دوشنبه , ۳۱ اردیبهشت ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / هەناسەیەک بۆ بیست رۆحانەتی ئیزەدی(خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ مەرگ وەکوو برژاندن و قوربانی بۆ خودا)/ عادڵ قادری

هەناسەیەک بۆ بیست رۆحانەتی ئیزەدی(خوێندنەوەیەکی فەلسەفی بۆ مەرگ وەکوو برژاندن و قوربانی بۆ خودا)/ عادڵ قادری

photo_2016-06-12_03-09-10

بوون بە کەنیزەکی شەو و غیلمانی یاوەران…

بوون بە ئاهەنگی خەلیفە و جەشنی فەتحی کافرستان…

کوژانەوە دەستی پێکرد…

(ئافات، ئاوابوون و بوومەلەرزە)، شێرکۆ بێکەس


 

6215422016_25

لەهەرکوێوە دابەزینە ناو هەرێمی‌“زمانیی” تراژیدیا و ماناکانییەوە هێشتا لەوێ نین، تراژیدیا بەرهەمی‌چرکەیەکە لە ئەزموونێکی واقیعی سامناکانەیە لە “شتێک” بە ناوی مەرگ، بەڵام لە ئاستیتر و بە ئاراستەیتر روودەدات. مەرگی تراژیک لە ئاراستەی کوشتن و قڕاندن دا دێتە”بوون”! و “نابوون”ەوە. گرینگتر لەمەش بوونەوەری کوژرا و ئاگاداری رووبەرووبوونەوەی خۆیەتی لەگەڵ مەرگ، وشیاری دەستەویەخەبوونێتی لەگەڵ مردن، هەستکەری ئازارەکانێتی بەر لە گیان دەرچوون. ئەزموون کردنی مەرگ لە ئاراستە و هەرێمێکی وا دا ئەزموونکردنێکی هێند نەخوازراو و وێنانەکراوە کە دەشێت هەر ناوی “تراژیدی” لێ بنرێت. کاتێک ئێمە لە پانتایەک بە ناوی ژیان(فۆرمی‌باوی رۆژانەی زیندەگی) دا دەژین مامەڵەکردنمان لەگەڵ مەرگ مامەڵەیەکە کە بەزۆری لە ناو‌هاوکێشەی ئەگەر و هەڵکەوت واتە زەمان دایە. زەمانێک کە هێڵ و گۆشەکانی دیار و قورمیشکراو و پێناسە بۆ کراون. ئێمە لەحاڵەتی سرووشتی دا نازانین کەی و بۆ دەمرین و ئەمەش دەشێت سامناکی و ترسناکی “هەبوون”(becom)ی مەرگ کەم کاتەوە، لەم حاڵەتەی بیرکردنەوە لەمەرگ چەشنێک لە دادوەری و باڵانسی “وجوودی” ئامادەیە، هەڵبەت بەم مەرجەوە کە “مردن”مان وەکوو گریمانە و دەبێت(جەبر)ێکی ئیگزیستانسیالیستی قبووڵ کردبێت، بەڵام کاتێک مەرگ لە فۆرمی‌هەڵکەوتی و زەمانییانەی(لە ناو جەغز و هێڵی باوی زەمان) خۆی دەردێت ئەوا ئێمە مەودا و زەمەنێکی کورتمان هەیە کە بیرلە قبووڵکردنی مەرگ و فۆرمەکەی بکەینەوە، لێرەدایە کە فۆرم و شێوازی مردن دیاریکەری ماهییەت و چییەتی ئەزموونی مەرگ دەبن و بەرەو باسێکی زمانی بە ناوی تراژیدیا دا دەچین. فۆرمەکانی ئەزموون کردنی مەرگ بە درێژایی مێژوو جیاواز و رەنگاڵەیی و هەندێکیشیان ئیلهام بەخش بوون!