دوشنبه , ۲۰ مرداد ۱۳۹۹
خانه / به شی ئه ده بی کوردی / خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی «کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ»ی سەلاح موحەمەدی / ھێمن ڕەحیمی

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی «کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ»ی سەلاح موحەمەدی / ھێمن ڕەحیمی

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی «کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ»ی سەلاح موحەمەدی

هێمن ڕەحیمی

بە کردنەوەی کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ ئێمە لەگەڵ دەقێک ڕووبەڕوو ئەبینەوە کە‌هاوچەشنی وتەی پرۆستە ئەڵێ: دەقی جیدی لە دۆزەخدا ئەخولقێت. پێم وایە کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ لە ڕوانینێکی کافکاییەوە بۆ جیهان ئەوەمان پێ ئەڵێت ئەگەر”یوزف کا” تووشی گووناحێکی نەکراو بووە. لێرەدا گووناحی نەکراو لەم کتێبە شێعرەدا دەرباز بوونە لە جیهانی کاپیتاڵ/ هەستی یان هەر شتێک کە ژێستی مالکانەی لە هەستیدا پێوە گیراوە و وەک ئەمرێکی نەخوازراو هەموو مروڤێکی کۆمەڵگای تووشی جیهانێکی دڕەندە و وەحشیانە کردووە.

بە ساکاری ناکرێ بڵێین شاعیر هەوڵ ئەدات لە ئەزموونگەرایی هەڵ بێت بەڵکوو ئەزموونی جیهان زیستی شاعیر  هێندەی سەرە نینۆکێکی لەهەموو ئەو ئەزموونگەلە لەسەر جیهان و دۆخی ژیکراوی مرۆڤ لە جەستەی پەیکەرێکدا کۆ کردۆتەوە؛ هەر بۆیە دەقەکەی لە ئەزموونکردنی ڕابردوو و ئێستاش دەرباز نابێ. پێموایە پێویستە بۆ بەشێک لەسەر خوێدنەوە و شرۆڤەی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ ئەبێت ئەزمونی ویرانیی ئەزموون لە سوژەی مۆدڕێرندا لە ڕوانگەی ئاگامبێنەوە تاوتوێ بکرێ.

تئۆدۆر ئادۆڕنۆ لە کتێبی “اخلاق صغیر” بەم ڕەستەوە دەست پێئەکات:

ژیان زیندوو نییە (ئادۆڕنۆ مەبەستی ئەوەیە لە جیهانێکا ئەژین کە هەمووکەس تووشی شڵەژان و وێرانی بووە و چیتر ژیان ئەرزشی ئەوەی نییە ناوی بنرێت ژیان، ژیانی ئەمڕۆ بایەخی ئەوەی نییە مرۆڤ بژیت.) ژیانێ کە پڕە لە شەڕ و نەهامەتی و سەرگەردانی و برسییەتی و لە لایەکی دیکەوە تەقینەوەی هەموو کەرەستەیەکی فەرهەنگی و دواکەوتنی ئەزموونی ستاتیکی (زیبایی شناسی) کە تەنیا بۆ تێپەڕینی ژیانی مرۆڤ تووشی تەنەزوول بووە و خاڵیە لە هەر بابەتێکی مرۆیی و ئینسانی.ئەو ڕەستەیەی ئادۆڕنۆ بەمانای مەرگ یان خاڵی کۆتایی ژیان نییە. ئەزمونی ویرانیی ئەزموون لای ئاگامبێنیشەوە بەمانای زەواڵ و لەناوبردنی تێگەیشتن نییە.

ئەزموون لە چییە وە دێت و ئەو ئەزموونانە کە وێران بووە چین؟ ئاگامبێن مەبەستی ئەزموونێکە کە زیندوو و شەخسییە و بە بێ ئەویتر (دیگری) لە سەردەمی‌ئێمەدا کەمترین بایەخی پێ دراوە . به پێچەوانەوە  مەبەستی ئەزموونی دستە یەکەم (ئۆرجیناڵ) یان ئەو جوهەرە سەرەکیەی ژیان کە نەوە لە دوای نەوە بەمرۆڤ گەیشتووە نییە. ئاگامبێن پێی وایە تایبەتمەندیی سەردەمی‌هاوچەرخ لەدەست دانی ئیمکانی ئەزموونە. ژیانی دووپاتەیی و ئیبتزال و دواکەوتوویی کارێکی کردوە هەر مەسئەلەیەک وەک خودی جوهەرەی خۆی ئەزموون نەکرێت ، بەس تەنیا ئەکرێ تێپەڕ بکرێ.له سەر ئەساسی ئەم تێڕوانینە پێیوایە ئیمکانی ئەزموون کردن و گێڕانەوەی ئەزموونەکان و ئیمکانی نووسین لە مرۆڤی مۆدێڕن زەوت کراوە..

