دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / کەلتوور لە گێژەنی شەپۆلە ئەفسووناوییەکانی سیستەمی ئابووری/ عادڵ قادری

کەلتوور لە گێژەنی شەپۆلە ئەفسووناوییەکانی سیستەمی ئابووری/ عادڵ قادری

پرسی پێناسە و پانتاکانی کەلتوور
بێگومان باسکردن لەسەر ئابووری و کەلتوور بە شێوەی جیالەیەک و سەربەخۆ بەرادەی خۆی کارێکی کاتگر و ئەستەمە، تا بگات بەوەی کە بمانەوێت پێوەندی و دواتر کاریگەری و کارتێکەری ئەو دوو جەمسەر و رەهەندەی جیهانی مرۆیی لەسەر یەکدی لێک بدەینەوە. پێویست بە گوتن ناکات کە لە ساتەوەختێکی مێژوویی و جیهانێک دا دەژین کە چەمک و ماناکانی جیهانی مرۆڤ، لەوانەش بەتایبەتی کەلتوور و ئابووری سیما و روخساری فرەلایەن و زۆررەهەندیان وەرگرتووە و هەر بەپێی ئەم حاڵەتەش دەشێت پێناسەکردنیان لە رێڕەوی هەوڵ و توانستێکی تیۆریک و ئاکادمییانە دا دەرکەوێت، بەڵام لێرەدا مەبەست ئەم ئاستە پسپۆڕییانەیە لە پێناسە(تعریف) و ناساندن نییە. لەرووی مێژوویی و کۆمەڵایەتییەوە دەشێت بڵێین پاش هەوڵەکانی شلایەرماخەری ئاڵمانی لە سەدەی ۱۸ی زاینی بۆ راڤە و خوێندنەوەی جیاواز و فرەلایەن و دی لایەنانەی(دگربعد) کتێبی پیرۆز، کە‌هاوکات بوو لەگەڵ گۆڕان و وەگۆڕانی کۆمەڵایەتی، کەلتووری، پیشەیی و زانستی جیهانی رۆژئاوا، ئیدی جیهان و سیستەمی‌ناسین و ناساندن و یان بە دەربڕینێکی تر لۆژیکی پێناسەکردن(منتق تعریف) گۆڕانی بنەمایی بەسەر داهات. بۆیە هەنووکە بەسانایی دەکرێت بڵێین کە چەمک و وتەزاکانی ناو کۆمەڵ و جیهانی مرۆیی لەوانەش بەتایبەتی کەلتوور و دواتر ئابووری لەرووی پێناسەوەرگرییەوە هەڵگر و لەخۆگری وزە و توانستی فرەلایەن و فرەرەهەند بووگن. لەسۆنگەی لۆژیکی گشتییەوە دەکرێت “پێناسە”(تعریف) بە سەر دوو شێوەی گشتەکی و تایبەتی دا پۆلێن بکرێت و هەر بە گوێرەی ئەم تێڕوانینەش کەلتوور و ئابووری وەکوو دوو جەمسەری بنەمایی ناو جڤاتی مرۆیی هەڵگری دوو پێناسەی گشتەکی و تایبەتی پەیوەست بە خۆیانن. لەپێناسەی گشتەکی و جەماوەری دا خەڵک و بەرژەوەندی و خواست و مەیلە ماددی و بەرهەستەکان لە کەلتوورێکی‌هاوتەریبی ئەم خواستانە دا رۆڵ دەگێڕن. واتە رەهەندی گشتەکی پێناسە، زۆرتر کاریگەریی و شوێن دانەریی لایەن و میکانیزمی‌ماکی و بەرهەستیانە باس دەکات و دەیخاتە روو و لێرەدا پێناسە لەژێر دەست و کۆنترۆڵی شەقامی‌گشتی و ئاپۆرەی خەڵک دایە و کاریگەری سەیر و بنەمایی لە کۆمەڵگا دا درووست دەکات بە پێچەوانەی پێناسەی گشتەکی، پێناسەی تایبەتی خاوەنی لایەنی پسپۆڕیانە و تایبەتی و مەعریفییە و لەژێردەست و کۆنترۆڵی تاقمێکی بچووک و دانسقە لە بیرمەندان و رۆشنبیران دایە کە لایەنی دەرهەست و مەعریفییانە و نابەرژەوەندییانەیان میکانیزمی‌سووڕان و ئیشکردنی تێگە و تێڕوانینیانە بۆ پێناسە و ناساندن و بەگشتی بابەتی ناسکاریی.
جیهانی پێوەندییەکان
شتێک کە لێرەدا زۆر گرینکە شێوازی پێوەندی هەر کام لەم دوو پێناسە(روانگە)یەیە بە بابەتێک بەناوی دەسەڵاتەوە. روانگەی پێناسەی گشتەکی لەرووی ئاست و رێژەی “چەندایەتی و ژمارەی بکەران و رووبەری کردەکاران و بەرکاران” تێیدا باڵادەست و بەدەسەڵاتە بۆیە ئەم روانگەیە بەم قورسایی و بارستاییەوە هێزێکی زۆری بۆ پراکتیزەکردن و کارتێکەری فام و تێگەی ماکیی و بەرژەوەند ئامێزانەی خۆی هەیە. بە بەراورد لەگەڵ دۆخ و پێکهات و ئاستە “دەرهەست و تاکیی و تایبەتییانە و تەنانەت مەعریفییانەکەی” پێناسەی تایبەتی، پێناسەی گشتەکی لە مەودایەکی زەمەنی کورت دا خاوەنی دەسەڵاتێکی تاقانە و تاکڕەهەندە، و دیاردە و دەرکەوتەکانی کۆمەڵگا لەژێر سێبەر و هەیمەنەی خۆی دا دەستنیشان دەکات و ئاست و پلەی بابەتەکانی نێو کۆمەڵگا بەو سیستەم و پێکهاتە بەهاییەی کە لەسەر بەرهەستێتی و بەرژەوەندی و…رۆنراوە، دیاری دەکات و تەنانەت هەوڵی گەشاندن و پەرەدانی جەوهەر و هەناوی خۆی دەدات. لەو ماوە زەمەنییەی کە پێناسەی گشتەکی ئیمپراتۆرە، سیستەمی‌بەرهەم‌هاتنی ماناکانی ناو کۆمەڵگا و تەنانەت مانای بوونی ئینسانیش دەگۆڕێت. لەم نێوەندەدا و پەیوەست بە باسەکەمان و بارودۆخی زاڵی ئێستای کەلتووری کۆمەڵگا، پێناسەی گشتەکی هەوڵیداوە بە خەستی مانا و تایبەتمەندییە بەربڵاوەکانی کەلتوور لە قەوارە و رووبەرێکی تەسک و تەنکی ئابوورییانە (…ماکیی، بەرهەست، بەرژەوەند…)دا بخاتە روو و لەناو کۆمەڵگا دا پەرەی پێ بدات و لەهەنووکەی بارودۆخی کەلتووری کوردوستانی ئێران(رۆژهەڵاتی کوردوستان)تا رادەیەکی باش دەسەڵاتدار و بنجوەرگر بێت، ئەگەرچی ئەم زاڵێتی و دەسەڵاتەی پێناسەی گشتەکی بەسەر کەلتوور و دیاردەکانی دا‌هاوپێوەند بێت لەگەڵی تایبەتمەندییەکی کاتییانە، یان‌هاوتەریب بێت لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵگاکانی قۆناغی تێپەڕین و دەورەی گوزار یان…خاڵی جێگەی سەرنج و زەق کە ئێستاکەش لە دەقی ناو کۆمەڵگا و شارەکانی کوردوستانی ئێران دیار و ئامادەیە، دەرکەوتەکانی کاریگەری نەرێنی و رەشی پێناسەی گشتەکی لەسەر “کەلتوور واتە هەڵس و بنیشتی خەڵک و ئاکار و کردار و ئەدەبیاتی ناو شەقام” هەیە. پێویست بە گوتن نییە ئەگەر لەرووبەر و پانتایەکی دیکە دا پێناسەی تایبەتی لەگەڵ پێناسەی گشتەکی دا نەکەوێتە دیالۆگ و دانوستان و ئەو روانگە ئاپۆرەیی و خەڵکییانە نەخاتە بەردەم رەخنە و گیروگرفتەوە(چالش) ئەوا لەگەل کارەساتێکی کەلتووری-شارستانییانە و مرۆیی رووبەڕوو دەبینەوە، هەڵبەت کردنەوەی ئەم باسە لێرەدا و لەسەری چوونی شیاو و زۆرپێویست نییە، لێرەدا گێڕانەوەی کاریگەری ئەو سیستەمە گشتەکییە لە سەر پێناسەکردنی دیاردەکانی ناو کۆمەڵگا و لەسەرووی هەمووشیانەوە کەلتوور و‌هاوتەریب کردنی کەلتوور و ئابووری لەگەڵ یەک، لامان مەبەستە.
