جمعه , ۲۶ مرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / کەس منداڵی خۆی ناخاتە ناو دڵی گەمێ/وارسان شایر/و.له ئینگلیزییه‌وه: باوه‌ڕ مه‌عرووفی

کەس منداڵی خۆی ناخاتە ناو دڵی گەمێ/وارسان شایر/و.له ئینگلیزییه‌وه: باوه‌ڕ مه‌عرووفی

Warsan

وارسان شایر لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٨ شاعیر و نووسەر و وانەبێژی بە ڕەگەز کێنیایی خەڵکی سۆمالیایە و ئێستا لە لەندەن نیشتەجێیە. ئەو کچە هەڵبەستوانە شیعرەکانی خۆی لە سەرانسەری بەریتانیا و وڵاتانی­تری دنیا، لەوانە ئەفریقیای باشوور، ئیتالیا، ئەلمان، کەنەدا، باکووری ئەمەریکا و کێنیا خوێندووەتەوە. یەکەم کتێبی لە ژێر ناوی “فێری دایکم دەکەم چۆن منداڵی ببێ” (Teaching My Mother How to Give Birth) ساڵی ٢٠١١ بڵاو بووەوە. شیعرەکانی وارسان شایر لە واسافیری، ماگما و هەروەها لە ئانتۆلۆژیی “کتێبی ساڵت: شاعیرانی لاو” (The Salt Book of Younger Poets)دا چاپ کراون. کتێبی دووهەمی‌بە ناونیشانی “پیاوانمان هی ئێمە نین” (Our Men Do Not Belong to Us) ساڵی ٢٠١٤ بڵاو بووەتەوە. ئێستا نڤیسیاری بەشی شیعری گۆڤاری سپووکە (SPOOK). ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی شیعری ئەفریقیی زانکۆی بروونالی پێشکەش کرا.

زۆربەی شیعرەکانی وارسان شایر سەبارەت بە کێشەی ژنانە و لەم دواییانەدا و‌هاوکات لەگەڵ گشتگیربوونی مەسەلەی پەنابەران، زیاتر جەختی کردووەتە سەر ژیان و گرفتەکانی کۆچبەران.

نیشتمان

وارسان شایر

کێ نیشتمانی جێ دێڵێ

مەگەر ئەوەی نیشتمانی لێ ببێتە ناقی نەقە

کێ ڕێ بەرەو سنوور دەپێوێ

مەگەر ئەوەی پێ بزانی خەڵکی شاری هەموو بەرەو ئەوێ دەڕۆن

هاوساکانت لە تۆ توندتر هەڵدێن

هەناسەیان تێکەڵ بە خوێن لە قورگەوە دێتە دەرێ

ئەو کوڕە وا بەپێکەوە دەچوون بۆ قوتابخانە و

لە پشت کارگەی تەنەکەکە بە ماچێک سەرخۆشی کردی

ئێستە تفەنگێکی لە جەستەی خۆی گەورەتری لە کۆڵ ناوە

تەنها کاتێک نیشتمانت بەجێ دێڵی

کە نیشتمان خۆی نەهێڵێ چیتر لای بی

کەس نیشتمانی جێ ناهێڵێ، مەگەر ئەوەی نیشتمانی ڕەپێی بنێ

ئاگر بخاتە ژێر پێی و

خوێنی گەرم لە زگێوە بێتە دەرێ

تا تیخی داخ بە گەرووتا ڕۆ نەچێ

هەرگیز بە بیرتدا نایە وەها کارێک بکەی

سروودی کڵێسە بە دەم هەناسەوە لە زارتەوە دێتە دەرێ

مەگەر دڕاندنی پاسپۆرتەکەت لە توالێتی فڕۆکەخانەدا

بتگریێنێ و پەڕە پەڕەی پێتی بڵێ

ئیتر ناگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە

دەبێ تێبگەی

کەس منداڵی خۆی ناخاتە ناو دڵی گەمێ

مەگەر ئەوەی ئاوی لە وشکانی پێ چاتر بێ

کەس پاژنەی پێی ناسووتێنێ

لە بن قەتار

ژێر کالیسکە

کەس شەو و ڕۆژی لە نێو زگی لۆریەکاندا بەسەر نابا

کەس لە ڕۆژنامەدا نان ناخوا

مەگەر ئەوەی ئەو ڕێ دوورەی پێواویەتی

واتای شتێک سەرووی سەفەر بدا

کەس ناخزێتە بن تەلبەندان

کەس حەز ناکا دڕک لێی دا

یا پێی بڵێن چەند گوناحە

کەس بە دڵخوازی خۆی ناچێتە نێو کەمپی پەنابەران

یا ناوەندەکانی پشکنین کە بە کۆڵێک ئازارەوە بەجێت دێڵن

یاخود زیندان

چونکە زیندان لە شارێکی پڕ لە ئاگر ئەمنترە

وەردیانێکی بەندیخانەش

لە شەوگاری تاریکا

لە لۆریەک زەلام کە هەموویان شێوەی بابت دەدەن

زۆر چاترە

کێیە ئەمەی بوێ

کەس تاقەتی شتی ئاوای نیە

چەرمی‌هیچ کەس هێندە ئەستوور نیە

قولەڕەشە، بڕۆنەوە ماڵە خۆتان

پەنابەران

کۆچبەری پیس

بێ پەنایان

وڵاتمان لێ وشک دەکەن

قولەڕەشە بۆگەنیان دێ

گشتیان وەحشین

وڵاتی خۆیان تێک داوە و

ئێستە‌هاتوون حاڵ لە ئێمەش بشێوێنن

ئەم قسانە

ئەم ڕوانینە پیسانە

بڕبڕەی پشتت دەشکێنن

ڕەنگە چونکە گرمە و هەرا

لە پەڕینی دەست و قاچ ئاسانتر بێ

یاخود قسە و جوێن

لە پەنجا پیاو لە ناو پاتا

زۆر خۆشتر بێ

یا ئیهانە

لە کوچک و سوخان

لە جەستەی پەرت و بڵاوی منداڵەکەت

خۆشتر قووت چێ

حەز دەکەم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە،

کەچی ماڵم لێ بووە بە ناقی نەقە

نیشتمانم بۆشکەیەکی پڕ لە چەکە

کێ نیشتمانی جێ دێڵێ

مەگەر ئەوەی نیشتمانی هەتا کەنار ڕاوی بنێ

مەگەر ئەوەی نیشتمانی پێی بڵێ

زوو کە، بڕۆ

لینگ دە، بڕۆ

جلکەکانت لە پاشی خۆت بەجێ بێڵە

بە سەحرادا بخزێ

بە زەریادا

لە خنکان خۆت ڕزگار بکە

برسێتی بکێشە

بپاڕێوە

غروورت لە بیر بەرە

خۆ ڕزگار کەی گرینگترە

کێ نیشتمانی جێ دێڵێ

مەگەر ئەوەی نیشتمانی چرپەی شیرینی نێو گوێ بێ

کە بە ئەسپایی دەڵێ:

بڕۆ

دوور بە لە من

نازانم چیم لێهاتووە

بەڵام ڕوون و ئاشکرایە

هەموو جێیەک ئەمنترە

لەم مەکۆی دەنگ و هەرایە

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

بیست − نه =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..