 

 Ia museificazione del mondo). 1)

 

مووزەسازیی جیهان:

جیهان بووە بە مووزە و هەمووشتێک پیشاندەری نامومکین بوونە. بەبڕوای بنیامین فەقری ئەزموون پەیوەندیی بە شەڕی یەکەمی‌جیهانییەوە هەیە، بەڵام ئاگامبێن پێیوایە ژیانی دووپاتەیی و ڕۆژمەڕەی مڕۆڤی ئێستا ئیبتزال/ ژیانێکی یەک نەواخت و نابەدڵە کە پێویستی بە کارەسات نییە و خودی خۆی کارەساتە. پرس ئەوەیە لەکاتێکا ژیان پڕە لە ڕووداو و کارەسات چۆن ئەتوانین بڵێین دیسان شتێکمان ئەزموون نەکردووە؟ ڕووداو لە کوێی ژیانی ئێمەدا ئەبێتە ئەزموون؟ بنیامین لەیەکێک لە وتارەکانی

“ئەزموون وفەقر” ئەنووسێت: فەقری ئەزموون بەو مانایه نییە کە مرۆڤەکان حەسرەتی ئەزموونێکی نوێ و تازەیان هەیە. بەڵکوو زیاتر هەوڵ ئەدەن خۆیان لە  قەفەسی ئەزموون دەرباز بکەن. .

 

٭کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ ــ  ئەمرێکی ئەزموون کراو و نەکراو!

شاعیر لەم کتێبەدا هەوڵئەدات بە ئاشنایی زدایی_زمانێکی سیالی خەتی_بە گێڕانەوە بە تەسویرگەلێکی بکر و زمانێکی تایبەت ئاماژە بکات بە ئەزموون لە شێعری مۆدێڕندا.لەم رێگەوە و لەم قەیرانی ئەزموون کردنەدا شێعری مۆدێڕن جێگە و پێگەی خۆی پتەوتر ئەکات.شێعر ئەزموون ئەکات بە بەدیلێ بۆ زیندووبوونەوەی خۆی و هەوڵ بۆ بە کردەیی کردنی ئەمرێکی ئەزموون نەکراو. لەم باردۆخەدا گەڕان بە دوای ئوبژەی نوێدا بۆ بە دەست هێنانی ئەزموون نییە. بەڵکوو پێداگری کردنە لە کسووف و تەعلیقی ئەزموون کردن. (ئەمری نوێ شتێکە کە ناتوانین ئەزموونی بکەین) و بە واتا دەقیقە کانتییەکەی ئەزموون نەکراوی پاش کۆگیتۆییە. لەم وەزعییەتەدا کە مرۆڤ لەئیمکانی ئەزموون کردنی سوننەتی خەلع کراوە، پەنا ئەبات بۆ ئەزموون کردنی ویرانیی ئەزموونێک کە ئەتوانێ دەستی پێی بگات.

 

لەشێعری یەکەمدا:

 

خوایە ئەم هەمووە منە   کێم؟

من ئەڵێم:

کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ و

لە بێ خۆییەکا وەیلانە

بەڵام من ئەڵێم…

 

هاوردنەوەی فەلسفەی دێکارتی ــ من می‌اندیشم پس هستم ــ بە تەکسیری منەکان ئانتی دێکارتییەکی جوانە لە شێعری یەکەمدا

 

