دوشنبه , ۲ مهر ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / بێ خاوەنی ئەدەبیات، یان ئەدەبیاتی بێ خاوەن/کورتە ڕەخنەیەک لەسەر کتێبی (سرآغاز وسیر ادبیات داستانی کردی) لە نووسینی محەمەد ڕەحیمیان /کاوان محەمەدپوور

بێ خاوەنی ئەدەبیات، یان ئەدەبیاتی بێ خاوەن/کورتە ڕەخنەیەک لەسەر کتێبی (سرآغاز وسیر ادبیات داستانی کردی) لە نووسینی محەمەد ڕەحیمیان /کاوان محەمەدپوور

بێگومان لە فەزای چەق‌بەستوو و بێ توێژینەوەی ئەدەبیاتی کوردیدا هەر کتێب یان وتارێک کە  مەبەستی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە بێت، دڵخۆشکەر و جێی سرنجە. ئەم کم و کۆڕییە لە گشت لایەنەکانی وێژەی کوردیدا بەرچاوە، بەڵام زیاتر تایبەت دەبێتەوە سەر چیرۆکی کوردی. کەمتەرخەمی‌فەزای ژورنالیستی و ڕەخنەی کوردی لەمەڕ چیرۆک و هەسپاردنی ئەم فەزایە بە شێعر و تەنیا شێعر و دیسانەکە شێعر، بەردەنگی ئەدەبی کوردی وا لێدەکا پێی‌وابێ کە زمانی کوردی جگە لە شێعر هیچی‌تری پێ ناوترێت و نانووسرێت.- ئەم باسە بۆ وتارێکی‌تر هەڵدەگرم-.

 بەڵام لەمەڕ لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، فەزای زانستی ئێمە لاوازتر لەوەیە کە باسی دەکرێت. بێگومان تاهێستاکە هیچ کتێبێک کە باس لە مێتۆد و چوارچێوەیەکی زانستی شیاو بکات لەسەر لە کوردستانی ئێران نەنووسراوە، هەر بۆیە ئەگەر چاومان بە دەقێک کەوێت کە ئەم باسە لە قاو ئەدات بە تامەزرۆییەوە بەشوێنی دەکەوین. باسەکەی من لەم وتارە کورتەدا زیاتر لایەنی لێکۆڵینەوە لە سەر چیرۆک دەگرێتەوە، – شایانی ئاماژەیە تا ڕادەیەک توێژینەوە بە زمانەکانی‌تر جگە لە فارسی و کوردی لەسەر چیرۆکی کوردی کراوە بەڵام بە هۆی ئەوەی دەقەکە بەدەست خوێنەر نەگێشتوون لەم وتارەدا باس ناکرێت بۆ نموونە بڕوانامەی دکتور محەمەد ڕەحیم ئه‌حمه‌دی لەسەر(گێڕانەوەناسیی چیرۆکەکانی حەسەن قزڵجی بە زمانی فەرانسی)-.

یەکێک لەیەکەمین دەقگەلێک کە لەسەر ئەم بابەتە (چیرۆک) نووسراوە کتێبی (Nation and Novel)( نەتەوە و ڕۆمان)ی‌هاشم ئەحمەدزادەیە کە دەقێکی سادە و ساکار دەنوێنێت و تەنیا بەشی مێژوویەکەی جێی سەرنجە و بەشەکانی تر دیاری نەکراوە لەسەر چ گریمانەیەک ساغ بۆتەوە. هەر وەک لە ناوی کتێبەکە دیارە دەبێت کارێکی گێڕانەوەناسانە لەمەڕ ڕۆمان بێت کە تەنیا بە چەشنێکی لاواز لە شێوە‌ڕوانین وکاراکتێر و گێڕانەوەی ئاسایی – ئەویش بۆ هەر ڕومانەی تەنیا لە یەک دوو لاپەڕە- دەدوێت، هەڵبەت کارەکەی ئەحمەدزادە وەک یەکەمین کتێب لەم بوارەدا پاساوی خوێندنەوە و سرنجدانی هەیە و لەم فەزا‌هاڵۆزە دەبێت ئەوەش بە هەند بگرین.