پێکهاتی کەلتوور و دەسەڵات لە زۆر حاڵەت دا دیاریکەری ئەزموونەکانی ژیان و مەرگی هەر کۆمەڵگایەک هەن. پەیوەست بەم دوو پێکهاتە و تێڕوانینی تاکەکەسیانە(personal)ی ئێمە بۆ رووداوەکان ئەزموونکردنی مەرگ بە دوو ئاراستەی گشتگیر دا روو دەدات. ئەزموونێک کە مرۆڤ خۆی هەڵیدەبژێرێت و تارادەیەکی زۆر بیری لێ کردۆتەوە و بە دەروون و رۆح و زەین و خەیاڵەوە وێنای کردووە و لە دواجار دا ئەوپەڕی هەوڵی خۆی داوە قبووڵی بکات و قبووڵی کردووە و گەیشتۆتە بڕیاری بەکردەکردنی مەرگ، نموونەی ئەم ئەزموون کردنانە دەتوانین لە قەوارەی خۆکوژییە چەند مانایی و رەهەندییەکان دا ببینینەوە، لەم سۆنگەیەوە شەهید یەکێک لەو مەرگانەیە کە دەچێتە ژێر سێبەری ئەزموونکردنی مەرگ وەکوو ئەرک و ریسالەت، “ئەو”قبووڵی مەرگ دەکات بۆ پاسەوانی لە بەهایەک، هەرێمێک، میتافۆرێک و خەونێک کە بێگومان دەشێت پیرۆز بێت، حاڵەتیتر حاڵەتێکی زۆر تاکیانەتر و تاقانەترە لەم ئەزموونکردنە و بە زۆری لە کەلتوور و کۆمەڵگا تاکتەوەر و تاکگەراکان( individualism) دا روو دەدات و رووداو و ئەرکێکی مەرگ ئامێزە کە بەهۆی تاکێکەوە و بۆ خۆی روو دەدات و خۆکوژی لە واتا فەلسەفی و نائایدۆلۆژییەکەی دا هەر ئەمە. خۆکوژی هێمایین و تایبەتی دوو نووسەری وەکوو سادیقی هیدایەت و ڤیرجینیا وۆلف لەم چەشنەیە، هیدایەت بە هۆی بێوەڵام بوونی پرسیارەکانی و شوێن پێگرتنی وەڵامەکان لە جیهانێکی “دی” کە ئەزموونی “دی” رەقەم دەدات مەرگی وەکوو ئەرک و ریسالەت هەڵبژارد، ویرجینیا وۆلفیش زۆرتر وەکوو حوزن و داڕمانێکی دەروونی و خەمۆکییەک لیباسەکانی پڕ لە بەرد کرد و وردەوردە و هەنگاو بە هەنگاو بەرەو قووڵایی زەریا چوو و مەرگێکی ئارامی‌وەکوو ریسالەت هەڵبژارد کە تا رادەیەکی ئاڵۆز هێمایین و سەمبوولیکیشە و دەشێت رەهەندەکانی بکرێنەوە و بخوێنرێنەوە، بەڵام لێرەدا ناگونجێت. ئەم دوو شێوە مەرگە تایبەتە لە ماهییەت و چییەتیان دا مانا و پەیام و فرەرەهەندی هەیە و لەپلەی بژاردن(choose) و بڕیار دا روودەدات و دەشێت بڵێین کە ناتوانین لە ژێر ناوی تراژیدی دا پۆلینیان بکەین. لە زنجیرە درامای پەسڵان(Walking dead) دا ئەو هەموو خەڵکەی کە لەژێر ناوی زامبی و لە مەرگ دەگەڕێنەوە ئیدی مرۆڤ نین، بەڵکوو مرۆڤ خۆرن و ئاماژەیە بەو پێشبینییەی مەسیح کە دەڵێ مردووەکان زیندوو دەبنەوە و نامرن! لەهەمبەر ئەم دۆخە کارەساتبارە