئەوەندە پیاو بە تایبەتمەندیەکانی پیاوەتی پێناسە کراوە، ژن بە پێوەرە ژنانەکانیەوە پێناسە نەکراوه. لە ڕاستیدا بە هەمان شێوە کە پیاو بە بێ پێوەر و تایبەتمەندیە پیاوانەکانی ناتوانێ وەک پیاوێکی تەواو لە بەر چاو بگیرێت، بێ­شک ژنیش بە بێ پێوەرە ژنانەکانی، ژنێکی ناتەواو دەبێت.

یه‌­کێ له‌­و­ زوڵمه گه‌­ورانه­ کە له ژنی کورد کراوه، لاواز­کردنی هه‌­ست و پێوه­‌ری ژنایه­‌تی (Feminity) بووه له­‌واندا. به­‌م شێوه ژنی کورد نه­‌یتوانیوه ئەو جۆرەی کە شیاوە وه­‌ک ژنێکی ته‌­واو ڕۆڵی خۆی بنوێنێت و لایەنی ژنانەیی خۆی بەرجەستە بکات. هه­‌ر بۆیه ژنی کورد بەتایبەت لە هەندێک نناوچەدا تەنانەت ڕه‌­نگی پیاوه‌­تی لێ نیشتوه و بە پێی پێورە پیاوانەکان جێگەوپێگەی دیاری کراوە.

  ئەگەر جارجارێک ژنێک که به هه‌­ر هۆیەک توانیبێتی هەستە ژنانەکانی خۆی بدرکێنێت و وه­‌کوو ژنێکی تەواو (نەک وەک ژنێکی پیاوانە) خۆی بنوێنێ و باس لە هەستی خۆی بکات، بەهۆی ئەو بیر و باوەڕە پیاوسالارانە کە بەسەر کۆمەڵگای کوردەواریدا زاڵ بووه، به هەموو چەشنه تۆمەتێک تاوانبار کراوه و وەک کارێکی دژەئاکار لەقەڵم دراوە. بۆ نموونه، زۆرجار پێکەنین و قاقای ژنانه و ناز و لەنجەی له لایەن کۆمەڵگاوه شەرمەزار کراوه و ئاوه‌­ها کەسێک تەنانەت وەک ژنێکی بێئەخلاق پێناسه کراوه. زۆر جار ڕووخۆشی و دڵڕفێنی وه‌­کوو نیشانەیە‌ک لە سووکەسەری و ناپاکی ژن سەیر کراوه. ژنێکیش که ویستبێتی پێداگری له مافەکانی خۆی بکات و بۆ خواسته ناڕه‌­واکانی باوک و برا و که­‌س و کار و مێرده­‌کەی مل دانەنەوێنێت، ئەوا به بێحەیا و بێحورمەت و هتد ناوزه‌­د کراوه! ژنی ڕاستەقینه بە پێی ئەم گوتارە “سالاره ژن”ێکە کە هەست و کردەوەی پیاوانەی ببێت. لە کۆمەڵگای کوردەواری کاتێک ویستبێتیان شەرعیەت به کەسایەتی ژنێک بده‌­ن و تاریفی بکەن بەم ڕستەیە ناویان لێبردوه: “سالاره ژنه”، “له هەزار پیاو پیاوتره”، “خۆی ناگۆڕێته‌وه به هەزار پیاو” و “کەس به پیاو نازانێت”.