بەڵام تەنیا دەقێک کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر چیرۆکی رۆژهەڵات بەچاپ گەیشت کتێبی فارسی (سرآغاز وسیر ادبیات داستانی کردی) لە نووسینی بەرێز محەمەد ڕەحیمیانە، کە بەم جۆرەی خۆی لە پێشەکی کتێبەکەدا ئاماژە دەکات: ئەم کتێبە بڕوانامەی زانکۆیە و لەساڵی ١٣٧٩ نووسراوە، بەڵام لە ساڵی (١٣٩٣) پاش چواردەساڵ نووسەر بڵاوی دەکاتەوە و بە شێوازی کتێب بۆ بەردەنگ ئامادەی دەکات. من لەم وتارە کورتەدا بەشێک لە لایەنەکانی ئەم کتێبە بە -زمانێکی ئاسایی- شی دەکەمەوە و تا ڕادەیەک هەوڵی بەجەستەکردنەوەی، چۆنییەتی لێکۆڵینەوە ئەدەم،- بۆیە لە وشەی زمانی ئاسایی کەڵک وەردەگرم چون وتاری زانستی لە دەقێکی وەها کورت دا ناگونجێت-.

لە ڕاستی دا ناتوانین هیچ پاساوێک بۆ ئەمە بێنینەوە کە چواردە ساڵ بەسەر کارێکێ توێژینەوەییدا تێپەر بووە، بەڵام دەقەکەی تەنیا بۆ جارێکیش دەستکاری و پێداچوونەوەی لەسەر نەکراوە!. دیارە لەم چواردەساڵە چیرۆکی ئێمە ئەزموونی‌تری بەسەر داهاتوە و پاساوێکی شیاو نییە، بە ڕستەیەک بڵێین:(بەڵێ ئەم ئەزموونە هەیە بەڵام دەرفەتی باس کردنی نییە) . چواردە ساڵ بەسەر ئەدبی داستانی ئێمەدا تێپەر بووە، بەڵام  نووسراوەی کتێبی (سرآغاز وسیر ادبیات داستانی کردی)  باسی ناکات!!. بێگومان پێکهاتەی کتێب جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ بڕوانامە( پایان نامە) هەیە. ڕەحیمیان تەنانەت ئاڵۆگۆڕی بەسەر پێکهاتەی بڕوانامەکەشی دانەهێناوە چ بگات بە ئەوەی بەشێکی لەێوە زیاد کات و لە تێبینیەکانی زیاتر خور بێتەوە، جیا لە شێوازی فارسی نووسی ڕەحیمیان کە بە چەشنێکی لە ڕادەبەدر لاواز و بێ‌هێز دەنوێنێت- لە زۆر جێگە بەرەورووی ڕستەیەک دەبیەوە دەڵێی نووسەر لە سەدەی ٧ و ٦ مانگی دایە یان لە جێگەیەک وەک ئەوەیە فارسی بە رێزمانی کوردی نووسرا بێت – و جیاواز لە شێوازی سەرچاوە نووسین کە دیار نییە لە چ مێتۆدێک بۆ نووسینەکەی کەڵکی وەرگرتەوە. شێوەی بێ بنەمای تاوتوێ ئەدەبی فۆلکلۆر و ئەدەبی داستانی ئێرانە.