دا لە گێڕانەوەی ئەو درامایە دا مرۆڤانێک هەن لە چینی سەروو و زەنگینی کۆمەڵگا کە ئەمەیان پێ قووت ناچێت و خۆکوژی دەکەن و تاقمیتر هەر دەجەنگن و بۆ ژیانەوە و بوون، مردووانی زیندووبووگ و زیندووخۆر(زامبی) دەکوژن و دەکوژن و دەکوژن و تاکوو ژیان بەردەوام بێت! لە مێژووی ئێمەی کورد دا ئەزموونکردنی مەرگ قەت فەلسەفی نەبووە(هەر چەندە من بەرگری لە هیچ چەشنە مەرگێک ناکەم بێگومان، ژیان نەبێت!)، مێژووی ئێمە لێوانلێوە لە مەرگ بە واتا ئایدۆلۆژی و توتالیتر و دژە مرۆییەکەی، واتە مێژووی ئێمە مەرگ بووە لە پلەی کوشتاندن و قڕاندن و کۆمەڵکوژی و ئەنفالکردن. ئەنفال بۆ من بەخشین و رشتنی خوێنە بۆ ئاسمانێکی ئایدۆلۆژی و زەمینێکی “زمانیی” رەق و بیابانی بەناوی “اللغةالعربی”. ئەوەی لە مێژووی ئێمە دا رووی داوە مەرگێک بووە کە ئەویدی و ئایدۆلۆژی دی و کردە و بکەری دی خولقاندوویەتی، واتە مەجالی ئەوە بە سووژە و بوونەوەری کۆمەڵگە و “زمانوەری” ئێمە نەدراوە خۆی بۆ مەرگ ئامادە بکات، مەرگ هەمیشە لە ناکاو و لەئاسمان و لای خودا یان لە زەمین و لای خوداپەرەستانەوە‌هاتووە بۆی! مەرگ لای ئێمە ئەزموونێکی وجوودی یان ناوجوودی نەبووە کە بڕیار و بیرکردنەوە و بژاردن تێیدا رۆڵ بگێڕێت، بەڵکوو هێرش و داگیرکاری و توندڕەوی و بەگشتی میکانیزمە بەرهەست و کۆنکرێتەکان مەرگیان دیاری کردووە. دائانینی مەرگ بەشێوە کۆنکرێت و نادەرهەست و رەق و تەق و دژە وجوودییەکی لای ئایین و ئایدۆلۆژیاکان پێشینەیەکی زۆر دوور و درێژی هەیە، دەشێت بڵێم ئایین لەم رووەوە شابکوژ و گەورەخوێنڕێژی میژووی بوونی مرۆڤە. ئایینەکان لەرێگەی کاهین و مەلا و قەشە و خاخامانێک پیادە دەکران کە خۆیان بە نوێنەری ئاسمان دەزانی، ئەمە لە وڵاتانیتر و ئایینانیتر(جگە لە ئیسلام) پاش چاکسازی و رینیسانس و رۆشنگەری و شۆڕشی کوپرنیکی و شۆڕشە پیشەیی و زانستییەکان بە رادەیەکی بەرچاو دابەزی و کوشتاندن و سووتاندن و قڕاندن کەم بۆوەو لە زۆرێکیان دا هەر نەما جگە لەئیسلام. کاتێک دەڵێم ئیسلام بێگومان مەبەستم نە قورئانە و نە سوننەت و نە مێژووی سەدری ئیسلام و نە فتووحات و شمشێرەکانیشی بەڵکوو مەبەستم فام و تێگەیشتنێکە لە ئیسلام کە بیرۆکەی قودسییەت و تەجەللا و پیرۆزایەتی ئاسمان بە سەر زەوی دا دەسەپینێت و بە خوێن نەخشە و نیگاری بۆ دەکێشێت، بە وتەیەکیتر “جەهەننەم دەڕووخێنن بە سەر باغی بەهەشتا”١.

