چهارشنبه , ۳۰ خرداد ۱۳۹۷
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / پیاسە لە ناو ده‌روونی کۆنە سەربازێکدا /ئاوات پووری  

پیاسە لە ناو ده‌روونی کۆنە سەربازێکدا /ئاوات پووری  

سیان بووین، لە نادییەکی کۆندا، کە بە چەند کورسی ڕزیو و ژمارەیەک مێزی هیلاک و پێکی ئاسایی و جاچکی بێ‌خوێ و جەماعەتێک مەشروبخۆری سەرنجڕاکێش نەخشێندرابوو، کە بە هیچ جۆرێک لە بێباکیمان تێنەدەگەیشتن، بەرامبەر بەو شتانەی دەمانخواردەوە و ئەو شتانەی بۆ یەکترمان نەدەگێڕایەوە و ئەو پارانەش قەرزمان کردبوو، بۆ ئەوەی تەنیا ئەمشەو پێی بخۆینەوە و سەرخۆش بین و لەبیری بەرینەوە هەموو قەرزەکانمان و هەموو ئەو پلانانەی بۆ قومار هەمانبوو، بەڵام پارەمان نەبوو. دانیشتبووین و سەیری یەکترمان نەدەکرد و سەیری پێکەکانیشمان نەدەکرد و جگە لە هەندێ جاری تایبەت سەیری دەوروبەر و شڵەژانەکانیشیانمان نەدەکرد، نەشماندەزانی چۆنیان پێ بڵێین، نەک هیچ هەستێکمان بۆ یەکتر نییە، بگرە ڕقیشمان لە یەکە و ئیتر ئا لەم شتانە. دەڵێم ئیتر ئا لەم شتانە، بۆ ئەوەی مێشکتان بە لاڕێدا بەرم و نەیەڵم بیر لەوە بکەنەوە کە نووسەر خەریکە شتێکتان بۆ دەگێڕێتەوە. نەخێر قوربان. وا نییە. بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی دانمان پێداناوە و لای کەسیش ئاشکرامان نەکردوون، ئێمە سێ سەرخۆشی عەیارە بیستوچواری هیچ­وپوچی بەکەڵک نەهاتووین کە هەندێکمان حەز دەکا نووسەر بێت و هەندێکى دیکەمان ئارەزووی براوەبوون و ئەوانی تریشمان خەون و خەیاڵی دۆڕان­یان هەیە. یەعنی چۆن؟ یەعنی ئەوەی باشترە جارێ واز لەم قسانە بێنین و‌هانا بەرین بۆ ئەو ماسولکانەی جاری وایە پێش سەرخۆشبوون شل دەبنەوە و تۆزێک دەحەسێنەوە، یان ئەگەر ئارام نەگرن بە یارمەتیی ماسولکە شلەکانی چاو و دەوروبەری لوت پەیامێک بۆ ئەوەى دیکە ڕەوانە دەکەن، کە هۆی کاکە! خێرا کە شتێک بگێڕەوە تا نەمکێشاوە بە حەوشەى دەمتا. ئەویش چونکە عاقڵترە لەوەی کە بە سێ پێک وا سەرخۆش بێت کە فڕی بە دەوروبەرییەوە نەمێنێت، بەبێ وەستان دەست دەکات بە گێڕانەوەی چیرۆکێک، کە ئەگەر چیخۆف زیندوو بووایە و لە سەر یەکێک لە مێزەکانی دەوروبەرمان دانیشتبایە و گوێی لە چیرۆکەکەی بگرتایە، هەڵدەستایە سەرپێ و بە لارەلار و گێڕەگێڕی سەرخۆشییەوە خۆی دەگەیاندە سەر مێزەکەمان و هەر دوو دەستی دەنایە سەر ئەملاولای دەموچاوی و پاش ئەوەی کەمێک چاوی دەبڕییەوە ناو چاوە داماوەکەی، دوو لێوی بۆ خڕدەکردەوە و ڕێک دەینایە سەر ناوچاوانی، ئەویش ناوچاوانێک کە بۆ یەکەم جار لە تەواوی تەمەنیدا ماچ دەکرا.