کتێبەکە – هەڵبەت بە پێناسەێک کە لە کتێبمان هەیە نایەتە خانەی کتێبەوە- لە سێ بەش پێک‌هاتووه. بەشی یەکەم کە لە ژێر ناوی زمانی کوردییە، ئەمە چاوەروان دەکات باسێکی شیاوی زمانناسانە یان کۆمەڵناسانە لەسەر زمانی کوردی و جیاوازیەکانی لە زمانەکانی هێند و ئۆروپایی بکرێت، بەڵام لە چەند لاپەڕەی کورتدا پاتەکردنەوەی ئەو باسەیە کە: زمانی کوردی زاراوەی فارسی نییە، و بۆ بەڵگەکەی ئاماژە بە چەند کتێبی لێکۆڵینەوەی دەکات کە تەنیا، یەک دوو ڕستە لە (دەرئەنجامەکەیان) دێنێتەوە. دیارە هروژاندنی باسێکی وەها، مێتۆد و گریمانەی زانستی تایبەتی پێویستە. بەڵام نووسەر هەر وەک بەسمان کرد-تەنیا بە هێنانەوەی چەند نموونە لە دەرئەنجامی‌لێکۆڵینەوەکان، خۆی بە دەرئەنجامی‌(زمان) بوونی، (کوردی) دەگات. هەڵبەت گومانێک لەوەدا نییە کە (کوردی) زمانە، بەڵام کاتێک پرسیارێک دەهەژێنین دەبێت هەم پاساو بۆ گرینگی پرسیارەکە بێنینەوە و هەمیش لە مێتۆدێک بدوێین کە دەرفەتی ئەو دەرنەنجامەمان پێ بدات یان ئەگەر لێکۆڵینەوەی ئێمە کارێکی تەوسیفییە.، کاتێک باس لەو لێکۆڵینەوانە دەکەی کە لەسەر زمانی کوردی کراون دەبێت شێوەی زانستی وچۆنییەتی توێژینەوە باس کەین. واتە ئەوەی کە لێکۆڵەر چ مێتۆدێکی بەکار هێناوە و لە دەقەکەی دا چی شی کردۆتەوە کە بەم دەرئەنجامە گەیشتوە. تەنیا ئاماژە بە دەرئەنجامەکەی دەبێتە (ڕستەیەکی فەیس بووکی کە زۆر دیار نییە چەندە درووستە!). رەحیمیان دوواتر هەر لەم بەشە باس لە ئەدەبیاتی کوردی دەکات، ئەویش بە ساکاری لەسەر فۆکلۆر و شێوازەکانی ئەو لە ئەدبیاتدا دەدوێت کە بە بێ هیچ بنەمایەکی توێژینەوەیی تەنیا  بە چەشنی وەسفی باس لە فۆلکلۆری کوردی دەکات-  و لە دەرئەنجامدا بە هێنانەوەی چەند سەرچاوە لە مێژووی نووسراوەی کوردی ئەدوێت. بەشی یەکم بە هەموو کەم و کۆڕیەکانی تا ڕادەیەک تەنیا هەر دەتوانین لە دەستەی دەقێکی لاواز- نە لاوازی پڕ لە هەڵە- داینێین، یان بەشێوێکی‌تر ئەم بەشە بۆ خوێندنەوەی سانا و ساکارای مەحفلی دەبێت نە کارێکی توێژینەوەی، هەڵبەت کتێبی (سرآغاز وسیر ادبیات داستانی کردی) لەسەر چیرۆکی کوردییە و زۆر نابێت چاوەڕوانی ئەوە بین کە باسێکی تێر و تەسەل لەسەر زمان بکات بەڵام هەر کە باسەکەی دەهەژێنی ناچاری کە بە تێری لەسەر بدوێی.

بەشی دووهەم لە ژێر ناوی ئەدبی داستانی کوردی و چەشنەگەلەکەی، لە دوو بەشی ئەدەبیاتی داستانی کلاسیک و ئەدبی داستانی مۆدێڕن پێک‌هاتووە. بەشی یەکەمی‌باس لە گێڕانەوی بەیت و حەیران لە ناو کورد دەکات کە وەکوو بەشەکانی تر بە بێ بنەمایەکی تێۆریک لە هەوڵی تەوسیفی ئەو دوو لایەنە- کە سێ لەیەنن- دایه.  دیارە کاتێک دەقێک بە زمانی بێگانە لەسەر ئەدەبیاتی کوردی ئەنووسرێت وەها پێش فەرزێکمان هەیە کە غەیری کوردیش ئەم دەقە ئەخوێنێتەوە هەر بۆیە دەبێت بە باشترین شێوە چەمکەکان لە یەک جیا کەینەوە و بۆ نووسینی وشە و ڕستە کوردییەکان، لە شێوە نووسینی دروستی زمانی کوردی بەهرە وەرگرین. ڕەحیمیان کاتێک کەڵکی  لە دەقێکی کوردی وەک نموونەی باسەکەی وەرگرتوە ، رێنووسی دروست و شیاوی کوردی بەکار نەهێناوە و هەر بە شێوازی فارسی یان عەرەبی نووسراوتەوە بۆ نموونە بەم شێوە: ( ئه من دەلئم براینە برادەرینە لە کوی، لە گوران، لە گوری دیمی)(ل ٨٤)، یان لە شێوە نووسینی کوردی لاتین بەم شێوازە کەڵکی وەرگرتوە: (Amn Delem Braina la Kwa La Gorran Le Gory Deme). (ل ٨٤) کە بەتەواوی مانا و دەربرینیەکەی لەگەڵ شێوەی بەکارهێنانی زمانی کوردی فەرق ئەکات.