٭فلۆرا_مارکۆ_ قەیرانی شوناسی مۆدێڕن

شوناسی مۆدێڕن قاییل بە جیاوازییە و لەو رێگەوە مانا ئەبەخشێ بە گشتییەتی کۆمەڵگا.ئەگەرچی شوناس لە ڕوانگەی تاکەکەسی خۆیەوە ئەمرێکی شەخسییە؛ بەڵام لەراستیدا بە دیوێکی تردا ئەمرێکی کۆمەڵایەتییە و تێکڵاوە بەکومەڵگا و موناسباتە نێوان زەینییەکان لە چوارچێوەی گێڕانەوەدا ، واتە لە پەیکەری هەر تاک یان شەخسێکا کۆبەند ئەبێت.ئەم بابەتە هەر لە “من می‌شناسم”دکارتی تا سووژەی هوسرل بەم شێوەیە بووە. بەڵام بە بەهای لە یادکردنی خولق و خۆی کۆمەڵایەتی سووژە یان بە بوون لەناو “ئەویتر”ێکدا مرۆڤی مۆدێڕن تووشی دڵەڕاوکێ ئەبێت چونکە نازانێت دروست هەڵئەبژێریت یان هەڵە! شوناسێکی دروستی هەیە یان نا! ئەو شوناسە لەگەڵ خۆیا تەبایی هەیە یان نا!؟  جیاوازی و پارادۆکسی شوناسی سوژەکانە کە پیشانی ئەدات سوژەی هووشیار وزیرەکی ــ  لەخۆ دڵنیای دکارتی ــ چە بەڵایەکی نەگریسی بەسەر باردۆخی مرۆڤی سەردەمدا هێناوە. هەڵهاتن لە مۆدێڕنیتە وەک بودلر ئەڵێت : ڕۆژێ هەزار جار مرۆڤ ئەخاتە ناو بارۆدۆخێکی نەخوازراو کە ڕووبەرووی خیاڵگەلێکی تازەی ئەکات و هەر ڕۆژ بەدوای شوناسێکی تازەترەوەیە. مرۆڤی مۆدێڕن پێش لەوەیکه بەدوای نوستالژی شوناسی لەدەست چووی خۆیا بگەڕێ ؛سەرقاڵی ناجێگیر بوونی شوناسەکانییەتی.وەک هیدیگر ئەڵێ مرۆڤی مۆدێڕن هیچکات لەجێگەی خۆیدا سەقام ناگرێت و هەمووکات بێ خانە وماڵە.

نموونەیەکی دیکە لە سەر پارچە پارچە بوونی شوناسی تاکی مۆدێڕن ڕوانینێکی زمانناسانەیە کە لە سەرەتای سەدەی بیستەما پێکهات. ئەو جۆرە روانینی زمانناسانەیه بە سەر لە ناو بردنی سەنتەر (مرکز زدایی)ی سووژەکانەوە شکڵی گرت. پێیان وابوو کە هیچ کەس “مولف”ی گوزارەکانی خۆی نییە کە بەکاری ئەهێنێت و داهێنەریی ماناکان کە پێمان وابێت خۆمانین تاڕادەیەک وەهمە. بەو پێیە ئێمە لەنێۆ چوارچێوەی زمانا جێگیرین و لە ناو ساختارگەلێکی نمادینی کۆمەڵایەتیا کە پێشتر لە ئێمە بوونی بووە و زمان وەک ساختارێکی کۆمەڵایەتی نەک تاکەکەسی نمایش ئەکات پێش لەئێمە بوونی بووە.بەواتایەکی تر نووسین یان قسەکردن بەمانایەکی جیاواز وتایبەتی داهێنان و هێناونەوەی ئەندێشە شاراوەکانی ئێمه نین.بەڵکوو بەمانای ئەکتیڤ بوونی دەسەڵاتی مانایی ئێمەیە کە پێشتر یان لەو سۆنگە شێعریەوە کاری پێنەکراوە یان کەمتر کاری لە سەر کراوە.هەر بۆیە ئۆبژەکانی جیهان گوزارشتی یەک ئۆبژەدیاریکراو نین. بەڵکوو لەسەر ئەساسی قەراردادە نیشانەناسانەکان شکڵیان گرتووە. رۆشنتر بڵێم شاعیر بە تایبەت لەم دەقەدا ئانتی مێعمار و مێعماری قەردادە زمانییەکانە.

 

بەیانی دەرکی ناگاتە هیچ ڕەنگێک و

کار ئەخانە جانتای پیاوێکەوە

شەوانە ماندوویی بە دەستییەوە ناشۆرێ

نەوەک مردنی کاڵ بێتەوە…

 

میترۆپۆلم نووچ ئەدا

ئوتوبان لە تەختەکەما پێچی تێکەوتووە و

تاریکم

تا ئەو پەڕی بێداری بەش ئەکا

 

فلۆرا چێ بڵێم؟

قسەم ئەتوانێ

کفری کارمەندێک بێ

لەدوایین قەتار جێماوە

ئەتوانێ پێرەمێردێ بێ

شێرپەنجە پەڕیبێتە کۆڵی و

عارەق لەحەسرەتی بێتە خوارەوە…

 

ئەمانە و دەیان نموونەی دیکە بە چاشنیی دەم لارکردنەوە لە جهانی تەسویری و زمانیی به عورف ئاشنا شوناسی کتێبی کەس خۆێ بۆ تەرک ناکرێ ــ یە.