هاتنی سەرمایەیەکی شمەکیانە بۆ کوردوستان نەک بەرهەمهاتنی سەرمایە وەکوو بیر و کردەوە!
لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا و بەهۆی گۆڕانکارییە خێرا و فرەلایەنەکانی کوردوستانی عێراق بەتایبەتی لەرووی ئابوورییەوە، کوردوستانی ئێرانیش بەتایبەتی شارە بچووکەکان و ئەو شارانەی لەسەر رێگەیەکی ژئۆپۆلیتیکی-بازرگانی و گواستنەوە و هەناردە و‌هاوردەکردن بوون،وەکوو بانە(تەنانەت مەتەڵێکی کۆنی کوردی هەیە کە دەڵێ: هەموو رێگاکان دەچنەوە سەر بانە، کە ئەمەش پیشاندەری هەڵکەوتنی بانە لە شارێگەیەکی جوغرافیایی- ئابووری دایە)، سەردەشت، مەریوان، قەسرشیرین،و… و لەوێشەوە بۆ شارگەل و ناوچەگەلی نێزیک و دوور لەم شارە هەڵکەوتووانە، کەوتنە‌هاوکێشەیەکی بازرگانی و سەرمایەدارییانەی رووت و خەستەوە. ئەم کۆمەڵگا(کۆمەڵگا بە واتای کۆمەڵ و حەشامەتێک لە جوغرافیایەکی بچووک یان گەورە دا)یانە کە لە مێژووی بوونی گچکە یان مامناوەندی یان گەورەیاندا ساتەوەختگەل و قۆناغگەلی پڕ لە هەژاری و نەبوونیان ئەزموون کردبوو، پڕحەسرەت و خەمۆک وداماو لە جیهانی بەستراو و بێ ئابووری پێشوویان دا راهاتوو و مۆن و راهیب کرابوون، ئەم ساتەوەخت و قۆناغە بۆش و بنجڵەی مێژووی کۆمەڵگا (لەرووی هەبوونی سەرمایە و سیستەمی‌ئابووری و میکانیزمەکانی بەرهەمهێنان)بەهۆی رووداوێکی جیهانگیر و سەرتاسەری شەقڵیی هەژاریی و دەست تەنگی دەشکێت، رووداوێک کەخۆی چەندەها رووداو و شۆڕشی زانستی و مەعریفی و پیشەیی لە پشت بووە و لە سنوور و جوغرافیایەکی دیکە دا بەرهەم‌هاتبوو، ئەم رووداوە جیهانی بوون (globalization)یان وەک هەندێک رەوت دەڵێن جیهانی سازی بوو. ئەمەیش کە ئامێر و کەرەستەکانی جیهانی بوون بە وردەکارییەوە چی بوون و چۆن ئیش دەکەن لێرەدا جێگەی پەرژانە سەر و گێڕانەوە نییە. بەڵام دەشێت بگوترێ کە جیهانی بوون لە کڵاوڕۆژنەیەکی میدیایی بەخەون و خولیا و کەڵکەڵەی جیهانێکی پڕ لە ئاسوودەیی زۆرتر، جوانی زۆرتر، پەتیتر و دەرفەتی حەسانەوە و سەیرانی زۆرتر و…کە هەمووی بەها و بایەخەکانی جیهانی نوێی بەرهەمهاتوو لە شۆڕشە جۆراوجۆرەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بوون، توانی ئەو هەست و نەستەی(زەینی وشیار و ناوشیار) بەرخۆری(مێرفی) و کاڵاگەرایی لە رۆژئاواوە بۆ رۆژهەڵات بگوازێتەوە و حەز و