وتی ڕۆژێک لەم ڕۆژانە ئێمە دوور کەوتبووینەوە لێی و خەریکی خواردنەوە بووین و ئیهمال­مان کردبوو، چونکە پارەکەمان ئەوەندە نەبوو ئەویشی پێ بانگ کەین، قەلەق ببوو کە چی بکا و چی نەکات، مۆبایلەکەی بە ڕەهن داناوە بە نیوەی سیعرەکەی، پارەکەی وەرگرتووە و تێیتەقاندووە بۆ پۆکەرکردن. لە کاتێکدا تەنیا دوو سەعات کاتی هەبووە کە پارەی مۆبایلەکەی بە سوودەکەیەوە بباتەوە و پارەی سەرخۆشی شەویشی لێ گل بداتەوە، لە سەر مێزەکە دانیشتووە. هەموو پارەکەی داوە بە چیپی یاری و لە یەکەم فەڕەی یارییەکەدا سێ و حەوتی قەرەی بۆ‌هاتووە و بۆ سەر مێزەکەش مەلیک و یەک لۆى دینار‌هاتووە و ئەویش بێ هیوا، پێش ئەوەی وەرەقەکانى دیکە دابەش بکرێن، ئۆڵ ئین (All In) یکردووە، لە کاتێکدا ئیمانی بەوە بووە کە هەموو ژیانی خۆی دۆڕاندووە بە هەندێک سەگ و سەگبابی دەوڵەمەند. دوواتر چواری قەرەهاتووە و چووە جگەرەیەکی داگیرساندووە و لە فەڕەی دوواتردا پێنجی قەرە و دیسانەوە چووە بۆ داگیرساندنی جگەرە و ئەخیر فەرەش کە هیلاک بووە لە کۆکەکۆک و جگەرەکێشان، هەر لەوێ ماوەتەوە و هەموو هیوا و میوای خستووەتە گەڕ، بۆ ئەوەی هەرچی بێت بەس شەشی قەرە نەیەت. وەرەقیان ڕاکێشاوە  و شەشی قەرە‌هاتووە و کاکە هەشت ئەوەندەی پارەی مۆبایل و سوودەکەی و سەرخۆشی شەوەکەشی بردووەتەوە و دەستی داوەتە یارییەکی دیکە. ئەخیرەن گوو بەو ژیانە، کە بۆچی دەبێت ڕێک لە کاتێکدا ئاوا خەیاڵی بیبەیتەوە، کە له ناخى دڵتەوە حەزت لە دۆڕاندنە.

مۆبایلەکەی لە کیس چووە چونکە دوو سەعات زۆر زیاتر بە سەریدا تێپەڕیوە، بەڵام لە بەرامبەردا هەژدە ئەوەندەی پارەی مۆبایلەکەی بردووەتەوە و ئەوانی دیکەش کە هیلاک بوون لە دۆڕان، مێزەکەیان بە جێهێشتووە و تەنیا خۆی ماوەتەوە، لەگەڵ باوەشێک پارە کە بە عەمەلی هیچ نەهاتووە، چونکە بۆ دۆڕاندن چووە نەک بۆ بردنەوە. پارەکەی وەرگرتووە و چووەتە دەرەوە و خۆی گەیاندووەتە ژێر پردێک، تەنیا بۆ ئەوەی چاو ببڕێتە ئیزدحامی‌سەیارەکان لە شارێکدا کە وێرانیش بێت تووشی قەڕەباڵغی نابێ. دەستیکردووە بە هەڵدانی گەڵا بەدوای گەڵا و هەموویانی ڕادەستی هەوا و با کردووە و ستۆپ لە دوای ستۆپ خشاوە و سەیارە بە دوای سەیارە پێیدا کێشاوە. چونکە جەنابی حەزی لە دۆڕاندن بووە و زەوقی بینینی قەرەباڵغیی سەیارەی هەستاوە. بۆ ئەوەى دواتر بەو حاڵەوە بگاتە سەرمان و وەک چەورە بێتە سەر مێزەکەمان دانیشێت و چاومان تێببڕێت، کە کاکە کەمتر بخۆنەوە با بەشی منیش بکات. هەموو ئەم تڕزلییەش تەنیا بۆ ئەوەیه، کە ئەگەر چیخۆف زیندوو بووایە و بە سودفە نیو سەعات پێش ئێمە گەیشتبایە نادییەکە و پێش ئێمە سەرخۆش بووایە، هەستایەتە سەرپێ و بهاتایە تەنیشت مێزەکەمان و لە بەرامبەریدا بوەستایە و چاوی ببڕیایەتە ناو چاوەکانی ئەم کاکەیە و لە کاتێکدا کە دەستێکی بەم لای دەموچاوی و دەستەکەی تری بەو لای دەموچاوییەوە قوفڵ کردووە، دوو لێوەکەی خڕ کردایەتەوە و بینایە بە ناوچاوانێکەوە کە بۆ یەکەم جارە له هەموو تەمەنیدا ماچ دەکرا. بە حسابی خۆی ئاوا پێی سەلماندووین، کە چیخۆف تەنیا ناوچاوانی ئەوانە ماچ دەکات، کە قەت لە تەمەنیاندا خەیاڵ و ئارەزووی نووسەربوونیان نەبووە.