 

٭عەشق و فلۆرا

شاعیر بە یارمەتیی کایەی واتایی کە کایەیەکی پەسا زمانییە سەرقاڵی سەر لە نوێ داڕشتنەوەی عەشقە و وەک رەمبۆ  وەرزێکە لە جەهەنەمی‌گوومانەکانا٭

 هەر بۆیه لە بەشی دووەم واتە شێعری فلۆرای کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێدا قووڵتر و جیاوازتر ئاماژە بە عەشق ئەکات و ناکات. عەشقێک بە مۆرکی ئالێن بەدیۆ. لەم کتێبە شێعرەدا بەرجەستە بوونی کەرەستە نوێیەکانی ژیانی مۆدێڕن و جیهانی کاپیتاڵی بێ بەزەیی و خێرایی رێکلامی‌بەدی ئەکرێت بە سیمای زوو تێپەڕاندنی هەموو شتێکەوە. ئەو خێراییە زیاتر بەدیۆییە . بەدیۆ پێی وایە عەشق لە قەیران دایە. عەشقێک کە ئەیناسین لە دونیای مۆدێڕندا مەسەرف گرایە.شێوەیەکە لە لەزەت گرایی و عەشقێکی ئەمن و ئەمانە.هەروەها پێی وایە عەشقی ڕاستەقینە ریسک و خەتەر ئەکا و پەراوێز و سەنگەری ئەمن دروست ناکات.

لە شێعری فلۆرادا شاعێر بە رێگەی سنجاق کردنی پاژێکی سادە بە رواڵەت لە خەتر کردن ئەترسێت. وەک بێهەوێ ترسی لە دەست دانی هەمووشتێک بەرجەستە بکات. بەڵام لە راستیدا بەس ئەو لەحنە سادەیە قولابێکە بۆ تووڕدانە ناوەوەی خوێنەر لە نیو فەزا و ئێپیستمە ناتەواوەکانی ناوی دەقەکەدا و پلانێکی دژە عورفی واتایی و زمانیە لە دژی پێشتر زیستکراو و لەمسکراوەکانی خوێنەر.

 

فلۆرا

تۆ بی ئەو خواتە

درەنگ مەبە

با هەناسەم بەفری لێ بچێتەوە و

درەختەکان

سێبەریان بشکێتە سەر ئەم دێڕانا

خێراکە مردم

چاوەڕێتم فلۆرا

 

پاشان رەوایەتی ناو هۆتێلێک :

 

یەکێک لە جانتادایە و

ئەویتریان

شەوەکانی لە هۆتێلێکا

پووری ژوورەکەی دێنێتە گریان … کە لە راستیدا شاعیر بە ئەنقەست لە رێگەی زووم ئینیەوە ئەتباتە ناو هۆتێلەوە و لە رێگەی زووم ئاوتەوە بە وتنی:

بڕوانن!

ئەم سینیۆرە داماوەش

چاکلێتەکانی له ویترینێکی درەنگا تواونەتەوە و …

 

ئەکرێ بڵێین خاڵی جەوهەری بردن و بەردانە لە نێوان فەزای ناتەواو و رەوایەتی ناتەواوە کە لە نەفسی خۆیا دژە فەزا و دژە رەوایەتە ، چونکە ئیزن نادات هیچ شتێک بیچم بگرێ و کامل ببێ. لێرەوە ئەتوانین بڵێین ئاماژە بە عەشق ، ئەزموون، جیهان زیست و وێنە رۆژانەییەکان ئەکات و ناکات

هەروەها زۆر شت ئەتوانێ جێی ئاماژە بێت وەک کایە ، و ئایرۆنی لە کتێبی کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ:

 

ئەم حوزنە

کونی خێمەیەکە

بەسەر شەوگاری سەرپێڵییەکا

خۆی و خواشی تیا لەرزاون

تووند نەڕۆین

ئەسپێکی ڕۆمییە

حیلە وسواری

لە قوستەن تەن تەن /تەنیا

دواکەوتووە.