له وه­‌ها کۆمەڵگایەکدا، ژن هەرگیز نه دەرفەتی بۆ ڕەخساوه و نه بوێریی ئەوەی هەبووه کەڵک له ژنایەتی خۆی بگرێت و وه­‌کو ژنێکی تەواو هەست و نەستی ژنانەی خۆی دەرببڕێت، به لەونێک که تەنانەت شێوازی قسه‌کردنیشی گۆڕاوه بۆ شێوازێکی نێرینه و پیاوانه. بەڵام پرسی سەیر ئەوەیه که ناوچەکانی کوردەواری لەم بوارەدا وەک یەک نین، بە زمانێکی دیکه ئەتوانین بڵێین ڕێژه‌­ی لاوازیی ژنایەتی له لای ژنانی ناوچه جیاوازەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات‌هاوشێوه نین. بۆ نموونه ژنانی ناوچەی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکان (سنه، سەقز، مەریوان و هتد) به بەراورد لەگەڵ ژنانی کرماشان و موکریان و خۆراسان به ئێستاشەوه ژنایەتییان بەرچاوتر بووه و بە درێژایی مێژوو دەرفەتی له‌بارتریان هەبووه بۆ نواندنی هەست و پێوەرەکانی ژنایەتی. ئەم ڕەوشتە تەنانەت له لەحنی ژنە گۆرانیبێژەکانی ئێستاش ڕچاو دەکرێت. کچه گۆرانیبێژەکانی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ڕابردووی ئەردەڵانەکان له نێو ئاوازەکانیاندا بەنیسبەت ژنانی ناوچەی موکریان زۆرتر ژنایەتی خۆیان نواندوە، به واتایەکی دیکه، زۆرتر هەست به ژنایەتیان دەکرێت. لێرەدا نامەوێ باس لەوه بکەم کە بۆچی یەکەم ژنه مێژوونووسی کورد و یەکەم ژنه گۆرانیبێژی کورد لەم ناوچه هەڵکەوتون، بەڵکوو لێرەدا باس لە کەمتر ڕەنگدانەوەی ژنایەتی ژنانه له لەحن و شێوازی قسه کردنیان. ژنانی ناوچەی موکریان و کرماشان و خۆراسان تەنانەت شێوازی قسه کردنەکانیان زۆرتر لەحنی پیاوانەی لێنیشتوه، له حاڵێکدا که ژنانی ناوچەی ئەردەڵان بەشێوازکی پڕ لە هەستی ژنانه قسە دەکەن.

147a6149blackshot

ئەڵبەت ڕەنگه بوترێت ئەم دۆخه پێوەندی به ناوچەوه نییه، بەڵکوو پێوەندی ڕاستەوخۆی به پوتانسیەلی زاراوەکانەوه هەیه. بەڵام ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین زاراوەی مەریوان، سنه، سەقز و بانه وەک یەک نین و جیاوازی تایبەتیان به خۆیان هەیه، کەچی سەرەڕای ئەم جیاوازیانه، ژنانی ئەم ناوچانه ژنایەتییان بەرچاوتر و بەهێزتره. کەوایه، لێرەدا جەخت لەسەر زاراوه لە ئارادا نییە، بەڵکوو باس لە سەر ناوچەیە. ئێستا پرسیار ئەوەیه که هۆکارەکانی ئەم جیاوازییه لە چیدایه؟ بۆچی ژنایەتی ژنی ئەردەڵان بەهێزتر و چڕترە، بەڵام ژنایەتی ژنی موکریان، کرماشان و خۆراسان لاوازەترە؟