سبەینێ شەوەکەشی هەر لەوێ کۆببووینەوە. هەروا بە دووا قروشەکانی ناو گیرفانمانەوە خۆمان گەیاندبووە ئەوێ و پێش ئەوەی هەوا تاریک دابێ پێکەکانمان هەڵدابوو، بێ­ئاگا لەوەی پێویستە بەشێنەییتر لە جاران پێکەکانمان هەڵدەین بو ماسولکەکانمان خاو کەینەوە، چونکە بۆ سبەینێکەی نە کۆبوونەوەی وا لە گۆڕێدا بوو و نە خاوبوونەوەی ماسولکەش، بەڵکو تەنیا تەشەنوجی عەزەڵە و لەرەلەرە و سەرئێشە و گریان و مێشکێکمان بۆ دەمایەوە کە هیچی تێدانەبوو، بۆ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە، کە لە کوێوە دوو دۆلار قەرز بکات و دیسانەوە بە هەڵەداوان خۆی بگەیەنێتەوە ئێرە. دانیشتبووین و چیتر تاقەتی ئەوەشمان نەبوو، کە بە ئاماژەی ماسولکەکانی ژێر چاو و سەرەوەی ڕوومەت یەکتر تێگەیەنین کە خێراکە کاکە! خێراکە شتێک بگێڕەوە دەی، تا نەڕشاوینەتەوە و هەموو سەرخۆشییەکەمان نەداوەتەوە بە نادییەکە. لە ڕاستیدا هەر کامەمان بە جیا خەریک بووین بیرمان لەوە دەکردەوە، کە چۆن سبەینێ دوور لەو دووانەی دیکە پارەیەک لە شوێنێک دەست بخەین و فڵچە لەوانی تر بدەین و دیسانەوە خۆمان بگەیەنینەوە ئێرە و سەرمان خۆش کەین و خۆشمان لە دەست ئەم کۆبوونەوە قۆڕ و بێسوودانە ڕزگار بکەین. سەرەڕای هەموو بێباکیمان لە ئاست دەوروبەر، باش فێرببووین بەرامبەر یەکتر هەستیار بین و یەکتر بنێرین بۆ کەوەر. دەمانتوانی وەک ئاوخواردنەوە ئەوانی تر بەتەنیا بێڵینەوە. ڕاستیتان بوێت ئەمە تەنیا تایبەتمەندیمان بوو کە هەر کامەمان بە جیا شانازیمان پێوەدەکرد. ئەگەریش کەسێکی فزولمان لێ پەیا بووایە و پرسیاری لێبکردینایە کە چۆن شانازی بە بەجێهێشتنی برادەرەکانتانەوەدەکەن؟ یەکسەر وەڵاممان دەدایەوە: بەهۆی شەڕی ناوخۆوە برا گیان، شەڕی ناوخۆ. بەهەرحاڵ ئێمەش لە کۆمەڵگادا دەژین و ناتوانین خۆمان دووربگرین لەو کاریگەرییانەی لەلایەن دەسەڵاتی زاڵەوە بە سەر هەموو‌هاوڵاتییەکدا دەسەپێندرێت. ئەگەرچی ئەم قسەیەمان بە مێشکی کەسدا نەدەچوو و نەماندەتوانی لای خەڵک بەم تایبەتمەندی و بەم وەڵامانەمانەوە شانازی بکەین. ئێمە‌هاوکات دووربینیش بووین و باش دەمانزانی دەتوانین لە هەموو شوێنێک و لای هەموو کەسێک بەم تایبەتمەندییەمانەوە شانازی بکەین. هەر بە هۆی ئەو دووربینیەشەوە بوو کە هەموو هەست و نەستمان دانابووە سەر ئەوەی بزانین، کە سبەی شەو چۆن خۆمان بگەیەنینە ئێرە. هەر لە ناو ئەم بیرکردنەوانەدا بووین، ئەوەی ترمان کە خەیاڵی بردنەوە کوشتبووی وتی:”برادەرە بێکەڵکەکانم! ئەزانم کە هیچ چاوەڕوانییەکمان لە یەکتر نییە و ئەوەش دەزانم کە هەر کامەتان ئێستا بیر لە چی دەکەنەوە. بەڵام بە ئەرکی سەرشانمی‌دەزانم کە ئاگادارتان بکەمەوە برادەران! من لەو خەیاڵە پێکەنیناویانەتان دوورخەنەوە، بە پێویستی دەزانم بەبێ ئەوەی ئاگام لە مێزەکانی دەوروبەرم بێت یان ئەوەی بیر لەوە بکەمەوە کە ڕەنگە کافکا لە مێزێکی دەوروبەرمان دانیشتبێت، بە دەنگی بەرز بە هەمووانی ڕابگەیەنم، کە لە بەیانییەوە هەموو بەرنامەکانی ژیانی من دەگۆڕدرێن”.