چڵێسیی هەناوی مرۆڤ بۆ فرەبەرخۆریی و فرەڕەنگی و فرەبژاردەیی لە بواری کاڵاو شمەکی ئاسایش و ئاسوودەیی هێنەری ژیان، چالاک و بسووڕ بکات. ئەمەی کە لەدواجار دا چ سیستەمێکی ئابووری و سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگا دا بەگشتی و جڤاتە گەورە و گچکەکانی ناو کۆمەڵ دا زاڵ بوو و ماهییەت و شێوازی ئیشکردنی چۆن بوو، باسێکی دوورودرێژ و ناپێویستە لەمەڕ ئەم نووسینەوە، بەڵام ئەوەی کە گرینگە کاریگەری ئەو دۆخە کاڵاگەرێتی و سەرمایەدارییە بەبنەمای سیستەمێکی ئابووری نوێ لەکۆمەڵگا، لەسەر کەلتوور و شێوەژیانی خەڵک و کۆمەڵگایە. کاتێک کۆمەڵگای داخراوی ئێمە بەهۆی جیهانی بوون و شلبوونی سنوورەکان، کراوەیی(کەیەکێکە لە شارێگاکانی بەرهەمهاتن و گەشەی سەرمایە و بووژانەوەی ئابووری)ئەزموون کرد، بەرواڵەت و رووکەش وەکوو بکەرێکی ئەکتیڤ و چالاکی رووبەری بەرهەمهێنان دەرکەوت بەڵام ئەوەی کە روونە ئەمەیە کە ئەو دۆخە بازرگانییە کە لای ئێمە بووە هۆی شکڵگرتن و کەڵەکەبوونی بڕێک سەرمایە(پارە)هیچ رۆڵێکی ئێمەی وەکوو بەرهەمهێنەر و ئەندازیارانی پیشەیی و سازێنەرانی کاڵا و شمەک و پێداویستی و حەوجێیە ماددییەکانی مرۆڤ تێدا نەبوو، رۆڵی ئێمە تەنها جێفرۆش و جامخانەی کەلوپەل و شمەکی بەرهەمهاتووی جیهانی پیشەیی رۆژئاوا بوو و جگە لە شێوازێکیتر لە کرێکاریی و جێبەجێکاریی لە قەوارە و روخسارێکی خەمڵێنراو و بەبریقە دا هیچ نەبووین، واتە هەر وەک چۆن کاڵا لە شوێنگە و کۆمەڵگەی ئێمە دا بەرهەم نەهاتووە، هەر بەو شێوەش پارە و سەرمایەی دەستکەوتوو و داهاتوو لەم کاڵایانە خاوەنی تایبەتمەندیی بەرهەمهێنان نین، بەڵکوو دەشێت بڵێین کە پارە و سەرمایە لێرەدا تەنها دەکەوێتە سووڕ و بەپێی بارودۆخ کەڵەکە دەبێت یان بڵاوپش دەبێت، لە ئاوەها بارودۆخێکی ئابووری و بازرگانی کە رۆڵی ئیرادەی ئەندامانی کۆمەڵگەی ئێمە تەنها وەکوو جێبەجێکار و گوێزێنەرانی کاڵا و شمەک لە دوبەی، چین، تورکیا، کوردوستانی عێراق و…ئامادەگی هەیە، سەرمایە و پارە بوونێکی رەسەن و راستەقینەیان نییە و وەکوو کەلتووری کۆمەڵگای ئەم تاکە جێبەجێکارانەش دەڵێت: پارە وەکوو چڵکی دەستە، واتە گرینگی پارە و سەرمایە لای ئەمان ئەوە نییە لەکوێ و چۆن دێت، بەڵکوو ئەمەیە کە دێت و دەچێت و هەر ئەم چوون و نەچوونەش بێ بایەخ و کەڵکی دەکات و