دیارە بەم شێوە نووسینە خوێنەری نائاشنا بە زمانی کوردی مافی ئەوەی هەیە وەها بیرکاتەوە کە: (کوردی زمان نییە و هەر لە شێوەی نووسینی فارسی و عەرەبی کەڵک وەر دەگرێت یان ئەم زمانە بە لاتین شێوەی بۆ دانەرێژراوە!)، هەرچەن ئەم نموونە نووسراونە لە کتێبەکەی ڕەحیمیاندا کەمن بەڵام کاتێک لە خەسارەکانی ئەدوێی تەنیا یەک وشەش زۆرە.

لە بەشێکی‌تری ئەم باسە، جیاوازی نێوان -حەیران و بەیت و بەند- لە لایەن نووسەرەوە بە باشی شی نەکراوەتەوە و تەنیا لە چەند پاراگراف نموونەی حەیران و پایزە و ئازیزەی هێناوەتەوە. ئەمە لە حاڵێک دایە شێوەی گێڕانەوەی بەیت جیاوازی بنەرەتی چ لە فۆرم و چ لە تەکنیک و چ لە ناوەڕۆک لەگەڵ حەیران  یان بەندی ئازیزە یان پایزە هەیە. نووسەر پایزەش وەک بەیت پێناسە دەکات و هیچ بەڵگەیەک لەسەر جیاوازیەکانی بەیتی بۆ نموونە شێخ فەرخ و خاتوو ئەستی و پایزە بەرجەستە ناکاتەوە، تەنیا بە جیاکردنەوەی فۆرمی‌دارشتنیان پەسەند دەکات. شێوەی گێڕانەوەی بەیت و کاراتێرەکانی و تەنانەت ناوەرۆکەکەشی لەگەڵ پایزە و ئازیزە جیاوازی هەیە، لە بەیت دا کاراکتێر و چۆنیەتی رووداو  و شوێن و زمەنی بەسەرهات- تا ڕادەیەک- دیاری دەکرێت، بەڵام پایزە و ئازیزە تەنیا وەسفی حاڵات و هەستێکی تایبەت وەک خۆشەویستی و عەشق دەکەن بە بێ ئەوەی کاراکتێر یان رووداوێکی دیاری کراو بگێڕنەوە.

ڕەحیمیان، لە بەشی چیرۆکی مۆدێرنی کوردی، مێژووی چیرۆک نووسی باس دەکات و دوواتر لە کۆتایی دا ژیان نامەی هەندێک لەنووسەران دێنێتەوە و چەند نموونەی چیرۆکیان لێ باس دەکات. لە تاوتوێی چیرۆکەکاندا دیسانەکە دیاری نەکراوە لە چ تێۆرییەک بۆ تاوتوێی چیرۆکەکان کەڵکی وەرگرتوە. بەڵام هەر وەک لەسەر باسی چیرۆکەکان دەدوێت ئاماژە بە کاراکتێر، شێوەڕوانین، پلۆت و ،… دەکات کە دەستەواژەی مێتۆدگەلی گێڕانەوەناسانەیە. ئەم هەوڵە وەک هەوڵەکانی تری نووسەر بێ بنەما و گریمانێکی تایبەتە، تەنیا شێوەڕوانین – ئەویش بۆ هەر چیرۆکە لە یەک دوو ڕستە دا- و ناو و کرداری کاراکتێرەکان باس دەکات. جیاواز لە شیاو بەکارنەهێنانی گریمانەی گێڕانەوەناسیی، نووسەر لە هەوڵی دەرخستنی (چیرۆکی باش و خەراپ) دێت کە لە سەرانسەری زانستی گێڕانەوەناسیی ئەم باسە باسێکی فەشەلە و لەم زانستەدا باسی لێ‌ناکرێت. لە مێتۆدی گێڕانەوەناسیی‌دا دەبێت شی کەینەوە ئێمە لە چ گیرمانێک کەڵک وەدەگرین، بۆ نموونە باسەکەی  فۆرمالیستەکانی رووس تا ڕادەیەک جیاواز لە گەڵ پێکهاتەخوازەکان و ئەم دووە جیاواز لەگەڵ پاش پێکهاتەخوازەکانە. لەلایەکی‌تریشەوە لە ناو هەر یەک لەم قوتانجانانەدا، چەندین ڕوانگە و مێتۆدمان بۆ روونکردنەوەی (گێڕانەوە) هەیە.