سەرەتا ئەبێ ئاماژه به ئەم ڕاستییە مێژووییە بکەین که کوردەواری لانیکەم له دوای هێرشی عەرەبه‌کان ئەمنیەت و ئاسوودەیی بەخۆوه نەبینی. کوردەواری که له ڕابردوودا یەکێ له گەشاوەترین شارستانیەتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هه‌بووه، له ڕوانگەی ئابووری و شارستانیەتەوه گەشاوه و پێشکەوتوو بووه، بەڵام له دوای هێرشی عەرەب بوو به ناوچەیەکی ئاڵۆز و بەستێنێک بۆ ئاژاوەی تاڵانکەرە بیانیەکان. لە دەرەنجامی‌ئەم دۆخەدا کوردەواری سەرەڕای ئەوەی کە یەکگرتوویی خۆی له دەست دا، بوو بە ناوەندێ بۆ بەرەنگاری لەگەڵ داگیرکەران و هەمو ئەو دەسەڵاتانەی کە یەک له دوای یەک هێرشیان دەکرده سەر کوردستان. ئەم هێرشانه تەواو بوونیان نەبوو. عەرەب دەچوو، سەلجووقی دەهات، سەلجووقی دەڕۆێی مەغوول دەهات، مەغوول دەچوو تاتار دەهات و هتد. لەوەها بار و دۆخێکدا که کورد هەرگیز هەستی به دوایی‌هاتنی نەهامەتیەکانی نەدەکرد، به ژن و پیاو و پیر و جوانەوه هەمیشه گیان له دەست ئاماده بوون کە بەرنگاری هێرشبەران و داگیرکەران ببنەوه. لەم دۆخەدا ژنان ئیدی پێناسەی ڕاستەقینەی خۆیان لێ ون بوو. هەر بۆیە سەرەکیترین مەبەست و ئامانجی ژن و پیاو پاراستنی گیان و شەرەف و کەرامەتی خۆیان و منداڵانیان بوو. ژنی چارەڕەش بێ­ئەوەی به خۆی بزانێت بوو به پیاو و تا ڕادەیەکی زۆر ناز و هەستە ژنانەکانی خۆی له دەست دا. زۆری پێنەچوو ئەم ژنه نوێیه بوو به پێوەری ڕاستەقینەی نەوەکانی داهاتوی ژنانی کورد و ژنی کورد ئیدی بە پێی ئەم پێوەرە پێناسە دەکرا. لە ئاکامی‌ئەم ڕەوتەدا هێدی هێدی ژنی ڕاستەقینه بوو به ئەو ژنه که  وەک پیاو بێت و “خۆی به هەزار پیاو نەگۆڕێتەوه”!

بۆ وڵامدانەوەی چڕتری پرسیارەکەی سەره‌وه‌، ئەبێ بوترێت ئەو بارودۆخه نائەمنەی کوردەواری تا سەدەی ۱۵ و ۱۶ی زایینی درێژەی هەبوو. لەم سەردەمانەدا لەو بەشانەی کوردستان که سەردەمانێک دەسەڵاتی ئەردەڵان حکومەتیان کردوه، بەهۆی دامەزراندنی ئەو دەسەڵاته کوردیه، بەشێکی بەرچاو له نەهامەتیەکانی کوردانی دانیشتوی ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئەردەڵانەکان دوایی‌هات. دوایی‌هاتنی نەهامەتیەکان بەو مانا نییه که ئەو دەسەڵاته کوردیه دەسەڵاتێکی ئایدیالی و بێکێشە بووه، بەپێچەوانەوه، لەو سەردەمانەدا زوڵم له هەموو ناوچەیەک زاڵ بووه و ئەمەش بەپێی یاساکانی دەسەڵاتداران ئاسایی بوو. مەبەست ئەوەیه کە لانیکەم بەهۆی ئەو دەسەڵاتە نیوە کوردیەوە ئیدی دانیشتوان ناچار نەبوون هەر سات و کات ئامادەی بەرەنگاری دوژمن ببن. دەسەڵات هێمنی و ئاسایشی ناوچەکەی مسۆگەر دەکرد و خەڵکیش سەرەڕای هەموو گیر و گرفتەکانیان دڵخۆش بوون بەوەی که دەتوانن لانیکەم به بێترس له‌هاتنی هێرشکەران ژیانی خۆیان درێژە پێبدەن. ڕەنگه ئەو پرسیارە بێتە ئاراوە که پێشتریش حکوومەتی ناوەندی لەو ناوچانه دەسەڵاتی هەبووە و توانیویەتی له بەرانبەر هێرشی دەرەکی زق ببێته‌وه‌، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت زۆرجار ئەم دەسەڵاتەی سەر به حکومەتی ناوەندی زۆر له هێرشکەره دەرەکیەکان زیانی بە دانیشتوان گەیاندوه. بۆ نمونه کاتێ سەیری هۆکارەکانی شۆرشی حەمزه ئاغای مەنگۆڕ دەکەین ئەو ڕاستیه زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت. (نادرمیرزا، ۱۳۲۴: ۳۰۵، محلاتی، ۱۳۶۶: ۲۵۵)

دەسەڵاتی کوردی لانیکەم ئەو جیاوازیەی هەبوو که کاربەدەستەکانی خۆیی بوون و ئاستی زوڵم و زۆرەکانیشیان بەنیسبەت دەسەڵاتێکی ناوەند سنووردارتر بوو. له ژێر دەسەڵاتی کوردی ئەردەڵاندا ئاسایش و ئەمنیەت هەبوو، بۆیه ژن تا ڕادەیەک توانی بەرەو بوونی ڕەسەنانە و ژنانەبوونی ڕاستەقینەی خۆی بگەڕێتەوە. بەڵام بارودۆخ له موکریان و کرماشان چۆن بوو؟

له موکریان بەپێچەوانەی ناوچەی ئەردەڵان، ژیان عەشایری و خێڵایەتی بوو. لەم ناوچەدا بێجگە لە مەهاباد، شاری کوردی دیکەمان نەبوو. ژیانی عەشایری کۆسپێ بوو بۆ کاریگەری وەرگرتن له گۆڕانکاریەکانی سەردەم. ئەمه له لایەکەوه و شەڕ و کێشه و کێبەرکێی عەشیرەیی نێوان عەشیره کوردەکان (نیکیتین، ۱۳۶۶: ۳۵۶)، یان عەشیره کوردەکان لەگەڵ عەشیرەته تورکەکان (جهانگیرمیرزا، ۱۳۸۴:۱۶۰)، هەروەها لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ئێران و عوسمانی کارێکی کردبوو که ژنی کوردی موکریانی زۆرتر له هەمیشه ناچار بێت وەک پیاوێ ئامادەی بەرەنگار بوونەوه لەگەڵ هەموو چەشنه مەترسیەک بێت. له ژیانی عەشایەریدا دەسدرێژیکردن بە سەر کچ یان ژنێ له عەشیرەتی بەرانبەر، دەبووه هۆی خوێنڕێژی و کوشتار و شەڕ و کینەی دەیان ساڵه. ژنی عشایر هەمیشه شه‌رافه­ت و کەرامتی له مەترسیدا بوو. جیا له موکریان، کرماشانیش هەروەها بەم چەشنە بوو. حکوومەتی کرماشان بەپێچەوانەی ئەردەڵان، نەک دەسەڵاتێکی نیمچە کوردی نەبوو، بەڵکوو ناکۆکی زۆری لەگەڵ عەشیرەتە کوردەکان هەبوو. عەشیرەتەکان هەمیشه ئامادە بوون بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکانی حاکمی‌کرماشان!

f33wayim8r019dnuc

 ژنانی کرماشانیش‌هاوشێوەی ژنانی موکریان هەمیشه له ترس و دڵەڕاوکێدا بوون و هەربۆیە وەک پیاوەکانیان دلێر و بەهێز بوون و چاوەڕوانی کاری پیاوانەییان لێدەکرا. نموونەی ئەم چەشنه دلێریه له نێو ژنان و کچانی  هۆزی هەمەوەند وێنا دەکرا کاتێک حاکمی‌کرماشان له دوای کوشتنی نامرۆڤانەی “جوانمێر ئاغای هەمەوەند” له ساڵی ۱۳۰۴ کۆچی مانگیدا، هێرشی کرده سەر قەڵاکەیان، دلێرانه بەرخۆدانێکیان نواند و ئەم خۆڕاگریەیان کاردانەوەی زۆری بەشوێنەوە بوو (سلطانی، ۱۳۸۱: ۳۷۰-۳۷۱). نموونەیەکی دیکه لە خۆراسان ڕووی دا. هەروەها کە دەزانین ئامانجی سەرەکی شاعەباس لە گواستنەوەی کوردان بۆ خۆراسان پاراستنی سنورەکانی ئەو ناوچە بوو لە بەرانبەر هێرشی تورکمان و ئوزبەکە بەڕبەڕەکان. هەر بۆیە باسی مان و نەمان لە ئارادا بوو. تاڵانکەران بۆ دزین و بە کۆیلە بردنی ژنانی کورد هێرشیان دەکرد هەربۆیە ژنان زۆرتر لە پیاوان هەستیان بە بەرپرسیارەتی دەکرد و لە پیاوەکانیان دلێرتر و بوێرتر بوون. بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بە حەماسەی قەڵای خێرئاباد لە ساڵی ۱۲۷۰ی کۆچی مانگی بکەین. لەم ڕووداوە حەماسیەدا سێ هەزار تورکمان هێرشیان کرده سەر قەڵای خێرئاباد که تەنیا ژن و منداڵی تێدا بوو. ژنان توانیان تا گەیشتنی هێزی یاریدەر، لەگەڵ تورکمانەکان بوێرانە شەڕ بکەن و زیانێکی بەرچاویان پێ بگەیەنن! ئەم حەماسە دەنگ دانەوەی زۆری لە سەرچاوە مێژووییەکانی ئەوسەردەمە هەبوو. (اعتمادالسلطنه:۱۳۶۷، ۱۸۸-۱۸۹)

به پێی ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، لێرەدا دەتوانین بڵێین ژنایەتی ژنانی کورد لاواز کراوە و کەسایەتی ڕاستەقینەی ژنی کورد گۆڕدراوە. ئەو گۆڕانکارییه له نێو دڵی فەرهەنگ و داب و نەریت کوردیدا جێگای خۆی کردەوه و بوو به بەشێ له پێوەرە یاساییەکانی کۆمەڵگای کوردی. ئێستا گەڕانەوەی ژنایەتی کوردی بۆ ژنانی کورد به‌ستراوه به

  • هەست بە ئەمنیەتی هەمەلایەنه
  • چاکسازی و پێداچوونەوه و ئاسانکاری بۆ سڕینەوەی ئەو بیر و باوەڕانەی کە بە هۆی نەبوونی ئاسایشی مێژوویی بە سەر فەرهەنگی کوردەواریدا زاڵ بون.

لەڕاستیدا ژنی کورد ئەبێت ژنایەتی خۆی وەدەس بخاتەوه و ببێتەوە بە خاوەنی ئەو شکۆ ڕاستەقینە لەدەس چووەی خۆی. بێشک کەس ناتوانێ نکۆڵی لەو ڕاستیە بکات کە لە چەن دەیەی ڕابردودا سەرەڕای هەموو کەم و کورتییەکان ژنان تا ڕادەیەکی بەرچاو توانیویانە زۆرتر لە هەمیشە وەک ژنی ڕاستەقینە خۆیان بنوێنن و نزیک ببنەوە لە شکۆ لاوازکراوەکەیان، هەرچەند هێشتا لە سەرەتای ئەو ڕێگایه‌دان.

سەرچاوەکان:

اعتماد السلطنه، محمد حسن خان، مراه البلدان، ۴ جلد،به تصحیح عبدالحسین نوایی و میر‌هاشم محدث، تهران، انتشارات دانشگاه تهران ۱۳۶۷

جهانگیر میرزا قاجار، تاریخ نو، شامل حوادث قاجاریه از ۱۲۴۰ تا ۱۲۶۷ ه.ق، تهران، نشر علم ۱۳۸۴

سلطانی، محمد علی، طوایف و عشایر کرمانشاه، ج ۲، تهران، موسسة فرهنگی رسا، ۱۳۸۱

محلاتی، حاج سیاح، خاطرات حاج سیاح یا دورة مخوف و وحشت، به کوشش حمید سیاح، به تصحیح سیف الله گلکار، تهران ابن سینا ۱۳۴۶

نادر میرزا، تاریخ و جغرافی دار السلطنة تبریز، تهران، اقبال ۱۳۲۴

نیکیتین، واسیلی، کرد و کردستان، محمد قاضی، تهران نیلوفر ۱۳۶۶

رشيد ياسمي، غلامرضا، كُرد  پيوستگي تاريخي و نژادي او، تهران، بی نا، بی تا

 

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

هفت − یک =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..