تێڕامان و هەڵوێستەی پێویست بۆ سەر سەرمایە شکڵ نەگرێت و ئامادەگی و بوونی سەرمایە وەکوو لایەن و بگرە زاتێکی سەربەخۆ و جیا و رەسەن نەبینرێت و بەم پێیەش سەرمایە رۆڵی راستەقینە و بەرهەمهێنەرانە و شارستانی سازانەی خۆی نەگێڕێت و کۆمەڵگا و کەلتوورەکەی بەرواڵەت دیاریکەری رۆڵ و پێگەی سەرمایەی داهاتوو و‌هاوردە بکەن، بەڵام ئەمە لایەنی رووکەشیانە و سەرەتایی بابەتەکەیە، چوونکوو ئەوەندە بەسەر ئامادەگی سووڕێنەرانەی سەرمایە لەسەر کۆمەڵگا تێناپەڕێت کە سەرمایە و هەموو وزە هێزەکی(بالقوە) و کردەکی(بالفعل)یەکەی جڵەو و کۆنترۆڵی کۆمەڵگا دەگرێتە دەست و یەکەمین و بنەمایی ترین بابەتێک کە لەگەڵیدا دەکەوێتە بەرەوڕووبوونەوە و ململانێوە کەلتووری زاڵی ئەو کۆمەڵگایەیە جا بەهەر ماهییەت و پێکهاتێک بێت. ئەم سیستەمە لە بازاڕ و بازرگانی بەها و بایەخگەلی وەکوو بەرخۆریی، ئاسایشی زێدە، ئاسوودەگی، حەزیی فرەچەشنی و فرەرەنگی خوازیی و…جێگری بەها و بنەما و بایەخەکانی ئەو قەوارە کەلتوورییە دەکات کە‌هاتووەتە ناوی و لەگەڵیدا کەوتۆتە ململانێ و ئاوقابوونەوە. دەسەڵاتی سەیر و ئەفسووناوی سیستەمی‌سەرمایە و ئابووری لە سەر هەست و نەستی ئێمە بە رادەیەکە کە ئەو زاڵ بوونی بەهایانەی جیهان و پێکهاتی سەرمایە کە جێگری کۆڵەکە و بنەواکانی کەلتووری ئامادەی کۆمەڵگا دەبن، لە کەمترین ئاست دا هەستی پێ بکرێت و وشیاری لەسەر شکڵ بگیرێت و ئیدی پاش ماوەیەک جوێ کردنەوەی کەلتوور و سەرمایە، کۆمەڵگە و بازاڕ، بوونێکی فەلسەفی و ژیانێکی پڕسەرمایە و بەرخۆری و… سەخت و نەکردە بێ. ئالێرەدایە کە کارەساتەکە رووددەدات و کەلتوور لەبەر پێی پارە و سەرمایە و کۆمەڵگا لە بەردەم بازاڕ و پاساژ و تاکی کۆمەڵ لە ئاستی گوتاری بازرگانی زاڵ، دەبنە قوربانی و ئیدی لە باتی کەلتووری کۆمەڵگا، بازاڕ و سەرمایە دەسەڵات دەگێڕن و سەرمایە دێتە جێگە کەلتووری پێشووی کۆمەڵگە، کەلتوورێک کە ئەگەری گەشە و نەشەی بەهەر پێگە و ماهییەتێک لە بەستێنی زەمەن و هەناوی کۆمەڵگا دا تێدا بوو. بەگشتی کەلتووری سەرمایەداری و بازاڕپەرەستی جێگری کەلتوورێک دەبێت کە ساڵەها لەناو کۆمەڵگا دا ئیشی پێ کراوە و کەلتووری سەرمایەداریش شتێک نییە جگە لە نەفس و زاتی سەرمایە خۆی و پەرستش و پیرۆزاندنی بەها و بایەخی خۆی و تەنها خۆی. بۆیە سەیر نییە گەر لە کۆمەڵگای