جمعه , ۲۶ مرداد ۱۳۹۷
خانه / بابه تی کوردی / خه‌ڵکانی پووچ/ تی. ئێس. ئیلیۆت/ و. له ئینگلیزییه‌وه: باوه‌ڕ مه‌عرووفی

خه‌ڵکانی پووچ/ تی. ئێس. ئیلیۆت/ و. له ئینگلیزییه‌وه: باوه‌ڕ مه‌عرووفی

کاک کورتز – مردووه[۱]

پێنی‌یه‌ک بۆ پیره گای[۲]

۱)

خه‌ڵکانێکی پووچین ئێمه

خه‌ڵکانێکی بۆشین ئێمه

تێک ته‌پیو و وێک‌هاتوو

مێشک تژیی کاوکۆت، جه‌خار!

ده‌نگی وشکهه‌ڵاتوومان، ئه‌و ده‌مه‌ی

به گوێی یه‌کدا ده‌سریوێنین

هێواش و بێ واتایه

چه‌شنی خوشینی با به نێوان پووش و په‌ڵاشا

یا چرپه‌ی پێی مڵه و مشکان به‌سه‌ر شووشه‌ی ورد و خاشا

له نێو ژێرخانی وشکمان

هه‌یبه‌تێکی بێ ڕواڵه‌ت، سێبه‌رێکی بێ ڕه‌نگ و ڕوو،

هێزێکی سه‌قه‌ت،  ئاماژه‌یه‌کی بێ جم و جۆڵ

ئه‌وانه‌ی به چاوی زه‌ق و زیته‌وه

تێپه‌ڕیونه ناو هه‌رێمیتری مردن

ئێمه‌یان دێته‌وه یاد -ئه‌گه‌ر له یادیان بێ- نه وه‌ک

کۆمه‌ڵێک ڕوحی سه‌خت و سه‌رگه‌ردان، به‌ڵکوو ته‌نها

وه‌ک خه‌ڵکانێکی پووچ

خه‌ڵکانێکی بۆش.

۲)

ئه‌و چاوانه‌ی له خه‌یاڵیشا زاتم نیه بیانبینم

له هه‌رێمی‌خه‌یاڵاوی مردن

ده‌رناکه‌ون:

له‌وێ، چاوه‌کان

تیشکی ڕۆژن به‌سه‌ر ئه‌ستوونێکی شکاوا

له‌وێ، به‌ژنی دره‌ختێک ده‌هه‌ژێ و

ده‌نگ و هه‌رایه‌ک ده‌بیسرێ

له سترانی با دا

دوورتر و به ‌هه‌یبه‌ت‌تر

له هه‌ساره‌یه‌کی ڕووه‌و خامۆشی.

بێڵه با له‌مه نزیکتر نه‌یه‌م

له هه‌رێمی‌خه‌یاڵاویی مه‌رگا

بێڵه با له خۆ که‌م

جلوبه‌رگی ساخته و دڵخواز

له چه‌رمی‌مشک، پێستی قاڵاو، دوو لقه داری له چه‌شنی خاچ

له ناو کێڵگه‌یه‌کدا

بله‌رێمه‌وه چه‌شنی له‌رینه‌وه‌ی با

له‌مه نزیکتر نا-

نه له‌م دوایین دیداره،

له هه‌رێمی‌بوولێڵه‌دا

۳)

ئێره‌ نیشتمانی مردووه‌کانه

ئێره زێدی کاکتووسه

لێره وێنه به‌ردینه‌کان

به‌رز و بڵندن، لێره ئه‌وان

نزای ده‌ستی مردووه‌یه‌ک قه‌بووڵ ده‌که‌ن

له ژێر ترووسکه‌ی هه‌ساره‌یه‌کی ڕووه‌و خامۆشی‌دا

به‌‌مجۆره‌یه ئایا

له هه‌رێمی‌مه‌رگا

به ته‌نێ وه خه‌به‌ر دێین

له کاتژمێرێکدا وا هه‌ڵده‌له‌رزێین له نزا

لێوه‌کان که ده‌کرا ماچ ببه‌خشن

بۆ کوچکی شکاو کڕنۆش ده‌به‌ن

۴)

لێره چاوی لێ نیه

هیچ چاوێک لێره نیه

له‌م ده‌ربه‌ندی هه‌ساره‌ی ڕووه‌و خامۆشیه‌دا

له‌م ده‌ربه‌نده بۆشه‌دا

ئه‌م شه‌ویلکه شکاوه‌ی هه‌رێمه له کیس‌چووه‌کانمان

له‌م دوایین جێژوانه‌دا

ده‌سته‌کوته‌مانه بۆ دیتنه‌وه‌ی یه‌کدی

خۆ له قسه ده‌بوێرین و

کۆ وه‌ده‌بین

له که‌ناری ڕووبارێکی مه‌نگا

کوێر و نابینا، تا ئه‌و کاته‌ی

چاوه‌کان دیسانه‌وه خوویا ده‌بن

وه‌کچۆن هه‌ساره‌ی تاهه‌تایی

گوڵی سووری هه‌زار په‌ڕی

هه‌رێمی‌بوولێڵه‌ی مردن

تاکه هیوای

خه‌ڵکانی پووچ.

۵)

له ده‌وری کاکڵی کاکتووس ده‌خولێینه‌وه

کاکڵی کاکتووس کاکڵی کاکتووس

له ده‌وری کاکڵی کاکتووس ده‌خولێینه‌وه

سه‌عات پێنجی به‌ره‌به‌یان.

له نێوان بیرۆکه و

ڕاستیدا

له نێوان جووڵه و

کرداردا

سێبه‌رێک داده‌که‌وێ

چون هی تۆیه ئه‌م هه‌رێمه

له نێوان تێگه‌یشتن و

ئافراندندا

له نێوان هه‌ست و

به‌رسڤدا

سێبه‌رێک داده‌که‌وێ

ژیان چه‌نده درێژه

له نێوان حه‌ز و

ڕاچڵه‌کیندا

له نێوان توانست و

هه‌بووندا

له نێوان هه‌وێن و

میراتدا

سێبه‌رێک داده‌که‌وێ

چون هی تۆیه ئه‌م هه‌رێمه

چون هی تۆیه

ژیان چه‌نده

چون هی تۆیهئه‌م

جیهان ئاوا کۆتایی دێ

جیهان ئاوا کۆتایی دێ

جیهان ئاوا کۆتایی دێ

به هه‌را نا، به سرته‌یه‌ک.

[۱]Mistah Kurtz: که‌سێتیه‌كی ڕۆمانی “ناخی تاریكی” نووسینی ژۆزێف كۆن‌راد.

[۲]A penny for the Old Guy: منداڵانی بریتانیا ڕۆژی گای فاوكس، ۵ی نۆڤه‌مبه‌ر، له كاتێكدا ده‌مامكی گای فاوكس به ده‌موچاویانه‌وه‌یه، به شه‌قامدا داده‌گه‌ڕێن وداوای پاره و پووڵ ده‌كه‌ن. گای فاوكس خۆفرۆشێك بوو كه ساڵی ۱۶۰۵ی میلادی هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه‌ی دوو بینای په‌رله‌مانی دا؛ به‌ڵام پیلانه‌كه‌ی سه‌ری نه‌گرت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

دوازده − 11 =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..