ئەمانەی بە دەنگێکی زۆر بەرز وت، ئەوەندە بەرز کە هەموو غەڵبەغەڵبی مێزەکانی دەوروبەر کپ بوون و هەموو چاوەکان بڕانە سەر مێزەکەی ئێمە، ئەویش بێ ئەوەی سەری هەڵبێنێت یان سەری بسووڕێنێت، چاوی بڕییە سەر خاڵێکی جێگری سەر مێزەکە و بەردەوام بوو لە قسەکانی:”هیچ تامەزرۆ نیم کاردانەوەکانتان ببینم، بۆیەش ڕێک ئەو ساتەی تا ئەخیر خاڵی چیرۆکەکەم بۆ گێرانەوە، بەجێتان دێڵم و قەت ناگەڕێمەوە لاتان. ئەمڕۆ لەناو قەرەباڵغی بازاردا و لە کاتێکدا کە کەمینم دانابوو بۆ دزینی سێ لێمۆ لە دەستگێڕێک، کە لە ناو جەرگەی بازاڕدا میوە دەفرۆشێ، شتێکم بەسەرهات کە باش دەزانم خاڵی براوەی ژیانمە و هەر ئەوەش چارەنووسم جیادەکاتەوە لە ئێوە. کاتێک تێگەیشت لە نیازە قێزەونەکەم بۆ دزینی سێ لیمۆکەی، ڕووی تێکردم و بە تێبڕینی دوو چاوی دەرتۆقیو و ڕەش وەک قیر پێی وتم: دەبێ کار کەین کوڕی خۆم، کار کار کار. دەزانم ئەوەندەی یەکتر دەناسین تەسەورتان وایە، کە پاش بیستنی ئەم پلارە ناشیڕینەی بە بێباکیی هەمیشەییمانەوە لە تەنیشتی تێپەڕ بووبم و چرکەیەک دواتر هەر بیریشم لێ نەکردبێتەوە. بەڵام نا برادەران. خۆتان باش دەزانن کە ئێمە تاقەتى خورافەمان نییە و تەنیا تۆزێک دووربینین. هەر ئەوەش وای لێکردووین بیر لەوە کەینەوە، کە بۆچی لەجیاتی جارێک بڵێت “کار” سێ جار وتی “کار”، ئەویش لە کاتێکدا من دەمویست سێ لیمۆی لێ بدزم لە جیاتی لیمۆیەک؟ بۆ ئێمەی دووربین شتی وا بە سودفە ڕوونادات. ئەو وتی دەبێت کار بکەین کار کار کار. هیچی ترم بیر نایەت. تەنانەت کارەکەی یەکەم جارییم بە جدی وەرنەگرت، کە لەگەڵ”بکەین” وتی. بەڵام سێ کارەکەی پاش ئەوە، کە بە شێنەیی و بە تاقەتەوە و بەبێ ئەوەی هیچ نیشانێکی دەستڕێژیان تێدابێ وتنی، تەختى کردم. نامەوێ دیسانەوە بڵێم نازانم چۆنتان بۆ بگێڕمەوە و ئاوا لە کۆڵ خۆمتان بکەمەوە. بەپێچەوانەوە، ئەم جارە زۆر باش دەزانم چۆن هەموو