کوردوستانی ئێران سەرمایەدارانێک دەبینین کە کتێب تەنها کاتێک مانای هەیە بۆیان کە پارەی بۆ بکات، رێورەسمە کەلتوورییەکان بۆیان لە سیرک و تەماشاخانە دەچن، کەلتوور و هەڵس و بنیشتی مرۆڤان تەنها بەرواڵەت و رووکەشێکی ماکییانە و ئامێرخوازانەوە وەکوو ماڵ، ماشین، جل و بەرگی رەنگاڵەیی و گران (لە رووی چەندایەتییەوە نەک چۆنایەتی) لایان پێناسە بکرێت و ببینرێت، ئەمە ئەو ساتە تراژیکەی کۆمەڵگایە کە کەلتوور و سەرمایە بەزاڵبوونی یەک سیستەمی‌ئابووری رەها و دیکتاتۆر بە ناوەندێتی سەرمایەداری تەنها و تەنها، دەبن بە یەک و واتای کەلتوور واتە سەرمایە و سەرمایەش واتە کەلتوور. ئەمە ئەو ساتە سامناکە بوو کە فەیلەسووفانێکی وەکوو ماکس هورکهایمەر و تیۆدۆر ئادۆرنۆ کە لە بنیاتنەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرتی ئاڵمان بوون لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم دا، هۆشداریی بەپیشەیی بوونەوەی کەلتوور و تاک رەهەندبوونەوەی مرۆڤ(هێربێرت مارکوزە، ئەندامێکی دیکەی قوتابخانەی ناوبراو) بدەن بەگوێمان دا، کە ئەم دۆخ و هەلومەرجەی هەنووکەی کۆمەڵگای کوردیی کوردوستانی ئێران شتێک جگە لە دەسەڵاتی بازاڕ و سەرمایە بەسەر کەلتوور و خستنە جامخانەی کەلتوور بۆ فرۆش نییە! هەر وەک لەسەریشەوە ئاماژەم پێ دا لەم سیستەمە دا تاکەکان و ئەندامان کتێبیان تەنها بۆ ئەوە گرینگە کە شمەکێکی بازاڕە نەک تێز و پەیام و هێمایەکی شارستانی! کەڵەکە و تەقینەوەی لەناکاوی سەرمایە لە کوردوستانی ئێران تاقمگەل و توێژگەلێکی درووست کرد کە جگە لە سەرمایە و دەرکەوتەکانی بەداخەوە لەگەڵ هیچ دیاردە و هەبوونێکی تر پێوەندی ناگرن و تەنانەت هەندێکیان بڕێک جار هێما و دیاردە پاشماوەکانی کەلتوور وەکوو مەترسی و هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆیان دەزانن و بەشێوازێکی توند و سەرمایەدارانەی سەیر پەلاماری ئەو رەهەندە کەلتوورییە و هەڵگرانی دەدەن. بۆیە لەم کۆمەڵگایە دا سەرمایەی کەڵەکەکراو هەیە بەڵام دەرکەوتەکانی لە وەهم و تەم دەچن و بابردەڵەن، سەرمایەدار هەیە بەڵام کەلتووری کراوەی شارستانی خواز نییە!سەرمایەداری هەیە بۆیە کەلتوور پیشەیی و شمەکییانە دەبێت!

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

بیست + نوزده =

قالب وردپرس پوسته وردپرس