 

لێرەدا ئایرۆنی وکایەی زمانی بە وشەی قوستەنتەنیه و تەنیا بەس لە رێگەی شێتی و عورف گوریزیی زمانییەوە ئیمکانی هەیە کە دێڕە شێعرێکی وەک :

لە قوستەن تەن تەن / تەنیا

داکەوتووە…

شاعێری بەرەی چواری پێ ئەساوێتە دار و نەداری شاعێرەکانی دیکەدا کە زمانی بە عورف و قەرداد زنجیر کراوە!

یان:

درەنگم وەک قاوەتوون و

مناڵێ لە زەینمەوە بۆ مەدرەسە بچێ

وەک ژنێ

لە تەقینەوە بازاری شاما

دڵی بە زەمبیلەکەیەوە داکەوتبێ

هەروەها:

شین

پەنجەی مناڵیمە

باوکم بە پەلەوە پێی نابێتە سەری و

شەوانە کۆڵێ منەت

بە ئۆتۆمبیلێکی پلاستیکییەوە

لە تەنیشت خەوتنما دانێ

 

زەرد دەردێکە لە گیرفانماو

ئەچەقێ بە جێیەکی مەغریبما

خۆ نامرن

ئێوەیش بڵێن

ماڵ تابووتێکی سەربازه

حاڵ پیاوێکە

لە تەرمێکا

بە حوزنێکییەوە داگیراوە

تەنانەت

ئاهێکیش ناکێشن بە سەر مردنیا

 

من لە خۆما بڕاوم و

پەرستارێ کە نیمە

وەهمم بە ڕەنگەکانەوە پانسمان ئەکات

 

 

٭بازاڕی شام ئایرۆنیەکی ڕۆند و سادەیە لە ئاشوفتەیی کە لە رێگەی تەرکیب کردن لە گەڵ فێعلی داکەوتن و دوو شتی فیزیکی و نا فیزیکی وەک دڵ و زەمبیل توانیویە داڵانێکی نوێی ستاتیکی و زمانی و واتایی دروست بکات. هەروەها “درەنگم وەک قاوەتوون و

مناڵێ لە زەینمەوە بۆ مەدرەسە بچێ”

تەسوێرێکی ئایزنشتاینییە کە نموونە و‌هاوچەشنی لە سەرانسەری کتێبەکەدا زۆرە.

ئوتۆمبیلێکی پلاستیکی ئایرۆنییە و ئاماژەیەکە بە ناخودئاگاهی فەرهەنگیی ئێمە کە ڕەنگە هەموومان بەو کەرەستەیه لە سەردەمی‌مناڵیدا گەمەمان کردبێت.بەڵام بە قوەتتر لەو بارە ناخودئاگاییە فەرهەنگیە تووڕەییە لە گشتیەتی سەخیفی هەستی و بوون کە ئالبۆمی‌جهانگەلێکی دەردناکی تێدایە.

یان:

شووشەیەک یان گۆشەیەک

پرس ئەمەیە

تف ڕەحمەت لەبابت شێکسپیێر

 

 

شیکسپیێر: ئیرجاعێکی بیرون مەتنیە کە بەم شێوە دەم لارکردنەوە و گاڵتە کردن بە شاهکارێکی کلاسیکیی ئەدەبیاتی جهانی هیچ ریسک و تێچوویەکی بۆ شاعێر نیە و بە ئاسانی بە موازاتی گومان لە هەمووشتێ بەزەیی بە جهان زیستی تاکە کەسی و گشتیدا نایەتەوە و تەنها خاڵی مێغناتیسیی گوزەر کردنە لە ژێستی زمانی و زەینی و هەر شتێک کە رۆژێ لە رۆژان بۆ کەسێک پیرۆز بووە؛ کە ئەکرێ بەجۆرێک ئێقرار کردن بە پیرۆز بوونی نوێکاری و سەر لە نوێ خەلق کردنەوەی ناوزەد بکەین.

 

 

سەرچاوەکان:

  1. مووزەسازی جیهان
  2. کودکی و تاریخ_دربارەی ویرانی تجربە_جۆرجۆئاگامبن
  3. درستایش عشق_ٱلن بدیو
  4. اخلاق صغیر_آدورنو
  5. کەس خۆی بۆ تەرک ناکرێ_سەلاح موحەمەدی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد.

19 − دو =

قالب وردپرس پوسته وردپرس ..