بێگومان هەر لێکۆڵینەوەیەک پێویستی بە چواچێوەیەکی گریمانەیەیی یان مەنزوومەیەکی گریمانەیی هەیه بۆ ڕوون کردنەوەی توێژینەوە و هیچ لێکۆڵینەوەیەک بە بێ مێتۆدی دیاری کراو بە دەرئەنجامێکی زانستی ناگات. هەر بۆیە لێکۆڵینەوەکەی رەحیمیان کە پاش چواردەساڵ بە چاپ دەگات- زۆر بەر لەوەی بگاته  دەستی خوێنەر زەمەنی بەسەر چووە و وەک سەرچاوەی چیرۆکی کوردی ئێران ناتوانین ناوی لێ بنێین. بێ گۆمان پاش چواردەساڵ کەسی خوێندەوار دەبێ ڕوانگەی بۆ چیرۆک و تاوتوێی چیرۆک تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕدرا بێت، ئەم گۆڕانە لە ڕۆحی چیرۆک دایە. هەر وەک باختین باسی لێوە دەکات: “ئێمە هێچ کات ناتوانیین پێناسەیەکی گشتی بۆ ڕۆمان باس بکەین، چۆن ڕۆمان بەردەوام لە ئاڵۆگۆڕ دایە”. نووسەری بە هەست و وردبین لەگەڵ دەق زۆر هەستیارانه دەجووڵێتەوە، واتە بەردەوام لە هەوڵی چاکسازی و رێک کردنی دەقەکەی دایه، نەک لە پاش ساڵانێک  بڕوانامەی زانکۆیی بەبێ دوبارە تاوتوێ کردنەوە و کەم و زیاد کردنی بە شێوازی کتێب سەحافی کات و ڕادەستی خوێنەری کات!!.

 کاتێک ئەدەبیات یان هەر چەمکێکی‌تری ئێمە بە بێ لێکۆڵینەوە دەبێتە باسی هەر مەحفل و کۆرێک، دەقگەلێکی وەها دێنە ناو ریزی ئەدەبیات و بە داخەوە دەرکی کۆمەڵگای (خۆمان و ئەوی‌تر) لە ئەدەبیات بە لاڕێدا دەبن. هەرچەند خودی نووسەر لە هەوڵی خزمەت گوزاریشدا بێت بەڵام لاوازییەکەی ئەوەندە بەرچاوە کە بە هیچ پاساوێک ناتوانی نکۆڵی لێ بکەی. قەیرانی ئەم شێوەڕوانینە بۆ ئەدەبیات، کاتێک بەرچاو دەکەوێت کە لە هەوڵی ئەوەدا بین ئێمەش وەک گەلانی تر –گوتارێک- سازکەین و بە نووسین و لێکۆڵینەوە پێناسەیەکی بۆ دابرێژین، ئەو جا دەبینین کە ئێمە هیچمان پێ نییە!، چون کاری لێکۆڵینەوەیی ئێمە لە وەسفی مێژوو  و ژیاننامە نووسین – ئەویش باس لە شوێنی لە دایک بوون و مردن-  تێناپەڕێ!، یان (بێ ئاگایانە) لە فەلسەفەی مێتۆد، لە هەوڵی ئەوە داین گریمانێک بەسەر فەرهەنگ و کرداری خۆماندا بسەپێنین کە بە قەولی کوردەواری یان پێی دەبینە خانی خانان یان دەبینە تۆزی بانان!.

سه‌رچاوه‌:

  • حەوتەنامەی سیروان. ژمارەی ۹۳۲، شەممە ۱۶/۲/۹۶

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

هشت + شش =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..