467t-450x300

من ئەوەشم باش لە بیرە کە لە سەدەکانی ناوەڕاست مەسیحییەکان ژنان و پیاوانیان بە بیانووی جۆراوجۆر دەکوشت و فەتوای کوشتنیان دەدان و مەرگێکیان لەدەرەوەی هزر و وجوود و تێڕامانی خۆیان واتە لە ئاسمانەوە بە دیاری بۆ دەهێنان! پیاوانیان بە ناوی ئەوەی کە مولحیدن و جیاواز بیردەکەنەوە بە گیوتین سەر دەبڕی و ژنانی سەر بە رێبازانی غەیر مەسیحی یان مەسیح بووگی عیبادەت نەکەریان لە ئاگردا دەبرژاند و پێشکەشی ئاسمانیان دەکرد!ئەو سەردەمەی چاخەکانی ناوەڕاست ژنانیان بە بیانووی جادووگەری و سیحرەوە دەکوشت، بەڵام دڵنیام بیرمەندانی سەردەمی‌ریفۆرمی‌ئایینی و رۆشنگەری و تا دواتر قەت پێشبینی ئەوەیان نەکردووە کە رۆژێک لە جوگرافیایەک بە ناوی کوردوستان و لە سەدەی بیست و یەک رووداوەکانی چاخی ناوەڕاست و تاریکییەکانی روودەدەن. قەت پێشبینی ئەوەیان نەکردووە کە سەدەی بیست و یەک چاخەکانی ناوەڕاستە لە کوردوستان و بەهۆی ئیسلام و هێزێکی ئیسلامی‌بە ناوی داعەش یان دەوڵەتی شام برژاندنی رەگەزی مێ دەبێتە کەلتوور. لەم خاڵەی گێڕانەوەی ئەم نووسینەدا کە تۆزێک نێزیک دەبینەوە لە ئەزموونێکی زمانی تراژیدیاکە بە وێنا کردنی سێ چەمک ١-زەمان٢-کوشتن٣-فۆرمی‌کوشتن، دەشێت باسەکە باشتر بچێتە پێش. زەمانی ئەزموونکردنی مەرگ وەکوو کوشتن و برژاندن بە ئاگر لە ناو “زمان” دا ناگونجێت!و ناژمێردرێت!زەمان لەو ئەزموونە دا کە ٢٠ کچی ئیزێدی کە هیچ گوناه و تەنانەت تاوانێک بە خۆیانەوە شک نابەن(لە رووی وجوودی و تەنانەت ئایینیشەوە، چوون زۆربەیان منداڵکار بوون) بە زیندوویی و لەناوئاگردا دەبرژێن و بۆکڕووز و بۆسۆی دەچێت بۆ لای خوا و بەرەو ئاسمان(بێگومان ئەویش عیلاقەی بە رزگارییەوە نییە و زۆرتر میتافۆر و داهێنەری تراژیدیایە!)، ئەزموونکردنێکی زۆر جیاواز و سامناکە لە مەرگ، کوشتاندن و برژاندن….. زەمان لەوێ دا زۆر فرەرەهەند و ئاڵۆزە…دەشێت ئەو کچانە خوازیاری ئەوە بایەن بە فیشەکێک یان وەستانی دڵ یان تەنانەت خنکاندن و فۆرمەکانیتری مردن بمرن بەڵام بە ئاگر و برژاندن نا، ئاخر ئاگر جەوهەر و سووتەمنی دۆزەخە…ئەوپەڕی تۆڵەی خودایە لە مرۆڤ و گوناهەکانی، ئەو گوناهانەی کە خۆی توانستی ئەنجامدانی پێ داون…ئاگر پوتکی دادوەریی دۆزەخە. بۆچی ئایینەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیسلام ئەوەندە بە ئاگر و ماناکانی دۆزەخ ویستوویەتی پەیرەو و هۆگر بۆ خۆی درووست کات؟چوون ئاگر ئازاردەرترین و کوشندەترین ئەشکەنجەیەکە کە مرۆڤ و هەر بوونەوەریتر بتوانێت ئەزموونی کات. “چ نەحس بوو ئەم رۆژەی شووم…”٢…سەیر لەوە دایە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا و لە ئەفسانەکانی ئافرینش و ڤەداهاتن دا ئاگر هێز و ئامرازی رزگاریکەر بووە لە تاریکی و بونیاتنەری ژیار و شارستانییەت بۆ مرۆڤ و حەز و ئاسوودەییەکانی…بەڵام ئاگر لە میتافیزیکە دینییەکان دا هێمای تۆڵەکردنەوە و قوربانیکردنێکی ئایدۆلۆژیک و کارەسات بارن و ئەوەندە بەرهەمهاتوو و دەرهاوێشتەی رق و بوغزی گەورەن