شتەکان ڕوویاندا. سەرەتا بە خۆشی سێ کارەکەی کابراى میوەفرۆش، لە جیاتی ئەو سێ پێکەی کە چیتر نەماون، سێ فیکە لێدەدەم بێ ئەوەی هیچ هەوڵ بۆ هەڵگرتنی کڵاوەکەم لە سەر سەرم بدەم. سێ فیکە بە سێ لەحنی جیاوازەوە و بە سێ گۆشەی جیاوازی سەرم ڕوو لە ئاسمان، سێ فیکە بە سێ لەمسی جیاوازی زمانم لەگەڵ پووکی سەرەوەی ددانەکانی پێشووم و‌هاوکات بە ئاکتیڤ کردنی لەمسێکی خەستی تەنیشتی زمان بە ددانەکانی ئەو بن بنانەوە کە هەندێکیان دەرهێنراون. بەڵێ سێ فیکە بە خۆشی سێ کافی سێ کارەکەی، ئەویش کامانە کار! یەکێک لەو کارانەی وا وتنی، یەکەم، ئەخیریان یان ئەوەی ناوەڕاست. هەر کامەیان، بە لەبەرچاوگرتنی هەموو جیاوازییەکانیانەوە. “ڕ”ەکەی وا وت کە هیچ بە “ڕ” نەدەچوو. بەو “ڕ”یانە دەچوو کە زمانفسەکان دەیانڵێن. هەڵبەت نەک هەموویان، ئەو، تەنیا زمانفسێکی وەک ئەو. وەک ئەوانەی جگەرەیەک بە لالێویانەوەیە و بێ ئەوەی دەم بکەنەوە دەڵێن کار. چۆنی دەڵێن؟ گۆشەی چەپی لێوی خوارەوەیان تۆزێک دەچێتە خوارەوەتر و ژوورەوەتر و لێوەکەی سەرەوەش ڕادەکشێتە سەری. پاشان لێوەکان لە گۆشەی ڕاستەوە تۆزێک لێک جیا دەبنەوە و بێ ئەوەی دەم بکرێتەوە دەوترێت “ڕ”، زۆر بە نەرمی‌کە هیچ بە “ڕ” نەچێت. شتێک لە بابەتی کوتانی پەنجەیەکی باریک بە کلیلێکی پیانۆ. سێ کوتانی نەرم و بەشێنەیی و بە سودفە، بەڵام جیاواز لە یەکدی. سێ “ڕ” کە له سێ قیژەی نەرم دەچوون لە لالێوییەوە دەرپەڕین و لەگەڵ ئەو سێ “کاف”ەی باسم کردن بوونە سێ کار. یان زیاتر، زۆر زیاتر. سێ کار و سێ فیکە و سێ قیژەی نەرم، کە له کوتانی سێ پەنجەی باریک دەچوون بە سێ کلیلی پیانۆ. سێ کار، کە لەحنەکەیان بوونە میوزیک نەک دەستڕێژ”.ئەمانەی وت و وەکچۆن پێشتر ڕایگەیاندبوو، بەجێی هێشتین. بەجێی هێشتین بەو هیوایەی لەو سێ کارەی دەستی کەوتبوو، شتێکی تری دەست کەوێت، بۆ ئەوەی سبەینێ شەو هەر لێرە ئامادە بێتەوە.

ئەگەر تەنیا تۆزێک گومانم هەبووایە کە ئەمشەو ناگەڕێمەوە ئێرە، سەدلەسەد دوێشەو جەڵدە لێیدەدام و ئەم چیرۆکەش درێژتر نەدەبوو. نە درێژەی دەبوو و نە ڕاستیش بوو، چونکە ئەمەی ڕەچاو نەکردبوو، کە کحولییەکان هەمیشە کەمێک پارەیان لە کون و قوژبنێکدا بۆ کاتی تەنگانە شاردووەتەوە، کە خۆشیان بیریان نایەت. بەهەر حاڵ من لە گۆشەیەکی شارەوە و ئەوانی تریش هەر کامەو لە گۆشەیەکی ترەوە دیسانەوە خۆمان گەیاندووەتە ئێرە. ئەو ئامادەبوونەمان وەک ڕۆژی ڕوون ئاشکرا بوو بۆمان و هیچ موناقەشەی هەڵنەدەگرت. دەبێ هەموو شەوێک لێرە بین، ئەوە یاسایە. یاسایەکی دیکە کە لانیکەم ئەمشەو بەرقەرارە ئەوەیە، کە نابێت لای یەکتر دانیشین. تا سبەینێ شەو کە ڕەنگە هەموو شتێک بگۆڕێت. بۆ نموونە دەنگۆ بڵاو بووەتەوە کە سبەینێ شەڕ دەست پێدەکات و ئێمەش دەتوانین دڵخۆش بین، کە بە بەتاڵکردنی گیرفانی سەربازە کوژراوەکان، بتوانین دیسانەوە بێینەوە ئێرە. هەموو کارێک باجی هەیە، شەڕیش بە پێی یاسا نەنووسراوە نێودەوڵەتییەکان لە هەموو شتێکی دیکە باج هەڵگرترە، واتە جگە لەوەی سەربازی تێدا دەکوژرێت، گیرفانەکانیشیان بەتاڵ دەکرێن. بۆیە ئێمە زۆرمان ڕق لە شەڕ نییە و تەنیا شتێک وا بێزارمان دەکات ئەوەیە، کە نەتوانین بخۆینەوە. باشیش دەزانین کە ئەمشەو شەوێکی شاهانەمان نابێت و دەبێت زیاتر لە هەمیشە بیر لە تاڵیی شەڕ بکەینەوە و لەگەڵ تاڵییە بێ مەزەکەی خواردنەوەکەمان قووتی دەین بەهیوای سبەی شەو. بە خواردنەوەی هەر پێکێک بیر لەو دەست و قاچە قرتاو و دڵ و ڕیخۆڵە ڕژاوانە دەکەینەوە، کە کەوتوونەتە سەر قیری جادەکان و ئێمەش بە سوورایی خوێنەکەیانەوە هەڵیان دەمژین و کون بە کون لە گیرفانەکانیاندا دەگەڕێین. ئەگەرچی هەموو ئارەزووی ژیانم نووسەربوونە، بەڵام ئێستا بیرکردنەوە لە خواردنەوە لە هەموو شتێکی دیکە زەڕورترە. دۆخەکە قەیراناوییە و ئەمشەو هەموو ئەو دەرفەتانەی بۆ کاتی تەنگانە خەزن کرابوون، خەرج دەکرێن و ئەگەر بۆ سبەی شەو شەڕ ڕوونەدات و سەربازەکانی دوژمن لە شەڕەکەدا شکست نەهێنن و نەکوژرێن و لاشەکانیان نەکەوێتە سەر جادەکان، هیچ هیوایەک بە ژیان نامێنێتەوە. یان ئەگەر سەربازە هێرشکەرەکان سەرکەون و هەڵبکوتنە ناو باڕ و نادییەکان بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکەیان بکەن بە جەژن و دەست بدەنە بەشە مەشروبی ئێمە، دۆخەکە مەترسیدارتریش دەبێت. لەوێدایە کە پێویستە ئێمەش ڕۆحییەتی مرۆڤدۆستیمان بخەینە گەڕ و خۆمان وەک دژەشەڕ دەربخەین. وەک پێمان وتن، ئێمە دووربینین و پێش ئەوەی سبەینێ دەستپێبکات و دەنگی تەقەیەک ببیسرێت، ڕەنگی فیشەکەکان لەو دیوی شارەوە دەبینین، کە ڕاستەوخۆ پەیاممان دەنێرن کە هێرشەکە نزیک بووەتەوە. دەنگی چۆڵکردنی مێزەکان نیشانەیەکی دیکەیە بۆ ئەوەی، کە شەڕەکە نزیکتریش بووەتەوە. ئەمەش یەعنی ئەگەر خێرا نەکەم و پێکەکانم یەک لە دوای یەک نەخۆمەوە، مومکینە پێش ئەوەی بگەمە سەر جادەکان، هەموو گیرفانەکانی سەربازە کوژراوەکان بەتاڵ بکرێن و من هەموو شانازییەکەم بە دووربینییەکەم کۆ بکەمەوە و سیر بخۆم و زوڕنا بژەنم بۆخۆم. یان ئەوەی بڕۆمە سەر جادەکان و بگریم بە حاڵی خۆم و حاڵی ئەو سەربازانەی لە ختوخۆڕایی خۆیان بە کوشت داوە. هەڵبەت بەو جیاوازییەوە کە ئەوان دەتوانن شانازی بە شەڕەکەیانەوە بکەن و من ناتوانم شانازی بە هیچەوە بکەم. ئەمەش ئەو چارەنووسە نییە کە هیچ کامەمان حەزمان لێیەتی. بۆیە ئەخیر پێکم دەڕژم و هەڵدەستمە سەر پێ. سەیرێکی دەوروبەرم دەکەم، کەس لە باڕەکەدا نەماوە. وابزانم دیسانەوە درەنگ هەستام. درەنگە و هەموو شتەکان دەڵێن، کە ژیانی هەر سیانەکەمان پێکەوە ڕووی لە کۆتاییە.

 

 

ئاوات پووری

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

4 + بیست =

قالب وردپرس پوسته وردپرس