ئەوەندە داهاتووی خەون بۆ رزگاری و بە وتەی خۆیان هیدایەتی مرۆڤ نین. من تێدەگەم کە داعش کۆکردە و سەنتیزی کۆمەڵێک رووداو و هۆکاری مێژوویی و سیاسییە ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم هێزە لە دەق و کۆمەڵگایەکی دینی دا سەرچاوەی مەشرووعیەت و پاساوی جینایاتەکانی دیاری دەکات. سەرهەڵدانی داعەش شتێکی زۆر سەیر نەبوو، تەنها هێزیكی سیاسی و هەژموونییەکی وەکوو تورکیای ئەردوغانی و فیکری ئیخوانی پێویست بوو تاکوو شۆڵەی ئاگرەکانی گڕتر بدات. کاتێک دیاردەی کەلتووری”تف” لە ژنان کوتان، و “شەرەف” بە بیکارەت و پاکیزەیی دانان و پرسیارکردن بە گوناه و گومانکردن بە کوفر لە کۆمەڵگا و لە ماڵە بچووک و گەورەکانی موسڵمانی کورددا بچەسپێت ئیتر بۆ سەرهەڵدان و گڕگرتنی کوورەکانی داعەش بمانحەپەسێنێت و شۆکەمان بکات؟! براژندنی ٢٠ کچی بێگوناهی ئیزەدی بۆ خودای داعەش و ئیسلامی‌سیاسی تراژیدیایەکە کە هێج کەڵە زمان(meta-language) و کەڵەنووسینێک ناتوانێت بیگێڕێتەوە و باسی بکات. وردە داعەشییەکانی کورد واتە ئەو مەلا خوتبەدەر و وشک و دۆگمایانەی کە دینیان کردووەتە موڵکی ئارەزوو و شەهوەت و گرێ دەروونییەکانی خۆیان و لەسۆنگەی فەتوا و مازۆخیسمی‌دینییەوە لە خواست و حەزە مرۆییەکانیان هەڵدێن تاکوو دەبن بە نامرۆڤ و دژە مرۆڤ!داعەشیان ئاو دا و فوویان لە کوورەکەی کرد! ئەم مزگەوتچی و تریبۆنپەرەستانە بە دۆگمایەکی فەردی و تێگەیشتنێکی نەخۆشانەی دین ئەگەر تۆزێک دەسەڵاتی سیاسی بەدەست بێنن بەرهەمەکەی دەبێتە داعەش!بێگومان ئەم وتەیەی من ئاماژە نییە بەو هەموو زەین و نیگا و قەڵەمە چاکخواز و رەخنەگرانەی کە بە چاوێکی عەقڵی و مرۆییەوە چاو لە دین دەکەن و رێزیشی دەگرن. زەنگی کارەسات لە هەموو سەردەمێک دا کاتێک بە گوێمان دا دەدرێت کە خەلیفە و جێگرێکی خودا لە زەمین لەسۆنگەی نەخۆشی و گرێ دەروونی و جنسییەکانی خۆی دەقێک دەخوێنێتەوە و تێگە و فام و بە پێی ئەوەش سیستەمی‌سیاسی بۆ درووست دەکات! بێگومان جیهان بە ئەندازەی پێویست نادادوەری و کوشتن و مەرگ و ناهومێدی تێدایە بەڵام کاتێک هێزێکی وەک داعەش سیستەمێکی سیاسی بگرێتە دەست و تێکەڵی فامی‌دۆگمایانەی خۆی بکات ئەو کات ئیتر تراژیدیا لە زەمین و ئاسمان دا بەتەواوەتی روو دەدات و ئیتر ئەوکاتە کە “خودا دەمرێت”! ٢٠کچی ئیزەدی ناو نیشتمان و زمانم چریکە و زریکە و بێگوناهیتان لامە، بەرگری لە پاکیزەیی و باکیرەبوون و پیرۆزیتان دەکەم، ئێوە زەمینی بوون بەڵام لە ئاسمان گەورەتر و جوانتر بوون. بچووکم بە بەر شیوەنتان و نزمم لەئاست بوونتان، دڵنیا بن رۆمانتان بۆ دەنووسم!

ئاوەهای گوت زەردەشت…

560062

13342984_255830288115374_1198777486510959808_n

١-دێڕە شیعرێک و ناوی شیعرێکی ساڵەح سووزەنی کە بۆ حەڵەبجەی گوتووە و من دەسکاریم کردووە هەڵبەت بڕێک!

٢-دێڕە شیعرێکی شێرکۆ بێکەس لە گۆڕستانی چراکان

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

یک × 2 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس